هونه‌رمه‌ند كانی له شارۆچكه‌ی "به‌رزنجه" له دایكبووه و له ته‌مه‌نی 3 ساڵی هاتۆته سلێمانی، په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان به‌شی موزیكی له سلێمانی ته‌واو كردووه، له 2003 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن كارزان مه‌حمود ژیانی هاوسه‌ریان پێكهێنا و ئێستا له وڵاتی سوید نیشته‌جێن و دوو هه‌فته‌ی رابردوو یه‌كه‌م منداڵیان له دایكبوو "كوڕ"ـه، جگه له كاری هونه‌ری، ئێستا سه‌رقاڵی خوێندنی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه له بواری گۆرانی وتن، له زانكۆی پاشای ستۆكهۆلم، كانی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك له‌سه‌ر لایه‌نی هونه‌ری خۆی ده‌داته‌وه.
سڤیل: ده‌زانم له چالاكی قوتابخانه‌كان و خوێندنگه‌كه‌ی خۆت گۆرانیت وتووه، به‌ڵام یه‌كه‌م به‌رهه‌مت به ناوی چی بوو؟
كانی: یه‌كه‌م به‌رهه‌مم به ناوی "سوره گوڵ" بوو، له‌گه‌ڵ گروپی گه‌ڕیان، له‌ئاوازی فۆلكلۆر و موزیكی كارزان مه‌حمود تۆمارم كرد، كه پێشتریش هونه‌رمه‌ند ماملی ئه‌و گۆرانیه‌ی وتووه.
سڤیل: موزیكی فارسی و كوردی تاچه‌ند مه‌ودای تێكه‌ڵكردنیان هه‌یه، هه‌روه‌ها موزیكی فارسی تاچه‌ند كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر موزیكی كوردی؟
كانی: موزیكی میلله‌تانێك كه دراوسی بن بێگومان زۆر به ئاسانی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌بێت، زۆر به ئاسانیش ده‌توانی ئه‌و موزیكانه تێكه‌ڵاو بكه‌ی، به‌ڵام چۆن موزیكی كوردی كاریگه‌ری موزیكی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی به‌سه‌ره‌وه هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه موزیكی عه‌ره‌بی و فارسی و توركیش كاریگه‌ری موزیكی كوردیان به‌سه‌ره‌وه هه‌یه، زۆر به ئاشكراش دیاره، با ئێمه له ده‌وڵه‌مه‌ندی مۆسیقای كوردی كه‌م نه‌كه‌ینه‌وه، وافێربوون دائیمه‌ن بڵێین مۆسیقای فارسی یارمه‌تی مۆسیقای كوردی داوه، یان مۆسیقای عه‌ره‌بی یارمه‌تی مۆسیقای كوردی ده‌دات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌كه‌شی ته‌واوه.
سڤیل: شاره‌زایانی موزیك پێیان وایه تۆ له گۆرانییه‌كانت ئه‌دایه‌كی زۆر فارسی پێشكه‌ش ده‌كه‌ی؟
كانی: ئه‌و شاره‌زایانه‌ی كه تۆ باسی ده‌كه‌ی من نازانم ئه‌و له چ روویه‌كه‌وه ده‌ڵێن ئه‌دای گۆرانییه‌كانم زۆر فارسییه، من ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێمده‌ڵی هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له ده‌مم دێته ده‌ره‌وه، هه‌رچه‌نده خه‌ڵكیش ئازاده له بیروبۆچوونی و چۆن تێگه‌یشتووه، به‌ڵام من دڵنیام ئه‌دای من زۆر فارسی نییه.
سڤیل: پێتوایه ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر تێكستی نوی بكه‌ی، ده‌توانی له‌و ئه‌دایه ده‌ربچی، كه شاره‌زایان پێیان وایه فارسییه؟
كانی: راسته تێكست كاریگه‌ری زۆره له دروستكردن و شێوازی ئه‌دا كردن، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ده‌توانی یه‌ك پیتی "ا" به عه‌ره‌بی بیڵێت و به فارسی و توركی و به كوردیش بیڵێ، تێسكت كاریگه‌ری هه‌یه، به‌ڵام من وه‌ك وه‌ڵامم دایه‌وه پێم وانییه فارسیانه گۆرانییه‌كانم ئه‌دا كردبێت، باوه‌ڕیش ناكه‌م ئه‌وه‌ی له موزیك شاره‌زا بێت پێی وابێت فارسیانه ئه‌دا ده‌كه‌م.
سڤیل: واتا له‌سه‌ر ئه‌و ستایله و تێكستانه به‌رده‌وام ده‌بی؟
كانی: بێگومان به‌رده‌وام ده‌بم، له‌به‌رئه‌وه‌ی گوێگرانم له‌و ستایله‌وه منیان ناسیووه، به‌ڵام هه‌میشه په‌ره به كاره‌كانیشم ده‌ده‌م و حه‌زیشم له گۆڕانكاری هه‌یه.
سڤیل: ده‌كرێ ده‌نگێكی نوێ خاوه‌ن هونه‌رێكی ره‌سه‌ن بێت؟
كانی: هه‌موو كه‌سێك كه كار ده‌كات ده‌بی بیر له‌وه بكاته‌وه كاره‌كه‌ی تاچه‌ند ره‌سه‌نایه‌تی پێوه‌یه، ره‌سه‌نایه‌تیش په‌یوه‌ندی به ده‌نگی كۆن و نوی نییه، ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كه به دڵسۆزی كاره‌كان بكات، بێئه‌وه‌ی هه‌ست بكات كاره‌كه ده‌چێته قاڵبی ره‌سه‌نایه‌تی.
سڤیل: تۆ ده‌ڵێی "ئه‌گه‌ر خه‌ڵك گۆرانییه‌كانی منیان پێ خۆش نه‌بوایه، كاری گۆرانیم نه‌ده‌كرده‌وه، باشه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك حه‌زیان له گۆرانییه‌كانت نه‌بوایه چ كارێكی دیكه‌ت ده‌كرد؟
كانی: پێم وایه كارم له‌ناو باخ و گوڵ ده‌كرد.
سڤیل: تۆ له‌كلیپه‌كانت زۆر كوردیانه ده‌رده‌كه‌وی، حه‌ز ده‌كه‌ی له لادی بژی و مه‌ڕوماڵات و په‌ره‌وه‌ر به‌خێو بكه‌ی؟
كانی: پێم خۆشه ئه‌گه‌ر بۆ ساتێكیش بێت ئه‌و ژیانه ببینم، چونكه له‌وێدا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ساده‌ییه‌كانی ژیانی.
سڤیل: له‌ناو خانه‌واده‌كه‌تان ته‌نیا تۆ هونه‌رمه‌ندی؟
كانی: ته‌نیا من هونه‌رمه‌ند نه‌بووم، به‌ڵام ته‌نیا من تائێستا به‌رده‌وام بووم و ئه‌وان دی به‌رده‌وام نه‌بوون، به‌تایبه‌ت له بواری شانۆدا.
سڤیل: وابزانم تۆش قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی به‌شداری شانۆگه‌ریت كردووه، توانای نواندنت چۆنه؟
كانی: وایه، له منداڵی به‌شداری شانۆگه‌ریم كردووه، به‌ڵام له‌وكاته‌وه جارێكی دی دیسان تاقیم نه‌كردۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه نازانم توانای نواندنم چه‌نده.
سڤیل: ناوی راسته‌قینه‌ت "كانی"یه؟
كانی: راسته ناوی "كانی" ناوه فه‌رمییه‌كه‌ی من نییه، به‌ڵام ناوی "كانی" ناوێك نییه بۆئه‌وه دروستم كردبێت تاوه‌كو ناوه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆم بشارمه‌وه، به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تایی له‌دایكبوونمه‌وه به دوو ناوه گه‌وره بووم، له‌خوێندنگا و شوێنه ره‌سمییه‌كان ناوم "شه‌مێران"ـه، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه هه‌ر به"كانی" بانگیان كردووم، بۆیه "كانی"ـم به‌ناوێكی هونه‌ریانه‌تر زانی، پێم باشبوو به‌كاری بێنم بۆ ناوی هونه‌ریم.
سڤیل: نیازت هه‌یه بگه‌ڕێیه‌وه له كوردستان بژی؟
كانی: هه‌میشه بیرله‌وه ده‌كه‌ینه‌وه رۆژێك له‌رۆژان بگه‌ڕینه‌وه كوردستان بژین، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌ین زۆر شت ماوه پێویسته لێره ته‌واویان بكه‌ین، ئینجا بگه‌ڕێینه‌وه.
سڤیل: چین ئه‌و شتانه؟
كانی: پێش هه‌موو شتێك خوێندن.
سڤیل: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیه‌وه كوردستان، كام شار هه‌ڵده‌بژێری؟
كانی: بێگومان من له شاری سلێمانی گه‌وره‌بووم، حه‌زیش ده‌كه‌م له شاری سلێمانی بژیم.
سڤیل: جوانترین یادگاریت چییه؟
كانی: یادگارییه جوانه‌كان زۆرن، به‌ڵام یه‌كێك له جوانترین یادگارییه‌كانم ئه‌وه‌بوو دوای 5 ساڵ دووریی له كوردستان، كه گه‌ڕامه‌وه له په‌نجه‌ره‌ی سه‌یاره‌كه‌مه‌وه به شه‌و سلێمانیم بینی.
سڤیل: حه‌زده‌كه‌ی پۆستێكی حكومی وه‌ربگری و یان ببی به وه‌زیری رۆشنبیری؟
كانی: كاتێك ده‌ستم كردووه به خوێندن یان كاری هونه‌ری، یان بۆ بڕوانامه‌ك خوێندم، هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌كردۆته‌وه بۆ پله و پایه بخوێنم یان بۆ پۆستێك كاری هونه‌ری بكه‌م، ئه‌گه‌ر رۆژێك له‌رۆژان هه‌ر پۆستێك بێته‌پێشه‌وه‌م قه‌د باوه‌ڕناكه‌م قبووڵی بكه‌م، چونكه ئه‌وه‌ی كه من ده‌یكه‌م بڕوانامه‌یه‌ك نییه بۆ بوون به وه‌زیر، به‌ڵكو خوێندنه له بواری گۆرانی وتن، بۆئه‌وه‌ی ببم به گۆرانیبێژێكی باش، نه‌ك وه‌زیری رۆشنبیری.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
