- من پێم وابوو ئازادیی لەگەڵ خۆیدا، نان بۆ هەموو هەژاران و، ماڵ بۆ هەموو کرێچیەکانی نیشتیمانەکەشم دێنێت، کەچی دوای ڕزگار بوون لە جێنۆسایدی زۆرینەی مرۆڤەکان، جێنۆسایدی زۆرینەی زەوی و زارەکان دەستی پێ کرد -
ماوەی نیوە تەمەنێك، هەر کام لە سەربازە وونە بە ئەمەك و پەڕتەوازەکان، لە هاوڕێیانی قووربانی دەری ڕێی نیشتیمانم دەبینی، بە گەش بینییەکی سەرلێو لە پشت گیرییەوە، عەرزم دەکردن و دەمگووت:- دڵنیا بن ئازیزان، چوونکە زۆر مەحاڵە حکوومەتە ئازادەکەمان، هەڵوێستی سوپاس کردنی، ئێوەی دڵسۆزانی نەتەوەکەمان لە یاد بکات!، ماوەی نیوە تەمەنێك، من نرخی ئەم گفتە پڕ خەجاڵەتیەی خۆم دەدا و، سەربازە خاسییەت سەرلێو لە خەمەکانی نیشتیمانیش، سەربازە داهێنەرە ناخ بلوورییەکانیش، تا دەهاتن زیاتر وون تر و، فەرامۆش تر دەکران، ..دەی ئەمجارەش، بە زمانێکی سادە و ساکار تر، لە گڕو گاڵی ساوایەکی پڕ لە بەرائەت، بە زمانێکی دوور لە مانشێتە، ڕووکەشە موهەریج ئاسا و، پڕ لە ژاوە ژاوی درووشمە ئێکسپایەرەکان، بەڵێ ئەمجارەش سڵاو و ڕێنمایی نوێ بۆ ئێوە، ئەی تێگڕای لێپرسراوانی سیاسیی و، سیسیۆلۆژیی و هونەریی و، ئەدەبیی و هتد..ە، کانی هەرێمەکەم، ئەمجارەش سڵاوی بە ئاگا هێنانەوەی گشتگیرانە، ئەی ئەو کەسایەتیی و، سەرکردە و کادێر و ڕێکخراوە پەیوەند دارانەی، کە پێویستە چیتر، دوور لەم هەموو، ماتەڵ بوونە بیرۆکراتیەت خووڵقێنانە، هەر لەمڕۆ بە دووا، بە تابوورێك وەڵامی شایستە ترو، کۆ زانیار تری سەلیقە ساز، وە بە بێ هیچ بیانوویەکی پڕ ئیزدیواژیی، یا هیچ جیاوازیەكی بێزراو، خێرا بێنە وەڵام، سڵاوێك پڕ لە هووشیاری دانی جدیی، چوونکە ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێی هێند هووشیار لە ئارادان، نەوەیەك زۆر بە ئاسانیی ووشە ڕمووز سازەکان، ئەگەر بە ڕەوشی هێروگێڵفیش نەخشێندرابن، هێشتا خوێندنەوەی تایبەت و، زانستیانەی خۆیان بۆ بەڵێنەکانتان هەیە، ئاخر ئەم نیوە تەمەنە، لە ڕێگای دەیان درۆی سپییەوە، نەمان هێشت ناحەزان زەفەری گاڵتەجاڕانەیان، بە کەم و کورتیی کوردوستانەکەمان بەرن، کەواتە ڕاشکاوانە تر، ئێوەش بڕێك لەو بارە خەجاڵەت بوونە، ئێجگار قوورسانەی سەر شانمان، کە زیاتر خۆیان لە وەسفی پڕ خۆشەویستیی، موبالەغە داری کوردوستانەکەماندا دەبینێتەوە، بخەنە ئەستۆی شیکاری مەنتیقیانەی خۆتان!!)، زۆر بە تایبەتیش وەڵام و ئاووڕ دانەوەی بە پەلە، لە تاکەکانی کورد بە گشتیی و، لە دڵسۆزە بە وەفا و، ماندووەکانی نێو ڕەوەندی کوردی هەندەران، ئەوانەی دوو جار شەڵاڵی غوربەت بوون، ئەوانەی وەك سۆزی نەتەوە، تاقە باڵ و بێ پشت و پەنان، ئەو پڕ تووانایانەی زۆرینەیان، بێ هیچ زەبارە و هەرەوەزێکی حکوومەتەکەمان، نیوە مەرگانە خۆیان بوونیاد نا، مەگەر سێ بەشی لێپرسراوە پاسپۆرت لە گیرفانەکان، جیهانی بە ئازاری غوربەتتان نەدیووە؟!، نەخوازەڵا غوربەتێك کە ئەمڕۆ، سێ بەشمان تێیدا بووینەتە باڵیۆزی گەڕۆکی، ئازارە هاوبەشەکانی نیشتیمان؟!
________________________________________
ساڵانێکی زۆری دوای ڕاپەڕین، بۆچوونێکی کەمێك گەوجانەم هەبوو، هەمیشە هەر هاوڕێ و دڵسۆزێك، کە ڕێنماییان دەکردم، تاکوو لە پێناوی زۆر مافی شایستەی خۆمدا، سەردانی ئۆفیسی یەکێك لە سەرکردەکان بکەم، ئیتر وەڵامی هەمیشەیی من، زادەی هەمان ئەو بۆچوونە ناو براوە بوو، کە دەمگووت:- من هەرچیم کرد، بۆ خزمەتی نەتەوەکەم بوو، یاخوود بێ ئاگایانە لە بەزمی پشت کەوالیسەکان، دەمگووت:- سەراپای خزمەتی فرە بوواری من، پێگڕا ناگەنە یەك سات ڕۆڵی پێشمەرگەیەکی گیان لەسەر دەست و، سەنگەر نشینی دێرین، زۆر بە دڵنیا ترانەش ئەو درووشمە ژەنگ گرتووەم دەگووتەوە، کە گوایا حیزب و ڕێکخراو و سەرکردەکان، ئەبەد ڕۆڵی جگەر گۆشە دڵسۆزەکانی خۆیان، لە یاد ناکەن، بە تایبەت ئەوانەی مسقاڵە زەڕڕەیەك، بەختەوەرییان لە گەنجی خۆیان نەدی و، هەموو ووزەیان بۆ خزمەتی کەمێك خۆشنوودی، نەتەوە هەمیشە خوێن لەبەر چۆڕاوەکەیان تەرخان کرد، - بە داخەوە، ئای کەوا نەبوو -، ئەمڕۆش لە ناو فەزای خراپ شڵەقاو و، بێ سەر و بەرەی ئەم نا یەکسانیەدا، کە دیاردەی فەرامۆش کردنی ناو و، هەڵوێستە جوانەکان، یەکجار لە تام دەرچووە و، ڕۆژانەش ئاکامە نێگێتیڤەکانیان بە چاوی خۆمان دەبینین، چیتر ئەوەتا ئەم تاعوونی نیپۆتیزم و، خزم خزمێنە و هتد..انە، بوونە هەوێنی جام پڕ بوونی ئۆقرەی ئەیووب ئاسام، ئەوەتا درۆ زلەکانی دوای ئازاد بوون!!، بێ ئیرادەی خۆم ئەم نووسینە پڕ گازندەیەیان، پێ خستمەوە سەر کاغەز، گازندەیەکی زۆر درەنگ وەخت و، دیسان گوێ لێ نەگیراو، تووڕەییەکی بێ کەڵك، بەڵام بێ پەلەقاژێی سوودی مادیی و مەعنەوی، بەڵکوو تەنها وەك داخ لە دڵ دەر کردنێك و بەس، کە بە ئاشکرا و تەنها لە پێناوی مەیسەر کردنی، خواستی مانشێتەکەی سەرەوەم، - سەد پیت سوپاس نامە و بەس -، بەشکم خواتان بێت خووووا، یاخوود کەمێك وویژدانتان بجووڵێت، ئاخر ئێمە نەك هەر ئاووڕمان لێ نەدرایەوە، بەڵکوو ڕەنجە بە با چووەکانیشمان زۆربەیان کرانە پەیژە، بۆ کەسانێکی هەلپەرست و دوو ڕوو، ئەو دەعجان و میکرۆبانەی، کە پێیدا سەر کەوتنە ناو باڵەخانەی، ئۆفیسە مەنسەبی نەشیاو بە خۆیان و، دەستکەوتنی ئۆتەرێتەی فرە چەشنە و، ماڵ و کۆمەڵگا ئەتك کەر، نا لێم مەگرن کە لێرەدا، قەستمە گازندەکانم بخەمە نێو قاڵبی پیا هەڵشاخانیش، سەدان خوێن ڕژاو و بەش خووراوی خۆم ئاسا، مافی ڕەوامانە کە یەخە گیری فاسیدان و خائینان بین، چوونکە هۆکاری دووکەڵی جەرگی ئێمەمانان، بێ ئاگر نییە و هێندەی نەماوە، ئەم ڕۆژگارە بێ ئابرووە، زمانمان لە گۆ بخات،
---------------------------------------------------
- قەتارێك نموونە گەشت و، ڕەزمەیەك نموونە شەرم و بێ دەنگیی، لە گۆشە تەریکەکاندا -
(گەر منیش بمبووایە، ووڵاتێك بە ستاتیکا و یەکسانی بوونیاد، گەر لانکەکەم بە هاوار و زریکە ڕانەژێنرایە، گەر بە خوورپە، باڵای گەنجیم سەری نەدایە لە لووتکەی خەرابات، سا چیم دابوو لەم گەشتە تراژیدیا سامناکەی، کە ئازاریان بە سوێ ترە، لە گەشتەکانی سووندوباد؟!)
---------------------------
گەشتی یەکەم:- لەم ساڵانەی دووایدا، دەمەو نیوەڕۆیەك، لەگەڵ دەستەیەك هاوڕێی قەڵەم و، ڕەنگ و ئەهلی شانۆ..، کە تاقە کەسی دوو جار نامۆ بە شارەکەی خۆم، منی دوورە ووڵات نشین بووم، بە بەردەم ئۆفیسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانیدا تێپەڕ بووین، دۆستێکی لە هەمووان بە تەمەن تر، ڕووی تێ کردم:- ئەرێ شێردڵ خۆ تۆ، بۆ چەند ڕۆژێكیش بوو بێت، گەنج ترین پێشمەرگەی دێرین بوویت، ئەوە بۆ سەردانێکی هەڤاڵ فڵانی هاوڕێمان نەکەین، بەڵکوو لە بری ئەم لە هۆتێل خەوتنەی شەوانت، لە شاری باوو باپیرانی خۆتدا، بستە زەوییەك بۆ خۆت و داییکە کڵۆڵە، دوورە شارەکەت مەیسەر نەکەین؟!، دیسان هەمان وەڵامی نەفامانەی جارانم، - مانشێتەکەی سەرەوەم - و، درووشمە ژەنگ گرتووە خەواڵووەکانم، ئەوانیش هەمان هێمای نیمچە گاڵتە جاڕیی، بە ڕووخساریانەوە دیار بوو، کوڕە هەی نەزانی بێ مێشك:- کەسانێك هەن بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە زەوییان وەرگرتووە، ئەسڵەن لە پێش ڕاپەڕیندا، تەمەنیان هەشت ساڵان بووە!!، یاخوود دووای دە - دووانزە ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا، کاتێك لەبەر زۆریی گەشت و، سەیرانە زۆرەکانی ئەزمەڕیان، کە تووشی - مایەسیری - بوون، بۆیان کردوون بە هۆکار و زادەی نەخۆشیی، سەرماو سۆڵەی کۆن و، وادەی ئێشك چێتیی شەوانی زستانی، گووندی مۆریاس و گەڕە دێ و هتد..، ئەوانە پێناسەیەکی خانە نشینی هێند تۆکمەیان بۆ کراوە، کە هەموو ڕەشەبای سلێمانی ناتوانێت یەك پیتی لێ کاڵ بکاتەوە!!، دیسان وەڵامی من - هەمان قەوانە سوواوەکە بوو:- سەدان هەزار خێزانی ئەنفال کراو بێ جێگان، هەرکات ئەوان چوونە ناو ماڵی ئاسوودەی خۆیان، ئەوا منیش داوای چوار هەنگاو زەوی دەکەم،
--------------------------------------------------
گەشتی دووەم:- دیسان بەشێك، لە هەمان گرووپی دۆستان، وادەی چێشتەنگاوێك، بەلقیس تارای زیووینی پۆشیبوو، بەڵام سەرماکەی سلێمانیی، چوون بەهاری بناری ئالاسکا وابوو، لەبەر قاپیی یەکێتی هونەرمەنداندا ئیستێك و، ئیتر چووینە خزمەت ئەو داهێنەرانەی، کە ئەگەر کورد نەبوونایە، ئەوا مەنزڵی هەندێکیان ئستۆدیۆکانی هۆڵیوود دەبوو، نەك بەر پەنجەرەی چاوەڕوانی بەخششە مووچەیەك، کە هاوتایە بە نرخی دوو مایکرۆفۆنی وایەر لیس!!، لەوێ هێشتا ئەرز و حاڵە تەپ و تۆز لێ نیشتووەکەی، بیست ساڵ لەوە و بەرم، لە ناو خۆڵی زەمەنێکی، پڕ لە مەهزەلەدا کۆکە کۆکی بوو، لە ژێر گۆشەی نووسراوێکدا، هەمان نووسینم بینیەوە:-، بە پێی یاسا تەمەنی شانزە ساڵەی، ئەم گەنجە - بەندە -، ڕێگای پێناسە پێدانی هونەرمەندان نادات، پێویستە دوو - سێ ساڵی تر چاوەڕوان بکات، لەم گەشتەیاندا ئازیزێکی گرووپی ڕادیۆی، بەشی کوردی کۆنی بەغداد، دەربارەی وەرگرتنی زەوی! قسەی بۆ دەکردم:- دەی، ئیتر وا تەمەنت گەورەیە و، وەرە هەر ئێستا، بە پێوانەی چالاکیی هونەرییت، شانۆ کوردیی و ئارەبیی و بێگانەکانی هەندەرانت، + هۆست پرۆگرامیی نزیکی نۆزدە ساڵی پشت قەڵەم و کامێرا و مایکرۆفۆنت، کاری فۆتۆگراف و، پێشانگا و بابەتە، ئارشیف کراوەکانت..بەڵێ هەر ئێستا، ئەرزو حاڵێك بنووسە بۆ وەر گرتنی زەوی، ..نایشارمەوە، وا هەق بوو، بە قسەی ئەو دڵسۆزەم بکردایە و، لە بری یەك ئەرز و حاڵ، بیست پەڕە ئەرز و حاڵی، خوورشیدیم پڕ بکردایەتەوە، بەڵام کەسێك کە تۆفانە نەفرەتی، بێ ئاگایی و دەبەنگیی، یا پەتای شوێن ئەو درووشمە، بەها بەسەر چووانەی عەسری عەولەمەی، بە لنگە و قووچانە لێ باریبێت، هەر بەو دەردانەی من دەچێت، ئاخر لە زەمەنێکدا کە بە ئاشکرا، دۆلار شوێنی بە مۆڕاڵ لەق کردووە و، زۆر بە ئاشکراش، ژووانگە پڕ بەرائەتەکانی جاران، گواستراونەتەوە بۆ بەر جامخانەی زەرنگەرەکان، ئیتر چ پێویستە دیسان، من وەك سوورەی سەر لەشکرێکی فشەڵ، هەمان مانشێتەکەی سەرەوە و، دێڕە سوواوەکانی زادەی درووشمی مردارەوە بووی، ئایدیۆلۆژییەکان دووبارە بکەمەوە؟!، ئەمجارەیان بەزمی گاڵتە جاریی هاوڕێکانم، بە منی گەوج گەیشتنە ئاستێك، هەر لە ناو نیقابەکەدا زۆر ڕوون تر پێیان ووتم:- ئەو پیاوە دەمانچە لەبەر پشتوێنە دەبینیت؟، هەڵبەت بینیم، ووتیان ئەو کابرا دۆم و قەڕاجە نەناسراوە، تاقە سێ - چوار گۆرانیی نەشازیی، دوای ڕاپەڕینی هەیە و بەس، ئەو لە وەسفی قامەتی چەند کادێرێکدا ووتونی و، ئێستاش جگە لەو دەمانچە دیارییە، پێناسەی هونەرمەندانی بۆ کراوە و، زەویشی دراوەتێ!، جا ئەگەر جەنابت نیازت وایە، سوپەرمان ئاسا ببیتە ناسیونالیزمێکی، مۆدێرنی خاکیی سەدەی شانزە!، یاخوود ڕۆشنگەرێکی بێ کووچە و شوێن و، سۆفی ئاسای شۆڕشی فەڕانسە، ئەوا بەم شەرم و خۆ دزینەوەیەت، لەم فۆرمە بێ بەزەییەی سەردەمدا، کە ڕۆژانە درۆ و خۆ پەرستێتی، سێ جار بە دەوری زەویدا دەخوولێتەوە، لە کاتێکدا کە هەقیقەت هێشتا پێڵاویشی لە پێ نەکردووە، ئەوا دڵنیات دەکەین کە، فەڕاشی لێپرسراوێکیش ئاووڕت لێ ناداتەوە و، تا ئەو کاتەی شارەوانییەکی ئامریکای باکوور، بە خێری خۆیان تەرمەکەت دێننەوە بۆ کوردوستان، دەبێت هەر ئاوا گەریدە و گووزەران پڕ بووحران، ئارشیف وون و سەرگەردان بیگووزەرێنیت، ئاخر خۆ تۆ بە داوا کردنی سەد مەترێك زەوی، سوواڵ و سەدەقە ناکەیت، پاداشتی چەند مەترێك زەوی، لە چەندان لایەنەوە مافی خۆتە، مافێك خۆ ئەگەر، پانتاییەکەشی هێندەی چارەکێك لە جوگرافیای، بەر هەیوانی ئەو ڤێللایانەش بێت کە وەك دیاریی، لەسەر خاکی ئاژدادی خۆتتدا دراونەتە بەڕێزان - عەممار حەکیم -! و مالیکی و عەللاوی و، چەندان لێپرسراوی تری، نامۆ بە خاکی ئەم کوردوستانە، هێشتا هەر خراپ نیە بۆ خۆت و دایکە کڵۆڵە، دوو جگەر گۆشە کووژراوەکەت، ئای خوودای مەزن لە دڵسافیی و، بەخشندەیی ئەم نەتەوە خۆشباوەڕەی من، ئێمە دوای جێنۆسایدێك، کە هێشتا نیوەی هەرێمێکمان ڕزگار کردووە، کەچی وەك گووێسەبانەی شەوی ڕەمەزان، بە تەشت و سینی، زەوی دەبەخشینەوە، ئای چەند دەترسم کە کاتێك، ئەمانەش بوونە عارەبی ڕەسەنی سلێمانیی و هەولێری پایتەخت، ئیتر نەوەی سبەی لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا، سەفتەیەك ئێسك و پرووسك بدۆزنەوە و، بە هەمان - دی.ئێن.ئەی - ە کەی لۆزان ی جاران، تەرمی مادەی سەد و چل و، ناوچە دابڕاوەکان دەربچن؟!!
---------------------------------------------------------
گەشتی حەوتەم و کۆتایی:- لێرەدا لەبەر نەبوونی دەرفەت، بازم بەسەر چوار دیمەن و گەشتی تری، ئێجگار سامناك و پڕ فەرامۆش کردنی، خوودی خۆم و هاوڕێکانمدا هێناوە، چوونکە ئەگەر باسیان بکەم، ئەوا دەبێت ناوی چەندان بازرگانی سیاسیی، سەر مەزاد کردنی خوێنی کوردیش ڕیز بەند بکەم، یەکێك لەو دیمەنانە و، بەر لە باسی ئەم دووا گەشتە، لە ساڵی ١٩٩١، دووا بە دووای شەڕی - نیمچە ئازاد - کردن و - نیمچە تاڵان - کردنی شاری کەرکووکی، - دڵ و قوودس و کابوولی تاڵیباندا!!، کە کەوتنی یەکەم دوو شەهید و، کۆمەڵێك بریندار بە خەستیی، لە یەکەم خوولەکی چوونە ناو شارەکە و، بە بێ ئاگای ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەی کوردوستانی، ئەوەی بە چاوی خۆم و، زوومی کامێراکەم بینیم، دەرئەنجامی شەڕێکی زۆر نا پێویست و، ناو خۆیی بوو، لەسەر مل ملانێی کۆنتڕۆڵ کردنی - گاز ستەیشن = بانزین خانەکەی نزیك ئیسکان -، ئەو دەم، جڵەوی ژووری چالاکیی سەربازی، وەك چاودێریی گشتیی لە ژێر فرمانی کاك نەوشیروان موستەفا و، بە شێوە ڕاستەوخۆکەی پراکتیکیش، لە ئەستۆی پاك و، ئەرکی جێ بە جێ کردنی، - مام ڕۆستەمدا بوو -، ئەو کات و پێشتریش، بە فرمانی - بەرەی کوردوستانی -، من لێپرسراوی یەکێك لە سێ گرووپەکەی ڕاگەیاندن بووم، لە زۆرینەی وێنە گرتنی شەڕەکان و، چاو پێکەوتن و هتد..، بیرمە وەك ئاگادارێکی بەردەوام و، ڕووماڵ سازێکی نەسرەوتی زۆری حاڵەتەکان، کاتێك لە بەر کامێرادا، لە کاك نێچیرەوان بارزانیم پرسی:- داخۆ سەرەتا وەك کوردێك و، ئینجا وەك کوڕەزای ژەنەڕاڵ بارزانی، بۆچوونی چییە بە بوونیان لە ناو کەرکووکدا؟!، وەڵامی ئەوە بوو - کە بێ گوومان، سەرکەوتن دیاردەیەکی زۆر گرنگە، بەڵام پاراستنی سەرکەوتنەکە گرنگ ترە -، من خێرا پێم ووت، کە بەو حاڵە شێواو و بێ سەر و بەرە پڕ فەرهوودەدا، زۆر بە دڵنیایی، نە کەرکووك بە یەکجاری ڕزگاری دەبێت و، نە ئەو نیمچە سەرکەوتنەش، بە هیچ جۆرێك دەپارێزرێت، کاك نێچیر کە لەو وەڵامەم دوو دڵ بوو، بە موختەسەر پێم ووت:- ئەگەر نەکووژرام دەیبینین، من لە کەرکووك، لەبەر ڕاکە ڕاکەی زۆر، جلە کوردییەکانم دڕڕا بوو، ناچار لە سەربازگەی - خالید -، کە هێشتا هێزی فەیلەقێك و، پاسەوانانی کۆشکی تیا بوو، دوای بریندار بوون، جلێکی سەربازیی نوێی فڕۆکەوانییم لەبەر کرد، کە گیرفانە زۆرەکانی، بۆ پاراستنی باتریی کامێراکانم، زۆر لە بار بوون، کاتێکیش کۆڕەو ڕووی دا، کرامە لێپرسراوی گشتیی، - ئەرزاقی ئەزمەڕ -، باسی هیلاکەتی ئیشەکانم لەوێ داستانێکی نەبڕاوەیە، لە کتێبە پڕ موبالەغەکانی شۆڕشی گەلاندا، ووتراوە گووایا هەموو ئەو هیلاکەتانە وەك شەکر وان، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و پراکتیزەدا، دوور لەو درووشمانە، ئەسڵەن هەنگووینیش لە چاویاندا ژەقنەبووتە، بلا کاری ئیداریی و خۆراك دابەش کردن، کەمێك ئاسان ترن، بەڵام بۆ گەنجێکی ئەهلی قەڵەم و، نەشارەزا بە تفەنگی وەك من، کووژاندنەوەی دەیان شەڕی کوێرانە و عەشوایی ئاسان نەبوون، کە بچووك ترینیان کەوتنە نێوان ئاگر بارانی، شەڕی کەس و کار و هاوڕێیانی مامە ڕیشە لە لایەك و، چەکدارانی - تەحسین شاوەیس - بوو، تەنها ئەو شەڕە دوو ڕۆژی خایاند، ئەمانە و ڕۆژانەش ئاشکرا کردنی، زۆڵە کوردی ڕاسپێردراوی بەعس و، هەوڵی پووچەڵ کردنەوەی کاری غافڵە کوژیی لێپرسراوان و، دووژمنایەتیی کۆن و هتد..هتد..، بەڵام ئەوی گرنگ بێت لە باسێکی کورتی، چۆنێتیی دیسان فەرامۆش کردنی نوێم و تاقە باڵیی بێ ئەندازەم، کە تەنهاو تەنها دەست گووشین و، ئافەرینێکی سەر پێیم پێ دەبڕا و بەس، ئەو دەم بارەگاکەمان لە سەر شەقامی چوارتا بوو، وە زیاتر بە ڕاکاڵ، لە مامۆستا جەمالی نوێنەری یەکێتی، لە سنوورەکانی سیتەك - کە گووندی خۆمانە و، لە - سەر سیر - یش، لە خوودی کاك نێچیرەوان بارزانی نزیك بووم، کە بازنەی پەیوەندییمان برای ئازیزم، - کاکە فازیڵ ڕەووف - بوو، ئەو براو هاوڕێ قارەمانەشم، دوواجار لە دووا شەڕی ئەزمەڕ دا، لە نزیك خۆمەوە و، بە گوللە تۆپ نیمچە شەهیدانە پێکرا، کە هەڵبەت ڕۆڵی هەموو لایەنەکانی تر و، بە تایبەت - ئاوات بی کەی سی و - سێ هاوڕێکەی تری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بەرانبەر بە ڕێگریی لە دوو تانگ و، سەدان سەربازی لۆفەکانی ئەزمەڕیش، بە کامێرا گەورەکەم - کە شایانی درامایەکی تیڤییە - تۆمار کراوون، ئینجا دیسان ئاووڕێك لە مەبەستی، بۆ دەیان جاری تری چۆنێتیی فەرامۆش کردنەکەم، دەمەو عەسرێك، کە یەك ڕۆژ بوو، سیناریۆ هەڵەکەی مفاوەزات چێکرابوو، لە ڕێگای - بەرەی کوردوستانییەوە -، مووچەی تەواوی هەموو ئەو ماوەیەی پێشمەرگەکان + چەکدارە نوێکانیش دابەش کرا، من لەو دابەشەدا وەك لیژنەی، دارایی و ئیداریی و ئەرزاق، دابەش کار و چاودێر و ژمێریاریش بووم، ئیتر خۆم و هاوکاران و، لیستێك ناوی ئەو دەڤەرە و، چەند سندووقێکی پارە و چەند پاسەوانێکی بەڕێز، دابەشەکە زۆرینەی لایەنەکانی ناو - بەرەی - گرتەوە، ئەوی سەرسامی کردم، دوای سێ شەو و ڕۆژ هیلاکەتی، ئەو دابەش کردنە گەڕۆك و پڕ ئامانەتییە، ناوی خۆمم لە هیچ لیستێکدا نەبینیەوە، خۆ ڕاستە ئەو ماوەیە پێویستم بە پارە نەبوو، بەڵام ئەوی مایەی دڵتەنگیم بوو، بە دەیان ناو لە هەمان لیستدا هەبوون، کە دوور و نزیك چارەی ناوی پێشمەرگەشیان نەدەویست و، کەچی مووچەکانیان دوو بەرانبەری، پێشمەرگە دێرینەکان بوو، سەرباری ئەوەش سێ جار مەسرەفی، لە ئەزمەڕەوە چوونە شارەکانی کوردوستانی خۆر هەڵات، وە هەر جارە و کڕینی نزیکی، پێنج سەد جووت پێڵاوی لاستیك، بۆ منداڵان و، کەسانی بە تەمەنی جێ ماو و، دەبە بەنزین و میوە و خواردن و هتد..، ئەو خەرجیاتانەش، هەر هەموویان چاوی خەڵکەکە خۆش و، یەك دیناریانم بۆ سەرف نەکرانەوە، + دوو جار کاك نێچیرەوان ڕایسپارد مەڕی بۆ بنێرینە سەرەوە چوونکە میوانی هەبوو، ڕاشی سپاردبوو کڕیارەکە جێی متمانە بێت، مەسرەفی ئەوانیش عافیات بێت، موختەسەر تری گەشتەکە، ئەمجارەیان هەولێری پایتەخت بوو، وە چوونکە یەکەمجارم بوو پاڕلەمانێکی، ڕاستەقینەی کوردی خۆمان، بەو ئاڵا شەکاوەیەوە ببینم، ئیتر بە عەتف = نۆستالیژیایەکی، سەروو ئیرادەی خۆمەوە، کە زۆر هەوڵم دا خۆم کۆنتڕۆڵ بکەم، بەڵام بۆم نەکرا و، دامە پڕمەی گریانێکی زۆر بە کووڵ، بیرمە جگە لە مامۆستا ئەحمەد سالار، کە دەیوویست بە قسە جوانەکانی، ڕەوتی دیاردەکە بە ئاقارێکی سەبووریی بەخشانەدا بەرێت، چیتر دوو پاڕلەمانتار و، وەزیرێکی میوانیش هەنسکیان دەدا، ئەو ڕۆژە چ لە پاڕلەمان و، پیاسەی بەر پیرە قەڵاشدا، چەند دۆستێکی دڵسۆز هەوڵیان دا، چاو پێکەوتنێکم لەگەڵ کاك نێچیرەوان بارزانیدا، بۆ ساز بدەن، دیارە زۆر بە ووردی لە مەبەستی ئەو واسیتەیە تێ دەگەیشتم، ئەو دڵسۆزانە حەزیان دەکرد، چیتر لەوە زیاتر هەستی غووربەتەکانم، نەبنە نەخۆشیی دەروونیی و، ئاڵۆز تر نەبن، ئەوان خوازیار بوون، کە لە سەردانەوەی کوردوستانمدا، جێ و ڕێیەکم هەبێت، تاکوو ئاوا لە باوەشی خاکی خۆمدا، شپرزەی شوێن سووراغی، جێ حەوانەوەیەك نەبم، دۆستەکانم قسەکانیان بە جێ بوو، بەڵام هەروەك خووە نەگریسەکەی جارانم، کە کۆکتێلیشە بە شەرمێکی زگماکیی، بۆ هەمیشە پێم وا بوو، کە خوودی سەرۆك و سەرکردە و کادێرە باڵاکانی، ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییانە، خۆیان دڵسۆزانی هیچ بووارێکی خاك و نەتەوەکەمان، هەرگیز لە یاد ناچێتەوە، هەمیشە دەمگووت:- لەم حاڵە هەستیارەی هەرێمە ئازادەکەماندا، با پەلە نەکەین و، بگرە سەر باری قسە، بە نووسینیش ئەو چەمکە گرنگەم دەورووژاند و، خوێن گەرمانە بانگەوازی ئەوەم دەدا کە تکایە، با ئەو خزمەتانەی بۆ خاك و، کۆمەڵگاکەمان کردمان بە ئەرکێکی فەرز ئاسای بزانین و، خەڵاتی پارە و زەوی بەخشینەوە، نەکەین بە مۆدێل، بەڵام زۆر بە داخەوەم، چوونکە دیاردەی زەوی بەخشینەوەی - عەشواییانە -، نەك هەر بووە مۆدێلێکی بێ کۆنترۆڵ، بەڵکوو لە چوار چێوەیەکی، هێند مەزاجیانەدا دۆگما بوو، چیتر هەر دەسەڵات دارێك ئەو تووانا تاکڕەوییەی، زەوی بەخشینی هەبێت، ئەوا بە دڵنیایی وەك پارچە کێکی ئاهەنگ، هەرچۆنێك دڵی بیگرێت، بەو شێوەیە هەڕاجی سامانی نەتەوایەتییمان دەکەن، بەڵێ من بە شاهێدی دەیان هاوڕێی کۆن و نوێ، هەرگیز ئەو ئسلووبەم نەزانیوە و نەشم توانیوە، کە بۆ بچووك ترین هاریکاریی مادی و مەعنەوی، لە تەقوولبابی ماڵە لێپرسراوێك بدەم، بەڵکوو هەمیشە هەر ئاوا ساویلکانە بیرم دەکردەوە، کە گووایا ڕۆژێك لە ڕۆژان، ئەوان ئێمەیان ناو نووس کردبێت و، لە ناکاوێکدا وەك پشتگیرییەك بۆ دەیانی وەك، ئێمەی سەربازی وون، چەند دێڕێك سووپاس گووزاریی شایستەمان ئاڕاستە بکەن، بە تایبەت دەرهەق بەو ئەرکە نەتەوایەتیانەی، کە جێ بە جێ کردنیان، وەك جوانترین پڕۆسەی وویژدانیی لەسەر شانمان بوو، ئای خوودایە، دیسان چەند هەڵە بووم لەم هەڵسەنگاندن و، پێش بینییە سەر لێو لە دەبەنگیی و خۆشباوەڕییەمدا، چەند خەڵەفاو و خەڵەتاو بووم، بەو خەرمانە گفت و درووشمە بریقەدارە، فوول لە زێوانانەی، کە تریسکەی شەوقیان، چاوی دەیان کەسی نابەڵەد بە سیاسەت و، نەگوونجاو لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای، وەك منیان ئاوا کوێر و نابینا و، دەستخەڕۆ کرد.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
