شیعرێك، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان بڵند و موژدین ئاشكرا ده‌كات ... راپۆرتی: زانا دڵشاد دزه‌یی

پێشتر كه‌س به‌ خۆشه‌ویستی نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵڵا و موژدین ساڵحی نه‌زانیووه‌، ته‌نیا شیعرێكی رێدار سابیر به‌سه‌ بۆ ئاشكرابوونی په‌یوه‌ندی سۆزداریان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێشتا رێداری شاعیر له‌ حه‌قی شیعره‌كه‌ی خۆی خۆش نه‌بووه‌ و به‌نیازه‌ له‌ دادگا داوایه‌كی یاسایی له‌ دژی بڵند و موژدین تۆمار بكات و ده‌پرسی "چۆن ده‌بی بڵند شیعرێكی من ببات و به‌ ناوی خۆی بیكاته‌ دیاری و پێشكه‌شی موژدین بكات؟".

ژنه‌ گۆرانیبێژ موژدین ساڵح، له‌ شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌ و ئێستا له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌ و دایكی كوڕێكه‌، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌ره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبووك، كلیپێكی نیمچه‌رووتی خۆی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بووه‌ هۆی سه‌رنڕاكێشانی خه‌ڵك و جێی باسی میدیای كوردی، ته‌نانه‌ت له‌ میدیای توركی و عه‌ره‌بیش قسه‌ی له‌سه‌ر كرا، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، "ژنه‌ گۆرانیبێژێكی كورد بۆئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو مێژوو، خۆی رووتده‌كاته‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ره‌خنه‌ و ده‌ستخۆشیانه‌ی بۆ كلیپه‌كه‌ی موژدین دروستبوو، ئێستا هه‌مان كلیپ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا كرد، ئه‌ویش هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستییه‌ له‌ نێوان بڵند و موژدین.

له‌ تایتلی گۆرانییه‌كه‌ی موژدین نوسراوه‌ "تێكست و میلۆدی گۆرانییه‌كه‌ هی بڵند عه‌بدوڵڵایه‌". به‌ڵام ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی نیگه‌رانی لای رێدار سابیری شاعیر، رێدار سابیر له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ده‌ڵێت "تێكسته‌كه‌ هی منه‌، نه‌ك بڵند، ده‌بی بزانم ئه‌وه‌ چۆن روویداوه‌؟". به‌ڵام بڵند عه‌بدوڵڵا له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ (سڤیل) له‌ باره‌ی ئه‌و كێشه‌وه‌ ده‌ڵێت "موژدین داوای خۆشه‌ویستی لێمكرد و ره‌فزم كرده‌وه‌، بۆیه‌ موژدین هه‌وڵیدا تۆڵه‌م لی بكاته‌وه‌ و كێشه‌م بۆ دروست بكات، هه‌ڵسا ئه‌و شیعره‌ی رێدار سابیر له‌ كلیپه‌كه‌ی خۆیدا به‌ناوی منه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌". له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ موژدین له‌ په‌یوه‌ندیه‌كیدا له‌گه‌ڵ (سڤیل) نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ هه‌ستی سۆزداری بۆ بڵند هه‌بووه‌ و ده‌ڵێت "راسته‌ 9 مانگ بڵندم به‌راستی خۆشویست، حاله‌تی ده‌روونیم تێكچوو، به‌ڵام ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و شیعره‌ نییه‌، بڕوا بكه‌ن ئێستا بزانم ئه‌و شیعره‌ هی رێدار سابیره‌، چونكه‌ بڵند لای من وتی خۆم ئه‌و شیعره‌م نوسیووه‌، منیش به‌ پاره‌ شیعر و ئاوازه‌كه‌م لی كڕیووه‌".

بڵند عه‌بدوڵڵا له‌ باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ چۆن ئه‌و شیعره‌ی رێدار سابیری پێگه‌یشتووه‌، ده‌ڵێت "ساڵی 2005 رێدار سابیر كۆمه‌ڵێك له‌ شیعره‌كانی خۆی به‌ كاغه‌ز به‌ ده‌ستنووسی خۆی بۆ ناردم، كه‌ ئێستاش ماومه‌، تێیدا نوسیوویه‌تی (خۆشحاڵ ده‌بم ئه‌گه‌ر یه‌كێك یان كۆمه‌ڵێك هۆنراوه‌كانم هه‌ڵبژێری و بیانكه‌ی به‌ گۆرانی.. ) منیش ته‌نیا تێكستی (پاداشت) ـم لی هه‌ڵبژارد و ئاوازم بۆ دانا و كردم به‌ گۆرانی بۆ خۆم، دواتر موژدین گوێی له‌و گۆرانییه‌ی من بوو، داوایكرد ئه‌و گۆرانییه‌ی بده‌می، منیش وه‌ك دیاری ئه‌و گۆرانییه‌م پێشكه‌شكرد، كه‌ ئێستا كلیپی بۆ كردووه‌، پێم گوت، ئاوازه‌كه‌ی هی منه‌، به‌ڵام تێكسته‌كه‌ی هی كوڕێكی تازه‌ پێگه‌یشتووی شاری هه‌ولێره‌، ئه‌وكاته‌ رێدار ناوی ده‌رنه‌كردبوو، بۆیه‌ نه‌ده‌بوو رێدار به‌بی ئه‌وه‌ی له‌مه‌سه‌له‌كه‌ تێ بگات، شت له‌سه‌ر بڵاوبكاته‌وه‌". به‌ڵام رێدار سابیر ئه‌و قسه‌یه‌ی بڵند عه‌بدوڵڵا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و گوتی "له‌ هه‌موو ژیانم داوام له‌ یه‌ك گۆرانیبێژ نه‌كردووه‌ شیعری من بكاته‌ گۆرانی، پاشان بۆچی به‌ ده‌ستنووس شیعری بۆ بنێرم، خۆ ئه‌و شیعره‌م له‌ كتێبه‌ شیعریه‌كه‌مدا هه‌یه‌، كه‌ له‌ 2006 چاپم كردووه‌، به‌ ناوی (رامان له‌حیكمه‌ت شیعر)، راستی ئه‌و شته‌ی كه‌ بڵند باسی ده‌كات، جورئه‌تی ده‌وێت". رێدار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌و له‌ حه‌قی خۆی خۆش نابێت و له‌ دادگا داوایه‌كی یاسایی له‌ دژی بڵند و موژدین تۆمار ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌رووی یاساییه‌وه‌ نه‌كرا له‌ دژی هه‌ردووكیان تۆماری بكات، ئه‌وكاته‌ ته‌نیا له‌ دژی بڵند تۆماری ده‌كات، وه‌ك ده‌ڵێت "له‌به‌رئه‌وه‌ی پێم وایه‌ بڵند خه‌تاباره‌، چونكه‌ من پێشتر له‌رێگه‌ی كاك بۆتانی برای ئاگادارم كردبۆوه‌، پاشان موژدین هیچ مه‌سله‌حه‌تێكی له‌وه‌دا نییه‌ تێكستی من به‌ ناوی بڵند بڵاوبكاته‌وه‌".

بڵند عه‌بدوڵڵا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ موژدین وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌ نێوان ئه‌و و رێدار سابیر دروستكردووه‌، ده‌ڵێت "دوای هه‌موو شتێك موژدین كه‌وته‌ حاله‌تێكی سۆزداری بۆ من، كه‌ من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵم نه‌بوو، گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ ته‌له‌فۆن و نامه‌ و ئیمێل بێزاریكردم، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌فزی خۆشه‌ویستی ئه‌وم كرد، هه‌ڵسا وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ كلیپه‌كه‌یدا ناوی منی له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ی رێدار سابیر نووسی، ویستی كێشه‌م بۆ دروست بكات".

موژدین له‌ قسه‌كانیدا بۆ (سڤیل) ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ بڵندی خۆشویستووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت "سوێند به‌ عیشق و به‌ كوڕه‌كه‌م ده‌خۆم، بڵند لای من نه‌یوت ئه‌و شیعره‌ هی رێدار سابیره‌، هه‌تا من وتم حه‌زده‌كه‌م هه‌ندی وشه‌ی دیكه‌ خۆم له‌ شیعره‌كه‌دا زیادی ده‌كه‌م، وتی من تێكستنووس نیم و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم، پاشان به‌ دیاری شیعر و ئاوازه‌كه‌م لی وه‌رنه‌گرتووه‌، من پاره‌م داوه‌تی". موژدین به‌ پێویستی ده‌زانی داوای لێبوردن له‌ رێدار سابیر بكات و ده‌ڵێت "من داوای لێبوردن له‌ كاك رێدار ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بمزانیبایه‌ وشه‌كان هی ئه‌وه‌ پرسم پێده‌كرد، له‌ باره‌ی هه‌ستی سۆزداری بۆ بڵند، موژدین به‌مشێوه‌یه‌ باس له‌ چۆنییه‌تی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ بڵند ده‌كات، وتی "من له‌خۆمه‌وه‌ خۆشم نه‌ویست، بڕوا بكه‌ن ئه‌و وایكرد هه‌ستی سۆزداریم بۆی بچێت، چونكه‌ زۆر نه‌رم و نیان بوو له‌گه‌ڵم، هه‌ڵسوكه‌وتێكی زۆر تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، له‌به‌رئه‌وه‌ی داواكارییه‌كی ئه‌وم شكاند، لێم توڕه‌ بوو، موحاره‌به‌ی نه‌فسی ده‌كردم و زۆر ئازاری دام، باری ده‌رونیم تێكچوو، 9 مانگ له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی بڵند، له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌وتم". موژدین باسی له‌وه‌شكرد، "پێشئه‌وه‌ی من بڵندم خۆش بوێت، ئه‌و داوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی لێم كرد، ئه‌وكاته‌ شه‌رمم ده‌كرد له‌گه‌ڵی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك كه‌ زانی هه‌ستی سۆزداریم بۆ دروست بووه‌ و خۆشم ده‌وێت، ئینجا تۆڵه‌ی خۆی لێم كرده‌وه‌ و باری ده‌روونی تێكدام، به‌ڵام من قه‌ت نه‌مویستووه‌ و نامه‌وێت تۆڵه‌ له‌و بكه‌مه‌وه‌، بڕوا بكه‌ن ئه‌گه‌ر له‌ ژیانمدا تۆڵه‌ بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وا بڵند ئاخیر كه‌سه‌ تۆڵه‌ی لێ بكه‌مه‌وه‌، له‌جیاتی من سڵاوی منی پێ رابگه‌یه‌نن".

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل

zanadzey@yahoo. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.