بـومه‌رانـگ!* ... ئه‌نوه‌ر ئه‌ڵمان

بومه‌رانگ، که‌ مێژووه‌که‌ی هێجگار کۆنه‌ و ئامێرێکی یاریکردنه‌.که‌وانه‌ییه‌، هه‌رچۆنێکی به‌ ئاسماندا هه‌ڵبده‌یت ده‌ڕوات و ئینجا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کن خاوه‌نه‌که‌ی! ئیدی که‌مێک دوورتر یان نێزیکتریش هه‌ر حلێبه‌! ئه‌م یارییه‌ کۆنئارایه‌ ئێستاکه‌ یه‌کێکه‌ له‌ وه‌رزشه‌کان.بۆ جه‌نابی بنعه‌لی کۆنه‌ دیکتاتۆری تونس، ئه‌و کوده‌تایه‌ی که‌ له‌ ساڵی هه‌شتادا به‌سه‌ر بورقێبه‌ی پیر و په‌ککه‌وته‌دا کردی و ناوی لێنا، شۆشی یاسمین، گه‌ڕایه‌وه‌ کن خۆی و یه‌خه‌ی خۆی گرته‌وه‌.هه‌ر به‌ شۆڕشی یاسمین له‌ ده‌سته‌ڵات هێنرایه‌ خواره‌وه‌!

بێشک یاسمین گوڵێکی جوانی بۆنخۆشه‌.ته‌نانه‌ت چای یاسمین و برنجی بۆنداری یاسه‌مینیش، نرخێکی گرانتری هه‌یه‌.به‌ڵام ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌و زاراوه‌یه‌ی که‌ گه‌لێک له‌سه‌ر زارانه، بۆته‌ سونبولی ڕاپه‌ڕێن ‌: شۆڕشی یاسمینه‌!

 بۆ یه‌که‌مجار و ئه‌وه‌ی له‌هه‌مبه‌ر شۆڕشی یاسمینه‌وه‌ دوا، زه‌ین ئه‌ڵعابدینی دیکتاتۆری هه‌ڵهاتووی وڵاتی تونسه‌.ـ وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا ـ ئه‌و ساته‌ی که‌ له‌ هه‌شتاکاندا ناوبراو دژی بوڕه‌قیبه‌ی سه‌رکۆمارو دیکتاتۆر، کوده‌تایه‌کی به‌ئاکام گه‌یاند.ئه‌وه‌یش هه‌ر به‌ومانایه‌ بوو که‌ خۆپیشانده‌رانی دژ به‌ زه‌ین ئه‌لعابدین، ئه‌و گوڵه‌یان کرده‌ سنبولی خه‌باتیان.واتا، یادهێنانه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ ئه‌و دیکتاتۆره‌!.گوڵی بۆنخۆشی یاسه‌مین که‌ ده‌لاله‌ت له‌ خۆشه‌ویستی و هیواو ئاوات ده‌کات، له‌ وڵاته‌ عاره‌بییه‌کاندا، له‌ ئێواران و شه‌واندا، له‌سه‌ر ڕۆخی شه‌قامه‌کان ده‌فرۆشرێت، شه‌یداکان پێشکه‌شی یه‌کتری ده‌که‌ن.ئه‌گه‌رچی یاسمین به‌رگه‌ی گه‌رمای خۆر ناگرێت، به‌ڵام دیارییه‌کی شه‌یداکانه‌ بۆ یه‌کتری.هه‌ر یاسمینیش بوو که‌ بووه‌ سونبولی به‌ر‌بڵاوی ئینته‌رنێت و فێسبوکی گه‌نجان...له‌ چینیش که‌ چای یاسه‌مین ڕه‌واجێکی باشی هه‌یه‌ و له‌به‌ر دڵانه‌، ئه‌وه‌تا بۆ گه‌نجه‌کانیش بۆته‌ سنبول و کۆدی پرۆتێست له‌ ئینته‌رنێتدا...

ده‌نگۆی ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی به‌هۆی ئه‌و تۆڕی زانیاری ئینته‌رنێت و فێسبوکه‌وه‌، سوودیان له‌ شێوه‌ی خۆپیشاندانه‌ نه‌پساو و دوور له‌ کاری توندوتیژی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانی ولاتی زێربیا وه‌رگرتبێت.ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌و شێوه‌ خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتنانه‌ که‌ دووریش بێت له‌ گرژی و چه‌ک به‌کار هانین، ـ چۆنێتی خۆپیشاندانی بێزه‌بروزه‌نگ ـ له‌ چواچێوه‌ی بڵاوکراوه‌یه‌کدا بڵاو بۆته‌وه‌ .له‌ په‌نجا خاڵی چۆنێتی چالاکی دژ به‌ ده‌سته‌ڵات، سه‌رباز، پۆلیس و ده‌ستگاکانی حکومه‌ت پێکدێت.خه‌ریکه‌ پێیده‌گوترێت ـ خۆپیشاندانی شێوه‌ زێربی!.

خاڵگه‌لێکی زۆر گرنگی تری ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی ـ به‌تایبه‌تی تونس و میسر ـ ئه‌وه‌یه‌ بۆچ سوپا هێزی ته‌واوه‌تی خۆی بۆ سه‌رکوتکردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بێچه‌که‌ به‌کار نه‌هێنا؟! که‌ ده‌یتوانی باکاری بێنێت؟! له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: که‌ دنیا هاتبێته‌ گۆڕین، گه‌وره‌ پله‌داره‌کانی سوپاکانیش گۆڕدراون.زۆربه‌ی پله‌داره‌کانی سه‌رباز، به‌شدارییه‌کی کارگه‌ر و به‌ربڵاویان له ڕه‌وشی ئابووریدا هه‌یه‌، ئه‌وان ته‌نیا موچه‌خۆری ده‌وڵه‌ت و یانیش وابه‌سته‌ی سه‌رکۆمار و سه‌رۆکوه‌زیران نه‌بوون، به‌ڵکوم خاوه‌نی فیرما، زه‌وی و زار، کۆشک و بینا، به‌شدار و هاوبه‌ش له‌ پرۆژه‌ جیاوازه‌کانی ئابووریدان.ئه‌وان بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بوون له‌ته‌ک که‌سێکدا که‌ میلله‌ت داوای ده‌رکردن، هێنانه‌خواره‌و و دادگای کردنی ده‌که‌ن، خۆیان ئالوده‌ی به‌ره‌و نابوت بوون به‌رن.پله‌دارانی سوپا و پۆلیسیش، وه‌ک مرۆڤ، که‌ زانیان کار له‌کار ترازاوه‌، ئینجا ناچاربوون، بۆ ڕزگارکردنی سه‌ری خۆیان و ماڵ و منداڵ و سه‌روه‌ته‌کانیان، ڕێگای هێمن و ئارام و دوور له‌ توند و تیژی بگرنه‌ به‌ر، هه‌تا به‌ر نه‌فره‌تی تۆڵه‌، هه‌ڵهاتن و کوشتن نه‌بنه‌وه‌.هه‌تا وه‌ک داوێنپاک و دڵسۆز به‌ میلله‌ت، به‌ هه‌مان سه‌روه‌ت و سامان و پله‌ و پایه‌ و که‌سایه‌تییه‌وه‌، بمێننه‌وه‌.ده‌شێ که‌ هه‌مان دیارده‌یش له‌ کوردستاندا هه‌ست پێ بکه‌یت.ئه‌وه‌تا زۆرێک له‌ به‌رپرسانی حکومی، سه‌ربازی و ئه‌منی و ..نه‌ک هه‌ر موچه‌خۆری ده‌وڵه‌تن، به‌ڵکوم خاوه‌ن کار، فیرما، پرۆژه‌ی زه‌به‌لاح، سه‌رمایه‌یه‌کی خه‌یاڵین...ئیدی مرۆڤ له‌ حاڵه‌تێکی وادا، ده‌که‌وێته‌ بیری ڕزگارکردنی خۆی و ماڵ ومنداڵ و ئینجا سه‌روه‌ته‌که‌ی.که‌ مه‌ترسی نێزیک ده‌بێته‌وه‌، ژیان شیرینتر ده‌نوێنێت! حه‌زی مانه‌وه‌ له‌ ژیاندا و تێدا نه‌چوونی سه‌روماڵی، وای لێده‌کات که‌ میتۆدی سازش و ڕێکه‌وتن و مانه‌وه‌ له‌ ژیاندا بگرێته‌ به‌ر.سا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نیا گۆڕینی سه‌رۆکێک بێت و ئه‌وان ده‌مێننه‌وه‌، با بگۆڕدرێت!

سه‌رباز و پۆلیسه‌کانی تونس و میسریش که‌ ترسی موچه‌بڕینیان نه‌بوو، ـ وه‌ک کن خۆمان وابه‌سته‌ و موچه‌خۆری پارتێک نین ـ و هینی ده‌وڵه‌تێکی سه‌قامگیرن‌، نه‌ باکیان له‌ موچه‌ بڕین و نه‌ چاوه‌ڕێی وه‌ها به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کیشیان له‌ ده‌سته‌ڵات ده‌کرد، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر میلله‌ت نه‌ده‌نه‌ به‌ر گولله‌، له‌ کاره‌کانیان ده‌ردکرێن و نانیان ده‌بڕدرێت!

سه‌رده‌میش زۆر گۆڕدراوه‌.هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و دیکتاتۆره‌ کلاسیکی و له‌ ژیاری مۆدێرن بێبه‌شانه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌وان بێئاگاـ یانیش گۆڕانه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا نابینن! ـ له‌ گۆڕانه‌ خێراکانی زانستی، ئینته‌رنێت، فێسبوک، نوکه‌کانی ته‌له‌فۆنی ده‌ستی! وروگێژی ئه‌و ـ ‌به‌نگسیسته‌م ـ ه ن‌ که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ده‌یکێشن و خۆیانیان پێ ڕاهێناوه‌.ئه‌مڕۆکه‌ ئیدی زۆر ئاسته‌مه‌ که‌ سیسته‌مێکی برۆتاڵ و تاکڕه‌و بیت، له‌ کاتێکدا که‌ خه‌ڵکی له‌ هه‌موو شتێک به‌رخوردان بن و بزانن!!

 دیکتاتۆر و تاکڕه‌وه کلاسیکیه‌‌کانی ده‌سته‌ڵاتدار، وه‌ک قیسه‌ره‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بیرده‌که‌نه‌وه‌، که‌ ده‌ڵێن: گه‌ل چییه؟‌، من گه‌لم! به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی شه‌پۆلی هه‌رده‌م به‌ره‌و پێشکه‌تن و گۆڕینه‌کانه‌وه‌ په‌لوپۆ ده‌کوتن..که‌ بێشک پاش ماندوبوون و پرزه‌ لێبڕین، تێداچوونه‌!

(*) Bumerang  ، به‌ ئه‌ڵمانی!


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.