
گه‌نده‌ڵیی وه‌ک زاراوه‌یه‌ک بۆ دیاریکردنی سیمای سیستمێک، واتایه‌کی زۆر فراوانی هه‌یه‌و، ده‌توانرێت چه‌ندین به‌رگ کتێب له‌سه‌ر دیارده‌کانی بنووسرێت .دیارده‌کانیش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک لایه‌نی جیاجیادا دابه‌ش ده‌بن و ده‌کرێت سه‌رجه‌می کایه‌کانی ژیان بگرنه‌وه .
ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه‌یه بۆ په‌یوه‌ندی نێوان گه‌نده‌ڵی و ته‌نها کایه‌یه‌ک له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و کایه‌یه‌ش په‌روه‌رده‌یه، چ وه‌ک سیستم و چ وه‌ک ده‌زگایه‌ک له ده‌زگا گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵ که ئاڕاسته‌ی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵی دواڕۆژ ده‌کات .
سه‌ره‌تاو به‌ر له چوونه ناو ئه‌و بابه‌ته سه‌ره‌کییه‌وه هه‌ندێک له سیما گشتییه‌کانی گه‌نده‌ڵیی ده‌ستنیشان ده‌که‌ین تا وه‌ک پێوه‌رێک له به‌رامبه‌ر کاروباره جۆراوجۆره‌کانی نێو ده‌زگای په‌روه‌رده‌و سیستمی خوێندن رایان بگرین و شوێنی ئه‌م ده‌زگایه و کاریگه‌رێتیی له نێو دیارده باوه گشتگیره‌که‌دا بناسین و، به ناسینیشی خولیای چاره‌سه‌رکردنی بخولقێنێ و له ئاستیدا ده‌سته‌وه‌ستان رانه‌وه‌ستین .
کاتێک گه‌نده‌ڵیی ده‌بێته ناسنامه بۆ سه‌رتاپای ژیان له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کداو، له رووی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و ...هتد ته‌شه‌نه‌ی کردبێت و هه‌موو شانه‌کانی کۆمه‌ڵگای گرتبێته‌وه ؛ ئه‌وا له بارێکی وه‌هادا داڕزان و داڕمانێکی گه‌وره ده‌که‌وێته‌وه‌و چاره‌سه‌رکردن ته‌نها له توانای شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه که گۆڕانکاریی ریشه‌یی له بونیادی کۆمه‌ڵگادا بکات .به‌ڵام ئه‌گه‌ر سنووری گه‌نده‌ڵیی هێشتا هه‌ر له بازنه‌ی کاروباره کارگێڕیی و داراییه‌کاندا بێت، ئه‌وا دیسان ریفۆرمێکی راستگۆیانه ده‌بێته ئه‌رکێکی له‌دواخستن نه‌هاتوو تا به فریای هه‌ره‌س و داچوونی کۆمه‌ڵگا بکه‌وێت .
گرنگترین دیارده‌کانی گه‌نده‌ڵیی ته‌خشان و په‌خشانکردنی داهاتی گشتیی کۆمه‌ڵه له‌لایه‌ن حکومه‌ت و به‌رپرسه‌کانییه‌وه له بواری بێ سوودو به‌فیڕۆدانێتی .ئه‌م داهاته که موڵکی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکه، ده‌بێت به شێوه‌یه‌ک خه‌رج بکرێت که بونیادی کۆمه‌ڵگا پته‌و بکات و گه‌شه‌یه‌ک به سه‌رجه‌می بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵکیی بدات، ئاستی داهات به‌رزبکاته‌وه‌و به‌و پێیه‌ش بژێوی خه‌ڵک رووی له هه‌ڵکشان بێت .
شانبه‌شانی ئه‌و دیارده سه‌ره‌کییه‌ی گه‌نده‌ڵیی، دیارده‌کانی وه‌ک به‌کارهێنانی نایاسایی موڵک و ماڵی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی و، په‌راوێزکردنی یاسا‌و رێنماییه کارگێڕی و داراییه‌کان و، به‌فیڕۆدانی توانا‌و وزه زانستی و پسپۆڕییه‌کانی کۆمه‌ڵ و، بڵاوبوونه‌وه‌ی بێکاریی ئاشکراو بێکاریی شاراوه‌ش له ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تداو، بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆخۆیی و دزه‌کردنی ئه‌قڵییه‌تی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری و گرووپچێتی و حزبایه‌تی بۆ نێو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و کاروباری رۆژانه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه‌و، به‌رتیل و دزی و راووڕووت و له‌شفرۆشی و ده‌ستدرێژی سێکسیش له نێو ده‌زگاکاندا یان به به‌کارهێنانی ده‌زگاکان ؛ ئه‌مانه هه‌موویان پێکه‌وه‌ده‌چنه ده‌م یه‌ک و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه فراوانه‌که‌یان لێده‌که‌وێته‌وه .
به‌کورتی گه‌نده‌ڵیی بۆ خۆی پێناسه‌یه‌و ده‌توانرێت پاڵ لایه‌نی نه‌رێیانه‌ی سه‌رجه‌می بواره‌کانی ژیانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵ بدرێت .بۆ زێتر به‌رجه‌سته‌کردنیشی، ده‌توانرێ به کۆمه‌ڵێک کرده‌وه پێناسه بکرێت که دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵ و پرنسیپی یه‌کسانیی نێوان مرۆڤه‌کان راده‌وه‌ستن .به‌و پێیه هه‌ر ره‌فتارێک که پشت به ده‌سه‌ڵاتێک، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسیی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی به‌کاربهێنرێت و مافی که‌سانیدیکه پێشێل بکات، ده‌که‌وێته نێو بازنه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه .که‌واته گه‌نده‌ڵیی ئاوێته‌یه‌کی نێوان هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤی گه‌نده‌ڵ و، کۆمه‌ڵیک ره‌فتاری نه‌شیاوه که بارێکی سیاسی - ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌نگدانه‌وه‌کانیشی له بواری رۆشنبیریی و کارگێڕی و ئه‌خلاقیدا پێگه‌که‌یه‌تی و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێرو هه‌ره‌سێکی گشتی ده‌بات و رۆژ له دوای رۆژ مه‌ودای داڕزانی نه‌ریته ئه‌رێیه‌کان فراوانتر ده‌کاته‌وه .دیاره له‌م نێوه‌شدا هۆکاری سیاسی - ئابووری هه‌میشه رۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت و له‌نێو ئه‌وه‌شدا گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زه‌مینه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌بوونی گه‌نده‌ڵیی خۆشتر ده‌کات و ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵیی و په‌یتاپه‌یتا لێی هه‌ڵده‌قوڵێت .
ئه‌م گه‌نده‌ڵییه له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕده‌بێته‌وه‌و، له ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی فراواندا گشتیده‌بێته‌وه‌و، کاریگه‌رێتییه‌کی نه‌رێیانه‌ی قووڵ له‌سه‌ر نه‌ریت و ره‌وشت و پێکهاته‌ی ده‌روونی و، به‌هاو په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه باشه‌کانی نێوان تاکه‌که‌س و تاکه‌که‌س، تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵ، گرووپه جیاجیاکانی نێو کۆمه‌ڵ داده‌نێت .که‌واته توخمی خودیانه‌ی گه‌نده‌ڵیی مرۆڤه، ئه‌و مرۆڤانه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی ره‌فتاری مرۆڤانه‌یان تێکچووه یان شێوێندراوه‌و، خۆپه‌رستی و چاوچنۆکی و بێڕه‌وشتیی - به واتا فراوانه‌که‌ی - تێیاندا چێندراوه .ئالێره‌وه په‌یوه‌ندیی په‌روه‌رده وه‌ک ده‌زگاو سیستم به‌م دیارده‌یه‌وه ده‌ستپێده‌کات، چ وه‌ک هۆکارێک بۆ زه‌مینه‌خۆشکردنی گه‌نده‌ڵیی ئه‌گه‌ر سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌که شیاو نه‌بوو، چ وه‌ک ئامرازێکی زه‌مینه سازکردن بۆ چاره‌سه‌رکردنی گه‌نده‌ڵیی له رێگای پێڕه‌وکردنی سیستمێکی مۆدێرن و کۆمه‌ڵێک شێوازی مرۆییانه بۆ گۆڕین و دروستکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له‌ڕێی به‌رنامه‌و ئامانجه جۆراوجۆره‌کانی خۆیه‌وه .
ئه‌م وتاره وه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا، بۆ چاوگێڕانێکی خێرایه به رۆڵ و کاریگه‌رێتییه‌کانی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ر ده‌زگای په‌روه‌رده‌و پڕۆسه‌ی خوێندن، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به‌م پرسیاره : ئایا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی سیستمی خوێندن به گه‌نده‌ڵییه‌وه گرێده‌دات، یان ئه‌و کاریگه‌رێتییه‌ی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن و ده‌زگای په‌روه‌رده‌ی داده‌نێت چییه ؟
سیستمی په‌روه‌رده له دوو سه‌ره‌وه په‌یوه‌ندیی به دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه و، ئه‌م دیارده‌یه کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر داده‌نێ .له‌سه‌رێکه‌وه ده‌زگای په‌روه‌رده، وه‌ک هه‌ر ده‌زگایه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا، په‌تای گه‌نده‌ڵیی ده‌یگرێته‌وه، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه ئه‌رکی به‌دیهێنانی ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌کانی له ئه‌ستۆیه‌و، سه‌رنه‌که‌وتنی له‌و ئه‌رکه‌یدا بواری گه‌نده‌ڵیی ده‌ڕه‌خسێنێ و ده‌بێته هۆکارێکی گرنگ بۆ ته‌شه‌نه‌کردنی .به واتایه‌کی دیکه، ره‌فتاری مرۆڤ، ره‌وشتی مرۆڤ، بنیاتنانی که‌سایه‌تیی مرۆڤ، ئه‌رکی په‌روه‌رده‌یه‌و، گه‌نده‌ڵیش پاچ و پێمه‌ڕه‌ی خۆی ئاڕاسته‌ی فیکر‌و جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌کات، جا ده‌شێت په‌روه‌رده کایه‌ی ئه‌و ئاڕاسته رووخێنه‌ره بێت، یان له سایه‌ی بارو‌دۆخێکی له‌باردا به‌رامبه‌ر ئاڕاسته رووخێنه‌ره‌که وه‌ک دیوارێکی پۆڵایین خۆی رابگرێت .
یه‌که‌م / ده‌زگاکانی په‌روه‌رده
مه‌به‌ست له ده‌زگای په‌روه‌رده، په‌یکه‌ری دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یه له وه‌زاره‌ته‌وه تا ده‌گاته قوتابخانه‌کان و باخچه‌کانی ساوایان .هه‌روه‌ها مه‌به‌ست میکانیزمی کاری ئه‌و ده‌زگایانه‌و راده‌ی په‌یوه‌ستبوونیانه به یاسا‌و پێره‌وو رێنماییه په‌روه‌رده‌ییه‌کانه‌وه .له‌م میکانیزمه‌ی کاری ده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌دا، توخم ( عنصر ) ه به‌شه‌رییه‌کان، له وه‌زیرو کارمه‌ندانی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌کانه‌وه هه‌تا مامۆستا‌و کارمه‌ندانی نێو قوتابخانه‌کان، هه‌ر یه‌که‌یان به‌پێی پله‌و پایه‌و شوێنی کاریان، رۆڵی خۆیان هه‌یه .ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵ په‌روه‌رده‌یه‌کی گه‌نده‌ڵ ده‌خاته‌وه‌و، گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی بۆ مانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و هه‌ره‌سی کۆمه‌ڵ پێکده‌هێنێت .
کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌زگاکانی په‌روه‌رده له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵنه‌بژێردرێن، به‌ڵکو بنه‌ماکانی دانانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕیی په‌روه‌رده‌ییدا له‌به‌رچاوگیرابێت، ئه‌وا ده‌رگای گه‌نده‌ڵیی له په‌یکه‌ره‌که‌دا ئاوه‌ڵا ده‌بێت و له میکانیزمی کار‌و چه‌ندین ره‌فتارو ره‌وشتی ناپه‌سه‌ندی کاربه‌ده‌سته‌کاندا خۆی ده‌نوێنێت وه‌ک :
١- به‌کارهێنانی پۆستی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و که‌سوکاریان .
٢ - هه‌وڵدان بۆ پیاو په‌یداکردن و کۆکردنه‌وه‌یان له ده‌وری خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ده‌ستکه‌وتی ناوکۆیی .
٣ - وه‌رگرتنی به‌رتیل بۆ ئه‌نجامدانی کاره کارگێڕییه‌کان .
٤ - پێکهێنانی باندی دزی له‌و به‌ش و فه‌رمانگه‌یانه‌دا، که جۆری کار تێیانداو ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆیان ته‌رخان ده‌کرێت، بواری دزییان تێدا ده‌ڕه‌خسێنێ .
٥- به‌کارهێنانی که‌لوپه‌لی فه‌رمانگه‌کان و قوتابخانه‌کان له ماڵی به‌رپرسه‌کانیاندا، یان به‌خشینیان، یان پیاوه‌تیکردن پێیانه‌وه .
٦ - جیاوازیکردن له نێوان هه‌ڵسووڕاوانی ده‌زگاکه‌دا له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه به گشتی و، له نێو هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌کی ره‌سمی ده‌زگاکه‌دا به تایبه‌تی .واته نه‌بوونی یه‌کسانی و رێسای یاسایی له دابه‌شکردنی کار‌و، به‌رزکردنه‌وه‌ی وه‌زیفی و، ره‌خساندنی هه‌لی چوونیه‌ک بۆ خوێندن له په‌یمانگاکانی پێگه‌یاندنی مانۆستایان و هونه‌ره جوانه‌کان و خوێندنی باڵا‌و، چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ سه‌ردان یان خوێندن و، پاداشتی ماددی یان مه‌عنه‌وی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و کارمه‌ندان و ...هتد و، قۆرخکردنی بۆ عه‌شره‌ت و خزم و ناسیاوو پیاو و ده‌سته‌گه‌رایی حزبی .
٧ - سوودوه‌رگرتن له پاشاگه‌ردانی و، بێ سه‌روبه‌ره‌یی ده‌زگاکه‌و، پله‌و پایه‌ی لێپرسراوێتی له حزب و رێکخراوو سه‌ندیکاکاندا، بۆ خۆدزینه‌وه له‌کاری ره‌سمیی ئه‌ستۆیان و، ده‌وام نه‌کردن و پشتگوێ خستنی کاره ره‌سمییه‌کان و کاروباری هاووڵاتییان و، ترساندن و چاولێسوورکردنه‌وه‌و سزادانی هه‌ر که‌سێکی خواره‌وه‌ی ده‌زگاکه ئه‌گه‌ر ره‌خنه بگرێت یان ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت .
دووه‌م / ئامانجه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده ...یان بنیاتنانی مرۆڤ
هه‌ر سیستمێکی په‌روه‌رده، له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا بێت، له‌ڕێی پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه، له پێناوی به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵێک ئامانجدا کار ده‌کات .په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌کان له‌ڕێی گه‌یشتن به‌و ئامانجانه، ئه‌رکی سه‌ره‌کیی سیستمی په‌روه‌رده‌یه .به واتایه‌کی دیکه، په‌روه‌رده‌و بنیاتنانی که‌سایه‌تیی مرۆڤ بۆ ژیان، ته‌وه‌ره‌ی کاری په‌روه‌رده‌یه .له‌م خاڵه‌وه په‌یوه‌ندیی په‌روه‌رده به هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی مرۆڤ ده‌ستپێده‌کات و، هه‌ر له‌م خاڵه‌شدا په‌یوه‌ندیی په‌روه‌رده‌و گه‌نده‌ڵیی سه‌رهه‌ڵده‌دات، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیش کارێکه مرۆڤ ده‌یکات، جا ئه‌و گه‌نده‌ڵییه له‌سه‌ره‌وه بێت یان گه‌نده‌ڵییه‌کی دامه‌زراوه‌یی بێت یان له ئاستێکی فراواندا گشتیبووبێته‌وه .بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌ک هۆکار باسی گه‌نده‌ڵیی بکه‌ین، شێوازی په‌روه‌رده له قۆناغه جیاجیاکانی خوێندندا به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆو، وه‌ک ته‌واوکارو ره‌نگدانه‌وه‌ی بارو‌دۆخێکی سیاسی - ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌نده‌ڵ، زه‌مینه بۆ گه‌نده‌ڵیی خۆش ده‌کات و مرۆڤه‌کان له رووی که‌سایه‌تیی و ده‌روونییه‌وه بۆ وه‌رگرتن و پێڕه‌وکردنی گه‌نده‌ڵیی ئاماده ده‌کات .دیسان له‌هه‌ر هه‌وڵێکی جیددیشدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی گه‌نده‌ڵیی، فاکته‌ری په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ رۆڵیکی گه‌وره ده‌بینێت .هه‌ڵبه‌ت چۆنایه‌تی و ئاستی به‌دیهێنانی ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌کان پێوه‌ری راده‌ی به‌ربڵاویی گه‌نده‌ڵیی و راده‌ی هیوابوونیشه به چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه .
بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی گه‌نده‌ڵ، سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵ، ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی گه‌نده‌ڵ، دامه‌زراوه‌ی گه‌نده‌ڵ، گشتیبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و په‌لهاویشتنی به‌هه‌موو لایه‌کدا، نیشانه‌ن بۆ بوونی سیستمێکی په‌روه‌رده‌یی بێتواناو شێواو‌و گه‌نده‌ڵ، هه‌ر وه‌ک چۆن هۆکاریشن بۆ ئه‌و سیستمه گه‌نده‌ڵه و په‌ره‌سه‌ندنی رۆژانه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌که .دیاره ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ت که په‌روه‌رده بنه‌مای گه‌نده‌ڵیی بواره‌کانی دیکه بێت، به‌ڵام له هه‌موو ئاسته‌کانی دیکه‌ی نێو کۆمه‌ڵدا فاکته‌رێکی گرنگه له ته‌شه‌نه‌کردنی گه‌نده‌ڵییه‌کاندا.
ئامانجه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده سێ جۆری سه‌ره‌کین : ئامانجی گشتی، ئامانجی تایبه‌تی، ئامانجی ره‌فتاری ( سلوکي ) .کاری سیستمی په‌روه‌رده، له‌ڕێی به‌رنامه‌کانی خوێندن و، چالاکیی نێو پۆل و ده‌ره‌وه‌ی پۆل و، به‌کارهێنانی هۆیه‌کانی فێرکردن و، وانه‌گوتنه‌وه، به‌ڕابه‌ریی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتیاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قوتابخانه به‌گشتی و، مامۆستایان به‌تایبه‌تی ؛ وه‌رگێڕانی ئامانجه گشتی و تایبه‌تییه‌کانه بۆ ئامانجی ره‌فتاریانه .بۆ نموونه : یه‌کێک له ئامانجه گشتییه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده پێگه‌یاندنی مرۆڤ ( هاووڵاتی ) چاکه .دیاره هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک، به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی و که‌لتوورو پێشینه‌ی مێژوویی، هه‌ندێ چه‌مکی ( مرۆڤ یان هاووڵاتیی چاک ) ی هه‌یه وه‌ک راستگۆیی، ده‌ستپاکی، دڵسۆزی، بوێری ...هتد ) هه‌ر یه‌کێک له‌م چه‌مک و سیفه‌تانه‌ش له‌چه‌ند ره‌فتارێکدا ده‌رده‌که‌ون، ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند ره‌فتاره بووه به‌شێک له که‌سایه‌تیی مرۆڤ، ئه‌وه نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتنی په‌روه‌رده‌یه له‌و ئه‌رکه‌ی پێی سپێردراوه، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ش نه‌بوو، ئه‌وا ئاماژه‌ی بێکاره‌یی و گه‌نده‌ڵیی سیستمی په‌روه‌رده‌یه .له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر هه‌وڵێکی ستڕاتیژیی بۆ به‌رگرتن به دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیی له ئاینده‌دا، یان هه‌ر هه‌وڵێکی ( هه‌نووکه‌یی به‌ره‌و دواڕۆژ ) بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م دیارده‌یه بدرێت، ده‌بێت سه‌رباری کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و یاسایی و کارگێڕیی، گۆڕانکاریی ریشه‌یی سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندن ره‌چاو بکات و، له ریزبه‌ندیی کارنامه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا، ئه‌وله‌وییه‌تی بداتێ .
باوكی هێشوو هانۆڤه‌ر
02.02.2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
