
كاتێك له شاشه‌وه كاك فاروق ده‌بینم منداڵیم دێته‌وه یاد، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا هه‌موومان زۆربه‌ی شه‌وان له ماڵێكدا كۆ ده‌بووینه‌وه تا ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆن بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له گه‌ڕه‌كێكدا ماڵێك یان دوان ته‌له‌فزیۆنیان هه‌بوو بۆیه له‌و شوێنه‌ی ته‌له‌فزیۆنی لێ‌بوو ئێمه‌ش جه‌م ده‌بووین، جاری وا هه‌بوو خاوه‌ن ماڵمان بێزار ده‌كرد و نان و ئیسراحه‌تمان لی تێك ده‌دان، هه‌ر له فلیمی كارتۆنه‌وه تا فلیمی شه‌و له‌به‌رده‌م شاشه‌ی تیڤییهكهیان داده‌نیشتین و دره‌نگانی شه‌و خه‌و بردوومانیهتیهوه و ناردویانه به دوای دایك و خوشكماندا و به باوه‌ش بردوومانیانهتهوه بۆ ماڵ، ئێمه‌ی منداڵی به‌سته‌زمان به خۆشییه‌وه له‌چاوه‌ڕوانی فلیمی شه‌ودا خهوهكوركێمان تێده‌كه‌وت و چه‌ند جارێك ده‌موچاومان ده‌شۆری تا به‌رگه‌ی خه‌وی دوای شه‌ڕه‌شه‌قی كۆڵان بگرین، بیرمه زیاتر حه‌زمان له فلیمی شه‌ڕی بیانی بوو، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كه‌ی ئێمه زۆربه‌ی جار فلیمه‌كان عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوون و له عه‌ره‌بییه‌كانیش – فه‌رید شه‌وقی – كه به – به‌ته‌ڵی شاشه – ناسراو بوو خهونهكهمانی سه‌راوبن ده‌كرد، ئێستاش له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ كاك فاروق، جێگه‌ی به – فه‌رید شه‌وقی – لێژ كردووه و هه‌ر ڕۆژه‌ی به شێوازێك ده‌وره‌كه ده‌بینی و ده‌بێته میوانمان، له كتێبه‌وه بۆ مایكی سه‌رای ئازادی و له‌وێشه‌وه بۆ شاشه‌ی تیڤی، له توێژه‌ری فه‌لسه‌فییه‌وه بۆ تێكه‌ڵبوون به جیهادچی و له‌ولاتریشه‌وه خۆیمان لێده‌كات به فریادڕه‌سی سیاسیی و ئینجا به‌رنامه پێشكه‌ش كردن، ئه‌مانه‌ش خه‌سڵه‌تی – خۆده‌رخستن – ی ئه‌و به‌ڕێزه‌مان ده‌رده‌خات، هه‌رچه‌نده له هه‌موو قسه‌كانیدا ده‌یان جار (ئه‌زانی) واژه‌یه‌كه به‌رده‌وام به‌كاری ده‌هێنی، كه ده‌لاله‌تی به كه‌م ته‌ماشا كردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌دات به ده‌سته‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا به بارته‌قای (ئه‌زانی) به (وانیه) قسه‌كانی ده‌ڕازێنێته‌وه، دیاره ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی بێمتمانه‌یی خۆیه‌تی به قسه‌كانی!
نه‌ك به وردی، به‌ڵكو سه‌رپێیی و ههڕهمهكیش له قسه‌كانی ڕا بمێنین، ماركس وه‌كو ده‌رۆزه‌كه‌ری بیرمهندایهتیی خۆی چاو لێده‌كات، لینین دیكتاتۆره، ستالین و نازیزم هاوتای یه‌ك ده‌كات، گاڵته به ماوتسی تۆنگ ده‌كات، كیم ئیل سۆنگ توتالیتاره و كاسترۆش هه‌ر مه‌پرسه! كه‌سێك ناهێڵێته‌وه تروسكایی تێدا بێت، خودا ڕه‌حمی كردووه گیڤارا نه‌ماوه ئه‌گینا بهویشدا هه‌ڵده‌شاخا، ئیستیهزا به مێژوو ده‌كات و واقیع به‌تاڵ ده‌كاته‌وه و ڕه‌خنه‌گرانه له ڕابردوو ناڕوانێت، حیزبی شیوعی؟؟؟ پارتی دیموكراتی كوردستان؟؟؟ كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران و ته‌واوی حیزب و گروپه‌كان هیچ نه‌بوون و هیچ نین و هیچ نابن و زه‌ڕبی هیچن! بۆ ئه‌مه‌شیان سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریی خۆمم ده‌هێنێته‌وه یاد كه له قۆناغی ناوه‌ندیدا خوێندكار بووم، هه‌موو جار مامۆستا – حه‌سه‌ن جاف – كه وانه‌ی جوگرافیای پێده‌وتینه‌وه ئه‌م گۆرانییه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌وت: ( (به‌هاری نه‌مرم كچی خه‌جی شایی و سه‌یرانه، هاوینی نه‌مرم كچی خه‌جی خه‌له و خه‌رمانه، پاییزی نه‌مرم كچی خه‌جی گه‌ڵاڕێزانه، زستانی نه‌مرم كچی خه‌جی به‌فر و بارانه) ) !، له دواییدا ده‌یووت: ئه‌ی باشه ئاخر پێم ناڵێی به ته‌مای كه‌ی بمریت؟! بۆیه ئێستاش هه‌مان پرسیار له مێشكمدایه، كاك فاروقیش ئایدیۆلۆژیایه‌ك، فه‌لسه‌فه‌یه‌ك، حیزبێك و ئاراسته‌یه‌كی سیاسیی نامێنی هه‌جووی نه‌كاته سه‌ر؟ به بی له‌به‌رچاو گرتنی دیالیكتیك، ئه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵیدا وێك نه‌یاته‌وه، ده‌بێت مه‌سخه‌ره‌ی پێبكات! جا خۆی و خودای خۆی ده‌زانێت كێی به دڵه و نه‌شته‌ری لێنادات؟!.
ته‌نها و ته‌نها یه‌كجار بۆ خوێی چێشت، دوای له‌توپه‌ت كردنی مونه‌زیر و موفه‌كیر و ئهنكیر و مونكیرهكان، گوێبیستی بوومه و ده‌ستی خێری به‌سه‌ر یه‌ك كه‌سدا هێناوه و وته‌یه‌كی ئه‌وی به نمونه هێناوه‌ته‌وه، نه‌ك ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی، ئه‌ویش به‌ڕێز خاتو – ناسكه – ی هاوسه‌ری بوو، به هیوام بۆ جارێكیش بێت، وه‌كو خێزانه‌كه‌ی له یه‌كێك له خاوه‌ن شاكار و فه‌یله‌سوفه‌كان بڕوانی و بۆ جارێك و به‌س! دانی خێر بهویشدا بهێنێت و بیخاته ژێر ڕه‌حمه‌تی تیئۆری فاروقیزمی بنه‌ماڵه‌گه‌رییه‌وه، چونكه ئه‌و له باتی كورسیی ده‌سه‌ڵات ته‌نها مایكێك هه‌بوو زه‌وتی بكات، به‌رده‌وام له ده‌ستی نه‌ده‌كه‌وته خواره‌وه، وه‌كو بنه‌ماڵه‌ش ڕۆڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر چاواندا دیار و ئاشكرا بوو له‌و سه‌رایه‌ی خۆی كردبووه ده‌مڕاستی جه‌ماوه‌ر به ده‌نگده‌رانی یه‌كێتی و پارتیشه‌وه، له‌و بڕوایه‌دام ئه‌و جورئه‌ته‌ی ئه‌و، زلحیزبهكانیش په‌ی پێنابه‌ن و ڕێگه‌كه‌ی پێنازانن زه‌فه‌ری پێنابه‌ن.
07701309534 Hewarash1@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
