پرۆژەیەکی چاکسازی بۆ بەرچاوی بەڕێزان ... سەلمان عەلی - قوتابیی دکتۆرای زانستە سیاسیەکان - بریتانیا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان

سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەموومان ئاگادارین کە ناوچەکە کەوتٶتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری و، بێ خۆلەخشتەبردن و خۆڵ لەچاوکردنی خۆمان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم و خۆ دزینەوە لە ڕاستیەکان، کوردستانیش کەم و زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە و بەداخەوە زەمینەیش بۆ مەلەکردن هاوئاڕاستەی ئەو شەپۆلە لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لەبارە.هەموویشمان دەزانین کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆو لەغەمڕەخساو نییەو دەوڵەتانی دەوروبەر بەردەوام چاویان لە لەناوچوونیەتی.بۆیە ڕەوشی ئەم هەرێمە لە وڵاتانی سەربەخۆو خاوەن سەروەریی ناوچەکە زۆر جیاوازەو بەرگەی بەریەککەوتنی دەسەڵات و خەڵک ناگرێ.

هەڵبەت ئەو دەرفەتە سیاسی و ئابووری و تەکنیکی و مرۆییەی کە بۆ ئەو دەوڵەتانە ڕەخسابوو، بۆ هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی ناو سنووری دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بەتایبەتیی بەر لە ڕووخانی ڕژێم، نەڕەخسابوو.بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە ڕەوشی سیاسی و ئابووری تاڕادەیەکی باش لەباربووەو لایەنی مرۆییش پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.ئەگەر زوو شارەزاو پسپۆڕ و خەڵکی تەکنۆکراتمان نەبوو پۆستە گرنگەکانیان پێ پڕبکەینەوەو تەنها کۆمەڵێک دەموچاومان لەبەردەستدابوو ئەم پۆست و ئەو پۆست و هەندێجار زیاتر لە پۆستێکی گرنگیان پێ پڕ بکەینەوە، خۆ ئێستا سەدان کەسایەتیی وەها بەرهەمهاتوون کە کاریگەرانو دەتوانن لەگەڵ ڕۆژگار و بیری سەردەمیانەی خەڵک و پێدویستیی قۆناغەکەدا چەندین پۆستی باڵاو گرنگ بەڕێوەببەن.بۆیە ئەگەر بە پلان و بیرکردنەویەکی بنیاتنەرانەوە کاربکرایە، لەوەی کە ئێستا کراوە، بە بڕوای من، دەکرا زۆر زیاتر بکرێ.بەڵام بەداخەوە سیاسەتی پاترۆن-کلایەنتی حزبەکان، بەتایبەتی ئەوانی دەسەڵات، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی دەنگی زۆرترین خەڵک و مانەوەیان لە هاوکێشەو گۆڕەپانەکەدا، سەرچاوەی هەموو کەمووکوڕی و گەندەڵیی بوارەجیاجیاکانی ژیان بووە لەم هەرێمەدا.سەرەنجام دەستەیەک هەمیشە باڵادەست و لەسەرخوان و کۆمەڵێکیش بەشخوراوو ژێرپێنراوبووە.خۆ دیارە خەڵکی کوردستان خۆی بەشدارە لەو واقیعەی دروستبووەو ئێستایش پیوەی دەناڵێنێ، بەڵام ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کاری جددی بۆ چارەی ئەو قەیرانە چەقبەستوانە بکات.ڕۆژ بەڕۆژیش خەڵک هۆشیاردەبێتەوەو کەمووکوڕیەکان دەبینێ و دەبیستێ و دەخوێنێتەوە.ئەو خەڵکە چەندین ساڵە لەبەرامبەر بەلێنی ناواقیعیی و گۆڕینی تەنها دەمووچاوەکان و گەمەی لایەنەکانی دەسەڵاتدا سەبردەگرێ.کەچی ڕۆژبەڕۆژ گەندەڵی و بێدادی زیاترو زیاتر تەنگ بە خەڵکانی بێ پشتوپەنای ئەم هەرێمە هەڵدەچنن.ئێستایش لە قۆناغێکداین کە ئیتر ناکرێ چاوداخەین، بەڵکو دەبێ دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لە ئەدای حکومەت ناڕازییەو، لە چاکسازییش بێ هیوابووە.هەربۆیە ئاساییە بیر لە گۆڕینی یەکجاریی ئەکتەرەکانی ئەم شانۆیە بکاتەوە.دیارە هەرئەمەیش هەوێنی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن بووە.جا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن مەرامی تایبەتی سیاسیشی هەبێ، دەبێ ئەو ڕاستییەیش ببینرێ کە ئیستا مەرجەعی زۆرێک لە خەڵکی ناڕازییە کە، ڕاست بن یان نا، ئاسۆی هیواکانیان لە چاوی ئەم ئۆپۆزسیۆنەوە دەبینن.خۆ دواجار ئەوانیش کوردن و تیایشیاندا هەن هەموو تەمەنیان لە کوردایەتیدا بەسەربردوە، باوک و براو کوڕو سوروماڵیان لەپێناو بەدیهاتنی ئەم ڕۆژەدا بەخشیوە.بۆیە چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی خواستی ڕەوای خەڵکن و، نابێ بەبیانووی ئەوەی لە زاری ئۆپۆزسیۆنەوە دەردەبڕرێن، لا بنرێن و وا پێشانبدرێن کە دەستی ئەم و ئەویان لەپشتە.ئێستا کاتی ڕەواندنەوەی ناڕەزایی خەڵکە، نەک زیاتر کەڵەکەکردنی ناڕەزاییەکانیان.کە دەرفەتیش لەدەستچوو، تازە ناگەڕێتەوە.

جا لەم ڕوانگەیەوە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە ئاست دەستکەوتەکانی ئەم نەتەوەیە، وەکو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، لە جیاتی تەنها ڕەخنەگرتن لە کەموکوڕیەکان، بەپێویستی دەزانم ئەم پرۆژەی چاکسازییە بخەمە بەرچاوی ئێوەی خاوەن بڕیار و شارەزایان.بیگومان ئەم پرۆژەیە، وەکو هەر پرۆژەیەکی زادەی هزری مرۆڤ، گشتگیرو بێ کەموکوڕی نییە.بەڵام دەکرێ بە پرۆژەیەکی واقیعی و پێویستی ئەم قۆناغە دابنرێ.هەربۆیە داواکارم ڕۆشنبیران و خەڵکانی شارەزا بە پێشنیار و سەرنجەکانیان بەهێزو بەپێزی بکەن.

پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و نەوچەیی قەوارەی کوردن لە باشووری کوردستان و نەمان یان لەکارکەوتنی هەریەکێکان شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆو دەرەوە دەخاتە مەترسییەوە.هەربۆیە مانەوەی ئەم دوو دەزگایە پێویستەو نابێ بەهیچ جۆرێک مساوەمەیان لەسەربکرێ.هاوکات چاکسازیی ڕیشەیی داوای ڕەوای خەڵکەو دەبێ مافی خەڵک لەبەرچاوبگیرێ.هەر بۆیە دەبێ ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان، وەکو دەزگایەکی دەنگپێدراوی خەڵک، ئەرکی چاودێریکردن و بادواداچوون و ڕینماییکردن و سازکردنی زەمینە یاسایی و دەستووریەکانی قۆناغی داهاتوو لە ئەستۆ بگرێت، کە ئەم گۆڕانکارییانە لەخۆبگرێت:

ئـ.   سازکردنی زەمینە بۆ هێنانەکایەی پەرلەمانێکی کارا لەڕێگای:

  1. زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی کراوەو خاوێنی پێشوەختی پەرلەمان کە لە شەش مانگ درەنگتر نەبێ.
  2. کارو ئەرکی ئێستا داهاتووی پەرلەمان لە دانیشتنە ڕۆتینیەکانی بچێتەدەرەوەو گەڕان و لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاساو پرۆژەی وەزارەتەکان و بانگێشتکردن و لێپرسینەوەی وەزیرەکانیش بگرێتەوە.
  3. سەرجەم یاساو پرۆژەو بودجەی پرۆژەی وەزارەتەکان بە ئامادەبوونی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەلایەن وەزیرو بریکارەکانەوە لە پەرلەمان بخرێنەڕوو و تاووتوێ بکرێن و پەسندبکرێن، ئەمجا جێبەجێبکرێن.ئەرکی سەرشانی وەزیرەکانە کە قەناعەت بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بکەن تا یاساو پرۆژەکانیان پەسندبکرێن.هاوکات زۆر گرنگە هەر گۆڕانکاری و پرۆژە یاسایەک بەر لە تاووتوێکردنیان لە پەرلەمان پێویستە لەڕێگای میدیاو سازدانی کۆڕو کۆبوونەوەو مێزگردو ڕاپرسییەوە جەماوەریان پێ ئاشنابکرێ، بەمەبەستی کەڵکوەرگرتن لە ڕاو پێشنیارەکانی خەڵک و کەمکردنەوەی ناڕەزاییەکان.

ب‌.    دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت لەڕێگای هەڵبژاردنی کراوەو دەنگی جەماوەرەوە هاوکاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

پ. پێکهێنانی کابینەی پاش هەڵبژاردن تەنها لەلایەنی براوە، یان بەسەربەستی کاندیدی براوە ئەگەر بێ لایەن بوو.

ت. لە ئێستاوە تا ئەنجامدانی هەلبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانیەکە، گۆڕانکاریی سەرتاسەریی بەپەلەو ڕیشەیی لە پۆستە باڵاکانی کابینەی ئێستای حکومەتدا بکرێ بەمەبەستی هێنانەکایەی حکومەتێکی ئینتیقالی و بناغەساز بۆ کابینەی پاش هەڵبژاردن بەم هەنگاوانەی خوارەوە:

  1. لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەنجومەنی وەزیران دەستلەکار بکێشێتەوەو پەرلەمان سەرۆکێکی نوێ و بێ لایەن بۆ حکومەت دەستنیشان بکات و ڕابسپێردرێ لەماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا ناوی ئەندامانی کابینەکەی دوور لە لایەنداریی حزبی لە کەسانی نوێ و تەکنۆکرات و ناسراو لە ناو کۆمەڵگادا پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی.
  2. لە ماوەی دووهەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا سەرجەم بریکارەکان بە کەسانی تەکنۆکرات بگۆڕدرێن و بریکار بۆ ئەو وەزارەتانە دابنرێ کە نیانە.
  3. لە ماوەی دوو مانگی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا سەرجەم بەڕێوەبەرەگشتی و بەڕێوەبەری بەش و یەکەو دەزگاکان لە پۆستەکانیان ئیعفابکرێن و پۆستەکانیان لەڕێگای بانگەواز و پێشکەشکردنی سی ڤی و هەڵسەنگاندنی لیژنەی پسپۆڕە بە چاودێریی پەرلەمان پڕبکرێتەوە.
  4. لەماوەی یەک مانگی دەستبەکاربوونی دەستەی بەڕێوەبەریی وەزارەتەکاندا، هەر وەزارەتە دەسەڵاتەکانی لە نێوان کاربەدەست و کارمەندەکانیدا دابەش بکات بەجۆرێک ببێتە هۆی کارئاسانی مامەلەی هاوڵاتیان و نەهێشتنی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.
  5. لیژنەیەک لە دەستەی بەڕێوەبەریی هەروەزارەتێک پێکبهێنرێ بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و پاداشتکردن/سزادان لە سنووری کاری وەزارەتەکەدا.
  6. سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان ڕاپۆرت و پلانی دەوریی سێ مانگی و ساڵانە پێشکەش بە وەزارەتەکانیان بکەن و وێنەی ئەو ڕاپۆرتانەیش بدرێنە لیژنەکانی پەرلەمان بۆ زانیاری و بەدواداچوون و پێشنیاریان.
  7. سەرجەم ئەو کارمەندانە لەکارەزیادەکانیان دەربکرێن کە لە زیاتر لە دەزگایەکی حکومیدا کاردەکەن.
  8. مووچەی کاربەدەست و کارمەندان بەپێی سەعاتی کارکردنیان لە دەزگاکانی حکومەتدا بدرێ.
  9. دامەزراندن ڕابگیرێ و ڕاستەوخۆ لەپاش دەستبەکاربوونی کابینەی پاش هەڵبژاردندا لەسەر بنەمای شارەزایی و بڕوانامەو لەڕێگای بانگەوازی ئاشکراو پێشکەشکردنی فۆرمی داواکارییەوە دەست پێ بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان.

10. کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرس و پۆستە باڵاکان بەشێوەیەک کە ڕێگا لە هەڵپەی خەڵکی هەلپەرست بگرێ بۆ مانەوە لەو پۆستانەدا.

11.  دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانە لە ئاو، کارەبا، سوتەمەنی، دەرمان، بۆ هاوڵاتیان بە نرخی گونجاو.

12.  پێویستە ئەم شێوازەی کاری حکومەتی ئینتیقالی ببێتە بناغەی کاری کابینەکانی دوای خۆی.

ج‌.  سەرجەم موڵک و ماڵی حکومەت لەلایەن هەرکەس و لایەنێکەوە زەوتکراون لەماوەی دوو مانگی کابینەی ئینتیقالیدا بگەڕێنرێنەوە بۆ حکومەت.

چ.  دادگای ئیداری کارابکرێ و لەماوەی سێ مانگدا یاساو ڕێنماکانی ڕێکبخرێن و بێ دەستتێوەردان دەستبەکارەکانی بکات و بڕیارو حوکمەکانی لەلایەن هەموو لایەکەوە قبوڵبکرێن.

ح.  داواکاری گشتی چالاک بکرێت و لەژێر کاریگەریی حزب دەربکرێ.

خ.  پێویستە بۆ هیچ کەسێک نەبێ لە دوو خولی یەک لەدوای یەک زیاتر خۆی بۆ ئەندامێتیی پەرلەمان یان پۆستی سەرۆکی حکومەت بپاڵێوێ یان بکرێتە وەزیر.

د.  لە ساڵی نوێی خوێندنەوە زانکۆو پەیمانگاکان بەپیی پێویستی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی تێیاندان قوتابی وەربگرن.بۆ دیاریکردنی ئەو پێویستیە هەنووکەییانەیش، دەبێ بە پەلە کار بۆ ئامادەکردنی پلانێکی واقیعیانە بکرێ بەسەرپەرشتیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو هەماهەنگیی سەرجەم دەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت.بەمشێوەیە ڕێگا لە خستنەسەرشەقامی خاوەن بڕوانامەو بەهەدەردانی توانای دارایی و مرۆیی لە بەرهەمهێنانی کادری ناپێویست دەگیرێ.

ر.   سەرجەم ئەو یەکیتی و کۆمەڵەو ڕێکخراووە پیشەیی و سەندیکایانەی پاشکۆی حزبەکان هەڵبوەشێنرێنەوەو لە جێیان ڕێکخراوو سەندیکای بە مانا پیشەیی لەلایەن خاوەن پیشەکان خۆیانەوە پێکبهێنرێن.بۆنموونە لە جیاتی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان، دەکرێ هەر زانکۆیەک یەکیتیەکی قوتابیانی تایبەت بەخۆی هەبێت کە ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی توێژی خوێندکاران بێت لای زانکۆو دەسەڵات، نەک بە پێچەوانەوە.ئەم جۆرە یەکێتیانە دەکرێ بە نەسریەیەکی زۆر کەم بەرێبچن و ببنە مایەی نەهێشتنی ئەو سەرمایە زۆرەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئێستاوە بۆ ئاهەنگ و گەشت و پرۆژەی بێ بایەخ بەهەدەر دەدرێن.

ڕ.   کارکردن بە سەرجەم ئەو یاسایانە ڕابگیرێ کە بەمدواییە دەرچوون و ناڕەزایی جەماوەرییان لێ کەوتۆتەوە.

ز.   سندوقی نیگەرانی و سکاڵاو شکات و پرۆژەو پێشنیاری هاوڵاتیان لە سەرجەم شاروشارۆچکەکان بکرێتەوەو لیژنەیەکی فراوان کە لە چەند لیژنەیەکی بچووکتر پێکبێت لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم ئەرکی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ئیجرائاتەکانیان بگرێتە ئەستۆ.ئەم لیژنانە پێویستە بتوانن لە ڕێگای ئیمەیڵیشەوە ڕازونیازی هاوڵاتیان وەرگرن.

ژ.   سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بخرێنە خزمەتی سەرخستنی ئەم قۆناغەو بڵاوکردنەوەی گیانی برایەتی و هاونیشتمانی بوون و ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە پلان و پرۆژەکان.

لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە کە ئەم پرۆژەیە بێ کەمووکوڕینییە، بۆیە دەرگای گۆڕانکاری و پێشنیارو سەرنجی ڕۆشنبیران و شارەزایان بۆ بەپێزکردنی واڵادەکەم.

‌‌هاوکات لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم داواکارم، ڕاشکاوانە، سەرنجی خۆیان لەسەر بڕگەکانی ئەم پرۆژەیە بخەنەڕوو.لەو دەزگایانەی ڕاگەیاندندا بخەنەڕوو کە ئەم پرۆژەیە بڵاودەکەنەوە.

ئاشتی و دادپەروەری و سەربەخۆیی بۆ کوردستان

سەلمان عەلی - قوتابیی دکتۆرای زانستە سیاسیەکان - بریتانیا

14/2/2011 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it. 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.