زانستی زمان له‌و باوه‌ڕه‌دایه که زمانی پێشکه‌وتوو دواکه‌وتوو قسه‌یه‌کی بێمانایه. زمان هۆکاری په‌یوه‌ندیکردنه له‌نێوان کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکدا که به‌هۆیه‌وه ده‌توانن له‌یه‌ک بگه‌ن و گفتوگۆ ئه‌نجامبده‌ن. ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی و له مێژوویه‌کی دیاریکراودا به‌گوێره‌ی پێویستییه ڕۆژانه‌کانی خۆیان زمانێکیان بۆخۆیان دروستکردووه که به‌هۆیه‌وه بتوانن له‌یه‌کتری بگه‌ن و پێویستییه ڕۆژانه‌کانیان دابین بکه‌ن. له‌منێوه‌دا زمان نه ئه‌زه‌لییه‌و نه ئه‌به‌دی، به‌ڵکو له بۆته‌ی پێداویستییه ڕۆژانه‌کانی مرۆڤدا دروست ده‌بێت و گه‌شه ده‌کات و هه‌ندێکجار لاواز ده‌بێت و ده‌مرێت، یان زمانی دیکه‌ی لێ‌دروست ده‌بێت و ده‌بێته دایکی چه‌نده‌ها زمانی دیکه.
زمانی سانسکریت به کۆنترین زمانی هیندوئه‌وروپی و دایه گه‌وره‌ی هه‌موو ئه‌و زمانانه داده‌نرێت که پێیانده‌ڵێن هیندوئه‌ورپی و هه‌ر له‌وپه‌ڕی هینده‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی ئه‌مریکا ده‌گرنه‌وه. زمانی سانسکریت ئێستا هێشتا هه‌ر قسه‌ی پێده‌کرێت و به‌کاردێت به‌ڵام دیاره له ئاستێکی ته‌نگه‌به‌ردا. خێزانی زمانه هیندوئه‌وروپییه‌کان زۆر فراوانه‌و دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر چه‌نده‌ها خێزانه زمانی دیکه‌دا و ئه‌وه باسێکی دورودرێژی گه‌ره‌که‌و که‌متر په‌یوه‌ندی به‌م باسه‌وه هه‌یه ته‌نها له‌وه‌دا نه‌بێت که زمانی کوردیش به ئه‌ندامێکی ئه‌و خێزانه زمانه داده‌نرێت له لقی زمانه ئێرانییه‌کاندا.
فراوانبوون و گه‌شه‌ی زمان په‌یوه‌ندی هه‌یه به فراوانبوون و گه‌شه‌کردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه که به‌کاریده‌هێنن. خێڵێکی ڕه‌وه‌ند پێده‌چێت ئه‌و ووشانه‌ی که به‌کاری ده‌هێنن له چه‌ند سه‌د ووشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی تێنه‌په‌ڕێت و هه‌موو پێداویستییه‌کانی خێڵه‌که‌ش به‌و کۆمه‌ڵه ووشه‌یه جێبه‌جێده‌بێت. ئه‌وان هیچ پێویستیان به‌و ووشانه نییه که په‌یوه‌ندییان به زانست و ته‌کنۆلۆژیای نوێوه هه‌یه، چونکه به‌کاریان ناهێنن، ئه‌وان نایانه‌وێت بزانن وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر چیپێده‌ڵێن و پاپۆڕ و که‌شتی و به‌نده‌ریان به پولێک ناوێت. لای ئه‌وان کۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت و مۆبایڵ و پیتزا بوونی نییه‌و ناوی نییه و له فه‌رهه‌نگی ئه‌واندا جێگای نابێته‌وه. لێره‌دا زمان نه‌دواکه‌وتووه‌و نه پێشکه‌وتوو به‌ڵکو هۆکاری له‌یه‌کگه‌یشتنی ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌یه که به‌کاریده‌هێنن و له‌کاتێکدا که ئه‌وان له‌وه زیاتریان ناوێت که‌س بۆی نییه بڵێت بۆچی زمانه‌که‌تان ئه‌وه‌نده ووشه‌ی که‌مه.
گه‌لی کورد، و خێڵه کورده‌کان وه‌ک شوانکاره‌و جوتیار ده‌ستیانکرد به فروانکردنی زمانه‌که‌یان. له‌و مه‌یدانانه‌دا پێده‌چێت که‌س نه‌توانێت شانبدات له شانیان. له وه‌سفی لم، زیخ، چه‌و، به‌ردی ئاوه‌سو، خڕه‌په‌ڵ، ناوکار، قوڕ، لیته، ته‌ڵاشه به‌رد، له‌بان، خه‌مخۆرک، هیزه، گۆزه، دیزه، جه‌وه‌نده، که‌په‌نه‌ک، فه‌ره‌نجی، په‌سته‌ک، ڕه‌شماڵ، هه‌رزاڵ، جله‌گا، کورتان، سه‌رجل، پاڵوو، به‌رۆک، گوریس، په‌ت، پێچه‌نه‌ک، پواز، ڕۆن، دۆ، شیرێژ، خه‌سته، که‌شک، سواڵه‌ت، ئه‌سکوێ... هتددا ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده تا ده‌ڵێیت به‌س. کورد ئه‌وکاته خاوه‌نی زمانێکی زیندوو، فراوان و هێنده پڕتام و چێژ بووه که سه‌یری شیعری کلاسیکی کوردی ده‌که‌ین سه‌رمان سوڕده‌مێنێت له‌و هه‌موو ناو‌و نازناوو سیفه‌تانه‌ی که بۆ دیارده سروشتیه‌کان دانراون.
کورد که شاریشی دروستکرد هه‌ر به‌هیوای هه‌مان شێوازی ژیان بوو. ئه‌وانه‌ی ڕوویان له شاره‌کان کرد به هۆی چه‌نده‌ها هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه‌وه نه‌یانتوانی ده‌ستبه‌رداری لادێ ببن. لێره‌دا فه‌رهه‌نگی شوانکاره‌یی و کشتوکاڵی زاڵبوو به‌سه‌ر شاریشداو هه‌ر دروستکردنی شارێکی وه‌ک سلێمانی له‌و شوێنه ووشک و دوور له‌ئاوه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که نه‌خشه‌سازانی سلێمانی بیریان له‌وه نه‌کردۆته‌وه که شارێکی هێنده گه‌وره له‌وێدا دروست ده‌بێت به‌ڵکو ماڵه‌کان به‌ده‌وری کانییه‌کانی حاجیحان، دارۆغا، کانیئاسکان، کارێزه ووشک و... هتدا دروستکراون و وورده وورده فراوان بوون. دواتریش به‌هۆی هاتوچۆی خه‌ڵکی لادێکانه‌وه بۆشار هه‌ر ناوچه‌یه ناوچه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ خه‌ڵکی لای خۆیان ته‌رخانکردووه به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌روازانه‌ی که هاتونه‌ته ناوشار؛ شارباژێڕی به‌شی باکوری شار‌و قه‌ره‌داخی به‌شی باشور‌و شاره‌زوری به‌شی خۆرهه‌ڵات... هتد. لێره‌دا زمانی ناوچه‌یی نه‌که‌وتۆته ژێر ئه‌و فشاره زۆره‌وه بۆئه‌وه‌ی که بگۆڕرێت و له‌گه‌ڵ هی شار یه‌کبگرێته‌وه، به‌ڵکو زۆرکه‌س ئه‌وه به ته‌نازول ده‌زانن و لای ئه‌وان پیاو ئه‌و پیاوه‌یه که زمانی گونده‌که‌ی خۆی بپارێزێت.
له‌کاتێکدا که زمانی کوردی به‌ره‌وڕووی میدیا، فه‌رهه‌نگ، وێژه‌ی گه‌لانی دیکه بۆته‌وه ئه‌و کاته مه‌سه‌له‌ی ووشه خواستن هاتۆته پێشه‌وه‌و ئه‌مه‌ش هه‌ندێکجار به شێوه‌ی ئۆتۆماتیکی ڕویداوه وه‌ک ووشه‌ی قۆمیسه‌ر بۆ کۆمیساری ئینگلیزی، تایه، جه‌ک، ئیسپانه، شۆفڵ، پیکاب، ئه‌کسل، پاکه‌ت، مه‌کینه، ماتۆڕ، ئه‌زبێست، ته‌له‌فیزیۆن، ڤیدیۆ، بیپسی... هتد. لێره‌دا ئه‌و ووشانه چۆن بیستراون هه‌وڵدراوه دووباره بکرێنه‌وه به‌ڵام چونکه شێوازی ده‌ربڕینی زمانێک له‌گه‌ڵ زمانێکی دیکه جیاوازه، خه‌ڵی چۆنیان به‌زار خۆشبووبێت ئه‌ئاوا جێگیریان کردووه. لێره‌دا ئه‌گه‌ر کورد به یۆنان بڵێن وێنان نه عه‌یبه و نه لۆمه‌یه، ئه‌ی بۆ ئینگلیزه‌کان به میسریان ووتووه ئیجێپت و به ئه‌رده‌ن جۆرده‌ن و به هیند ئیندیا... هتد.
به‌ڵام دیاره هه‌موو ووشیه‌ک نابێته پێویستی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک و ئه‌و ووشانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ر چینی ڕۆشنبیر زیاتر پێیان ئاشنا بووه یه‌کسه‌ر نه‌که‌وتوونه‌ته به‌ر زار‌و گوێی جه‌ماوه‌ری فراوان، هه‌ر بۆیه زۆر ووشه‌یان ترانسلیتره‌یت کردووه وه‌ک ووشه‌کانی ئیمپریالیزم، سۆشیالیزم، دیسپلین، حکومه‌ت، پارت، دیموکراسی، پڕۆلیتاریا، سایکۆلۆژی... هتد. لێره‌دا ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌که‌وێت که هیچ زمانێک ناتوانێت به‌ته‌نها بژی و ده‌بێت ووشه ببه‌خشێت و ووشه وه‌ربگرێت. له بواری ووشه وه‌رگرتندا پێده‌چێت زمانی ئینگلیزی له‌پێش هه‌موانه‌وه بێت و ئه‌وان شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ن که زۆرترین ووشه‌ی زمانه‌کانی دراوسێیانیان وه‌رگرتووه و هه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا ووشه‌ی وه‌ک جیهاد، حه‌ڵاڵ، حه‌رام، حه‌ج، عید، حیجاب... هتد هاتنه ناو زمانی ئینگلیزییه‌وه‌و دوای 10 ساڵی دیکه که‌م که‌س بزانێت ئه‌سڵیان ئینگلیزی نه‌بووه، هه‌ر وه‌ک ووشه‌ی جه‌که‌ڵ بۆ چه‌قه‌ڵ و ووشه‌ی شامپۆو بیجامه‌و... هتد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی به‌جیهانیبوون و ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له کوردستان ڕوویاندا وایان کرد زمانی کوردی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ڕووی جیهاندا بکرێته‌وه، کۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت خۆیانکرد به ماڵه‌کاندا، سینی سه‌ته‌لایت گه‌یشته هه‌موو گوندێک و به‌سواری هێستر له‌سنور په‌ڕییه‌وه، ژماره‌یه‌کی هه‌رچی زیاتری ڕه‌وه‌ندی کورد به زۆربه‌ی وڵاته‌کانی جیهاندا په‌رشوبڵاوبوونه‌وه، ئه‌مه کارێکی ئه‌وتۆی کرد که ئه‌و زمانه پاراوه، ده‌وڵه‌مه‌نده شیعرئامێزو دۆستی سروشته‌ی هێمن و گۆران و پیره‌مێرد به‌شی هه‌موو ئه‌و ووشانه نه‌کات که تاکی کورد، وه‌کو تاکی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌موو ڕۆژێک به‌رگوێی ده‌که‌وێت. هه‌ندێک که‌س باشبوو فریاکه‌وتن هه‌ندێک ووشه‌ی وه‌ک ماڵپه‌ڕ، کرته، کورته‌نامه، ڕاژه، واژۆ... هتدیان دانا‌و قبوڵکراو بوون به وشه‌ی نوێ، هه‌روه‌ک له سه‌رتای شۆڕشی کورددا ووشه‌ی پێشمه‌رگه و جاش دروستبوو قبوڵکرا، به‌ڵام وه‌ک دوکتۆر ڕه‌سوڵ خه‌فاجی ده‌یووت: ده‌یان ساڵه عه‌ره‌ب ده‌ڵێت ڕادیۆ تازه ووشه‌ی مزیاع به پولێک. کوردیش ئه‌گه‌ر خواکردی فریاکه‌وت ووشه‌ی خۆی بۆ دیارده نوێکان جێگیربکات ئه‌وه زۆر باشه ئه‌گینا که بڵاوبوه‌وه ده‌بێت قبوڵی بکه‌یت و به‌کاری بهێنیت ئه‌گینا نا‌توانیت یه‌که یه‌که به خه‌ڵک بڵێیت کاکه ئێمه ئه‌م ووشه‌یه‌مان داناوه و تۆش ده‌بێت ئه‌مه به‌کاربهێنیت، هه‌ر وه‌ک ئێستا ده‌بینم لسه‌ر ئینته‌رنێت هه‌ندێک براده‌ر به‌ئاره‌زوی خۆیان ووشه ده‌ده‌ن به دروو.
کورد چونکه مه‌ترسی به عه‌ره‌بکردن، به فارسکردن و به تورککردنی له‌سه‌ر بووه کاردانه‌وه‌یه‌کی ئاسایی بووه که هه‌وڵیانداوه هه‌تا بۆیانده‌کرێت خۆیان له ووشه‌ی ئه‌و زمانانه بپارێزن. له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌ی کردوویانه کارێکی نه‌ته‌وایه‌تی بووه‌و شوێنی خۆی گرتووه. به‌ڵام پێده‌چێت له‌م چاخه‌دا ئه‌وه بۆ شۆڤێنیسته‌کان سه‌خت بێت که زمانێک بسڕنه‌وه به هۆی بوونی هۆکاری په‌یوه‌ندی مۆدێرن، کۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت و بوونی فراوانی کورد له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، هه‌ر بۆیه وه‌رگرتنی ووشه یان قبوڵکردنی ووشه‌ی ئه‌و زمانانه‌ش پێده‌چێت ئێستاکه شتێکی خراپ نه‌بێت و بمانه‌وێت یان نا کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر زمانه‌که‌مان به‌هۆی ئه‌و مێژووه دورودرێژه‌وه که پێکه‌وه ژیاوین، ئه‌وه‌ی ئێستاکه ماوه‌ته‌وه قبوڵکردنی ئه‌و ڕاستیه‌یه له بواری نوسین و زمانی نوسیندا.
داتاشینی ووشه هه‌روا کارێکی ئاسان نییه. پێده‌چێت هیچ زمانێک قبوڵ نه‌کات هه‌ر که‌سه به ئاره‌زوی خۆی ووشه دابڕێژێت و فه‌رزی بکات به‌سه‌ر خه‌ڵکدا. له‌ڕاستیدا که دیارده‌یه‌ک ده‌رکه‌وتووه خه‌ڵک ناوی لێناوه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته ووشه، ئه‌گه‌ر به ته‌پاڵه بوترایه زێڕ و به زێڕ بوترایه ته‌پاڵه هه‌ر وه‌ک ئێستا ده‌بوو! که‌واته ووشه هیچ کارێکی به باش و خراپی ئه‌و شته‌وه نییه که باسی لێوه ده‌کات، هه‌ر وه‌ک کابرایه‌کی فه‌ڕه‌نسی له به‌رازێک تووڕه بوو بوو وه وتبووی: سه‌یرکه چه‌نده پیسی، به‌خۆڕایی نییه ناویان ناویت به‌راز! به‌ڵام داتاشینی ووشه‌ش زه‌مینه‌ی خۆی هه‌یه، وه له بۆته‌ی کۆمه‌ڵگادا ده‌رده‌که‌وێت که ئایا قبوڵده‌کرێت یان نا.
چاخی به‌جیهانیبوون یان گلۆباڵ وایلێچاوه‌ڕوان ده‌کرا که جیهان بکات به یه‌ک گوند، هه‌موو که‌س له‌یه‌ک بگات و زمانێکی وه‌ک زمانی ئینگلیزی ببێت به زمانی سه‌ره‌کی هه‌موو که‌س. ئه‌م بۆچونه ده‌رباره‌ی چاخی گلۆباڵ له نه‌وه‌ده‌کاندا زۆر باوی هه‌بوو به‌ڵام که گلۆباڵ بووه ئه‌مری واقیع هه‌ندێک بۆچوون ڕاست ده‌رچوون و هه‌ندێکیش هه‌ڵه. ئه‌وه‌ی که جیهان بووه گوندێک به‌هۆی ئینته‌رنێت و هۆکاری په‌یوه‌ندی خێرا‌و حازر به‌ده‌ست و هۆکاری گواستنه‌وه‌ی تیژڕه‌وه‌وه هاته‌دی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکه‌که‌ش وه‌ک خه‌ڵکی گوندێک ببنه خاوه‌نی کولتورێکی هاوبه‌ش و زمانێکی هاوبه‌ش و ئه‌وه کۆتایی به زمانه بچوک و ناوچه‌ییه‌کان و کولتور‌و دابونه‌ریت و ئاینه هه‌رێمییه‌کان ده‌هێنێت و دنیا ده‌کاته شوێنیکی ته‌خت و ئاسان نابه‌کام ده‌رچوو و به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م چاخه بووه چاخی زیندوبوونه‌وه‌ی ئاین، کولتور، زمان و دابونه‌ریته ناوچه‌یی و هه‌رێمییه‌کان و خه‌ڵک به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئینته‌رنێت و ئه‌و ئازادییه ڕه‌هایه‌ی که هه‌یه ده‌توانن هه‌رچۆنێکیان پێخۆشبێت وه‌ها شمشاڵی خۆیان بژه‌نن.
له‌م نێوه‌دا کورده‌کان به‌سه‌ر چه‌نده‌ها قۆناغدا بازیاندا. ناکرێت لێره‌دا باسی هه‌موو قۆناغه‌کان بکه‌م به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م باسه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه که ئێستاکه باو باوی دیارده بچوک و ناوچه‌یی و دابڕاوه‌کانه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی یه‌کگرتوو پێده‌چێت که‌مترین هاوسۆزی دابین بکات. ئێستا ئه‌گه‌ر به‌چاوی واقیع و دوور له ته‌وباوییه‌ت سه‌یری زمانی کوردی بکه‌ین، ده‌بینین ئه‌وه‌ی ئێمه پێیده‌ڵێین دایه‌لێکت له‌ڕاستیدا بووه به زمانێکی سه‌ربه‌خۆو جیاواز‌و له زۆرشوێن ئێستا زمانی کورد‌و سۆرانی وه‌ک دوو زمانی جیاواز باسیان ده‌کرێت؛ دیاره لێره‌دا کوردی ده‌بێته کرمانجی یان بادینی یان هه‌ردووکیان پێکه‌وه.
که‌واته، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر عه‌یبه بوێرین، ئه‌م باسه ده‌رباره‌ی زمانی سۆرانییه، که خۆمان پێیده‌ڵێن کرمانجی باشور‌و وه‌ک دایه‌لێکتێکی کوردی سه‌یری ده‌که‌ین. به‌ڵام واقیع حه‌قی ئه‌وه‌ی نییه. کام کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامه له سلێمانی و هه‌ولێر چاپ ده‌کرێت له دهۆک، زاخۆ، شه‌مزینان، ئامه‌د و هتد ده‌خوێنرێته‌وه؟ ئه‌ی نوسینه‌کانی ئه‌وان کێ له ناوچه‌ی سۆران تێیده‌گات و ده‌یخوێنیته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌وه نه‌کرێت ئه‌ی که‌ی؟ زمانی نوسینی کوردی کامه‌یه؟ سۆرانییه؟ یان بادینی؟ یان کرمانجی یان هه‌ورامی یان گۆرانی یان زازاکی؟ یان... هتد
ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیبێت ببینه خاوه‌نی زمانێکی ستاندارد و زمانی نوسین و زمانی فه‌رمی ئه‌ی ده‌بێت چاوه‌ڕوانی که‌ی بین؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌مجۆره بڕوات، به‌ڵێ زمانی سۆرانی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه‌و ده‌سته‌خوشکی بادینی و کرمانجییه هه‌روه‌ک کوردی ده‌سته‌خوشکی فارسی و ده‌ری و هتد... بووه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
