پێوتسته‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌رنامه‌و کارو ئامانجی حیزبه‌کان هه‌ڵبژێرێ، نه‌ك ڕه‌نگ ولۆگۆ و په‌رۆ.. !!! ... محه‌مه‌د بێبه‌ش - سوید

 کلتورو فه‌رهه‌نگی سیاسی له‌کوردستان له‌لای هه‌ندێ پارتدا له‌ بازنه‌یه‌کی داخراودا چه‌قی به‌ستوه‌و وه‌ك هه‌مووان ده‌بینین، بوێری و زاتی ئه‌وه‌یان نیه‌ هه‌نگاوی دروست بنێن بۆ فاکته‌ره‌کانی ڕیفۆرمی سیاسی وپراکتیکی له‌ ناو خودی پاره‌ته‌که‌یاندا، مه‌به‌ستمان له‌ خۆنوێکردنه‌وه‌یه‌، له‌ بوارای گۆڕانکاری قۆناغه‌کاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ پرۆگرام و به‌رنامه‌ی هه‌موو پارته‌کاندا به‌ندێکی گرنگ ده‌بینی که‌ نوسراوه‌ به‌ستنی کۆنگره‌ وپلنییۆم کات وساتی بۆدیاری ده‌کرێت، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ ئه‌وان باش له‌ مه‌به‌سته‌کانی به‌ستنی کۆنگره‌ تێده‌گه‌ن، به‌لام به‌ستنی کۆنگره‌ لای هه‌ندێ حزبی کوردی، ته‌نها دوباره‌ کردنه‌وه‌ و یادکردنه‌وه‌ی مێژووه و بازدانه‌ به‌سه‌ر هه‌مووخاسته‌کانی کۆنگره‌و لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و فکری و‌ ئالوگۆڕه‌کانی توانای کادێران و خه‌فه‌کردنی عه‌قڵی نوێ، ته‌نانه‌ت به‌ستنی کۆنگره‌کان وه‌ک ئاهه‌نگێك به‌ڕێ ده‌کرێن، خه‌باتێکی دورودرێژی سه‌رکرده‌ی مه‌زن وپێداهه‌ڵدان وچه‌پڵه‌و به‌رۆمانسی کردنی هۆڵه‌که‌ به‌شانامه‌ وئه‌ده‌ب وهونه‌ر، گومان له‌وه‌ دانیه‌ وروژاندنی فاکه‌ره‌کانی ڕیفۆرمی سیاسی له‌سیسته‌می هه‌ندێ له‌ پاره‌ته‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی جدی ببێته‌ باسی کۆنگره‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیکی تێرو ته‌سه‌ل له‌سه‌ر ڕابردوی ئۆرگانه‌کانی حزبه‌که‌ بکری، ئه‌وابێگومان کۆمه‌ڵێ پێکدادانی، فکری، لێده‌که‌وێته‌وه‌وبه‌شوازێك ئاراسته‌ده‌کرێن جیابونه‌وه‌و ئینشقاق دروست ده‌بێت، دیاره‌ ته‌نگێژه‌ ی سیاسی کلاسیکی کوردی له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ وهۆکاره‌کانیشی زیاتر له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێن

هۆکاره‌کان... !!  

1/به‌هۆی گرنگی دان به‌ چه‌ندایه‌تی نه‌ك چۆنایه‌تی، 2/نه‌بونی کلتوری دیموکراسی 3/ته‌که‌تولاتی به‌رژه‌وه‌ندی 4/کلتوری میراتی سیاسی5/فره‌ ده‌سه‌لاتی ڕه‌های سه‌رۆکی حزب6/نه‌بونی کۆرو سیمیناری ئازاد بۆ کادێران 7//کلتوری سۆفی گه‌ری حزبی 8/پاوه‌نکردنی ڕاگه‌یاندنی حزب له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تیه‌وه‌9/سه‌پاندنی فکری سیاسی بۆ ئامڕازه‌کان، 10/ته‌قدیسکردنی لۆگ وناوو ـمێژوی حزبی نه‌ك فکروئیدیاو ستراتیژ، 11/ نه‌بونی ده‌ستوورویاسا له‌پرۆگرامه‌کاندا بۆ لابردن یان وازهێنانی سه‌رۆکی حزب، ئه‌مانه‌و گه‌لێ هۆکاری تری لاوه‌کی وایکردوه‌ که‌ نه‌توانرێ هیچ گۆڕنکاریه‌کی به‌رچاو له‌ ناو ئۆرگان وپه‌یکه‌رو سیاسه‌تی حیزبه‌کاندا ڕوبدات، به‌تایبه‌تی خاڵی یه‌که‌م ئێستا له‌ جیهانداسیاسه‌تی زۆرو بۆر باوی نه‌ماوه‌، به‌هۆی پێشکه‌وتنی زانسته‌ ئه‌لکترۆنیه‌کان، تاکه‌ مرۆڤێك ده‌توانێ ئۆرگانێکی سه‌ربه‌خۆ بێت و زۆرترین ده‌نگ بۆ بابه‌تێك کۆبکاته‌وه‌، گه‌وره‌ترین شارو شه‌قام بجوڵێنێ، بۆ نمونه‌ له‌مانگی سێپتیمبه‌ر (9) له‌ ستۆکهۆلم تاکه‌ که‌سێك دژ به‌گرانی پاره‌ی بلیتی هاتوچۆی ناوشار توانی به‌هۆی تۆڕی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا زیاتر له‌ 400. 000 هه‌زار ده‌نگی ناڕه‌زای کۆبکاته‌وه‌، یان مانگانه‌ ده‌بیستین لێره‌و له‌وێ تازه‌ترین حزب که‌ ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانیان ناگاته‌ 200 که‌س گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست دێنن. چونکه‌ ئێستا له‌ ته‌وای دنیا دا خه‌ڵك به‌دوای ناوی حیزبدا ناگه‌ڕێ، به‌ڵکو ده‌ڕوانێته به‌رنامه‌و گوتارو کرداروباشترین ئه‌لته‌رناتیڤ که‌ له‌گه‌ڵ خواسته‌کانی ئه‌و یه‌کبگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی ئێمه‌ دا کرین وفرۆشتن به‌جێگه‌و پێگه‌ی حزبی ده‌کرێت وعه‌قڵ و سۆزی که‌سایه‌تی وخێڵه‌کی بڕیار ده‌دات، نه‌ك بیر کردنه‌وه‌ی تاکه‌کان وهه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رنامه‌کان. چونکه‌ حزب کۆمپانیایه‌ نه‌ک فه‌لسه‌فه‌ وئیدیاوئامانج و لۆژیك ومه‌نتق وچمکه‌کانی ریفۆریزم وپێشکه‌وتن وداهێنان ونوێبونه‌وه‌وتوێژینه‌وه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیه‌. به‌بروای من کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ کورد پایه‌کانی دیموکراسی له‌ ڕووی فکری سیاسیه‌وه‌ به‌هێزکه‌ین، چونکه‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ سیاسیه‌ کلاسیکه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو مێژوه‌ دۆڕاوه‌کانی دوێنێ وزوقم وبه‌سته‌ڵه‌کی عه‌قڵی ئه‌مڕۆیه‌، بێگومان شکاندنی ئه‌وبه‌سته‌ڵه‌که‌ عه‌قڵیه‌ کات و زه‌مه‌نی بێکادێر وبێهه‌ڵوێست وبێخۆبه‌خش ناتوانێ بیشکێنێ. هه‌ر بۆیه‌ ده‌کرێ له‌مه‌و دوا خه‌ڵکی کوردستان به‌رنامه‌و کارو ئامانجی حیزبه‌کان هه‌ڵبژێرێ، نه‌ك که‌سایه‌تی وڕه‌نگ و لۆگۆو په‌رۆ. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان تێروانینێکی جدی نه‌بێ له‌ ئاینده‌و پێگه‌ی سیاسی ووڵاته‌که‌مان، ئه‌وا ناتوانرێت باس له‌هیچ فاکته‌رێکی جاکسازی بکه‌ین، چونکه‌ تۆڕی مۆته‌که‌ی حیزبایه‌تی زاڵه‌ به‌سه‌رهه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ئابووری وئیداری و زانستی وکۆمه‌لایه‌تی وسیاسی و په‌روه‌ده‌یی و جگه‌ له‌مه‌ش ناتوانرێ هیچ به‌رهه‌مێکی چاره‌نوسساز بۆ خه‌ڵکی کوردستان و نیشتمانه‌که‌مان به‌ده‌ست بهێنین. که‌واته‌ ئاینده‌و چاره‌نوسی ووڵاته‌که‌مان و هه‌موو فاکته‌ره‌ خوازراوه‌کان، له‌ده‌ست خه‌ڵکی کوردستانه‌ نه‌ك حزبه‌کان. خه‌ڵکی کوردستان گه‌ره‌ترین فیداکاری و خۆبه‌خشی کردوه‌، له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی ودیموکراسی وتوانیویه‌تی به‌مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی بگات له‌ ڕێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌، به‌مانایه‌کی تر سندوقی ده‌نگدان کلیلی چاره‌سه‌ری ته‌واوی کێشه‌و چاکسازیه‌کانه‌، خه‌ڵکی کوردستان ده‌تونێ هه‌موو هاوكێشه‌کانی سیاسی وئیداری وئابوری وته‌نانه‌ت ده‌ستورو یاساکانیش بگۆڕێ، بۆیه‌ زۆرگرنگه‌ تاکه‌کان خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی خۆیان بکه‌ن وله‌ کۆمه‌ڵگای بنه‌ماله‌و عه‌شیره‌تگه‌ری بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. تاکو خواستی تاکایه‌تی خۆیان به‌ده‌ست بخه‌ن. و ئازادی عه‌قڵی تاکایه‌تی خۆیان بپارێزن، ووجودوبونی خۆیان بسه‌لمێنن. چونه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ژیان واده‌خوازێ تۆ چۆن بونی خۆت ده‌سه‌لمێنی، دیاره‌ به‌بیرو ده‌نگ و کرده‌وه‌ی وڕه‌نگی جیاواز ده‌یسه‌لمێنی که‌ تۆش ووجودت هه‌یه‌، به‌ به‌کار نه‌هێنانی هه‌ر به‌شێك له‌مانه‌ مرۆڤ که‌سایه‌تی خۆی لاواز ده‌کات. هه‌ر بۆیه‌ که‌سایه‌تی مرۆڤ پیرۆزه‌و به‌ها مرۆیه‌کانیش له‌ده‌ست مرۆڤ خۆی دایه‌. که‌واته‌ مرۆڤ پێویسته‌ بون وبه‌های خۆی له‌گه‌ڵ بون وبه‌های به‌رانبه‌ر بخوێنێته‌وه‌ وببنی وڕه‌چاوی ئه‌رك و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی مرۆڤایه‌تی خۆی بکات، مه‌به‌ست لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ملیۆن مرۆڤ له‌ ئه‌رك وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان وه‌کو یه‌که‌، به‌لام به‌هۆی عه‌قڵی خێڵه‌کی وحیزبایه‌تی له‌ سه‌نته‌رێک یه‌کناگرنه‌وه‌و به‌هاو که‌سایه‌تی خۆیان پێشێل ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش کلتورو فه‌رهه‌نگێکی شێواوه‌ و دوره‌ له‌ زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ومافاکانی ئازادی تاك. هه‌ر بۆیه‌ هۆشیاری ئازادی تاك به‌ بنه‌مای کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتوو داده‌نرێ. پێم خۆشه‌ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ جارێکی تر بنوسمه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ کاتی خۆی له‌کوردوستانی نوێ بڵاوم کردۆته‌وه‌، له‌ 19/5/1992 که‌یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردن کرا له‌کوردستان، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کمدا له‌یه‌کیك له‌بنکه‌کانی هه‌لبژاردن له‌سه‌ر چنار له‌ ڕۆژنامه‌نوسێکی فه‌رنسیمان پرسی ئه‌م هه‌ڵبژاردن و سه‌ره‌تا دیموکراسیه‌ی ئێمه‌ چۆن ده‌بینی، فه‌ره‌نسیه‌که‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه‌ ووتی ئه‌وه‌ی لێره‌ له‌ گه‌له‌که‌ی تۆ ده‌یبینم پێچه‌وانه‌ی هه‌موو خه‌ڵکی دنیایه‌، ئێمه‌ش ئه‌م وه‌ڵامه‌مان زۆرلا سه‌یر بوو، ووتم بۆچی؟ ئه‌و شته‌ جیه‌ که‌ گه‌له‌که‌ی منی کردوه‌ به‌سه‌یر.. ؟؟ ووتی له‌هه‌موو جیهاندا حیزب ڕاده‌کات به‌دوای خه‌ڵکدا، به‌ڵام لێره‌ خه‌ڵک ڕاده‌کا به‌دوای حیزبدا. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌بوو مرۆڤی ئێمه‌ ووزه‌ی فکری خۆی بۆ سه‌لماندنی که‌سایه‌تی خۆی نیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، بیر له‌وه‌ ناکاته‌وه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و ده‌نگه‌ی ئه‌و سبه‌ینێ کێ ده‌کاته‌ زوحاك و کێ ده‌کاته‌ پێشره‌و جوامێر هه‌ر بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ له‌مه‌ودوا به‌سه‌ باچیتر نه‌بینه‌ نوکته‌ بۆ ڕۆژنامه‌کانی جیهان بابه‌رنامه‌و کارو ئامانجی حیزبه‌کان هه‌ڵبژێرین نه‌ك.. ڕه‌نگ و.. لۆگۆ و... په‌رۆ

   

Bebesh_62@hotmail. se

   

.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.