درۆی شاخدار لەلایەن پەرلەمانتارێکی (گوایە) کورد لە پەرلەمانی سوید ... گۆمەیی

دوێنێ شەو هەروەک ئاسایی، لەگەشتی رۆژانەمدا بۆ خوێندنەوە، ناونیشانێکی سەرنجکێشم لە ماڵپەڕی ئاوێنەی ڕۆژی ١٨/ ٣/ ٢٠١١ بەرچاوکەوت دەڵێت: (لەسه‌ر داکۆکی لەخۆپێشانده‌رانی كوردستان هێرشدەکرێتە سەر پەرلەمانتاری سویدی) ــ پێمخۆشە پێش خوێندنەوەی وڵامەکەم، بفەرموون ئەو فایلەی هاوپێچ بخوێننەوە کە دەقی بابەتەکەی تێدایە.

بەڵێ ڕۆژی ١٢/ ٣.٢٠١١ بەندە وەک میوان بانگێش کرابووم بۆ ئەو کۆنفرانسەی تەڤگەری پارتە کوردییەکانی باشووری بچووک گێڕایان بۆ یادی کوشتارەکەی قامیشلو.لەوێدا جگە لە وتاربێژی پارتە کوردو کوردستانییەکان‌و برایانی عەرەبی سووریا‌و ڕێکخراوی ئاسووری، ئەندام پەرلەمانی سویدی، فرێدریک مالم (کە ژنەکەی کوردە) وتارێکی بەناوی پارتی گەلی سویدی خوێندەوە، پاش ئەو ژنە کوردی ڕۆژهەڵات‌و ئەندامی پارتی چەپی سویدی، ئامینە کاکەباوە، بەناوی سەرۆکی پارتەکەیەوە لەپێشدا بەکوردی دوا، سەرەتا لێبوردنی خواست لە ئامادەبووانی کرمانج گوایە ئەو سۆرانییە ئەگەر لێی تێناگەن ئەوا پاشان بە سویدی وتەکانی دەڵێتەوە.هەر بەکوردییەکەی خۆی زۆر ئاسایی لەسەر کارەساتەکەی قامیشلوو ڕۆیشت ئەوجا کردی بە سویدی.لەپاش کەمێک گێڕانەوە وتەکانی لەگەڵ کوردییە (خۆی گوتەنی) سۆرانییەکەی زۆر جیاوازبوو، هەستمکرد دەخوازێت ئاراستە بگۆڕێت بەلای ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ لەسلێمانی هەیەو هێشتا یەکلایی نەبوەتەوە.

١ ــ کاکەباوە لە ئاوێنەدا دەڵێت؛ بەداخەوە لەلایەن چەندکەسێکەوە بەهیرشی قسە پێ وتن لێم هەلسانە سەرپێی کەنابێت قسەی وابکەیت و دانیشە بەداخەوە من کەسیانم نەدەناسی.لەڕاستیدا ئەوەی بووەهۆی ڕاگرتنی کاکەباوە لە گۆڕینی ئاراستەی کۆنفرانسەکە تەنها بەندە بوو، ئەویش هەر بەدانیشتنەوەو زۆر ئاسایی دەستم بەرزکردەوە بۆ برای پانێلگێڕ، ئەویش بێ هیچ وتووێژێک لێم تێگەیشت‌و ڕووی لە کاکەباوە کردو پێیگوت ئاراستەی سیمینارەکە نەگۆڕێت.بێگومان ئەو هەڵوێستەم بێهۆ نەبوو...دیارە من دەمێک ساڵە ئاگام لە هەڵوێستە چەوشەکارییەکانی ئەو دادەیە هەیە، دەزانم جۆن گوێناداتە بەرژەوەندی نەتەوەیی، بۆیە وەک کوردێکی بەهزر کوردستانیی دژ بە ڕووشاندنی پرنسیپە میللەکانی نەتەوەی کورد، لەلایەک، بۆئەوەی لەوێدا ئاژاوەیەک نەیەتە کایە، لەلایەکی ترەوە هەستی خاوەن کۆنفرانسەکە بریندار نەبێت کە ئێمە لە کۆنفراسنێک دەنیشتووین وەک پرسە وایە.پاشان خاتو کاکەباوە گەڕایەوە شوێنەکەی لەناو ئەوانەی چەپڵەیان بۆ کوتا.ئیتر لەوێدا نە کەسم بینی زویری دەربری نە کەسیش دەستخۆشی لەمن کردووە.

٢ ــ ئەگەر کارەکانی کاکەباوە لەپەرلەمانیشدا وەک فاڵچێتیبێت بۆ ئەم بابەتەی، ئەوا نە سوودی بۆ کوردان دەبێت نە بۆ سویدیی خانەخوێی بەو هەڵخەڵەتاو، چونکە ئەگەر منی بناسیبا ئەوا دەیزانی کە ٢٤ ساڵ دەبێت لەڕیزی هیچ پارتێکی ڕامیاریی کوردی یان بیانیدا ئەندام یان چالاک نیم‌و نایشمەوێ بمبێت، چونکە دەبێت (چەشنی ئێستای کاکەباوە) وەک شەمەندەفەر لەسەر هێڵێکی دیاریکراو تلبمەوە.بەڵام ئەوەتەی لەسوید دەژیم سەربەست‌و چالاک کاردەکەم لە کۆمەڵەی کوردی‌و ئەو ڕێکخراوە سویدییانەی بۆ پشتگیر کورد دەکۆشن.بەڵام لەخۆی‌و هاوپیرانی وایە هەرکەس ئەمڕۆ پێچەوانەی هزرە ڕووخێنەرەکەی ئەوان بیرکاتەوە ئەوا هەر دەبێت پارتی بێت‌‌و بڤڤەیە.

٣ ــ خۆ ئەگەر لەبەر ئەوەی هەندێک لە ئەندامی پارتی یان فیدراسیۆن لە تەنیشتم یان بەرانبەرم دانیشتبوون ئەوە ناگەێنێت لەگەڵمبن.کاتێک ئەوانە هاتنە ژوورەوە، بەڕێکەوت ئەو شوێنانە بەتاڵبوو لێیدانیشتن‌‌، ئەگەرچی بەبۆنەی فیدراسیۆنەوە هەندێکم لێدەناسین.

هەر چەشنی ئەو درۆیانەی لەڕۆژانی پێش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی سوید کردوویەتی، کاکەباوە بەڵێنی بە کوردان دەدا بەوەی ئەگەر وەک ئەندامێکی پارتی چەپی سوید بگاتە پەرلەمان ئەوا داکۆکی دەکات لەپرسی کورد‌و بۆ بەجینۆساید بڕیاردانی مەرگەساتەکانی ئەنفال‌و هەڵەبجە.بەڵام وا نیو ساڵ تێپەڕی هیچ شتێکی لەو بابەتەی لەنێو پەرلەماندا نەوروژاندووە، بەڵام توانیویەتی ڕووی سەرۆکی پارتەکەی (لارش ئۆلی) وەرگێڕێت بەلای گردەکەی زەرگەتەو ڕەوتی چەواشەکرییان.

کاکەباوەیش وەک گێل‌و هەڵخەڵەتاوەکانی تر دەخوازێت سیستێمی باشووری کوردستان چەشنی سیستێمە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست بگۆڕێت.باشە ئەگەر توانی بیگۆڕێت کێ دەخاتە شوێنیان؟ چۆن دەیخاتە شوێنیان؟ بەچی پێوەرێک دەنگی کەمینە زاڵدەکات بەسەر زۆرینەدا؟ ئایا خۆی‌و سەرۆکی پارتەکەی دەتوانن لە پەرلەمانی سویددا هەمان هەڵوێستی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن بنوێنن؟

کاکەباوە بە ئاوێنەی دەڵێت؛...وئەوانەی ئەو رەفتارەیان کرد ئاستی بیرکردنەوەیان هەر ئەوەندەیە بۆ رای جیاواز.منیش من دووپاتی دەکەمەوە، ئەوەی کردی هەر بەتەنها من بووم‌و خۆم زۆر لەو بە بیرفراونتر دەزانم.ئەگەر ئەو لەڕوو وەستانە بە بیرتەسکی دەزانێت، با چاک بزانێت کە من هەرگیز چەپ نەبووم بەڵام سێ خۆل پێش ئەوەی ئەو خۆی تێدا کاندیدکرد، دەنگم داوە بەو ئەندامێکی پارتەکەی بە ناوی "ماری شیندستید" چونکە لەگەڵمدا ئەندامی کارابوو لە "کۆمیتەی سویدی بۆ پاراستنی مافی کوردان" بە سەرۆکایەتی "لارش ڤارنەر" کە سەردەمێک سەرۆکی پارتی چەپی سویدی بوو، چونکە "ماری" کە سویدییە زۆر پۆزەتیڤ بۆ کوردو کوردستان دەیکۆشی‌و مرۆڤدۆستانە پشتگیری لە پرسی کورد دەکرد، نەک وەک کاکەباوە چەواشەکار.ئێستایش لەمشارەی تێیدا دەژیم یەکێک لە دۆستە زۆر نزیکەکانم بەرپرسی ڕێکخستی پارتەکەی ئەوە.

ئەوجا قادر نادر کە ڕایدەگەێنێت: ئەو ڕەفتارە زۆر مەترسیدارەو ئەوان لێی بێدەنگ نابن‌، لەگەڵ هەندێک وتەی تری نابەجێ.با پێمبڵێت بزانم ئەوان کێن‌و دەتوانن چی بکەن.وەک بەویش دەڵێم من سەر بەهیچ پارتێک نیم‌و شانازی بەوەوە دەکەم کە تا سەر ئێسقان کوردستانیم، پێیشی دەڵێم، ئێرە بناری گردەکە نییە.چونکە دەبینم ئەویش وەک کاکەباوەی دۆستی درۆ هەڵدەبەست‌و دەڵێت: ئەو یەکێک لەوکەسانە بووە زۆر بەتوندی فشاری بۆ ئامینە کاکە باوە هێناوە.کورە بەسە خۆڵ بەچاوی خوێنەراند کردن.وەک خۆتان هەڵخەڵەتاون، میللەتی زەبوونی کوردستان هەڵمەخەڵەتێنن.تەنانەت لەم وڵاتە دیموکراتییەیش کەمێک فێڕی وتەی ڕاست‌و ڕەتی مرۆڤانە نابن.کێ لەو ٦٠ کەسەی لە هۆڵەکەدابوو تاکە یەک کەسیان بینی تەنانەت بە یەک ورتە لەگەڵ کاکەباوەی دۆستدا بدوێت.

سەرئەنجام ئەو تانووتانەی داوتانە لە سەلام جەزیری‌و سەرۆکی فیدراسیۆن یان ئەندامانی، جێیدێڵم خۆیان.

گۆمەیی

سوید ١٩/ ٣/ ٢٠١١


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.