مێژووی مرۆڤایه‌تی ته‌ژییه به هه‌وڵدان و كۆششكردن له پێناوی فێربوون و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا دروست بووه. ته‌ژییه له نمونه‌ی به‌رزی به‌رنگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگه‌كانی ژیان و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ی گه‌یشتن پێی نزیك به مه‌حاڵه. ئه‌گه‌ر به ده‌ستهێنانی ئاوات و هیوا و جێگه‌یه‌كی شیاو له كۆمه‌ڵدا بۆ مرۆڤێكی ته‌واو ئه‌ندام، كارێكی قورس و تاقه‌ت پڕوكێن بێت، ئه‌ی ده‌بێت به ده‌ستهێنانی ئه‌و جێگه تایبه‌ته له كۆمه‌ڵدا بۆ مرۆڤێكی كه‌مئه‌ندام چه‌ند قورس و نزیك به مه‌حاڵ بێت. له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، مرۆڤی كه‌مئه‌ندامی گه‌لێك كۆڵنه‌ده‌ر و جه‌ربه‌زه له به‌رانبه‌ر قورسییه‌كانی ژیاندا هه‌بوون، و به‌سه‌ر كه‌مئه‌ندامییانه‌وه كۆڵیان نه‌داوه و ناویان به به‌رزی و نه‌مری ماوه‌ته‌وه. یه‌كێك له‌و نمونه به‌رزانه‌ی كه جێگه‌ی رێز و سه‌رسامی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تییه خاتوو (هێلین كیله‌ر) ه، كه به یه‌كێك له جوانترین و به‌رزترین نموونه‌كانی به‌رخۆدان داده‌نرێت له نێو كه‌مئه‌ندامانی جیهان، و بۆ هه‌میشه سیمبوڵێكی زیندووی كۆڵنه‌دانه له ژیانی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیدا، به شێوه‌یه‌ك نووسه‌ری به‌ناوبانگ مارك توین ده‌رباره‌ی وتوویه‌تی: گه‌وره‌ترین دوو كه‌سایه‌تی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ناپلیۆن بۆناپارت و هێلین كیله‌ره. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مرۆڤه كه‌مئه‌ندام و كۆڵنه‌ده‌ره بناسین، بۆ ئه‌وه‌ی له ژیانی پڕ له داهێنان و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ژنه‌وه وانه‌ی چێژ وه‌رگرتن له ژیان فێر ببین، فه‌رموون با گه‌شتێكی كورت به‌نێو ژیانیدا بكه‌ین و بزانین هێلین كیله‌ری (نابینا و نابیسته و بێ توانا له قسه‌كردن) چۆن بوو به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و ناوی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین ئیمبراتۆری ئه‌وروپادا بێت.
هێلین كیله‌ر له به‌رواری (27/6/1880) له گوندی (ئیڤن گرین) له ویلایه‌تی ئه‌له‌بامای وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له دایك بووه. ره‌چه‌ڵه‌كی خێزانه‌كه‌یان ئه‌ڵمانییه. سه‌ره‌تا وه‌ك هه‌ر مناڵێكی ته‌واو ئه‌ندام توانای بینین و بیستنی هه‌بووه و به‌پێی ته‌مه‌نی خۆی توانیویه‌تی گڕوگاڵه‌كانی مناڵی بكات. تا له نۆیه‌مین مانگی ته‌مه‌نیدا تووشی نه‌خۆشی هه‌وكردنی مێشك (سه‌حایه) ده‌بێت و هه‌ر سێ هه‌سته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (بینین و بیستن و قسه‌كردن) له ده‌ست ده‌دات. هێلینی بچكۆله به‌بێ بیستن و بینین و قسه‌كردن به ته‌نها تا ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی له ماڵه‌وه مایه‌وه، تا (گراهام بێل) ی داهێنه‌ری ئامێری ته‌له‌فوون كه هاوڕێی باوكی هێلین بوو، داوای كرد په‌روه‌رده‌كارێكی بۆ بگرێت. ئه‌وه بوو باوكی هێلین له په‌یمانگه‌ی (بیركینز) بۆ چاودێری نابینایان له شاری بۆستن، په‌روه‌رده‌كارێكی بۆ هێنا به‌ناوی (ئان سلیڤان) . ئان سلیڤان، تا ته‌مه‌نی بیست ساڵی كه‌سێكی نابینا بوو، به‌هۆی چه‌ند نه‌شته‌گه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتووه‌وه توانرابوو رووناكی بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ چاوه‌كانی، و پاشان بڕیار ده‌دات هه‌موو ژیانی خۆی بۆ هاوكاری كه‌مئه‌ندامان و به تایبه‌تی نابینایان ته‌رخان بكات. بۆیه هه‌تا له ساڵی 1936 دا كۆچی دوایی ده‌كات ده‌بێته چاو و گوێ و ده‌می هێلین و هه‌موو ژیانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م كچه بچووكه نابینایه به‌سه‌ر ده‌بات، و هۆكاری یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتن و به‌ناوبانگبوونی هێلین بوو.
كاتێك هێلین ته‌مه‌نی گه‌یشته ده ساڵی، داوای له مامۆستاكه‌ی كرد كه فێری قسه‌كردنی بكات، مامۆستاكه‌شی ئه‌وی برده لای (ساره فوله‌ر) كه سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی (هوراس مان) بوو له بۆستن بۆ كه‌ڕوڵاڵان، ساره فوله‌ر ده‌ستی كرد به فێركردنی چۆنێتی قسه‌كردن به رێگه‌ی ده‌ستدان له لێو و قوڕگ، تا فێر ببێت چۆن وشه‌كان له رێگه‌ی جوڵانی زمان و هه‌ردوو لێوه‌وه دروست ده‌بن. ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕی تا هێلین توانی چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌رببڕێت، به‌ڵام كۆڵی نه‌دا و رۆژانه چه‌ندین كاتژێر خه‌ریكی وتنه‌وه‌ی ئه‌و وشه و راستانه بوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستدان له قوڕگ و لێوی مامۆستاكانی. پاش ماندووبوونێكی زۆر، ورده ورده هێلین توانی ده‌نگه‌كان به شێوه‌یه‌ك بڵێته‌وه كه زۆربه‌ی گوێگره‌كانی لێی تێبگه‌ن و ئه‌م سه‌ركه‌وتنه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین راهێنانه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی دێت له بواری راهێنانه‌وه‌ی كه‌مئه‌نداماندا. له دوای ساڵێك هێلین توانی نۆسه‌د وشه فێر ببێت.
هێلین له ساڵی 1900 په‌یوه‌ندی كرد به په‌یمانگه‌ی (كامبردج) و به هاوڕێیه‌تی مامۆستاكه‌ی ده‌ستی كرد به خوێندنی زانكۆ. له رێگه‌ی (ده‌ستدان له‌ناو له‌پی ده‌ستی هێلین) ئان وانه‌كانی پێده‌وته‌وه. هێلین به‌كالۆریوسی له زانست‌دا به‌ده‌ستهێنا. لێره به‌دواوه هێلین ده‌ستی كرد به وتنه‌وه‌ی وانه و نووسینی وتار بۆ رۆژنامه و گۆڤاره‌كان. له دوای ته‌واوكردنی زانكۆ هێلین به‌شێكی زۆر له ژیانی خۆی بۆ هاوكاریكردنی نابینایان ته‌رخان كرد، و له كاتی بێكاریشدا خۆی به مه‌له‌كردن و فێربوونی لێخوڕینی گالیسكه‌ی دوو ئه‌سپییه‌وه خه‌ریك ده‌كرد. پاشان بۆ خوێندنی باڵا په‌یوه‌ندی كرد به زانكۆی (رادكلیف) و رێزمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی خوێند و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا زمانه‌كانی ئه‌ڵمانی و فه‌ره‌نسی و لاتینی و یۆنانی خوێند. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه هێلین لێره‌دا نه‌وه‌ستاو توانی دوو بڕوانامه‌ی دكتۆرا له بواری زانست و فه‌لسه‌فه‌دا به ده‌ست بهێنێت.
هێلین له سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا بۆ پروپاگه‌نده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ نابینایان زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان گه‌ڕا و كاریكرد له‌سه‌ر دروستكردنی زانكۆیه‌ك بۆ راهێنانه‌وه و فێركردنی نابینایان. و له ژیانی خۆیدا چه‌ندین بڕوانامه‌ی رێزلێنانی و نیشانه‌ی پێدراوه. هێلین خاوه‌نی ده‌یان وتاره له رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا و ئه‌م كتێبانه‌شی نووسیوه: تیشكه‌كانی ناو تاریكییه‌كانم، ده‌رچوون له تاریكی، ئه‌و جیهانه‌ی تێیدا ده‌ژیم، چیرۆكی ژیانم، گۆرانییه‌كانی دیوارێكی به‌ردین، با باوه‌ڕ بهێنین، گه‌شبینی، باوه‌ڕم، خۆشه‌ویستی و ئاشتی.
له‌به‌ر ناوبانگ و توانا له بن نه‌هاتووه‌كانی هێلین، ئایزهاوه‌ری سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ك یه‌كێك له بیستوپێنج كه‌سی ناسراوی هاوچه‌رخی خۆی له ساڵی 1952 خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێبه‌خشیوه.
رۆژێك پرسیاریان لێ‌كرد، ئه‌گه‌ر روناكی بگه‌ڕێته‌وه بۆ چاوانت یه‌كه‌م شت چییه بیكه‌یت؟
له وه‌ڵامدا وتی: حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و كه‌سانه ببینم كه به رێز و هاوڕێیه‌تییان هه‌میشه هانیان داوم و له پشتم بوون. ئه‌م مرۆڤه كۆڵنه‌ده‌ره له ساڵی 1968 كۆچی كرد‌و بووه سیمبولی گه‌شبینی بۆ سه‌رجه‌م كه‌مئه‌ندامانی جیهان.
***
په‌رجو: معجیزه
سه‌رچاوه:
ماڵپه‌ڕی ویپكبیدیا
تۆڕی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی
ماڵپه‌ڕی ئه‌مه‌لی
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری هاوبه‌شی ژ (27) بڵاوکراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
