هه‌رێمی كوردستان له‌ناو ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسیدایه‌و زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه شه‌قامی كوردی وروژاوه‌و له‌و ده‌سه‌ڵاته حزبییه هاتووه‌ته ده‌نگ كه زیاتر له‌بیست ساڵه له‌فۆرمی حكومه‌ت و دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌واو و ناته‌ندروست كاروباری ئام وڵاته به‌رێوه ده‌بات، زۆر‌و كه‌م هه‌موومان به‌رپرسیارین له‌به‌شێكی گرفته‌كان، یان به‌لای كه‌مه‌وه فاكته‌رێكی به‌رده‌وامبوونی ره‌وشه خراپه‌كه‌بووین تا ئه‌م كاته، به‌و حوكمه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌رچاوه‌ی له ده‌نگ و سه‌دای ئه‌و خه‌ڵكه‌وه وه‌رگرتووه كه ئێستا زۆرێكیان به‌ئاگا هاتوونه‌ته‌وه‌و لێی به‌ده‌نگ هاتوون، پاشان حزبه‌كانی تریش ده‌نگ و ره‌خنه‌ی جدییان به‌رامبه‌ر به‌م ده‌سه‌ڵاته حزبییه نه‌بووه‌و له‌هه‌ندی كاتیش‌دا بووبوونه‌ته هاوپه‌یمان و شه‌رعیه‌ت پێده‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌ی تا ئه‌مرۆش وڵاتیان به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا دابه‌ش كردووه‌و ئیداره حزبییه‌كانیان ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌یان بۆ هه‌رێمه‌كه به‌رهه‌م هێناوه.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خودی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی هه‌وادارو ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی ئه‌و دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ن، یان زۆربه‌یان له‌وه به‌ئاگاهاتوونه‌ته‌وه كه هه‌موو پاساوه‌كانی دواخستنی چاكسازی له‌م سستمه ناته‌واوه‌ی حوكمرانیدا به‌ته‌واوی به‌سه‌رچووه‌و ده‌بێت ئێمه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیستیماتیككراوی راسته‌قینه‌و فه‌رمیدا وڵاتمان به‌رێوه بچێت و قۆناغی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌حزوبیه‌ت و حزبگه‌رایی له‌ناو ده‌زگاكانی به‌رێوه‌بردنی كاروباری وڵات‌دا تێپه‌ڕێنرێت، له‌هه‌مان كاتدا حزبه‌كانی كوردستانیش گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی وابه‌سته‌بوون به‌ئیراده‌ی یه‌كێتی و پارتی و چوونه ناو چیرۆكی پاساوه به‌سه‌رچووه‌كانیان و تێكه‌ڵاوبوون به‌دام و ده‌زگاكانی ئه‌و حكومه‌ته حزبییه‌ش ئه‌وان به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن زیانیان لی ده‌دات و له‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆیان دایانده‌بڕێت، بۆیه هێزه سیاسییه كاراكانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه زووتر پاشه‌كشه‌یان كرد‌و بۆ له‌ده‌ست نه‌دانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان، له‌حكومه‌ت و هاوپه‌یمانیه‌تیكردنی دوو حزبه ده‌سه‌ڵاداره‌كه كشانه‌وه‌و ئێستا به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنیان پێكهێناوه‌و تا راده‌یه‌ك و به‌پێی گونجاویی هه‌لومه‌رجه‌كه هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌نگ و سه‌دای شه‌قامی هه‌رێمه‌كه‌یاندا ته‌باكردووه.
ماوه‌ته‌وه سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه تا دوێنێیه‌كی نزیك هێزێكی سیاسی كارای سه‌ر گۆره‌پانه‌كه‌ی كوردستان بوو، دوای رووداوه‌كانی ناو ئه‌م حزبه‌ش ئه‌و به‌شه‌ی به‌هه‌مان كلتوور‌و ناوی پێشووه‌وه مایه‌وه له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سه‌ر ئاستی هێزی رێكخراوه‌یی هه‌ندی هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆیه‌وه بینی، یه‌كێك له وێستگه‌كانی هه‌ڵكشانی حزبه‌كه له‌و كاته‌دابوو كه به‌ته‌نهاو به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد‌و ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنانی دوو كورسی نوێنه‌رایه‌تی بوو.دوو وێستگه‌و قۆناغی داكشانی هێزو قه‌واره جه‌ماوه‌ریی ئه‌م حزبه‌ش له‌و كاته‌وه ده‌ستی پێكرد كه خۆی كرده هاوپه‌یمانی یه‌كێتی و پارتی و پاشان به‌شداربوو له‌م حكومه‌ته‌دا كه ئێستا خه‌ڵك و خودی بزووتنه‌وه‌ش لێی رازی نییه.به‌داخه‌وه بزووتنه‌وه ئێستاش له‌ناو ئه‌م قۆناغه‌دا ده‌ژی و به‌ڕای زۆرێك له‌چاوێران مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئێستای و دوور نه‌كه‌وتنه‌وه‌ی له‌م دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی كوردستان به‌ته‌واوی به‌ره‌و هه‌ڵدێری ده‌بات و هه‌موو كارته‌كانی گه‌مه سیاسییه‌كانی ئایینده‌شی پی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌مرۆ هه‌لی هه‌ڵكشانێكیتر بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ره‌خساوه‌و ده‌توانێت قه‌ره‌بووی دوو هه‌ڵه‌كه‌ی رابردووی پی بكاته‌وه كه دووچاری داكشان و پاشه‌كشه‌ی جه‌ماوه‌ریی كرده‌وه، ئه‌ویش هه‌لی راگه‌یاندنی هه‌ڵوێستێكی جه‌ریئانه‌یه به‌رامبه‌ر به‌هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و حكومه‌ته‌كه‌یان كه تا ئێستاش وه‌فادار نه‌بوون به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌بزووتنه‌وه‌یان دابوو به‌رامبه‌ر به به‌شداریكردنیان له‌لیستی هاوپه‌یمانی كوردستاندا، له‌كاتێكدا هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی تر لێیان دوور كه‌وتبوونه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌دوو كورسی په‌رله‌مان و ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌شیه‌وه، به‌ئه‌ندازه‌ی حزبێكی بی كورسی و بی جه‌ماوه‌ر بودجه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ ته‌رخان نه‌كراوه، ئه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌م حزبه ئیسلامییه وه‌ری ده‌گرێت ناگاته بودجه‌ی مانگانه‌ی ئه‌ندامێكی باڵای دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، له‌ناو هیچ دانوستان و دیالۆگێكیشدا نایانخوێننه‌وه، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش پێیان دراوه كه‌متره له پۆستێكی كارتۆنی و له‌ده‌ورو به‌ری وه‌زیره‌كه‌یه‌وه كه پیاوێكی شۆرشگێری سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و شاره زۆر شت ده‌كرێت بی ئاگاداری ئه‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌زیره‌كانی تریش ئه‌م ره‌فتاره‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت وه‌ك داخستنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین بی ئاگاداری وه‌زیری خوێندنی باڵا.
پێشنیار ده‌كه‌م بۆ سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان كه داواكاری ئه‌وانیشه و هه‌روه‌ها وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كیش به‌رامبه‌ر به پاندنه‌بوونی دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ش به به‌ڵێنه‌كانیان به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه، به‌خێرایی بریاری كشانه‌وه بده‌ن له‌م حكومه‌ته، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه كه حكومه‌ته‌كه به‌م زووانه به‌هۆی فشاری جه‌ماوه‌رو بی سه‌روبه‌رییه‌كانی ناو خۆیه‌وه هه‌ڵبووه‌شێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك هه‌نگاوێكی سیاسی و هه‌وڵێكی ئاشتبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا پێویسته بزووتنه‌وه زووتر ئه‌م هه‌نگاوه بنێت، به‌تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی كوردستان‌مان له‌پێشه‌و ده‌بێت بزووتنه‌وه له‌ئێستاوه به‌م هه‌نگاوانه كاری بۆ بكات،
قه‌واعیده‌كانی گه‌مه‌ی سیاسیش ئه‌وه له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی پێویست ده‌كات كه قۆناغی بێده‌نگی تێپه‌رێنێت و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئایینده‌یه‌كی باش له‌گۆره‌پانه سیاسییه‌كه‌دا بوونی خۆی وه‌ك حزبێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و هۆگری جه‌ماوه‌ر بسه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و جه‌ماوه‌ره له داهاتوودا ببێته ده‌نگده‌رو هاوسۆزی كاتی هه‌ڵبژاردن و گه‌مه سیاسییه‌كانیتر.به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی له‌ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م حزبه ئیسلامییه‌یه كه له‌پێناوی ئایینده‌ی حزبه‌كه‌یاندا خوێندنه‌وه‌یه‌كی جدی بۆ ئه‌دای سیاسی ئێستا‌و رابردوویان بكه‌ن،
من پێم وایه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به كشانه‌وه‌ی هیچ زیانێكی لی ناكه‌وێت و به‌پێچه‌وانه‌وه لای جه‌ماوه‌ری كوردستان متمانه په‌یدا ده‌كاته‌وه، ئه‌و دوو حزبه‌ش ناتوانن هیچ لێپێچینه‌وه‌و كاردانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێت به‌و حوكمه‌ی بزووتنه‌وه خاوه‌نی دوو كورسی ناو په‌رله‌مانه، له‌رووی شه‌رعی و سیاسی و ئه‌خلاقییه‌وه شوێنی شیاوی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ناو به‌ره‌ی گه‌ل و ئۆپۆزسیۆندایه نه‌ك ناو ئه‌م ئیداره حزبییه گه‌نده‌ڵه‌ی ناونراوه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
