یاسا چییه؟ یاسا رێكخستنی پێوه‌ندیی نێوان دوو لایه‌نه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رده‌وام به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵبكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان بۆی بلوێ سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆی ببه‌زێنێ و په‌لدرێژی بۆ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی تر بكا، یان خۆی له ئه‌ركی سه‌رشانی بدزێته‌وه له به‌رامبه‌ر مافی ئه‌وی تر. ئه‌مه پێناسه‌یه‌ك بۆ یاسا، ده‌شێ پێناسه‌یه‌كی تریشی بۆ بدۆزینه‌وه و بڵێین یاسا به‌ده‌ردانه‌وه‌ی هه‌ڵكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی سه‌رده‌مێكی مێژوویییه، نه‌ینۆكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه بۆ پێشاندانی خۆی. بێگومان له یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌شدا یاسای سه‌رده‌مێك بۆ سه‌رده‌مێكی تر و جیاواز، ده‌ست نادا و ده‌بێ به‌گوێره‌ی ژیانی نوێ، یاساش گۆڕینی تێدا بێته كردن. له‌به‌رئه‌مه، یاسایه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسیدا دادپه‌روه‌رانه‌تره له یاسای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی خۆی كه تێیدا ده‌ستدار و بێده‌ست هاوسه‌نگ نه‌بن له ئه‌رك و ماف‌دا. ته‌نانه‌ت له‌یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ش، با بڵێین له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسیدا كه گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ناوبه‌ناو ده‌بێ، له‌وێشدا یاسا به‌رده‌وام و به‌پێی پێویست گۆڕانی تێدا ده‌بێ.
كوردستان وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نییه منه‌تی به‌ده‌روپشت نه‌بێ و چۆنی حه‌ز بكا وا هه‌ڵسوكه‌وت بكا، كوردستان سوپا و هێزی چه‌كداری ئه‌وتۆی نییه به‌رگه‌ی په‌لامار یان ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه و بڕ و بیانووی ده‌ره‌كیش بگرێ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ گێچه‌ڵی پێ بكه‌ن. كوردستان ئابووریی پته‌وی نییه به‌رگه‌ی ئازاردان بگرێ. دۆخی سیاسیی كوردستان له هێلكه‌ی ده‌ڵه‌مه ده‌چێ، ئه‌گه‌ر نابه‌رپرسانه گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵدا بێته‌كردن ئه‌وه‌ی هه‌یه له ده‌ست ده‌چێ یان تووشی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه كه پاشان باجه‌كه‌ی گران ده‌كه‌وێ له‌سه‌ری. ئه‌مه دۆخ و هه‌ڵكه‌وتێكه، هاووڵاتیی كوردستان نییه نه‌یزانی یان بۆی شاراوه بێ. به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره پێهاتنه میدیای كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا داخواز له كوردستان ده‌كه‌ن یان باری لێ بار ده‌كه‌ن.
یاسایه‌ك له كوردستان ده‌ربچێ، به‌ده‌ردانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانه نه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر كه له قۆناغێكی تردا ژیان به‌سه‌ر ده‌با. بێگومان بنه‌واگه‌لی ئازادیی مرۆڤ هه‌مان بنه‌واگه‌له و له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێك جیاواز نییه، ئه‌مه مامه‌ڵه‌ی تێدا نییه، به‌ڵام هه‌ر وڵاتێكیش بارودۆخی خۆی هه‌یه كه ده‌بێ له یاساگه‌لی وی‌دا ره‌نگ بده‌نه‌وه. گه‌ر وا نه‌بێ، ده‌بێ به پرسی مریشكه‌كه و هێلكه‌ی قاز كه له دواییدا ته‌نیا ئازاری جه‌سته‌ییی بۆ ده‌مێنێته‌وه. بێ له‌مانه هه‌مووی، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستان، واته په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هاتوونه‌ته سه‌ر كار. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وادا متمانه بناخه‌ی پێوه‌ندییه له نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتدا، متمانه نه‌مێنێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا متمانه وه‌رناگرێته‌وه و ئاوه‌وئاو ده‌چێ. بۆیه حكوومه‌تی كوردستان ناچاره له هه‌موو یاسا و رێنوێنییه‌كیدا ره‌چاوی هاوسه‌نگی بكا له نێوان مافه‌یلی خۆی و گه‌له‌كه‌یدا تا متمانه بپارێزێ.
ئه‌مڕۆ له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌دا، هه‌واڵی ئه‌وه‌م خوێنده‌وه كه په‌رله‌مانی كوردستان دوێنێ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامه‌یلی خۆی، ره‌تی كردووه‌ته‌وه گفتوگۆ له‌باره‌ی یاسایه‌كه‌وه بكا كه سێكسفرۆشی له كوردستان قه‌ده‌غه بكا. هه‌رئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانییه له‌م په‌رله‌مانه‌وه، كه په‌رله‌مانێكه بژارده‌ی گه‌له و ده‌بێ یاسایه‌ل له‌پێناو پاشه‌ڕۆژی پرشنگدار له كوردستان ده‌ربكا نه‌ك گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و دواكه‌وتوویی. یاسای خۆپێشاندانیش به هه‌مان شێوه، یاسایه‌كه جێی بڕوا و متمانه‌یه. خۆپێشاندان و رێپێوان مافی ده‌ستوورین و له ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ن، به‌ڵام ئه‌م مافه به یاسا رێوشوونی كرده‌وه‌ییی بۆ دێته دانان. ئه‌م یاسایه‌ی خۆپێشاندان به‌بۆچوونی زۆر كه‌س له‌وانه‌ی بینیومن، یاسایه‌كه ئه‌وپه‌ڕی وردایه‌تیی تێدا هاتووته ره‌چاوكردن بێ ئه‌وه‌ی له خوتی مافه‌كه هاتبێته كه‌مكردنه‌وه.
ئۆپۆزسیۆنی كوردستان سكاڵا له‌وه ده‌كا كه به‌پێی ده‌قی یاسایه‌كه، خۆپێشاندان ده‌بێ مۆڵه‌تی پێشه‌كیی له ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ بێته وه‌رگرتن. ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌مه نابێ له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئازادییه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه. ده‌ڵێ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بێته ئاگه‌داركردنه‌وه بێ ئه‌وه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ داوای خۆپێشاندانه‌كه ره‌ت بكاته‌وه. ئه‌مه‌ی ئۆپۆزسیۆن و میدیای كوردستان، داوایه‌كی نابه‌رپرسانه‌یه. ئێمه ده‌بێ بزانین، بگره "ده‌بێ" حه‌زیش بكه‌ین، كه هه‌ندێك ئازادی، به‌تایبه‌تی ئازادییێلی سیاسی له وڵاته‌كه‌ماندا مه‌رجیان هه‌بێ. كوردستان له بۆشاییی ئاسماندا باڵه‌فڕكه ناكا فشه‌ی به‌دنیا بێ. ئێمه به ئێران و توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی هاتووینه‌ته ده‌وره‌دان كه سه‌دان كێشه هه‌یه له‌و نێوانه‌دا. خۆپێشاندانی چه‌ند سه‌ت كه‌سێك بۆ پشتیوانی له داخوازێكی كوردی له به‌شێكی تری كوردستان، كه ئاڵای توركیا یان ئێران یان وێنه‌ی هێمایه‌لی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێدا بێته سووتاندن، بۆ نموونه وێنه‌ی ئیمان خومه‌ینی یان مسته‌فا كه‌مال. یان ره‌سمی ئاپۆی تێدا بێته به‌رزكردنه‌وه، ئه‌مه كێشه‌ی "سه‌ر" بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رتاسه‌ر ئه‌و ئازادییه ده‌نێته‌وه كه تیێدا ده‌ژین.
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان، بێگومان داخوازێك بۆ خۆپێشاندان ره‌ت ناكاته‌وه كه پێوه‌ندیی به مافی "بۆ نموونه" كرێكارانی كارگه‌یه‌كه‌وه هه‌بێ، یان جووتیارانی دێهاتی ناوچه‌یه‌كی كاره‌سات لێداو، یان به‌رگری له مافی دانیشتوانی خانووه قوڕه‌كانی گه‌ره‌كێكی لاپه‌ڕگه‌ی شارێك، یان ره‌تكردنه‌وه‌ی رێنوێنی و یاسایه‌كی حكوومه‌ت كه خه‌ڵكێك لارییان لێی هه‌بێ. حكوومه‌تی كوردستان ئه‌مانه بكا، هه‌زار و یه‌ك شێواز و رێ له پێش خه‌ڵكدایه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی. له‌به‌رئه‌وه، به‌بۆچوونی من بیانووگرتن به یاسای خۆپێشاندانی كوردستان كه كه‌متر له مانگێكه سه‌رۆكی هه‌رێم ئیمزای له‌سه‌ر كردووه و هێشتا هیچ مه‌شقێكی له‌سه‌ر نه‌كراوه، زیاتر له "فیكه‌ی حه‌رامزاده" ده‌چێ. ئۆپۆزسیۆنی كوردی ده‌بێ شه‌رم له‌وه بكاته‌وه، له‌م جۆره پرسانه‌دا حكوومه‌ت له گه‌مارۆ ده‌كێشێ. ئه‌م حكوومه‌ته هه‌زار و یه‌ك كه‌موكورتیی هه‌یه كه ده‌بێ به‌پاڵه‌په‌ستوی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و شه‌قامی ناڕازی، بێنه چاره‌سه‌ركردن كه بێگومانم هه‌ندێكیان و "ره‌نگه زۆریان" خۆپێشاندانیان بوێ و دوور نییه هه‌ندێكیان توندوتیژیشی تێ بكه‌وێ.
مافی ئۆپۆزسیۆنه به‌هه‌موو شێوازێك خه‌بات بكا تا جێ به ده‌سه‌ڵات له‌ق بكا و خۆی بچێته سه‌ر كورسییه‌كه‌ی، به‌ڵام ناشێ له رێگه‌یه‌كه‌وه بۆ كورسی بچێ كه وڵاتی تێدا بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئازادی ده‌بێ چوارچێوه‌دار بێ، به‌تایبه‌تی ئازادیی سیاسی، هه‌روه‌ها به‌تایبه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵی كورده‌واری و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌زار هه‌ڕه‌شه خۆیان بۆ له پارێز ناون. ئه‌مه‌ریكا به‌م زلییه‌ی خۆی پێش چه‌ند مانگێك رێی نه‌دا به‌قه‌شه‌یه‌ك قورئانێك بسووتێنێ له ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسلام و تێ هه‌ڵكشانی ره‌وتی تیرۆر له دنیا، چۆن داوا له حكوومه‌تێكی ناوچه‌ییی وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم دێته كردن ئازادیی خۆپێشاندان تێیدا بێ سنوور و بێ له‌مپه‌ر بێ. خۆ ئازادی گاڵته نییه.
28/12/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
