راپەڕین ئەو بەرخودان و وەرچەرخانە دیرۆكیە بوو كە لە ئەنجامی زنجیرەیەك شۆڕش و لە سایەی بەرەی كوردستانی و رەخساوی بارودۆخ هاتەئاراو سەرئەنجام رزگاری و ئازادبوونی بەشێكی زۆری ئەم پارچەیەی كوردستانی لێوە هاتە بەرهەم.هیچ گومانی تێدا نیە كە لە راپەڕین دا پێشمەرگە داینەمۆو سەرقافڵە بوو، جەماوەری كوردستان شاهیدی رۆڵی پێشەنگانەی ئەم رۆڵە خەباتگێڕانەیەن لە بەرپاكردنی راپەڕین دا و، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو راستیە ئاوەژوو بكات و ئامادەیی و سەردەستەیی پێشمەرگە لە ئامادەكارییەكان و چركەسات و هەڵمەتەكانی راپەڕین دا، بسڕێتەوە.
وەلێ مخابن لە یادی ئەمساڵی راپەڕین دا، لە چوارچێوەی رووداوەكانی ئەم دوایەی سنووری شاری سلێمانی و ئەو بازرگانیە سیاسیەی كە ئۆپۆزسیۆن دەستی داوەتێ، بوینە شاهیدی خاڵێكی نەرێنی تر لە راگەیاندنەكانی ئۆپۆزسیۆندا، كە ئەویش چەواشەكارییەكی تریان بوو دەهەمبەر مێژووی گەلەكەمان و بە تایبەتی مێژووی راپەڕین و دژایەتیكردنی پێشمەرگە كە هەرجارەو بە جۆرێك پەلاماری دەدەن و دەیانەوێ گەردو گومان بخەنە سەر ناوو كەسایەتی و رۆڵ و ئەركی كوردستانپارێزانەی پێشمەرگە.لە یادی ئەمساڵی راپەڕین دا ئۆپۆزسیۆن، بە تایبەتی گۆڕان خەڵكیان فێركردبوو لە كەناڵەكانی ئەوانەوە بڵێن، راپەڕین رووداوێكی عەفەوی بوو بێ هیچ ئامادەكاری و پاڵپشتیەك تەنها جەماوەر خۆڕسكانە راپەڕینی كرد! راستە هەموومان لە كۆمانای راپەڕیندا سیفەتی راپەڕینی جەماوەریی پیً دەبەخشین و بە شانازییەوە باس لەوە دەكەین كە سەرجەم خەڵكی كوردستان راپەڕی و هەمووان پێكەوە كوردستانمان ئازاد كردو تێكڕای جەماوەر تیایدا بەشداربوون، بەڵام ناكرێ مێژووی راپەڕین لە هۆكارو زەمینە خۆش كردنەكان دایبماڵین، ناكرێ كارەكتەرە بنەڕەتیەكەی تیا پەراوێز بخرێت، ئەم ئاراستە نابەرپرسانەیە غەدركردنە لە دیرۆكی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی ئەم نەتەوەیەو غەدركردنە لە رۆڵ و فیداكاریی پێشمەرگە و رێكخستنە نهێنیكانی ناو شارەكان و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان.ئەم رەفتارە هەڵچوونێكی تری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەڵپەیەكی تریان بوو لە درێژەدان بە هاندان و چەواشەكردنی جەماوەرەكانیان لە پێناو ئەجێندا سیاسیەكانی خۆیاندا.ئەگەر نا ئەوە چ عەقڵ و كام هوشیاری و زانیارییە، كە جورئەت دەكات هۆكاری مێژوویی و رووی راستەقینەی دیرۆكی راپەڕین بشێوێنێ و بنەماو بەشداربووەكان و چۆنێتی بەرپابوونی راپەڕین فەرامۆش بكات!.یان ئەو چەواشەكارییەیان لەبەر ئەوەیە كە سەرانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان هیچ بەشداری و رۆڵێكیان لە ئامادەسازی و بەرپاكردنی راپەڕین دا نەبووە بۆیە دەیانەوێ مێژووەكەی سووك بكەن و نەیار ئاسا بە هەڵە لە نەوەی ئەمڕۆی بگەیەنن؟!!!
لێرەدا نامەوێ بە تەوای بە دووی بەرسڤی ئەو ناهەقیەدا بچم و باس لەوە بكەم كە، راپەڕین زادەی شۆڕشەكان و خەباتی دەیان ساڵە و ئامادەكاری و رۆڵی بەرەی كوردستانی بوو، ناشمەوێَ بچمە سەر ئەو هەڵوێست و رۆڵەی سەرۆك مسعود بارزانی كە لە ساڵی 1988 و لە میانەی داستانی خواكوڕك دا پێشبینی رووداوەكانی كردبوو و لێرەوە لایەنەكانی بەرەی كوردستانی دەستیان بە خۆئامادەكردن كردبوو بۆ پێشهاتەكان و ماوەیەكی زۆر پێش راپەڕین كادرو پێشمەرگە هاتبوونە ناو قوڵایی كوردستان و بە نهێنی لە شارو شارۆچكەكاندا خەریكی رێكخستن و هوشیاركردنەوەی جەماوەرو ئامادەسازی بوون بۆ راپەڕین، بەڵكو لێرەدا تەنها بەرگریەك لە مافی پێشمەرگە دەكەم و بە رەوای نازانم بێویژدانی بەرامبەر بە رۆڵیان لە راپەڕین دا، بكرێت.
پێشمەرگە لە راپەڕین دا بە دوو شێوەو ئاراستە دەوری سەرەكی هەبوو، یەكەمیان، وەك پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد، چەندین مانگ بەر لە راپەڕین هاوشانی كادرانی سیاسی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی بە دەیان فەرماندەو پێشمەرگە وەك مەفرەزەی پارتیزانی بە بەرنامەوە هاتبوونە دەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان و لەناو شارو شارۆچكەو كۆمەڵگاكاندا ئازایانەو فیداكارانە لە ژێر دەسەڵاتی عەسكەرتارییەتی بەعسدا بە نهێنی بە یارمەتی رێكخستنەكانی ناو شارو جەماوەر زەمینەیان بۆ راپەڕین خۆش دەكرد، دڵنیام بە هەزاران كەس لە خەڵكی ئاسایی و لە رێكخستنە نهێنیەكان لەو كاتەدا ئەو كادرو پێشمەرگانەیان بینیوەو دەتوانن شاهیدی بۆ ئەم راستیە بدەن.دووەمیان، پێشمەرگە لە یەكەم رۆژەوە تا رۆژانی بەرفراونبوونی راپەڕین لەگەڵ كادرو بەرپرسانی سیاسی بەرەی كوردستانی دا لە سەر سنوورەوە پۆل پۆل و دەستە دەستە دەگەڕانەوە بۆ ناو شارەكان و جۆش و خرۆشی زیاتریان بە راپەڕین دەبەخشی، نابێ ئەو راستیەش لەبیر بكەین كە لە یەكەمین رۆژانی راپەڕین دا پێشمەرگەو سەرۆكی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی یەكەم سەركردەی بەرەی كوردستانی بوو كە لە رانیەوە گەیشتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی سەرپەرشتی راپەڕینی دەكردو، هەر لە گەرمەی راپەڕین دا لە چەندین شارو شارۆچكەی كوردستان لەبەردەم سەدان هەزار لە جەماوەری راپەڕیو وتاری پێشكەش كرد.
لە رۆژی 5/3/1991 كە راپەڕین لە رانیەوە چەخماخەی داو تا لە كەركوكی دڵی كوردستان دا تاجی سەركەوتنی لەسەر نا پێشمەرگە تیادا پێشەنگ و سەرە رم بوو، پێشمەرگە باوەڕو متمانەی جەماوەری بە حەقیقەتی راپەڕین بە تین دەكرد، ورەیان بە خەڵك دەبەخشی بۆ بەردەوامی سەرهەڵدانیان و یەقین بوونیان لەسەر ئەوەی كە ئەوە رووداوێكی راستەقینەیەو رۆژی ئازادبوونە...بە گشتی رۆڵی بنەڕەتی و مەیدانی پێشمەرگە لە راپەڕیندا نكۆڵی لێناكرێ و، راپەڕین مێژوویەكی هێندە كۆن و دوور نیە تا كەسانێك بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و بۆ مەرامی خۆیان دەهۆَڵی چەواشەكاریی لەسەر بكوتن و بیانەوێ بۆ رەشكردنی مێژووی خەباتی ئەم گەلەو كوشتنی هوشیاری و ئینتیمای نەوەی ئەمڕۆ، ئاوەژووی بكەن، كە ئەو نەفامیە تەنها لە خزمەت دوژمناندایە و، زیاتر رووی راستەقینەی خۆشیان لەبەردەم جەماوەری كوردستان كەشف دەكەن كە ئەوانە لە پێناو خۆیانداو لەبەرئەوەی هیچ بەشداری و رۆڵێكیان لە راپەڕین دا نەبووە، ئامادەن مێژووی راپەڕین و تەنانەت گشت رابردووی پڕ خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە بشێوێنن.ئایا ئەوانە چۆن نازانن كە مێژووی ژیان و خەباتی ئەم نەتەوەیە لە راپەڕینەوە دەست پێناكات و چۆن نازانن ئەگەر هەر میللەتێك رابردووی نەبێت ئایندەشی نابێت؟؟!! یان شین بۆ هەریسەكە وای لێكردوون تفی سەرەوژوور بكەن و ئاگایان لە خۆیان نەبێت كە چ ناماقوڵیەك دەكەن!!!.ئەو زیادەڕۆییەیان گەیاندە ئەوەی كە كەسێكی بەناو رووناكبیر لە ئەوروپاوە بۆ هاندان و زیاتر بە لاڕێدابردنی خەڵك بهێننە بەردەركی سەراو ئەویش بەوپەڕی حەماسەتەوە خۆی بخاتە ژێر فشارو تەلیسمی كەسێكی نەخۆش و كوشتەی دەسەڵات و لەبەردەم ئەو خەڵكەی لەوێ كۆبووبوونەوە هاواری دەكرد (ئەوەی ئێوە دەیكەن نرخی لە نرخی هەمووشۆڕشەكانی كورد بە درێژایی مێژوو گەورەترە) .نازانم ئەوە بە چی پێوەرێك بە رووناكبیر حساب دەكرێت، كە ئاوها فوو لە زوڕنای سەرانی بزووتنەوەیەك دەكات كە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوورەو هیچ بڕوایان بە ئازادی بەرامبەر نیە و بە عەقڵیەتێكی سەقەت كار دەكەن و ئەوەی لەگەڵ خۆیان نەبێت بە دوژمنی دەزانن؟! ئاخۆ ویژدان و عەقڵ و كوردبوونی ئەو بەناو رووناكبیرە چ مانایەكی دەمێنێ كە ئاوها بێ رێزی بە رابردووی ئەم گەلەو شۆڕشەكانی دەكات و رێز لە هەزاران سەركردەو پێشمەرگە ناگرێ كە بە گیان و خوێنی خۆیان شۆڕشیان كرد؟؟!! چۆن تف لە خۆی ناكات كاتێ جورئەت بكات سوكایەتی بە هەزاران هەزار شەهید بكات كە لە شۆڕشەكانی كوردستاندا لە پێناو ئەم ئازادییەدا خوێنی خۆیان كردە قوربانی؟!.
دڵنیاین ئەو سیاسەت و هەڵپە سەرشێتانەیە بە ئاكامێكی باشیان ناگەیەنێ و هەر دەبێت ناڕەوایەتی ئەو چەواشەكاری و بەلاڕێدابردنەی خەڵك كە بۆ مەبەستە شەخسیەكانیان كردویانەتە نەهجی خۆیان، ببێتە خۆرە بۆیان و لەبەردەم پێشمەرگەو خەڵك و مێژووی كوردستاندا هەست بە شەرمەزاری بكەن و بەر نەفرەتی خوێنی شەهیدان و خانەوادە سەربەرزەكانیان بكەون..
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
