
ئه‌گه‌ر بێین و چاوێك بخشێنینه‌وه به نوسینه‌كانی مامۆستا فاروق ڕه‌فیق دا، یاخود ئه‌و گوتار و وانانه‌ی كه‌نوسیونی و وتونیویه‌ته‌وه، ده‌ست به‌جی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه شارێك هێنده‌ی ئه‌م مامۆستایه ناوی عه‌قڵ و یاسا و لۆژیكی نه‌هێناوه.ڕه‌نگه كه‌سیشمان هێنده‌ی ئه‌و نه‌زانی كه عه‌قڵ له بارودۆخێكی ئارام و ئاسایش‌دا گه‌شه ده‌كات و هه‌میشه عه‌قڵ و یاسا و لۆژیك قوربانی یه‌كه‌می ئاڵۆزی و بارگرژی و توندوتیژیه.
له ڕۆژێك دا گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو ڕۆژه‌كانی تر زۆرتر پێویستی به عه‌قڵ هه‌بوو بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی تا خوێنی به‌هه‌ده‌رچوی زیاتر نه‌ڕژی، مامۆستا فاروق ڕه‌فیق ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و یاساوه‌و كێرڤی حه‌ماسی هه‌ڵده‌ستی و به‌بی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی یاسایی گه‌نجی سه‌رگه‌رم و كه‌م ئه‌زمون، ئه‌وانه‌ی كه سه‌ركرده‌كانی خوێن (زعما و دم) هانیان ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی كه به‌جۆرێك له هێزه ئیسلامی یه توندڕه‌وه‌كانه‌وه پڕكراون، شوێنی خۆی ده‌خات و كۆیان ده‌كاته‌وه‌و خۆی لی ده‌بی به جیڤارا.ئه‌و باش ده‌زانی كه ئه‌و حه‌ماسه‌ت و میكانزمانه‌ی جیڤارا كاری له‌سه‌ر ده‌كرد ئیراده‌گه‌رایانه‌و دوور له لۆژیك بوو، هه‌ربۆیه كاركردن به‌م میكانیزمه له كۆتایشدا شكستی هێنا.
ئه‌و باش ده‌زانی كه ئه‌گه‌ر ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌رار بێت ئیتر ئێمه پێویستمان به كاك فلان و كاك فیسار نابێت، ئه‌م هه‌موو كاكه‌ی كوردستانی پڕ كردوه، ئه‌و كاته عه‌قل سه‌روه‌ر ده‌بێت ئه‌وه توانا و لێهاتوه‌كانن دێنه پێشه‌وه‌و جێگا ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه بازرگانی خوێنن هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه بارودۆخێكی ناسه‌قامگیر بێته ئاراوه تاخه‌ڵك له‌ده‌وری ئه‌مان كۆبێته‌وه و ئاشی خوێنیان هه‌میشه له‌گه‌ڕدا بێت.
ئاخۆ تائێستا مامۆستای فه‌لسه‌فه‌زان، سه‌رۆكی ده‌زگای حیكمه‌ت له‌خۆی نه‌پرسیوه حیكمه‌ت له‌چیدا بوو كه سوقرات مه‌حكومكرا به خواردنه‌وه‌ی ژه‌هر و قوتابیه‌كانی چونه لایی و پێیان گووت هه‌موو شتێك ئاماده‌یه بۆ ده‌ربازكردن، به‌لام ئه‌و ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و بۆ جی به‌جی كردنی یاسا خوێنه‌كه‌ی خوارده‌وه.
من له‌بیرمه یه‌كێك له‌و میكانزمه نالۆژیكیانه‌ی كه شۆڕشی گه‌له‌كه‌مان پیاده‌ی كرد ئه‌وه‌بوو هه‌ركه‌سێك بچوبایه بۆ ڕیزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئه‌وان كه‌مێك لێی به‌گومان بونایه، پێیان ده‌وت بڕۆ ته‌قه بكه له كه‌سێكی سه‌ر به‌ڕژێم یاخود نارنجۆكێك بته‌قێنه‌وه تا ڕێگای جاری تر گه‌ڕانه‌وه‌ی لی بگرن.
پێم وایه له‌و سیناریۆیه‌ی گۆڕات به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆڵه‌یان به مامۆستا فاروق داوه، چونكه به‌گومان بوون له‌وه‌ی كه ڕه‌نگه ئه‌م پیاوه جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای عه‌قڵ و هه‌موو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ به نه‌فره‌ت بكات و بانگی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بدات و به كوشت دانی ڕۆڵه‌ی كورد به‌نه‌فره‌ت بكات، وه‌ك كاری هه‌میشه‌ی بانگی عه‌قڵ بدات.
ئایا مامۆستا له‌خۆی نه‌پرسی ئه‌م ڕۆڵه یه‌كێك له ڕه‌هه‌ندیه‌كان بێگێڕێت باشتره چونكه ئه‌وان زمانی زبر و سیاسه‌ت كاریان بووه، تا عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌و ده‌مێكه خۆیان یه‌كلایی كردۆته‌وه‌و ته‌ره‌فگێڕیان بۆ لایه‌نێك هه‌ڵبژاردووه، سه‌د مخابن من وه‌ك خۆم زۆر هیوام به‌م پیاوه‌و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌م بوون هه‌بوو بێنه ده‌نگ و بڵێن به‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ با ئه‌م شه‌ڕه ڕابگیرێت، ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌كات ده‌بێت به‌سه‌ر لاشه‌ی ئێمه‌دا ڕه‌ت بێت، به‌لام سه‌د مخابن ئه‌م پیاوه كه‌وته ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
