له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن (26) ساڵه‌ی تونسی، موحه‌ممه‌د بوعه‌زیزی، له تاو بێكاری و نه‌بوونی كه‌رامه‌ت و ئازادی‌دا خۆی سووتاند، به دواشیدا تونس كڵپه‌ی كرد‌و بێجگه له ڕاكردنی زه‌ینولعابدینی بن عه‌لی دیكتاتۆر، پێده‌چێت سه‌ره‌تای گۆڕانێكی گه‌وره‌ی دیموكراتی به‌دوای خۆیدا بهێنێت، به جۆرێك ئه‌و گۆڕانه پێناچێت ته‌نها له چوارچێوه‌ی وڵاتی (تونس) دا كورت هه‌ڵبهێت، به‌ڵكو به‌و پێیه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا چه‌ند گه‌نجێكانمان بینی كه ده‌یانویست ببنه بوعه‌زیزی وڵاته‌كانی خۆیان له جه‌زائیرو مۆریتانیاو لیبیا‌و میێر، پێده‌چێت ئه‌و كڵپه‌یه ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بیش بگرێته‌وه‌و ئه‌و گۆڕانه گه‌وره چاوه‌ڕوانكراوه ڕووبدات كه چه‌ندین ساڵه گه‌لانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ڕۆژهه‌ڵات چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی سیستمێك بهێننه ئاراوه له‌بری بیركردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژئاوا‌و بنه‌ماڵه‌كانیان بیر له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كانیان بكه‌نه‌وه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه گه‌ل خزمه‌تكاریان بێت ببنه خزمه‌تكاری گه‌ل.
مه‌به‌ستی من له‌وه‌ش زیاتره، ئه‌ویش هه‌رێمی كوردستانی خۆمان، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئایا كه‌س ده‌بێته بو عه‌زیزی كوردستان؟ یان نه‌خێر، به‌ر له‌وه‌ی جه‌سته‌ی سوتاوی گه‌نجێك جه‌سته‌ی بڕگه‌كانی سته‌مكاری و نا عه‌داله‌تی بسوتێنی له كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌خه‌به‌ر دێته‌وه‌و سود له‌و ئه‌زموونه وه‌رده‌گرێت.
پێده‌چێت خه‌ڵكێك پێی وابێت جیاوازی زۆر له نێوان كوردستانی ئێمه‌و وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه، له ڕێژه‌ی ئازادی و دیموكراتی، به‌ڵی منیش پێم وایه جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه جیاوازه، شۆڕشێكی سپی، شۆڕشێكی شارستانی، داوای سه‌ره‌كی بریتییه له دادگه‌ری، نان و كار، یه‌كسانی له به‌رانبه‌ر یاسادا، كی ده‌توانێت له‌مانه‌دا بۆمان بسه‌لمێنێت كه كوردستان وه‌كو ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بی و گه‌نده‌ڵانه نییه؟ به‌رپرسان خۆیان چه‌ندینجار باسیان له گه‌نده‌ڵی كردووه، گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی، گه‌نده‌ڵی دارایی واته دزینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و به فیڕۆدانی، گه‌نده‌ڵی كارگێڕی واته سود وه‌رگرتن له پۆست و پله‌و پایه‌ی میریی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی، یان حزبی، كه‌س هه‌یه پێی وانه‌بێت كوردستان له لوتكه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌دایه؟ وێڕای بێكاری گه‌نجان، نا دادپه‌روه‌ری له دامه‌زراندن، قۆرخكردنی بازاڕ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه، نا ڕوونی له بودجه‌و خه‌رجكردنی، زۆر‌و زۆری تریش له نا دادگه‌ری كه هه‌مووی پێمان ده‌ڵێت له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا مافی زۆرینه بۆ كه‌مینه‌یه‌كی خێزانی و حزبی خوراوه، مافی گه‌ل بۆ گروپێكی بچوك خوراوه.
بۆیه دوور نییه سه‌بری خه‌ڵكی له‌وه زیاتر درێژه نه‌كێشێت، به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌دا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی و پارتی نه‌یتوانیوه هیچ ده‌ستكه‌وتێكی به‌رجه‌سته بۆ خه‌ڵكی كوردستان بهێنێته دی و زۆرینه‌ی گرفته بنچینه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی له بواری ژێر خانی ئابوری و بژێوی ژیان و داخوازییه سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ك خۆیانن.بێگومان ئه‌م كه‌م و كوڕییانه‌ش له‌مسی كوڕ‌و كچی به‌رپرسه‌كان ناكه‌ن و سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كان به هیچ جۆرێك هه‌ستی پێناكه‌ن و لێی تێناگه‌ن وه‌ك چۆن زه‌ینولعابدین بن عه‌لی له خۆسوتاندنی موحه‌ممه‌د بوعه‌زیزی تێنه‌گه‌شت، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و گرفتانه ڕۆژانه خه‌ڵكی ڕه‌ش و ڕووت و داهات دیاریكراوی بی ده‌ست و پێی بی خانوو هه‌ستی پێده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌شه سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسییه‌كه یان ڕاستر بڵێین سه‌رچاوه‌ی گۆڕانكارییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه، بۆیه پێویسته به‌رپرسانی كوردستان به‌ر له‌وه‌ی ته‌ماشای جه‌سته‌ی سوتاوی بو عه‌زیزه‌كانی كوردستان بكه‌ن به خۆیان كه‌ون، كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر كه‌ن، ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌مسی خه‌ڵكێكی زۆر ده‌كه‌ن، ڕاسته ئه‌وان هه‌ست و ئیراده‌ی كۆمه‌ڵێكی زۆری خه‌ڵكی كوردستانیان كڕیوه به‌ڕێگه‌ی جۆراو جۆر، به‌ڵام له هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌تر له ژماره‌ی كادیره‌كانی یه‌كێتی و پارتی یان سودمه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ئیراده‌یان ئازاد‌و ئازایه، ته‌نها چاوه‌ڕێی ئاگری جه‌سته‌ی بو عه‌زیزێك ده‌كه‌ن تا پێیان بڵی به‌سه به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانتان، با به‌سبێت خراپ سوود وه‌رگرتن له داهات و سه‌روه‌تی كوردستان بۆ گروپێكی بچوك، بۆ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی بچوك.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
