شوعی و حزبی به‌عس كرا، له ئه‌نجامدا به‌ره‌یه‌ك له نێوان سه‌ركردایه‌تی حزبی شوعی و حزبی به‌عس به ناوی به‌ره‌ی نیشتمانی دامه‌زرا، به‌ڵام كاتێك بڵاوكراوه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه به‌سه‌ر رێكخراوه‌كانی حزبی شوعی عێراق دابه‌ش كرا، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كان به‌م رێككه‌وتنه رازی نه‌بوون، هه‌ندێك له رێكخراوه‌كانی حزبی شوعی زۆر به توندی به‌رهه‌ڵستیان له‌م رێككه‌وتنه ده‌كرد، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی حزبی شوعی هیچ رێزیان له ره‌ئی ئه‌و هاوڕێیانه نه‌گرت كه به‌م به‌ره‌یه رازی نه‌بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زۆر له‌و هاوڕێیانه ته‌جمید كران و ده‌سه‌ڵاتیان لێوه‌رگرتنه‌وه، یه‌ك له‌وانه منیان راگرت (ته‌جمید كرام) و له لێژنه‌ی قه‌زا دوورخرامه‌وه و داوام لێكرا په‌یوه‌ندیم ته‌نها به هاوڕێ جه‌لیل مه‌لا حه‌سه‌ن هه‌بێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژی ئه‌و به‌ره‌یه بووم كه حزب له‌گه‌ڵ به‌عسی كردبوو، هاوڕێ جه‌لیل كاتێك ئه‌هات به‌یانه‌كانی حزبی بۆ ئه‌هێنام و ئابونه‌ی لێوهرئهگرتم زۆر شه‌رمی لێئهكردم و رێزێكی زۆری ئه‌گرتم و باوڕی به من هه‌بوو، چونكه به ته‌مه‌ن له من كچكهتر بوو، هه‌روه‌ها له ساڵی ١٩٥٨ من هاوڕێ جه‌لیلم هێنابووه رێزی حزب. له هه‌مان لاتدا ئه‌مری گرتنم له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه هه‌بوو تاكو ساڵی ١٩٧٤ و هێڕشه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر هاوڕێیان، بۆیه ئه‌و ماوه‌یه به‌یانیان زوو ئه‌چووم بۆ ئیش و ئێواران دره‌نگ یان تا شه‌و نه‌ئه‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، شه‌وێكیان بۆ ماڵه‌وه ئه‌گه‌ڕامه‌وه، له رێگادا تووشی هاوڕێ جه‌لیل بووم، ئه‌ویش چه‌ند كه‌سێكی دی له‌گه‌ڵ بوو، یه‌كێك له‌وانه كه من ناسیم ره‌شید مسته‌فا حاجی ره‌شید بوو (زاوای جه‌لیل)، زۆر به خێرایی ئه‌ڕۆیشتن، منیش به هاوڕێ جه‌لیلم گوت بۆ ئه‌وها به خێرایی ئه‌ڕۆن؟ خۆ هیج رووی نه‌داوه؟ به شێوه‌یه‌كی وا وڵامی نه‌دامه‌وه كه گوێم لێی بێت و هیچ له قسه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتم، ئه‌وان رۆیشتن، منیش پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌وه بۆ ماڵ لامدا چایخانه‌ی جه‌میل حه‌سۆ، كه چوومه ژوورێ سالحه بۆر و خه‌لیل مسته‌فا و یونسی حه‌مه‌دی مه‌لا یونسی كۆنكانیان ئه‌كرد، و جه‌میل قادر حه‌سه‌ن به‌گ كه پێیان ئه‌گوت جه‌مۆ ئه‌ویش له‌وێ بوو و هه‌رمێیه‌كی گه‌وره‌ی وێ بوو، له جایخانه ده‌نگ و باسێكی وا نه‌بوو، جه‌مۆ ههرمیهكهی دا من و منیش به‌ره‌و ماڵ چوومه‌وه، دوای هه‌رمی خواردنه‌كه نووستم، خه‌ریك بوو خه‌وم لێبكه‌وێت له ده‌رگا درا، كه با‌نگم كرد كێیه؟ گوتی مامۆ زریانم، ده‌رگام لێبكه‌وه، كه ده‌رگام كرده‌وه زریان یه‌كسه‌ر گوتی مام حه‌مه‌د و سلیوه گیران، بیكۆ كوژرا، به‌دوای بابم و چه‌ك ماڵی ئێمه گه‌ڕان، بابم خۆی شاردبووه‌وه و چه‌كیشمان نه‌بوو، منیش یه‌كسه‌ر چووم بۆ ماڵی عه‌بدی (باوكی زریان)، كه چووم عه‌بدی له پشت ده‌رگا راوه‌ستابوو، گوتم عه‌بدی چی رویداوه؟ گوتی بۆ تۆ ئاگادار نیت؟ گوتم ئاگاداری چی بم؟ گوتی حه‌مه‌دی برا و عه‌بد كاكۆ و سلیوهی شه‌مامێ گیران و بیكۆش كوژرا و ماڵیشیان سووتاند، گوتم ئه‌دی ئه‌وانی دی؟ گوتی نازانم، به‌ڵام وا باشه من و تۆ ئه‌م شه‌و بچینه ماڵی سه‌بری برام (سه‌بری كاكۆ)، ماڵی سه‌بری كاكۆ نزیك بوو، كه چووین له سه‌ره‌تا سه‌بری كاكۆ بهخێرهاتنهكی گه‌رمی كردین، دوایی كه زانی باسه‌كه چیه بانگی عه‌بدی كرد، عه‌بدی هاته‌وه گوتی هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین سه‌بری ئه‌ڵێت ئه‌ترسم بێن ماڵێ من به‌دوای ئێوه بگه‌ڕێن، ئه‌و كات منیش تووش ئه‌بم، ئه‌گه‌ر چه‌كتان پێویسته تفه‌نگه‌كه‌ی من ببه، گوتم وه‌ره بابڕۆین، چووینه ناو باخچان بۆ ماڵی عوبێدی برام، كه ده‌رگای لێكردینه‌وه له ره‌نگ و روومان دیار بوو بۆیه یه‌كسه‌ر پرسی چیتان به‌سه‌رهاتووه؟ ئێمه‌ش قسه‌مان بۆ كرد، گوتی وه‌رنه ژوورێ ئه‌توانن لێره بن، عوبێدی برام ته‌نها یه‌ك ژووری هه‌بوو بۆ هه‌موو خێزانه‌كه‌ی، جێگای ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌ئه‌بووه‌وه، بۆیه پێم گوت دوو سێ به‌تانی (په‌توو) مان بۆ بێنه، ئێمه ئه‌چینه كۆریتی ماڵی مام مه‌لا حوتان، له ناو باخچان ماڵی مام مه‌لا ژوورێكیان دروست كردبوو و كه‌سی تێدا نه‌ئه‌ژیا بۆیه پێمان ئه‌گوت كۆریت، تا به‌یانی له‌وێ ماینه‌وه، به‌یانیه‌كه‌ی چووینه ماڵی مسته‌فای وسو ره‌حمانی (مستێ زه‌خۆك)، مسته‌فا و عومه‌ری برای و توما شابا له‌وێ بوون، ئه‌وانیش سه‌ریان لێ‌شێوا بوو نه‌یان ئه‌زانی چی بكه‌ن، ووتم من یه‌كسه‌ر ئه‌چم بۆ هه‌ولێر، هاوڕێیانی هه‌ولێر ئاگادار ئه‌كه‌مه‌وه، به‌پێ چووم بۆ سه‌رمه‌یدان و له‌وێ به لۆریه‌ك چوومه هه‌ولێر، بۆ باره‌گای حزب، هاوڕێ عادل سه‌لیم یه‌كسه‌ر بانگی ژووره‌كه‌ی خۆی كردم و له باره‌ی ئه‌و روداوه‌ی شه‌قڵاوه پرسیاری لێكردم، منیش هه‌موویم زۆر به جوانی بۆ باس كرد، دیار بوو پێش من هاوڕێ حوسین و هاوڕێ عه‌بدولكه‌ریم گه‌یشتبوونه هه‌ولێر، هاوڕێ عادل سه‌لیمیان ئاگادار كردبووه‌وه، به‌ڵام نه‌یان زانی بوو كه هاوڕێ بیكۆ شه‌هید كراوه، بۆیه به‌سه‌رسوڕمانه گوتی، به منیان گوتوه كه هاوڕێ بیكۆ دوای به‌رگریه‌كی زۆر ده‌سگیركراوه! گوتی ئه‌گه‌ر ته‌واو دڵنیایت هاوڕێ بیكۆ شه‌هید كراوه هه‌ر ئێستا بڕۆ لای واحید ئه‌حمه‌د ئاقوبانی، سه‌لامی منی پێبگه‌ینه و ئاگاداری بكه‌وه كه هاوڕێ بیكۆ شه‌هید كراوه، (هاوڕێ عادل سه‌لیم ئه‌یزانی كه من په‌یوه‌ندی خێزانیم له‌گه‌ڵ واحید ئه‌حمه‌د هه‌یه) بۆیه ئه‌و داوایه‌ی له من كرد، كه چووم بۆ ماڵیان واحید ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر خانی بوو، كه چاوی به من كه‌وت هاته خوارێ، پێی گوتم ده‌ربازم كردی، نه‌مهێشت بێنه ماڵی ئێوه، پێم گوت هاوڕێ عادل سه‌لیم سه‌لامت لێئاكات، بۆ ئه‌وه‌ی نا‌ردوم كه له شه‌هیدكردنی هاوڕێ بیكۆ ئاگادارت بكه‌مه‌وه، واحید ره‌نگی ته‌واو سپی هه‌ڵگه‌ڕا گوتی چۆن بیكۆ شه‌هید كراوه؟ چۆن شه‌هیدی ئه‌كه‌ن؟ چونكه ئێمه له‌سه‌ر شه‌ره‌فی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ته‌سلیمان كردوه، گوتی تۆ دڵنیایت بیكۆ شه‌هید كراوه؟ گوتم به‌ڵێ ته‌واو دڵنیام، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌دوای جێبیان خستووه تا گه‌رۆته‌ی، واحید به‌م هه‌واڵه زۆر تێكچوو، منیش گه‌ڕامه‌وه باره‌گای حزب و هاوڕێ عادلم ئاگادار كرده‌وه و پێم گوت واحید ئه‌ڵێت چۆن شتی وا ئه‌بێت، ئێمه بیكۆمان له‌سه‌ر شه‌ره‌فی بارزان هێنا ده‌ره‌وه و ته‌سلیمان كرد چۆن ئه‌بێت بیكوژن!! (له ئه‌نجامی ئه‌و به‌رگریه‌ی كه هاوڕێ بیكۆ كردبووی یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كانی پارتی كوشت بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر شه‌ره‌فی مه‌لا مسته‌فا بارزانی په‌یمان به بیكۆ درابوو كه ئه‌گه‌ر خۆی ته‌سلیم بكات نه‌یكوژن، كه‌چی به‌داخه‌وه دوای ئه‌وه‌ی كه خۆی ته‌سلیم ئه‌كات ئه‌درێته ده‌ست لێپرسراوێكی عه‌سكه‌ری له پارتی دیموكراتی كوردستان به ناوی عه‌ریف ده‌روێش، ئه‌ویش له‌دوای كوشتنی بیكۆ ته‌رمه‌كه‌ی به‌دوای جێبێك دێخێت تا گوندی گه‌رۆته) هاوڕێیان عادل سه‌لیم و مه‌حه‌مه‌د شێروانی پێیان گوتم تۆ بگه‌ڕێوه بۆ شه‌قڵاوه و له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه به‌رچاون ئاگاداری خۆتان بن، منیش گه‌ڕامه‌وه بۆ شه‌قڵاوه و له گه‌ڵ هاوڕێیان حه‌مه‌د قادر شامی و ره‌شید خه‌جه گۆچ و سالح مسته‌فا ئاشه‌وان و عه‌بدی وسو ره‌حمان شه‌وانه به یه‌كه‌وه ئه‌بووین و به رۆژیش هه‌ر كه‌سه ئه‌چوو بۆ ئیشی خۆی تا حزب باره‌گای خۆی له شه‌قڵاوه كرده‌وه. ئه‌و رۆژه‌ی باره‌گه‌ی حزب به سه‌رپه‌رشتی هاوڕێ نه‌جمه‌دین مامۆ كرایه‌وه، زۆربه‌ی هاوڕێیان هاتبوونه‌وه بۆ شه‌قڵاوه، شوێنی باره‌گه له خانوه‌كانی ئاوقافی بوو له زهویلۆكان، كه ئه‌كاته خوار باره‌گه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێستا، ئێمه ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڕێیان خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی ژووره‌كانی باره‌گه بووین، له پڕ دوو سه‌یاره‌ی گه‌وره‌ی پڕ له سه‌رباز له‌پێش باره‌گه وه‌ستان و سه‌ربازه‌كان خۆیان فڕێ دایه خواره‌وه و هاواریان كرد كه كه‌سمان له جێگای خۆی نهچوڵێت، من ده‌سته‌كانم بڵند كردن و چوومه پێش، پێم گوتن ئێمه هاوڕێیانی حزبی شوعی عێراقین، دوو نه‌قیبی عه‌سكه‌ریان له‌گه‌ڵ بوو، یه‌كه‌كیان گوتی وه‌ره پێش، منیش چوومه پێش، پرسی بۆ هاتوونه‌ته ئێره؟ گوتم ئێمه باره‌گه‌ی حزب لێره دائه‌نێین، هه‌ر ئێستا لێپرسراوه‌كه‌مان ئاگادار ئه‌كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی قسه‌تان له‌گه‌ڵ بكات، گوتیان با بێت، منیش بانگی هاوڕێ نه‌جمه‌دینم كرد، كه هاوڕێ نه‌جمه‌دین هات خۆی و منی پێناساندن، ئه‌وانیش هه‌ر ده‌سبه‌جێ خه‌تێكی ته‌له‌فۆنیان بۆ داناین تا بتوانین له كاتی پێویست راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌وان رۆیشتن و ئێمه‌ش به‌رده‌وام بوین له پاككردنه‌وه. هه‌ر ئه‌و رۆژه كاره‌كانمان دابه‌ش كرد، من كرام به رابه‌ری سیاسی و به‌رپرسی په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ سوپا و ئاسایش له شه‌قڵاوه، هاوڕێ تۆفیق حه‌ریری بوو به لێپرسراوی پێشمه‌رگه‌كانی حزب له شه‌قڵاوه، ئه‌و كات هاوڕێیان تۆفیق حه‌ریری و ئه‌حه‌مه‌د شامی شه‌وانه پارێزگاری شه‌قڵاوه‌یان ئه‌كرد به پێشمه‌رگه‌كانی حزب. به‌یانیه‌كیان بابه‌كه حه‌نا برای یوسف قه‌شه (ئه‌بو حیكمه‌ت) هاته باره‌گه، داوای دیتنی هاوڕێ تۆفیقی كرد، هه‌رچه‌نده توفیق تازه هاتبووه‌وه و كه‌مێك بوو نووست بوو به‌ڵام من هه‌ڵمستاند و پێم گوت بابه‌كه هاتووه داوای تۆ ده‌كات، هاوڕێ تۆفیق هه‌ڵستا و له ده‌ره‌وه له پێش ده‌رگای باره‌گه یه‌ك دوو جار به‌یه‌كه‌وه هاتن و چوون، له پڕ هاوڕێ تۆفیق به هاوار قسه‌ی كرد و له بابه‌كه توڕه بوو و له باره‌گه ده‌ری كرد، منیش گوتم چیه هاوڕێ چی بووه؟ گوتی هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین تۆ وازبێنه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به تۆ نییه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه له دوایی هه‌موو شتێك ئه‌زانی، دوای ئه‌وه زانیمان كه بابه‌كه و په‌تروس تۆما له سوپای سه‌رمه‌یدان گیراون، له‌و كاته‌دا مسته‌فای حه‌مه‌دی باوه‌كری هاته باره‌گه، پێش ئه‌وه‌ی من قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م هاوڕێ ئه‌حمه‌د شامی زۆر قسه‌ی گرانی به مسته‌فا گوت، پێی گوت مه‌ڵێ كوڕی پلكم به‌رپرسه (مسته‌فا كوڕی پوری من بوو)، هاوڕێ ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی پێ گوت، ئێمه شوعیه‌كان یارمه‌تی مرۆڤی تاوانبار ناده‌ین، هێشتا من نازانم چی بووه، بۆیه بانگی مسته‌فام كرد و پێم گوت چی بووه؟ مسته‌فا گوتی، دوێنێ شه‌و سلیوكهی شه‌مامێ (سلیوكهی شه‌مامێ ئه‌كات له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كاری ئه‌كرد) بریندار كراوه، بابهكهو په‌تروس هاتن گوتیان ده‌بێ به سواری كه‌ر ده‌ربازی بكه‌ی، منیش گوتم ئه‌و كاره به من ناكرێت، په‌تروس یه‌كسه‌ر دهبانجهكهی سوار كرد و گوتی ده‌ربازی ئه‌كه‌ی یان بتكوژم؟ منیش له ترسان سواری كه‌رێم كرد تا بانهنۆكم برد له‌وێ من گه‌ڕامه‌وه، پێشمه‌رگه‌كانی پارتی بردیان. هه‌ر ئه‌و رۆژه هاوڕێ عادل ته‌له‌فۆنی كرد، گوتی ئه‌وه مام و خاڵی حیكمه‌ت (حیكمه‌ت كوڕی یوسف قه‌شه‌یه) بۆ گیراون؟ منیش بۆم باس كرد، گوتی ده‌بێ به زووترین كات به‌ریان بده‌یت، گوتم ئه‌وه په‌یوه‌ندی به من نییه په‌یوه‌ندی به هاوڕێ تۆفیق هه‌یه، گوتی كه‌واته هه‌ر ئێستا هاوڕێ تۆفیق بۆ هه‌ولێر ئه‌نێریت، منیش به هاوڕێ تۆفیقم گوت، هاوڕێ عادل داوات ئه‌كات كه هه‌ر ئێستا بچیت بۆ هه‌ولێر، توفیق چوو بۆ هه‌ولێر، رۆژی دوایی گه‌ڕایه‌وه بۆ شه‌قڵاوه، بابه‌كه و په‌تروس ئازاد كران، هه‌مان رۆژ مسته‌فا گیرا، پاش دوو رۆژ بابه‌كه و په‌تروس جارێكیدی گیران، دوایی هه‌رسێكیان به یه‌كه‌وه ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كران، پاش چه‌ند رۆژێك بابه‌كه به‌ربوو، پاش چه‌ند مانگێك پرتڕوسیش به‌ربوو، هه‌رچی مسته‌فایه حه‌وت ساڵ زیندانی كرا و ناردیان بۆ به‌ندیخانه‌ی موسڵ، له‌و ماوه‌یه داوا له ئێمه‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی قه‌زای شه‌قڵاوه‌ی حزب كرا بچین بۆ هه‌ولێر، ئه‌و كات لێژنه‌ی قه‌زا له‌م ئه‌ندامانه پێكهاتبوو، من و تۆفیق حه‌ریری و حوسێن زه‌خۆك و خه‌لیل مسته‌فا وه‌سمانه ره‌ش و محه‌مه‌د عه‌زیز پۆلیس و جه‌لیل مه‌لا حوسێن. هه‌موومان چووین بۆ هه‌ولێر، هاوڕێ عادل پێی گوتم، تۆ رێكخراوه‌كان ته‌سلیمی محه‌مه‌د عزیز ئه‌كه‌یت، پهیوهندیهكهشت له‌گه‌ڵ سوپا و ئاسایش ته‌سلیم به هاوڕێ حوسێن ئه‌كه‌یت، منیش قسه‌كانم جێ به جێ كرد، (من ئه‌مزانی كه مه‌به‌ستیانه هه‌ر به ته‌واوه‌تی له حزب دوورم بخه‌نه‌وه له سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی هه‌مبوون، منیش بۆ ئه‌وه‌ی دوور نهخرێمهوه به ته‌واوه‌تی، به‌بێ ده‌نگی به‌رپرسیاره‌تیه‌كانی جۆم ته‌سلیم به‌و دوو كه‌سه كرد) به‌ڵام له كۆبونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بووم و په‌یوه‌ندیم به خه‌لك به‌هێزتر كرد، به هه‌موو توانایه‌كمه‌وه یارمه‌تیم ئه‌دان، تا بۆم كرابه كێشه‌كانم بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌كردن، به‌شداریم ئه‌كرد له خۆشی و ناخۆشیه‌كانیان، به‌وه جێگای خۆم له ناو خه‌لكدا كرده‌وه و خه‌لك زۆر رێزی ئه‌گرتم، هه‌ر به لێپرسراویان ئه‌زانیم. (ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له هه‌ولێر بۆ لێپرسراوی قه‌زای شه‌قڵاوه‌ی حزبی شوعی عێراق ئهناردران له ساڵی ١٩٦٧ تا ساڵی ١٩٧٩ ئه‌مانه بوون، محه‌مه‌د خه‌لیل، محه‌مه‌د شێروانی، كه‌ریم عه‌زیز، مه‌مۆ، مه‌لا خدر، عه‌لی حاج، ئه‌حمه‌د عه‌وێنه. له‌وانه ته‌نها مه‌مۆ و ئه‌حمه‌د عه‌وێنه ماڵی خۆیان هێنا بۆ شه‌قڵاوه ئه‌وانیدی ته‌نها بۆ كۆبوونه‌وه‌كان و كاری پێویستی حزب ده‌هاتن بۆ شه‌قڵاوه، محه‌مه‌د شێروانی ماوه‌ی په‌رپرسیاریه‌تی له قه‌زای شه‌قڵاوه له هه‌موویان زۆرتر بوو) (ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كه بۆ سه‌رپه‌رشتی كردن له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌هاتنه شه‌قڵاوه ئه‌مانه بوون، هاوڕێیان نوری ئه‌بو تارا، عومه‌ر عه‌لی شێخ، شه‌هید شێخ عه‌لی به‌رزنجی، حاجی سلێمان ئه‌بو سیروان، دڵزار، نه‌جمه‌دین مامۆ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌بیره) له ساڵی ١٩٧٩ پێش ئه‌وه‌ی بچینه شاخ و چه‌ك هه‌ڵگرین و ببین به پێشمه‌رگه، یوسف قه‌شه هات پێی گوتم، هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین خۆت ئاماده بكه له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیهكیدی تا به یه‌كه‌وه بچینه سه‌ردانی رێكخراوی حزبی به‌عس له شه‌قڵاوه، منیش ئه‌وه‌م به هاوڕێیان گوت، هاوڕێیان گوتیان ئێمه نایێین، هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین تۆ خۆت دوێنێ شه‌و به‌یانی حزبت بۆ خوێندینه‌وه كه تیایدا ئه‌ڵێت به‌عسیه‌كان له زیندانه‌كانیاندا هاوڕێیانمان له‌سه‌ر بوتڵ دائه‌نێن و بزمار له بنی پێیانیان ئه‌چه‌قێنن، له پاش رۆیشتنی هاوڕێ یوسف له شه‌قڵاوه ئه‌گه‌ر بمانگرن هه‌مان شت به ئێمه‌ش ئه‌كه‌ن، منیش گه‌ڕامه‌وه لای هاوڕێ یوسف و ئه‌م قسانه‌م پێڕاگه‌یاند، گوتی، وه‌ره با من و تۆ بچین، ئینجا من و هاوڕێ یوسف به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و باره‌گه‌ی حزبی به‌عس كه‌وتینه رێ، له رێگادا باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردم كه ئه‌و كاته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕاوه‌ته‌وه دیارییه‌كی به نرخی بۆ مدیر ئه‌منی هه‌ولێر هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پێویست كه ئیشمان پێی بوو یارمه‌تیمان بدات، (ئه‌و كات رێكخراوی حزبی به‌عس له خانووێكی عوسمان میران بوو له به‌رانبه‌ر قوتابخانه‌ی كاوێس، به‌رپرسی یه‌كه‌میان ناوی مه‌جید علێوی بوو)، كه گه‌یشتین دوای ئه‌وه‌ی به‌خێرهاتنیان كردین مه‌جید علێوی رووی له من كرد و گوتی، كاكه حه‌مه‌ده‌مین دیار نیت؟ منیش گوتم ئه‌ی ئه‌وه نیه له‌گه‌ڵ هاوڕێ یوسف هاتووم، گوتی من ده‌مه‌وێت به ته‌نها بتبینم، منیش گوتم ئه‌گه‌ر ئیشمان هه‌بوو دێمه لاتان، له گه‌ڕانه‌وه‌دا هاوڕێ یوسف لێی پرسیم له مه‌به‌ستی مه‌جید علێوی تێگه‌یشتی؟ منیش گوتم ده‌یه‌وێت بمكڕی، گوتی راست ئه‌كه‌یت. پاش چه‌ند رۆژ هاوڕێ ئه‌حمه‌د عه‌وێنه گه‌ڕاوه بۆ شه‌قڵاوه، ئه‌و كات لێپرسراوی یه‌كه‌م بوو له شه‌قڵاوه، ماڵ و خێزانی خۆی بردبووه‌وه بۆ هه‌ولێر، هات پێی گوتم هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین حزب بڕیاری داوه بچینه شاخ و ببین به پێشمه‌رگه، بۆیه هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌موو هاوڕێیان ئاگادار بكه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ئاماده بكه‌ن، هه‌ر ئه‌م شه‌و ده‌رئه‌چین، پێی گوتم ئه‌چین بۆ ره‌زگه‌ی دیوینێ به‌ڵام تۆ ئه‌وه به هاوڕێیان مه‌ڵێ، ته‌نها پێیان بڵێ شه‌قڵاوه به جێده‌هێڵین و ئه‌بین به پێشمه‌رگه، منیش هه‌موو هاوڕێیانم ئاگادار كرده‌وه، شه‌وه‌كه‌ی ئه‌م كه‌سانه به یه‌كه‌وه رۆیشتین، ئه‌حمه‌د شامی، یوسف مه‌ڕبێن، عه‌بد كاكۆ، سولاقه مه‌تێ، یوسف مه‌نسور، عه‌بدولا مه‌لا كه‌ریم، شێخه (خه‌لكی ره‌زگه بوو)، له حه‌ریریش تۆفیق حه‌ریری و محه‌مه‌د سه‌عید شێخه، هه‌موومان له گوندی ره‌زگه كۆبووینه‌وه، چاوه‌ڕوانمان ئه‌كرد هاوڕێیانی هه‌ولێر بێن به‌تایبه‌ت نه‌جمه‌دین مامۆ، ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له ره‌زگه ماینه‌وه خه‌لكی ئه‌م گونده زیاد له پێویست رێزیان لێگرتین، هه‌ر رۆژه و ماڵێك خواردنی تایبه‌تی بۆ ئاماده ئه‌كردین، ئه‌و كات سلێمان بیرێژی و ره‌سوڵی كوڕی خوشكی كۆمه‌ڵێك چه‌كداریان له‌گه‌ڵ بوون دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بوون، ناو به ناو ده‌هاتن بۆ ره‌زگه، شه‌و نه‌ئه‌مانه‌وه، نانیان ئه‌خوارد و ئه‌ڕۆیشتن، هه‌رچی ئێمه بووین به رۆژ و شه‌و هه‌ر له ناو گوند بووین، رۆژێكیان هاوڕێیان گوتیان ئێمه ئه‌چینه سه‌ر روبار، من و ئه‌حمه‌د عه‌وێنه و ئه‌حمه‌د شامی و یوسف مه‌نسور نه‌چووین له ناو گوندی ماینه‌وه، له‌ناكاو چه‌كدارێكی زۆر به‌ره‌و گوندی ره‌زگه هاتن، ئێمه وامان زانی چه‌كدارانی سلێمان بیرێژین، كه نزیك بوونه‌وه و هه‌ر چوار ده‌وری رهزگهیان گرت ئینجا زانیمان كه ئه‌وانه جاشن، ئێمه فریای ئه‌وه كه‌وتین كه خۆمان بشارینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیانه‌ی چووبوونه سه‌ر روبار هه‌موویان گیران و له‌گه‌ڵ خۆیانیان بردن بۆ هه‌ولێر، دوایی له رێگای ئه‌و هاوڕێیانه‌ی له شه‌قڵاوه مابوونه‌وه بۆ كاری رێكخستنی حزب به نێهێنی، هه‌واڵی ئازاد بوونی ئه‌م هاوڕێ گیراوانهمان زانی، (له‌و هاوڕێیانه‌ی له‌سه‌ر داواكاری حزب بۆ كاری رێكخستن له شه‌قڵاوه مابوونه‌وه ئه‌مانه بوون، حوسێن زه‌خۆك، مه‌حمود وه‌سمان (غه‌ریب)، عه‌زیز مسته‌فا)، به‌ڵام حزبی به‌عس پاكانه‌ی به‌و هاوڕێ گیراوانه كردبوو دوای ئه‌وه به‌ری دابوون. كه ئه‌وه‌شمان زانی ئه‌و جاشانه‌ی بۆ سه‌ر ئێمه هاتن و كۆمه‌ڵێك هاوڕێیان لێ ده‌سگیر كردین جاشه‌كانی عهبدولرهمان بیشه‌ی بوون، هاوڕێ ئه‌حمه‌د شامی گوتی ئه‌گه‌ر ئه‌مزانی ئه‌وه مه‌فره‌زه‌ی عه‌بدولره‌حمانه به دڵنیایی ئه‌چوومه لای و هاوڕێیانم ئه‌گێڕایه‌وه، چونكه عه‌بدولره‌حمان زۆر براده‌رمه، (دوای شه‌هید بوونی هاوڕێ ئه‌حمه‌د وام بیست كه به ده‌ستی جاشه‌كانی عه‌بدولره‌حمان بیشه‌ی له ره‌زگه‌ی دیوینێ شه‌هید كرا)، دوای گیرانی ئه‌م هاوڕێیانه ئێمه به شه‌و ئه‌چووینه ئه‌شكه‌وتێكی نزیك ره‌زگه، به رۆژیش له یه‌كێك له دۆڵه‌كانی نزیك گوندی ره‌زگه ئه‌بووین، هه‌رچی خواردنه له ره‌زگه بۆمان ده‌هات، رۆژێكیان من به كاری حزبی چووبوومه شه‌قڵاوه، له‌و رۆژه هاوڕێیان ئه‌حمه‌د عه‌وێنه و ئه‌حمه‌د شامی و تۆفیق حه‌ریری و یوسف مه‌نسور به پیاسه به‌ره‌و گوندی سه‌ركه‌ند ئه‌چن، له رێگادا دوو چكداری سلێمان بیرێژی ته‌قه‌یه‌كی زۆر له‌م هاوڕێیانه ئه‌كه‌ن، هاوڕێیانیش پێیان ئه‌ڵێن بۆ ته‌قه‌مان لێ ئه‌كه‌ن ئێوه ئێمه ئه‌ناسن كه پێشمه‌رگه‌ی حزبی شوعین، ئێمه‌ش ئێوه ئه‌ناسین، كاتێك كه چه‌كداره‌كان ئه‌زانن ناسران، ته‌قه رائه‌گرن و ئه‌چن بۆ لایان، هاوڕێیان هه‌ردوو چه‌كداره‌كه باش ئه‌ناسن یه‌كه‌كیان ناوی حارس بووه كوڕی حاجی حه‌سه‌ن خه‌لكی گوندی زێبارۆكهی بووه ئهوهیدی ناوی چه‌تۆ بووه خه‌لكی گوندی شیناوهی بووه، هه‌ردووكیان داوای لێبوردنیان له هاوڕێیان كردبوو، ئه‌وانیش پێیان ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر راستیمان پێ بڵێن ئه‌وا ئه‌تان بوورین، ئه‌گینا له‌م كاره‌تان بێ ده‌نگ نابین، چوكدارهكان دان به‌وه دائه‌نێن كه سلێمان بیرێژی ئه‌و داوایه‌ی لێكردوون و هه‌ڕه‌شی چه‌ككردنی لێكردوون ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره نه‌كه‌ن، حارس ئه‌ڵێت من له ده‌سه‌ڵات رامكردووه حوكمی بیست ساڵ گرتنم له‌سه‌ره بۆیه ترسام و ئه‌و فه‌رمانه‌ی سلێمانم جێ به جێ كرد، به‌ڵام باوڕتان هه‌بێت مه‌به‌ستمان كوشتنتان نه‌بوو، داواتان لێئه‌كه‌م با جارێ ئه‌مه به سلێمان نه‌گاته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێكیش زانیتان كه ئێمه درۆ ئه‌كه‌ین و مه‌به‌ستی ترمان بووه ئه‌وا ئه‌و كات هه‌ر چیێكمان لێئه‌كه‌ن بیكه‌ن، بڕوا بكه‌ن به ناچاری ته‌قه‌م له ئێوه كردووه، ئێمه‌ش دوایی كه لێكۆڵینه‌وه‌مان ده‌رباره‌ی ئه‌و قسانه‌ی حارس كرد، بێگومان قسه‌كانی راست ده‌رچوون، ئه‌و ته‌قه‌كردنه به فه‌رمانی سلێمان بیرێژی بووه، له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك چه‌كداره‌كانی ببن به پێشمه‌رگه‌ی حزبی شوعی، چونكه حارس خۆی له ئێمه نزیك ئه‌كرده‌وه و له‌گه‌ڵ سلێمان بیرێژیش كۆك نه‌بوو، ئه‌وكات ئێمه چه‌كمان نه‌بوو له چاوه‌ڕوانی هاتنی هاوڕێیانی هه‌ولێر بووین، تا رۆژێكیان هاوڕێ نه‌جمه‌دین مامۆ هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بۆ ناردین كه گه‌یشتۆته گوندی شهوزار، ئێمه‌ش هاوڕێ ئه‌حمه‌د شامی و دۆستێكی خهیلانیمان به ناوی ره‌شۆ به‌دوادا ناردن، ئه‌وه بوو هاوڕێیان نه‌جمه‌دین و خدر حوسێن ره‌واندزی هاتن، ئه‌و رۆژه نانی نیوه‌ڕۆمان له ماڵی عومه‌ری مام مسته‌فا خوارد له گوندی ره‌زگه، شه‌وه‌كه‌ی به‌ره‌و گوندی ره‌شان به‌ڕێ كه‌وتین و له‌وێ چووینه ماڵێ سه‌یده و حه‌مه‌ده‌مین كه دوو برا بوون و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ هاوڕێ نه‌جمه‌دین زۆر باش بوو، ئه‌وانیش خه‌یلانی بوون، تا بڵێی رێزیان گرتین، به‌ڵام داوایان لێكردین كه ئه‌بێ هه‌ر هه‌موومان نوێژ بكه‌ین، ئێمه‌ش هه‌مومان نوێژمان كرد به یوسف مهنسوریشهوه كه مه‌سیحی بوو، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یان ئه‌زانی، بۆ به‌یانیه‌كه‌ی رۆیشتین چووینه گوندی كانی غه‌زال بۆ ماڵێ حوسێن حه‌مزه كه خه‌زوری هاوڕێ نه‌جمه‌دین بوو، وه‌كو ماڵی خۆمان وابوو، له‌هه‌ڵ ئه‌وه‌ش شه‌وان ئه‌چووین له ئه‌شكه‌وتێكی نزیك گونده‌كه ئه‌نووستین، به رۆژیش هه‌ر له چیا ئه‌ماینه‌وه، رۆژێكیان هاوڕێ نه‌جمه‌دین داوای لێكردم كه بچمه شه‌قڵاوه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك له دۆست و براده‌رانی حزب وه‌رگرم، منیش چووم شه‌وی یه‌كه‌م له ماڵی هاوڕێ عه‌زیز مسته‌فا مامه‌وه، شه‌وی دووه‌م چووم بۆ لای هاوڕێ یوسف مه‌ڕبێن، داوای چه‌كم لێی كرد، ئه‌ویش گوتی به چاوان، دهبانجهیهكی ئیسڕای بچوكی هه‌بوو، بۆی هێنام، هه‌ر ئه‌و شه‌وه چوومه ماڵی عه‌مه‌ری قادری عه‌مه‌ر به‌گی، ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك یوسف دهبانجهیهكی بۆ هێنام، هاوڕێ عه‌زیزیش دهبانجهیهكی وه‌كو ئه‌وانی هه‌بوو بۆی هێنام، به خۆشم دهبانجهیهكی زۆر باش وجوانم هه‌بوو كاتی خۆی به هه‌شتا دینارم كڕیبوو، هاوڕێ نه‌جمه‌دین گوتی هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین دهبانجهكهی تۆ به بڕنۆیه‌ك ئه‌گۆڕمه‌وه و له جیاتی ئه‌وه‌ش دهبانجهیهكی چواردهخۆرت ئه‌ده‌مێ، منیش گوتم هاوڕێ من به خۆم مولكی حزبم، ده‌بانجه هیچ قیمه‌تێكی نییه، (ده‌بانجه چواردهخۆرهكه هه‌ر به ناو ده‌بانجه بوو، چونكه له ژێر زه‌وی شاردرابووه‌وه، خۆركی لێدابوو، كه‌س ئه‌و كات دینارێكی پێ نه‌ئه‌دا، به‌ڵام من بردم چه‌ند شه‌و و رۆژێك له ناو گازئۆیلم دانا، دوایی زۆر به باشی پاكم كرده‌وه، چه‌ند جار ته‌قه‌م پێی كرد، زۆر باشم چاككرده‌وه، قایش و تاقمهیهكی زۆر جوانم بۆ په‌یدا كرد) . هاوڕێیان نه‌جمه‌دین مامۆ و خدر حوسێن ره‌واندوزی به‌ره‌و ئێران رۆیشتن، به‌ڵام ئێمه هه‌ر له گونده‌كانی قوبه و كبۆر و خه‌تیبیان ماینه‌وه، له ناو هۆزی خهیلانیهكان، رۆژێكیان هاوڕێ ئه‌حمه‌د عه‌وێنه داوای لێكردم بچمه شه‌قڵاوه و هاوڕێ حوسێن زه‌خۆك له‌گه‌ڵ خۆم بێنم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، هاوڕێیانیش عه‌زیز مسته‌فا و مه‌حمود وه‌سمان ئاگادار بكه‌مه‌وه كه بۆ كاری رێكخستنی نێهێنی حزب له شه‌قڵاوه بمێنه‌وه، كه چووم بۆ شه‌قڵاوه و به‌م شێوه‌یه ئاگادارم كردنه‌وه كه هاوڕێ ئه‌حمه‌د داوای كردبوو، به‌ڵام مه‌حمود گوتی من له شه‌قڵاوه نامێنمه‌وه، منیش له‌گه‌ڵ ئێوه دێم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه وتم ئه‌وه بڕیاری حزبه، مه‌حمود هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر هاتنه‌كه‌ی، بۆیه منیش له‌گه‌ڵ حوسێن بردم، هه‌رسێكمان به‌یه‌كه‌وه چووینه گوندی كورگێسك، له‌وێ چاوه‌ڕوانمان كرد تا ئه‌حمه‌د عه‌وێنه و هاوڕێیان هاتن، هه‌ر ئه‌و شه‌وه رۆیشتین تا گه‌یشتینه گه‌ره‌وان، له گه‌ره‌وان نه‌چووینه ناو گوندی، چووینه چه‌ند ماڵه ره‌شماڵێكی نزیك ئه‌وێ، نانی ئێواره‌مان له‌لای ماڵه رهشماڵهكان خوارد، هه‌ندێك نان و په‌نیرمان لێوه‌رگرتن و به‌ره‌و چیای گه‌ره‌وان رۆیشتین، رۆژه‌كه‌ی له چیا ماینه‌وه، بۆ ئێواره‌كه‌ی چووینه گوندی ئه‌سپینداره، شه‌و له‌وێ ماینه‌وه، به‌یانیه‌كه‌ی به‌ره‌و گوندی فریز به‌ڕێ كه‌وتین، له‌وێش به‌ره‌و كاموسه‌ك، هه‌ر ئه‌و شه‌و بۆ به‌ری نازه‌نین په‌ڕینه‌وه، رۆژه‌كه‌ی له نێوان نازه‌نین و جه‌لی ماینه‌وه، ئێواره‌كه‌ی به‌ره‌و گوندی جه‌لی هاتینه خوارێ، من به ته‌نیا چوومه ناو گوندی، چوار كیلۆ په‌نیرم كڕی و هه‌ندێك نانم هێنا، دوایی له روباری جه‌لی په‌ڕینه‌وه و به‌ره‌و گركی سماقولی ئه‌چووین، من له كورگێسك هه‌تا له روباری جه‌لی په‌ڕینه‌وه زۆر شاره‌زا بووم، به‌ڵام دیوه‌كه‌ی ترم نه‌دیتبوو، باش بوو تۆفیق حه‌ریر و ئه‌حمه‌د عه‌وێنه هه‌ندێك شاره‌زاییان هه‌بوو تا گه‌یشتینه داربه‌سه‌ر، كه گه‌یشتین ئه‌م هاوڕێیانه له‌وێ بوون (هیمداد و دوو برای به ناوی خدر و خه‌لیل، مام بایز و كوڕی، ئه‌حمه‌د دیلان، عه‌باسی خوارزای عه‌لی مه‌ولود، عه‌وڵا حاجی برای مه‌لا نهفته، سه‌مه‌د حاجی مامه‌ند، ئه‌نوه‌ر ناسراو بوو به رۆسته‌م)، ژماره‌مان بوو به ٢٥ هاوڕێ، ١٥ رۆژ له ناوچه‌ی داربه‌سه‌ر ماینه‌وه، دوایی به‌ره‌و ئێران كه‌وتینه رێ، سه‌ركه‌وتین به‌سه‌ر چیاكانی كۆسره‌ت و ئاسۆس، چووینه گونده‌كانی سه‌ر به‌حرێ، وه‌ك باسه‌ران و كه‌لكان وچناران، ئه‌وانی دیم به‌بیر نه‌ماون، له باسه‌ران چووینه ماڵی حه‌مه سالح (برای مام جه‌لال)، مامه‌كه‌ی ناوی نه‌سڕه‌دین بوو، به رۆژ له ناو گه‌نمه‌كان خۆمان ئه‌شارده‌وه و به شه‌ویش بۆ نووستن ئه‌هاتینه‌وه ناو گونده‌كان، ئێواره‌یه‌كیان داوای یارمه‌تیمان له حه‌مه سالح كرد، گوتی من ئاماده‌م هه‌موو جۆره یارمهتیهكتان بده‌م، گوتمان ئهمانههوێت بمانپهڕێنیتهوه، ئیتر له‌گه‌ڵمان هات و چه‌ند كاتژمێرێك به رێگاوه بووین، كه هه‌موومانی په‌ڕانده‌وه ئیجا گه‌ڕایه‌وه، پاش چه‌ند شه‌و و رۆژ گه‌یشتینه ناو خاكی ئێران، كه گه‌یشتینه شارۆچكه‌ی بێوران له‌وێ ئازاد بووین ترسی گرتنمان نه‌ما، به ئاره‌زووی خۆامن به‌ره‌و ناوزه‌نگ و توژه‌ڵه كه‌وتینه رێ، باره‌گه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزب له‌وێ بوو، باره‌گه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستانیش له‌وێ بوو، له ناوزه‌نگ چاوم به دكتۆر كه‌مال خۆشناو كه‌وت، چاك و چۆنیهكی گه‌رمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد، (دكتۆر كه‌مال خۆشناو شه‌قڵاوه‌یی بوو و كاتی خۆی شوعی بوو و له یه‌ك شانه‌ی حزبی له‌گه‌ڵ من و فه‌ڕه‌نسۆ حه‌ریری كاری ئه‌كرد، چونكه فهڕهنسۆش له سه‌ره‌تادا شوعی بوو)، دوایی د. كه‌مال وتی ئه‌بێت سبه‌ی شه‌و لای من میوان بیت و هه‌موو هاوڕێیانی شه‌قڵاوه‌ش له‌گه‌ڵ خۆت بێنیت بۆ نان خواردن، منیش رازی بووم، بۆ سبه‌ی ئێواره‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك له هاوڕێیانی شه‌قڵاوه‌م له‌گه‌ڵ خۆم برد، د. كه‌مال چادرێكی له‌سه‌ر گردێك هه‌ڵدابوو، كه چووین دوو پێشمه‌رگه‌ی خه‌لكی شه‌قڵاوه‌ی له‌گه‌ڵ بوو، یه‌كه‌كیان ناوی نه‌بی بوو كوڕی مام ته‌ها (خارۆ)، ئه‌وه‌یتریان ناوی كاكه بوو، كوڕی ئیبراهیم حه‌مه‌ده‌مین قادر كچكه‌ی، د. كه‌مال خواردنێكی زۆری بۆ كردبووین، دوایی هێرۆ خانی ژنی مام جه‌لال هات، به‌خێرهاتنی كردین و نزیكه‌ی نیو سه‌عاتێك له‌گه‌ڵمان دانیشت، هێرۆ خان قاتێك جلی پێشمه‌رگایه‌تی له‌به‌ر بوو و دهبانجهیهكی له‌سه‌ر به‌ستبوو، ئێمه‌ش تا دوای ١٢ی شه‌و له‌لای دكتۆر ماینه‌وه و دوایی گه‌ڕاینه‌وه بۆ باره‌گای حزب له ناوزه‌نگ. ئه‌و كات رێگایان پێداین بۆ ماوه‌ی ١٥ رۆژ بچینه ناو شاره‌كانی ئێران، من و ئه‌حمه‌د شامی و تۆفیق حه‌ریری و مه‌حمود وه‌سمان و حوسێن زه‌خۆك، به یه‌كه‌وه چووین بۆ مه‌هاباد، حزب له مه‌هاباد مه‌كته‌بێكی كردبوه‌وه بۆ كارئاسانی كردنی هاوڕێیان و په‌یوه‌ندی كردن به‌لایه‌نه‌كانی دی، ئه‌م مهكتهبهش له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڕێیه‌كی سه‌ركردایه‌تی حزب به‌ڕێوه ئه‌چوو، رۆژێكیان له مه‌هاباد له ناو باخچه‌ی گشتی دانیشت بووین، چه‌ند گه‌نجێكی خه‌لكی مه‌هاباد هاتنه لامان و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردین، له ئه‌نجامی قسه‌كانمان ده‌ركه‌وت وه‌ك بیروباوڕ و تێگه‌یشتین زۆر له یه‌كتر نزیك بووین، بۆیه داوایان لێ كردین كه رۆژی دوایی بۆ نان خواردن بچین بۆ لای ئه‌وان، ئێمه‌ش رازی بووین، كه چووین زۆر به رێز پێشوازیان كردین و خواردنێكی زۆریان بۆ ئامادهكردبووین، رۆژی دوایی له ناو بازاڕی مه‌هاباد كه‌سێكم دیت به ناوی (حه‌مید وه‌ستا قادر) خه‌لكی شه‌قڵاوه بوو، كامیرایه‌كی وێنه گرتنی پێ‌بوو، كاك حه‌مید كاتی خۆی شوعی بوو، به‌ڵام ماڵه خه‌زوره‌كه‌ی پارتی بوون، بۆیه له ساڵی ١٩٧٤ له‌گه‌ڵ ماڵه خه‌زوره‌كه‌ی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌چێته ئێران، دوای چاك و چۆنی كردن پێی گوتم، كاك حه‌مه‌ده‌مین نه‌چوویته سه‌ردانی خێزانی ره‌شیدی كوڕی خاڵت؟ گوتم بۆ ماڵی ره‌شید لێره‌یه، گوتی ژنه‌كه‌ی و دوو منداڵی لێره‌ن، به‌ڵام كاك ره‌شید خۆی بزره، ئه‌ڵێن له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی دی ته‌سلیم به عێراق كراونه‌ته‌وه، داوام له كاك حه‌مید كرد كه له‌گه‌ڵمان بێت، ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك له هاوڕێیانی شه‌قڵاوه له‌گه‌ل كاك حه‌مید چووین، كاتێك ژنه‌كه‌ی ره‌شیدی حه‌مه‌دی باوه‌كری چاوی به من كه‌وت یه‌كسه‌ر گریا و به هه‌نسكی پڕ له سۆز گوتی، ره‌شیدیان لێ بزر كردم، قوڕم به‌سه‌ر كراوه نازانم چی بكه‌م، گوتم، ئه‌وه چۆن بوو؟ گوتی ماڵمان له یه‌زد بوو تا بڵێی كارمان باش بوو خانوی خۆمان هه‌بوو پێشه‌نگای ئۆتۆمبێل فرۆشتنمان هه‌بوو پاره‌مان زۆر بوو، ئێواره‌یه‌كیان ره‌شید چاوه‌ڕوانی مه‌لا بانگدانی ئه‌كرد، به‌ڕۆژی بوو، پیاوێك هات به ناوی عه‌لی برای ئه‌حمه‌د هه‌ركی گوتی، كاك ره‌شید وه‌ره كاك ئیدریس ئیشی پێته! ره‌شید پێی گوت، باشه ئه‌تۆ بڕۆ منیش رۆژی خۆم ئه‌شكێنم و دێم، عه‌لی گوتی، ئێستاكه ئه‌گه‌ڕێیته‌وه هه‌ر یه‌ك قسه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌كات، هه‌ر ئه‌و چوون بوو ئه‌وه نۆ مانگه بزره. ئه‌و رۆژه نانی نیوه‌ڕۆمان له‌لای خێزانه‌كه‌ی ره‌شید خوارد و دوایی گه‌ڕاینه‌وه بۆ مه‌كته‌بی حزب، له مه‌كته‌ب ئه‌و روداوه‌م به ته‌واوه‌تی بۆ هاوڕێ یوسف قه‌شه گێڕایه‌وه، یوسف قه‌شه گوتی با بۆ خۆی مێرد بكاته‌وه وا دیاره مێرده‌كه‌ی نه‌ماوه، منیش به‌و قسه‌یه‌ی یوسف زۆر دڵته‌نگ بووم، گوتم ئه‌گه‌ر حزب رێگام بدات ئه‌چم بۆ شاری شنۆ له‌وێ له‌لای پارتی سۆراغی ئه‌كه‌م، گوتی باشه بڕۆ سۆراغی بكه و نامه‌یه‌كی حزبیش هه‌یه بۆ براده‌رانی پارتی ببه، ماوه‌ی مانه‌وه‌م له ناو شاره‌كانی ئێران بۆ درێژكرایه‌وه له ١٥ رۆژ بۆ مانگێك و نامه‌یه‌كی پێچراوهیان دادهستم و به‌ره‌و شاری شنۆ به‌ڕێ كه‌وتم، له شنۆ چوومه باره‌گه‌ی قیاده‌ی موه‌قه‌ته كه ئه‌و كات كاك سامی عهبدولرهمان و ملازم حه‌سه‌ن له‌وێ بوون، خۆم پێناساندن كه من ئه‌ندامێكی حزبی شوعیم و نامه پێچراوهكهم دانێ، زۆر رێزیان گرتم و خۆشحالی خۆیان ده‌ربڕی به‌وه‌ی كه حزبی شوعی حكومه‌تی عێراقی به‌جێ هێشتوه، كاك سامی گوتی ئه‌وه حزبی شوعیه به زووترین كات حكومه‌تی عێراق ئهروخێنێ، دوای ئه‌وه گوتم كاك سامی من كوڕه خاڵێكم هه‌یه به ناوی ره‌شید حه‌مه‌د باوه‌كر ئه‌وه نۆ مانگه بزره، گوایه كاك ئیدریس به‌دوایدا ناردوه، به‌لكو سۆراغێكم بۆ بكه‌ن، با ژنه‌كه‌ی بزانێت چی به‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی هاتوه، گوتیان دڵنیابه بۆت ئه‌پرسین، به‌ڵام باوڕت بێت ئه‌و كه‌سه له‌لای ئێمه نیه، كاك ئیدریسیش به‌دوای نه‌ناردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێستا كاك مه‌سعود دێته ئێره، لێره‌ش یه‌كسه‌ر بۆ نان خواردن ئه‌چێته ماڵی عسمه‌ت خان، تۆش له‌گه‌ڵ ئێمه وه‌ره، خۆت راسته‌وخۆ به كاك مه‌سعود بڵێ، كه چووین كاك مه‌سعود پێشمه‌رگه‌یه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، هه‌ر هه‌موویان نانیان له ماڵی عیسمه‌ت خان خوارد، دوای نان خواردن كاك ملازم حه‌سه‌ن به كاك مه‌سعودی گوت، ئه‌وه كاك حه‌مه‌ده‌مینه ئه‌ندامێكی حزبی شوعی عێراقه نامه‌یه‌كی له حزبی شوعی بۆ هێناوین، خۆشی كارێكی تایبه‌تی خۆی به جه‌نابت هه‌یه، كاك مه‌سعود ده‌ستی خسته سه‌ر شانم و گوتی فه‌رموو كاك حه‌مه‌ده‌مین، گوتم، كاك مه‌سعود كوڕه خاڵێكم هه‌یه به ناوی ره‌شید حه‌مه‌د باوهكرد نۆ ماگ پێش ئێستا كاك ئیدریس كه‌سێكی به ناوی عه‌لی به‌دوادا ناردوه، له‌و كاته‌وه بێ سه‌ر و شوێنه، كاك مه‌سعود گوتی، بڕوا بكه كاك حه‌مه‌ده‌مین ئیدریس ئاگای له‌و جۆره كرده‌وانه نیه، به‌ڵام بۆ خاتری تۆ و حزبه‌كه‌ت داوا له ئیدریس ئه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی له باره‌وه بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ر زانیاریێكمان ده‌ست كه‌وت ئه‌وا له رێگای حزب ئاگادارت ئه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام دووباره ئه‌كه‌مه‌وه ئه‌و ئیشانه هیچ په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نیه، بۆ رۆژی دوایی كاك سامی نامه‌یه‌كی پێچراوی داپێم و منیش گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌هاباد بۆ مه‌كته‌بی حزب، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌كه‌م دایه ده‌ست هاوڕێیان چوومه لای خێزانی ره‌شید، گوتم كاك مه‌سعود ئه‌ڵێت ئێمه ئاگامان له‌و كاره نیه، دیار بوو ژنه‌كه‌ی ره‌شید هه‌واڵی ئه‌وه بۆ هاتبوو كه گوایه ره‌شید له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی دی دراوه‌ته ده‌ست حكومه‌تی عێراق و له زیندانی ئه‌بو غرێبه، ژنه‌كه‌ی ره‌شید داوای لێ كردم كه له‌گه‌ڵ ئه‌و و دوو ژنیتر بچم بۆ یه‌زد، ئه‌و دوو ژنه‌ش بێ پیاو بوون، گوتی ئێمه هه‌رسێكمان بێ پیاوین، یه‌زد زۆر دووره وا باشه پیاوێكمان له‌گه‌ڵ بێت، گوتم باشه من له‌گه‌ڵتان دێم، له مه‌هاباد چووین بۆ تاران و له‌وێوه بۆ یه‌زد، چووینه ماڵی حه‌سه‌ن مو‌سا، خه‌لكی عێراق بوو ئامۆزای كه‌ریم عه‌بدولخالق بوو، زاوای مه‌لازاده‌ی شه‌قڵاوه‌ی، كه گه‌یشتینه ماڵی كاك حه‌سه‌ن به منیان گوت به ته‌نها مه‌چووه ده‌ره‌وه چونكه فارسی نازانی، دوو رۆژ له یه‌زد ماینه‌وه، نامه‌ی هه‌ر شه‌ش كه‌سه‌كه له ئه‌بو غرێب هاتبوو، به‌وه دڵنیا بووین، كه گه‌ڕاینه‌وه، له تاران ئه‌وان چوون بۆ سه‌فاره‌ی عێراقی، له‌وێ خۆیان ناونوس كرد بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق، هه‌ر خێزانی ٣٠٠ دیناریان پێدان بوون، دوایی ئه‌وانم ره‌وانه‌ی مه‌هاباد كرد و خۆم له تاران له ماڵی جه‌لالی مام ته‌های گه‌ره‌وانی مامه‌وه، بۆ رۆژی دوایی چووم بۆ قه‌زوێن بۆ ماڵی كاك تاهیر حاجی حه‌سه‌ن، خه‌لكی شه‌قڵاوه بوو، دوو شه‌وان له ماڵی كاك تاهیر مامه‌وه، تا ئه‌حمه‌د زه‌خۆك هات، هه‌واڵمان بۆی نارد بوو، ماڵی كاك ئه‌حمه‌د له مازه‌نده‌ران بوو، له ناوچه‌ی فه‌ره‌یدون كه‌نار، له‌سه‌ر ده‌ریای ره‌ش، له سنوری سۆڤیه‌تی ئه‌و كات، له ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه تا كاك ئه‌حمه‌د هات چوومه سه‌ردانی مه‌لا غه‌ریب، مه‌لا غه‌ریب كاتی خۆی لێپرسراوی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كه منی دیت زۆر دڵی خۆش بوو، بهخێرهاتنهكی گه‌رمی كردم و گوتی، خاك به‌سه‌ری حكومه‌تی عێراق تا ئێستا به واسته‌ی حزبی شوعی مابوو، جا بزانه پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م چۆن ئه‌روخێ! دوای ئه‌وه كه ئه‌حمه‌د هات له‌گه‌ڵی چووم بۆ مازه‌نده‌ران، ٧ رۆژ له مازه‌نده‌ران له ماڵی كاك ئه‌حمه‌د كاك مه‌حه‌مه‌د عه‌لی ئۆمه‌ر بووم، هه‌ردوكیان به یه‌كه‌وه پیكابێكیان هه‌بوو، زۆریان گه‌ڕاندم، دوایی گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌هاباد، بۆ مه‌كته‌بی حزب، هێشتا ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ناوزه‌نگ ته‌واو نه‌بوو بوو، چومه‌وه سه‌ردانی خێزانی ره‌شیدی كوڕی خاڵم، گوتی له كاتهكی باش هاتی، ئه‌و كابرایه ناوی حه‌سه‌ن عه‌لی-ه (ئه‌و كابرایه كاتی خۆی عه‌ریفی شورته بووه له شاری كۆیسنجاق) دهبانجهیهكی لێ وهرگرتیمه هه‌ر چه‌ند ئه‌كه‌م نامداته‌وه، (ئه‌مانه هه‌موویان له خانوه چۆلكراوهكانی جوله‌كه‌كان كۆكرابوونه‌وه)، منیش چووم بۆ لای ئه‌م حه‌سه‌ن ناوه گوتم، من ئه‌و دهبانجهیهم له‌و ژنه به ٤٠٠ دینار كڕیوه، ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێ ٤٠٠ دیناره‌كه‌ی من بده‌وه، گوتی نا من نامه‌وێ، دهبانجهكهت ئه‌ده‌مه‌وه، منیش دهبانجهكهم برد بۆ بۆكان له‌وێ به ٤٠٠ دینار فڕۆشتم، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناوزه‌نگ چوومه‌وه لای خێزانی ره‌شید پێم گوت، باش گوێ بگره، من به‌یانی ئه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ شاخ، دوای من بڵێ ئه‌و پیاوه به ناوی خزمایه‌تی هه‌رچی پاره و زێڕم هه‌بوو هه‌مووی برد و رۆیشت، بڵێ ئه‌ی هاوار ئێستا من چۆن ئه‌و حه‌مه‌ده‌مینه بدۆزمه‌وه؟؟!! به‌ڵام رۆژێك پێش سه‌فه‌ركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ت بڕۆ بۆ بازاڕ پاره‌كه‌ت هه‌مووی به زێڕ و مافور بده، زێڕ و مافور له عێراق نرخیان به‌رزه، پاره له‌گه‌ڵ خۆت مه‌به‌وه، من گه‌ڕامه‌وه بۆ چیا، دوایی زانیم كه ئه‌و ژنه به قسه‌ی كردبوو. كه گه‌ڕامه‌وه بۆ شاخ هێشتا باره‌گه‌ی حزب له ناوزه‌نگ بوو، ناكۆكیه‌كی زۆر له نێوان ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزب هه‌بوو، منیش به گشتی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی حزب نه‌بووم، هه‌ستم نه‌ئه‌كرد كه بتوانین به شێوه‌یه‌ك خه‌بات بكه‌ین كه بنه‌مای هێزمان له خۆمان و له خه‌لكه‌وه بێت، ئه‌وه‌ی من ئه‌مدی ئه‌وه بوو كه ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی به‌و ئاڕاسته بیریان ئه‌كرده‌وه كه ئه‌م جاره بچینه‌وه ژێر ركێفی لایه‌نه سیاسیه‌كانی دی، له‌كاتێك كه ئێمه تازه له ژێر ركێف و ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس دهرچوبووین، رۆژێكیان هاوڕێ نوری ئه‌بو تارا بانگی كردم، له‌ناو قسه‌كانیدا گوتی، به‌ڕاستی مام جه‌لال سهركردیه، مام جه‌لال تێكۆشه‌ره، تۆ سه‌یر بكه چۆن توانی شۆڕش ههڵگیرسێنێتهوهو زیندوی بكاته‌وه، به‌و قسانه‌ی ئه‌بو تارا هه‌ر به یه‌كجاری روخام و باوڕم به هیچ نه‌ما، به ئه‌بو تارام گوت، ئه‌وه چه‌ند ساڵه سه‌دام حوسێنتان لێ كردین به كاسترۆ، ئێستاش جه‌لال تالهبانیمان لێ بكه‌ن به گیڤارا!!!!! به توڕه‌یه‌وه گوتم، ئه‌ی ئێمه خۆمان چین؟ بۆ ئه‌بێت به‌رده‌وام پاشكۆی لایه‌نه‌كانی دی بین؟؟؟!!! ئێوه هیچ باوڕتان به خۆتان نیه، دوای ئه‌وه چووم بۆ لای هاوڕێ ئه‌بو سیروان، گوتم، هاوڕێ نوری به‌و شێوه‌یه قسه ئه‌كات!! ئه‌بو سیروان گوتی، ئه‌وه بۆچونی خۆیه‌تی، گوتم، ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆچونی خۆیه‌تی، بۆی هه‌یه له كۆبونه‌وه‌كان باسی لێوه بكات، نه‌وه‌ك له‌ملاو ئه‌ملا، تۆش باش ئه‌زانی تێگه‌یشتنی من سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نانه چۆنه، من وا ئه‌بینم حزب ئه‌یه‌وێت بچێته ژێر ركێفی لایهناكانی دی، (هاوڕێ خدر روسی ئاگاداری بۆچون و تێگه‌یشتنه‌كانی من بوو، چونكه ئه‌و كات به‌رپرسی من بوو)، هاوڕێ ئه‌بو سیروان زۆر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دام بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌رمتر ته‌ماشای ئه‌و بار و دۆخه‌ی حزب بكه‌م، به‌ڵام من هیچ باوڕم به حزبی شوعی نه‌مابوو، بۆیه به ئه‌بو سیروانم گوت، من ئه‌گه‌ڕێمه‌وه، هاوڕێ به‌بو سیروان زۆر سه‌ری سهڕما له‌و بڕیاره‌ی من، گوتی هه‌رگیز شتی وا نابێت، گوتم، ته‌واو من باوڕم به حزب نه‌ماوه، من پێم وایه حزب كۆتایی هاتووه، بۆ ئه‌وه‌ش زۆر به‌داخه‌وه‌م، هاوڕێ ئه‌بو سیروان زۆر دڵته‌نگ بوو به‌و قسه و بڕیاره‌ی من، زانی كه من خۆم یه‌كلا كردۆته‌وه بۆیه پێی گوتم، لایه‌نی حزبیش له‌ولاوه دانێ، به‌ڵام من به‌جێ مه‌هێڵه، گوتم، ببوره ناتوانم، ناتوانم له‌وه زیاتر له‌گه‌ڵ حزبێك كار بكه‌م كه هه‌ر رۆژه‌و له ژێر ركێفی لایه‌نێك دابێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی به‌كار هێنا و سودی نه‌بوو، ویستی به‌وه بمترسێنێت كه ژیانم ئه‌كه‌وێته مه‌ترسی، گوتی هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین دڵنیابه حكومه‌ت ئه‌تكوژێ، تۆ ئه‌وه چاك ئه‌زانی، گوتم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌گه‌ڕێمه‌وه، به هه‌ناسه‌یه‌كی سارد گوتی مه‌حمود له‌گه‌ڵ خۆت ئه‌به‌یته‌وه؟ گوتم ته‌نها ئاگاداری ئه‌كه‌مه‌وه كه من به یه‌كجاری ئه‌گه‌ڕێمه‌وه ئیتر مه‌حمود خۆی ئازاده، ئه‌و كات هاوڕێ مه‌حمود له فڕنی نانی ئه‌كرد، چوومه لای و ئاگادارم كرده‌وه، گوتم، مه‌حمود من ئه‌گه‌ڕێمه‌وه تۆش ئازادی، به‌ڵام تكات لێ ده‌كه‌م لای كه‌س باسی مه‌كه، گوتی، من جارێ نایه‌مه‌وه، هه‌وڵئه‌ده‌م بتوانم خۆم راگرم، ئه‌گه‌ر خۆم بۆ رانه‌گیرا ئه‌وه منیش دێمه‌وه، دوای من مه‌حمود چوبووه لای هاوڕێ ئه‌بو سیروان و پێی گوتبوو، هاوڕێ، مام حه‌مه‌ده‌مین ئه‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌بو سیروان گوتوبووی، ئه‌ی تۆ؟ مه‌حمود پێی گوتوبوو، من ناگه‌ڕێمه‌وه، جارێكی‌تر هاوڕێ ئه‌بو سیروان هاته‌وه لام گوتی، هاوڕێ حه‌مه‌ده‌مین مه‌گه‌ڕێوه حوكمه‌ت ئه‌تكوژێ، تكایه هاوڕێ گیان به‌جێم مه‌هێڵه، من له‌و بڕیاره‌ی خۆم په‌شێمان نه‌بوومه‌وه و له ٢٥ی ٨ی ١٩٧٩ به رێگای... هاتمه‌وه شاری قه‌ڵادزه، له‌وێ بۆخۆم چووم بۆ دائیره‌ی ئه‌من، گوتم، من پێشمه‌رگه‌ی حزبی شوعی بووم و وازم هێناوه و هاتومه‌ته‌وه، گوتیان، ناوت چیه و خه‌لكی كام شاری؟ گوتم، ناوم حه‌مه‌ده‌مین مه‌حمود ره‌سوڵه و خه‌لكی شهقڵاوم، گوتیان له شه‌قڵاوه چویته ده‌رێ و بووی به پێشمه‌رگه؟ گوتم به‌ڵێ، ئێستاش ماڵم له شه‌قڵاوه‌یه، ئه‌وانیش ٥٠ دیناریان پێدام و گوتیان ئه‌توانی بچیته‌وه شه‌قڵاوه، له‌وێش وا باشه به زووترین كات بچیته دائیره‌ی ئه‌منی شه‌قڵاوه، منیش له رێگای كۆیه هاتمه‌وه هه‌ولێر و له‌وێش بۆ شه‌قڵاوه، تا گه‌یشتمه‌وه ماڵیش كه‌س قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردم، له شه‌قڵاوه‌ش خۆم چووم بۆ دائیره‌ی ئه‌من، له‌وێ ده‌ستیان كرد به لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵم، پرسیاریان لێكردم پایه‌ت چی بوو له ناو پێشمه‌رگه‌دا؟ گوتم، ته‌نها پێشمه‌رگه بووم، هیچ پایهیێكم نه‌بوو، دوای چه‌ندین پرسیاری له‌م شێوه‌یه پرسیارێكیان لێكردم بوو به مایه‌ی سه‌رسوڕمانم، گوتیان، حزب داوای لێكردی كه بێیته شه‌قڵاوه و چاڵاكی ئه‌نجام بده‌ی! بۆ نه‌تكرد؟ گوتم، شتی وا نییه، ئه‌گه‌ر حزب ئه‌و كات هه‌ر داوایه‌كی له من كردبایه جێ به‌جێم ئه‌كرد، ئه‌وان زۆر له‌سه‌ری نه‌ڕۆیشتن، به‌ڵام من له ناوه‌وه‌ی خۆم زۆر پێی په‌ست بووم، چونكه راستیان ئه‌كرد، ئه‌و كاته‌ی كه له چیای ره‌زگه‌ی دیوێن بووین هاوڕێیان نه‌جمه‌دین مامۆ و ئه‌حمه‌د عه‌وێنه و تۆفیق حه‌ریری داوایان لێكردم كه بچمه شه‌قڵاوه و تفه‌نگ له كه‌سێك بستێنم كه (جیش الشعبی) بوو، به‌ڵام من ئه‌و كاره‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌شم زانی كه هاوڕێ نه‌جمه‌دین بۆ سه‌ركردایه‌تی حزبی نووسی بوو كه من فه‌رمانه‌كانی ئه‌وان جێ به‌جێ ناكه‌م، من زۆرباوڕم به‌و هاوڕێیانه هه‌بوو، هه‌رگیز گومانی ئه‌وه‌م لێ نه‌ئه‌كردن كه هیج پهیوهندیێكیان به ئه‌من و موخابه‌رات هه‌بێت، بۆیه كه له دائیره‌ی ئه‌منیش به‌ڕێیان كردم، ئه‌و پرسیاره سه‌ری منی ته‌واو جه‌نجاڵ كردبوو، تا رۆژێكیان براده‌ر و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست و جێی باوڕ و متمانه‌م بینی به ناوی (مامۆستا ئیسماعیل مه‌لا مه‌حه‌مه‌د، كه له شه‌قڵاوه به ئیسماعیل مه‌لاژن ناسراوه)، ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منم بۆ گێڕایه‌وه و پێم گوت، ئه‌و پرسیاره‌ش له هه‌مووی زیاتر سه‌ری سورماندووم، هه‌موو باسه‌كه‌م به وردی بۆ گێڕایه‌وه، مامۆستا ئیسماعیل گوتی، من له‌و باوڕه‌دام دوای ئه‌وه‌ی هاوڕێ نه‌جمه‌دین له‌سه‌ری نووسیوی بۆ سه‌ركردایه‌تی حزب، له‌وێ واته له سه‌ركردایه‌تی حزب كه‌سێك هه‌بووه كه ئه‌م زانیاریه‌ی به ئه‌منی شه‌قڵاوه گه‌یاندوه، به‌و بۆچونه‌ی هاوڕێ ئیسماعیل باوڕم هات، چونكه ئه‌م سێ هاوڕێیانه‌ی سه‌ره‌وه زۆر جێگای باوڕ بوون. ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
