هاتنە مەیدانی جەماوەر وەڵامی تەقە و کوشتارەکانی شاری سلێمانیە

دوێنێ 17-2-2011 کۆبونەوە و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی چەند هەزار کەسی، لە مەیدانی "بەر دەرکی سەرا" لە شاری سلێمانی بەرپاکرا، هەم بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی و لایەنگری بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی تونس و میسر، وەهەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دژی گەندەڵکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان لە کوردستاندا.

دوای تەواو بوونی ئەم کۆبونەوە و خۆپێشاندانە، بەشێك لە لاوانی داخ لە دڵ و توڕە بە ڕێپێوان بە شەقامەکانی شاردا ڕووەو بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆیشتن و بەردەبارانی ئەو بارەگایەیان کرد، وەك سومبولی گەندەڵکاری و دەسەڵاتێکی ملهوڕ لە کوردستاندا.بەرپرسان و پاسەوانانی بارەگاکە بە دەستڕێژ و گولەباران وەڵامی بەردەبارانکردنی بارەگاکەیان دایەوە و کە سانێکی زۆر پێکراون کە لە نێوانیاندا کوژراو و بریندارێکی زۆر هەیە.

بەدوای ئەم ڕوداوەدا "پارتی" لە هەولێر و چەند شارێکی تردا هەڵمەتیان بردۆتە سەر بنکەکانی "بزوتنەوەی گۆڕان" و تەلەفزیۆنی " KNN" و ئەو بنکانەیان وێڕانکردوە، هەروەها هێزێکی زۆریشی کۆکردۆتەوە بۆ جێگیرکردنیان لە شاری سلێمانیدا.

"پارتی"، هەروەك خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی دژی ترۆری سەردەشت عوسمانی کردە بیانووی داسەپاندنی دەسەڵات و ملهوڕی خۆی بە تایبەت بەسەر شاری هەولێردا، ئێستا بە دروستکرنی سیناریۆیەك کە گوایە نەك هەر بارەگاکەیان بەردەبارانکراوە بەڵکو لەناو خۆپێشاندەرانەوە تەقەشیان لێکراوە، دەیەوێت دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆی درێژکاتەوە تا شاری سلێمانی.

پەلاماردانی بنکەکانی "بزوتنەوەی گۆران"، لەلایەن "پارتی"، هەڕەشەکردن لە جەماوەری شارەکە بە هێنانی هێزی میلیشیا، دروست بۆ میلیتاریزەکردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان، داگیرکردنی شارەکە و نیشتنەوەیە وەك مۆتەکەیەك بەسەر سینگی جەماوەری ئەم شارەوە، بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆی بەسەر تەواوی کوردستاندا، بۆ لە باربردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و شەپۆلی خۆپێشاندانەکان.

تەقەکردن، کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە سیاسەتی تەواوی دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکانی وەك زەین ئەلعابدینی تونس و حوسنی موبارەکی میسر بووە.دەسەڵاتی "پارتی" و "یەکێتی" بەدرێژایی تەمەنی خەریکی فەرهود کردنی سەروەتوسامانی کۆمەڵگە بووە و خەڵکی کوردستانی لە بێبەشی و نەبوونی خزمەتگوزاریدا ڕاگرتوە، خەڵکی کوردستان ئاواتەخوازی مەرگی ئەو دەسەڵاتەن و لە هەل دەگەڕێن کە بارەگای حزب و دام و دەزگاکانی ئەم دەسەڵاتە، لە کوردستاندا هەڵپێچن کە سومبلی گەندەڵی، سەرکوت و زۆردارین.ئەم دەسەڵاتە لەژێر هیچ بیانوویەکدا بۆی نیە ئەم خەڵکە داخ لە دڵەی کوردستان بداتە بەر دەستڕێژی گوللە."ڕەوەند" لە کاتێکدا سەرکۆنەی تەقەکردنی لقی چوار و هەوڵە سەرکوتگەرانەکانی "پارتی" و دەسەڵاتداران دەکات، ئەم تاوانەش بە بەرپرسیارەتی "پارتی" دادەنێت و خوازیاری دەستبەجیی بەردانی گیراوەکان، لێپرسینەوە و ڕادەستکردنی بەرپرسانی گوللەباران کردنەیە بۆ بەردەم دادگا.

"ڕەوەند" پێدادەگرێتەوە لەسەر مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، وە ڕایدەگەێنێت تەنها هاتنە مەیدانی هێزی جەماوەری کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز و بێبەشە لە خزمەتگوزاریەکان کە دەتوانێت هەمان چارەنوسی ڕژێمەکانی تونس و میسر بۆ ئەو ڕژێمە گەندەڵەی کوردستان لە مێژوودا تۆمار بکات.

ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری

18-2-2011

www.rewend.info

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.