زۆرن ئه‌وانه‌ى کاتى خۆى به هۆى پێونوسى هه‌ڵپه‌رستیه‌تى و زمانى داهێنه‌رى قێزه‌ونترين جنێوى سه‌رده‌مى شه‌ڕى براکوژى، له هیچه‌وه بونه خاوه‌ن پله وپایه‌یی به‌رزو داهاتى خه‌یاڵاوى له کوردستان.هه‌رجاره‌ى له ميدیاکانى کوردستان چاوم به‌ناو یان چاره‌ى یه‌کێ له‌م زاته نانه‌جیبانه ده‌که‌وێ، یه‌کسه‌ر شه‌ڕى نه‌گریسى براکوژيم دێته‌وه ياد و هێشتنه‌وه‌شيان له پله وپایه به چه‌کێکى ژه‌هراوى هه‌ڵگيراو بۆ سه‌رده‌مى شه‌ڕێکى نه‌خوازراوى تر ده‌زانم ئه‌مه له لایه‌ك و له لایه‌کى تریشه‌وه به هانده‌رێك بۆ دورسبونى سه‌دان قه‌ڵه‌م و زمانى تر‌ى له‌م جۆره.
ڕه‌خنه گرتن له ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌ت وپه‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان له سه‌ر ناعه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و گه‌نده‌ڵکارى، ناچێته خانه‌ى شه‌ڕانگێزى و ئاژاوه نانه‌وه، به‌ڵکو بێ ده‌نگبون لێیان ده‌بێته هۆى له ناوچونى ئه‌و ئه‌زمونه‌ى ئێستا، به‌ڵام هه‌رگيز نابێ ڕه‌خنه‌گر مافى به‌کارهێنانى زمانى ته‌خوين و ته‌شهيرکردنى به‌خۆى بدا و ئه‌وانه‌ى په‌نا بۆ ئه‌م جۆره زمانانه ده‌به‌ن بێگومان ئه‌وانیش ده‌چنه خانه‌ى پێنوس و زمانه هه‌ڵپه‌رسته‌کانى سه‌رده‌مى شه‌ڕى ناوه‌خۆ.
میدیاى کوردى هه‌روه‌ك چۆن له سه‌رده‌مى شاخ چه‌کێکى کاریگه‌ر بوو بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ى ڕ‌ژێمى سه‌ددام، به‌داخه‌وه له‌سه‌رده‌مى شه‌ڕى براکوژیشدا چه‌کێکى کاریگه‌رتر بوو له خۆش کردنى ئاگرى شه‌ڕى ماڵوێرانى و خۆ کوژى، جارێکى تريش به‌داخه‌وه ئێستاش میدیاى کوردى ( ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن+ ئه‌هلى) ده‌یانه‌وێ گه‌له‌که‌مان توشى ماڵوێرانیه‌کى تر بکه‌نه‌وه
دڵسۆزى له‌وه‌دایه که میدیاى کوردى پێش ئه‌وه‌ى شتێك بڵاوبکاته‌وه، به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى ڕه‌ش و ڕووتى کورد وپاراستنى ئه‌زمونه‌که‌ى له به‌رچاوبگرێ، نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نێك کار له سه‌ر سۆزیان بکا.ده‌سه‌ڵاتیش نابێ له ڕێگه‌ى میدیاوه په‌رده‌پۆشى گه‌نده‌ڵى وناعه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى بکا، به‌ڵکو ده‌بێ میدیاى کوردى به حیزبى و ئه‌هلیانه‌وه له خه‌مى خزمه‌تکردنى کۆمه‌ڵگا دابن و بننه هانده‌رێك بۆ ڕیشه‌کێشکردنى گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى وکاڵکردنه‌وه‌ى توندڕه‌وى حیزبایه‌تى، خێڵه‌کایه‌تى، ناوچه‌گه‌رى، دواى که‌وتووى که‌ڵتورى ..هتد
به‌رپرسانیش ده‌بێ له جیاتى هه‌ڕه‌شه‌و گوڕشه، دان به‌بونى کێشه‌کان بنێن (الإعتراف بالخطأ فضيلة) و به‌په‌له چاره‌یان بکه‌ن.ئه‌وه چه‌ندين ساڵه خه‌ڵك به شێوه‌ى جواروجۆر بێزارى خۆى له گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌رده‌بڕێ و که‌چى حیزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات هه‌موو کۆمه‌ڵگایان له به‌شێك له ئه‌ندامان ولایه‌نگرانى خۆیاندا کورتکردۆته‌وه‌و ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکيش هه‌ر بێ ده‌نگ بن و نه‌ڕژێنه سه‌ر جاده!
بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى کاریگه‌رى میدیاى هه‌ڵپه‌رستان ده‌ڵێم:
ئه‌وانه‌ى به‌ردى بناغه‌ى گه‌نده‌ڵیان له کوردستان داڕشت، ئه‌و که‌سانه بون که حیزبى بونیان کرده مه‌رج بۆ دامه‌زراندنى خه‌ڵك له دام وده‌زگاکانى حکومه‌ت، کاریشيان گه‌یانده ئه‌وه‌ى قۆرخى بازاروهه‌موو جومه‌گاکانى ژیانى خه‌ڵک بکه‌ن هه‌تا کاریان گه‌یاندیانه ڕه‌نگى فایلى موعامه‌له‌ى خه‌ڵکیش له دام وده‌زگاکانى حکومه‌ت که ده‌بێ له ڕه‌نگى ئاڵاى حیزبه‌کانیان بێ! ئه‌م نمونه‌یه‌شم بۆیه هێناوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى کورد له بچوکترین شته‌وه تا ده‌گاته نوسینگه‌کانى خۆیان پێدا بچنه‌وه‌و بزانن خه‌ڵك له چى ناڕازیه‌و ڕۆژانه به‌چى هه‌ستى بریندار ده‌کرێ.ئه‌گینا خه‌ڵك خاك ونه‌ته‌وه‌ى خۆى خۆش ده‌وێ دواى بانگه‌شه‌ى ميدیاى هه‌ڵپه‌رستان ناکه‌ون، ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌گه‌نده‌ڵى وناعه‌داله‌تى له به‌رچاویان ڕه‌ش نه‌کرێن.
جمال مه‌لاقه‌ره
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
