خواستی خەڵک لە نێوان مامەڵەو سەودای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا ... شێنێ بەکر

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان ئەوەیان سەلماند کە خەڵکی کوردستان تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی دەنگی خۆیان.خەڵکی کوردستان هێشتا وابەستەی لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانەکەن بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، هەربۆیە گوتارو ڕەفتاریان لە ئەجنداو گوتاری ئەولایەنانەوە سەرچاوەدەگرن.هەڵبەت من مەبەستم نییە ئەم دەستەواژەیە بگشتێنم، بەڵام ئەو دەنگەی کە ئەم دەستەواژەیەی بە سەردا جێبەجێ نابێ، هێشتا زۆر لەوە لاوازترە بتوانێ سەربەخۆ و کارا و هاودەنگ بێتە مەیدان.

دەبێ سەرەتا دان بەوەدا بنێین کە کۆمەڵگای ئێمە بەشێکە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.دیارە ئەو کۆمەڵگایانەیش بە گشتی ئالوودەی گەندەڵیی هەمەلایەنەن و ئەم ڤایرۆسە ڕۆچۆتە ژیانی خێزان و تاکەکانیشەوە.دیارە لەو زەریا جەهەنمەدا هەرێمی بچوکی وەکو هەرێمی کوردستان نابێتە دورگەیەک لە بەهەشت.لەناو کۆمەڵگای کوردیشدا ئەوە هەر تاکی کوردە خۆێ لە دوو سێ فەرمانگە دامەزراندوەو بێ ئەوەی دەوام بکات ڕزقی چەند تاکێکی تری کۆمەلگاکەی خۆی دەخوات و هەندێکیشیان خۆیان بە ئەشرەفی شەریف دەزانن و خەڵکی تر بە گەندەڵ.ئەوە هەر تاکی کوردە کە لە ئەوروپا دەرفەتی بۆ ڕەخساوەو لەماڵەوە بێ بەرهەم دادەنیشێ و مووچەی بێ کاری وەردەگرێ و لەولایشەوە داوای چاکسازی لە کوردستان دەکات.ئەوە هەر تاکی کوردە کە تەنها خۆی بە ڕاست دەزانێ و پیی وایە ئەگەر لەگەڵ ئەو نەبی، ئەوا دوژمی ئەوی.ئەوە هەر تاکی کوردە کە لە ئەندام و سەرۆک فراکسیۆنی لایەنێکی دەسەڵاتەوە وەکو "حەربا" و کەرکەدەنەکە خێرا ڕەنگی دەگۆڕێ و بە قودرەتی قادر دەبێتە ئەندام و سەرۆک فراکسیۆنی لایەنێکی دژ.ئەوە هەر تاکی کوردە کە ڕۆژێک بۆ لایەنێکی دەسەڵات دەخوێنێ و ڕۆژی دواتر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و لیی دەخوێنێ و ڕۆژی دواتریش لە ئۆپۆزسیۆنەکەیش دەکشێتەوە.ئەوە هەر تاکی کوردە کە لە لایەنێکی دەسەڵاتدا ئامادەیە باز بەسەر دەیان کادردا بدات و بە تەزکیەیەک پلەیەکی بەرز وەربگرێ، کەچی کە لەمپەرێکی دێتەبەردەم، لەشەووڕۆژێکدا دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی یاساناس و متمانە پێکراوو باس لە گەندەڵی دەکات.خۆ کۆمەڵگەو دەزگاو دەوڵەت و سیستمی حکومڕانیی ئێمەیش هەر لەو خەڵکە پێک دێن.حزبەکانی کوردستانیش سەرچاوەی جەماوەرییان هەر ئەو خەڵکەی کوردستانەو سەرکردەو هەڵسوڕێنەرەکانیشیان ئەوانی سەردەمی شاخن.خۆ لە سەرکردایەتیی لایەنەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە کەسێکی دیاری وەها بەدی ناکرێ کە بە سیستمی کارو حوکمڕانیی کۆمەلگایەکی پێشکەوتووی وەکو ئەوانی ڕۆژئاوا بارگاوی بووبێ و بتوانێ لە کوردستان کاری پێ بکات.هەربۆیە فرە حزبی و بوونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، ئا لەم قۆناغەدا جگە لە ڕووکەش، ڕیشەو بنەمایکی تۆکمەی نییەو، سەرەنجام هەوڵەکانی گۆڕانکاری هەمیشە بێ ئاکامن.

دیاردەیەکی زۆر ئاسایی و تەندروستە کە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی بگۆڕێ.ئەم جۆرە گۆڕانەیش لە سەرهەڵدانی بزوتنەوە سیاسیە مافخوازەکانی جیهاندا بەرچاوە.بەڵام ئەوە دیاردەیەکی ناتەندروستە کە جوڵانەوەیەکی سیاسی ئامادەکاری بۆ بزاڤێکی سیاسی دەکات، سنگی منداڵ و گەنج بە گوللەوە دەنێ لە پێناوی ئامانج و دەستکەوتی سیاسیی خۆی، بەتایبەتی لە ژینگەیەکی وەکو ئەوی هەرێمی کوردستاندا کە پێکهاتە سیاسی و ناوچە جیاجیاکانی هاوسیفەتن و، تەنها بەهۆکاری سیاسی، هەمیشە بە چاوی گومان و دوژمن لەیەکتر دەڕوانن.

ئەمە سەرباری ئەوەی کە لایەنە سیاسیەکان ئەوەندەی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی تایبەتی گروپێک دەکەن، نوێنەرایەتیی ئایدۆلۆجیایەکی جیاواز ناکەن.مێژووی دروستبوونی زۆرینەی هەرەزۆری حزبەکوردیەکان هەمیشە بۆ ناکۆکی و لەتبوونی حزبێکی تر دەگەڕێتەوە لەسەر بەرژەوەندیی تایبەت، نەک لەسەر بنەمای خزمەتکردن و چۆنیەتیی گەیشتن بە ئامانجێکی نەتەوەیی.دواترین نموونەی ئەو لەتبوونەیش ئەوی بزوتنەوەی گٶران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.سەرکردایەتیی بزوتنەوەی گۆڕان کە بەشێک بوو لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەماوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، بەر لە شەڕی ناوخۆو کاتی شەڕو پاش یەکگرتنەوەی ئیدارەکانیش، چەندین پۆستی حزبی و حکومیان وەرگرتوەو کەم و زۆر بەرپرسیاربوون لە دەستخستنە بینەقاقای خەڵک و بەرەوپاشبردنی ناوچەی سلێمانی.خۆ ئەوانەی ئێستا ئەم بزووتنەوەیە بەڕێوەدەبەن تا بەر لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەکە هاودەنگ و هاوکار و سەرخەری کارو شیوازی کاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون.وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا، گۆڕانی ئایدۆلۆجیاو کولتوری مرۆڤ پرۆسەیەکی درێژخایەنەو لە ماوەی چەند ڕۆژ و مانگێکدا نایەتە بەرهەم.کەواتە ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەرەنجامی خەمی خەڵک نەبوو، بەڵکو لە ناواخندا هەر دەسەڵاتە، بەڵام لە بەرگێکی جیاوازدا خۆی دەنوێنێ.هەربۆیە نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە لە جیاتی ئەوەی بتوانن بە شێوازێکی جیاوازو کاریگەر داکۆکی لە بەرژەوەندیەکانی خەڵک بکەن، هەر ئەوەندە دەزانن بە تەشەنوجەوە بکەونە گفتوگۆ، یان هۆڵی پەرلەمان بەجێ بێڵن.بەجێهێشتنی هۆڵی پەرلەمان نیشانەی بێ ئیرادەیی و کەمتوانایی و نەبوونی پەرۆشیی ئۆپۆزسیۆنە بۆ داکۆکیکردنی کاریگەرانە لە خواستی خەڵک.کاتێکیش کە وەکو کەمینەیەک ناتوانن قبوڵی پێگەی خۆیان بکەن، پەنا بۆ سیناریۆی دیکە دەبەن.

هەندێ جار خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵک لە کوردستان بە خۆڕسک ناودەبرێن.بەڵام وەکو پێشتر ئیشارەتم پێکرد، خەلک هێشتا نەبۆتە خاوەنی دەنگێکی دلێری سەربەخۆی وەها کە بێ دەستتێوەردانی لایەنێکی سیاسی بێتە مەیدان.هێشتا بەرژەوەندیی خەڵک لە بەرژەوەندیی تایبەتی لایەنە سیاسیەکان جیانەبۆتەوە.کەواتە ئەم ڕووداوانە، بەڵی وەڵام بوون بۆ گەندەڵی و ناعەدالەتیەکانی دەسەڵاتی حزب، هاوکات دەرەنجامی لەتبوونی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان و سیاسیەکانی ناو یەکێتی و گۆڕان و تەصعیدی ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزسیۆن و نەفەسکورتیی ئۆپۆزسیۆن بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و ئەو "سیناریۆ"یە بوون کە بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای بەیاننامەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت ئاماژەی پێدا.بوونی ژمارەیەکی زۆری لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنیش لەناو ڕیزی خۆپیشاندەراندا بۆخۆی بەڵگەیەکی تری ئەم ڕاستیەیە.پێشکەوتنی هەندێ لە ڕووداوکانیش لەلایەن سایتێکی وەکو کوردستانپۆستەوە بۆ خۆی دیسان دەیسەلمێنێ کە سیناریۆی لایەنێکی سیاسی بۆ ڕووداوەکان لە ئارادان.هەربۆیە جموجوڵەکانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە بە گومانەوە تەماشا کراو توندوتیژیی وەکو بەردبارانکردنی بارەگاو تەقەکردن لە خەڵک و کوشتاری گەنج و منداڵی بێتاوانی لێ کەوتەوە، بەجۆرێک کە رۆڵەی هەژاری کورد لەلایەک بەگوللەی چەکدارەکانی حزبێکی دەسەڵات و لەلایەکی تر بە پیلان و گوللەی چەند دەستێکی ناو خۆپیشاندەران تەنها بۆ مەرامی سیاسیی لایەنێکی دیاریکراو شەهید دەکرێن.هەرزوویش ئەم قوربانیانەو هەڵوێستی بنەماڵەکانیان دەکرێن بە قوربانی ئەو گەمە ناڕەوایەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.ئەمە جگە لەوەی وادەردەکەوێ دەرفەت بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتی تایبەتی هەندێ کەس و لایەنی تریش ڕەخسابێ وەکو سوتاندنی کەناڵی نالیاو شەهیدکردنی پۆلیسەکەی هەڵەبجە.

جا لەم گەمە سیاسیەداو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی ناو خودی کۆمەڵگای ئێمە کە گەندەڵی و ناعەدالەتی کولتورێکەو ڕۆچوەتە ناو تاک و خیزان و سەرەنجام گروپ و تاقمە کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسیەکان و گشت کۆمەڵگا، پێناجێ داخوازییەکانی خەڵک و تەنانەت وەکو ئۆپۆزسیۆن داوادەکات، هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەلبژاردنەوەی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ و تەنانەت دەستلەکارکێشانەوە و هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێمیش ئاکامیکی ئەوتۆی لێبکەوێتەوە، جگە لە گۆڕینی چەند ڕوخسارێک.ئەوانەیش کە نیازە ئەو شوێنانە بگرنەوە، خاوەنی هەمان ئەیدۆلۆجیاو پەروەردەی کۆمەڵایەتی و سیاسین، بۆیە لەوانی ئێستا باشتر نابن.

هەڵبەت دەردی باڵاخانەیەک کە بناغەو دارودیواری بۆش و ڕزیوبن، تەنها بەگۆڕێنی خشتێک و دوان چارەسەر نابێ، بەتایبەتی ئەگەر کەرەستە نوێیەکانیش وەکو کۆنەکان هەر داڕزیوو داخوراوبن.بەڵکو دەبێ چاکسازی ڕیشەیی لە سەروبەری ئەم باڵاخانەیدا بکرێ، کە لە واقیعی حاڵی ولاتی ئێمەدا خۆی لە گۆڕانی عەقلیەت و بیرکردنەوەو ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیدا دەبینێتەوە.ئەمجا ئەم گۆڕانانە لە ئەجنداو کاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا ڕەنگدەداتەوەو سەرەنجام خەڵک سوودمەند دەبێ.ئێستا خواستی خەڵک ڕەنگدانەوەی خواستی لایەنە سیاسیەکانە.شەڕی خەڵک شەڕی لایەنە سیاسەکانە.جا بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازیی سەرکەوێ دەبێ ئەم هاوکێشەیەی نێوان حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و جەماوەر پێچەوانە ببێتەوە.دەبێ ئەجنداو بەرنامەی لایەنە سیاسیەکان ڕەنگدانەوەی خواست و پێداویستیەکانی خەڵک بن.دەبێ ئەوان شەڕی خەڵک لە پەرلەماندا بکەن، نەک خۆیان لە هۆڵی پەرلەمان هەڵبێن و شەڕی خۆیان لەسەر شەقام بەخەڵک بکەن.بۆیە بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا دەبینرێ ئەوەیە کە خەڵک و خواستەکانی لەبەرداشی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و بێ ڕەحم و ئۆپۆزسیۆنێکی هەلپەرست و هاوخاسیەتی دەسەڵاتدا دەهاڕڕێ.

شێنێ بەکر

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.