چ هەواڵێکی نەگریسە، چ ڕەشەبایەکی بێ بەزەییە، وا بێ هودە بەربووەتە جەستەی ئارامی ماڵە پڕ لە هیوا و هێمنەکەم.
ئەم تارماییە چییە، وا بەم ناوەختە دەستی خستووەتە بینەقاقای گۆرانی و ئاوازەکانم و تروسکایی لە مالەکەم بڕیووە.
مامی نەمر و سەربەرزم
سڵاو
سڵاو لە رۆحی پاکت، سڵاو لە ویژدانت، سڵاو لە هونەرپەروەریت، سڵاو لە ڕوحی کوردپەروەرانەت، سڵاو لە پیاوەتی و غیرەت و ڕاستگۆییت.
ئەرێ مامە عیرفانم، گەر ئەم جارە هاتمەوە پایتەخت کێ لە ڕێوە ببینم و ماندوێتیم بیربباتەوە و پێم بڵێت چۆپی بەقەد برازایەکی خۆمم خۆشئەوێیت؟.
گەر لە پایتەخت جێگەیەکم بۆ پرۆڤە پێویستبوو داوا لە کێ بکەم؟، لە مەودوا گەر لە هەولێری پایتەخت گرفتێکم تووشبوو پەنا بۆ کێ بەرم، گەر خەمەکانم کەڵەکەیان کرد لای کێ هەڵیانڕێژم و کێ چارەسەر بۆ گرفتەکانم بدۆزێتەوە؟.
مامی ئەزیزم
ئەی من پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی ماڵئاواییمان لێ بکەیت لە هەولێرەوە تەلەفۆنم بۆت نەکرد بەو هیوایەی لە گەڵ باوکما چاومان پێت بکەوێت بەڕێزت لە تورکیا بویت، پێت گوتم بەداخەوە ناتوانم بتانبینم ئەم جارە. بەڵام فورسەت زۆر ئەبێت!!!!!!!!!!! ئەی کوا ئەو فورسەتە مامە گیان؟.
مامە گیان کاك عیرفان کەرکوکی
سوپاس بۆ ئەو هەموو کلیپە جوانانەی کە بە بێ بەرامبەر لە کۆمپانیای چوارچرا بۆ منت ئەنجامدا، سوپاس بۆ میوانداریت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووت خۆشتر ئەبوو بەرامبەر بە هونەرمەندان و من، سوپاس بۆ هەموو کارە خێرخوازێکانت، سوپاس بۆ هەموو هاوکارێکانت کە ئەستەمە لە لاپەڕەیەکی ئاوادا جێگەیان ببێتەوە.
چۆپی فەتاح
ئەم پرسیارەی خوارەوە لە دوا دیمانەی ڕۆژنامەنوس نیاز عەزیزدا لە لایەن هونەرمەند چۆپییەوە وەڵامدراوەتەوە، بە یادی ماڵئاوایی کردنی بەڕێز کاك عیرفانەوە دیسانەوە دەیخەینە بەر دیدی خوێنەران.
پرسیار
خۆشتریین ساته‌کانی ته‌مه‌نی هونه‌ریت کامه‌یه؟. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕووداوێك که کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی له سه‌ر به‌ڕێزت دانابێت.
چۆپی- ساڵی پار له ئوتێل چوارچرا کۆنسێرتێکم هه‌بوو تایبه‌تبوو به‌کردنه‌وی هۆڵێک که به‌ڕێز کاک عیرفان زه‌نگه‌نه بینای کردبوو، کاتێک که هاتمه سه‌ر سته‌یج زۆر به‌ڕێز کاك عیرفان زه‌نگه‌نه هاته سه‌ر سته‌یج و مایکرۆفۆنه‌که‌ی گرته ده‌ستییه‌وه و له مه‌راسیمێکی زۆر جوان‌دا پێی ڕاگه‌یاندم که موفاجه‌ئه‌یه‌کی هه‌یه بۆ من، زۆر سه‌رسام بووم و گروپی مۆسیقا له ده‌نگ که‌وت و هه‌موو ئاماده‌بوان بێده‌نگ بوون و به په‌ڕۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌و مه‌راسیمه بوون. ئینجا مامی به‌ڕێزم كاك عیرفان ده‌ستی منی گرت و بردمییه مه‌دخه‌لی هۆڵه‌که و پێی وتم ئه‌و په‌رده‌یه لابه!!!.
په‌رده‌یه‌کی سپی گه‌وره بوو نه‌مزانی چی له ژێردایه من له دڵی خۆمدا ووتم ڕه‌نگه شتێکی سه‌یری له ژێردا بێت و بۆ ڕاچڵه‌کیینی من بێت و زیاتر بۆ پێکه‌نیین بێت. کاتێك په‌رده‌که‌م لابرد بینییم وێنه‌یه‌کی منه به گه‌وریی و هه‌ر به گه‌وره‌ییش لێی نوسرابوو (هۆڵی چۆپی) . ناوی هۆڵه‌که‌ی به‌ناوی منه‌وه کرد.
کاتێك به چاوێکی ته‌ڕه‌وه پرسییم بۆچی هۆڵی چۆپی؟ وه‌ڵامی به‌ڕێز کاك عیرفان زه‌نگه‌نه زۆر کورت و به هێز بوو فه‌رمووی...
- ئه‌ی بۆ هه‌ر ده‌بێت دوای مردنتان ڕێزتان لێ بگیرێت؟.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
