دوای سڵاوو رێز ..سەرەتا زۆر بە پێویستی دەزانم ئەم پرسیارە گرینگەت ئاراستە بکەم هەڵبەت بەهیوای ئەوەی وەڵامم بدەیتەوە نەک ئەمەشیان وەک هەزاران پرسیاریتر پشتگوێ بخرێ:" بۆچی باشوور بۆی هەیە لە باکوور جودا بێتەوە، باکوور ئەو مافەی نیە لە باشوور جودا بێتەوە؟ لەبیریشت نەچێ ئێمە هەم باکوورین و هەم باشوور ..واتە بەهەردووسەر مافی جودابوونەوەمان هەیە ..خەڵکی کوردستانیش دەمێکە ئەم مەسەلەی یەکاڵا کردۆتەوە ..لە سەدا نەوەدو هەشت داوای جیابوونەوەو وڵاتی سەربەخۆیان کرد.ئیتر سەرۆک چاوەڕوانی چیت؟
ئەنجا رێگاشم بدە هەر لێرەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و هەموو کوردێکی نیستمانپەروەرو دڵسۆز بنێرم بۆ گەلی میسری قارەمان کە شایانی متمانەو شانازی پێوەکردنن .بەڕاستی سەلماندییان کە چیتر ئامادەنین ملکەچی فەرمانەکانی ئاغای حوسنی موبارەکی ستەمکاربن .شایانی باسە ئەوە چەند رۆژە ئەمریکاو ئیسرائیل کێچیان کەوتۆتە کەوڵ و لە هەوڵی ئەوەدان رێگاچارەیەک بۆ مانەوەی ئەو حوسنییە ناموبارەکە بدۆزنەوە، کەچی وادیارە بێسوودە!! بێسوودە، چونکە ئیرادەی گەلی میسر زۆر لەو دەستتێوەردانە گڵاوەی ئەمریکا بەهێزترەو بەهیچ شێوەیەک بەوە رازی نین جارێکیتر حوسنی موبارەک وەک سەرۆکی وڵاتەکەیان بمێنێتەوەو پڕ بەدەمیش هاواردەکەن: ئەمریکاو ئیسرائیل و بەریتانیا و هاوچەشنەکانیان با بۆخۆیان هەربڵێن!
بەڵێ لەوەتای راپەڕین لە میسر سەری هەڵداوە، سەرانی ئەمریکا بێپشوودان خەریکی پیلانگێڕان و پەیوەندیکردنن بەملاو بەولان هەر بۆ ئەوەی فریای ئەو ئەژدیهایە بکەون کە لەسەر حیسابی سکی برسی وڵاتی داماوو هەژاری میسردا بە دەیان ملیار دۆلاری قووتداوە! راپەڕین لە میسرە، کەچی ئیسڕائیل و ئەمریکا کێچیان کەوتۆتە کەوڵ! ئەی چۆن و بە چ ئابڕووێک بانگەشەی ئازادی و دیموکراتیەت دەکەن لەکاتێکدا دەست لە هەموو کون و کەلەبەرێکی دونیا وەردەدەن؟! لەژێرەوە، بەجۆرێک لەگەڵ حوسنی موبارەک قسە دەکەن، لە مێدیاکانیش بەجۆرێکیتر .وابزانم کەسیشمان لەوباوەڕەدا نەبووین کاری حوسنی موبارەک بەم رۆژە رەشە بگات و ئەو رێسواییە قەبووڵ بکات ..کاتی خۆی گاڵتەی بە سەدام حوسێن دەکرد کە هێندە جاڕس و کورسی پەرستە بەهیچ شێوەیەک مل بۆ داواکانی گەلی عێڕاق کەچ ناکات ..لە عێڕاق، تا بارەکە ته واو نەگەیی و، بەشێوەیەکی زۆر لەپێشتر جیاواز نەگۆڕا، کێ دەیوێرا تەنانەت لەماڵی خۆیشى قسەیەک بە سەدام بڵێ.محەمەد باقر سەدر چیکردبوو , چیگوتبوو، سەدام حوسێن خۆی و خوشکەکەشی کوشت .عولەما دینییەکانی میسر روون و ئاشکرا لەمزگەوتەکان پڕ بەدەم هاواردەکەن " حوسنی موبارەك بۆ دەرەوە" .ئەوەتا لە میسر بەسەدان هەزار کەس هاتوونەتە سەر جادەو گۆڕەپانەکان و دەڵێن:" گەل داوای رووخانی سەرۆک دەکا..گەل داوای رووخانی رێژیم دەکا" .سەرۆکیش هەروەک بڵێی دەردی پێشووی سەدامی گرتبێ دەڵێی چاوی کوێرو گوێی کەڕبوە، نە هیچ دەبینێ و نە هیچ دەبیستێ!
لێرەدا من ئەو درووشمەی دوایی، کە دەڵێ " گەل داوای رووخانی رێژیم دەکا" بە باشتر دەزانم لەوەی تریان، چونکە رێژیم واتە هەموو ئەوانەی سەر بەدامودەزگاکانی حوسنی موبارەکەوەن .هەر لەم رووەوە بەپێویستی دەزانم پەنجە بۆ ئەو درووشمە درێژ بکەم، کە لەگەڵ هەڵوێستەکەی مندا یەک دەگرنەوە، ئەویش:" لا موبارک ولا سولیمان، مش عایزینک انت کمان" .بەڵی ئەگەر لاوانی میسر پێ لەسەر جێبەجێکردنی ئەم درووشمە دابگرن ئەوا شۆڕش بەرهەمی دەبێ .شایانی باسە سیاسەتمەدار نەووارە نەجم ( نوارة نجم ) هەموو جۆرە دیالۆگێک لەگەڵ ئەم رێژیمە رەتدەکاتەوە .هەر رێژیمێکی دیکتاتۆر کە داوای دیالۆگیکرد دیارە لەرووخاندایە و باری زۆر شلۆقە بۆیە وا بە ئاسانی هاتۆتە رایێ.پێشتر بۆ وانەبوو؟ کەوابوو ئەگەر، ئۆپۆزیسیۆن لەسەر دیالۆگیش رێکبکەوێ، ئەوا پێویستە عومەر سولەیمان بچێ بۆ مەیدانی ئازادی نەک بەپێچەوانەوە!
ئۆخەی، هەزارجار ئۆخەی، کە گەلی میسری قارەمان بەکردەوە، بۆ ورەبەردراوانی دنیای سەلماند کە "ماف دەسێندرێ نادرێ" ..هەر شتێکیش بتەوێ بیسێنی، چارەت نیە، دەبێ هەوڵی بۆ بدەی، خەباتی لەپێناودا بکەی، راپەڕی و شۆڕش هەڵبگیرسێنی نەک گوێ بدەیتە کوردە ئەپۆرتونیست و مشەخۆرەكانی سەردەم، کە دەڵێن:" کاتی چەک و شۆڕش بەسەرچوو" .ئەمە خۆ بەدەستەوەدان و وازهێنانە لەمافە رەواکانی گەلی کورد کە تاکە نەتەوەیە لەسەرزەمین، سەرەڕای ژمارەی زۆری دانیشتوان تا ئێستا خاوەنی وڵاتی خۆمان نین! بۆ؟ لەسایەی سەری "سەرکردەکانمان" فێری ئەوە بووین خۆمان، خۆمان لەخشتە بەرین و بڵێین هێشتا زەمینە خۆشنەبوە بۆ ئەوەی خاوەنی کیانی خۆمان بین .ئەمە درۆو دەڵەسەیە سوودمەندەکان بۆ گەلی کوردی داماوی دەهۆننەوە.سوودمەندیش، لەپێش هەموو شت و کەسێکدا، ئەمریکایە ئەنجا کۆنە جاش و کۆنە بەعسی و ئەنفالچییەکان، کە لەژێر فشاری ئەمریکادا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەخۆیانیان کۆ کردوونەتەوەو پشتیان لە پێشمەرگەی دێرین و دڵسۆزو نیستمانپەروەرانی کوردستان کردوە .
تا گەندەڵی و چەوسانەوە، لەسەر رووی زەمین مابێ، شۆڕشیش هەر دەبێ بەردەوامبێ .بەڵێ، ئەی ئەوانەی بەناهەق دەچەوسێندرێنەوەو مافتان دەخورێ، چیتر دەستەوەستان مەوەستن و راپەڕن .راپەڕن وا شۆڕشی بەرەنگاری و رزگاربوون لە ( تونس )ەوە سەری هەڵدا..گەل، لە دژی رێژیمی بۆگەنی بن عەلیدا، راپەڕی و هەموو چین و توێژەکانی وڵات هاتنە سەر جادەو کۆڵانەکان و بەیەک دەنگ هاواریانکرد:" بن عەلی بۆ دەرەوە".ئەمڕۆش وا هەموومان بەچاوی خۆمان دەیبینین چۆن گەلی میسری، بەداخەوە، هەمیشە چەوساوە، هاتۆتە نێو مەیدانی رزگاری و بەیەک دەنگ دەچریکێنن:" ارحل، یا حسنی موبارک، ارحل" .کەچی حوسنی ناموبارەک خۆی لەگێلی داوە، وەک بڵێی تێناگاو لەگەڵ ئەویشت نیە، بەدەنگ داواکانی خەڵکەوە نایێ .خۆی لە پەناکان حەشارداوە .لێرەدا شتێکی زۆر گرینگ هەیە دەمەوێ هێمای بۆ بکەم ئەویش ئەوەیە کە گەلانی میسر نابێ بەوە هەڵبخەڵەتێن کەوا سوپا پارێزگاری لە خۆنیشاندەران دەکا .ئەمە نەک تەنیا راست نیە، بەڵکو هەڵەیەکی گەورەیە خۆیانی پێهەڵدەخەڵەتێنن .هەرکە خەڵکەکە هاتە سەرجادە حوسنی موبارەک سوپای دابەزاند بۆ ئەوەی لە هەرکاتێکی پێویستدا رۆڵی خۆیان لەدژی خۆنیشاندەران ببینن .هەر ئەم سوپایە بوو، بوو بە دیوارێک لەنێوان خۆنیشاندەران و پێگەکانی حوسنی موبارەک و دەستوپێوەندەکانی .هیوادارم هەموو گەلانی دنیا ئەم راستییە باش بزانن و، لەداهاتوودا، ئەم هەڵەیە دووبارە نەکەنەوە .
ئای لە بێ ئابڕووێتی ئەم کابرایە دوێنێی لەبیرچۆوە کاتێ بە سەدام حوسێنی دەگوت:" ئەگەر بەرژەوەندی وڵات و عێڕاقت دەوێ، وازبێنە" .جا تۆ ئەمڕۆ، خۆ لەکەس شاردراوە نیە، زۆر لە سەدامت خراتر بەسەرهاتوە.خۆت، بەڵێ بەڵێ خۆت، بۆ وازناهێنی؟! سەیرە ..ئەم کابرایە هێندە خۆی لەگێلی داوە خەڵکەکەی ناچارکردوە وشەی "ارحل" ی بۆ روونبکەنەوە چ مانایەک دەگەیێنێ.ئیتر هەر بۆ ئەوەی باشتری تێبگەیێنن درووشمێکی تایبەتیان بۆ بەرزکردەوە:" ارحل یعنی امشی، یمکن مابیفهمشی" .کەچی، ئەو ورچە، هێندە خۆی لەگێلی داوە بەرامبەر بەداواکانی گەلانی میسر، نەک هەر دەبەنگ، بەڵکو کەڕوڵاڵ و کوێریش بوە .نەهیچ دەبیستێ و نەهیچیش دەبینێ ..ڵاڵیش بوە قسەیەک ناکا.لەبری ئەوەی مل بۆ داواکانی خەڵک کەچ بکا بڕواو ملی خۆی بشکێنێ، زۆر بێ ئابڕووانە، هەستا بە قسەی "جۆن کێری"، وەک بڵێی خەڵکی میسر نایناسن، بەچاوێکی کزو زمانێکی تێکئاڵاوی لووس و پووس، دەستیکرد بەگێڕانەوەی خەباتی رۆژانی رابردووی خۆی:" من زۆرم کردوە بۆ میسر، من لە میسر لەدایک بوویم و هەر لە میسریش دەمەوێ بمرم...".ئەو گێلەپیاوە دیارە ئەوەش نازانێ کە، لە بیست و پێنجی یەنایەرەوە، ئەو بۆتە جەستەیەکی جووڵاوەی مردوو! دیارە چاوی بەرایی نادا سەیری تەلەفزیۆن بکا داببینێ خەڵکی میسر تێکڕا هاتوونەتە سەرجادەکان تف و لەعنەتی دەکەن .پێم ناڵێی حوسنی ناموبارەک، کەسێک کە لەپیاوەتی کەوت، کەرامەتی شکاو کەسایەتی خۆی لەدەستدا، ئەگەر مردوو نەبێ، چ ناوێکیتری لێدەنێی؟!
پشکۆکانی شۆڕشی نێرگز " یاسمین " ی تونس لە میسر گڵپەیان سەند و شۆڕسی " اسماء"* سەری هەڵداو بوو بە مەشخەڵێک خەریکە ئاگر لەگیانی حوسنی موبارەک و گەندەڵە هاوتاکانی بەربدا .ترسی خستۆتە گیانی ئەوانەی تەنانەت تنۆکێک خوێنیان لە جەستەدا نەماوە، ساڵەهای ساڵە، بێویژدانانە، لەسەر حسێبی خەڵکی هەژاری میسر، ورگی حوشترانەی خۆیان تێردەکەن.رێژیم لەدەبەنگێتی رەتداوە بوە به حوشتر هاتۆتە سەر جادە بەنێو خەڵکی راپەڕیودا، بەمەبەستی پەرشوبڵاوەپێکردنیان، بە راکردن دێت و دەچێ و کلک بادەدا! خەریکە بەم کارە دزێوانەی کۆمێدیا تێکەڵی تراگێدیا بکا.بەم کارە ئابڕووبەرەی خۆی، خەڵکی تووڕەوتوندی هێنایە کەنین .بەڵام، پشت بە ئیرادەی بەهێزی گەلی قارەمانی میسر، شۆڕش هەر بەردەوامە ..شۆڕش بەردەوامە هەرچەند ناحەزانی، بەتایبەتی فاکتەرە دەرەکییەکان، لەڕێگەی دەستتێوەردانەوە لە کاروباری ناوخۆی میسر، بەتایبەتیش ئەمریکا، لەهەوڵی ئەوەدان شۆڕشەکە لەدەست جەماوەر دەربێنن و بیدزن .هەرلەخۆیانەوە، هەریەکەشیان بەجۆرێ، بەردەوام قسە فڕەدەدەن و دەست دەخەنە ناو کاروبارو ژیانی خەڵکی میسر !.کە قسەش دێتە سەر قسان ئەو مۆنۆپۆڵە بێ ئابڕووانە لاف و گەزافی ئازادی و دیموکراتیەت لێدەدەن ! ئەو نامرۆڤ و مرۆکوژانە لە مژینی خوێنی خەڵکی هەژارو داماوو برسی تێرنابن ..توند توند پشتی حوسنی موبارەکیان گرتووە بەرینادەن ..بەجۆرێک پشتیان گرتوە کە حوسنی موبارەک نەتوانێ جووڵە بکاو هەنگاو بەرەو دەرەوە بنێ.حوسنی موبارەک خۆی باشدەزانێ کە کاری ئەو تەواو بوە و هیچی بەسەرهیچەوە نەماوە، بەڵام لێیناگەڕێن، ئەگینا دەمێک بوو رۆیشتبوو.ئۆباما بە ئاشکرا شتێک دەڵێ و لەژێرەوەش شتێکیتر .کۆمەڵێ دزوجەردەی ئەمریکا، هەریەکە لە شوێنی خۆیەوە هێڵنجی دێتێ و دەڕشێتەوە .قسەکانیان یەکیان پێچەوانەی ئەویترە ..کە لێشیان دەپرسن ئەمە بۆ وایە؟! لەوەڵامدا، گوایە ئەوان زۆر دیموکراتین، دەڵێن هەریەک بەرپرسیارە لەقسەی خۆی!! ناڵێن، لەگەڵ رێزمدا بۆ گەلی راستەقینەی ئەمریکا، ناڵێن ئەمریکا وڵات نیە، ئەمریکا دەزگایەکی موخابەراتی سیئای ئەیە، ئەمریکا ئالەتێکی کوشندەیە بەدەست کۆمەڵێ مۆنۆپۆڵی گەندەڵ و دزوجەردەوەیە.مانەوەی حوسنی موبارەک، چونکە لە بەرژەوەندی ئەمریکاو ئیسڕائیلدایە، لێیناگەڕێن بڕوا.یاخود ئەگەر بشڕوا ئەوا یەکێکی وەکو عومەر سولەیمان دەبێ جێگەی بگرێتەوە نەک لە رێگەی، هەڵبژاردنێکی پڕ بەپێست دیموکراتیانە، میللەت سەرۆکێک بۆ خۆی هەڵبژێرێ!
چەند رۆژێ لەمەوپێش کە تازە خۆنیشاندان دەستی پێکردبوو، لەرێگەی فێس بووکەوە، برادەرێکم لێی پرسیم: " تۆبڵێی چارەنووسی حوسنی موبارەکیش بە چارەنووسی بن عەلی بگات؟" ..منیش لەوەڵامدا بۆم نووسی:" نە حوسنی موبارەک بن عەلییە و نە میسریش تونس ..ئەوەتا لەبەرچاومانە داروبەرد دژی حوسنی موبارەک کەوتۆتە جووڵەو حوسنی موبارەکیش هیچی بەسەرهیچەوە نەماوە .ئامادەی ئەوەشە وازبێنێ، بەڵام ئەمریکاو ئیسڕائیل نایانەوێ، بێ ئەلتەرناتیڤی ئەوان، حوسنی موبارەک دەستبەرداری دەسەڵات ببێ..ئەوان لەکاتێکدا دەستبەرداری حوسنی موبارەک دەبن ئەگەر یەکێکی وەکو عومەر سولەیمان جێگەی بگرێتەوە.چونکە عومەر سولەیمانیش، بۆ ئەوان، بە تایبەتی بۆ ئیسڕائیل، هەمان حوسنی موبارەک و هەمان تاس و هەمان حەمامیشە..( امريكا تقرر ابقاء مبارك في السلطة ) !!
ئەوەتا لە تونسیش سەرولەشی بن عەلی ئۆغربوون، کەچی کلکێکی درێژی بەدواوە بەجێما ..ئێستا ئەمریکا دەستی بەو کلکەوە گرتووە رێگە نادا خەڵکەکە، ئەو کلکە رەشە بکەن بە گەسکی ناوماڵ و دەست و پێوەندەکانیتری بن عەلی پێگەسک بدەن.باشە چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان بن عەلی و محەمەد ئەلغەننووشیدا؟".خەڵکی تونس پێویستیان بە شۆڕشێکیتر هەیە لەدژی ئەلغەننووشیدا چونکە، خوانەکا، ئەگەر بێت و شۆڕشی میسر، بەهۆی ئەو دەستتێوەردانەی ئەمریکا سەری نەگرت، ئەوا بەدووری نازانم ئەمریکا جارێکیتر بن عەلی بێنێتەوە بۆ تونس هەرچەندە تونس هێندە بۆ ئەوان، وەکو میسر، جێگەی ترسيش نیە.
بڕوابکەن دەستنیشانکردنی عومەر سولەیمان وەک جێگری حوسنی موبارەک لەسەرداوای ئەمریکا بوو نەک هی حوسنی موبارەک!.عومەر سولەیمان لە لایێ دەبێ بە پەناگە بۆ حوسنی موبارەک، کە ئێستا بەوە رازییە وازبێنێ، بەو مەرجەی ناوی بنێن "سەرۆکی پێشوو" نەک سەرۆکی تێهەڵدراو ..لەلایەکی تریش دووشەشە بۆ ئەمریکا! حوسنی موبارەک داوای ئەوە دەکا گەلی میسر رێگەی پێبدەن، وەک هاووڵاتییەک، لە میسردا بمێنێتەوە نەک وڵات بەدەری بکەن ..ئەو، هەروەک خۆی دەڵێ، بۆ خاک و وڵاتی میسر زۆری کردوە .هەر لەسەر خاکی میسریشدا دەیەوێ بمرێ ..زۆر سەیرە ..حوسنی موبارەک باسی ئەوە ناکا، چەند جاری بەقەدەر ئەو کردنە، رزقی برسییەکانی میسری لرف کردوە! لەمیسردا خەڵکی رووت و برسی کردوە، کەچی نازانم بە چ شێوەیەک، ئەو چل تا حەفتا ملیار دۆلارەی کۆ کردۆتەوەو بردوویەتیە دەرەوە؟! هیچ گومانیشم لەوەدا نیە کە ئەمریکا ئاگاداری ئەو بەزموڕەزمەیە.بۆ ئەمریکا حوسنی موبارەکیش بەهایەکی ئەوتۆی نیە ئەگەر دەستی لەو ئەوەندە ملیار دۆلارە گیرببێ..بۆیە خەڵکی میسری دیل و داماو دەبێ داوای ئەوە بکەن کە گەندەڵ حوسنی موبارەک، ئەو چل تا حەفتا ملیۆن دۆلارەی کە لە گەلی برسی میسری دزیوە، بێنێتەوە میسر ئەنجا ملی خۆی و کوڕەکانیشی بشکێنێ و بڕوا.
بەڕێزم کاک مەسعوود بارزانی...ئێوەش تۆزێ بەخۆتاندا بچنەوەو کەمێکیش دووربین بن لە مەسەلەکان.خەڵک مافی ژیانی ئاسوودەو ئازادی و سکی تێری هەیە ..ببینن و ببیستن خەڵکی کوردستان دەڵێن چی و داواکانیان چیە.چیتر رێگەی ئەوە مەدەن خەڵکانێکی هیچ نەکردە لەسەر حیسابی خەڵکی شەکەت و ماندوو سک تێر بکەن و خەڵکیش قۆڕەی لە سکیەوەبێ لەبرسا..ئێوە ئەگەر خۆتان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەزانن، ده جاروبار سەردانێکی کۆڵانە پڕ لە چڵپاوەکانیش بکەن و چیتر چاوی ئەو خەڵکە هەژارە بەو ساختومانە بەرزانە کز مەکەن ..خەڵکی برسی چیداوە لە بینینی ساختومانی بەرز ؟! گەر تۆ گەڕەکتبێ گوێ لە داواکانی خەڵک بگریت و بۆیان جێبەجێ بکەیت و زوو زووش بەسەریان بکەیتەوە، ئەوە هیچ گومانم لەوەدا نیە کە خەڵک خۆشتیان دەوێ و هیچ پێویستیش بەوە ناکا حیمایەت هەبێ و لە خەڵکی کوردستان بترسی .بڕۆ گوێ لە خەڵکی ئەو گەڕەکانە بگرە بزانە چیان گەڕەکە...ئێوە دەبێ ئەوە لەبیرنەکەن خەڵک مافی ئەوەی هەیە مافی خۆی بسێنێ نەک لە کەسێکیتر، غەیری خۆی، داوای بکا..ئەی هەر ئێمە نەبووین پڕ بەدەنگ شیعری شاعیرانی خۆمان لەڕووی دوژمنان دەخوێندەوەو دەمانگوت: " حەق دەسێندرێ، نادرێ" ..جا چۆن ئەو خەڵکە ئەمڕۆ رێگە بدا، نەک بە دوژمن، بەڵکو بەکەسێکی نزیکی خۆی، مافی رەوای لێزەوت بکا؟!
بەرێزم کاک مەسعوود سەرۆکی هەرێم ..
ئەو رۆژە کە لەگەڵ خوێندکارو مامۆستاکان کۆبوویتەوە بۆ ئەوەی گوێ لە بۆچوون و داواو گلەییەکانیان بگری، من ئەوکاتە پێڕانەگەیشتم لەسەرەتای دانیشتنەکە وەکو بینەر بەشداربم .لە کاتی رادەربڕیندا مامۆستاو خوێندکارەکان تێیاندا هەبوو شتی باشی پێشنیارکرد ..هەبوو پەنجەی خستە سەر کارە دزێوەکان ..بەڵام، بەداخەوە, بۆ نموونە تێشیاندا هەبوو نەک هەر بەسەر شان و باڵی جەنابتیدا هەڵدەگوت، بەڵکو هانیشی دەدای کاری خراپ ئەنجام بدەی بەرامبەر بەو حزبە کوردییانەی رەخنەیان لە حزبەکەی ئێوەو حکومەتی کوردستان هەیە، کەچی ئێوە، وەک بڵێی چێژت لە قسەکانی وەردەگرت، دەنگێکتان نەکرد ! بۆ؟
دەربارەی گۆڕان ..من یەکێکم لەوانەی کارەساتی پشتئاشانم بەچاوی خۆم بینیوه ..نەوشێروان ئەگەر ببێ بە پەپوولەش من باوەڕم پێی نیە .ئێوە پارتی و یەکێتی بەرەفتارە دزێوەکانتان لە تامتان بردە دەر ..خەڵک هێندە لێتان بێزاربوو پڕ بوون .لەوکاتەدا هەر حزب و هەر کەس و هەر جەماعەتێک بهاتایەتە مەیدان و لەدژی ئێوە بکۆکیبا ئەو دەنگانەی دەهێنا، بەتایبەتی لە سولەیمانی چونکە لەژێر دەسەڵاتی ئێوەدا نەبوو .وا بەچاوی خۆتان بینیتان چۆن خەڵکی میسر دەبدەبە ئاسایی، چونکە زیاد لەپێویست پڕبوون , تەقینەوە .خەڵکی کوردستانیش، میسرییەکان ئاسایی، ئەوانیش مرۆڤن .لە خوێن و گۆشت درووست بووینە و هەستیان هەیە .کە کار گەیشتە سەر ئێسقان جڵەوەکەش دەپسێ .نەک تەنیا نەوشێروان، بەڵکو هەر یەکێکیتربوایە خەڵک دەنگی پێدەدا چونکە زەمینەکە بەتەواوی خۆشببوو .من بەشبەحاڵی خۆم دەستخۆشی لە نەوشێروان دەکەم بۆ ئەو دەستپێشخەرییە .خەڵکێکی زۆر دەنگی پێدان .منیش یەکێک بووم لەوانەی ..کە برادەرێکم لە لیستەکەی گۆڕان خۆی پاڵاوتبوو داوای لێکردم دەنگی پێبدەم داواکەییم رەتنەکردەوە دەنگم پێداو لەکەسیشم نەشاردەوە زوو رامگەیاند .جا بتەوێ یان نەتەوێ، بمەوێ یان نەمەوێ، دەنگی من چوو بۆ گۆڕان، لێشی پەشیمان نیم!
گۆڕان وەک ئۆپۆزیسیۆن, نەک وەک دۆست و برایەکی ئێوە, هاتۆتە ناو پەڕلەمانی کوردستان .گۆڕان بەخۆشی خۆی نیە، بەڵکو پێویستە لەسەری، بۆ خەڵکە نارازییەی کە دەنگی پێداوە، بسەلمێنی کە نائومێدیان ناکا.ئێوە کە کۆنەجاش و کۆنە بەعسی و ئەنفالچییان لەخۆ کۆبکەنەوە خەڵک ئومێدی چی بە ئێوە هەبێ ..لە پەڕلەمان ئێوە ئەگەر پێشنیاری شتی باشیش بکەن خەڵک بەگومانەوە سەیری دەکا.گۆڕان پێویستە لەسەری لە وشەی " نەخێر " زیاتر هیچ وشەیەکیتر بەکار نەهێنێ جا لەهەرکوێیەک بێ .ئێوە وەک سەرۆک دەبێ زیاتر گوێ لە قسەکانی ئەوان بگرن بۆ ئەوەی بزانن هەرێمی کوردستان چ کون و کەلەبەرێکی تێکەوتووە .لە بەغدا گۆڕان بەلانیکەم مافی ئەوەی هەبوو دوو وەزیری هەبێ، کەچی ئێوە، لەبەرئەوەی لیستی گۆڕان لە لیستی کوردستانی جیا بۆوە، نەتانهێشت وەزیریان بدەنێ! ئێوە ئەو مافەتان نیە فشاربخەنە سەر گۆڕان بە چەقەنەی ئێوە بێتە سەما.یاخود ئێوە چۆن رێگا بەخۆتان دەدەن بە گۆڕان بڵێن دەبێ وەک پەپووگایە قسەکانی ئێمە دووبارە بکەنەوە.کاتی خۆی حزبی بەعس بە حزبی شیوعی عێراقی دەگوت:" بائێوەش خێمەی تایبەتی خۆتان هەبێ، بەڵام خێمەکەی ئێوە دەبێ لەژێر خێمەی ئێمە بێ!" .کوتلە هەیە لە ناو "العراقیە" دا حەوت کورسییان لە پەڕلەمانی عێڕاقدا هەیە کەچی دوو وەزیریان هەیە ..گۆڕان هەشت کورسی هەیە، هەر لەبەر ئەوەی نایەتە ژێر رکێفی ئێوە، نابێ وەزیریان پێبدەن .گۆڕان بەهیچ شێوەیەک نە لە بەغدا، نە لە بەسرا و نە لە هەولێریش نابێ لەگەڵ ئێوەدابێ .چونکە ئەوانەی دەنگیان پێداوە لێی رازی نابن، منیش یەکێکم لەوانە .
بەڕێزم ..ئەنجا تۆزێکیش گوێ لە برایێ خۆ بگرە بزانە من دەڵێم چی.چونکە من داوا ناکەم، من پێدادەگرم .پێدادەگرم لەسەر ئەوەی کە، هەرچی زووە هەرچی کۆنە بەعسی و جاش و ئەنفالچی هەن، گشتیان نەک تەنیا بەلاوەنێی، بەڵکو دوور دووریان تێهەڵبدەی .من لە ژمارە 879 و 880 ی رێگای کوردستان، ئەم مەسەلەیەم بەروون و ئاشکرایی خستۆتە بەرچاوی خوێنەرانی کورد .ئەم مەسەلەیە تابڵێی گرینگەو سەودای لەسەرناکرێ .بە بڕیارە سەرپێییەکەی خۆتدا بچۆرەوەو هەنگاوی لۆجیکانە بنێ و مەکەوە ژێر فشاری دەوروبەرو ئەمریکییەکانەوە.ئەو ئەمریکییانە دۆستی کەس نین، دۆستی پارەن ..وا بەچاوی خۆتەوە دەبینی چۆن ئەوانەی لەوان زۆر لەتۆ لەپێشتربوون، خەریکە یەک یەک گەسک دەدرێن.
ئێوە مافی ئەوەتان نیە لە هەزارەها تاوانبار و مرۆکوژ، نەک هەر خۆشبن، بەڵکو لەدەروبەری خۆتانیان کۆ بکەنەوە.ئەوان لە دەوروبەری خۆتەوە کۆ بکەیتەوەو خەڵکانێکی زۆر دڵسۆزیش دوور دوور فڕێبدەی , بەتایبەتی ئەوانەی پێشمەرگەبوون! لێبوردن بۆ هەزارەها مرۆکوژ دەبایە لە رێگەی ریفیرێندوومەوە، بەپرسی تێکڕاى خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی دایکانی جگەرسووتاوو ئافرەتانی بێمێرد، بوایە نەک بە بڕیارێکی تاکەکەسی سەرپێیانە.تەنیا خەڵکی کوردستان بەتێکڕا ئەو مافەیان هەیە بڕیاری لەم جۆرە بدەن نەک تاکە کەسێک.
من بەڵگەی زۆرم بەدەستەوەیە کە ئێوە، دەڵێم ئێوە، چونکە ئێوە سەرۆکی هەرێمن ..واتە ئەو مافەت نیە بڵێی ئاگادار زۆرشت نیت ..ئێوە ئاگاداری هەموو شتێکن ..ئەگەر هەر پێش لەسەر ئەوە دادەگرن کە ئاگادارنین، فەرموون وا من لەخوارەوە بۆتی دەنووسم! من بە دەستی خۆم لە مۆسکۆوە وێنەیەکی گەورەی بارزانی نەمری باوکتم برد بۆ شاری مینسک و وێنەکەم وەک سەرکردەیەکی کوردلە ئۆفیسی، ئەو "زاتە پیرۆزە" ی، کە دەمەوێ پێتانی بناسێنم، ، هەڵواسی.هێندەی بەسەرنەچوو سەفارەی عێراق لە مینسک، هەڵبەت بە یارمەتی ئەو "زاتە پیرۆزە"، کرایەوە.هەر بۆ ئەوەی خۆمیش و ئێوەش زۆر ماندوو نەکەم لەکورتی دەیبڕمەوە .من هەموو رۆژ سەردانی ئەو ئۆفیسەم دەکرد ..رۆژێکیان چیم بینیبێ بە چاوی خۆم .کە چوومە ئەو ژوورەی وێنەی رەحمەتی باوکتی پێوە هەڵواسرابوو، وێنەیەکی زۆر گەورەی سەدام حوسێن، ئەوەی کە بە پێڵاوەوە نوێژ دەکا، ئەو وێنەیەی لەشوێن وێنەی بارزانی نەمردا هەڵواسیبوو!! ئیتر وێنەی باوکت ونبوو لەبەرچاو ..تا ئێستاش کەس نەیزانی چی بەسەرهات.ئەو "زاتە پیرۆزە" ئێستا خەریکی ئەوەیە، بە یارمەتی پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، شاندی بێڵەرووسی دێنێ بۆ کوردستان و خەڵکانێکی زۆریشی لە هەولێرەوە بردوە بۆ بێڵەرووسیاو بۆتە ملیۆنێریش! بەوە دەڵێن چی؟! من، کە سەر بە ئێوەش نیم، رێزم لە باوکتان ناوە، کەچی ئێوە وادیارە ئەو مەسەلەیەش بەهەند هەڵناگرن؟!! بۆ ئەوەی باشتر بیناسن ئەو "زاتەپیرۆزە" هەرچی کاری گڵاوە، ئەنجامی داوە ..ناوی هەرچی کوردو عەرەبی بێڵەرووسیا هەبوو هەمووی دابوو بە سەفارەی عێراق ..من ناوی خەڵک نادەم ..با نەوزاد هادی ئەم مەتەڵەتان بۆ هەڵبێنێ .
من نامەم بۆ بەڕێزتان نووسیوە داومەتە دەست کاک فازڵ میرانی کەچی ئێوە هەر ئاگاشتان لێنیە .( بۆ زانینتان لە نامەکەدا پێمڕاگەیاندوون کە دەبێ داوای کۆنفیدڕالیزم بکەن نەک فیدڕالیزم ..گوتوومە دەبێ ئێمە کیانی خۆمان هەبێ ...ئەمە پێنج ساڵ لەمەوبەر ...هتد).نامەم نووسیوە بۆ بەڕێزتان و داویانەتە دەست کاک کەماڵ کەرکووکی، کەچی ئێوە بە هەبوونی منیش لەسەر دونیا نازانن.بەڵام من لەوە دڵنیام زوو هەواڵی ئەم نامەیەت پێدەگا چونکە شێوازیان جودایە! چی دەبێ با ببێ من بە قەرز لەکەس نەترساوم ..ئەوە بۆمن زۆرە ئێوە بە هەبوونم بزانن ..من هەموو ژیانم خەباتم کردوە لە دژی رژێمی سەدام حوسێن کەچی ئەمڕۆ لە سایەی، کەسیترنا، ئێوە، من کە دێمەوە بۆ شاری هەولێر، کە تیایدا چاوم بە دونیا هەڵێناوە، روو لە میوانخانەکان دەکەم بۆ خەوتن!! تا ئێستا تەنانەت بۆ جارێکیش نەمتوانیوە منداڵەکانم بێنم بۆ کوردستان کە نەیانبینیوە! بۆ کوێیان بێنم ؟ ئەوانیش بۆ میوانخانە؟
ئەگەر تۆ پێشمەرگە بوویت، منیش پێشمەرگەی دێرینم .بەڵام تەنیا لەبەرئەوەی رابردووێکی پاکم هەیە من لەلای ئێوە هێسکم گرانه ..ئەوە راستییە نەک لەخۆمەوە ئەم قسەیە دەکەم .من لە لێپرسراوانی ئێوەم پرسیوە ئەمە بۆ وایە؟ واتە بۆچی کۆنە بەعسی و جاش و ئەنفالچی شوێنە بەرزەکانیان داگیرکردوە، لە وەڵامدا پێیانگوتووم: " ئەگەر بۆ ئەو قسانە هاتووی، باشتر وایە بگەڕێیتەوە!".بۆ زانینتان ئەو " زاتە پیرۆزە" ی باسیمکرد بە پلەی " رائد " خانەنشینتان کردوە .ئەگەر، بە قەولی خۆتان، پێشمەرگە لای ئێوە پیرۆزە ..دە پێم بڵێ کوا؟ هەرجاری هاتوومەتەوە بۆ هەولێر وەک بێگانە خۆم هاتۆتە بەرچاو نەک وەک کەسێکی ئەو شارە! هەرچی زەوی شارەکەی من هەیە هەمووی لە لایەن خەڵکی شارو دێهاتەکانیتر دەستیان بەسەرداگیراوە.ئەگەر ئەمڕۆش نەبێ، رۆژێک هەردێ، ئەو خەڵکە مافی زەوتکراوی خۆى بسێنێ ...
* اسماء نێوی ئەو کچە قارەمانەیە، کە رۆژێک بەر لە راپەڕین، بانگی خەڵکی میسری کرد بێنە سەرجادەکان.بۆیە من نێوی شۆڕشی میسرم بە ناوی ئەوکرد، چونکە شایانێتی.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
