ماوه‌یه‌كه جارێكی دیكه، هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسه ئازا‌و ئازاد‌و بوێرانه‌ی كه جڵه‌وگیری بڕیاری حزبی نین و نابن و خاوه‌نی هزرو دیدی خۆیانن بۆ پێشهات و رووداوه گه‌رمه‌كان، سه‌ریهه‌ڵداته‌وه‌و به‌شێوازی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یه‌كێكیش له‌و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسه كه‌ركوییانه‌ی كه له‌م رۆژانه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه، سكرتێری لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، (له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج) ـه، له‌تیف فاتیح خاوه‌نی هه‌ر بیروبۆچوون و ئایدیایه‌ك و سه‌ربه هه‌ر حزبێكی سیاسی بێت، یان نا، ئه‌و مرۆڤه: نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و چالاكوان و داكۆكیكارێكی دیاری پرسی ئه‌نفال و كه‌ركوك و مافی چاره‌نووس و ژماره‌یه‌ك پرسی چاره‌نووسسازی دیكه‌یه له شاره‌كه‌داو تا ئێستاش زۆرێك له رۆژنامه‌نووسه گه‌نجه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و كه‌ركوك قه‌رزاری له‌تیفن، چونكه ئه‌و دڵسۆزانه له خه‌می پێگه‌یاندن و تێگه‌یاندنیان بووه‌و بۆ ئاشنابوون به بواری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی ده‌ستیگرتوون و هه‌رنا سوودیان له تواناكانی وه‌رگرتووه، له‌تیف خاوه‌نی نزیكه‌ی (22) كتێب و نامیلكه‌ی جۆراوجۆره‌و زۆربه‌شیان له‌سه‌ر پرسی ئه‌نفال و كه‌ركوك و دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌یه‌تی، كه‌سێكه تا ئێستا پرۆسه‌ی ده‌مچه‌وركردن و ده‌سته‌مۆكردن په‌ی به رۆحی ئه‌و نه‌بردووه، له كاتێكدا له‌تیفیش وه‌كو هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا، مرۆڤه‌و مافی خۆیه‌تی خه‌م له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی بخوات، به‌ڵام ئه‌و نه‌هاتووه وه‌كو خه‌ڵكانێكی دیكه حزب وه‌كو كۆمپانیای خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن به‌كاربهێنێت و بازرگانی به دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌یه‌وه بكات.جا ئه‌گه‌ر پرسه‌كه تیرۆر‌و ره‌شه‌كوژی بێت، خۆ سۆرانێكیان له كه‌ركوك جوانه‌مه‌رگ كرد، به‌ڵام ده‌یان سۆرانی دیكه له كه‌ركوك و باشووری كوردستان درێژه‌یان به‌و كاروانه‌دا كه سۆرانیش رێبوارێكی ماندوونه‌ناسی تازه به گڕوگاڵ هاتووی ئه‌و كاروانه بوو، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی مرۆڤی خاوه‌ن قه‌ڵه‌می راستگۆ‌و بوێر، هه‌رگیز سڵ له مه‌رگ ناكاته‌وه‌و هه‌میشه له ده‌ربڕینی راستییه‌كان سه‌رقافڵه‌ی كاروانه‌كه‌یه، بۆیه هه‌ڕه‌شه‌كردن له رۆژنامه‌نووس له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج، به هه‌ر پاساو و بیانوویه‌كه‌وه‌و له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیشه‌وه بێت، جگه له ریسوایی هیچ شتێكی‌تر بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی نامێنێته‌وه.تكاشم وایه با به‌س بێ هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكردن و خه‌فه‌كردنی ده‌نگه ئازاد‌و بوێره‌كان، ئه‌وانه‌ی دڵسۆزی دۆزی ره‌وای نه‌ته‌وه‌و چین و توێژه سته‌مدیده‌كانی گه‌لن، چونكه ئه‌وانه ده‌نگی راسته‌قینه‌ن و به ڕه‌ش ده‌ڵێن ره‌ش و به سپیش سپی.پێرێ هه‌ڕه‌شه‌كردن له ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی و دوێنێش ده‌سگیركردنی عه‌لی مه‌حمودو ئه‌مڕۆش هه‌ڕه‌شه‌كردن له له‌تیف فاتیح و داخوا سبه‌ینێ كام هه‌قبێژێك ده‌بێته ئامانجی نیشانه شكێنه‌كانی ئه‌وانه‌ی چاویان به ئازادیی كوردستان و ئاسووده‌یی گه‌ل و ده‌ربڕینی راستییه‌كانه‌وه هه‌ڵنایه‌ت و هه‌ڵگری په‌یامی (هه‌موو شتێك بۆ من و هیچ بۆ تۆ) ن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
