ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی له‌تونسه‌وه ده‌ستی پێكردو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی حوسنی موباره‌كی میسری ڕاماڵی و قه‌زافی لیبیای له‌هه‌مان چاره‌نووس نزیك كردووه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی شڵه‌ژاندووه، كۆمه‌ڵه پێشهات و رووداوێكی چاوه‌روانكراوبوون كه هه‌ندێكیان زه‌مه‌نی روودانیشیان دواكه‌وتبوو، چونكه ته‌مه‌نی ئه‌م كلتووره سیاسییه ئیستیبدادییه‌ی كه ئه‌م رژێمه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه سه‌ده‌یه‌كی تێپه‌راندووه‌و ره‌وشی نوێی جیهان و ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌ردوونی و جیهانییه‌ی رووی داوه‌و خێزانی مرۆڤایه‌تی له‌ناو ئه‌م گونده بچووكه‌دا كۆكردووه‌ته‌وه به‌م كلتووره نامۆیه‌و عه‌قڵی پێشكه‌وتووی مرۆڤایه‌تی سه‌رده‌می گلۆبالیزمیش ئه‌م جۆره سستمانه‌ی حوكمداری ره‌ت ده‌كاته‌وه.
كاتێك ڕی به‌خۆمان ده‌ده‌ین ئه‌م روودانه به‌چاوه‌روانكراو ناوزه‌د بكه‌ین مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه زه‌مینه‌ی زاتی و بابه‌تی بۆ روودانی هه‌ریه‌كه‌یان ره‌خساوه‌و هه‌لومه‌رجه جیهانییه‌كه‌و پیربوون و ته‌مه‌نی به‌سه‌رچووی ئه‌و سستمه سیاسییانه‌ی حوكمداری به‌سه‌رچووه، بارودۆخه‌كه له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه له‌باره بۆ بزاوته جه‌ماوه‌رییه‌كان و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌رابردوویه‌كی نزیكدا رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان ئه‌سته‌م بوو، ئه‌مرۆ هیچ ململانێیه‌ك له‌سێبه‌رو له‌تاریكیدا به‌ڕێوه‌ناچێت و هه‌موو جووڵه‌و پێكدادانه‌كان له‌سه‌ر شانۆیه‌كی بچو‌وكدا نمایش ده‌كرێن و لایه‌نه‌كانی ململانێكان ناتوانن هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر ئه‌نجامی بده‌ن.
له‌تونسدا راپه‌رینی ته‌نها گه‌نجێك كه وه‌ك ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی له وڵاته‌كه‌یدا هه‌یه خۆی سووتاند هه‌رایه‌كی میدیایی له‌سه‌ر ئاستی جیهانیی نایه‌وه‌و دواتر راپه‌رینی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی به‌دوادا هات، وه‌ك چۆن زوومی كامێرا‌كان له‌سه‌ر ئاپۆرای خه‌ڵكی راپه‌ریو چڕ كرایه‌وه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و ته‌نها گه‌نجه‌شی لی ون نه‌بوو، بۆیه راپه‌رین و شۆرشی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌دوادا نایه‌ت كه له‌رابردوودا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه به‌رامبه‌ر به هه‌موو ده‌نگێكی ناڕازی ده‌یانخوڵقاندو له‌په‌نادا به‌بێده‌نگ كپیان ده‌كرده‌وه، دنیای به‌رده‌م ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن و میدیای پێشكه‌وتوو په‌نهان و نهێنی و تاوانه شاراوه‌كانی تێپه‌راندووه‌و ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك ورده‌كارییه‌كانی به‌هه‌موو دنیا ده‌گات.
بگه‌رێینه‌وه بۆ ئه‌و دنیا به‌رفراوانه‌ی رابردوو كه ئێمه‌ی كورد جه‌نگمان له‌گه‌ڵ مه‌حاڵدا ده‌كردو هه‌موو رووبه‌رووبوونه‌وه‌و شۆرشه‌كانمان بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان چاوه‌روان نه‌كراوبوو، چونكه به‌پێوه‌ره‌كانی هێزو هه‌لومه‌رجی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی زه‌مینه نه‌ره‌خسابوو بۆ شۆرش و راپه‌رین و ململانێ ناهاوسه‌نگه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته خاوه‌ن توانا سه‌ربازییه به‌هێزه‌كانی عێراقدا جێگای سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌وه‌ی حزووری كاریگه‌ری له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌بوو ئیراده‌ی پۆڵاینی خه‌ڵكی كوردستان بوو بۆ ئازادی و ژیانی سه‌ربه‌رزانه.
به‌هاری 1991 بۆ گه‌لی كورد‌و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی كۆتایی قۆناغێكی تاریك و پر له‌تاوانكاری بوو كه رژێمی دكتاتۆری به‌عس به‌چه‌ندین شێواز به‌رامبه‌ر به‌گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامی ده‌داو دوامه‌رامیشی پاكتاوێكی ره‌گه‌زی و نه‌ژادی بوو كه به‌پرۆسه كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌ستی پێكردو قۆناغی تری له‌پێش مابوو پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به پیلان و نه‌خشه شه‌ره‌نگێزییه‌كانی بهێنرێت ئه‌نجامی بدا.
ئه‌و ڕاپه‌رینه‌ی له‌كوردستاندا رووی دا‌و نموونه‌ی له‌مێژووی ناوچه‌كه‌دا كه‌مه له‌هه‌لومه‌رجێكدابوو كه به‌و شێوه‌یه چاوه‌روانكراو نه‌بوو، چونكه كورد ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی درندانه‌ی به‌عسدا هه‌بوو له‌حاڵه‌تی روودانی ئه‌م جۆره رووداوانه‌دا، راسته شه‌ڕی كه‌نداوی دووه‌م و هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر سوپای سه‌دام زه‌مینه‌ی بۆ بزاوتێكی جه‌ماوه‌ریی خۆش كرد، به‌ڵام متمانه‌ش به‌و هه‌لومه‌رجه هه‌نووكه‌ییه لاوازبوو كه دواتر هاوپه‌یمانان پرۆسه جه‌نگییه‌كانیان رانه‌گرن و ده‌ستی سه‌دام به‌تاڵ بكه‌نه‌وه بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئێمه، ئه‌وه‌ش رووی دا‌و گڵۆپی سه‌وزیان بۆ سه‌دامیش هه‌ڵكرد كه راپه‌رینه‌كه‌ی ئێمه سه‌ركوت بكات و سوپاكه‌ی په‌لامارمان بداته‌وه، به‌ڵام كۆڕه‌وه چه‌ند ملیۆنییه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیحراج كرد‌و به‌توندی خستییه به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌وه كه دواجار ناوچه‌ی پارێزراومان بۆ دابین كرا.
كۆڕه‌ویش بۆ خۆی راپه‌ین و شێوازێكیتری كاریگه‌ری ناره‌زایه‌تی بوو به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌ته‌كانی به‌عس، ئه‌ندازیاری ئه‌م هه‌ستانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ش به‌كۆڕه‌ویشه‌وه خه‌ڵكی كوردستان بووه كه به‌ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه به‌رامبه‌ر به هێزێكی زه‌به‌لاح راوه‌ستاو پیلان و نه‌خشه‌كانی پۆچه‌ڵ كرده‌وه،
شۆرش و راپه‌رینه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ئێمه‌ی كورد پێش به‌هاری 991ی سه‌ده‌ی رابردووش هه‌ر بوونی هه‌بووه‌و چه‌ندین جار گه‌له‌كه‌مان به‌ئیراده‌یه‌كی بوێرانه‌وه رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی دكتاتۆری سه‌دام بووه‌ته‌وه، خۆپیشاندانه گه‌وره‌كانی كۆتایی هه‌شتاكانی سلێمانی و شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه كه‌متر نه‌بوو له‌وانه‌ی دواتر، ساڵی 1987 له‌شاری هه‌ڵه‌بجه راپه‌رینێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری رووی دا، هه‌موو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ریدا كه‌وته ده‌ستی خه‌ڵك، رژێم به كۆپته‌رو زرێپۆش رووبه‌رووی جه‌ماوه‌ر بوویه‌وه‌و به‌دڕندانه‌ترین شێوه خه‌ڵكی راپه‌ریوی سه‌ركوت كرد‌و كۆمه‌ڵێكی زۆری برینداره‌كانی له‌نه‌خۆشخانه هێنایه ده‌ره‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی شار زینده‌به‌چاڵی كردن، هیچ لایه‌نێكی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیش نه‌هاته ده‌نگ و میدیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی بۆ كاره‌ساته‌كان نه‌كرد.
له‌م بارودۆخانه‌دا كورد ڕاپه‌رینی به‌رپا كردووه‌و رووبه‌رووی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی سه‌دامی دكتاتۆر بووه‌ته‌وه، له‌و كاتانه‌دا شه‌قامی عه‌ره‌بی سه‌ركرده‌كانی خۆیان به پاڵه‌وانی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ناوزه‌د ده‌كردو هه‌ستیان به‌مه‌ترسی ره‌واجدان به‌و كلتووره سیاسییه نه‌ده‌كرد كه ئه‌و سه‌ركرده دكتاتۆرانه‌ی به‌رهه‌م هێنابوو، ئه‌مڕۆ ده‌زانن كه ئه‌وانه جگه له‌باندێكی مافیا هیچی تر نین و هه‌موویان به‌یه‌ك شێوه سوكایه‌تی به‌ماهیه‌تی مرۆڤی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌م گه‌رده‌لووله‌ی ئێستای ناو دنیای عه‌ره‌ب ده‌مێكه هه‌ڵیكردووه‌و پێشه‌نگ و سه‌ره‌تاكه‌ی شۆرش و ڕاپه‌رینه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بووه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
