زۆر باسی قه‌سابخانه‌كه‌ی پارتی ناكه‌م له سلێمانی! ده‌مه‌وێت زۆر خێرا و كه‌مێك به‌و مێژووه كوورته پڕله مه‌رگه‌ساته‌ی ئه‌و شاره‌دا بچمه‌خواره‌وه، كه هه‌رده‌م له هه‌موو لایه‌كه‌وه و له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا چ له‌لایه‌ن بێگانه‌وه و چ له‌لایه‌ن خودی كورد خۆیه‌وه غه‌درێكی زۆری لێكراوه!.
بیرتان ده‌خه‌مه‌وه: سلێمانی به‌و مێژووه كه‌مه‌یه‌وه، هه‌رده‌م پێشه‌نگ بووه، زۆرجار گووتوومه هه‌موو كورد ئێستا كۆببێته‌وه تاكه دێڕێكی وه‌ك (له ناكه‌س كارییا خاكم به‌سه‌ر..)ی مه‌حویی سلێمانیی بۆ ناگووترێت!، هه‌موو سیناریۆنووس و شانۆكارانی كورد كۆببنه‌وه، نه ده‌توانن شانۆیی چه‌خماخه بنووسن، نه ده‌شتوانن وه‌ك ئه‌و ده‌سته شانۆكاره‌ی سلێمانی نماییشی بكه‌ن!..باسی چیی بكه‌م! باسی كورد و كوردستانه‌كه‌ی ئه‌مین زه‌كی به‌گی سلێمانی بكه‌م، باسی مێژووی سلێمانی بكه‌م له رۆژنامه‌گه‌ری و نووسین و هونه‌ردا! باسی پیره‌مێرد و هه‌موو ئه‌و سه‌ربازه ونانه‌ی بیری كوردبوون و خزمه‌تی زۆری هه‌ر بوارێكی تری كورده‌واریی بكه‌م! له‌بن نایه و ته‌واو نابێت!..له‌خۆڕا نییه سلێمانی به‌و مێژووه كه‌مه‌یه‌وه به‌درێژایی مێژووی له هه‌موو لایه‌كدا چاوی له‌سه‌ربێت، له‌خۆڕا نه‌بوو، ئینگلیزه‌كان شاری سلێمانییان به‌نوێترین بۆمبای ئه‌وكاته بۆمبارانكرد و شارێكی تری كوردستان ئه‌و بۆمبابارانه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی، ئه‌دی سلێمانی ئه‌وكاتیش مه‌كۆی سه‌ربه‌خۆییبوون و رووناكبیرانی وه‌ك ره‌فیق حیلمی و جه‌مال عیرفان بوو..ئه‌وكاتیش وتی نا!..
باسی شه‌شی ره‌شی ئه‌یلوول بكه‌م، یان مه‌رگه‌ساتی نۆی حوزه‌یرانی شه‌ستوسێ! یان باسی ئه‌و هه‌زاران شه‌وه تاریكانه‌ی سه‌رده‌می به‌عس بكه‌م، كه به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تیی ئه‌و شاره‌وه پشیله‌شی به‌ده‌ره‌وه نه‌بوو!، كه‌چی هه‌ر شارێكی تری باشوور، تاڕاده‌یه‌ك ژیانی شه‌وی به‌خۆیه‌وه ده‌بینی و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بوو!..
باسی ئه‌وه‌ی بكه‌م كه زۆرینه‌ی شه‌هیده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی (رزگاریخواز)ی كوردستان به‌وانه‌ی پارتیشه‌وه! له سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدایه!، ئه‌دی خودی پارتیش له سلێمانی دانه‌مه‌زرا!.یان باسی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی بكه‌م كه له شه‌ڕی ناوخۆدا كوژران!..باسی ژماره‌ی ئه‌نفاله‌كان بكه‌م كه چه‌ندی له سلێمانیدا روویداوه! یان باسی بۆمبای كیمیاویی بكه‌م كه چه‌ندی پێداكێشراوه!..
باسی پایته‌ختی لێكه‌وتووی پادشانشینی كوردستان بكه‌م، باسی ئه‌وه‌ی بكه‌م كه له سه‌رده‌می به‌عسدا جوانترین و خاوێنترین شاری نه‌ك كوردستان، ئێڕاقیش بوو! كه‌چی ئێستا بووه‌ته زبڵخانه‌یه‌كی گه‌وره!..
باسی زانكۆ گوازراوه‌كه‌ی بكه‌م، كه خودی كوردیش به‌شداربوو له تاوانی گواستنه‌وه‌یدا! یان باسی پشكی شێری چه‌وساندنه‌وه و ئاسن و خوێنی داگیركه‌ره یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی بكه‌م...
شاره‌كه‌م زۆر باسی هه‌یه، زۆر مه‌غدووره و زۆر فه‌رامۆشكراوه..ئێستاش له‌م مه‌رگه‌ساته‌یدا هه‌رلایه‌ك ده‌یه‌وێت بۆخۆی و بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسیی پارچه گۆشتێكی تری لێبكاته‌وه..
كه‌سیان گوێ له (نا)ی سلێمانی ناگرن و ترسی مه‌رگه‌ساتی گه‌وره‌ترم هه‌یه!..
ده‌بێت هۆی ئه‌وه چی بێت كه چاره‌نووسی ئه‌م شاره هه‌رده‌م مه‌رگه‌سات بێت، ئه‌ی ده‌بێت هۆی ئه‌وه چی بێت كه له به‌ختی شاری شاره‌زووردا، (چه‌كدارانێكی له رۆمی خراپتر)! ئه‌وه‌نده شووم بن له منداڵیش بده‌ن زه‌ره‌ر!..
22-02-2011
لاهای - هۆڵندا
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
