له دوای گرژی و ئاڵۆزی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان باڵاده‌سته دیکتاتۆره‌کانی سودان له گه‌ڵ دانیشتوانی ناعه‌ره‌بی باشوری سودان، که له‌ساڵی 1955 تا ساڵی 1972، دوباره‌بونه‌وه‌ی شه‌ڕ له ساڵی 1983 تاکو ساڵی 2005، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕه‌گه‌ز په‌رستی عه‌ره‌ب له سودان ناچار کرا بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و قایل بون به گفتوگۆی ئاشتی و دانپێدان به ئۆتۆنۆمی باشوری ناعه‌ره‌بی و بڕیاردان به ئه‌نجام گه‌یاندنی ڕیفراندۆمێك بۆ ده‌نگدان بۆ مافی چاره‌نوسی ئه‌و میلله‌ته چه‌وساوه ناعه‌ره‌به‌ی باشوری سودان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بارودۆخێکی وا له‌باریان بۆ هه‌ڵ نه‌که‌وتبوو وه‌ك هه‌رێمی کوردستانی به‌ناو فیدڕاڵی، که ته‌نها جگه له کورد که‌سی تر بڕوای پێ نیه، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانیان پێش ئه‌وه‌ی بیر له ده‌سه‌ڵات و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن بکه‌نه‌وه، بیریان له جیابونه‌وه له‌گه‌ڵ میلله‌تێکی شۆڤێنی هاوشێوه‌ی شۆڤینیه‌کانی عه‌ره‌بی ئێراقی کردوه‌وه، هه‌وڵی ڕزگارکردنی هاووڵاتی خۆیان ئه‌ده‌ن له ده‌ست چه‌وسانه‌وه بۆ مسۆگه‌رکردنی ژیانێکی ئازاد، له‌وه ئه‌چێت سه‌رکرده‌کانی ئه‌وان ئازا وچاونه‌ترس بن و شه‌رم نه‌که‌ن له ئاست ووڵاتانی درواسێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی سودان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ڕوو ئه‌دات.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ی میلله‌تی کورد به‌سه‌رهاتی دڵته‌زێن و کاره‌ساتی ئه‌نفال وجینۆساید و کاولکاری و ده‌ربده‌رییمان بینوه، باوه‌ڕناکه‌م هیچ میلله‌تێکی سه‌ر ڕوی زه‌مین ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ر هاتبێت، نه جوله‌که، نه کۆسۆڤۆ، نه باشوری سودان، که‌چی سه‌رکرده‌کانیان به گیانێكی شۆڕشگێری و جه‌ربه‌زه‌ییه‌وه که‌وتنه خۆیان بۆ ڕزگارکردنی ووڵاته‌که‌یان و دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، که‌چی سه‌رکرده‌کانی ئێمه ڕۆژ به ڕؤژ پابه‌ندبونی خۆیان دوپات ئه‌که‌نه‌وه به مانه‌وه‌یان له ئێراقی ده‌ستی میلیشیا کۆنه‌په‌رسته‌کانی بۆ دڵنه‌وایکردنی ووڵاتانی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلته‌ره و ئێران و تورکیای داگیرکا‌ر.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی مناڵێکی کوردیش ئه‌دات و هه‌ستی پێ ئه‌کرێت له لایه‌ن ساوایه‌کی کورده‌وه ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه‌یه که له کوردستانی داگیرکراوی ده‌ستی بنه‌ماڵه‌وه ئه‌بینرێت، بۆ نمونه:
+ له کوردستاندا ته‌نها بیر له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و پله وپایه و کۆکردنه‌وه‌ی پاره وکه‌سوکار و ده‌ست و پێوه‌نده‌کان ئه‌کرێته‌وه، نه‌ك میلله‌ت و خۆشگوزه‌رانی تاکی کۆمه‌ڵ .
+ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی میلله‌ت باس له مافی چاره‌نوس ئه‌کرێت، به‌ڵام هیچ باوه‌ڕێکیان پێ نیه و کاری بۆ ناکه‌ن و به‌ردی بناغه‌ی بۆ داناڕێژن.
+ له هه‌رێمی کوردستانی داگیرکراوی ده‌ستی بنه‌ماڵه بیر له سکاڵا کردن ناکه‌نه‌وه له دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ی له دژی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی ئێراق که تا ئێستاش هه‌وڵی له ناو بردنی کورد ئه‌ده‌ن یان سکالایه‌ك له وولاتانی دراوسێ بکه‌ن که دێهاته‌کانی کوردستان وێران ئه‌که‌ن، که‌چی سکاڵا له ڕۆژنامه و ڕۆژنامه‌نوسی ئازاد ئه‌که‌ن که باس له گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆر و ڕه‌فتاره ناشرینه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌گرن.
+ له‌وه ئه‌چێت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بیر له‌وه بکه‌نه‌وه، له‌م بارودۆخه‌ی ئێستا دا قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان باشتر به‌سه‌ر کوردستاندا بڕوات، وه‌ك له‌وه‌ی کوردستانێکی ئازاد هه‌بێت، به بۆچونی ئه‌وان، له‌وانه‌یه له کاتی سه‌ربه‌خۆییدا ئه‌م ده‌سه‌ڵات و سامانه زۆره‌یان نه‌بێت، به‌ر به‌زه‌یی دادگای میلله‌ت بکه‌ون.
+ له‌وه ئه‌چێت ئه‌و جۆره ئازاییه‌یان تێدا نه‌بێت به‌رامبه‌ر به ووڵاتانی داگیرکارانی دراوسێ بوه‌ستنه‌وه و به‌ڕه‌نگاری بیری شۆڤینی ببنه‌وه، بۆچی بۆ ئه‌وان ڕه‌وایه بۆ چه‌ند سه‌دهه‌زار تورکێکی گه‌ڕۆك له قوبرس ده‌وڵه‌تی سه‌ربه خۆ دروست بکرێت ؟ به‌ڵام بۆ میلله‌تێکی 45 ملیۆنی ئه‌و مافه نه‌بێت .
ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه له داوی باشوری سودانه‌وه، بیر له ڕیفراندۆمێك له کوردستان بکرێته‌وه و میلله‌ت بڕیاری چاره‌نوس بدات ؟ نه‌ك بنه‌ماڵه یاری به چاره‌نوسی کورد بکات. ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ته‌نها بیر له پله‌وپایه و ده‌سه‌ڵات نه‌کرێته‌وه ؟ هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه بنرێت و بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن وچاوبه‌ستی میلله‌ت باس له مافی چاره‌نوس نه‌کرێت به‌ڵکو به هه‌ند وه‌ربگیرێت و هه‌وڵی بۆ بدرێت . ده‌با ئه‌مجاره‌ش مێژوو وه‌ك ڕابردوو باس له سه‌رکرده‌کان نه‌کات وه‌ك چۆن باس له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیماره‌ته کورده‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئوسمانی و سه‌فه‌وی ئه‌کرێت.
ده‌با دوای سودان بیرێکیش له هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه. . . . . .
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
