بەهاری شاعیران فێستیڤاڵێکی شیعریە ساڵانە لە سەرانسەری فەڕەنسا پێشوازی لێدەکرێ و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێ (8 تا 21 ی مارت).ئەمساڵ لە سیانزەهەمین ساڵی ئەم فێستیڤالەدا شاعیری کورد نەزەند بەگیخانی بانگهێژ کراوە بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی بە هەردوو زمانی کوردی و فەڕەنسی.شایانی باسە ئەمە دووەمین ساڵە شیعری کوردی لە رێگای نەزەند بەگیخانیەوە دەچێتە ناو ئەم فێستیڤاڵەوە.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا ئەکتەری فەڕەنسی جولیێت بینۆش وەکو میوانی شەڕەف داوەتکراوە و لە لێدوانێکدا بۆ فێستیڤاڵەکە وتی: "شیعر بۆ من هونەرێکی پیرۆزە، وەکو نوێژ وایە بۆ مرۆڤ، بۆ سروشت...مۆسیقایەکی ناوەکیە و دوورە لە هەموو ئایینێک...وشە تیایدا شاقوڵیانە دەوەستێ ...شیعر هەیە هاوار دەکات...دەتوانێ مرۆڤ وێران بکات...و هەشە دەتوانێ ئاشتی بکاتەوە...بەری دەکەوێ و رۆشنی دەکاتەوە...زەردەخەنەی تیا دەڕوێنێ...لە شیعردا هێڵی ناوەکیی وشە دەبێتە بەشێک لە ئێمە، وەکو دڵۆپە ئاو کە دەمانژیێنێ"
نەزەند بەگیخانی کە پێنج دیوانی شیعری هەیە بە زمانی کوردی و یەکێکیش بە زمانی ئینگلیزی، زۆربەی شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانانی بێگانە.ئێستا دیوانی رەنگی خۆڵ کە بە هاوبەشی لەگەڵ دلاوەر قەرەداغی لە ساڵی 2004 چاپی کردووە، لە دەزگای هارماتان لە ژێر چاپدایە و ئەم هاوينە بڵاودەبێتەوە.ئەم دیوانە بایز شوکور و بێرتراند فۆلی وەریانگێڕاوە.هەروەها دیوانی زەنگوڵی وتن کە لە ئینگلیزیەوە لە لایەن نیکۆل باریێر و کلۆد بێر ەوە وەرگێڕدراوە لە دەزگای چاپ و پەخشی لێزەئەماندیە لە ژێر چاپدایە.زەنگوڵی وتن بڕیارە ئەمساڵ بە زمانی عەرەبيش لە لوبنان لە لایەن دەزگای دار الجمل ەوە چاپ بکرێت، کە قەیس قەرەداغی وەریگێڕاوە لەگەڵ پێشەکی و پێداچوونەوەی محەمەد حوسەینی.
نەزەند بەگیخانی لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە (12 و 13 ی مارت) لە دۆڵی لواغ لە شارۆچکەی ساشێ و مۆزەخانەی بەلزاک بەشداری لە فێستیڤاڵەکە دەکات.
بۆ زنیاری زیاتر و چالاکیەکانی فێستیڤاڵ سەیری ئەم لینکە بکەن:
http://www.printempsdespoetes.com/
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
