من هەر لە ئینتیخاباتە ناوخۆییەكەی هەرێمی كوردستانەوە، ڕام وابوو كە (لیستی گۆڕان) لە ئینشیقاقی تاقمێك زیارتر هیچی تر نیە كەلە (یەكیەتی نیشتیمانی) جودا بۆتەوە.ئەمە مانای وایە، ئەم لیستی گۆڕانە (كەجاران بەشێك بوو لە ینك) لە مەوداوا –مافی خۆیەتیشی بێگومان- بەدوای پەیداكردنی دەسەڵاتێكی سەربەخۆدا بگەڕێت، دژی هاوپەیمانییەك كە(ینك) و بەتایبەتیش (پارتی) تێدا بێت.
بۆ وەدەستهێنانی ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە، سەرانی (گۆڕان) پێویست بوو بڵێن "ئێمە موعاڕەزەین" و هاتوهاوارێكی ئەوتۆ بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە دروست بكەن كە نەك جەماوەر تەنانەت ڕۆشنبیرانی ئۆپۆزیسیۆنیش دوولەت بكەن و هەندێكیان بۆ لای خۆڕابكیشن .
چوونە ناو رێزی ئۆپۆزیسیۆن بۆ (گۆڕان) زۆر بەئاسانی و زۆربە زوو هاتە جیبەجێكردن، چونكە زەمینەیەكی فراوانی ناڕەزایی و یاخیبوون پێشتر لە ئارادا بوو: لە لایەن من و بەختیار عەلی، شیرزاد حەسەن، نەبەز گۆڕان، حەمە سەعید حەسەن، رێبین هەردی، مەریوان وریا قانع، رێبوار سیوەیلی، زیرەك كەماڵ و چەندین رۆژنامەنوو و ڕووناكبیری تری سەرازا، پێشوختە، هەر لە ساڵی 1994 بە ملاوە پەرەی پێ درابوو.بۆیە لیستی گۆڕان زۆر بە زوویی بووە "بزوتنەوەیەك" تەنانەت لەناو پەرلەمانیشدا.
بەڵام سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان (كۆنە كۆمەڵەی دەسەڵات) كاتێ زانییان لە رێگەی پەرلەمانیشەوە هەر ناتوانن وا بەئاسانی بگەنە دەسەڵات: تەقینەوەكانی توونس ومیسریان بە هەلێكی گونجاو زانی و.چوەرەسەری "شۆڕشگێڕانە" باشترین ڕێگەیەك بوو:
1) دروستكردنی هاوپەیمانییەكی بەهێز لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكان بە تایبەتیش لە گەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و هێزە ئیسلامییە عیراقییەكانی وەك موقتەدا صەدر و ئاغای سیستانی (كە هەر هەموویان پێكەوە كلكی كۆماری ئیسلامیی ئیرانن) بۆئەوەی بتوانن هەڕشەی ڕاستەخۆ لە حكومەت و پەرلەمان بكەن و داوای هەڵوشنانەوەی بكەن (ئەم شۆڕشگێڕایەتییە بێگومان لە سەرەتادا مەدەنی بوو: بەیاننامە حەوت بەندییەكەیان!).
2) قۆزتنەوەی دۆخی توونس و میسر و لیبیا و بەحرێن لە پێناو خۆشتركردنی ئاگری ناڕەزایی خەڵكی كوردستان بەو ئاڕاستەیەی كە لە بەرژەوەندیی تاكە حیزبی خۆیاندا بێت.بۆیە بینیمان تاقمێكی سەر بە خۆیان، دوور لە رەفتاری مەدەنییانە "بەناوی پیرۆزباییكردن لە گەڵی میسر" هەناردە سەربارەگای لقی (پدك) لە سلێمانی و پاشان بۆئەوەی خۆپیشاندان لە ریفۆرمەوە بگاتە ئاستی "شۆرش" لە هەموو كوردستاندا.بەم سووتاندنەی لق (لە سەرەتادا لە سلێمانی و پاشان لە شارۆچكەكانی تریش) ویستیان ئینزارێك بدەنە پارتی دیموكراتی كوردستانیش نەك تەنها (ینك)لە سلێمانی .
3) سەرەنجام، لەسەر داواكاریی موقتەدا صەدر، رۆژی 25/2/2011 دەسنیشانكرا بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری و تەقاندنەوەی دۆخە گشتییەكە! بەڵام پێش ئەو رۆژەش میدیاكانی گۆڕان و داخوازییە ڕەواكانی میللەت، هەر یەكەیان بە ئامانجێكی لە یەكتر جودا لەڕووی سیاسیەوە دەیانویست بارودۆخەكە بقڵیشێننەوە.بزوتنەوەی گۆڕان لەو "قلیشانەوەیەدا" یەكێك لەم دوو ئامانجانەی دەپێكا، كە هەردووكیان بۆ ئەو "فیت" بوون:
ئەلیف) لە كاتی سەر دانەواندن و ناچاربوونی (ینك) بۆ هاتنە گفتوگۆ و پەسەندكردنی بەیاننامە حەوت بڕگەییەكەیان، ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان "ڕیفۆرمەكەی خۆی" لە ڕیگەی گفتوگۆ قبوڵ دەكرد و كۆتایی بە كێشەكە دەهات.ئەوە بوو كۆبونەوەیەكیان لە ناو پەلەماندا كرد و نەگەیشتنە ئەنجام.بۆیە بێگومان درێژەیان دایە تەكنێكی ورووژاندنی زیاتری خۆپیشاندەران بۆ گەیشتن بە ستراتیژی خۆیان.
بێ): بەڵام لە كاتێكدا ئەگەر (ینك: بەرێز هێرۆخان و كاك مەلا بەختیار) لەرۆژی 25/2/2011 دا نەچووبانە ماڵی كاك نەوشیروان و خۆیان نەخستبا ژێر فەرمانی داخوازییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان، كە هاوپەیمان بوو لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و هێزە ئیسلامییە عیراقییەكانی وەك موقتەدا صەدر و ئاغای سیستانی و هەمووشیان پێكەوە كلكی كۆماری ئیسلامی ئیرانن: ئەوا بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەوكاتە هەڵبەتا (كۆمەڵ)یش، بەیارمەتی موقتەدا صەدر و ئاغا سیستانی، ئەجندای دابەش كردنی هەرێمی كوردستانیان دەخستە پیادە كردنەوە: دابەشكردنی هەرێم بۆ سەر دوو ناوچەی فرامانڕەوایی (سلێمانی ) و (هەولێر).
ئەم ئەجندا خۆكوژییە، زۆربەی ڕووناكبیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە سلێمانی ئاگاداری بوون و پەسەندیشان دەكرد، ئێستاش هەر پەسەندی دەكەن!
بۆسەرخستنی ئەم ئەجندا و ئامانجە كورد كوژییە، بزوتنەوەی گۆڕان، باش دەیزانی پێویستی بەوە نەبوو بەرپرسایەتیی خۆپیشاندانەكانی بەر دەركی سەرا بخاتە ئەستۆی خۆی (چونكە لە لایەكەوە خەڵكی تووڕە مافی خۆیان بوو داخوازییە ڕەواكانیان دەرببڕن و لە سەر هەقیش بوون لەلایەكی تریشەوە، تەنیا "چەند كادیرێك" لە رێگەی فێیس بوك و تەلەفۆنەوە بەس بوو كە ئیعازەكانی كاك نەوشیروان بەو خەڵكە سادە و جەوان و تووڕەیە بگەیەنن.
ئەمە جگە لەوەی كە چەندین كادیری كۆمەڵ و مەلای یەكگرتووی ئیسلامیش وەك دكتۆر موسەننا لە ناو خۆپیشاندانەكاندا رێبەری خۆپیشاندانەكان بوون).
بەم شێوەیە، مەكینەكە لە دوو سەرەوە كاری دەكرد، یەكەم: هەزاران خۆپیشاندەری سەرازا داوای ریفۆرمیان دەكرد كە بێگومان داخوازیی رەوا بوون و منیش لە هەولێرەوە پاڵپشتیان بووم.دووەم: لە ژێر ئەو خۆپیشاندانە رەوایانەوە "ئەجێندای دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ئیمارەتی هەولێر و سلێمانی" بەردەوام هەڕەشەی لە حكومەت و پەرلەمان دەكرد بۆ ئەوەی هەڵبوەشێندرێتەوە!
كەواتە، من بۆ لایەنگیری داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرەكان بوو كە لە رۆژی سێ شەممە (22/2/2011) چوومە سلێمانی بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆم بۆ خۆپیشاندەرە خوێندكار و گەنجەكان رابگەیەنێم، بۆئەوەی هەرێمی كوردستان دابەش نەكرێتە سەر دوو ئیمارەتی دژ بە یەكتر (كە لە بەرژەوەندی ئێران و عێراقدا بوو كەركووك و حەویجە تا خانەقینیش لە قیس كورد بچێ!).
من بۆچی چوومە سلێمانی بۆ كار كردن لەگەڵ خۆپیشاندەران؟ چونكە پێم ناخۆش بوو، حكوومەت لە كاتێكدا دەیبینی كە ئەمە خۆپیشاندەرە تووڕەكانی بەر دەركی سەرای سلێمانین خۆپیشاندان دەكەن، كەچی چوو بوو كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەجێ گەیاند بوو!
(ینك) داوای لە (پدك) كردبوو لە كۆبوونەوەكەی ناو پەرلەماندا بچن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كۆ ببنەوە.بێگومان وەك بینیمان لەو كۆبوونەوە حیزبییەدا نەگەیشتنە ئەنجام.
"ئەجندا و پلانە سیاسییەكەی گۆڕان و یەكگرتوو: دابەشكردنی هەرێم بەسەر دوو ناوچەدا" هێندە مەترسیدار و بەهێز بوو.كە دەرەقەتی ئەوە هات دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە ناچار بكات تەنانەت بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەكەش لەدەست ئەواندا نەبێت، بەڵكو لە دەست حیزبێكی ئیسلامی بێت!!
دووای ئەو كۆبوونەوە فراوانەی یەكیەتی و پارتی و یەكگرتوو و گۆڕان و كۆمەڵ لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی خۆپیشاندەران و بە ناوی داخوازییەكانی جەماوەری خۆپیشاندەر، من كەوتمە گومان و پرسیار كردنەوە:
1) حكوومەت، لە كاتێكدا دەبینێ كە ئەمە خۆپیشاندەرە تووڕەكانی بەر دەركی سەرای سلێمانین كە خۆپیشاندان دەكەن نەك سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ، لە كاتێكدا پێویست بوو قسە لەگەڵ ئەنجومەنێكی نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەرەكان بكرێت و گوێ لە نوێنەرانی گەنج و خوێندكارانی ناو خۆپیشاندانەكان رابگرن، كەچی دەچن لەگەڵ حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆ دەبنەوە !! بۆ؟!
2) بۆچی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندانەكان نەكرێت و لەگەڵ "حیزب" بكرێت؟ لە كاتێكدا هیچ حیزبێكی بەشدار بووانی كۆبوونەوەكە (یەكگرتوو، گۆڕان، كۆمەڵ) هەرگیز ئەوەیان رانەگەیاندووە كە ئەوان بەرپرس و بكەری خۆپیشاندانەكانن تا حكوومەت بچێ گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان بكات!
3) ئایا بە چ مافێك ئەو حیزبانە "كە زۆربەیان لە ناو دەسەڵات و حكوومەت و پەرلەمانیشدان!" رێگە دەدەنە خۆیان بە ناوی خۆپیشاندەرانەوە قسە بكەن و داوای "جیهاد" بكەن و مەیدانی ئازادی بكەنە جێگەی "نوێژی جومعە" ؟ باشە ئەدی، خودی ئەو جەماوەرە خۆپیشاندەرە، كە مەڕجەعە، چۆن ئەمە قبووڵ دەكات؟ ئایا ئەمە داگیركردنی مافی خۆپیشاندەران نیە؟ سەندنەوەی مەڕجەعیەت و ئەتك كردنی خواست و داخوازییەكانی خۆپیشاندەران نیە!؟
تەلەفۆنێكم كرد بۆ هاوڕێی رووناكبیر، رێبین هەردی، دووای ئەم پرسیارانە، داوام لێیكرد كە ئەگەر ئەو ئامادەیی هەبێت پێكەوە "بچینە ناو خۆپیشاندەرەكانەوە و پشتگیری خۆمان بۆیان دەرببڕین"، گوتم "لەو كاتەدا من دەتوانم قەناعەت بە شێرزاد حەسەن و شێركۆ بێكەس و زۆری تریش بێنم بۆ ئەوەی هەموو ئەو نووسەر و روناكبیرانە پێكەوە بچین پشتیوانی لە داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەران بكەین و داوایان لێ بكەین كە خۆپیشاندەرەكان ئەنجوومەنێكی فراوان پێكبهێنن بۆ ئەوەی بچن سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ببینن و گفتوگۆ لەسەر جێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانی میللەت بكرێت".تەنانەت من باوەڕم وابوو بەو پشتیوانییە گەورەیەی ئێمەی نووسەران ناچاریان بكەین كە سەرانی حكوومەت و پەرلەمان خودی خۆیان بێنە ناو خۆپیشاندەران لە مەیدانی ئازادیدا.وام بە رێبین هەردی گوت "دوو رۆژ پێش ئەوەی كە لەگەڵ فارووق رەفیق بچێت بۆ ناو خۆپیشاندەران!".
سەرنووسەری گۆڤاری (ساماڵ پۆست) و بەرپرسی رۆژنامەی هاوڵاتی لە هەولێر، كاك سعوود، لەگەڵ پەشێو چاوشینی رۆژنامە نووس، چەندین رۆژ پێش ئەوەی كە من بچمە سلێمانی، شایەدی ئەم پێشنیارەی من بوون، گوێیان لێم بوو كە من ئەم قسانەم بە هاوڕێی رووناكبیر، رێبین هەردی گوت.
رێبین هەردی لە وەڵامی پێشنیارەكەمدا گوتی:(كاك فەرهاد، ئەم كارە سەرناگرێ! تازە لە دەست نەوشیروان مستەفاش چووەتە دەر).ئەمە دوو رۆژ پێش ئەوەی كە لەگەڵ فارووق رەفیق بچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە.
من دەمویست سەروەری و شەرەف و هێز بۆ خۆپیشاندەران، بۆ ئەو گەنج و خوێندكارە تووڕە و ناڕازییانە بگەڕێتەوە.نەك بۆ حیزبەكان كە بچن بازرگانی پێوە بكەن و رێبەرایەتی بكەن!
لەكۆتاییدا بڕیارمدا خۆم بەتەنیا بەڕێ بكەوم بۆ سلێمانی!
من چوومە سلێمانی بۆ ئەوەی وەڵام بۆ هەموو ئەم پرسیارانەی لە سەرەوە كردم بدۆزمەوە و پرسیارێكی گرنگیش لەو خەڵكە خۆپیشاندەرە سەرازایە بكەم، ئایا ئەو هەموو هەزاران خەڵكە ناڕازی و تووڕەیە هیچ نوێنەرێكیان نیە؟ هیچ لێژنەیەكیان پێك نەهێنا و نوێنەرایەتیان بكات؟ هیچ پیاوێك، هیچ خاوەن غیرەتێك، هیچ روشنبیرێك، هیچ لێژنەیەكی رێبەرایەتیی ئەو خۆپیشاندانە، شایستەی ئەوە نەبوو لە ناو ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەماندا ببێتە نوێنەریان؟! ..هیچ نەبێ لە داهاتوودا ئەمە بكەین!
نەمتوانی بوو چیتر دان بە خۆمدا بگرم، كاتژمێر (دە و بیست دەقیقە)ی شەوی (21 لەسەر 22) /2/2011 پەیامێكی (sms)م لە رێگەی تەلەفۆنی خۆمەوە هەنارد بۆ یەكێك لە تەلەفۆنەكانی نووسینگەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ئەم پرسیار و گازاندانەی خۆمم ئاراستەی جەنابیان كرد و داوام لە جەنابی سەرۆكی حكوومەت كرد كە پێویست وایە بە زووترین كات لەگەڵ خودی خۆپیشاندەران و نوێنەرانی خۆپیشاندانەكە مفاوەزات بكرێت، بە شێوەیەكی راستەوخۆ و بە زووترین كات لە داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرانی مەیدانی ئازادی بكۆڵدرێتەوە "پێش ئەەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ وایان لێ بكەن ئەوانیش دروشمی رووخاندنی حكوومەت و پەرلەمان بەرز بكەنەوە و سلێمانی ببێتە حەمامی خوێن!".
بۆ بەیانییەكەی، دووای تەواو كردنی دوامم لە كۆلێژی هونەر، كاتژمێر دوو و نیوی پاشنیوەڕۆی (سێ شەممە 22/2/2011)، نانی نیوەڕۆم نەخوارد و گوتم بەڵكو زووتر فریای خۆپیشاندەران بكەوم، بێ ئەوەی بە ماڵ و منداڵەكانیشم بڵێم، بەڕێ كەوتم بەرەو سلێمانی.
پێش ئەوەی بگەمە بەر دەركی سەرا، لە دەروبەری كەركووك بووم، سێ گەنج و خوێندكاری بەشدار بووی خۆپیشاندانەكە و هاوڕێیەكی رۆژنامەنووس تەلەفۆنیان بۆ كردم منیش پێم راگەیاندن كە ئێستا وا لە ناو ئۆتۆمبێلی خومدام بەرەو سلێمانی بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندانەكە، بەم شێوەیە هێشتا نەگەیشتبوومە دەربەندی بازیان، لە ناو فێیس بوك و رادیۆكاندا بڵاو كرایەو: " فەرهاد پیرباڵ پەیوەندی بە خۆپیشاندرەانی مەیدانی ئازادییەوە كرد!".
ئۆتۆمبێلكەم لە بەردەم بارەگای حیزبی شیووعیی سلێمانی راگرت و بە پێ سەركەوتم بەرەو سلێمانی.لە ناوەڕاستی ئەو شەقامەی كە سەرچنار دەگەیەنێتەوە سلێمانی پالاس، خەریك بوو لە شەقام دەپەڕیمەوە، لە ناكاو زەنگی تەلەفۆنەكەم لێی دا.بەڕێز سەرۆكی حكوومەت د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بوو، بە دەنگێكی زۆر رۆشن و پڕ متمانەوە پیرۆزبایی لێكردم كە خەریكم دەچم پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەم.بە هەمان دەنگی زۆر رۆشن و پڕ متمانەوە گوتی:
- بە هەموو خۆپیشاندەرە خۆشەویستەكان بڵێ: ئەگەر لێژنەیەكی نوێنەرایەتیی پانزە تا بیست كەسی لە ناو خۆیاندا دروست بكەن و داخوازییەكانیان وردبینانە ئامادە بكەن، من بە شانازییەوە خودی خۆم دەچمە ناو مەیدانی ئازادی مفاوەزاتیان لەگەڵ دەكەم، تەنانەت ئامادەم بچم لە سەهۆڵەكەش لەگەڵیان دانیشم.
ئەمە قسەی خودی ئەو سەرۆك حكوومەتە خاكەڕایە بوو، كە بواری نادەن بزانین چ ریفۆرمێك دەكا!
من كە دەیان جار د.بەرهەمی گەنجم دیوە لەگەڵ ژنە شەهید و كاسبكارەكان چوار مشقی دانیشتووە، باش باوەڕم بەوە هێنا كە ئەم پیاوە ریفۆرمخواز و تەكنۆكراتە بەڵێنەكەی دەباتە سەر.قسەكانی زیاتر هانیان دام.
كاتژمێر دەوروبەری پێنجی ئێوارە كاتێ گەیشتمە بەر دەركی سەرا و لە دامێنی شانۆی میكرۆفۆن نزیك كەوتمەوە، دەمویست بزانم كێن ئەوانەی لە (مەیدانی ئازادی)دا سەرۆكایەتیی خۆپیشاندانەكە دەكەن؟ ئەمەش بۆ ئەوەی بیانناسم و مەوعیدێكیان لێ وەربگرم بۆ ئەوەی شەو بیانبینم و قسەیان لەگەڵ بكەم لە پێناو:
1) پێكهێنانی لێژنەیەكی فراوان لە خودی خۆپیشاندەرەكانەوە (با لایەنگرانی كۆمۆنیست و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووشیان تێدا بێت!) كە بتوانێت نوێنەرایەتیی داخوازییەكانی خۆپیشاندانەكان بكات و پاشانیش ئەو لێژنەیە (لە خودی خۆپیشاندەرانەوە) بچێت لەگەڵ خودی سەرۆكی حكوومەت مفاوازات بكات!
2) دەستنیشان كردنی سەرجەم داخوازییە رەواكانی میللەت، كە لە ناو خواستی ئەو خۆپیشاندەرانەدا كۆ كراوەتەوە لە داخوازینامەیەكی چەند بڕگەییدا! دەستیش لە خۆپیشاندان هەڵنەگرن تا ئەو كاتەی داخوازییەكانیان جێبەجێ دەكرێ.
بەم كارە، من دەمویست رەوایی و هێز بۆ خودی خۆپیشاندەران، بۆ گەلی راچەنیوی شاری سلێمانی بگەڕێتەوە!.
ئەگەر ئەو پێشنیارەی من سەری گرتایە، سەروەری و شەرەف بۆ خۆپیشاندەران، بۆ گەل، بە تایبەتیش بۆ ئەو گەنج و خوێندكارە تووڕە و ناڕازییانە دەگەڕایەوە، نەك بۆ حیزبەكان كە بچن نان و پیازی پێوە بخۆن و بە هۆیەوە بتوانن "وەرەقەی خۆپیشاندان" بۆ گەیشتنە دەسەڵاتی خۆیان بەكار بهێنن.
یەكێك لەو كەسانەی میكرۆفۆنی دابەش دەكردە سەر قسەكەران، لە سەرەوەڕا بە خۆشحاڵیەوە : " كاك دكتۆر، هاتووی پشتیوانیمان لێ بكەی؟".
گوتم "بەڵێ، لە هەولێرەوە هاتووم پشتیوانیتان لێ بكەم، تا ئێوە لێرە بن منیش لەگەڵتان دەمێنمەوە، شەویش بەڵكو بتوانین پێكەوە هەندێ قسە هەیە بكەین!".
چەند كەسێكی تر لە خوارەوە، كە دیاربوو ئەوانیش لەبەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەكە بوون، بە خۆشحاڵیەوە لەگەڵم كەوتنە قسە كردن و داوام لێیان كرد كە بتوانین شەو هەموومان لەگەڵ رێبەرەكانی خۆپیشاندان و گەنجە ئەكتیڤەكان دابنیشین هەندێ كاری گرنگ هەیە لە پێناو جێبەجێ كردنی داخوازییەكانیان، بیانكەین!
پاشان لەناو دەنگە دەنگەكەی سەرەوەڕا، یەكێك ملی هێنایە خوارەوە:" كاك دكتۆر تۆ لە ئینتیخاباتی رابردووی سەرۆكایەتی هەرێمدا دەنگت داوەتە مەسعود بارزانی، بۆیە جەماعەت دەڵێن كە قبووڵت ناكەن لەگەڵمان بیت و ..دەڵێن كە پشتیوانی تۆمان ناوەێ!".
من نەمزانی "ئەو جەماعەتە" كێ بوون كە ئاوها وەڵامی منیان دابۆوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو برادەرە باش گوێی لە من بێت هاوارمكرد "ئێوە ئەگەر دەنگتان نەداوەتە مەسعود بارزانی و من دەنگم داوەتە مەسعود بارزانی، باشتر..!".
گوتی: "چۆن؟".گوتم :" لەو كاتەدا منم دەتوانم لە رێگەی میكرۆفۆنی ئێوەوە باشتر هاوار بكەمە سەر مەسعود بارزانی و قەرزارباریان بكەم و پێیان بڵێم " من دەنگم داوەتە مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا سەرۆكایەتیی حكوومەت ناچار بكەم كە پێویستە بێتە ئێرە گوێ بۆ ناڕەزاییەكانی میللەت رابگرێت و داخوازییەكانی گەل جێبەجێ بكات!".
یەكێك لە تەنیشتم گوتی: "وا دەڵێی؟!".گوتم: "بێگومان، ئەی بۆچی هاتووم".رێبەرێكی تری خۆپیشاندانەكە لە تەنیشتمانەوە هاواری كردە سەرەوە "كاكە، رێ بە دكتۆر فەرهاد بدەن بچێ قسە بكات!".
من دڵنیا بووم كە د.بەرهەم بۆ سبەی ئێوارە، لەسەر قسەی من، یان وەك بەڵێنی بە من دابوو، دوای سەردانی زانكۆی سلێمانی، یەكسەر دەبووایە بێتە (مەیدانی ئازادی) بۆ ناو خۆپیشاندەرەكان! گوتم: "من ئێرە بەجێ ناهێڵم تا داخوازییەكانتان جێبەجێ دەكرێ!" ئنجا بە یەكێكی تری ئەو سەرەوەیەم گوت:
- بە "جەماعەت" بڵێ، بە هەموومان داوا دەكەین كە دكتۆر بەرهەم خودی خۆی پێشوازی لە نوێنەرانی ئەم خۆپیشاندانە بكات! من بەڵێنیشتان دەدەمێ كە سەرۆكی حكوومەت گفتی داوە پێشوازی لە (25) كەسی نوێنەری ئەم خۆپیشاندانە بكات، جگە لەمەش كە سبەی ئێوارە حەتمەن دێت بۆ لاتان!
یەكێتی تر، لە تەنیشتم، ئەویش هاواری كردە سەریان بۆ سەرەوە: "كاكە، رێ بە فەرهاد پیرباڵ بدەن بچێ قسەیەك بكا! ئەی هاوار! بەڵكو میللەت ئەمەی پێ باشە؟!".
من دامنابوو شەو بە فراوانی مەسەلەی سەردانی سەرۆكی حكوومەت و پێكهێنانی لێژنەیەكیان بۆ پێشنیار بكەم، كەچی ئەو كەسەی لە سەەروەڕا یەكەم جار رەفزی كردبوومەوە، گوتی: "دكتۆر فەرهاد: تكایە، ناكۆكی و پشێوی مەخەرە ناومانەوە! جەماعەت دەڵێن كە قبووڵ ناكەن پشتیوانیی خۆت بۆمان دەرببڕیت!".یەكێك لە تەنیشتم گوتی: "گوێی مەیەرێ.ئەمەیان یەكگرتووە و تۆی خۆش ناوێ!".
بە یەكێك لەوانەی تەنیشت خۆمم گوت: "تەواو، ناكۆكی و پشێوی مەخەرە ناومانەوە! جەماعەت دەڵێن كە قبووڵ ناكەن پشتیوانیی خۆت بۆمان دەرببڕیت!".یەكێك لە تەنیشتم گوتی:" گوێی مەیەرێ.ئەمەیان یەكگرتووە و تۆی خۆش ناوێ!".
بە یەكێك لەوانەی تەنیشت خۆمم گوت:" تەواو، دەڕۆم".گوتی "نا، مەڕۆ.ئێستا من داوایان لێدەكەم.تۆ هەر دەبێ بچیت ئەو قسانە بكەیت!".
لە ناكاو لە توێی دەنگە دەنگ و شیعاراتەكانەوە ئاگام لێ بوو دەستكرا بە جنێودان بە شاری هەولێر.پاشان پیاوێكی زەبەللاحی وەرزشوان، قۆڵی كوتراو بە گوڵ و گوڵباع، لە پاڵەوانێكی مصارەعە دەچوو، لە سەرەوەڕا سەری هێنایە خوارەوە و بە هاوار لێمی پرسی:
- ئامادەی هاوار بكەی "بڕوخێ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان؟".
گوتم: بەدیلی ئەمانە كێن؟ كێ لە جیاتی ئەمانە كاندید كروان؟
هەركە ئەمەم گوت، هاواری كردە سەر دەستەڕاستی خۆی:
- د .فەرهاد دەركەنە دەرەوە!
لەو كاتەدا بوو تێگەیشتم ئەو پاڵەوانە قۆڵكوتراوە رەئیسی یەكەمی ئەو خۆپیشاندانە بوو! نەمزانی كێ بوو.
هەر كە وای گوت، منیش بە خۆپیشاندەرە مەدەنی و دیالۆگخواز و لایەنگرەكانی دەوروبەری خۆمم گوت: "كاكە، وا باشترە من بڕۆم و ئێوە نەخەمە باری پشێوی و ناكۆكیەوە".
خەرك بوو بڕۆم و بچمە دەرەوە.لەو دەمەدا گوێم لە جنێو بوو لە سەرەوەڕا بە شاری هەولێر دەدرا، من هێشتا هەر لە ناو جەرگەی خۆپیشاندەرەكاندا بووم، هەرایەك پەیدا بوو، ژاوە ژاوێك بوو دژی "هەولێر"، بەڵام بێ ئەوەی هیچ كەسێك پەلامارم بدا.هەر هێندەم زانی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بە هەر چوار دەورمدا بوونە زرێپۆشی من، دەیانویست بە پەلە رامكێشن و بمگەیەننە دەرەوەی شانۆی خۆپیشاندانەكە.دیار بوو ئەوان پێش من هەستیان بە مەترسی پەلامارێك كردبوو: سێ كەسی خۆپیشاندەری گەنج لە پێشمەوە، سێ كەسیش لە دوواوە (ئاگام لێ بوو دەیانویست كەللەی سەرم بپارێزن)، پێنج شەش كەسێكیش – كە لە ناو هەموویاندا تەنیا یەكێك (پەرژینی ئاشتی) بوو- لە راست و چەپمەوە، وەكو "درع" بۆ من، تا گەیاندمیانە سەر شەقامەكە محەمەد عوسمانی شاعیر باوەشی پێدا كردم، بێ ئەوەی هیچ شتێكم بەر بكەوێت (لە شتێك زیاتر نازانم چی بوو كە بەر پشتی سەرم كەوت) هاوقۆڵ و هاوپشت و هاوتەنیشت و هاوڕێ و پارێزەرم بوون.
نەمدەناسین كێن بۆ ئەوەی لێرەدا ناویان بێنم و سوپاسیان بكەم، بەڵام هەموو ئەوانەی منیان ئاوها پاراست (زیاتر لە 25 كەس) خەڵكی سلێمانی، لەناو خۆپیشاندەرەكانەوە هاتبوون، منیان گەیاندە خوارەوە.تەنیا یەك كامێرامانی ریشنم دەناسی، ناویم بیر چۆتەوە، خەڵكی رۆژهەڵات بوو.سوپاسی هەموویان دەكەم و داوای لێبوردنیان لێ دەكەم كە (بە چاوی خۆم دیتم) بۆتڵە ئاوێك و بەردێك و نازانم چیی تریش بەر شانی دوو كەس لەوانە كەوت.
بەم شێوەیە، ئەگەرچی من لە هەولێریشەوە، بە رۆح و بە گیان، هاتبووم بۆ پشتیوانی كردن لە داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی لە (مەیدانی ئازادی)دا، كەچی لەو مەیدانە ئازادییە گەورە و پانوپۆڕ و بە شانوشەوكەتەی (مەیدانی ئازادی)دا، فەرهاد پیرباڵ نەیتوانی ئازادانە دوو قسە بكات، رێگەی لێ گیرا ئازادانە قسە بكات! تەنانەت نەیانهێشت پشتیوانی خۆشم بۆ داخوازییە رەواكانیان دەرببڕم: ئەمە لە كاتێكدا من نە وەزیری دیفاعی حكوومەتی هەرێم بووم، نە ئەندامێكی بنەماڵەی تاڵەبانی، نە مەسئوولی لق و پۆپی هیچ حیزبێك، نە فەیلەسووفێكیش كە میحنەی مانگانەكەم بیست و پێنج ملیۆن دینار، نە سەرۆك دەزگایەكی گەندەڵی چاپ و بڵاو كردنەوەش! ئەمەیە وەفا و عەقڵ و لۆژیك و دڵی میللەتی من لە مەیدانی ئازادیدا!!
شاری سلێمانی، كە لە سەردەمی بەعسیشدا كۆ كەرەوەی بیر و ڕا جیاوازەكان بوو، كەچی من لە رۆژی (25/2/2011) دا بە چاوی خۆم بینیم دەنگی ئازادیی من لەو شارەدا خنكێندرا.ئایا شەرەفی (مەیدانی ئازادی) و شكۆمەندیی شاری سلێمانی، هەرگیز ئەمە قبووڵ دەكات؟
من لە كاتێكدا لە خۆم دەپرسم ئەگەر ئازادی رادەربڕین لە (مەیدانی ئازادی)ی شاری سلێمانیدا، بەوە دەست پێ بكات كە ئازادی قسە كردن لە نووسەرێكی ئازادبیری وەك من بگیرێت و لەو لاشەوە هاوزەمان بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە پێیان خۆش بێت كە مەلا و ئیمام و خەتیب و فەقێ و بەپرسی حیزبە ئیسلامییەكان "نوێژی جومعە" لەو مەیدانی ئازادییەدا دابەستن و داوای "جیهاد" و خەڵك كوشتن بكەن.ئاخۆ چارەنووسی ئەو مەیدانی ئازادییە و ناوەڕۆكی ئەو مەیدانی ئازادییە بە كوێ و بە چی دەگات لە داهاتوودا؟!
هەزار مخابن بۆ چارەنووسی گەنج و خوێندكارانی نەوەی تازە لە وڵاتی مندا بە دەست بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامییەوە!
كەچی، سەرەڕای ئەمەش، تا رۆژی ئەمڕۆش توندڕەوگەلێك جنێو بە هەولێر دەدەن و دەپرسن كە من بۆچی ناچم لە هەولێر خۆپیشاندانێك رێك بخەم كەچی چووبوومە بەر دەركی سەرای سلێمانی بۆ پشتوانی خۆپیشاندانەكە؟
هەموو كەسێك دەزانێ كە لە (10)ی ئازار (1991) شاری هەولێر لە یەكەمین شارە راپەڕیوەكانی دژ بە بەعس بووە، پاشان لە 1996 دیسان لە هەولێر بوو كاتێ (49) نووسەر و هونەرمەندی هەولێری بڕیارماندا خۆمان بسووتێنین ئەگەر جەنگی براكوژی رانەوەستێت.هەروەها بە هەمان شێوە لە هەولێر بوو كە دژی گیرانی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە لایەن ئیستیخباراتی توركیاوە لە سەرەتادا من پاشان كۆمەڵیك رووناكبیری هەولێریی تر هەڵماندایە سەر سیاسیەتی (پدك) و حكوومەتی توركیا، هەروەها لە (2003) دیسان لە هەولێربوو كە لەگەڵ (20) گەنج و خوێندكاری هەولێر (سەرەڕای رازی نەبوونی وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر و دهۆك) بڕیارماندا چووینە سەر سنووری توركیا بۆ بەرەنگار بوونەوەی لەشكركێشی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم.هەر لە هەولێر بوو دواتریش كە گەورەترین خۆپیشاندانەكانی قوتابیان و گەنجان دەستی پێكرد هەم دژی حكوومەت و هەم دژی زانكۆ! هەر لە هەولێریش بوو، قوتابییەكانی كۆلێژی پزیشكیم دەخستە سەر شانی خۆم و دژی پەرلەمان هوتافاتمان دەكێشا تا پەرلەمانمان رازیكرد بۆ ئەوەی دان بە مافە رەواكانی دەرچووەكانی كۆلێژی پزیشكی بهێنێت!
گێڕانەوەی دەیان هەڵوێستی جوامێرانەی تری شاری هەولێر مانای ئەوە نیە كە لەو رووداوانەدا هەولێر لە سلێمانی و لە شارەكانی تری كوردستان ئازاتر بووە، نەخێر، مەبەستم ئەوەیە بلێم: هەندێ گرفت و دۆخ پەیوەندییان بە بارە گشتییەكەوە، هەندێ جاریش پەیوەندییان بە هۆكاری ناوچەییەوە هەیە.
ئاشكرایە ئەم قەیرانەی ئەمڕۆش بە پلەی یەكەم پەیوەندیی راستەوخۆی بە كێشەی نێوان (بزووتنەەوی گۆڕان) و (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ەوە هەیە: وەك لە سەرەتادا گوتم بزووتنەوەی گۆڕان كە لە (ینك) جودا بۆوە، ئەگەر جودا نەبوایەتەوە و بیانتوانیبا هەر ئەو كات كێشەكە لە نێوان خۆیاندا بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، كار نەدەگەیشتە ئەوی كە مەلا بەختیار و "خانمی یەكەمی هەموو عێراق!" دادە هێرۆ خان، لە رۆژی (25/2/2011) دا بە ناچاری دەخالەت بكەنە ناو ماڵی نەوشیروان مستەفا! تەماشا كەن: تەنانەت خودی مفاوەزاتەكەش، شوێنی چارەسەر كردنی قەیارنەكەش، هەر پەیوەندیی بە سلێمانییەوە هەیە، پەیوەندیی بە شوێنێكی زۆر دیاریكراوی شاری سلێمانییەوە هەیە: ماڵی كاك نەوشیروان مستەفا!.
كەواتە، هەولێر و خەڵكی هەولێر، بە منیشەوە، باش باش لە "گەمە سیاسیەكە" ئاگادارین و دڵنیاین لەوەی كە كاك مەلا بەختیار و دادە هێرۆ خان پێویستیان بە پشتیوانیی خەڵكی هەولێر نەبوو كاتێ چوون ئیمزا لەسەر داخوازییەكانی كاك نەوشیروان مستەفا بكەن لە رۆژی 25/2/2011!
بە هەمان شێوە، كاك نەوشیروان مستەفاش، چ پێویستییەكی بە پشتیوانی هەولێر و خەڵكی هەولێر هەبوو (ئایا هیچ پرسێك تەنانەت پرسە خەسووانەیەكیشی بە خەڵكی هەولێر كرد؟!) لەو گفتوگۆ سیاسی- رێككەوتنەی نێوان خۆیاندا؟ ناوبراو تەنانەت قبووڵی نەكرد كۆمەڵی ئیسلامی و حیزبی یەكگرتووی ئیسلامیش لەو دانیشتنە چارەنووسسازەدا دابنیشن.لە هەمووی سەمەرتر: تەنانەت یەك نوێنەری ئەو هەموو هەزاران خۆپیشاندەرەی خودی شاری سلێمانیشی، لەو گفتوگۆیەدا مەحرووم كرد!
كەواتە، من، بۆیە، نەك هەر خۆپیشاندانی خەڵكی هەولێر، بەڵكو خۆپیشاندانی خەڵكی شاری سلێمانیش چیتر بە لزووم نازانم! بۆچی؟ چونكە:
1) رێككەوتننامەكەی نێوان (ینك) و بززوتنەوەی گۆڕان (رۆژی 25/2/2011) لە ماڵی كاك نەوشیروان كۆتایی بە هەموو شتێك هێنا، ئەگەرچی تا ئەمڕۆش ژمارەی قوربانیان و وێرانكردنی وڵات و "لە تڕی سەگ چوونی گەنجان" بەردەوام لە بەرز بوونەوەدایە.
2) ئەوانەی داوای خۆپیشاندانی زیاتر و داخوازینامەی توندتر و "هەڵەشاندنەوەی پەرلەمان" لە خەڵكی بێتاوانی شاری سلێمانی دەكەن، ئەوانەی داوای "ئازایەتی" و " هەڵمەت و قوربانی" لە شاری هەولێر دەكەن و هانی هەولێریان دەدەن خۆپیشاندان بكەن بۆ ئەوەیانە كە دوو داخوازییەكەی كە (ینك) و بە تایبەتیش (پارتی دیموكراتی كوردستان) كە هێشتا قبووڵیان نەكردووە، ئەو دوو داخوازییەش وەدەست بهێنن! دەیانەوێ دوو داخوازییەكەش وەدەست بهێنن ئنجا دووای ئەوە بێن فاتیحەیەكی جەماعی و درۆزنانە بۆ شەهیدانی "مەیدانی ئازادی" بخوێنن!
3) لە هەموویشی گرنگتر، من كە خۆپیشاندان ئەسڵەن نەك لە هەولێر و هەڵەبجە و زاخۆ و هیچ شوێنێك، تەنانەت لە سلێمانیش بە پێویست نازانم (داواش دەكەم هیچ خۆشەویستێكم لەم ماوەیەدا هیچ خۆپیشاندانێك نەكات)
هۆیەكەی ئەمەیە:
بزووتنەوەی گۆڕان لە كاتێكدا بە چاوی خۆی دەبینێ كە ئەمە دوكاندار و خوێندكار و كاسپكار و مامۆستا و گەنجە خۆپیشاندەرە تووڕەكانی ناو زانكۆ و بەر دەركی سەرای سلێمانین كە خۆپیشاندان دەكەن نەك تەنیا لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە كاتێكدا پێویست بوو لانی كەم پێنج كەس لە نوێنەرانی ناو خۆپیشاندانەكان لەو كۆبوونەوەی نێوان (ینك و گۆڕان) لە رۆژی 25/2/2011 دا ئامادە بوونایە، كەچی وەك ئەوەی هیچ فەرد و رێبەرێكی ئەو خۆپیشاندانە هەزاران كەسییانە ئەسڵەن هیچ بوون و هێز و مانایەكیشیان نەبێت: لە كاك نەوشیروان زیاتر كە یەك رۆژیش چیە (نە خۆی، نە پەرلەمانتارەكانی) نەچووبوونە ناو هیچ یەكێك لەو خۆپیشاندانە هەزارییانەوە، لەمەش زیاتر دەیانگوت: "دەستی ئێمەی تێدا نییە، ئەمە میللەتە رژاوەتە سەر شەقام"!
من لە هەموو ئەو خوێندكار و خەڵكە جەسوور و گەنجە سەرازا و رۆشنبیرانە دەپرسم كە لە ناو خۆپیشاندانەكاندا بوون: بۆچی كۆبوونەوە لەگەڵ ئێوە، لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندانەكان نەكرێت و لەگەڵ "بزوتنەوەیەك" بكرێت؟
لە كاتێكدا ئەو بزووتنەوەیە، هیچ یەكێك لە ئەندامانی سەركردایەتی و پەرلەمانتارەكانیشی، ئەسڵەن تا ئێستاش هەر مەیدانی ئازادیشیان نەدیت، تەنانەت ترسنۆكانە ئەوەشیان رانەگەیاندوە كە ئەوان بەرپرس و بكەری خۆپیشاندانەكانن!
"ئەم مەتەڵە" ئەوەشمان بۆ روون دەكاتەوە كە دیارە هەر لە بنەرەتەوە، ئاگری بن كای خۆپیشاندانەكان بریتی بووە لە مۆتەكەی بزووتنەوەی گۆڕان! (لەو كاتەشدا پێویست ناكا ناوی بنێن خۆپیشاندانی سەرتاسەری و داوا لە هەولێر و دهۆكیش بكەن خۆپیشاندان بكەن: چونكە شتێكی ئاساییە كە هەولێر و دهۆكیش لایەنگرانی گۆڕانیان زۆر كەم تێدایە!) .یانیش ئەوەتا، ئەم بە فیڕۆدانەی خوێنی گەنجان و ئەم نادادپەروەری و نادیموكراسی و گەمە كردنە بە هێزی خۆپیشاندەران (بێ ئەوەی هیچ نوێنەرێكی خۆپیشاندانەكانیش لە كۆبونەوە فەرمییەكاندا رێگەی پێ بدرێت قسە بكات) زۆر لۆژیك و هەقیانەتە رەخنەی لێ بگیرێت و ریسوا بكرێت: ئایا "بزوتنەوەیەك" بە چ مافێك، رێگە دەداتە خۆی (بە ناوی سەرجەم خۆپیشاندەرانەوە) قسە بكات لە كاتێكدا هیچ یەكێك لە تەنانەت كادیرە پیشكەوتووەكانیشی، ئەسڵەن هەر مەیدانی ئازادیشیان نەدیبێت و سەركردایەتیەكەش ئەوەی رانەگەیاندبێ كە ئەوان بەپرس و بكەری خۆپیشاندانەكانن؟!
من دەپرسم.خودی ئەو جەماوەرە خۆپیشاندەرە لە سەر هەق و چەوسانەوە و نیشتیمانپەروەرە چون ئەمە قبوڵ دەكات؟! ئایا ئەو هەموو هەزاران خەڵكە ناڕەزای و تووڕەیە هیچ نوێنەرێكیان نیە؟ هیچ لیژنەیەكیان پێك نەهێناوە نوێنەرایەتیان بكات؟ هیچ خاوەن غیرەتێك، "هیچ فەیلەسەەفێك" هیچ لیژنەیەكی ریبەرایەتی ئەو خۆپیشاندانە.ئاخۆ هیچ ئاستێكی ئەوتۆیان نەبوو، یان ئەسڵەن شایستەی ئەوە نەبوون كەلە ناو ئەو كۆبووەنەیەی ماڵی كاك نەشیروان دا ئامادە بن؟! ئەدی دیموكراسی و هێزی خۆپیشاندان و شەقام و گەل و جیاوازیی دەنگەكان و ڕای رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرەكان.مانای چی؟ لە كوێن؟ كەی دەردەكەون؟ بۆچی خودی (مەیدانی ئازادی) و خۆپیشانداندەرە سەرازاكان، لە جیاتی حیزب، گوێیان لێ نەگیرێت و نەكرێن بە مەڕجەع؟! ئایا نابێ بزانین كۆی دەنگی ئەو خەڵكە تووڕەیەش چیە كە رژاونەتە سەر شەقام.
پاشان، ئەو كۆبوونەوە چارەنووسسازە بۆچی لە بارەگایەكی حكومیدا نەكرا، یان بۆ نمونە لە ناو بارەگای بزوتنەوەی گۆڕاندا، یان هیچ نەبێ لە ناو بارەگای حیزبێكی وەك یەكگرتووی ئیسلامی كە هاوپەیمانی هەردووكیان بوو؟ بۆچی ئیللا لە ماڵی "كاك نەوشیروان مەستەفا؟ ئەم پرسیارە پێویستە شڕۆڤەیەكی سایكلۆژییانە وردی بۆ بكرێت: ئەگەر ئەم "شۆڕش" و ئاشووبەی لە سلێمانی پەیدا بووە، مەسەلەی "كینە" و "كۆنەقین" و تەسفیاتێكی شەخسی نەبێ لە نێوان چەند لایەنێكی بەرپرسانی یەك حیزبدا ئاخۆ ئەم مەدەنیەت و دیموكراسیەت و سایكلۆژییەتەی شوێنی گفتوگۆ چ هەقیقەتێكیمان بۆ دەردەخات غەیری ئەوەی گوتم؟!
كەواتە ریفۆرمی چی و گۆڕانی چی و شۆڕشی چی وحاڵی چی، خوێنی خوێندكار و گەنجانی پێ بەهەدەر دەچێت و دەیانەوەی پارتی و هەولێریشی تێوە بگلێنن؟! رۆژنامەی (لۆ پتی ژورناڵ، رۆژی 26/2/ 2011 كە لە پاریس بە زمانی فەرەنسی دەردەچێ، وای لێك دابۆوە كە ئەم كۆبوونەوەیە بریتی بووە لە تەصفیەی حیساباتێكی عائیلی لە نێوان "بنەماڵەی تەڵەبانی" و كاك نەوشیروان مستەفادا؟!
قسەم لە بارەی شوێنی كۆبوونەوەكە، تەنها بۆ ئەوە بوو بڵێم وەك تەقدیر و رەمزێك بۆ شوێنی ئازایەتی گەنجانی سەرازای شاری سلێمانی دەبووایە ئەو كۆبوونەوە چارنووسسازە لە (مەیدانی ئازادی)دا یەكلابكرایەتەوە!
بەڵی، من وەك چۆن لەكاتی ئینتیخاباتەكەی لیستی گۆڕانیش، بە دەنگی بڵند بە هەموو گەنج و خوێندكارانم گوت: "هەر گەنجێك بەخەیاڵی ئۆپۆزیسیۆن بێت خۆی لەسەر لیستی گۆڕان بە كوشت بدات، لە تڕی سەگ دەچێ، ئێستاش هەر باوەڕم وایە و بەدەنگی بڵند دەیڵێمەوە: "هەر كەسێك ئەگەر لەم خۆپیشاندانە مەتەڵاوییانەی ئەمڕۆی كوردستاندا خۆی بە كوشت بدات لە تڕی سەگ دەچێ"
من زۆر بەراستگۆییەوە قسەیەكی تریش دەكەم و دەڵێم: من زۆر ئاواتخوازم لە ناخی دڵەوە كە كاك نەوشیروان مەستەفا لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بگاتە دەسەڵات (مافی خۆشیەتی و سیاسەتمدارێكی شایستەیە)، بەڵام بەشێویەكی ئاشتیخوازنە و لە رێگەی گفتوگۆوە نەك لەرێگەی خوێنرژانی زیاتری گەنج و فریودانی خوێندكارانی بێتاوانەوە.ئەوكاتەش، واتە دوای ئەوەی كە كاك نەوشیروان مستەفا (ئینشاڵلا) دەگاتە ئەو دەسەڵات و پایە بڵندە، ئینجا ئەوكاتە، من وەك جاران دەست پێدەكەمەوە! بەڵێن بێ ئەو كاتە، من بە تاقی تەنیا، دەچم لە مەیدانی ئازادی شاری سلێمانی دا ئاڵای "ئۆپۆزیسیۆن" بەرز دەكەمەوە و وەك جاران شیعر دەخوێنمەوە!
..كە ئۆپۆزیسۆنێكی هێندە بەهێز و عەجایەب لە كوردستان دا هەبێت بتوانێت بە تاقی تەنیا "مەلا بەختیارێك!!" و "خانمی یەكەمی عێراق!!" دەخاڵەتی ماڵی خۆی بكات، پێم ناڵێن ئاخر "فەرهاد پیرباڵ" چ نرخ و مەعنا و رۆڵ و پێویستیەكی دەمێنێ؟! بێگومان: هيچ!
من نووسەرم.تا قەڵەمی نووسینی ڕۆمان و شیعر و شانۆنامەكانم بمێنێ، ئامادە نیم هەرگیز وەختی خۆم بەوە بەهەدەر بدەم بچم میز بە هیچ هێزێكی ئۆپۆزیسۆن دابكەم: هێندە نەبێ، كە من جار جار كەر دەبم و دەچم خۆم هەڵدەقورتێنمە ناو هەڵویستە سەختەكانی بەرگریكردن لە چارەنووسی گەل و یەكپارچەیی نیشتیمانەكەم..وەك ئەم جارەی ئێستام.
27 /2/ 211
http://www.rwber.net/Driyje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=1861
1 / 3 / 2011
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
