ژمارەی ئەندامی حزبەكان، زێترە لەژمارەی دانیشتووانی كوردستان ... ئا: فەرەیدون بێوار

بەهۆی ئەو فۆرمە كلاسیكییەی حزبەكوردستانییەكان پەیڕەوی دەكەن، كەجەخت دەكەنەوە سەر چەندێتی ئەندامێتی نەك چۆنێتی، ناوەندەكانی خوارەوە مانگانە بەردەوام ناوی خەیاڵی و ئەندامی خەیاڵی بەرز دەكەنەوە بۆسەرەوە، بەتایبەتی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان، كادیرێكی پارتیش دان بەو رێژەخەیاڵییەدا دەنێت و ئاشكراشی دەكات كەمەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئاگاداری ئەو كارە، بەڵام چاوپۆشی لێدەكات.

یەكێتی نیشتمانی ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە (600) هەزار ئەندامی هەیە، كەچی لەهەڵبژاردنی 7/3، تەنیا (400) هەزار دەنگی هێنا.پارتیش ئیدیعای ئەوە دەكات كەزێتر لە(700) هەزار ئەندامی هەیە، بەڵام لەهەڵبژاردنەناوخۆییەكانی پارتی بۆئەندامێتی كۆنگرە، رێژەی بەشداربوون لە%60 تێپەڕی نەكردووە، كادیرێكی پارتی پێیوایە ئەو %60ە رێژەی راستەقینەیەو %40ەكەی زۆبەی ئەندامی خەیاڵییەو بوونی نییە، هەشە لەبەر ناڕەزایی و گازندەبوونی لەپارتی دەنگی نەداوە.ئەو پێیوایە لە%90ی ئەندامانی راستەقینە بەشداری دەنگدانیان كردووە.بۆنموونە لەناوچەی بنەسڵاوە، زێتر لە (3) سێ هەزار ئەندامی هەیە، كەچی (1600) هەزارو شەش سەد ئەندام بەشداری دەنگدانیان كردووە.

هەوڵمدا كەبەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی، یان كارگێڕێكی ئەو مەكتەبە بدوێنم، بەڵام كەسیان ئامادەی لێدوان نەبوون.

مامۆستایەكی زانكۆ جەخت لەوە دەكاتەوە، كەحزبەكوردستانییەكان تەقلیدین و پێویستیان بەگۆڕان هەیە لەرووی كاری حزبایەتییەوە، بەتا‌ویبەتی ئەندام وەرگرتن.ئەمین فەرەج، شارەزا لەزانستی سیاسی، لەم بارەیەوە وتی "حزبە كوردستاییەكان فۆرمی حزبایەتیان لەبنەما رۆژهەڵاتییەكەیەوە وەرگرتووە، كەزێتر جەخت دەكاتەوە سەر چەندێتی ئەندامێتی و سەنتەرنالیزمی و پابەندبوون بەبنەماكانی حزب، ئەم فۆرمە لەكاركردنی حزبایەتی دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی سۆڤییەتی جاران.

ئێستا ئەم فۆرمە لەدنیادا باوی نەماوە، لەئەوروپا فۆرمی نوێ بریتییە لەپرۆژەی سیاسی، كە ئەو ئەندامە لەكاتی هەڵبژاردندا پابەند دەبێ بەو پارتە سیاسییەی كەئەندامە تێیدا، زێتر جەخت دەكەنەوە سەر چۆنێتی ئەندامێتی نەك چەندێتی".

ئەو مامۆستایە پێیوایپە لەكوردستاندا فەوەزایەك هەیە بەناوی ژمارەی ئەندامانی حزب، ئەو فەزایەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یاسا "لەبەر ئەوەی لەكوردستاندا یاساو بودجەی حزبایەتی یەكلایی نەبووەتەوە، هەموو حزبێك هەوڵدەدات رایبگەیەنێت كە زۆرترین ئەندامی هەیە، بۆیە ئەو كێشەیە بەرچاوە.ئەو ژمارەیەی لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە بۆ ئەندامێتی حزبەكەیان رادەگەیەنرێت ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبینین كە ئەو رێژەیەی رادەگەیەنرێت لەگەڵ رێژەی راستەقینەیان زۆر جیاوازە.بۆنموونە پارتی ئەو ژمارە مووچەخۆرانەی كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی هەیەتی، جیاوازە لەگەڵ ژمارەی ئەو دەنگانەی كە بەدەستی هێناوە.بۆیە پێویستی حزبەكوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتی و پارتی، بەخۆیاندا بچنەوەو شێوازی ئەندامێتی و حزبایەتی بگۆڕن كە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت.بەجۆرێك نەجەماوەر چەواشەبكەن بەوەی كەئەندامی زۆریان هەیە، نە حزبەكەیان بەرەو پوكانەوە بەرن.بەڵكو جەخت بكەنەوە سەر چۆنێتی ئەندامێتی وئاستی رۆشنبیری و سیاسیان".

زۆرێك لەئەندامەكانی حزب، لەلایەن حزبەكەیانەوە مووچە وەردەگرتن، ئەمەش كاریگەری سلبی هەیە لەسەر بوودجەی گشتی، ئەمەوێرای ئەوەی كەزۆرێك لەو ئەندامانە تەنیا لەپێناو مووچەكە بوونەتە ئەندامی ئەو حزبە، دەنا لەبنەڕەتدا بڕوایان بەئایدۆلۆژی و سیاسیەتی ئەو حزبە نییە.مامۆستاكەی زانكۆ لەم باریەوە دەڵێت "سامانی گشتی بۆ حزبەكان بەجۆرێكە ئێستا هەڵاوسانێك دەبینین لەبودجەی حكومەتدا، كەزۆری دەڕوات بۆ موچە و زۆرێك لەو موچەیەش بۆكادیری حزبەكانە، بەتایبەتی كادیری یەكێتی و پارتی.

ئەگەر ژمارەی ئەندامانی حزبەكان كۆبكەینەوە رێژەیەك دەردەچێت كە لەرێژەی دانیشتووانی كوردستان زۆر زێتر دەبێت.ئێستا حزبەكان موچەخۆرێكی زۆریان هەیە، ئەو ئەندامانە تەنیا لەبەربەرژەوەندی شەخسی ومووچەكەیان بوونەتە ئەندام لەو حزبە، دەنا رەنگە هەر بڕوایان بە ئایدۆلۆژی و سیاسیەتی ئەو حزبە نەبێت، یان لەبنەرەتدا لایەنگیریی حزبێكی ترن.ئێستا شەخس هەیە لەچەند حزبێك ئەندامە، شەخس هەیە بڕوای بەو حزبە نییە، بەڵام لەبەر پارە بەدووای كەوتووە، كەپارەی نەدایە لەو حزبە دەكشێتەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم سنوورێك بۆئەم دیاریدەیە دابنێت كە بوودجەی حزبەكان دیاری بكات لەسەر بنەمای ئەندامێی راستەقینە".

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.