ئیدی شار ئه‌گه‌شێته‌وه، هه‌ژاریی نامێنێت، خێر و به‌ره‌كه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ئه‌ڕژێت، ئا به‌ڵی ئه‌و منداڵه ده‌ستگێڕه‌ی رۆژانه كۆڵان وخیابانه‌كانی شار ته‌ی ده‌كات له پێناو تیكه‌یه‌ك نان و كۆكردنه‌وه‌ی بڕێك پاره بۆ ده‌رزییه‌ك كه ده‌بی مانگانه بۆ باوكه نه‌خۆشه‌كه‌ی دابینی بكات چیتر ماندونابێت و ده‌سته‌كانی به‌هۆی سه‌رماوه شه‌قارنابن، بگره ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌رخوێندن و باوكیشی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ر ی بۆ ده‌كرێت.
به‌ڕاست... ؟!
به‌ڵی چیتر فرمێسكی قه‌تیسماوی شۆفیری تاكسییه‌كه ژیانم له به‌رچاو تاریك ناكات، كه كوڕێكی 12ساڵانی له په‌لاماره‌تیرۆریستییه‌كه‌ی به‌رده‌م قه‌ڵاوه چاوێكی له‌ده‌ستداوه و چاوه‌كه‌ی تری كه‌وتووه‌ته به‌ر ره‌حمه‌تی خوا و پیاوچاكێك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی بۆبكرێت.
ئی.. ؟!
له‌مه‌ودوا بارودۆخی شار ده‌گۆڕێت میم ( (فاتم) ) یش له خانووی گڵ ژیان به‌سه‌رنابات كه شه‌وانی زستان له‌ترسی دزه‌كردنی ئاوی باران به‌ته‌نها و له‌به‌ر رووناكی فانۆسێكی شكاودا میچی ژووره‌كه‌ی ساز و رێكده‌خاته‌وه، ئه‌م جاره‌یان بێكاری ئه‌بێته عه‌یبه، ده‌رگای وه‌زاره‌ته‌كان به رووی خه‌ڵكیدا واڵاده‌كرێن هه‌ڵگرانی بڕوانامه له گه‌راجی حه‌ویجه واز له فرۆشتنی چه‌رخ ولایت ئه‌هێنن هه‌ریه‌كه و به‌پێی بڕوانامه و پسپۆڕییه‌كه‌ی دائه‌مه‌زرێت.
چی... كاره‌با؟ كاره‌با هه‌ر كێشه نییه زۆر به ئاسانی چاره‌سه‌ر ئه‌كرێت خه‌ڵكی پێویستیان به موه‌للیده‌ی گه‌ڕه‌ك نامێنێت، زۆر نه‌نگییه له‌م سه‌رده‌می خێراییه‌دا شه‌قامه‌كان پڕ له چاڵی و تاسه‌ی گه‌وره گه‌وره‌بن، به‌ڵی هه‌مووی قیرتاوئه‌كرێت و شوسته‌كانیش به دره‌ختی گران به‌ها ئه‌رازێنرێنه‌وه، ئه‌ی وایه شوكور شاره‌كه‌مان نه‌وتاوییه و داهاتێكی باشی هه‌یه، ئه‌ی تاكه‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره ته‌نها هیس و دووكه‌ڵ هه‌ڵمژن و له‌و نه‌وته حه‌یاته بێبه‌ش بن؟
هیچ خه‌می ناوی با ئه‌مجاره‌ش له پایته‌خت بیبه‌ینه‌وه ئه‌وجا خه‌ونه‌كان یه‌ك به‌یه‌كیان دێنه دی، به‌ڵی ئه‌ی چۆن خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ش خه‌ونیان هه‌یه و ریزبه‌ندیشیان بۆكردون ریزبه‌ندی زۆربه‌ی خه‌ونه‌كانیش به دابینكردنی كاره‌با و خزمه‌تگوزاری ده‌ستپێده‌كه‌ن.
پێت سه‌یرنه‌بێت راسته دابینكردنی كاره‌با و چاككردنی شه‌قامه‌كان و جوانكردنی شار مافی ئاسایین به‌ڵام ناشوكری نه‌بێت لای ئێمه بوونه‌ته خه‌ون تازه بڵێین چی... ؟!!!
ئێستاش كه ئه‌وان بارودۆخه‌كه‌مان بۆ قڵپ ئه‌كه‌نه‌وه و سه‌د وهه‌شتا ده‌ره‌جه باروگوزه‌رانی دانیشتوانی ئه‌م شاره مه‌نكوبه به‌ره‌و باشی ئه‌گۆڕن، كارێكی باشه ده‌سیان خۆش بێت، نموونه‌یان نه‌بڕێت، ئه‌وان داكۆكی له مافه‌كانمان ئه‌كه‌ن، فرمێسكی دایكی جگه‌ر سووتاو ئه‌سڕن و ردێنی به‌ساڵاچووه‌كانمان ماچ ده‌كه‌ن، خۆیان به‌ڵێنیان پێداین كه گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ربه‌كه‌ن، به‌ڵی وتیان هه‌ركاتێك پێویستیتان به ئێمه بوو ئه‌وا له خزمه‌تی ئێوه‌دا ئه‌بین فه‌رموون ئه‌مانه‌یش ژماره‌ی مۆبایله‌كانمانن به‌مه‌رجی متمانه‌مان پێببه‌خشن و رووبكه‌نه سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
ئی... دوایی؟
وه‌ڵا شوكور ده‌نگمان پێدان و ئه‌وانیش بوون به نوێنه‌رمان هه‌روه‌ها سوێندی یاساییان خوارد كه پشتمان لی نه‌كه‌ن و هه‌رده‌م له خزمه‌تی هاووڵاتیاندا بن... ئی ئی؟
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌ری لێده‌رناكه‌م هه‌ندێكیان له‌وه‌تای بوونه‌ته په‌رله‌مانتار جگه‌له‌وه‌ی له ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و رۆژنامه‌كانه‌وه ده‌بینرێن ئه‌گه‌رنا خه‌ڵكی ئاسایی به‌دیداریان شاد نابێت، ئه‌و رۆژگاره گوزه‌شت خۆیان له‌ده‌رگای ماڵه‌كه‌ت بده‌ن و چاوه‌ڕانی فه‌رمووكردنت لێبكه‌ن، كه ته‌له‌فۆنێكیان بۆ ئه‌كرێت یان به‌رده‌وام له كۆبوونه‌وه‌ن و مه‌جالی گوێگرتنیان نییه یاخود هه‌ر وه‌ڵام ناده‌نه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو هه‌ندێكیان ژماره ته‌له‌فۆنی رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان به‌جارێك داخراوه و قوفڵیان لێداوه،
چش له خه‌ونه‌كانی ئێمه، چش له كاره‌بای نیشتمانی و شه‌قامی پاك و خاوێن، چش له باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی و نه‌هێشتنی هه‌ژاریی و بێكاریی، به‌ڵام حیكمه‌تی ئه‌م دووره‌په‌رێزیی و بێده‌نگ بوونه‌یان له‌چیدایه؟
Kardo_mm@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
