ساڵانێكه له‌وڵاتی كورده‌واری، له‌دێیه‌ك كه‌چه‌ندماڵ بێت یان له‌ناو خه‌ڵكی شارنشین دا، زارۆی كورد به‌نێوی (هه‌ژار) ده‌كرێن، هه‌مووشمان له‌دوورونزیك نێو هه‌ژاران ده‌ناسین، شێوازه‌كان جۆراوجۆرن به‌ڵام ناوه‌ڕۆك هاوچه‌شنه، تێیاندا هه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندوخواپێداو هه‌شیانه فه‌قیروده‌ست كورت كه مناڵیان به‌و نێوه جوان و شیرینه كردووه، هه‌ندێك چه‌پره‌ون راستره‌وانیش ده‌ناسم، كوڕه‌ئاغاو و جوتێر، كوێخا و میر، ره‌وه‌ند و كۆچه‌ر، شێخ و مه‌لازاده‌ش هه‌ن نه‌وه‌كانیان به‌نێوی هه‌ژاركردووه، ساڵانێكی زۆر ئه‌و رازه‌م له‌دڵ دابوو، بۆم تاوتوی نه‌ده‌كرا، تاوورده وورده هه‌راش بووم و كه‌وتمه نێو كۆروكۆمه‌ڵان و به‌ره‌به‌ره چاورونیم بۆده‌ورووبه‌ر پتربوو و گوی بیستی شتی تازه‌تربووم، له‌بیرمه سه‌رده‌م ناوه‌راستی ساڵانی حه‌فتاكانی رابردوو بوو، دروست كاته‌كه‌ی پاش نسكۆی شۆرشی ئه‌یلول بوو، ئه‌وسا به‌گشتی خه‌ڵكی زۆربریندارو دڵ به‌كوڵ بوون، به‌تایبه‌تی خانه‌واده‌ی ئێمه زۆر خه‌مباروو ده‌رده‌دارتربووین له‌هه‌ركه‌س، چونكه له‌وساڵه‌دا بوو رژێمی به‌عس (باوكم) ی راپێچی زیندانه‌كانی هه‌یئه‌ی كركوك و ئه‌بوغرێب كرد له‌به‌غدا و دوای چه‌ند مانگێك له‌ئه‌شكه‌نجه‌دان (له‌سێداره‌یان) دا‌و شه‌هیدیانكرد.
له‌وه‌ها باروودۆخێك دا بێگوومان خه‌ڵك له‌حاڵه‌تێكی نیگه‌رانی و ناخۆشی دا بوون به‌ڵام كڵپه‌ی ئاگری شۆرشگێری و كوردایه‌تی له‌سنگی هه‌ركه‌سێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ربڵێسه‌ی ده‌كرد، له‌ولاشه‌وه زه‌بروزه‌نگی داگیركه‌ران تاده‌هات توندترده‌بوو، ته‌نیا شتێك كه ئاسووده‌یی ده‌دا به‌دڵی ئه‌وخه‌ڵكه‌دا هه‌ستی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی شۆرشگێری نێو ژانر و سه‌رچاوه ئه‌ده‌بی و رۆشنبیریه‌كان بوو به‌تایبه‌تی شیعری شاعیرانی ناودار وه‌ك (هێمن و هه‌ژار) و ئه‌وانی تر له‌گه‌ڵ ده‌نگی به‌سۆزی (شڤان په‌روه) له‌پاڵ ووره‌و و ئومێدی نێو چیاكانی كوردستان، تروسكایی ئه‌و مۆمه بوون شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌ورۆژانه‌و دڵی خه‌مباری خه‌ڵكیان پی رۆشن ده‌بۆوه،
دیوانی (هه‌ژاربۆكوردستانی، مام هه‌ژار) و (تاریك و رونی، مام هێمن) وه‌ك دوو دیاری به‌نرخ و گه‌نجینه ی پڕ له‌گه‌وهه‌ر، له‌نێوان ئازیزان و له‌و ماڵه‌وماڵ ده‌ستاو ده‌ستیان پی ده‌كرا، ئه‌و شه‌وه‌ی ئه‌و كتتێبانه له‌هه‌ر ماڵێك بوان چه‌ندكه‌سێك له‌ده‌وری یه‌ك كۆده‌بوونه‌وه‌و كۆڕێكی گه‌رمی شیعروئه‌ده‌ب له‌كه‌شێكی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی پێك ده‌هات، كه یه‌كێك له‌ئاماده‌بووان شیعره‌كانی ده‌خوێنده‌وه ئه‌وانیتر به‌دڵ و گیان گوێ بیستی ده‌بوون، كه‌سێك وورته‌یه‌كی له‌ده‌م نه‌ده‌بۆوه، ئه‌وه‌نده نه‌بی جاروبارله‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ئاماده‌بووان هه‌ستێكی به‌رز گری ده‌گرت و سه‌د ئافه‌رینی شاعیر‌و شیعره‌كه‌ی ده‌كرد..
ئه‌و به‌رگه‌ی لای من هه‌یه له‌دیوانی (هه‌ژاربۆكوردستانی مام هه‌ژار) نزیكه‌ی چل ساڵ ده‌بێت زۆر به‌جووانی و به‌پیرۆزی پارێزراوه، له‌راستیدا دیوانه‌كه هی براگه‌وره‌كه‌م بوو كه زۆر به‌نهێنی ساڵانێك بوو لای خۆی ده‌ی پاراست، دواتر كه‌وته لای من، ئێستاش شوێنه‌واری ئه‌و هێمایانه‌ی پێوه ماوه كه براكه‌م له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا له‌چه‌ندشوێن له‌شیعره‌كانی نووسیوه (به‌قوربانت بم هه‌ژار، به‌قوربانی زمانت بم) دیاره مه‌به‌ستی زمانی شیعر نووسینی شاعیر بووه، وه‌ك گوتم ئه‌و كات ئه‌و رازه‌م بۆ یه‌كلایی نه‌ده‌بۆوه تابزانم خه‌ڵك بۆ خۆیان به‌قوربانی ئه‌و كه‌سانه ده‌كرد جا چ شاعیر بووایه یان پێشمه‌رگه‌یه‌ك یان گه‌نجێكی كورد كه‌خۆی ده‌كرده قوربانی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌مرۆ كه له باڵای به‌قه‌د سه‌فینی به‌رزو به‌ژنی زراڤی (مام هه‌ژار) ده‌روانم و چاوێك به‌نێو جیهانی پرله داهێنانی شاكاره‌كانی ئه‌ودا ده‌گێرم له (ئه‌ده‌ب و زانست و زمان و ره‌وانبێژی و ره‌سه‌نایه‌تی و ساده‌یی و هه‌ستی جوان و مرۆڤانه‌ی ئه‌و) سه‌دجارخۆم ده‌كه‌م به‌فیدا و هه‌زاردروود بۆگیانی پاك و رۆحی به‌رزه‌فری ده‌نێرم.
دواتر رۆشن بوو لای منیش كه خه‌ڵكی شارودی له‌خۆشه‌ویستی بۆ مام هه‌ژار و گه‌وره‌یی ئه‌و مرۆڤه بلیمه‌ته‌یه ئه‌مرۆ و تاهه‌تایه جگه‌رگۆشه‌كانیان ناوده‌نێن هه‌ژار.. له‌پێشه‌كی دیوانه‌كه‌یدا (هه‌ژاربۆكوردستان) مام هه‌ژارده‌ڵێت:
كه هه‌ژاربۆكوردستانم، خسته به‌رده‌ستی خوێنده‌واران هه‌ستم بۆراگرت و گوی قوڵاغی ده‌نگدانه‌وه‌ی بووم، ئه‌وی راست بی خوێنده‌وارانی هاوزمانم بوونه چه‌ند به‌شێك، به‌ڵام ئه‌وكوردانه‌ی به‌تێكرایی په‌سندیان كرد‌و پێیان وابوو، ئه‌ركی خۆم وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به‌گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌م پێك هێناوه زۆرله‌و ره‌خنه گرانه زۆرتربوون و زۆربه‌دڵگه‌رمی پێشوازیان لێ كرد.. هتد…
به‌ڵی قوربان، ئه‌مڕۆكه‌ش به‌دوای ده‌یان ساڵ له‌كۆچی پڕله‌نوورت، ئێمه‌ش ده‌ڵێین، تۆ مامۆستاوخه‌مخۆری ووشه‌ی كوردی بوویت، گیانی زیندوو و به‌رهه‌ڵستكاری ماندوونه‌ناس بووی به‌رامبه‌ر ناحه‌زانی گه‌ل و ووڵاته‌كه‌ت،
تۆ یاری به‌وه‌فای كوردستانه‌كه‌ت بوویت، رووت له‌دوژمن و پشتت له‌خۆشی ژیان و دانیشتنی ناو كۆشك و ته‌لاران كرد، نموونه‌ی مرۆڤی به‌هه‌ڵوێست و ئه‌مه‌گدار و ده‌روون پاك بووی، سرودی نه‌مری و چه‌كی ده‌ستی رۆڵه‌ی كورد‌و خامه‌ی ره‌نگینی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌ت بووی، ئه‌و ده‌نگه دلێرو پرله‌نه‌عره‌ته‌ی شێرانه بووی كه‌فێرت كردین بڵێین:
كوردم و له‌رێی كوردوكوردستان
سه‌رله‌پێناوم گیان له‌سه‌رده‌ستان
به‌كوردی ده‌ژیم به‌كوردی ده‌مرم
به‌كوردی ده‌یده‌م وه‌ڵامی قه‌برم
به‌كوردی دیسان زیندووده‌بمه‌وه
له‌ودنیاش بۆكورد تێَ هه‌ڵ ده‌چمه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
