لێره‌دا "هه‌ڵست"م بۆ ده‌سه‌ڵات و "به‌رهه‌ڵست"م بۆ ئۆپۆزسیۆن به‌كار هێنا. به‌رهه‌ڵستی كوردستان له سێ لایه‌ن دروست بووه، گۆڕان گرینگترینه له ناویاندا. گۆڕان بزاوێكی چه‌په له یه‌كێتی جیابووه‌ته‌وه. وه‌ك به‌شێك له بزاوی چه‌كداریی كوردی، گۆڕان بنكه‌یه‌كی هه‌یه زیاتر بۆ كۆمه‌ڵانی لادێیی و داوه‌شاو له رووی ئابوورییه‌وه‌ی جڤاكی كورده‌واری ده‌چێته‌وه، كه ئه‌و توێك و چینه‌یله بنكه‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینی چه‌كداریی كوردستان بوون له رابردوودا. شتێكی ئاسایییه ئه‌و بنكه جه‌ماوه‌رییه‌ی گۆڕان په‌نا بۆ توندتیژی ببا له كاتی ته‌نگژه وه‌ك چۆن مانگی شوباتی رابردوو له به‌رده‌م لقی چواری پارتیدا له سلێمانی په‌نای بۆ برد. كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بزاوێكی لامل و بناوانڕۆی ئاینییه، ئه‌ویش هه‌ر زیاتر له‌ناو چینه‌یلی ژێره‌وه‌دا روواوه و په‌لوپۆی هاوێشتووه. چینه‌یلی ژێره‌وه‌ی جڤاك به هۆی باری ئابووریی خراویانه‌وه ده‌شێ له به‌كارهێنانی توندتیژیدا سڵ نه‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ل هاته پێشیان. ئه‌وه‌ی جیایه یه‌كگرتووی ئیسلامییه، ئه‌و له‌و دووه‌ی تر هێورتره، بنكه‌ی یه‌كگرتوو چینه‌یلی ورده بورجوازی و بورجوازییه، ئه‌م چینه‌یله شارستانن و به‌رژه‌وه‌ندیان له ژیانی ته‌سه‌ل و شێنه‌ییدایه، له‌به‌رئه‌وه مام سه‌لامه‌تۆكه‌ن. شڵه‌ژان و شێوانی باری گشتی، ماڵیان وێران ده‌كا. یه‌كه‌مین جاریشه ئه‌و چینه‌یله شارییه به‌و هه‌راوییه له كوردستاندا بێنه ناو گه‌مه‌ی سیاسه‌ته‌وه.
یه‌كگرتوو نه‌ك هه‌ر له هه‌ڵسوكه‌وتدا هێورتره له‌و دووه‌ی پێشوو، بگره وه‌ك لكی كوردی له بزاوی ئیخوانی موسلیمین، كه ئیخوان نه‌رمترین بزاوێكی سیاسییه له جڤاكی عه‌ره‌بیدا سه‌ری هه‌ڵدابێ له دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می دنیاوه، نه‌ریتێكی تازه‌ی داهێنا له مێژووی حزبی كوردی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه حزب به هیچ جۆر چه‌كی نه‌بێ. به گشتی، ئیخوان بۆی لوا مۆده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه له بزاوی سیاسیی ئاینیدا پێشكێش بكا، كه هه‌م په‌سند بێ بۆ جڤاكی شارییانه‌ی تازه سه‌رهه‌ڵداوی ئیسلام و هه‌میش دنیای ده‌ره‌كی لێی نه‌سڵه‌مێته‌وه. ئه‌م پێناسه‌یه ئیخوانی میسر و لكه‌یلی ئیخوانی له دنیا به گشتی گرته‌وه. تا ئه‌م دوایییه كه خه‌ریكه گۆڕان دێنه به‌دیكردن له خوو و هه‌روه‌ها له وتاری سیاسیی ئه‌و بزاوه‌دا له قاهیره‌وه تا ده‌گات به هه‌ولێر. ئه‌وه‌ی له‌م ساڵه‌یله‌ی پاشیدا دێته دیتن ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه ورده ورده له كرده‌وه و له ئاخاوتندا، له نه‌رمڕۆیییه‌وه به‌ره‌و تونده ته‌بیاتی وه‌رده‌سووڕێن و پێناسه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن.
ئه‌م گۆڕانه له ته‌بیاتی ئیخوان به گشتی، به‌وه‌ی له‌مه‌ڕ خۆشمانه‌وه "كه یه‌كگرتووه"، به بۆچوونی من ده‌گه‌ڕێته‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ رووداوی یازده‌ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001 له ئه‌مه‌ریكا. له دوای ئه‌و رووداوه‌وه ئیسلامی سیاسی نه‌ما توندتیژ نه‌بێ، ئیسلامی سیاسی نه‌ما پێ به پێ به‌ره‌و سیاسه‌تی ئه‌لقاعیده خواری نه‌كاته‌وه. نه‌مانبینی سه‌ركۆنه‌ی گه‌وره‌ترین و دڕندانه‌ترین كاری تیرۆری بكه‌ن له عێراق، كه عێراق له ساڵی 2003 به دواوه بووه به وڵاتی ترس و تیرۆر و تۆقاندنی ئیسلامییانه.
هانده‌رێكی تر بۆ ئه‌و خواركردنه‌وه‌یه، ململانه‌ی هه‌ڵبژاردنه له جڤاكێكدا كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌ژار و ره‌شوڕووتی ده‌ست له‌دنیا كێشاوه‌ی بێ هیوان. یه‌كگرتووی خۆمان ساڵه‌یلێكه له رێی وتاری مزگه‌وته‌وه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كا كه ئه‌م وتاره دوو كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه، یه‌كیان ئه‌وه‌یه له روانگه‌ی سه‌رده‌مییانه نییه، دوو، وتارێكه رووی ده‌می له ساده‌ترین و بێ هیواترین خه‌ڵكه. مه‌لای سیاسیی سه‌ر به یه‌كگرتوو له زووه‌وه "هه‌ر له دوای راپه‌ڕینه‌وه" كوردستانیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه له رێی وتارێكه‌وه كه باییی سه‌ری ده‌رزی به‌رپرسیاره‌تیی نیشتمانیی تێدا نه‌بووه و نییه. یه‌كگرتوو به‌م كاره نه‌ك هه‌ر پێناسه‌ی دێرین و ره‌سه‌نی خۆی له ده‌ست داوه كه ده‌بێ رووی ئاخاوتنی له خه‌ڵكی ورده بورجوازی و ده‌سمایه‌دار بێ، بگره حزبه‌یلی ده‌سه‌ڵاتیشی ناچار كرد تا ئه‌وانیش خۆیان بنوێنن و له رێی وتاری مه‌لایه‌له‌وه بێنه گۆڕه‌پانی ململانه‌ی سیاسی و كێبه‌ركێی هه‌ڵبژرادن و داگرتن "ته‌عبیئه"ی جه‌ماوه‌ری و په‌ڕپووت راكێشان و پشت له شاره‌زاییی سه‌رده‌مییانه و خه‌ڵكی شاری كردن. تا كوردستان به‌م رۆژه‌ی ئێسته گه‌یشت كه هه‌موو لایه‌ك له ده‌ستی بچێ زاڵ بێ به‌سه‌ر بنكه‌ی خۆیدا، وه‌ك له رووداوه‌یلی ئه‌م دوایییه‌ی ناوچه‌ی بادیناندا بینیمان.
ئه‌وه‌ی دێته به‌رگوێمان ئه‌وه‌یه كه ئه‌ندامه‌یلی یه‌كگرتوو به سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تیی خۆیان رازی نین، توندتیژییان ده‌وێ له‌و سه‌ركردایه‌تییه. رازی نین ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه له‌سه‌ر مێزی ئاخاوتن رووبه‌ڕوو ببێته‌وه له‌گه‌ڵ كێشه‌داره‌كانیدا. ئه‌مه چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكه كه ساڵه‌یلێكه خۆیان له رێی وتاری مزگه‌وت و راگه‌یاندنێكی بێ جڵه‌وه‌وه، به‌ده‌ستی خۆیان چاندوویانه.
یه‌كگرتوو، پارتی تاوانبار ده‌كا له رووداوه‌یلی بادینان. به‌ڵام ئاخۆ ده‌چێته ئاوه‌زی كێوه پارتی له شوێنێكدا كه خۆی تێیدا باڵاده‌سته ته‌نگژه‌یه‌ك بنێته‌وه نه‌سه‌ری دیار بێ نه‌بن وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی په‌رله‌ماندا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، به تایبه‌تیش له‌م ساته هاوساته‌ی به‌هاری عه‌ره‌بیدا كه ئاگر هه‌ر شوێنێكی گرته‌وه ئیتر به‌ری نادا. راپۆرتی په‌رله‌مانی كوردستان دیمه‌نی دۆزه‌خێك پێشان ده‌دا ئه‌گه‌ر بهاتایه ئه‌و گێره‌شێوێنییه ته‌واو بچوایاته سه‌ر. بۆ مرۆڤی گه‌شبین، ئاوه‌دانی، خۆشیی ژیان دێنێته دی. مرۆڤی سه‌رده‌می، وێڵی خۆشییه. ئه‌وه‌ی له زاخۆدا رووی دا له سووتاندن و تاڵانكردن و تێكدان، كاری كه‌سه‌یلێكی مێشك گه‌نیوی كه‌لله گواویی ده‌ست له‌م دنیا شوشتووی خۆ بۆ دنیایه‌كی تر هه‌ڵگرتووی دژ به هه‌موو پێشكه‌وتنێكی سه‌رده‌مییانه‌یه كه ئیسلامی سیاسی "یه‌كگرتوو له پێشه‌وه‌یاندا" له‌م چاخه كراوه و پێشكه‌وتووه‌ی دنیادا په‌روه‌رده‌ی كردوون بۆ وڵات تێكدان و رووی جڤاكی كورده‌واری شێواندن.
هه‌بوونی شوێنی شێلان "مه‌ساج"، دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی سه‌رتاسه‌رییه له دنیا، دكتۆر خه‌ڵكیان بۆ ئاراسته ده‌كا وه‌ك چاره‌سه‌ری ده‌رد و نه‌خۆشی. پیشه‌یه‌كی مرۆڤییانه‌یه ده‌بێ رێزی لێ بێته گرتن، ئه‌وه شوێنی فسق و فجوور نییه. ئه‌وه چ دیمه‌نێكه ئه‌وانه به ئاوه‌دانی سووتاندن، ده‌یده‌ن به‌م وڵاته تازه‌یه‌ی خۆمان؟ ئاخۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن یان له پشتی په‌رده‌وه رێنوێنیی ده‌كه‌ن، به راستی مرۆڤن یان بوونه‌ته ئامێری بێ مێشك بۆ له‌ناوبردنی گه‌شایی له وڵاتێكدا كه له‌نوێوه ده‌یه‌وێ بێته سه‌ر نه‌خشه‌ی دنیا؟
ره‌نگه هۆیه‌كی تریش هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو پێناسه‌ی خۆی له ده‌ست بدا و ئه‌و مام سه‌لامه‌تۆكه‌یه‌ی نه‌مێنێ كه جاران دڵمانی پێ ده‌بووه‌وه، ئه‌ویش رووداوه‌یلی به‌هاری رابردووی شاری سلێمانییه. به‌یه‌كه‌وه‌ژیان، خو و ره‌وشت نێزیك ده‌كاته‌وه و سنوور هه‌ڵده‌گرێ له‌نێوان به‌یه‌كه‌وه ژیاوه‌یلدا. بنكه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی شه‌یدای توندتیژین و ئه‌وه‌ش وا یه‌كگرتوو ده‌چێته پاڵیان. بنكه‌ی یه‌كگرتوو رێی به سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو نه‌دا له‌گه‌ڵ پارتیدا دابنیشێ، داوای جۆرێك له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كا و ئه‌مه‌ش حه‌زی دووباره‌كردنه‌وه‌ی رابردووێكی ناخۆشه له پێوه‌ندیی كورد له‌ناو خۆیدا و به‌ره‌و گه‌ڕێكی ترمان ده‌باته‌وه له ململانه‌ی بێ واته‌ی نێوانی هه‌ڵست و به‌رهه‌ڵست، كه بێگومان له كۆتاییدا كورد ده‌كه‌وێ و ره‌نگه تا دره‌نگێكی تر هه‌ڵنه‌ستێته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
