*{لای من گرنگ نیه کێ له خوێنداندا زیره‌ک و بلیمه‌ته، لام گرنگ نیه خوێندکار بزانێت یه‌ک و یه‌ک چه‌ند ده‌کات، ئه‌وه‌ی لام گرنگه بزانم هه‌رچی مامۆستایان و خوێندکاران هه‌ن چه‌ند له حیزب و شۆڕشه‌وه نزیکن.}
له ماڵپه‌ڕی ڕێگای کوردستاندا هه‌ڤپه‌یڤینێکم خوێنده‌وه که ڕۆژنامه‌نووسان به‌کر ته‌یفورو شڤان مه‌غدید، له‌گه‌ڵ به‌ڕیوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی هه‌ولیر مامۆستا عه‌بدوڵا سابیر ئه‌نجامیان دابوو.
سه‌رجه‌م پرسیاره‌کان په‌یوه‌ست بوون به پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه له هه‌ولیرو ده‌ورووبه‌ریدا.
له‌یه‌که‌م پرسیاره‌وه تا کۆتایی مامۆستا عه‌بدوڵا ته‌قلیده باوه‌که‌ی نه‌شکاندوه که به‌رپرسه حیزبیه‌کان و [حیزبیه ئیداریه‌کان] خوویان پیوه گرتووه، ئه‌ویش په‌ره‌ده‌پۆشکردن و پاساوهێنانه‌وه‌ی سواو و بێ‌مانا بۆ کاره گه‌نده‌ڵ و نا یاسایه‌کانیان.
کورد واته‌نی [مشتێک نمونه‌ی خه‌روارێکه] بۆیه منیش ته‌نها چه‌ند وه‌ڵامێکی دیمانه‌که ده‌که‌مه نموونه و بۆی ده‌سه‌لمێنم که به‌رسیڤه‌کانی دوورن له ڕاستیه‌وه.
له وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌ن که‌ئایا له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌زموون و لێوه‌شاوه‌ییه یا خود حیزب ده‌یسه‌پێنێت به‌سه‌ریاندا؟ به‌م جۆره وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه.
[له‌دوور له‌نزیک حیزب کاری به‌و مه‌سه‌له‌وه نیه، به‌ڕیوه‌به‌ر ده‌بێت شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بێت ئه‌وجا ده‌کرێته به‌ڕیوه‌به‌ر.بۆ دانانی به‌ڕیوه‌به‌ر هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ڕابردووپاکی، ده‌ستپاکی، داوێن پاکی، زمان چاکی ده‌که‌ینه‌وه.گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی نه‌بێت مه‌حاڵه بکرێته به‌ڕێوه‌به‌ر.هه‌بووه حیزب داوای کردووه بیکه‌مه به‌ڕیوه‌به‌ر به‌ڵام بریارده‌رنه‌چوه و نه‌کراوه، له‌سه‌ریشم فه‌رز نه‌کراوه، به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌بووه به‌رپرسی ناوچه‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ش بووه لامان داوه‌وه دوورخراوه‌ته‌وه له به‌ڕێوه‌به‌ری]
خۆزگه بڕوام به یه‌ک په‌یڤی ئه‌م به‌رسیڤه بووایه، به‌ڵام بڵێم چی ئێوه هێنده له‌م جۆره قسه بریقه‌دارانه‌تان کردوه و به کردوه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌که‌ی، ئیدی که‌س بڕاوی پێتان نه‌ماوه.دیاره مامۆستا ده‌یه‌وه‌ێت خۆڵ بکاته چاوی خوێنه‌ر، وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌زانین چی له وڵاته‌که‌مدا ده‌گوزه‌رێت و حیزب چۆن ده‌ستی خستووه‌ته سه‌رجه‌م کایه‌و جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگه به په‌روه‌رده‌یشه‌وه.
که‌سێک یه‌کیه‌تی و پارتی نه‌ناسێت واده‌زانێت مامۆستا باسی سویسرا‌و سوید ده‌کات نه‌ک کوردستان.
ئێوه نه‌ک هه‌ر به‌ڕیوه‌به‌رو جێگری به‌ڕیوه‌به‌ر به‌ڵکو تابۆتان بکرێت هه‌وڵه‌ده‌ن فه‌ڕاشه‌کانێش له خۆتان بێت.هه‌رچی شاره‌زایی و لێهاتووی و ئه‌زموون هه‌یه سه‌لکه توورێکی قووڕاوی ناهێنێت لای ئێوه .گرنگ ئه‌وه‌یه پارتی یا یه‌کیه‌تی بێت و به‌س.
من یه‌ک نموونه‌ی زۆر نزیکت بۆده‌هێنمه‌وه که ناشیرینی حیزبه‌که‌ت له ده‌ست تێوه‌رداندا نیشان ده‌دات، جا هیوادارم نه‌ڵیێت ئاگام لێنی نیه.یا ئه‌وه کاری حیزب نه‌بووه.
به‌ر له نزیکه‌ی مانگێک له قوتابخانه‌ی {سه‌دا } له‌هه‌ولیر ده‌یانه‌وێت جێگر بۆ به‌ڕیوه‌به‌ری قوتابخانه‌که دابنێن.پێشنیاری مامۆستایه‌ک ده‌که‌ن بۆ ئه‌و پۆسته که هه‌موو لێی ڕازین و که‌سێکی شیاوه، پاشان وه‌ڵام له یه‌کێک له‌م لایه‌نانه‌وه، لقی دووی پارتی یا نووسینگه‌ی مامۆستایانی سه‌ر به‌هه‌مان حیزب یا له به‌رێزته‌وه دێته‌وه که نابێت ئه‌و که‌سه دابنێن چونکه شوعیه.
پاشان خوشکێک کاندید ده‌که‌ن که هاوکات ئه‌ندامی پارتیه، ئه‌ویش ڕه‌تده‌کرێته‌وه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوک و دایکی شوعین.تۆ بزانه‌به‌عس ئاسا چۆن تاقیبی خێزانه‌کانیش ده‌که‌ن و ڕاپۆرتیان له‌باره‌وه‌ده‌نووسن.هه‌ر ئه‌م کاره دزیوه پاڵی به زیره‌ک که‌ماله‌وه نا که بابه‌تێکی له رێگای کوردستاندا له باره‌وه بنووسێت .جا ئه‌مه یه‌کێکه له سه‌دان نموونه که ڕۆژانه له ده‌زگا حکومیه‌کاندا ڕووده‌ده‌ن، به‌راستی شوره‌ییه بۆ حیزبێک ئینتمای حیزبی بخاته پێش دڵسۆزی و کاراییه‌وه .
مامۆستا باوه‌ڕت بێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا و به‌هۆی باڵده‌ستکردنی ئینتمای حیزبی به‌سه‌ر دڵسۆزی و لێهاتووی و ئه‌زموندا .پرۆسه‌ی په‌ره‌وه‌رده له کوردستنادا له ئاستێکی خراپدایه و جێگه‌ی به‌زه‌ییه.
تۆ باسی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی ده‌که‌یت، که نه‌تکردوونه‌ته به‌ڕیوه‌به‌ر باشه بۆ ته‌نها یه‌ک نمونه‌ت نه‌هێناوه‌ته‌وه تا بمووتایه ئه‌شهه‌دوو ڕاست ده‌که‌یت.گه‌ر ئه‌رکی تۆ به حیزبکردنی په‌روه‌رده بێت ئیدی به چ لپژیکێک و چۆن باسی ره‌تکردنه‌وه ده‌که‌یت.من بێگومانم نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ناکه‌یت به‌ڵکو به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌یه ته‌مه‌نی ئه‌زموونی کارکردنی ته‌نها دووساڵه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به حیزبی ده‌سه‌ڵاته کردوویانه‌ته به‌ڕیوه‌به‌ر، وه‌ک له یه‌کێک له پرسیاره‌کانیشدا هاتووه.
هه‌ر له وه‌ڵامی دوای ئه‌م پرسیاره، خۆی ناگرێت و ڕاستی ده‌ڵێت .ئه‌وه‌تا له دوای بڕگه‌ی وڵامه‌که‌یدا ده‌ڵێت[ له‌هه‌موو دنیادا حیزب کۆشش و خه‌بات ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، که‌ده‌سه‌ڵاتیشی گرته ده‌ست ئاساییه ئه‌ندامانی خۆی له‌پێش خه‌ڵکی دیکه‌وه بێت بۆ دامه‌زراندن]
مامۆستا ڕاسته حیزب خه‌بات ده‌کات بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌لات و مافی خۆشیه‌تی ئه‌و حیزبه که‌سانی خۆی له هه‌ندێک له پۆسته‌کاندا دابنێت، به‌ڵام نه‌ک له وه‌زیره‌وه تا قاپیه‌وان و پاسه‌وان .نه‌ک له به‌ڕیوه‌به‌ره‌وه تا باخه‌وان، نه‌ک له سه‌رۆکی ده‌زگایه‌کی خێرخوازیه‌وه تاشۆفێری به‌رپرسه‌کان، تا تا، ئاخر ئێوه بێتامتان کردووه، ئابڕووی حیزبایه‌تیتان بردووه، هیچ بوارێکتان نه‌هێشتووه‌ته‌وه حیزب سه‌ری پێدا نه‌کردبێت و بڕیاری تێدا نه‌دابێت.
نازنم چی ده‌ڵێیت له باره‌ی په‌کخستنی خوێندن له زانکۆ‌و په‌یمانگاکانی هه‌ولێر له لایه‌ن یه‌کیه‌تی قوتابیان و حیزبه‌که‌ته‌وه ؟ ئه‌وه‌ته نه حساب بۆ خوێندکاران، سه‌رۆکی زانکۆ، وه‌زیری خوێندنی بالا و سه‌رۆک وه‌زیران ده‌که‌ن .به‌م کاره‌یان هه‌موو سنورێکی یاسایی و ئه‌خلاقیان تێپه‌ڕاندووه .
له‌و وڵاتانه‌ی ڕێز له سیسته‌می حوکومڕانی و سیاسه‌ت ده‌گرن، له کاتی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتدا له وه‌زیره‌کان و به‌رپرسی چه‌ند یه‌که‌کی ئیداری به‌لاوه حیزبی براوه ئه‌ندامی خۆی له هیچ پێگه‌یه‌کی دیکه دانانێت و بۆیشی نیه ئه‌و کاره بکات واته ده‌سه‌ڵاتی حیزب وه‌ک لای ئێمه شۆڕنابێته‌وه بۆ خواره‌وه.
له کوردستانه حه‌یاته‌که‌ی خۆمان نه‌بێت له چ ولاتێکی پێشکه‌وتوودا بیستووته به‌ڕیوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ک یا جێگه‌ره‌که‌ی حیزب داینابێت؟
سه‌یری ئه‌م وه‌ڵامه نالۆژیکه بکه‌ن، که له‌و بڕوایه‌دام خودی خۆیشی باوه‌ڕی پێی نیه.
پرسیار.له کۆی ئه‌و هه‌موو قوتانبخانانه‌ی له هه‌ولێر هه‌ن به بنه‌ره‌تی و ئاماده‌ییه‌وه ده‌توانی ناوی ته‌نها 10 قوتابخانه‌م پێ بڵێت که به‌ڕیوه‌به‌ره‌کانیان پارتی نین؟
وه‌ڵام .هه‌موو به‌ڕیوه‌به‌ره‌کان مه‌رج نیه سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بن.
پرسیاره‌که دووباره، ده‌توانیت له‌کۆی ئه‌وانه 10 مان پێ بڵێیت.؟
وه‌لام، ئاخر ناتوانم بلیم فلان پارتیه و فڵان پارتی نیه، ئه‌وه خۆش نیه من بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و شته بده‌م، به‌ڵام ده‌ڵێم له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌ڕیوه‌ر دانه‌نراوه.چقه‌یدیه که پارتیه‌و به‌ڕیوه‌به‌ره به‌ڵام ئه‌و ئامده‌باشی تێدایه.
دیاره مامۆستا باش ده‌زانێت که له هه‌موو پارێزگای هه‌ولیرو ده‌وررووبه‌ریدا قوتابخانه‌یه‌ک شک نابات به‌ڕێوه‌ره‌که‌ی پارتی نه‌بێت بۆیه ناوی هیچ قوتابخانیه‌ک ناڵێت.بێگومانم گه‌ر بیزانیایه ته‌نها قوتابخانه‌یه‌ک هه‌یه که به‌ڕیوه‌رکه‌ی سه‌ربه پارتی نیه بێ سێ‌ودوو ناوه‌که‌ی ده‌هێنا.
له وه‌ڵامێکی تردا ده‌ڵیت .گه‌ر حیزب بۆ په‌روه‌رده هاوکاروبار سوکی نه‌بێت، ئه‌وه بارگرانیش نیه بۆ ئێمه‌ی په‌روه‌رده.
سه‌یره ماۆستا به ناوی هه‌موو ماۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندکارانه‌وه ئه‌م حوکمه‌ده‌دات
.مامۆستا چۆن زانیت حیزب بارگرانی نیه به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌وه؟ دڵنیابه حیزب نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌وه به‌ڵکو بارگرانیه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاوه، حیزب ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای کۆمه‌ڵگه وهێنده‌ی نه‌ماوه بیخنکێنێت .ئێو حیزبه‌کانی خۆتان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک هێنده ناشیرین کردووه خه‌ریکه ده‌گاته ئاستی ناشیرینی حیزبی به‌عس.
حیزبه‌که‌ت و حیزبه‌که‌ی ئه‌ولاش بوونه‌ته مۆته‌که به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه، ڕۆژبه‌ڕۆژ خه‌ڵک لێتان بێزارترو تووره ترده‌بێت، جا گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌وه زیاتر ناشیرین نه‌بن، ئه‌وه به‌رۆکی میلله‌ت به‌رده‌ن وازبێنن با میلله‌ت خۆی بڕیاری شێوه ژیانی خۆی بدات.هێنده بزانه گه‌ر به‌م شیوه به‌رده‌وم بن و خۆتان نه‌گۆڕن، ئاکامی باش نابێت و خه‌ڵک له‌وه زیاتر لێتان قه‌بول ناکات .گه‌ر برواش ناکه‌یت سه‌یرێکی باژێره‌کانی کوردستان بکه .بزانه ئه‌و خه‌ڵکه له دژی کی خرۆشاوه.
له کۆتایدا پێشنیار ده‌که‌م کورسیه‌که‌ت بگوێزیته‌وه بۆ باره‌گای لقی {2 }، شوێنی شیاوی تۆ ئه‌وێیه نه‌ک ئه‌و جێگه‌ی ئێستا، چونکه تۆ وه‌ک کادێرێکی حیزبی بۆ به حیزبیکردنی په‌روه‌رده کار ده‌که‌یت نه‌ک بۆ خزمه‌تکردن و پێشکه‌وتنی پرۆسه‌ی خوێندن.
* سه‌رنج/ له سه‌روووه‌ختی جه‌نگی عێراق ئێران‌دا، به هۆی گرنگیدانی سه‌ددام به جه‌نگ، پرۆسه‌ی خوێندنی پشتگوێ خست و هێنده‌ی دیکه دواکه‌وت.هه‌ر بۆ بێرێزی کردن به‌و بواره چه‌قۆکێشه‌که‌ی به‌غدا، سه‌میر شێخلی کرده وه‌زیری خوێندنی باڵا، که پێشتر ئه‌مینداری پایته‌خت بوو، ئه‌م مرۆڤه وه‌ک ده‌رکه‌وت سێی ناوه‌ندیشی ته‌واو نه‌کردوه .له یه‌که‌م رۆژی ده‌سبه‌کاربوونیدا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به سه‌رۆک و مامۆستاکانی زانکۆکانی عێراق کردبوو، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌و قسه‌ی سه‌ره‌وه‌ی بۆکردبوون.
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌و هه‌تا په‌روه‌رده‌ش به پۆست نازانم, ته‌نها حه‌ماڵین‌و به‌س
هه‌ڤپه‌یڤین: به‌كر ته‌یفور / شڤان مه‌غدید
Feb 24 |17:25
بواری په‌روه‌رده‌و ئاسته‌نگ‌و گرفته‌كانی دنیایه‌ك پرسیار‌و قسه هه‌ڵده‌گرن بۆ به‌شێك له‌و گرفتانه له نزیكه‌وه مامۆستا عه‌بدوڵڵا سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێرمان به‌سه‌ركرده‌وه‌و ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ سازدا..
جیاوازیی له دابه‌ش بوونی مامۆستایان به‌سه‌ر قوتابخانه‌كه‌كاندا، ئه‌مه بۆ؟ هه‌ندێ قوتابخانه پڕ مامۆستا‌و هه‌ندێكیش مامۆستای میلاكیان نییه؟
مامۆستایانی ئاماده‌ییه‌كان راستییه‌كه‌ی كه‌موكورتیمان هه‌یه نه‌ك زیاده, دابه‌شكردنه‌كه‌ش یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی په‌روه‌رده‌یی ئه‌نجامی ده‌دات به‌پێی پێویستی قوتابخانه‌كان دابه‌شیان ده‌كات, هه‌ندێ پسپۆڕی وانه هه‌یه تا ئێستا كه‌موكورتیمان هه‌یه وه‌ك (ئینگلیزی, بیركاری) هه‌رچه‌نده ئه‌مساڵیش وه‌كو پێشوتر مامۆستایان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی محازه‌رات ناڵێنه‌وه، چونكه پاره‌كه‌ی كه‌مه, هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ردوو وه‌زیرانی خوێندنی باڵا‌و په‌روه‌رده له‌گه‌ڵا وه‌زیری دارایی كۆبوونه‌ته‌وه تاكو بڕی پاره‌ی محازه‌رات باشتر بكرێ, بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه له هه‌ندێ شوێندا قوتابیانی قۆناغه‌كانی 3و 4ی كۆلێژ وانه ده‌ڵێنه‌وه, به‌ڵام له میلاكی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ناو شار مامۆستای زیاده‌مان هه‌یه, له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی وه‌ك (ئازادی, شۆرش) تد, وه‌ك میلاك زۆر زیادن, ئێستا ئابڵۆقه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه داناوه, ته‌نها گه‌ر به ده‌گمه‌ن مامۆستایه‌كی ئینگلیزی یاخود پسپۆڕێكی زه‌وڕورییان پێ بووێت گه‌رنا به هیچ شێوه‌یه‌ك مامۆستایان بۆ ره‌وانه ناكه‌ین, زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ده‌كه‌ینه‌وه كه كه‌مێك له سه‌نته‌ری شاره‌وه دوورن, راستییه‌كه‌ی بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ مامۆستایان به گوێره‌ی پێویست نییه, ده‌بێت له گه‌ڕه‌كه‌كانی دیكه بۆیان ببه‌ین, ئێستا له بنه‌ڕه‌تییه‌كان بۆشاییمان نییه, به‌ڵام له هه‌ندێ شوێن مامۆستا هه‌یه 15 به‌ش وه له هه‌ندێ شوێن 20 به‌ش ده‌ڵێته‌وه ره‌نگبێ ئه‌وه‌مان هه‌بێ.
ئه‌ی باشه سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ شوێن وه‌ك قه‌ته‌وی، سه‌ركارێز، ماستاوه چ هه‌ولێكتانداوه؟ راسته بۆشاییتان نییه, به‌ڵام ئه‌و مامۆستایه‌ی له‌و شوێنانه ده‌وام ده‌كات هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له‌ناو سه‌نته‌ری شار ده‌وام ده‌كات, هه‌وڵتان نه‌داوه ئاڵوگۆڕییه‌كیان پێ بكه‌ن, چونكه ئه‌وانه مانگانه لانی كه‌م 80 – 90 هه‌زار دینار زیاتر ده‌ده‌ن به‌كریێ هاتوچۆ‌و دانیشتوی گه‌ڕه‌كانی هه‌ڤاڵان‌و ناوه‌ندی شارن؟
ئه‌وه له‌سه‌ر سنووری ناحیه‌و پارێزگا دانراوه, ناتوانم مامۆستا له گوندی قه‌ته‌وییه‌وه بده‌مه ده‌شتی هه‌ولێر, ته‌نانه‌ت شوێنه‌كانی وه‌ك به‌حره‌كه‌و مه‌مودیانیش سه‌ر به ناوه‌ندی شارن, ئامانجی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌و ناحیه‌و گوندانه له كۆڵمان ببنه‌وه, به‌ڵام به گوێره‌ی دابه‌شبه‌ندی پارێزگاكه ئه‌و گوندانه خراونه‌ته سه‌ر ناوه‌ندی شار، له‌به‌ر ئه‌وه تووشی ئه‌و كێشه‌یه بووینه, ئه‌گه‌ر نا منیش له‌گه‌ڵا ئه‌و بۆچوونه‌دام, چونكه گرفتی ئه‌وه‌مان هه‌یه، مامۆستای تازه دامه‌زراو بۆ ئێمه داناندرێ وه‌ك ناو جه‌رگه‌ی شار, كه ئه‌وه‌مان بۆ ناكه‌ن ناچارین مامۆستایه‌ك له شوێنه‌كانی وه‌ك سۆران, چۆمان ده‌نێرن بۆمان گه‌ر خزمه‌ته‌كه‌ی 3-4 ساڵا بوو ئه‌وانه ده‌نێرینه ئه‌و شوێنه دورانه‌ی كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌روه‌رده‌مان دایه, زۆرجاریش داوامان كردووه نمره‌ی تازه دامه‌زراندنمان بۆ دابندرێ تاكو بتوانین ئه‌و هه‌موو گوندانه پڕ بكه‌ینه‌وه, هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جاریش هه‌یه, كه مامۆستای تازه دامه‌زراو بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن, به‌ڵام زۆربه‌ی زۆریان ئه‌مڕۆ پاش چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌تی له دایكبوون وه‌رده‌گرێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه گرفته‌كانی من چاره‌سه‌ر ناكات, ئه‌وه‌یه كێشه‌ی ئێمه, گه‌ر نا له بواری بنه‌ڕه‌تی هیچ كه‌موكورتییه‌كمان نییه, به‌ڵام ئێستا مامۆستا فێربوونه چه‌ند به‌شی كه‌مبێ حه‌ز به‌وه ده‌كات, خۆی بڕیاره كه مامۆستای ده‌رچووی كۆلێژ كه دابمه‌زرێ ئه‌بێت 24 وانه بڵێته‌وه له‌ناو جه‌رگه‌ی شار, كه‌چی مامۆستایانی بنه‌ڕه‌تی حه‌ز ده‌كه‌ن 10 وانه بڵێنه‌وه, ئه‌مه كێشه‌یه‌كه به‌ڕاستی, هیچ قوتابخانه‌یه‌ك له ئاستی سنووری په‌روه‌رده‌كه‌م مامۆستایانی سه‌ره‌تاییمان له 24 به‌ش وانه‌ی زیاتری نییه, زیادممان هه‌یه كه‌ممان نییه, به‌ڵام له ئاماده‌ییه‌كان كه‌مێك گه‌می مامۆستامان هه‌یه.
ئێوه خۆتان داوای مامۆستایان ده‌كه‌ن بۆ قوتابخانه‌كانتان, یاخود به‌پێی میلاكات به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌یه بۆتان دیاریده‌كات؟
زۆرجار ده‌بینی له ئاماده‌ییه‌كان بۆشاییمان هه‌یه, بۆشاییه‌كی زۆرمان هه‌یه بۆ نموونه ئاماده‌ییه‌كمان هه‌یه له‌وپه‌ڕی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز ناوی پایته‌خته, ده‌بینی مامۆستای بیركاریان پێ ده‌وێت, ئه‌و مامۆستایه‌ی دایده‌نێیت ئه‌ڵێت ماڵم له گه‌ڕه‌كی هه‌ڤاڵانه یا له شۆڕشه, به كورتییه‌كه‌ی ناڕوات, سه‌رپه‌رشتیاریش توانای ره‌وانه كردنی نییه، بۆیه زۆرجار خۆمان رێگه به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده ده‌ده‌ین, ئه‌ڵێین یه‌كسه‌ر بڕیاره‌كه‌ی با به ناوی ئاماده‌یی پایته‌خته‌وه بێ, تاكو تووشی ئه‌و گرفتانه نه‌بین.
ئه‌و ماوه ئاساییه چه‌نده كه مامۆستا له ده‌ره‌وه‌ی شار‌و شوێنه دووره‌كان خزمه‌ت ته‌واو ده‌كات تا دواتر بگه‌ڕێندرێته‌وه نێو شار؟
ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌روه‌ردانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه‌ن وه‌ك چۆمان‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كمان هه‌یه وه‌ك (نزیك, دوور, دوورتر- نائی) گه‌ر ئه‌و مامۆستا تازه دامه‌زراوه له شوێنه نزیكه‌كه دابمه‌زرێت ده‌بێ چوار ساڵ‌و گه‌ر له شوێنه دووره‌كه بوو سێ ساڵا‌و گه‌ر له شوێنه (نائیه‌كه)ش بوو دوو ساڵا خزمه‌ت ده‌كات‌و ته‌واو ده‌بێت ئه‌توانێ بێته‌وه ناو جه‌رگه‌ی شار, به‌ڵام به مه‌رجێك ئه‌گه‌ر هاتوو بۆ نموونه تاكه مامۆستایه‌كی بیركاریت‌و جێگره‌وه‌ت نییه, په‌روه‌رده‌ش ناتوانێ بتگوازێته‌وه هه‌تا خزمه‌ته‌كه‌شی ته‌واو كردبێ چونكه بێ جێگره نابێت گه‌ر 4- 5 ساڵیش بێ له‌وێ مابێته‌وه.
ئه‌و ماوه یاساییه چه‌نده بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی 3 ساڵی خۆیان له چۆمان ته‌واوكردووه‌و گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه نزیك هه‌ولێر, ئایا چه‌ند ساڵی تر له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شار ده‌مێننه‌وه؟
پێت ده‌ڵێم ئه‌وه ماوه‌ی یاسایی خۆی ته‌واو كردووه, به‌ڵام سیسته‌مێك دانراوه ئه‌وانه ده‌بێ حه‌وت ساڵا ته‌واو بكه‌ن, ئه‌وجا ده‌بێ بێنه‌وه ناو سه‌نته‌ری شار, به‌تایبه‌ت بنه‌ڕه‌تی، چونكه زیاده‌مان هه‌یه, ئه‌مساڵا 16 قوتابخانه‌ی نوێمان كردۆته‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌مووی روماڵا كردووه, ئه‌وجاریش مامۆستای زیاده‌مان هه‌یه, ئێستاش بۆ نموونه په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر بڕیارێكیان داوه تا حه‌وت ساڵا ته‌واو نه‌كات نه‌یگوازنه‌وه بۆ نێو شار.
په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به هه‌مان شێوه بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر حه‌وت ساڵه؟
نا..نا..به گوێره‌ی میلاكات مان, ئه‌بینی مامۆستا هه‌یه 10 ساڵه له توڕه‌قه یانی گه‌ر هاتوو مامۆستایه‌كی زیاده‌مان هه‌بوو ئه‌توانن له جێی ئه‌و دایبنێین‌و ئه‌و بێنینه‌وه نێو سه‌نته‌ری شار.
دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه, ئه‌زموونگه‌ری, لێوه‌شاوه‌یی, یاخود ئه‌وه حزبه ئه‌ی سه‌پێنێت به‌سه‌رتاندا؟
حزب له دوور‌و له نزیك كاری به‌و مه‌سه‌له‌یه نییه, هه‌رچه‌نده پاش ده‌وام مامۆستا ئازاده سه‌ر به چ لایه‌نێكه, به‌ڵام شێوازی دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گرین له یاریده‌ده‌ری شاره‌زاییه‌كی هه‌بێت ئه‌وجا ئه‌یكه‌ینه به‌ڕێوه‌به‌ر‌و دایده‌نێن واته سه‌ربه‌خۆ داناندرێ‌و ئه‌وه به ئه‌زموونی رابردوومان فه‌شه‌لی هێناوه‌و گه‌ر به‌و فیلته‌ره‌دا تێنه‌په‌ڕبێت, چونكه گه‌ر له مامۆستایه‌تییه‌وه یه‌كسه‌ر بكرێته به‌ڕێوه‌به‌ر تووشی هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت‌و ئه‌وجا رووبه‌رووی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه ده‌بێت‌و دوور ده‌خرێته‌وه, له دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر رابردوو پاكی‌و ده‌ست پاكی‌و داوێن پاكی‌و زمان چاكی ده‌كه‌ینه‌وه، گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی نه‌بێ‌و توانایه‌كی ئیداری باشی نه‌بێ مه‌حاڵه بكرێته به‌ڕێوه‌به‌ر, هه‌بووه حزب داوای كردووه بیكه‌مه به‌ڕێوه‌به‌ر, به‌ڵام بڕیار ده‌رنه‌چووه‌و نه‌كراوه, له‌سه‌ریشم فه‌رز نه‌كراوه, به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌بووه به‌رپرسی ناوچه‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ش هه‌بووه، لامان داوه‌و دوورخراوه‌ته‌وه له به‌ڕێوه‌به‌ری.
ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك بیزانن ئه‌وه‌یه, له رێكه‌وتننامه ستراتیژییه‌كه‌ی پارتی‌و یه‌كێتیدا, ته‌واوی پۆسته به‌رز‌و نزمه‌كان له نێوان خۆیاندا دابه‌شكراون, ئێوه بۆ رێگه ده‌ده‌ن به‌و شێوه‌یه حزب ده‌ست له كاروباری په‌روه‌رده بدات؟
ئه‌و پۆسته‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت, من به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌شه‌وه به پۆستی نازانم‌و بگره حه‌ماڵین‌و جگه له گرفت‌و گرفت هیچی تر نازانم, سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌كانی پۆست‌و پۆسته‌كانی تر وه‌ك وه‌زیر‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان ئه‌وه له هه‌موو دنیادا حزب كۆشش‌و خه‌بات ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست, كه ده‌سه‌ڵاتیشی گرته‌ده‌ست ئاساییه ئه‌ندامانی خۆی له پێش خه‌ڵكی دیكه‌وه‌بێ بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه.
به‌ڵام بواری په‌روه‌رده لێگه‌ڕێن بۆ بواری په‌روه‌رده‌كاران وه‌ك خۆی؟
له بواری په‌روه‌رده من له‌گه‌ڵا وه‌زیری په‌روه‌رده كه یه‌كێتی بووه كارم كردووه, رۆژێك له رۆژان گله‌ییه‌كی له‌من نه‌كردوه, به‌و ناوه با بڵێین من پارتیشم.
مه‌سه‌له‌كه هه‌ر تۆ نییه, تۆ ئه‌ركی خۆت به‌جێ گه‌یاندووه چ ره‌خنه‌ت لێبگرێ ئه‌مه‌ش ناكرێته پێوه‌ر؟
راسته ره‌خنه‌ی له‌من نه‌گرتووه مه‌به‌سته‌كه چییه لێره, ئێستا وه‌زیره‌كه پارتییه‌و درێژه پێده‌ری به‌رنامه‌كه‌ی پێشووتره كه وه‌زیره‌كه‌ی یه‌كێتی بووه‌و جیاوازیشیان نییه.
باشه ئه‌ی به‌و حاڵه‌ته ده‌ڵێی چی مامۆستایه‌ك یه‌ك دوو ساڵه دامه‌زراوه‌و كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ر، ئه‌مه ئه‌زموون شاره‌زایی له كوێ بوو؟ گه‌ر حزب نه‌بێ كێ دایده‌نێ به‌و حاڵه‌وه؟
له ده‌ره‌وه‌ی شار ئاساییه, نه‌ك ئێستا له كاتی پێشووتریش, من خۆم ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م به‌سه‌رداهاتووه, تازه دامه‌زرابووم رایان سپاردم ببمه به‌ڕێوه‌به‌ر، له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو, ئه‌وكات تازه دامه‌زرابووم, خۆم نه‌مكرد, ئه‌وجا وتیان لانی كه‌م ببه یاریده‌ده‌ر, ئه‌وه‌یانم كرد, به‌ڵام له‌ناو جه‌رگه‌ی شار چه‌ند بنه‌مایه‌كمان هه‌یه له دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر له‌وانه ده‌بێ لانی كه‌م پێنج ساڵا خزمه‌تی هه‌بێ و ئه‌و مه‌رجانه‌ی پێشووتر ئاماژه‌م بۆكرد, ساڵانه 20 تا 30 به‌ڕێوه‌به‌ر لا ده‌درێت به بڕیاری لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان.
باشه ده‌پرسم به‌بێ دڵگرانی ئه‌توانی پێمان بڵێیت له كۆی ئه‌و هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ی له هه‌ولێر هه‌یه به بنه‌ڕه‌تی‌و ئاماده‌ییه‌كان ده قوتابخانه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان سه‌ر به پارتی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بن؟
هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان مه‌رج نین سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بن.
ده‌توانی له كۆی ئه‌وانه ده مان پێ بڵێیت؟
ئاخر ناتوانم بڵێم فڵان پارتی‌و فڵان پارتی نییه, ئه‌وه خۆش نییه من بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و شته بده‌م, به‌ڵام ده‌ڵێم له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه به‌ڕێوه‌به‌ر دانه‌نراوه, چ قه‌یدیه پارتییه, به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌باشییه‌ی تێدایه.
به‌ڵام خۆ مامۆستا گه‌لێكی زۆریش بێ لایه‌ن‌و به توانا له‌و هه‌موو پارت‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی تر هه‌یه, پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ده‌پرسم به‌سه با پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ست له په‌روه‌رده وه‌رنه‌دات‌و خه‌ڵكانی نه‌شیاو فه‌رز نه‌كات به‌سه‌ر ئیراده‌ی مامۆستایان‌و قوتابخانه‌كاندا؟
به‌رامبه‌ر به‌وه ده‌ڵێم گه‌ر حزب بۆ په‌روه‌رده هاوكار‌و بار سووكی نه‌بێت, ئه‌وه بارگرانیش نییه به‌سه‌ر شانی ئێمه‌ی په‌روه‌رده‌وه.
به به‌ڵگه‌وه پێت ده‌ڵێم ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردانه, خۆڕسكانه گه‌نده‌ڵی‌و خزم خزمێنه دروست ده‌كات, بۆیه ده‌ڵێم رێگه مه‌ده‌ن به حزب خۆی فه‌رز بكات به‌سه‌رتاندا؟
من تاقه كه‌سێكم‌و كارم به فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌وه نییه وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له‌ناو هه‌ولێر ئه‌ڵێم: ئه‌گه‌ر حزب له‌ناو شار بارسووكی نه‌بێت بارگرانی نه‌بووه له‌سه‌رجه‌م گرفته‌كاندا, هیچ كاتێك پێیان نه‌گووتووم‌و جه‌ختیان نه‌كردووه كه ئه‌وه بكه‌م‌و یا ئه‌وه نه‌كه‌م له زیانی په‌روه‌رده بووبێ, من ئه‌وه له هه‌ولێر به‌رپرسی لقی حزبم هه‌یه, پارێزگاری هه‌ولێرم هه‌یه, قه‌د ئه‌وانم رۆژێ له رۆژان فشاریان له‌سه‌ر من نه‌كردووه ئه‌و مامۆستایه بگوازمه‌وه له فڵان شوێن بۆ ئه‌و شوێنه.
ئایا گواستنه‌وه‌ی مامۆستایان له چه‌نده‌مین مانگی خوێندن راده‌گیرێت, ئایا ده‌كرێت‌و شیاوه له پاش كۆرسی دووه‌م- نیوه‌ی ساڵا به‌دواوه مامۆستا بگوازرێته‌وه, ئه‌مه سه‌رپێچی ئه‌و یاسا‌و رێسایه‌نییه كه خۆتان ده‌رتان كردووه, ئه‌م جیاكارییه بۆ؟ سه‌یر ده‌كه‌ی مامۆستایه‌ك زۆر زه‌روره بگوازرێته‌وه كه‌چی ناگوازرێته‌وه‌و ئه‌و یاسایه‌ی به‌سه‌ردا فه‌رز ده‌كه‌ن, له هه‌مان كاتدا مامۆستایه‌ك واسته‌ی هه‌یه‌و به ئاره‌زووی خۆی ده‌یگوازنه‌وه؟
نه‌خێر ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندی به حزبه‌وه نییه, خۆی زۆربه‌ی مامۆستایانی ئێمه ئافره‌تن ده‌بینی ئه‌مڕۆ هیچ گرفتێك نییه له قوتابخانه‌یه‌ك میلاكی ته‌واوه, به‌ڵام ده‌بینی به‌یانی دوو مامۆستا پێكه‌وه ده‌چنه له دایكبوون, ئیتر كێشه‌یه‌ك دێته پێش, یان به پێچه‌وانه‌وه میلاك ته‌واوه, دوو یا سێ مامۆستا له مۆڵه‌تی له دایكبوون ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌وام ده‌بینی زیاد ده‌بن, له هه‌مان كاتدا پێویستمان پێی نییه.
یانی ئاساییه له پاش كۆرسی دووه‌م مامۆستا بگوازرێته‌وه؟
له كاته زه‌روره‌كاندا گه‌ر مامۆستایه‌ك چووه له دایكبوون, بۆشایی دروست نابێ, ناچار مامۆستایه‌ك بگوازرێته‌وه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه, ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ن هه‌ر جولانه‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره به‌هی حزبی ده‌زانن, خۆی له راستیدا وانییه, ئه‌وه پێداویستی په‌روه‌رده‌یه ئه‌وه ده‌خوازێت, نموونه‌مان هه‌یه ئێستا له گوندی مه‌مودیان سێ مامۆستای ئافره‌ت پێكه‌وه مۆڵه‌تی له دایكبوونیان هه‌یه فه‌رموو چی له‌وه ده‌كه‌ی؟
زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان مه‌رجی په‌روه‌رده‌ییان نییه (ده‌رگا, په‌نجه‌ره‌ی كۆن, دیواری پیس, نه‌بوونی باخچه, نه‌بوونی هۆڵا , wc) كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئاوڕێك له‌م بوارانه بده‌یته‌وه؟
به‌س باسی ناو شار ده‌كه‌م ساڵانه له ناوه‌ندی شار ئینجا ئێوه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ته‌ماشای په‌روه‌رده بكه‌ن, به‌س ساڵی پار 16 قوتابخانه له نوێ كراونه‌ته‌وه نۆ باخچه‌ی ساوایانیش تا مانگی 9ی 2010 له‌وانه‌یه تا ئێستا چواری دیكه‌ش ته‌واو بووبن, به‌ڵام نه‌متوانیوه به‌كاریان بێنم چونكه كاته‌كه دره‌نگه, ساڵانه نزیكه‌ی 100 قوتابخانه‌ش نۆژه‌ن ده‌كه‌ینه‌وه جگه له‌وه‌ی ته‌ئكید له‌و قوتابخانه‌ش ده‌كرێته‌وه كه زیاتر با بڵێین باری بینایه‌كه خراپ بووه‌و كۆن بوون, له‌وانه‌یه ساڵانه 4 – 5 بینایه‌ی قوتابخانه‌ی كۆن تێك بده‌ین‌و له نوێ دروستیان ده‌كه‌ینه‌وه, به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆمان دیاریكراوه ناتوانین، 527 قوتابخانه‌م هه‌یه به ساڵێك هه‌ر هه‌موویان نۆژه‌ن بكه‌مه‌وه, به‌ڵام شتی گرنگ هه‌یه‌و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن, ساڵانه هه‌تا 50 قوتابخانه نۆژه‌ن‌و نوێ دروست ده‌كه‌ینه‌وه هه‌رچه‌نده گله‌ییمان به گشتی له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان هه‌یه ئه‌ویش قوتابخانه هه‌قه به موڵكی خۆیانی بزانن، چونكه موڵكی گشتییه.
بۆ چ سه‌رده‌می پێشوو زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان گروپی شانۆییان هه‌بوو, كه‌چی ئێستا هیچ قوتابخانه‌یه‌ك بایه‌خ به‌و لایه‌نانه نادات‌و گروپی وه‌ك (هه‌ڵپه‌ڕكێ, شانۆ, موزیك...هتد) دروست ناكه‌ن؟
ئێوه ده‌تانه‌وێ له هه‌موو قوتابخانه‌كان ئه‌و شتانه هه‌بێ, به‌ڵام هاوینان ساڵانه له 4- 5 قوتابخانه خولی شانۆ, موزیك, وێنه‌كێشان هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ئاستی ناو جه‌رگه‌ی شار چالاكی قوتابخانه‌كان به‌م كاره هه‌ڵده‌ستن خولی پێشخستنی تواناكانی قوتابی, له هه‌مان كاتدا ئه‌و قوتابیانه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن كه به‌هره‌یه‌كی هونه‌رییان هه‌یه, ساڵانه بۆ ئه‌و بوارانه پێشبڕكێیه‌ك دروست ده‌كرێت, له هه‌مان كاتدا توانیومانه له هه‌ندێ قوتابخانه‌دا به بواری كادیری هونه‌ری پڕ بكه‌ینه‌وه.
زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان كۆمپیوته‌ریان هه‌یه, به تیئۆریش ده‌یخوێنن, به‌ڵام به پراكتیكی ناخوێندرێ‌و ته‌نانه‌ت قوتابیش هه‌یه نازانێت دایبگیرسێنێ ئه‌مه بۆچی؟
داوای لێبوردن ده‌كه‌م زۆربه‌یان نا, ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه راسته ته‌نها ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه كاتی خۆی له‌لایه‌ن تیپی زه‌یتونی كۆریییه‌كان دروستكران, ئه‌وانه كۆمپیوته‌ریان له‌گه‌ڵا بینایه‌كه بۆ دابین كرد, ئه‌وانه به‌ڵێ پارێزراون‌و كارییان پێ كردووه, به‌ڵام گه‌ر بپرسی له هه‌موو قوتابخانه‌كانی تر تاقیگه‌ی كۆمپیوته‌ریمان هه‌یه, ئه‌ڵێم نه‌خێر چونكه بینایه‌كانمان زۆربه‌یان كۆنن.
هه‌وڵ نه‌دراوه مامۆستایانی دایه‌نگه له مۆڵه‌تی له دایكبوون كه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه ده‌وام ژوورێكی تایبه‌ت له قوتابخانه‌كانیان بۆ منداڵه‌كانیان بكرێنه‌وه؟
پێمان باشه, دایه‌نگه هه‌بێ, به‌ڵام به مه‌رجێ دایه‌نگه‌كه له‌گه‌ڵا باخچه‌ی ساوایاندا نه‌بێت, دایه‌نگه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت وه‌ك باخچه, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌ك منداڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵا خۆی ده‌بات, ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی ئه‌وه نیو ئه‌وه‌نده ئاگاداری منداڵه‌كانی تر نابێت, له قوتابخانه‌كانیش نابێت چونكه به هه‌مان شێوه ده‌بێت به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دام دایه‌نگه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی وه‌ك باخچه‌ی ساوایان سه‌ربه‌خۆ دروست بكرێن.
هه‌رچه‌نده پرسیار له بواری په‌روه‌رده زۆره, به‌ڵام ئێمه لێره‌دا پرسیاری خۆمانمان كرد حه‌ز ده‌كه‌ین دوا په‌یڤی ئێوه بزانین چییه؟
وێڕای سوپاس‌و ده‌ستخۆشیتان, حه‌ز ده‌كه‌ین شته‌كان بێنه ناو بابه‌ته‌وه باشتره له‌وه‌ی به‌س له ده‌ره‌وه ته‌ماشای دۆخه‌كه بكه‌ن, چونكه ئێمه له‌ناو په‌روه‌رده‌ین هه‌ر له وه‌زاره‌ته‌وه تاكو مامۆستا‌و قوتابخانه‌كان هه‌ر هه‌موویان به هێز‌و توانای خۆمانه‌وه له خزمه‌تی قوتابی‌و په‌روه‌رده داین, كاره‌كته‌ره‌كه گرنگه هه‌موو شتێك نه‌خه‌نه قاڵبی حزبابه‌تییه‌وه, كاری خۆمان ده‌كه‌ین‌و هیچ كارمان به‌و شتانه‌وه نییه.
.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
