هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی میسری عه‌لی حه‌ججار له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ (سڤیل)، قسه له‌سه‌ر گۆرانی كوردی ده‌كا و ئاماژه‌ش به‌چۆنیه‌تی كاركردنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند له‌یلا فه‌ریقی ده‌كات و ده‌ڵێ "له‌هه‌موو چاوپێكه‌وتنه‌كانمدا پرسیاری ئه‌وه‌م لێ ده‌كه‌ن، ئه‌و كچه جوان و ده‌نگخۆشه كێیه له‌گه‌ڵتدایه، گوتوومه ئه‌وه له‌یلا فه‌ریقیی كوردانه، یه‌كێك له‌جوانترین و سه‌ركه‌وتووترین هونه‌رمه‌نده‌كانی كورده".
هونه‌رمه‌ند عه‌لی حه‌ججار، كه ئێستا خاوه‌نی 17 ئه‌لبومی گۆرانییه و یه‌كه‌م ئه‌لبومی به‌ناوی (كنت فین با علی قد ماحبینا) له‌وڵاتی میسر بڵاوكرده‌وه، له‌ساڵی 4/4/1954 له‌گوندی (زنین) سه‌ر به‌پارێزگای (الجیزه)، له‌دایكبووه. حه‌ججار له‌و دیمانه‌یه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه ده‌كا، هیچكات بیری له‌وه نه‌كردبووه‌وه به‌زمانی كوردی گۆرانی بڵێت، هه‌روه‌ها هیچ ئاشنایه‌تییه‌كی به‌موزیك و گۆرانی كوردی نه‌بووه، ده‌ڵێ "له‌رێگه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كورد له‌یلا فه‌ریقی تۆمارم كرد، مۆسیقای كوردیم ناسی و زیاتر گوێم بۆ گۆرانی كوردی گرت و ئاشنایه‌تیم دروست كرد، هه‌روه‌ها له‌یلا فه‌ریقیشم له‌رێگه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر ناسی". له‌باره‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ی له‌گه‌ڵ له‌یلا فه‌ریقی تۆماری كردووه، زۆر قسه‌ی هه‌یه و گوتی "ئه‌و گۆرانییه سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ستهێنا و میلۆدی گۆرانییه‌كه خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ساڵی وه‌رگرت، له راگه‌یاندنه عه‌ره‌بییه‌كاندا چه‌ندین نووسراوی باش له‌سه‌ر توانای میلۆدی ئه‌و گۆرانییه بڵاوكرایه‌وه، پێیده‌گوترا (ساروخ) یان (قومبه‌له‌ی مه‌وسم)، ده‌ستخۆشی له‌برای خۆشه‌ویستم كاك هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌كه‌م"، ناوبراو ئه‌و گۆرانییه به‌یه‌كێك له‌گۆرانییه زۆر باشه‌كانی خۆی ده‌زانێ و گوتیشی "به‌راستی هونه‌مه‌ند له‌یلای فه‌ریقی توانایه‌كی ئێجگار زۆری هه‌یه و توانی زۆر به‌باشی ئه‌و گۆرانییه بڵێ و له‌قاهیره ناسراویه‌كی زۆری وه‌رگرت، ئه‌گه‌ر له‌یلا فه‌ریقی له‌وڵاتی میسر كاری هونه‌ری بكردبووایه، ده‌بووه یه‌كێك له‌ناوداره‌كانی موزیك و گۆرانی ئه‌مڕۆ".
ئه‌و ئێستا هێنده موتابه‌عه‌ی گۆرانی كوردی ده‌كات، ئاگاداری هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌ش هه‌یه، كه له‌دوا ئه‌لبومی له‌یلا فه‌ریقی گیراوه، له‌به‌رئه‌وه حه‌ججار له‌دیمانه‌یه‌كی گۆڤاری (رۆتانا) باسی له‌توانای هونه‌ری له‌یلا و دوا ئه‌لبومی ئه‌وی كردووه، ئێستاش ده‌ڵێ "هه‌میشه ره‌خنه له‌كاری باش ده‌گیرێ، به‌ڵام له‌یلا فه‌ریقی له‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانی زۆر زیره‌كه، من ئه‌لبومه‌كه‌م گوێ لێ بووه، كاری زۆر جوانی تێدا كراوه، پاشان موزیك سنوری نییه و گه‌لان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، چونكه موزیك خۆی زمانێكه". عه‌لی حه‌ججار له‌و دیمانه‌یه‌دا خۆی به‌یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده ئه‌زموونداره‌كانی وڵاتی میسر وه‌سف ده‌كات و گۆڕانكاری و نوێكارییه‌كانی ئێستای گۆرانی عه‌ره‌بیش ره‌ت ناكاته‌وه، ناوبراو له دواین ئه‌لبومی خۆی كه پار به‌ناوی (مكتوبالی) بڵاویكردووه، خۆی خستۆته ناو ئه‌و نوێكاریه‌وه، گوتی "گۆرانیبێژ هه‌یه ته‌نیا بۆ كه‌یف و سه‌فا و دروستكردنی ساتێكی هه‌ڵپه‌ڕكێ گۆرانی ده‌ڵێ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه په‌یامێكی هه‌یه و ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێ هیچكام له‌و هونه‌رانه ره‌ت بكرێنه‌وه، ئه‌وه خه‌ڵك و مێژوو بڕیار ده‌دات، كامه هونه‌ر سه‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ها هه‌موو نوێكارییه‌كی ئێستا خراپ نین و نوێكاری بریتی نییه له‌بێ په‌یامی و بێتوانایی، ئه‌گه‌ر گوێ له دوا ئه‌لبومم بگری، نوێكاری هونه‌ری زۆر جوان كراوه، ئه‌وانه داهێنانن"، ناوبراو وه‌ك خۆی باسی كرد، زووزوو سه‌ردانی وڵاتی لوبنان ده‌كات و زۆریش حه‌ز به هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ندان ده‌كا، "به‌تایبه‌ت هاوڕێیه‌تی هه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت خۆشه، كاركردنیش له‌گه‌ڵیان خۆشه". حه‌ججار پێشی خۆشه منداڵه‌كانی ئه‌و هونه‌ر بكه‌نه پیشه‌ی خۆیان، ئه‌و گوتی "منداڵه‌كانی من ئازادن له‌هه‌ڵبژاردنی كاری خۆیان، زۆریشم پێخۆش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كاری هونه‌ری هه‌ڵبژێرن، چونكه ئه‌وان به‌هره‌ی هونه‌رییان هه‌یه، به‌تایبه‌ت كوڕه‌كه‌م، به‌ڵێن ده‌ده‌م هاوكاریشیان ده‌بم، چونكه منیش به‌پشتگیری باوكم گۆرانیم هه‌ڵبژارد، باوكم ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌رماندا هه‌بووه، رۆژانه له‌ماڵه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی باوكم (ئیبراهیم ئه‌لحه‌ججار) فێری هونه‌ری گۆرانی گوتن بووم، كه ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژێكی به‌ناوبانگ بوو، دواتر داهێنه‌ری گه‌وره (به‌لیغ حه‌مدی) توانی دنیای هونه‌ریم بۆ بكاته‌وه".
له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك داوه‌تی نه‌كردووه، یه‌كێك له حه‌زه‌كانی حه‌ججار نه‌هاتووه‌ته دی، چونكه ئه‌و ئاشكرای كرد، زۆر حه‌ز به‌بینینی كوردستان ده‌كات، حه‌ججار ده‌ڵێ "بیرم كردۆته‌وه بێمه كوردستان، ئه‌وه‌ی كه گوێم لێ بووه، كوردستان زۆر پێشكه‌وتوو بووه و خه‌ڵكه‌كه‌ی هونه‌ردۆستن". ناوبراو باسی دانیشتنێكی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ مۆسیقییه‌كی كورد، له‌وێوه گوێبیست بووه، كه له‌كوردستان ره‌خنه‌ی زۆر له (ده‌شنێ) ده‌گیرێ، ده‌ڵێت "راستی ره‌فزكردنی ده‌شنێ، گوناهێكی گه‌وره‌ی هونه‌رییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له كوردستانیش ره‌فز بكرێ، شوێنێ دی هه‌یه باوه‌شی بۆ بكاته‌وه، ئه‌وه‌ی من بزانم رۆتانا په‌یوه‌ندی پێوه كردووه، بۆئه‌وه‌ی كاری بۆ بكات، كه ئه‌وه‌م بیست زۆر دڵخۆش بووم".
هه‌روه‌ها عه‌لی حه‌ججار ده‌شڵێ "گۆرانی (دوو هه‌فته‌یه)، زۆر به‌لامه‌وه خۆشه، گوێم له‌به‌رهه‌مه‌كانی (ده‌شنێ) ـی شاكیرای كوردستان بووه و زۆر به‌توانایه، هه‌روه‌ها (لۆكه) ده‌نگێكی راقی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌نگی (میرا) م زۆر پێخۆشه و كاتی گه‌نجی خۆم بیرده‌خاته‌وه، هه‌روه‌ها گۆرانی (چاوه‌ڕێ بووم) ـی (دڵنیا ره‌زازی) زۆر خۆشه، به‌رده‌وام خۆزگه‌م خواستووه، ئه‌و گۆرانییه هی من بووایه، زۆر له‌هونه‌رمه‌نده‌كان ده‌ناسم".
ئه‌و هونه‌رمه‌نده میسرییه، كه زیاتر له (70) درامادا گۆرانییه‌كانی گوتووه، هه‌روه‌ها له (3) فیلمی سینه‌مایی به‌نواندن و گۆرانیگوتن به‌شداری كردووه، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی میسری و عه‌ره‌بی كه‌متر چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام ده‌دات، زۆرجاریش ته‌ده‌خول له‌پرسیار دورستكردن ده‌كات، پێشی ناخۆشه له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌وه پرسیاری لێ بكرێ.
zanadzey@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
