
به‌ناوی خودای به‌خشه‌نده و میهره‌بان
به‌رێز جه‌نابی سه‌رۆك
ئاماده‌بوانی به‌رێز
دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كان پانتاییه‌كی فراوان و مێژوویه‌كی دێرینیان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، هه‌یه و له‌بواری شوناس و ئه‌رك و كاریگه‌ریان هه‌رده‌م له گۆران و په‌ره‌سندندا بوونه.
پێشتر به‌شێك له ئه‌ركه رۆشنبیرییه‌كان له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌وانه دامه‌زراوه ئاینییه‌كان وه‌ك مزگه‌وت و كه‌نیسه..هتد ئه‌نجام دراوه.جگه له ئه‌ركه ئاینییه‌كان مزگه‌وت و حوجره مه‌ڵبه‌ندێك بووه بۆ پاراستنی زمانی كوردی وفێربوونی زمانی عه‌ره‌بی و فارسی وبه‌رهه‌می شیعر و په‌ره‌پێدانی كه‌لتور و، كه‌نیسه‌ش رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له پاراستنی زمانی و ئه‌ده‌بیاتی سریانی.ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگه خاوه‌نی چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆری دامه‌زراوی رۆشنبیری نوێیه و له ئاینده‌ش شێوازی نوێتر له دایك ده‌بێت، به‌ڵام ناكرێ له‌سه‌ر ئاستی تاكدا له پۆلێنكردنی چه‌مكی رۆشنبیر، كه‌سانێك ئه‌ركی خزمه‌تگوزاری بواری ئاینی له كۆمه‌ڵدا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و له هه‌مان كاتدا به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییان هه‌یه، له رۆشنبیر جیابكرێنه‌وه.به‌ڵام به پێی پسپۆری و تایبه‌تمه‌ندی، ئه‌ركی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ئاینی به تاك جیاوازه له ئه‌ركی دامه‌زراوی رۆشنبیری حكومی بێت یان ناحكومی.هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه باس له ئه‌ركی دوو جۆر له دامه‌زراوه ده‌كه‌ین كه به‌رده‌وام له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كارادا له بواری كار و شێوازی رێكخستن به مه‌به‌ستی سه‌قامگیركردنی ئاشتی كۆمه‌ڵ، پێویستی به نوێخوازی و په‌ره‌پێدان هه‌یه.هه‌روه‌ها ناكرێ گرفته‌كان له روانگه‌ی بوونی ململانێ نێوان رۆشنبیر و مامۆستای ئاینییه‌وه ته‌ماشابكرێت و، به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چین كه هه‌موو مامۆستایانی ئاینی له یه‌ك به‌ره و رۆشنبیران له به‌ره‌یه‌كی دیكه كۆبكرێنه‌وه، چونكه لێره‌دا جیهانبینی تاك، هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر هه‌ربابه‌تێك ده‌ستنیشانده‌كات.بۆیه باسی سه‌ره‌كیمان ده‌رباره‌ی رێكخستنی ئه‌ركی دامه‌زراوه‌كانه رۆشنبیری بێت یان ئاینی دوور له‌سیفه‌تی ئه‌و تاكه‌ی له‌و دامه‌زراوه وه‌ك وه‌زیفه كارده‌كات.
له چوار چێوه‌ی پێداویستی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ و سازدانی گفتوگۆی دیموكراسیانه به مه‌به‌ستی كاراكردنی رۆڵی دامه‌زراوه ئاینییه‌كان و دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كان له سه‌قامگیركردنی ئاشتی ئه‌هلی و به‌شداری كاریگه‌رانه له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وادا، كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری جۆراجۆر بۆ گفتوگۆ ده‌خینه روو.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: چه‌مكی ئازادی داهێنان
چه‌مكی ئازادی داهێنان چه‌مكێكه هه‌رده‌م له گۆرانكاری و په‌ره‌سندندایه و، ئه‌مرۆ ده‌بێ به پێوه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌وه ته‌ماشای بكه‌ین.لێره‌شدا ئه‌م بنه‌مایانه ده‌خینه روو:
1ـ پاراستنی هه‌مه چه‌شنی روشنبیری و هه‌مه‌جۆری سه‌رچاوه‌كانی و سوودوه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی كه‌له‌پور (التراپ) به دیدی جیاواز‌و به میتۆدێكی ره‌خنه‌گرانه، دوور له ئیحتكاركردنی ئه‌و كار و ئه‌ركه به تێروانین و تێگه‌یشتنێكی دیاركراو و، گشتاندنی ئه‌و بۆچون و تێروانینه و سه‌پاندنی وه‌ك تاكه راستییه‌كی بێگومان به‌سه‌ر رۆشنبیراندا.ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازی رچاوی چه‌مكی به‌مرۆیكردنی مێژوو له كاری داهێنانی جۆرارجۆردا بكرێ و، تێكرای هزری مرۆڤایه‌تی له چوارچێوه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی و ململانێ و پێداویستییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌وه ته‌ماشابكرێ و، هه‌موو تاكێك، به‌تایبه‌تی داهێنه‌رانی بواری فیكر‌و ئه‌ده‌ه‌بیات، مافی سوودوه‌رگرتن و به‌كارهێنانی ره‌هه‌نده‌كان و ورده‌كارییه‌كانی مێژووی خۆمان و ناوچه‌كه و جیهانیان هه‌بێت، دوور له تاكه لێكدانه‌وه و خستنه‌رووی وه‌ك راستییه‌كی ره‌ها.
2ـ رچاوكردنی میتۆدی نوسین له داهێنانی ئه‌ده‌بیدا وه‌ك شیعر‌و رۆمان و كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، كه جیاوازه له میتۆدی توێژینه‌وه له بواری سۆسیولوجی و مێژوو، بواری زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.له‌م روانگه‌یه‌وه ناكرێ شاعیر و رۆمانووس وه‌ك مێژوونووس و فقیهی ئاینی پسپۆری بواری زانستی لۆجیك (منتق)، كاره‌كانی هه‌لبسه‌نگێنرێ.پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش زیندانیكردنی شاعیر و ئه‌دیب و رۆمانووسه و قه‌ده‌غه‌كردنی ئازادی خه‌یال و بیركردنه‌وه‌یه و، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێشێلكردنی ئازادی داهێنانه.
3ـ گرنگی دیالۆگ و به‌رده‌وامبوونی وه‌ك پێداویستییه‌كی بابه‌تی سه‌باره‌ت به‌م چه‌مكه گرنگانه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌لماندن و به‌ڵگه و قایل‌بوون به به‌رامبه‌ر، دوور له زمانی هه‌ره‌شه و تۆقاندن و هاندانی خه‌ڵكی ساكار و، جۆشكردنی هه‌ستیان و به‌كارهێنانیان بۆ سه‌پاندنی بۆچونێكی دیاریكراو‌و، ئیحتكاركردنی چه‌مكی پیرۆزی به مه‌به‌ستی بێده‌نگكردنی به‌رامبه‌ر.
له‌قورئانی پبرۆزدا ئاماژه به‌م منهه‌جیه‌ته كراوه: (قل هاتوا برهانكم انكنتم صادقبن) .
بنه‌ماكانی ئه‌م دیالۆگه چه‌مكه به‌رامبه‌ر چه‌مك..وشه به‌رامبه‌ر وشه..به‌ڵگه به‌رامبه‌ر به‌ڵگه، به رچاوكردنی پسپوری و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر بوارێك و زانینی راده‌ی پێویست له زانیاری.
4ـ ئازادی داهێنان، له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و بنیاتنانی دیموكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا جیاناكرێته‌وه.هه‌ر بۆیه به‌شێك له ئه‌ركی سیاسه‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاندان و پشتگیری دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كانه و بایه‌خدان به رۆڵیان له ئاشتی ئه‌هلیدا له رێگای تێكه‌ڵنه‌كردنی ئایدیولوجیا به بواری رۆشنبیری كه بوارێكی داهێنه‌رانه و مه‌عریفییه و، فه‌رزنه‌كردنی موقه‌ده‌سی سیاسی به‌سه‌ر بواری داهێناندا، ئه‌مه‌ش به مانای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفتی نێوان رۆشنبیر و ده‌سه‌لات به به‌رژه‌وه‌ندی رۆشنبیر، چونكه له ئاكامدا رۆشنبیری و داهێنان له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌لاتێكی دیموكراتی و مه‌ده‌نیدا ده‌بێت.
به‌رده‌وامبونی پرۆسه‌ی پێشكه‌وتنی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری، ده‌بێته هۆی خولقاندنی تێگه‌یشتن و حاڵیبون و لێكدانه‌وه‌ی نوێخوازانه بۆ هزری ئاینی و به پێچه‌وانه‌شه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو به دواكه‌وتووی و هه‌ڵه له‌چه‌مكی ئاین تێده‌گات.
ته‌وه‌ری دووه‌م: پاراستنی ئازادی داهێنان به پێی قانون
1ـ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كۆمه‌ڵ و وه‌ك كیانی سیاسی به قۆناغی گواستنه‌وه و بنیاتنانی دیموكراسی و دامه‌زراندنی چه‌مكی ده‌وڵه‌تی یاسا و دامه‌زراوه‌كان تێپه‌رده‌بێت.یه‌كێك له بنه‌ما گرنگه‌كانی ئه‌م بواره پابه‌ندبوون و رچاوكردنی رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
جگه له ده‌ستوری عێراقی فدراڵ و ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، له مادده‌ی 18 و 19 و 27ی جاری جیهانی مافی مرۆڤ و ماده‌ه‌ی 19ی په‌یماننامه‌ی مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان ئاماژه به ئازادی بیر و بۆچون و راده‌ربرین و پاراستنیان و مافی ئازادی بیركردنه‌وه و ویژدان و ئاین دوور له ده‌ستێوه‌ردان و ته‌نگپێهه‌ڵچنین و مافی به‌شداریكردنی ئازادانه‌ی له ژیانی رۆشنبیری كۆمه‌ڵدا و، چێژوه‌رگرتن له هونه‌ر و به‌شداری له پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سوودوه‌رگرتن له ئاكامه‌كانی، كراوه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م به‌ڵگه‌نامه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییانه، ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك بوار به پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربرین له لایه‌ن ده‌زگای فه‌رمییه‌وه یان له رێگای پێكهاته و دامه‌زراوی كۆمه‌ڵایه‌تی نافه‌رمییه‌وه، له‌ژێر هه‌ر په‌رده و بیانودا بێت، نه‌دات.
2ـ له روانگه‌ی خاڵی یه‌كه‌مه‌وه ناكرێ ئه‌دیب و شاعیر و رۆمانووس له‌سه‌ر فانتازیا و خه‌یال و به‌كارهێنای هیمای فیكری ئاینی یان هیمای ئازادانه له كاری ئه‌ده‌بیدا دادگایی بكری.
له‌و ماوانه‌دا كه ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی له گه‌شه‌سه‌ندن بووه له مێژوی كه‌لتوری عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا چه‌ندین نوسه‌ر و شاعیری به‌ناوبانگ به ئازادی به‌رهه‌می خۆیان نوسیوه و، ره‌خنه‌یان له چه‌مكه باوه‌كان گرتوه و، بێ ئه‌وه‌ی دووچاری سه‌ركوتكردن و داپلۆسێن بن.له‌م مێژوویه‌دا نموونه‌ی الجاحڤ، ابو العلا و المعری، ابوبكر الرازی چه‌ندین كه‌سانی دیكه به‌دی ده‌كرێن.ئه‌و كاتانه‌ش له‌و مێژویه‌دا كه نوسه‌ر سه‌ركوتكراوه، ئه‌وا سه‌رده‌می حوكمرانه توندره‌وه‌كان بووه كه له سایه‌ی ئه‌واندا وڵات و داهێنان دواكه‌وتوه.
هه‌ر له‌و كه‌لتوره‌دا چه‌ندین شاكاری ئه‌ده‌بی ده‌بینین كه زۆر به روونی باسیان له‌ومه‌سه‌لانه كردوه كه‌ئه‌مرۆ به‌تابۆ داده‌نرێ له‌وانه:
الكشكول، زهر الربیع، رجوع الشیخ الی صباه.كه به‌شێكیان له لایه‌ن زانای ئاین په‌روه‌ره‌وه نوسراونه‌ته‌وه.هه‌روه‌ها ڕلف لیله ولیله یه‌كیكه له هه‌ره شاكاره‌كان له ئاستی جیهاندا كه باس له‌و مه‌سه‌لانه‌دا ده‌كات.
له ئه‌ده‌بی كوردیدا شیعری نالی و حاجی قادری كۆیی و شیعره‌كانی شێخ ره‌زای تاله‌بانی كه گومان له ئاینپه‌روه‌ریبوونی نییه نیشانه‌یه‌كی دیكه‌یه، ئه‌مه جگه له رشته‌ی مرواری شاكاره‌كه‌ی مامۆستا علا و ا‌لدین سجادی كه هه‌ر له دوای راپه‌رینی ئاداری 1991دا كه‌سانێك به به‌رنامه‌له بازاردا ده‌یانكری و پاشان ده‌یانسوتاند.
بۆیه مه‌ترسیدارتین شێواز له رێگاگرتن له ئازادی داهێنان راپێچكردنی شاعیر‌و نوسه‌رانه بۆ دادگا به هۆی به‌رهه‌میانه‌وه له‌سه‌ر داوای دامه‌زراوی ئاینی و زانای ئاینییه‌وه كه ئه‌ركی ئه‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ تاك، نه‌ك بوون به‌ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری هونه‌ری و ئه‌ده‌بی به مه‌به‌ستی سزادانی، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا محاكمی تفتیشی كۆن و، نمونه‌ی كه‌لتوه‌ری ململانی نێوان دامه‌زراوی ئاینی و وه‌زیفه‌ی الحسبه له ئه‌زمونی رابوردوی میسردا بۆ كۆمه‌لگه‌ی كوردستان ده‌گوێزینه‌وه.
3ـ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵسه‌نگاندی كاری داهێنه‌رانه مه‌سه‌له‌یه‌كی قانونی نییه تاكو له محزه‌ری پۆلیس و له‌گه‌ڵ رێزمان بۆ دادوه‌رانمان له دادگادا یه‌كلابكرێته‌وه، له‌مه‌شدا ده‌بینین ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ئیجرائاتی ئسولی محاكمات بۆ نمونه ئاگاداركردنه‌وه و یانگهێشتكردنی سه‌ندیكای ناوبرا، له هه‌ندێ له‌و كێسانه‌دا فه‌رامۆشكراوه، كه‌چی حوكمیش دراوه.بردنی ئه‌م مه‌سه‌لانه بۆ دادگا مانای كردنی ئه‌فسه‌ری پۆلیس و دادوه‌ره به ره‌خنه‌گر.ئه‌ركی هه‌ڵسه‌نگاندی ئه‌م كارانه ئه‌ركی پسپۆری ئه‌و بواره و مامۆستایانی كولیجی ئه‌ده‌بیات و خودی داهێنه‌رانه چونكه میتۆد و زمانی ئه‌ده‌بیات و زمانی دیكه جیاوازن.هه‌ڵبه‌ته له تێكرای ئه‌م خاڵانه‌ی خستومانه‌ته روو باس له‌كاری داهێنه‌رانه ده‌كه‌ین، نه‌ك جنێودان و تشهیركردن به قه‌ناعه‌تی خه‌ڵك چونكه ئه‌و ئاراسته‌یه له ئه‌ده‌ب و كاری هونه‌ری ره‌سه‌ن دووره و، له كۆتاییدا ده‌چێته سنوری یاسای سزادانه‌وه.
ته‌وه‌ری سَیه‌م: چه‌مكی مافی ئافره‌ت و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی
چه‌مكی پاراستنی مافی مرۆڤ به مانا فراوانه‌كه‌ی یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌قامگیركردن و بته‌وكردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رده‌وامبونی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی.ئه‌مرۆش مافی ژنان پانتاییه‌كی فراوانی بواری مافی مروڤه.یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چاكسازی ئاینی له ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و وڵاته ئیسلامییه‌كاندا له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابوردوودا پێداچونه‌وه به گوتاری ئاینی له بواری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل چه‌مكی ئازادی و مافی ئافره‌ت بووه.ئه‌و پێوه‌رانه‌ش كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌كارهێنراوه و تا ئێستاش زیندووی هه‌یه، پێوه‌ری یه‌كسانی تاكه‌كان به نێر و مێوه له توخمی خه‌لقبوون بووه و جیاكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له بایولوجییه‌كان كه له چوارچێوه‌ی خلقبوونی مرۆڤدایه، له مه‌سه‌له‌ی پێكهاتی كۆمه‌ڵایه‌تی كه له چوارچێوه‌ی ته‌رخانكردنی رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ هه‌ر تاكێك له قاڵبی پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌رده‌م له گۆرانكاریدایه و، مافی خودی مرۆڤه به‌رده‌وام له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و، به‌مه‌به‌ستی زامنیكردنی یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رله‌نوێ رێكیبخاته‌وه.هه‌ر بۆیه له قورئانی پیرۆزدا له گوتارێكدا كه ته‌نها بۆ مه‌سلمان نییه به‌ڵكو به گشتی بۆ خه‌ڵكه چه‌مكی خلق به جیا له چه‌مكی جعل به‌كارهاتوه.
(یا ایها الناس انا خلقناكم من ذكر وانثی وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا) .
له مێژووی هاوچه‌رخی كوردستانیشدا مامۆستایانی ئاینی رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له هاندانی ئافره‌تان بۆ خوێندن و له گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی هاوچه‌رخدا به‌شێك له‌و مامۆستایانه ده‌ستپێشخه‌ریان كردوه به ناردنی كچی خۆیان بۆ قوتابخانه.ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له چوارچێوه‌ی هه‌لومه‌رجی مێژووی خۆیدا هه‌نگاوێكی گرنگی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ئافره‌تان بووه.
بنه‌مای تێكرای ئه‌و بۆچونانه له‌سه‌ر بنه‌مای مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل ئاینی ئیسلامی پیرۆز وه‌ك ئاینی وه‌ستیه‌ت و میانره‌وه‌ی بووه.بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هه‌مان منهجیه‌ت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافی ئافره‌تدا به گرنگی ده‌زانین رچاوی ئه‌م خالانه بكرێت:
1ـ جیاكردنی ئاینپه‌روه‌ری له توندره‌وی ئاینی و، حاله‌تی یه‌كه‌میان به‌شێكه له پیداویستی روحی تاك و هاندان بۆ چاكه و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و یارمه‌تیدانیان و قبولكردنی به‌رامبه‌ر و قولكردنی چه‌مكی یه‌كسانی تاكه‌كان له مافه‌كاندا و رێزگرتن و قبولكردنی مافی ئافره‌ت.بنه‌مای ئاینپه‌روه‌ری كۆكبوونه له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌قلانیه‌ت و به‌خشنده‌یی و دانان به مافی به‌رامبه‌ر و دۆزینه‌ی لۆجیك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆچونی جیاوازیان له‌سه‌ر هه‌یه و گه‌یشتن به راستی، دوور له زمانی تكفیركردنی خه‌ڵك كه ده‌چێته خانه‌ی تیرۆره‌وه.به‌ڵام زمانی توندره‌وه‌ی زمانی ئیحتكاركردنی راستی و ئاخافتن به ناوی یه‌زدان و فه‌رزكردنی ته‌رزێكی دیاریكراوه‌ی دونیایه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا به‌ناوی خوداوه.
2ـ له‌م روانگه‌یه‌وه، ناكرێ گوتاری دامه‌زراوه ئاینییه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مافی ژنان و سوكایه‌تیكردن به رێكخراوه‌كانی داكۆكیكردن له‌و مافانه و تشهیركردن به كه‌سانی چالاكه‌وان له‌و بواره‌دا به‌كاربهێنرێ.دامه‌زراوه ئاینییه‌كان به‌شێكن له ژیانی گشتی كۆمه‌ل كه ناكرێ بۆ مه‌به‌ستی ئایدیولۆژی و تێروانینی تایبه‌تی كه‌سانێك له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن، به‌كاریهێنرێ و، ئه‌و كه‌سانه وه‌ك تاك له ده‌ربرینی بیروبۆچونیان به ناوی خۆیانه‌وه نه‌ك به سیفه‌تی ئاینییه‌وه، ئازادن، به‌ڵام ناكرێ شوێنی ره‌سمی و مینبه‌ری دامه‌زراوی ئاینی بۆ بۆچونی تایبه‌ت به‌كاریهێنرێت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌ركی بوونی ئه‌و دامه‌زراوانه وه‌ك دامزراوی گشتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و به‌خشینی ئارامی ده‌رونی پێیان و هێوه‌ركردنه‌وه‌ی فشاری ژیانی رۆژانه له‌سه‌ریان له‌ده‌سده‌چێ و ده‌بێته ئامرازێكی دابه‌شبوون ولاینگیری له ململانییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به مافی ئافره‌ته‌وه هه‌یه و، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا هه‌وڵی تێپه‌ركردنی عورفی دواكه‌وتوی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كه‌مته‌ماشاكردنی ژنان له رێكای په‌یره‌وه ئاینییه‌كانه‌وه تێپه‌ر بكرێ.
ته‌وه‌ری چواره‌م
بۆ به‌رده‌وامبونی دیالۆگ نێوان دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كان و دامه‌زراوه ئاینییه‌كان رچاوكردنی ئه‌م خاڵانه پێویسته:
1ـ جگه بۆ مه‌سه‌له نیشتمانییه گشتییه‌كان، روبه‌روی ئاسته‌نگیكی گه‌وه‌ره ده‌بینه‌وه گه‌ر ماوه بدرێ به به‌كارهێنانی فیكری ئاینی وه‌ك دروشم و گوتاری سیاسی بۆ ته‌یاركردنی جه‌ماوه‌ری ئاینپه‌روه‌ر به مه‌به‌ستی كاری حزبی و بانگه‌شه بۆ پرۆژه‌یه‌كی سیاسی، له كاتێكدا ئه‌و جه‌ماوه‌ره چاوه‌روانن له نوێژی هه‌ینیدا ئارامی و ئاسوده‌ییان پێشكه‌شبكرێ.هه‌روه‌ها مزگه‌وت شوێنی چالاكی سیاسی و موحازه‌ره‌ی سیاسی و هه‌ڵسه‌نگاندنی قانونی نێوده‌وڵه‌تی و رێكه‌وتن و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نییه.ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه مامۆستایه‌كی ئاینی شاره‌زا له‌و بواره‌دا مافی باسكردن و راده‌ربرینی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته نییه له زانكۆ و كۆر و كۆبونه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت، به‌ڵام به‌كارهێنانی گوتاری هه‌ینی بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌چێته خانه‌ی پروپاگنده و بانگه‌شه‌ی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵێك بیروبۆچون كه گفتوگۆ و رای جیاواز هه‌ڵده‌گرێ، له كاتێكدا ناوه‌ندێكی هه‌مه جۆر و له‌ئاستی جیاوازدا ئاماده‌ی ئه‌و مه‌راسیمه ده‌بن، جگه له‌وه‌ی شێوازی نوێژ و گوتاری ئاینی شێوازی ئاخافتنی گوتاربێژ و گوێگرتنی جمهوره.هه‌ربویه ناكری بوار به حزبیكردنی گوتاری ئاینی بدرێ.
2ـ پاراستنی گوتاری ئاینی له‌وه‌ی ببێته ئامرازی هه‌ره‌شه و سوكایه‌تیكردنی به ئاینێكی دیكه یان پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی به پێی ده‌ستور دابینكراون، له رێگای سازدانی شه‌رێكی ده‌رونی دژ به نوسه‌ران و ئافره‌تان و دژ به‌و تاكانه‌ی را و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌یه و، له ئاكامیشدا ده‌بێته هاندان و وروژاندنی ناوه‌ندی ئاینپه‌روه‌ران دژ به كۆمه‌ڵه خه‌ڵكانێك كه له‌وانه‌یه به شێوازی دیكه په‌یره‌وی قه‌ناعه‌تی خۆیان بكه‌ن جا ئه‌و قه‌ناعه‌تانه په‌یوه‌ندییان به ئاینپه‌روه‌ری خۆیانه‌وه هه‌بێت یان نه‌بێت.
3ـ سنوری گوتاری ئاینی له دامه‌زراوه ئاینییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌مزگه‌وتدا بواری (الوعظ والارشاد) بگرێته‌وه، نه‌ك بواری فتوادان كه ده‌بێ به قانون رێكبخرێ و پێوه‌ره شه‌رعییه‌كان له ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م وه‌زیفه‌یه په‌یره‌و بكرێ كه ئه‌مه‌ش پله‌ی ئیجتهادبوونی ده‌وێ.له هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا پێویسته گوتاری ئاینی له‌سه‌ر بنه‌مای قورئانی پیرۆز بێت كه ئاماژه به‌و میتۆده ده‌كات: ادع الی سبیل ربك بالحكمه والموعظه الحسنه وجادلهم بالتی هی احسن.
بۆیه‌ناكرێ مزگه‌وت و گوتاری هه‌ینی شوێنی فه‌توا دانبێت.
4ـ ماوه‌نه‌دان به به‌كارهێنانی گوتاری ئاینی بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه بۆ په‌یره‌وكردنی توندوتیژی دژ به تاكه‌كان و، خۆكردن به مودعی و قازی و جێبه‌جێكه‌ری حوكم، كه‌تێكرای ئه‌مانه ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته و ده‌بێ به قانون په‌یره‌و بكرێـت.
5ـ كاری گوتاربێژی ئاینی خزمه‌تێكی گشتی كۆمه‌لایه‌تییه و، ئه‌م كاره هه‌ر وه‌ك كاری خزمه‌تكردن له ده‌زگای سوپادا ده‌بێ به‌وپه‌ری بێلایه‌نی له سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا ئه‌نجام بدرێ و، ئه‌و خزمه‌ته ئاراسته‌ی تێكرای خه‌ڵك دوور له‌بیروبۆچونی سیاسی پێشكه‌شبكرێ و، هه‌رئه‌مه‌ش مایه‌ی سه‌قامگیركردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
