کێشه‌ی دامه‌زراندن و پشتگوێ خستنی داواکاری ئه‌و قوتابیانه‌ی که‌وا په‌یمانگاو زانکۆیان ته‌واو کردووه یه‌کێکه له کێشه زیندووه‌کانی ساحه‌ی کوردی، زۆرجار خۆپیشاندانیش دژی به‌ده‌مه‌وه نه‌چوونیان به‌ڕێوه چووه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتیش ئه‌و قوتابیانه ئه‌وانه‌ن که‌وا پشتگیریه‌ی به‌هێزی لایه‌نێکی ده‌سته‌ڵاتیان نی یه، ئێمه زیاتر له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌م دیارده به‌ر گوێمان ده‌که‌وێت و له خۆ پیشاندانه‌کاندا، بۆ زیاتر تێگه‌شتن له گرفتی ئه‌و قوتابیانه‌ی که‌وا په‌یمانگا یان زانکۆیان ته‌واو کردووه‌و له دوو ڕیانی قوتابی بوون و مامۆستایی و فه‌رمانبه‌ریدان پێمان باش بوو له نزیکه‌وه بیان دوێنین، چونکه هه‌ندێك جار له کاتی ده‌نگداندا زۆر گوێمان له به‌رپرسیان بووه به‌ڵێنی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یان داوه، به‌ڵام له زه‌مینه‌ی کرداریدا وه‌ك کێشه‌ی کاره‌باکه ده‌یبینین و جۆرێك له جۆره‌کان پاڵیان پێوه نراوه بۆ چوونیان بۆ مۆلیده‌کان، هه‌رچه‌ند له زۆرێك ووڵاتاندا هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا بڕوانامه به‌ده‌ست ده‌هێنن گه‌ره‌نتی دامه‌زراندیان له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه نی یه، به‌ڵام زه‌مینه‌یه‌کی فراوانی وا دروست بووه که خاوه‌ن بڕوانامه‌کانیش بێ منه‌ت بن له حکوومه‌ت، ئاشکرایه ئێسته له کوردستاندا سه‌ره‌تایه بۆ ئه‌و زه‌مینه‌و هه‌موو سه‌ره‌تاییه‌کیش سنورداره، به‌م پێیه نه‌توانراوه پێداویستیه‌کانی ئه‌و خاوه‌ن بڕوانامانه جێ به‌جێ بکرێت، جگه له‌وه‌ی دڵیشیان ئاوی نه‌خواردووه، له یه‌کێك له هه‌وڵه‌کانی ئه‌م دوایه‌داو وه‌ك جۆرێك له چاره‌سه‌ر باس له پێدانی بڕێك مووچه‌ی که‌م بۆ ئه‌و که‌سانه باسکرا، هه‌رچه‌ند ئه‌و بڕه ئاشکرایه هیچ کارێکی وای پێ ناکرێت و کێشه‌ی دامه‌زراندن ته‌نها هه‌ر مووچه‌ش نی یه، که‌سێك چوارده ساڵ خوێندوویه‌تی یان شازده ساڵ بۆ ئه‌وه نه‌یخوێندووه به سه‌د هه‌زارێك له ماڵه‌وه خانه‌نشین بکریت به‌بێ خزمه‌ت، ئه‌وان بۆ خزمه‌ت خوێندوویانه که ئاشکرایه هه‌ستانه‌وه‌ی گشت ئاسته‌کانی کوردستان پێویستی به که‌سانی پسپۆڕه، نه‌بوونی پسپۆڕی ته‌واو له گشت داموده‌زگاکانی حکوومه‌تدا یه‌کێكه له‌و کێشانه‌ی که‌وا هاوڵاتیان پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، دائیره‌ی وا هه‌یه ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا کاری تێدا ده‌که‌ن تێیدایه ده‌رچووی زانکۆیه، تێیدایه بڕوانامه‌یه‌کی سێی ناوه‌ندی به هه‌زار شه‌ڕه شه‌ق و مه‌سایی و بگره . . . ده‌رهێناوه‌و له شانی که‌سێکی زۆر باڵا له خۆیدا کار ده‌کات، ئه‌م جۆره‌و زۆرێکی تریش نا دادگه‌ری له دڵی ده‌رچواندا دروست کردووه به‌رانبه‌ر حکوومه‌ت، ده‌چینه خزمه‌ت یه‌کێك له‌و قوتابیانه‌ی که‌وا به بڕوا‌و هیوایه‌کی زۆره‌وه پله‌کانی خوێندنی ته‌واو کردووه‌و دوای ته‌واوکردنی هیچی بۆ نه‌کراوه‌و له نزیکه‌وه ده‌ی دوێنین که ئه‌ویش به‌ڕیز ( یاد عه‌لی)ه‌و نووسه‌رێکی به‌توانای دیاری ناو پێگه‌کانی ئه‌نته‌رنێته‌و زۆرجار به تووندی ڕه‌خنه‌ی له حکوومه‌ت و ئه‌دای کاره‌کانی گرتووه، به‌م شێوه‌یه پرسیاره‌کانمان ڕوو به‌ڕوو کردنه‌وه.
سازدانی دیمانه: عومه‌ر عه‌لی
پ1/ پێم باشه کورته‌یه‌ك له ژیان و گرفته‌کانی نێو په‌یمانگا یان زانکۆتاندا بکه‌نه ده‌رگایه‌ك بۆ چوونه ناو باسه‌که‌مانه‌وه؟
یاد عه‌لی: سه‌ره‌تا سوپاستان ئه‌که‌م، خۆزگه ئه‌توانرا هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر زۆرێک له‌و دیارده نامۆیانه بکه‌ین که وا خه‌ریکه وهه‌ندێکیشیان به ئاسایی کراون، هه‌موو ته‌له‌به‌یه‌ک له قۆناغه‌کانی پێش زانکۆ‌دا جۆرێک له خه‌ون وخولیای به‌رزی هه‌یه به‌رامبه‌ر ژیان وقۆناغه‌کانی خوێندن له زانکۆ، مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری، ئه‌م ته‌ئسیراته وگه‌شبینیه‌ش له ئاستی سروشتی خۆیدایه، به‌ڵام به پێنانه ناو حه‌ره‌می زانکۆ، ئیدی ورده ورده ئه‌و هه‌موو خه‌ون وپلانانه کاڵ ئه‌بنه‌وه، له‌ولاشه‌وه سه‌رابێک خۆی پیشان ئه‌دات له‌ناو واقعی ده‌رس له پاڵ هاندانی دکتۆره‌کان، سه‌رابی دانه‌مه‌زرادن، وه‌کو ئه‌ڵێ: له هه‌ڕیش بوون وله مه‌ڕیش بوون، چونکه دوای ته‌خه‌روج نه ئه‌توانی له‌و دره‌نگ وه‌خته‌دا جێی خۆت بکه‌یته‌وه له بوارێکی ئیشی ده‌ستی وه نه له ناو چینی کرێکار، وه‌کو به‌دیل بۆ بێ‌کاری، له‌ولاشه‌وه مه‌نهه‌ج هیچ له‌و ئاسته‌دا نیه بتوانێ تاکێکی ئه‌کادیمی پێبگه‌یه‌نێت، کێشه‌ی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌کان، بۆ نمونه، نه‌بوونی ئامێری پێویست بۆ تاقیگه‌کان، دروستکردنی هه‌یمه‌نه‌ی حیزبی له‌ناو حه‌ره‌می زانکۆ، ئه‌ویش به دروست کردنی ژووری تایبه‌ت بۆ نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی قوتابیان!، ململانێی سیاسی هه‌ندێ جار له نێوان دکتۆره‌کان به ئاشکرا!، تاکڕه‌وی ووشکی مامۆستاکانیش کێشه‌یه‌کی دیکه‌ن.
پ2/ من خۆم ده‌رچووی زانکۆم له به‌ریتانیاو ئێسته‌ش له دواین پله‌ی ماسته‌ره‌که‌مدام که له‌سه‌ر ڕه‌وشی خوێندنی ئینگلیزیه له کوردستاندا، مه‌به‌ست له‌وه زۆر له نزیکه‌وه ئاگاداری زانکۆ‌و په‌یمانگاکانم و سه‌ردانی مه‌یدانیم بۆی کردووه‌و له گشت زانکۆ‌و په‌یمانگاکانی کوردستان ماومه‌ته‌وه له داخلی و ئاماده‌ی وانه‌کانیش بووم، زۆر شتی ئه‌رێنی تێدایه به تایبه‌ت یارمه‌تی له ڕووی مادیه‌وه‌و خوێندن به بێ به‌رانبه‌ر، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه بۆچی قوتابیان هه‌ر هاوار ده‌که‌ن؟ ئه‌و ناڕه‌زایانه له چی یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
یاد عه‌لی: له هه‌موو قۆناغه‌کانی خوێندن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاییه‌وه بگره، ناراسته‌وخۆ له خزمه‌ت په‌روه‌رده کردنی نه‌وه‌یه‌کی قین له‌دڵ ونادڵسۆزه به‌رامبه‌ر ده‌وروبه‌ر، وه‌کو هه‌مووشمان ئه‌زانین، لێدان به وشه ولایه‌نی مه‌عنه‌وی زۆر وێرانکه‌رتر وکوشنده‌تره له هێز ولایه‌نی ماددی، ره‌نگه مانه‌وه له قسم داخیلی وزانکۆ وپه‌یمانگاکان بۆ چه‌ند رۆژێک نه‌توانی به باشی له کێشه وگیرۆگرفته‌کان تێ بگه‌ی، جاران که به‌عس له به‌چه‌ند دێره نووسراوێکی که‌م باسی له به خۆڕایی کردنی خوێندن ئه‌کرد ومنه‌تی ئه‌کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکدا تا حه‌ددێک حه‌قی بوو، چونکه ئه‌وکات، حکومه‌ت خزمه‌ت گۆزاریه‌کانی ئاسایی پێشکه‌ش ئه‌کرد، بێ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان وهاواری بۆ بکرێت، قوتابی به درێژای ته‌مه‌نی خوێندکاریی درۆی له‌گه‌ڵدا ئه‌کرێ وهیچیشی بۆ ناکرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌کرێ ئه‌وه به‌شێکی زۆر بچوکی ئه‌رکی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته که جێ به‌جێی بکات، زیاتر له کۆمه‌ڵه فه‌رمانێکی رۆتینی ئه‌چێت، که به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی رۆژ جا گرنگ نیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چه‌ند راست یان چه‌وت بێت، لایه‌نێکی دیکه‌ی قێزه‌ون ئه‌وه‌یه، حیزب رێکخراوی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ناو ده‌ماوده‌ستگاکانی په‌روه‌رده، جا ئه‌و درۆکردن وپاساوهێنانه‌وه بۆ حکومه‌ت وحیزب له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه، گرفته‌که هه‌ر له قۆناغه‌کانی زانکۆ وپه‌یمانگادا نیه، من بیرمه له زۆربه‌ی مه‌رحه‌له‌کاندا پاره‌مان داوه بۆ مامۆستا، جگه له‌مه‌ش مامۆستای فیزیا بیرکاریشی ئه‌وته‌وه، عه‌ره‌بی ئینگلیزی، ئاین عه‌ره‌بی، کوردی ئینگلیزی. . . هتد، فشاری گه‌وره‌ش بۆ دابینکردنی مامۆستا وخسته‌نه سه‌رپێی پرۆسه‌که ته‌له‌به خۆی بوو، ئێمه‌ی قوتابی ئه‌وکات پایزان چه‌ند خه‌می بێ نه‌وتی ووێرانی وبێ سه‌روبه‌ری مه‌کته‌بمان بوو، هێنده زیاتیرش خه‌ممان بوو دیسان چۆن مامۆستا بۆ خۆمان دابین بکه‌ین، تۆ له‌وانه‌یه لات سه‌یر بێت که بڵێم، له پۆلی پێنجی ناوه‌ندی، ماوه‌یه‌کی زۆر هه‌وڵماندا تا برینپێچێکمان دۆزیه‌وه وانه‌ی فیزیامان پێ بڵێته‌وه، به‌م هه‌موو ده‌رده سه‌ریه خوێندن ته‌واو ئه‌که‌ی، به‌ڵام له دوا قۆناغدا هه‌ست ئه‌که‌ی که چۆن مایه پووچ ئه‌بی، تۆ باسی یارمه‌تی ئه‌که‌ی! مانگانه 37500 سی وحه‌وت هه‌زاروپێنج سه‌د دیناریان پێ ئه‌داین، دوایی کردیان به په‌نجا هه‌زار، به‌ڵام ژیانی زانکۆ ئه‌بێ تا چه‌ند بڕبکا به په‌نجا هه‌زار؟!! بۆیه ناحه‌قی قوتابیانت نه‌ئه‌گرت که گوێبیستی ئه‌وه ئه‌بوون که ئه‌و دووسێ قرانه سه‌رف ئه‌کرا هه‌موو زه‌رده‌خه‌نه‌یان ئه‌گرت!!!
من وره‌فیقه‌که‌م له قۆناغی دووه‌مدا، (15) پازده رۆژ له ماڵی خزم وهاوپۆله‌کانمان ماینه‌وه، چونکه بینایه کۆنه‌که ره‌فس کرابوه‌وه له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌که‌ی، هه‌موو رۆژێک ئه‌چووین داوای ژوورمان ئه‌کرد، به‌ڕیوه‌به‌ره‌که بۆی ئه‌نووسین، ئه‌چووین بۆ ئه‌دره‌سه‌که، سه‌یرمان ئه‌کرد پڕ له ته‌له‌به بوو، هه‌تا رۆژێک ناونیشانی ژوورێکی پێداین له قسمداخیله‌یک، وتی بڕۆن له‌مه‌و پێش ئی کچان بوو، ئێستا چۆڵه، ئێمه‌ش چوین بینیمان نه چوڵ بوو نه هیچ باسی چۆڵکردنیش له ئارادا بوو!، دوایی زۆر ماندوو وبێتاقه‌ت بووبووین، من زۆر به ئارامی ورێزه‌وه پێم وت" به‌ڕێز ئێمه ئه‌وه پازده رۆژه له سه‌ر ماڵانین، ئاگامان له ده‌رس وده‌وام نیه، تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ئکید نیت ئه‌وه مه‌ماننێره ئه‌و جێیانه" به‌ڵام ئه‌و یه‌کسه‌ر هه‌ستایه سه‌رپێ ووتی ئه‌مر به‌سه‌ر مندا ئه‌که‌ی؟! کۆمه‌ڵێک قسه‌ی ناشیرینی پێ وتم، دوای هه‌ر خواخوام بوو وه‌کو خۆی لێبێته‌وه، دیسان ناونیشانی جێیه‌کی دیکه‌ی بۆ نووسین، هه‌مان تاسوحه‌مام بوو، بۆیه وازمان لێ هێناو به‌واسته‌ی ناسیاوێکمان ژوورێکی چۆلمان دیته‌وه، ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ سیمای مودیرمان نه‌دیته‌وه، ئه‌مه‌یه هاوکاری ورۆتیناتیان، باشه ئه‌ی حکومه‌ت ودام وده‌ستگا بۆ چیه ومانای چیه ئه‌گه‌ر هیچ خزمه‌تت پێشکه‌ش نه‌کات!یان هه‌مووی به گران به خه‌ڵک بفۆرشێته‌وه!.
پ3/چ هه‌ستێکیات له دواساڵی خوێندندا بۆ دروست بوو بوو؟
یاد عه‌لی: هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌وێ ئه‌وه به‌راشکاوی بدرکێنم که خۆم تا حه‌ددێک که‌سێک بووم دایم لێکدانه‌وه‌ی خۆم هه‌بووه بۆ حاڵه‌ت ودیارده ودیمه‌نه‌کان، به‌ڵام تا چه‌ند ئه‌توانی گوزارشتیان لێ بکه‌ی ئه‌وه شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام به‌درێژای وگۆڕانی بارودۆخه‌کان ئێمه‌ش له موجاده‌له‌دابووین، له مه‌رحه‌له چواردا ره‌فیقێکم رۆژێک له‌ناو گفتۆکاندا که بێتاقه‌تی هه‌موو ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه بوو، پێی وتم" کاکه گیان ئێمه‌ی تاکه‌که‌س ناتوانین ئه‌م وه‌زعه بگۆڕین، ئه‌و موناقه‌شانه‌شمان به‌لاشه، ئینسان ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌م وڵاته بژێت ئه‌بێ گێل ئاسا بژێت" ئینجا دوو کۆپله شیعری وت، هه‌ر رێک مانای ئه‌م رسته‌یه‌ی خۆی ئه‌دا، من شیعره‌که‌م بیرنه‌ماوه، بۆیه من له مه‌رحه‌له چواردا کاریکاتێرێکم کێشا له‌سه‌ر ئاینده‌ی ده‌رچوانی زانکۆ به‌تایبه‌تتر کۆلێژی په‌وه‌رده، تێیدا ده‌رچووه‌کانم له سێڕیانێک دانابوو دوای ده‌رچوون، رێه‌ک دامه‌زراندن به هه‌زار ویه‌ک ده‌ستماچ کردن وواسته، رێیه‌کی دیکه رۆیشتن بۆ هه‌نده‌ران که دیار نیه چۆن ئه‌گیرسێیته‌وه، رێیه‌که‌ی دیکه بێ‌کاری وموشته‌ری گازینۆ وباخچه‌کان ودۆمینه وئۆکه‌ی کردن، هه‌ڵبه‌ته کاردانه‌وه‌ی جیاجیام بینی، ئه‌وانه‌ی سه‌ریح بوون ده‌ستخۆشیان ئه‌کرد، ئه‌وانه‌ی هێشتا نه‌یان ئه‌ویست ئه‌و واقعه تاڵه ببینن بێده‌نگ ئه‌بوون به خه‌مباری، ئه‌وانه‌ش که نوێنه‌ری رێکخراوه‌کانی قوتابیان وخوێندکاران بوون، یان توانجیان تێ ئه‌گرت یان به بێ ما‌نایان حساب ئه‌کرد، بۆیه‌ش هه‌ر زوو له له‌وحه‌ی ئازادیان کرده‌وه ودڕاندیان.
پ4/دوای ده‌رچوونتان تا ئێسته چه‌ند جار هه‌وڵی خۆ دامه‌زراندنتان داوه‌و کار ئاسانیتان بۆ کراوه؟
یاد عه‌لی: دوای ده‌رچونم ساڵی یه‌که‌م به‌درێژایی ساڵه‌که هه‌وڵمدا، بۆ هه‌موو شوێنێک بێ جیاوازی، هه‌ر جاره وبه بیانوویه‌ک ئیهمالیان ئه‌کردین، له هه‌مووی گاڵته جاڕتر شه‌هاده‌ی کۆلێژی په‌روه‌رده‌یه، به پێی یاسا نابێ له هیچ شوێنێک دابمه‌زرێت جگه له پیشه‌ی وانه‌بێژی له مه‌کته‌به‌کان وبواری سه‌ربازی!! به حسابی خۆیان چونکه ئێمه‌ی له‌و چوار ساڵه‌دا ده‌رونزانی و(طرق تدریس) ئه‌خوێنین و کۆلێژه‌کانی دیکه ئه‌م وانه‌یه‌یان نیه، به‌ڵام تا ئه‌م ساڵ بێ جیاوازی هه‌موو کۆلێژه‌کان له قۆناغه‌کانی په‌روه‌رده‌دا وه‌رئه‌گیران!!
شتێکی دیکه باس ئه‌که‌م که له‌وانه‌یه له نوکته‌ش بچێت، نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی یه‌کێتی له قۆناغه‌کانی یه‌ک ودوو که‌سێکی کارا بوو، دوایی بینیم له نوێنه‌ری یه‌کێتی قوتابیانی پارتی ئه‌پاڕایه‌وه له مه‌رحه‌له چوار بۆ ئه‌وه‌ی فایلی ئه‌ندامێتی بۆ دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ دامه‌زراندن کارئاسانی بۆ بکرێت وگێچه‌ڵی پێ نه‌کرێت، جا شه‌هاده لێره قیمه‌تی نیه، مه‌گه‌ر شه‌هاده+واسته‌یه‌کی به‌قوه‌ت ودڵسۆز، ئێستاش ته‌سکیه‌ی حیزبی مه‌رجێکی سه‌ره‌کیه بۆ دامه‌زراندن.
پ5/ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که له کاتی نزیك بوونه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌کانه‌وه ده‌درا تا چه‌ند گشتگیر بوو وه ئایا بۆ ئێوه‌ی نه‌گرته‌وه؟
یاد عه‌لی: له خۆیدا کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له پێش هه‌ڵبژاردن وقسه‌ی بریقه‌دار و وه‌عددان پێیان گاڵته کردنه به تاکی ئینسان، جا له هه‌ر لایه‌نێکه‌وه بێت، خۆ ئیتر خه‌ڵک قسه‌کانیانیان له‌به‌ر کردووه، پێش ئه‌وه‌ی قسه بکه‌ن ئه‌زانن چی ئه‌ڵێن دووباره، ده‌هه‌زار فه‌رمانبه‌ریان دامه‌زراند له‌م دواییه، که‌س نازانێ کێ بوون وله کوێ دامه‌زران، ئێستاش دیسان بڕیاریان داوه چه‌ند هه‌زارێکی دیکه دامه‌زرێنن، به‌ڵام ئایا له‌م زروفه غه‌رق بووه له گه‌نده‌ڵی وواسته وواسته‌کاری، ئه‌بێ ئه‌و چه‌ند هه‌زارانه تا چه‌ند ببنه حه‌ل!! ئه‌گه‌ر به عادیلانه کاریشی بۆ بکرێت، بۆ نمونه زانکۆی سه‌لاحه‌دین/هه‌ولێر، له (17) حه‌ڤده کۆلێژ پێکهاتووه، هه‌ر کۆلێژه‌ش چه‌ندان به‌شی هه‌یه، ئیتر هه‌موو ساڵێک ئه‌و هه‌موو خوێنکاره ده‌رئه‌چێت، به ته‌نها له‌یه‌ک زانکۆ ئاوایه، ئه‌ی چوار زانکۆکه‌ی دیکه، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو په‌یمانگایه، ئه‌ی زانکۆ ئه‌هلیه‌کانی دیکه!!!، جگه له‌مه‌ش، ئه‌م قه‌یرانه درێژه‌ی هه‌یه، خۆ ئه‌وه حاڵه‌تێک نیه تۆ به بڕیارێکی سه‌رپێی چاره‌سه‌ری بکه‌ی، له‌لایه‌کی دیکه‌وه تا ئێستاش که دامه‌زراندن نیه له‌به‌ر نه‌بوونی شوێن نیه، ئێمه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی هه‌ر یه‌کێکمان شاره‌زایی داموده‌ستگاکانی مه‌نتیقه‌ی خۆمانین، ئیتر کێشه‌ی که‌می بودجه‌ش بوونی نیه، ئه‌ی که ئاوا نایکه‌ن ئه‌و خۆی مانای خۆی هه‌یه، ئێستا زۆر به ئاشکرا وبێ شه‌رم گوێت نه‌ک هه‌ر له که‌سی ئاسایی ئه‌بێت که پێت ئه‌ڵێن بڕۆ واسته بکه، به‌ڵکو زۆر جار گوێت له کارمه‌ندانی ناو دائیره‌کانیش ئه‌بێت!! لێره‌وه تێ ئه‌گه‌ی بارودۆخه‌کانیان به چ ئاراسته‌یه‌کدا بردووه.
پ6/ئایا هه‌وڵی دامه‌زراندنتان له په‌یمانگاو زانکۆ ئه‌هلیه‌کان داوه؟ وه کاری ئه‌وان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن له‌بواری خزمه‌تگوزاری دامه‌زراندنه‌وه؟
یاد عه‌لی: زانکۆ ئه‌هلیه‌کان وکۆمپانیاکانی لای خۆمان زۆر فه‌رقیان نیه، چونکه هه‌ردووکیان پاره‌ی چاکیان پێ کۆئه‌کرێته‌وه، ئیشه‌که‌شیان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به چینه راقیه‌که یان حکومه‌ته‌وه هه‌یه، چینه راقیه‌که وحکومه‌تیش لای ئێمه میزانیه‌کانیان بێ پێوه‌ره، زانکۆ ئه‌هلیه‌کان تایبه‌تن به قه‌وم وقیله‌ی خۆیان، کوڕ وکچی کاربه‌ده‌ستانی وڵات وتاجیره‌کان، هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر منیش له‌و چینه بووبام ره‌نگه هه‌وڵم بۆیان دابا!
پ7/ هه‌ندێك له‌و که‌سانه‌ی که‌وا په‌یمانگاو زانکۆ ته‌واو ده‌که‌ن بزنزی تایبه‌تی خۆیان له چوارچێوه‌ی بڕوانامه‌که‌ی خۆیاندا ده‌که‌نه‌وه، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا ئێوه هه‌وڵی له‌و جۆره‌تان داوه؟
یاد عه‌لی: من خۆم فرسه‌تێکی وا لێره نابینم، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وه بۆ هه‌ندێک مه‌جالی زۆر موحه‌ده‌ده، وه‌کو بواری طبی وهه‌نده‌سی وتاراده‌یه‌کیش زانسته‌کانی کۆمپیوته‌ر، ره‌نگه ده‌سه‌ڵات به جۆرێکی دیکه باسی بواری کارکردن بکات له هه‌رێم، به‌ڵام ئایا عیاده‌ی لاکۆڵان، سه‌رتاشی، شاگردایه‌تی وه‌ستا، چه‌کداری. . . هتد ئه‌بێ ئه‌مانه به فرسه‌تی کارکردن دابندرێ؟!! جگه له‌مانه‌ش فرسه‌ته‌کان قۆرخ کراون، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌شت هه‌بێ ئه‌وه حه‌تمه‌ن له نیوه‌که‌یدا په‌شیمان ئه‌بیته‌وه به‌هۆی زۆری رۆتینات ودروست کردنی گێچه‌ڵ.
پ8/ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا باس له پێدانی مووچه‌یه‌کی دیاری کراو کرا له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا ده‌رچووی زانکۆ‌و په‌یمانگاکان، تا چه‌ند ئه‌مه کاری پێکراوه‌و که‌لێنی ئێوه‌ی پێ پڕ ده‌کرێته‌وه؟
یاد عه‌لی: هه‌ڵبه‌ته ئه‌م بڕیاره سه‌ره‌تا له به‌غدا ده‌رچوو، نازانم ئێستا چۆته بواری جێ به‌جێ کردن یان نه، پێش هه‌موو شت، تۆ سه‌یرکه دوای نزیکه‌ی 20 ساڵ له به‌ناو حکومه‌تی کوردی، تا ئێستا بیریان له شتێکی ئاوها نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌بێ ئێستا بکه‌ونه ژێر کاریگه‌ری به‌غدا وئه‌وانیش بڕیارێکی له‌م شێوه‌یه بده‌ن، ئه‌مانه هه‌مووی له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م جۆره بڕیارانه به‌م ئاسته‌یان گاڵته‌کردنێکی ئاشکرایه به گه‌نج وده‌رچوانی زانکۆ وپه‌یمانگاکان، ئه‌وه‌نده ساڵه خوێندن دوایش وه‌کو وتت به سه‌د هه‌زار خانه‌نشینت ئه‌که‌ن! ئه‌مه سوکایه‌تی کردنه به پرۆسه‌ی خوێندن وخودی ماندووبوون وشه‌هاده‌کان، ئه‌م جۆره بڕیارانه ئه‌وه‌نده ئومێده‌ی ماویشه ئه‌یکوژن، ئایا کام مه‌سئول هه‌یه به‌س پێڵاوه‌که‌ی له پێیدایه بایی چه‌ند وه‌ره‌قه‌یه‌ک نه‌بێت!، له کاتێکیدا زۆربه‌یان یان ئاستی خوێنده‌واری زۆر نزمه، یان شه‌هاده‌که‌ی ته‌زویره، ئه‌م دووسێ قڕانه وه‌کو باقی به‌ناو یارمه‌تیه‌کانی تره، بۆ نمونه سلفه‌ی زه‌واج، که یه‌ک ملیۆنیان پێ ئه‌دای به هه‌زار ویه‌ک کاری رۆتینات، بڕیاری دروست ئه‌وه‌یه تۆ حسابی رۆژانه بکه‌ی بۆ ئه‌و تاکه، جا ژیانێکی هاکه‌زایی زۆر ساده چه‌ند مه‌سره‌فی ئه‌وێ ئه‌وه‌نده مووچه‌ی بۆ دیاری بکه‌ی، بۆ زانیاریتان بودجه‌ی پار ساڵ، هه‌ر تاکێکی هه‌رێم نزیکه‌ی پێنج وه‌ره‌قه ونیو به‌شی هه‌بوو بۆ هه‌ر مانگێک، که ئه‌کاته نزیکه‌ی (650000) شه‌ش سه‌د وپه‌نجا هه‌زار، ئه‌مه بۆهه‌ر تاکێک، ئه‌ی کوا رێزی ئه‌و چه‌ند ساڵ خوێندنه، کوا رێزی شه‌هاده؟!!! خۆ ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو یه‌کدوانێک نین تا حکومه‌ت ئاوا خێریان پێ بکات، ئه‌مه بۆته قه‌یران له ئێراق وبه‌تایبه‌ت له هه‌رێم، باشه ئه‌یانه‌وێ بڵێن چی، بڵێن چی بکه‌ن به‌م سه‌د هه‌زاره!، به‌ڵام حه‌یف بۆ زۆرێک له خه‌ڵکی رۆشنبیر که دایم سه‌باره‌ت بڕیارێکی وا ئه‌ڵێن: باشه باش خۆ له نه‌بوونی باشتره.
پ9/ ئایا هه‌وڵی خوێندنی زیاترتان داوه دوای ده‌رچوونتان بۆ ده‌ستکه‌وتنی بڕوانامه‌ی به‌رزتر؟ وه ئایا تا چه‌ند به‌ده‌م داواکاریه‌کانه‌وه بوون؟
یاد عه‌لی: خوێندنی ماسته‌ر هه‌ندێ شه‌رتوشروتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، بۆ نمونه نابێ کۆ نمره‌ی کۆلێژت له (64) نمره که‌متر بێت، ئه‌مه‌ش شمولی هه‌موو که‌س ناکات، جگه له‌مه‌ش داهاتوو وژیانی ئێره زۆربه‌ی قه‌ده‌ر وسودفه‌یه بۆ که‌سی ئاسایی، به‌دوای خه‌ونێکته‌وه رائه‌که‌ی، هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ی، دوایی له ئاخیردا به هۆکارێکی ساده وهه‌ر به قه‌ده‌رێکی له‌ناکاو مایه‌پوچ ده‌رئه‌چی، کاتێکی زۆریشت ئه‌بات، یه‌کێک له خه‌ونه‌کانم تا ئێستاش دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خوێندن بۆ به‌شێک که به ئاره‌زووی خۆم بێت، به‌ڵام بارودۆخه‌کان شتێکی دیکه‌ن.
پ10/ ئه‌گه‌ر شتێك ئێمه باسمان نه‌کردبێت و شایه‌نی باسکردن بێت لای ئێوه؟
دواکه‌وتوویمان، چه‌قبه‌ستوویمان، هه‌تا ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ش هه‌مووی له سه‌پاندنی ئه‌قڵێکی دیکه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌ر له باوکێکی دڵ وکه‌له‌ره‌قه‌وه بگره تا ئه‌گات به سه‌رۆکێکی بێباکی وڵات، لێره‌وه نه‌وه‌یه‌ک په‌روه‌رده ئه‌کرێت که ئاساییه چاوه‌ڕێی هه‌موو شتێک بکه‌یت له‌سه‌ر ده‌ستیه‌وه، زیاتر لایه‌نی سلبی، چونکه تۆ که خه‌ونه‌کانت له گۆڕنان، هیواکانت کوشتن، داتبڕی له ئاره‌زووه‌کانی، خسته ناو چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکه‌وه، کۆمه‌ڵێک یاسای بێ بنه‌ماشت بۆ دانا وگاڵته‌ت پێی کرد، ئه‌وه زۆر ئاساییه رۆژێک له‌رۆژان که‌سێکی دڕنده‌ی لێ ده‌رچێت، دوایی ئه‌گه‌ر بۆشی هه‌ڵنه‌که‌وێ تۆڵه‌ی خۆی له بکه‌ره‌که بکاته‌وه ئه‌وا ناراسته‌وخۆ ئه‌بێته دکتاتۆرێکی شاراوه بۆ ده‌وروبه‌ره‌که‌ی، تۆ بێنه پێش چاوت ته‌له‌به چۆن به شه‌وقه‌وه، ساویلکانه به هه‌موو کێشه‌کانه‌وه ئه‌ڕوانێته قۆناغه‌کانی زانکۆ، کاتێ له پۆلی دوازده ده‌رئه‌چێ نیمچه حه‌فله‌یه‌ک ئه‌کات، چوکلات وشیرینی دابه‌شی ده‌رودراوسی ئه‌کات، دوایی ئه‌چێ سه‌یر ئه‌کات ناوی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه وبۆ ئه‌بدی وه‌رنه‌گیراوه له هیچ زانکۆ وپه‌یمانگایه‌ک، هه‌ر بۆ ئه‌م ساڵ له 62 بۆ 50 کۆنمره وه‌رنه‌ئه‌گیرا، نزیکه‌ی ده‌هه‌زار خوێندکار وه‌رنه‌گیرا، ئیدی ئه‌مه له خۆیدا کوشتنی ئیراده‌ی ئه‌و جیله‌یه، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش که ده‌ره‌جه‌که‌یان که‌مه کوڕ وکچی چینی خواره‌وه‌ن هه‌موویان فه‌قیرن، ناشتوانن بچنه کۆلێژه‌کانی ئێواران، هه‌یه ونیه چه‌کداریه‌که‌یه دیسان ئه‌ویش بۆ ره‌گه‌زی نێر وبه ته‌سکیه‌ی یه‌کێتی یان پارتی!، ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵکیش ئه‌وه خۆی دێوه‌زمه‌یه‌کی دیکه‌یه، بۆ نمونه رۆژێک بۆیان ئه‌گێڕامه‌وه که چۆن وه‌ستا وشاگرده‌کان قۆشمه‌یان به تازه‌کرێکارێکه‌وه کردبوو، که کۆلێژی ئه‌ندازیاری ته‌واو کردبوو، به‌ڵام دوایی بێ ئه‌مه‌ل بووبوو له دامه‌زراندن چووبوو ده‌ستی دابووه کرێکاری.
زۆر سوپاستان ئه‌که‌م، هیوادارم سه‌رکه‌وتوو وبه‌خته‌وه‌ربن. . .
زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌ش و هیوادارین وه‌ڵامه‌کان ده‌سته‌ڵاتداران بجوڵێنێت و ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ بکه‌وێته‌وه‌و ئه‌م ده‌نگه وه‌ك خۆی بگات
پرۆفایڵ
یاد علی عبدالله
له دایك بووی 1984 له قه‌زای رانیه
ده‌رچووی زانکۆی سه‌لاحه‌دین/به‌شی کیمیا/2007
ساڵانێک له ریزی رێکخراوه‌کانی (ئازادی لاوانی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان، یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان، یه‌کێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان) کاری کردووه.
ئێستاش به‌گوێره‌ی کات بابه‌ت بۆ هه‌ریه‌ک له کوردستانپۆست وئیسلام په‌یك وچه‌ند سایتێکی دیکه ده‌نگوسێت.
ئه‌نته‌رڤیو: عومه‌ر عه‌لی
www. omarali. co. uk
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
