بێگومان یاسایەک بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان بەمەبەستی بەرگرتن لە ئاژاوەگێڕی و پەلاماردان و تاڵانکردنی دامودەزگاکان لەجێی خۆیدایە، چونکە دواجار ئەوە هەر پارەی میللەتە لە بژاردنەوەی زەرەروزیانەکاندا خەرجدەکرێ. بەڵام داڕێژەرانی ئەم یاسایە، واتا یاسای ژمارە 11ی 2010 ی کە لە هەرێم، سەرباری ناڕەزایی زۆری شەقام، دواجار کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، لە تێگەیشتن لە ئامانجی خۆپیشاندان و مافی خۆپیشاندەران و میکانیزمی نەهێشتنی بەلاڕێدابردنی شکستیان هێناوە. بەڵێ هەندێ لە بڕگەکانی ئەو یاسایە بۆ کۆنترۆڵکردنی لەڕێدەرچوونی خۆپیشاندان لەجێی خۆیاندان، بەڵام مەسەلەی وەرگرتنی مۆڵەت و لایەنەکانی بەخشینی مۆڵەت و ماوەی پرۆسەکەو یەکلاییکردنەوەی بڕیار لە دادگا گرفتی سەرەکین و تەواو خۆپیشاندان لە قاڵب دەدەن.
ئێمە گەربمانەوێ بۆ داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆمان لە ئاوو کارەباو سووتەمەنی و کوختەیەک بۆ نیشتەجێبوون، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تری وەکو تەندروستی و پەروەردە خۆپیشاندان بکەین، لە کوێی ئەم کوردستانە ڕێگامان پێدەدەن، لە کاتێکدا بەرپرسانی حزب و حکومەت لە سەختترین بارودۆخی وڵاتیشدا هەر نەیانزانیوە بڕانی ئاوو کارەباو کەمی سوتەمەنی لە کۆشک و تەلارەکانیاندا چین، پشکنینێکی خوێن و چارەی ئازارێکی ئەژنۆو ددان پشکنینێک لە کلینیکە تایبەتیەکانی ئەمریکاو ئیتاڵیاو وڵاتانی دەرەوەدا دەکەن، منداڵەکانیشیان لە خوێندنگە ئەهلیە گرانبەها کانی ناوخۆو دەرەوەدا ناوەتە بەرخوێندن؟! گەر بمانەوێ لەدژی خانەنشینکردنی بەرپرسانی حزب لەسەر بودجەی حکومەت خۆ پیشاندان بکەین، لە کام پارێزگای هەرێم ڕێگامان پێ دەدەن، کە هەموو بەرپرسەکان حزبین و بۆ بەرژەوەندیی حزبەکانیان کاردەکەن؟! گەر بمانەوێ بۆ ئاشکراکردنی داهاتی قاچاخیی نەوت خۆ پیشاندان بکەین، کام بەرپرسی کارگێڕیی کە زۆربەیان حزبین ڕێگامان پێ دەدا کە حزبەکانیان دەستیان گرتبێ بەسەر قافڵە تەنکەرەکانی مەرزەکانی باشماخ و حاجی هۆمەران و دەیان مەرزی سنوریی تردا؟! گەر بمانەوێ لە دژی قۆرخکردنی بازار لەلایەن بەرپرسانی حزبەوە خۆپیشاندان بکەین، لە کام شاری هەرێم ڕێگامان پێ دەدەن، کاتێ مۆڵ و سوپەرمارکێت و کۆمپانیا گەورەکان لەلایەن حزب و بەرپرسە حزبیەکانەوە دامەزراون و بەڕێوەدەبرێن؟! گەر بمانەوێ لە دژی سوکایەتی و دەستدرێژیی سێکسی لەلایەن بەرپرسانی حزبەوە خۆپیشاندان بکەین، کام بەرپرسی هەرێم ڕێگامان پێ دەدا، کاتێ "ئۆقیانوسی تاوان"ی بەرپرسانی حزب و حکومەت بەردەوام شەپۆل دەدا؟! گەر بمانەوێ لە دژی دەستی بەرپرسانی حزب لە بەرفراوانبوونی لەشفرۆشی و هاوردنی باندەکانی لەشفرۆشی خۆپیشاندان بکەین، کێ ڕێگامان پێ دەدات، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی بەناو نوێنەری خەڵک ئامادەنین گفتوگۆ لەسەر یاسایەک بۆ ڕێلێگرتنی بکەن و کاربەدەستان بە هەرچوارپەل سەرقاڵی هاوردنی باندە لەشفرۆشیەکانی پارچەکانی تری عراق و سوریاو تورکیاو وڵاتانی ترن؟! گەربمانەوێ لە دژی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) یان (سۆران مامە حەمە)ێکی تر خۆپێشاندان بکەین، لە کام بستی ئەم کوردستانە ڕێگامان پێ دەدەن، کە حزب بە ئاشکرا نایاری سیاسیی خۆی تیرۆر بکات، یان وەکو سەدان بێسەروشوێنی شەڕی ناوخۆو دەستی هێزەکانی بەناو ئاسایش و دژەتیرۆر و زانیاری و پاراستن لەژێر پەردەی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤەوە بێسەروشوێنیان بکات؟! گەربمانەوێ لە دژی باڵادەستی عورفی خێڵەکی و هەوڵەکانی مەکتەبێکی حزبێکی ناو دەسەڵات بۆ بەردانی تاونبارێكی مرۆڤکوژ خۆپێشاندان بکەین، کام بەرپرسی دەسەڵات ڕێگامان پێ دەدات؟! ئەگەر بمانەوێ لە دژی تۆپبارانێکی سنووری هەرێم لەلایەن ئێرانەوە لە سلێمانی خۆیشاندان بکەین، لەکوێ بەرپرسی یەکەی کارگێڕی ڕێگەمان پێدەدا؟! گەر بمانەوێ لە دژی تۆپبارانێکی تورکیا بۆسەر ناچەکانی هەرێم لە هەولێر و دهۆک خۆپیشاندان بکەین، کەی بەرپرسی کارگێڕیی مۆڵەتمان پێ دەدا؟! گەربمانەوێ لەدژی یادێکی تری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هۆڵی قازی محەمەد ناڕەزایی دەربڕێن، کێ مۆڵەتمان دەدات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم خۆی کات و شوێن و ناوەرۆک و میوانەکانیشی بۆ دیاریبکات و بەرپرسانی حکومەت و حزبیش لە ڕیزی پێشەوە جێگایان بۆ گیرابێت؟!
ئەگەر مۆڵەتمان وەرنەگرت بۆ خۆپیشاندانێکی دژی لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوێکی سیاسیی لە ئێران کە سێ چوار ڕۆژی مابێ حوکمەکەی جێبەجێبکەن، کێ زامنی ئەوەیە کە دادگا لە بەرژەوەندیی ئێمە بڕیارەکە یەکلایی دەکاتەوە، لە کاتێکدا چاودێرانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان چەندین فاوڵی دەسەڵاتی قەزایی لە کوردستان و تەنانەت عراقیشیان تۆمارکردوە کە ئاماژەن بە پاشکۆیی ئەم دەسەڵاتە بۆ حزبەدەسەڵاتدارەکان. خۆ ئەگەر دادگایش وەڵامی بەڵێ بداتەوە، لەدوای 48 سەعاتی بەرلە وادەی خۆپیشاندان و 48 سەعاتی ماوەی وەڵامدانەوەی وەزیر یا بەرپرسی کارگیڕی و 3 ڕۆژی ماوەی پێشکەشکردنی داوای یاسایی و تانەدان لە بڕیاری ڕێلێگرتنی خۆپیشاندانەکەو ماوەی یەکلاییکردنەوەی کێشەکە لەدادگا کە هەمووی زیاتر لە 7 ڕۆژ دەخایەنێ، خۆپیشاندانێکی وەها چ کەڵکێکی دەمێنێ. یان گەر تانە بدەین لە بڕیاری قەدەغەکردنی خۆپیشاندانێک لە دژی تۆپباران یان هاتنەناوەوەی هێزیکی دراوسێ، لەماوەی ئەم گەمەی وەرگرتنی مۆڵەتەدا، چەند ماڵ وێران دەبن، چەند خێزان ئاوارەو سەرلێشێواو دەبن، چەند کەس گیان لەدەست دەدەن، یان دەست پەڕیو و قاچ پەڕیو دەبن؟!
بۆیە سەرەنجام دەکرێ بڵێین، بە کوردی و بەکورتی، بە گوێرەی ئەم یاسایە، هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک مۆڵەتی پێنادرێ، جگە لەو ڕێپێوانانەی بۆ چەپڵەلێدان و شاباشکردنی لایەنەکانی دەسەڵات و سەرکرەدەو کاربەدەستەکانیان. کەواتە مۆڵەتی خۆپیشاندان تەنها بۆ هەڵسوڕاوو لایەنگرانی حزبەکانی دەسەڵاتەو ئەمەیش دەقاودەق هەمان ئەو سیستمەیە کە حزبی بەعس کاری پێدەکرد. ئەوسایش بۆت هەبوو حەفتەی حەوت ڕۆژ بچیتە بەردەم "محافظة" و تا بڕستت پێبوو "بالروح، بالدم، نفدیک یا صدام" و "یا حوم اتبع لو جرینا" ت بووتایە، بەڵام بۆ داوای مافی خەڵک بچویتایەتە سەرشەقام، بێ خواستی خۆت "روح" و "دم"یان دەرەهێنایت و لاشەکەیان دەخستیتە بەرچنگ و دەنوکی "حوم"ە برسیەکان و "فیدا"ی "سۆرکی فەرماندە، خوا بیپارێزێ"یان دەکردی.
شێنێ بەکر
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
