هیچ زاراوه‌یه‌ك نییه یه‌ك مانا‌و یه‌ك ده‌لاله‌تی هه‌بێت و له‌چوارچێوه‌ی پێناسێكدا مانایه‌كی ساده‌و حازر ببه‌خشێت، ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاراوه به‌رهه‌می فیكره، زاراوه‌كان پوخته‌ی زانسته‌كانن، زاراوه مانای كۆتایی و پێناسی كۆتایی نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی مرۆڤ و فیكر‌و مه‌عریفه‌ی به‌شه‌ریدا، ئه‌ویش ده‌گۆڕدرێت و پێشده‌كه‌وێت.
وشه‌ی جێنده‌ر یه‌كێكه له‌و زاراوه گرنگانه‌ی فیكری هاوچه‌رخ كه له‌رووی ماناوه زاراوه‌یه‌كی ئاڵۆز‌و پڕ له ئیشكالیه‌ته، له‌مێژووی په‌ره‌سه‌ندنیداو له ژینگه‌یه‌كه‌وه بۆ ژینگه‌یه‌كی دی مانای جیاواز‌و واتای جۆراوجۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه، ئه‌م مانا جیاوازانه‌ی جێنده‌ر له‌لای ئێمه زاراوه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه، به‌چه‌شنێك لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا‌و هه‌ندی جار لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌م دواییه كۆمه‌ڵێك مه‌لای كورد به‌هۆی به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتن له‌م زاراوه‌یه كێشه‌یه‌كیان دروست كرد كه دواتر ئه‌م كێشه‌یه گواسترایه‌وه بۆ ناو كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌وێدا هه‌ندی لایه‌ن هه‌وڵیان دا ئه‌م زاراوه‌یه ره‌تبكه‌نه‌وه‌و باس له‌وه كراوه كه نابێت ئه‌م زاراوه‌یه له كوردستان وه‌كو خۆی به‌كار بهێنرێت، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه وشه‌یه‌كی كوردی به‌كار بهێنرێت، ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه داوا بكه‌یت وشه‌ی "تێكنۆلۆژیا" له‌زمانی كوردیدا لاببرێت و له‌بری ئه‌وه وشه‌یه‌كی كوردی دابنرێت، یان وشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن و ته‌له‌فۆن و رادیۆ‌و زۆر وشه‌ی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه ره‌تبكرێنه‌وه‌و وشه‌ی كوردی‌یان بۆ دابنرێت، له‌كاتێكدا ئه‌م وشه‌و زاراوانه بوون به‌وشه‌ی جیهانی و له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه به‌شه‌رییه‌كاندا به‌بی كێشه به‌كارده‌هێنرێن.
بۆچی وشه‌ی جێنده‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ی ناوه‌ته‌وه، له‌بنه‌ڕه‌تدا جێنده‌ر چییه، بۆچی له‌ناوه‌ندی ئاینیی ئێمه‌دا ئه‌م وشه‌یه بووه به فۆبیایه‌ك و ده‌به‌سترێته‌وه به فۆبیای سێكس و ئه‌خلاق، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ماناكانی ئه‌م زاراوه‌یه روون بكه‌ینه‌وه.
جێنده‌ر (الجنوسه) چه‌مكێكه سه‌رجه‌می ئه‌و توێژینه‌وانه له‌خۆ ده‌گرێت كه‌له‌باره‌ی كاروبار‌و كێشه‌ی ژنان ده‌كۆڵێته‌وه له‌هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بایۆلۆژی و نوژداری و سایكۆلۆژی و یاسایی و ئایینی و فێركردن و په‌روه‌رده‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌رو په‌یوه‌ستكاری و كاركردن و ڕاگه‌یاندن. جێنده‌ر له‌زانكۆكانی خۆرئاوادا بایه‌خێكی زۆری پێده‌درێت و له‌لێكچه‌ری گشتیدا ده‌خوێنرێت، داینه‌مۆی سه‌ره‌كیی ئه‌و جۆره لێكۆڵینه‌وانه بریتییه له‌و بانگه‌شه‌ی ئازادییه‌ی كه بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له‌ئاسته جیاجیاكاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و پتر جه‌خت له‌چه‌مكی جێنده‌ر ده‌كه‌ن و یه‌كسانیی ژن و پیاو له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌بێ جیاوازی ده‌سه‌لمێنن. هه‌روه‌ها جێنده‌ر له‌مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌زی نێر و مێ و نێره‌موك و هۆمۆسێكسواڵ و ئه‌و بابه‌تانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه، بۆ نموونه هه‌ندێجار ژنان جلوبه‌رگی پیاوان له‌به‌رده‌كه‌ن، یان پیاوان جلی ژنان و ملوانكه‌و گواره‌و ماكیاژ به‌كار ده‌هێنن بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیی جێنده‌ری. ئه‌مه له‌ڕاستیدا ده‌رهاویشته‌ی پۆست مۆدێرنه‌و پۆست فێمینیزمه.
ئه‌م زاراوه‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا زاراوه‌یه‌كی زمانه‌وانیه‌و له‌ئه‌سڵه لاتینییه‌كه‌یه‌وه وه‌رگیراوه (gunes) و ئاماژه بۆ دابه‌شكردنی سینتاكسی رێزمان ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌مانای جۆر یان چه‌شن یان بنه‌چه دێت، پاشان له‌زمانی فه‌ره‌نسیدا بووه به (gender) كه له‌وێشدا هه‌مان مانا ده‌به‌خشێت به‌ڵام بۆ ره‌گه‌زی مرۆڤ به‌كار دێت، هه‌ر له‌و زاراوه‌یه‌شه‌وه و شه‌ی ژانر په‌یدا بووه كه بۆ ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان به‌كارهێنرا.
له‌ڕاستیدا ئه‌م زاراوه‌یه لقوپۆپدارو ئاڵۆزه‌و زیاد له‌مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزیییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م زاراوه‌یه بونیادێكی ڕوون و دیاریكراوی نییه، له‌زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دیكه ده‌گۆڕی و مانای جیاواز و بگره دژ به‌یه‌كیشی هه‌یه.
ده‌توانین بڵێین جێنده‌ر، له‌یه‌كێك له‌ماناكانیدا، نایه‌وێت دان به‌ره‌گه‌زی بایۆلۆژی مرۆڤ و ئه‌ندامه زاوزێكانی مرۆڤدا بنێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌م جیاوازییه نایه‌كسانی له‌نێوان نێر و مێدا دروست ده‌كات، جێنده‌ر وایده‌بینێت جیاوازی بایۆلۆژی نێر و می هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ئاستی تێگه‌یشتن و توانای بیركردنه‌وه‌وه نییه، كه‌چی له‌مانایه‌كی تردا‌و له‌هه‌ندی زمان و كۆمه‌ڵگای دیكه‌دا، جێنده‌ر ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی نێر و مێ كه له‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌دا پشت به جیاوازیی بایۆلۆژی ده‌به‌ستێت.
جێنده‌ر به‌مانا نوێیه‌كه‌ی له‌وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا به‌مجۆره پێناس ده‌كرێت: جیاوازیی ره‌گه‌زی له‌نێوان نێر‌و مێدا بریتییه له‌جیاوازییه‌كی پێكهاته‌یی و دامه‌زراوه‌یی و كولتوری، نه‌ك جیاوازییه‌كی سروشتی و بایۆلۆژی، بۆیه ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان نێر‌و مێدا ده‌كرێت، سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی بایۆلۆژی و ئه‌ندامه‌كانی زاوزێ، كه‌ئه‌مه له‌ڕاستیدا هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌و به‌زۆر سه‌پێنراوه. توێژینه‌وه‌كانی ژنان هه‌وڵیداوه هه‌ڕه‌میه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان نێر‌و مێ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كه‌له‌ڕلستیدا كولتوری پیاو و رۆشنبیریی باوی كۆمه‌ڵگه ئه‌و هه‌ڕه‌میه‌ته‌ی خوڵقاندووه، له‌لوتكه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌مه‌شدا پیاو نیشته‌جێیه، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه پێكهاته‌ی بایۆلۆژی پیاو له‌پێكهاته‌ی بایۆلۆژی ئافره‌ت باشتر‌و پته‌وتره، بۆیه ئافره‌ت له‌پله‌یه‌كی نزمتری ئه‌و په‌یوه‌ندییه هه‌ڕه‌مییه‌دا داده‌نرێت، جێنده‌ر ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌تده‌كاته‌وه.
پسپۆرانی بواری جێنده‌ر باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌جیاوازیی پیاو به‌سیفاته ئیجابیه‌كانیه‌وه‌و ژن به سیفاته سه‌لبیه‌كانیه‌وه (كه ئه‌مه هه‌ره‌میه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو دیاری ده‌كات) جیاوازییه‌كی ئایدیۆلۆژی و كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه، كۆمه‌ڵگه‌و كولتووره جیاجیاكان به‌زه‌بری هێز و یاسا‌و چه‌ك داكۆكی لێده‌كه‌ن، و اته پاڵه‌په‌ستۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری، بونیادی جێنده‌ر به‌لای هه‌ژموونی پیاودا ده‌به‌ن. كه‌واته رۆشنبیریی كۆمه‌ڵگه كۆت و سنوور بۆ جۆری بیركردنه‌وه‌و داهێنان و ره‌فتاره‌كان داده‌نێت نه‌ك سروشتی بایۆلۆژی.
جێنده‌ر، هه‌ردوو چه‌مكی (ڕه‌گه‌ز) و (جۆر) له‌یه‌كدی جیاده‌كاته‌وه، به‌و پێیه‌ی ڕه‌گه‌ز (نێر بێت یان می) مه‌سه‌له‌یه‌كی بایۆلۆژییه، به‌ڵام جۆر (بۆ نموونه مێینه‌یی ژن یان نێرینه‌یی پیاو) بریتییه له وێناكردن و تێڕوانینی كۆمه‌ڵایه‌تی. لێره‌دا جێنده‌ر جه‌خت له‌وه ده‌كات كه ره‌گه‌زی مرۆڤ، نێر بێت یان مێ، ده‌توانێت له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا داهێنان بكات، لێره‌دا ژنیش ده‌توانێت له‌ئاستی پیاودا بیربكاته‌وه‌و داهێنانی گه‌وره بكات، ده‌توانێت له‌بواری ئه‌تۆمی و گه‌ردوونیشدا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ژموونی پیاو به‌درێژایی مێژوو نه‌یهێشتووه زانایه‌كی ژن له‌بواری ئه‌تۆمیدا پسپۆر بێت، یان له‌بواری گه‌ردوونناسی و چوونه ناو مانگ و فه‌زاو هه‌روه‌ها له‌بواری فڕۆكه‌وانیدا پسپۆر‌و شاره‌زا بێت.
ئیلین شوالته‌ر پێی وایه جێنده‌ر بریتییه له بونیادێكی رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك ڕاستییه‌كی سروشتی و جه‌سته‌یی، بۆیه جێنده‌ر زاراوه‌یه‌كه له‌و بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و سایكۆلۆژییانه ده‌پێچێته‌وه كه سه‌پێنراون به‌سه‌ر جیاوازیی ره‌گه‌زی و بایۆلۆژیدا.
پاشان خاتوو جوان سكۆت له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جێنده‌ریدا ده‌یسه‌لمێنێت كه (زانست) ئه‌دگاری پیاوانه‌ی وه‌رگرتووه‌و مه‌عریفه‌ی زانستی هه‌میشه ژنی له‌و بواره دوور خستۆته‌وه، بۆیه له‌هه‌ندێ پسپۆریدا ته‌نها پیاو تیایدا باڵاده‌سته. جوان سكۆت سێ ئامانج بۆ جێنده‌ر دیاری ده‌كات:
یه‌كه‌م: شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه جیاوازیی بایۆلۆژی به‌زۆر ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر جیاوازیی ره‌گه‌زیدا.
دووه‌م: ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردكاری نێوان ژن و پیاو له‌یه‌ك كایه‌ی پسپۆریدا بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ژن و پیاودا داده‌نرێت.
سێیه‌م: گۆڕینی نموونه‌كانی پسپۆری به‌پێی میتۆدی جێنده‌ر، واته هه‌ر پسپۆرییه‌ك كه تایبه‌ته به‌پیاو یان پیاو تیایدا باڵاده‌سته، له‌ئافره‌تیشدا ئه‌زمون بكرێت بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیی جێنده‌ری.
وه‌ك پاڵپشتێك بۆ ئه‌و بۆچوونه، هه‌ندێ لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام دراون بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ڕه‌گه‌زی بایۆلۆژی نابێته هۆكارێك بۆ دیاریكردنی توانای ئیدراكی، به‌ڵكو توانای ده‌رككردن و بیركردنه‌وه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چوارچێوه‌ی بۆ داده‌نرێت، بۆیه ژنان له‌م چوارچێوه به‌زۆر سه‌پێنراوه‌دا ناتوانن له‌هه‌موو پسپۆرییه‌كاندا رۆڵیان هه‌بێت.
هه‌ندێ جار لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ری زیاده‌ڕۆیی ده‌كات و جیاوازیی نێوان نێر‌و مێ پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه، و اته ده‌یه‌وێ ده‌ریبخات كه مێ له‌پێشتره‌و ده‌بی ژن هه‌ژموونی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت، یان هه‌وڵده‌دات بیسه‌لمێنێت مێینه بنه‌ماو سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ژیانه‌و ته‌نها مێینه ڕه‌سه‌نه، بۆیه ده‌بێ هه‌ژموونی گشتیی هه‌بێت و پیاو له‌خزمه‌تی ئه‌ودا بێت، لێره‌دا ئه‌م تێڕوانینه ده‌كه‌وێته ناو هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌و ئه‌و داوه‌ی پێشتر پیاو تێی كه‌وتبوو.
بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه:
1- دليل الناقد الادبي، تأليف: د.ميجان الرويلي و د.سعد البازعي، ، الدار البيضاء- المغرب، ط5، 2007.
2-الجنوسة، تأليف:ديفيد غلوفر و مورا كابلان، ترجمة:عدنان حسن، دار الحوار للنشر والتوزيع، سورية-اللاذقية، 2008.
3- النسوية ومابعد النسوية، تأليف: سارة جامبا، ترجمة: احمد الشامي ، المجلس الاعلى للثقافة، القاهرة، 2002.
4-جێنده‌ر له‌سێ كتێبی سویدیدا-وه‌رگێرانی: شۆخه عه‌بدوڵڵا، له‌بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری نیشتمانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر، سلێمانی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
