گوێ له هه‌ریه‌ك له گۆرانییه‌كانی "له‌م كڵپه‌ی ئه‌حزانه - له مه‌یدانی به‌هاره شاره‌كه‌ی كۆ - بۆ فریبی عاشقان" و هه‌ر گۆرانییه‌كی تری باژێری كۆیه بگریت، جیا له میلۆدییه ڕ
هسهنه كوردییه‌كان، له‌گه‌ڵیدا ستایلێكی ناوازه و نامۆی كۆییانه‌ت به‌رگوێ ده‌كه‌وێت، ناوازه به‌و واتایه‌ی سۆزه‌كان له‌و میلۆدییانه‌دا ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه سۆزێك له ته‌واوی ستایله كوردییه‌كانی تر كه له هونه‌ری گۆرانیی كوردیدا هه‌ن، كۆیه و هونه‌رمه‌ندانی به‌و ستایله ناوازه‌یه ناسراون، بۆیه كه گوێت له‌و شێوازه ده‌بێت، دروست گه‌شتێكت به‌ره‌و "كه‌نده‌كۆخ و حه‌مامۆك و هه‌یبه‌ت سوڵتان" پێده‌كات.. ڕاسته ئه‌و شێوازه له كۆیه‌دا به‌رجه‌سته بووه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كه ته‌نیا له‌و شێوازه‌دا خولیان نه‌خواردووه، ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین، (سێوه) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌مان ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه بووه، هاوكات په‌روه‌رده‌ی ده‌نگبێژه‌كانی پێش خۆیشیه‌تی، كه‌چی ئه‌و شێوازه گوتنێكی جیا له‌وانی تر هه‌یه، ڕه‌نگه بڵێم ئه‌و ستایله‌ی (سێوه) كاری له‌سه‌ر كردووه، نه‌ك ته‌نیا خۆی له سۆزه كۆییانه‌كه دابڕاندووه، بگره خۆی له ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌م بواره‌دا جیا كردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵیدا ستایلێكی دروست ڕه‌سه‌نی پێشكه‌ش كردووین كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی به‌قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ناوزه‌د بكه‌ین، به‌ڵام بۆ ئێمه تا ئێسته‌ش (سێوه) وه‌ك كۆییه‌ك و شێوازه كۆییانه‌كه ده‌ناسرێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و كه‌شه‌ن و توانیویانه بگه‌نه ئاستێكی باڵا له‌و باژێڕه‌دا زۆرن، پێموانییه لێره‌دا پێویستیمان به‌ئاماژه‌دانی هه‌موو ناوه‌كان بێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر، ئه‌و شێوازه جێگیره‌ی هونه‌رمه‌ندانی كۆیه‌یه كه تا ئه‌م ده‌مه‌ش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كانیه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.. من ئه‌مه ڕه‌ت ناكه‌مه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌نێو گۆرانیی كوردیدا زۆرترین چێژی لێ وه‌رده‌گرم، هاوكات پاراستنی ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه به‌گرنگ ده‌بین و ده‌هێنێ پتر بكه‌وێته به‌ر بایه‌خه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌وه‌یه كه هونه‌رمه‌ندانی بواری موزیك و گۆرانی له كۆیه، ئه‌سته‌مه بتوانن له‌و ستایل و سۆزه تایبه‌ته‌ی باژێڕه‌كه ده‌ربچن، ده‌رچوون نه‌ك به‌واتای ئه‌وه‌ی خۆیانی لێ دابڕێنن، بگره به‌واتای كاركردن له‌سه‌ر ستایله جیاجیاكان له ده‌ره‌وه‌ی سۆزه كۆییانه‌كه، هاوكات په‌یبردن به‌ستایل و سۆزه ڕه‌سه‌نه‌كانی تر كه هه‌موو پێیان ئاشناین.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كانی كۆیه كه ئێستا له ده‌روه‌ی ئه‌و باژێڕه ده‌ژین، هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌یان دا.. ئه‌وان زۆرن، منیش لێره‌دا (ڕێبین جه‌مال) ده‌كه‌مه نموونه‌یان، چونكه هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن (ڕێبین جه‌مال) وێڕای ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌مان كه‌شه، هاوكات كاری له‌گه‌ڵ "تیپی موزیكی باواجیی كۆیه" كردووه و هه‌ر له ڕێگه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و تیپه‌شه‌وه فێری موزیك و ژه‌نینی ئامێری كلارنێت بووه، وه‌ك خۆیشی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، هونه‌رمه‌ندان (سه‌ردار ئه‌حمه‌د و سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د) به‌مامۆستای خۆی له فێربوونی موزیكدا ده‌زانێت، به‌ڵام دوای دابڕانی بۆ ساڵانێك له تیپه‌كه و هه‌روه‌ها له باژێڕه‌كه، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌گه‌ر خۆی به‌مه‌به‌سته‌وه نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سۆزه كۆییانه‌كه له ژه‌نیندا، هه‌ست به‌وه ناكرێت ئه‌و گه‌نجه په‌روه‌رده‌ی كۆیه و كه‌شه هونه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و باژێڕه‌یه.
تا ئاستێكی باش ئاگه‌داری كاره هونه‌رییه‌كانی (ڕێبین) م كه بۆ من قسه‌كردن له‌باره‌یه‌وه ئه‌سته‌م نه‌بێت، مه‌به‌ستیشم نییه لێره‌دا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی هونه‌رییانه له‌باره‌یه‌وه قووڵ بمه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه هه‌ندێك له بۆچوونه‌كانی خۆی بخه‌مه ڕوو، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه له‌لای من (ڕێبین) یه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه كه كلارنێته‌كه‌ی له ژه‌نیندا كردووه‌ته حیكایه‌تخوان، به‌ڵام نه‌ك ئه‌و حیكایه‌تخوانه‌ی كه‌تواره‌كه‌مان به‌شێوه لاساییكاره‌وه‌كه بۆ ده‌گێڕێته‌وه، بگره (ڕێبین) پێوه‌ستی ده‌كات به‌هێماگه‌لێك، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی شیكردنه‌وه‌كان له گێڕانه‌وه‌كاندا بۆ خۆمان جێده‌هێڵێت، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی وه‌ك له نووسینێكی ترمدا له‌باره‌ی "گرووپی موزیكی نالی"یه‌وه ئاماژه‌م پێ داوه، دروستترین نموونه پارچه موزیكی "دوا هه‌ناسه"یه كه له‌وێدا (ڕێبین) به‌و كه‌تواره‌مان ئاشنا ده‌كات، ئه‌ویش به‌كارهێنانی هێمایه له موزیكدا.
دیاره (ڕێبین) تاكه كه‌س و یه‌كه‌مین كه‌سیش نییه به‌هێماكانمان ئاشنا بكات له گێڕانه‌وه‌كاندا، ئه‌مه ئه‌زموونێكی جیهانییه و زۆر له هونه‌رمه‌نده باڵاكانی دنیا كاریان له‌سه‌ر كردووه، له كوردستانیشدا چه‌ندان هونه‌رمه‌ند كاریان له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و ستایله ژه‌نینه كردووه، ئه‌و ستایله كاركردنه‌ش پتر له هاڕمۆنیاكاندا ده‌كه‌وێته به‌ر دیقه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی (ڕێبین) له‌وانی تر جودا ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی په‌نجه بۆ هاڕمۆنیا و كاره هاڕمۆنیكییه‌كان به‌رێت، هێماگه‌لێكمان بۆ نمایش ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ش بۆ خۆمان جێده‌هێڵێت، مه‌به‌ستم نییه بڵێم ئه‌و هاڕمۆنیا به‌كار ناهێنێت یان كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه، پتری مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه (ڕێبین) له ده‌ره‌وه‌ی كاره هاڕمۆنیكییه‌كانیشه‌وه یارییه‌كی هونه‌رییانه‌ی سه‌یر له‌گه‌ڵ هێمادا ده‌كات، ئه‌مه‌ش یه‌ك له‌و جوانییانه‌یه كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی پێ ده‌ناسینه‌وه.. چ كاریشم به‌وه نییه ئه‌و چۆن له هونه‌ره‌كه‌ی خۆی گه‌یشتووه و به‌كام جۆر ده‌یه‌وێ كاری له‌سه‌ر بكات، بێگومان هونه‌رمه‌ند ئه‌و كاره ده‌كات كه به‌ر له هه‌ر كه‌سێك خودی خۆی ڕازی ده‌كات، ڕه‌نگه خوێندنه‌وه‌كانیشی بۆ كاره‌كانی خۆی دوور بێت له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێكی تر له گوێگره‌كانی، به‌ڵام وه‌ك شاره‌زایی خۆم له كاره هونه‌رییه‌كانی (ڕێبین) و هاوكات نزیكایه‌تیم له‌گه‌ڵیدا كه زۆر جار كه‌وتووینه‌ته دیالۆگه‌وه، ئه‌مه‌یان ئه‌و سۆنگه‌یه‌یه كه به‌خۆمی ڕه‌وا ده‌بینم دروست بۆچوون و خوێندنه‌وه‌كانی خۆمی له‌باره‌وه بڵێم.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ڕێبین جه‌مال) له موزیكی كوردیدا وه‌ك كلارنێتژه‌نێك ده‌ناسرێته‌وه، هاوكات ئێمه‌ش له‌باره‌ی ئه‌م ئامێره‌وه زانیاریمان زۆر نییه، یاخۆ كه‌متر له‌باره‌یه‌وه دواوین، بۆیه به‌لامه‌وه گرینگ بوو ئه‌و خۆی ئاماژه‌یه‌ك به‌دیوه مێژووییه‌كه‌ی ئه‌م ئامێره بدات، (ڕێبین) ده‌ڵێت: به‌پێی زانیاریی من یه‌كه‌مین جار (ئیقباڵی حاجی) له ئێران به‌كاری هێناوه، پاش ئه‌ویش (قادری سه‌یاحی) و (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید)، ئه‌مه‌ش بۆ نزیكه‌ی 70 ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له موزیكی كوردیی ڕۆژهه‌ڵاتیدا هاتووه‌ته به‌كارهێنان، چونكه تورك به‌ر له ئێمه به‌كاری هێناوه كه بۆ 200 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ر له‌وانیش ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان پێش 300 ساڵ داهێنه‌ری به‌كردنه ڕۆژهه‌ڵاتیی ئه‌م ئامێره بووه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندانی فارس نه‌یانتوانیوه سوود له كلارنێت وه‌ربگرن، بۆ نموونه گۆرانییه‌كی فارسی نییه كه ئه‌م ئامێره به‌شێوه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی تێدا به‌كار هێنرابێت، كلاسیك شتێكی تره، چونكه به‌شێوه كلاسیكییه‌كه‌ی له هه‌موو دنیادا هاتووه‌ته به‌كارهێنان.
كلارنێت یه‌ك له ئامێره ڕۆژئاواییه‌كانه، به‌پێی زانیارییه‌كانی (ڕێبین) یش ماوه‌یه‌كی زۆر نییه هاتووه‌ته ناو هونه‌ری موزیك و گۆرانیی كوردییه‌وه، بۆ به‌كارهێنانیشی له گۆرانیی كوردیدا ده‌بوو مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌ویش به‌به‌كاربردنی چاره‌گه ده‌نگی موزیك له‌و ئامێره، له‌م باره‌یه‌شه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئاماژه‌ی به‌وه دا: چاره‌گه تۆن بۆ كلارنێت به‌هۆی لێ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه‌وه‌یه، واته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ تۆنێك بكه‌ینه چاره‌گه تۆن، ئه‌وه ده‌بێ ببێته (كاردێز یاخۆ كاربیمۆل) ئه‌ویش به4 پرۆسه له یه‌ك كاتدا ده‌كرێت، یه‌كه‌میان شێوه‌ی دانانی په‌نجه‌یه، دووه‌میان چۆنیه‌تیی فوو تێكردنه، سێیه‌م شێوه‌ی دانانی لێوه له‌سه‌ر كونه‌كان، چواره‌میش چۆنیه‌تیی زمان لێدانه له ڕیشه‌كه‌ی كه بتوانی ئه‌و چاره‌گه ده‌نگه‌ی ده‌ته‌وێ وه‌ك خۆی ده‌ربچێت، چونكه له نێوانی ده‌نگه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مدا، چاره‌گه تۆنه‌كه ده‌كه‌وێته نێوانی 2 ده‌نگی ته‌واوه‌وه، هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید) یش كه كلارنێتژه‌نێكی ناوداری كورد بووه، كارێكی باشی كردووه شێوازی تێپی بۆ چاره‌گه تۆن به‌كار هێناوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید) له تیپی جووقی سه‌ربازی بووه، بۆیه پتر كاری له‌سه‌ر كلاسیكی ئه‌كادیمیایی كردووه، ئه‌و تێپه‌ش پرۆسه‌یه‌كی ئاسان و كارێكی خێرا بووه بۆ ئه‌و، منیش له سه‌ره‌تادا كه ده‌ستم به‌ژه‌نینی كلارنێت كرد، تێپم بۆ چاره‌گه تۆن به‌كار ده‌هێنا.
به‌پێی زانیارییه‌كانی من و هاوڕێتیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید) له كه‌ركووكدا، چه‌ندان جار ئه‌و هونه‌رمه‌نده باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردووم كه خۆی یه‌كه‌مین كه‌س بووه له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی تێپه‌وه چاره‌گه ده‌نگی بۆ كلارنێت دروست كردووه، له‌م باره‌یه‌شه‌وه (ڕێبین جه‌مال) ده‌ڵێت: هه‌ریه‌كه و ڕایه‌كی هه‌یه و ڕایه‌كانیش جیاوازن، به‌پێی زانیاریی منیش وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ دا، (ئیقباڵی حاجی) له ئێران به‌شێوازی یۆنانی كلارنێتی به‌كار هێناوه، شێوازی یۆنانیش تۆنه‌كانی له كوردی قورستره، به‌داخه‌وه له‌ناو كوردا هه‌ندێك شت هه‌یه بایه‌خی پێ نادرێت، چونكه ته‌نیا یه‌ك چاره‌گه تۆن نییه، بگره له یه‌ك ده‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتیدا 4 چاره‌گه تۆن هه‌یه، ئێمه ته‌نیا یه‌كیان به‌كار ده‌هێنین، مه‌به‌ستم باشووری كوردستانه، چونكه ئێمه پتر كاریگه‌ریی عه‌ره‌بمان له‌سه‌ره.
پێم خۆش بوو له‌باره‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی و ئه‌و مقۆمقۆیه‌ی ئێستا له‌باره‌یه‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ (ڕێبین) دا قسه بكه‌م، چونكه له‌م قۆناخه‌ی ئێستادا ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره ئه‌م بواره‌ی گرتووه‌ته‌وه، ململانێیه‌كی زه‌ق له‌نێوان هونه‌رمه‌نداندا دروست بووه و ئه‌مه‌ش بۆچوونه جیاجیاكانی خوڵقاندووه، چونكه ڕه‌سه‌نایه‌تی له دیوێكدا ده‌هێنێ بكه‌وێته به‌ر بایه‌خه‌وه و بێته پاراستن، به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا وابه‌سته‌بوون پێی تووشی جۆرێك له دابڕانمان ده‌كات، له‌م باره‌یه‌وه (ڕێبین) به‌م شێوه‌یه بۆچوونه‌كانی ده‌رده‌بڕێت: له ڕاستیدا من ته‌نیا ئه‌و موزیكه به‌هی خۆم ده‌زانم كه ده‌مگریێنێت و ده‌مهه‌ژێنێ، ئیتر گرینگ نییه به‌لامه‌وه ئه‌و موزیكه كوردی یان عه‌ره‌بی و توركی و فارسی و یۆنانی و ڕۆئاوایی بێت، ته‌نیا ئه‌وه‌م به‌لاوه گرینگه ئه‌و موزیك و میلۆدییه ڕۆچێته ناخمه‌وه، به‌بۆچوونی من ئه‌و موزیكه‌ی ده‌بێته هه‌وێنی دروستبوونی هه‌ر شتێك له هه‌ر ناوچه و وڵاتێك، هه‌ر ئه‌و موزیكه‌یه ده‌توانی بیكه‌یته موزیكێكی جیهانی و به‌مرۆڤایه‌تیی ببه‌خشیت، ئێمه‌ش خاوه‌نی كولتوور و گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندین له‌م بواره‌دا، بۆیه كاتی هاتووه بزانین چۆن موزیكی خۆمان به‌جیهانی بكه‌ین، ناكرێ به‌هزرێكی ته‌سكه‌وه كار بكه‌ین، پێویسته ئاراسته‌ی كاركردنمان به‌جۆرێك بێت، بۆ نموونه له كۆنسێرتێكی كوردیدا، عه‌ره‌بێك و تورك و فارس و ڕۆئاوایییه‌كیش هه‌ست بكات ئه‌وه موزیكی خۆیه‌تی، هاوكات كوردێكیش هه‌مان هه‌ستی هه‌بێت، ئێمه ده‌توانین ئه‌مه دروست بكه‌ین، به‌ڵام به‌بڕوای من ئه‌م پابه‌ندبوون به‌ڕه‌سه‌نایه‌تییه خۆبه‌ستنه‌وه‌یه و ڕێگره له به‌رده‌م به‌جیهانیكردنی موزیكی كوردی، كه‌واته پێویستیمان به‌ئازادییه‌كی ڕه‌هایه له كاركردندا.
(ڕێبین جه‌مال) جیا له‌وه‌ی موزیكژه‌نێكی به‌توانایه له پسپۆڕیه‌تیی ئامێره‌كه‌ی خۆیدا كه كلارنێته، هاوكات خاوه‌نی ده‌نگێكی له‌باری گۆرانی گوتنه و شاره‌زایه‌كی فره باشی ئه‌و بواره‌شه، ئه‌مه وایكردووه زۆر جار گوێمان له ده‌نگی گۆرانی گوتنی ده‌بێت، جگه له تۆماركردنی گۆرانییه‌كی و پێشاندانی له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانه‌وه، هاوكات له هه‌ندێك ئاهه‌نگ و كۆنسێرتی "گرووپی موزیكی نالی"شدا گۆرانی ده‌ڵێت كه خۆیشی یه‌ك له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و گرووپه‌یه له 1998دا، ئه‌و قودره‌تێكی گه‌وره‌ی گۆرانیی هه‌یه، كه‌چی له زۆربه‌ی ئاهه‌نگه‌كاندا به‌ر له‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، بۆ ئاماده‌بووان ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه گۆرانیبێژ نییه و ته‌نیا وه‌ك ئاره‌زوویه‌ك بۆ گۆرانی گوتن گۆرانی ده‌ڵێت.. ڕاستیتان ده‌وێ من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی (ڕێبین) دا كۆك نابم، ڕاسته ئه‌و پتر وه‌ك موزیكژه‌نێك ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز پێموانییه ئه‌مه‌یان بۆ بوونی به‌گۆرانیبێژ ڕێگر بێت، چونكه زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له یه‌ك كاتدا موزیكژه‌ن و گۆرانیبێژیشن، هاوكات له هه‌ردوو بواره‌كه‌شدا سه‌ركه‌وتوون، من ده‌ڵێم به‌پێچه‌وانه‌وه، موزیكژه‌نی سه‌ركه‌وتوو ئه‌گه‌ر توانایه‌كی ده‌نگیی باشی بۆ گۆرانی گوتن هه‌بێت، زۆر سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت له‌و گۆرانیبێژانه‌ی نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ هیچ یه‌كێك له ئامێره موزیكییه‌كان ببنه هاوڕێ، له‌م ڕووه‌شه‌وه (ڕێبین جه‌مال) ده‌ڵێت: ئێسته‌ش جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌ناسه‌یه‌كی كلارنێته‌كه‌م ناگۆڕمه‌وه به‌هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی له گه‌روومه‌وه ده‌رده‌چن، ئێسته‌ش ده‌ڵێم به‌هۆی ئه‌شقه‌كه‌م بۆ كلارنێته گۆرانی ده‌ڵێم، من هه‌رگیز نه‌مویستووه وه‌ك گۆرانیبێژ ده‌ركه‌وم، گۆرانیبێژ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، من له موزیكه‌وه فێری گۆرانی بووم، ڕاسته كه له هه‌ندێك كۆنسێرتی "گرووپی نالی"دا گۆرانی ده‌ڵێم و پێشوه‌خته به‌جه‌ماوه‌ر ده‌ڵێم گۆرانیبێژ نیم، له‌وه‌شدا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه وه‌ك گۆرانیبێژ لێم وه‌رنه‌گیرێت، چونكه من پتر موزیكژه‌نم وه‌ك له‌وه‌ی گۆرانیبێژ بم، ترسی ئه‌وه‌شم هه‌یه ئه‌گه‌ر ببمه گۆرانیبێژ، به‌هۆیه‌وه ئامێره موزیكییه‌كه‌م فه‌رامۆش بكه‌م.
هه‌رچی بێت هونه‌رمه‌ندی گه‌نج (ڕێبین جه‌مال) یه‌ك له كه‌سه ده‌ركه‌وتووه‌كانه، هۆكاری ده‌ركه‌وتنه‌كه‌شی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی له بواره‌كه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ده‌هێنێ جار له دوای جار چاوه‌ڕوانی باشتری لێ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌م هه‌ناسه‌یه‌ی ئێستاشی به‌رده‌وام بێت كه به‌هیواین "دوا هه‌ناسه"ی نه‌بێت، دڵنیام داهاتوویه‌كی گه‌شتر چاوه‌ڕوانی ده‌كات و بواره‌كه‌شی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
