ھەم یان نیم؟!!!! ماھر علی - ستۆكھۆلم - سوید

ئەمە پرسیارێكی زۆر ناسراوە لە ناوەندی شانۆ و شانۆكاراندا، گرنگی ئەم پرسیارە لەوەدایە كە دەتوانیت بە جۆرەھا شێواز بە كاری بێنی و بۆ جۆرەھا مەبەست. ئێمەی كوردیش دەكارین وەكو ھاملێت بە كاری بێنین و ئەو پرسیارانە لە خودی خۆمان و سیاسیەكانمان بكەین. بۆ نموونە: ئێمە ھەین یا نین؟ ئێمە مردووین یا زیندوین؟. ئەوەتەی ھەین، ئێمە نین. مێژووی ئێمە لە پێش مێژووی لە دایك بوونی حەزرەتی مەسیحیشەوەیە و لەو ساتانەوە لەسەر خاكێك دەژین كە پێی دەڵێن كوردستان. كەچی تاكو ئێستا لە لای داگیركەرانی كوردستان و خەڵكەكەیەوە پێی دەڵێن شمال، و ھەندێ جاریش پاشگرێكی حەبیبی پێوە دەنێن و دەیكەنە (شمالنا الحبیب) .

بێگومان ئەو حەبیبە مانای خۆشەویستیە و بۆ زێڕە ڕەشەكە دەگەڕێتەوە، نەك بۆ ئێمەی كورد.

ڕۆژێك لەم ڕۆژانەدا لە یەكێ لە سەنتەرەكانی شاری ستۆكھۆلم لەسەر كورسیەكی بەر ھەتاوەكە دانیشتبووم و چاوەڕێی خێزانەكەم دەكرد، پیاوێكی بەتەمەن ھاتوو سڵاوێكی بە عەرەبی كرد، لەسەر كورسیەكەی تەنیشتمەوە دانیشت. خەڵكی ناو گۆرەپانەكە تەواو سەرنجی ڕاكێشابووم و بە ناو یەكدا دەھاتن و دەچوون و ھەر یەكە و بە كارێكەوە خەریك بوو، ھەندێكیان سەوزە و میوەیان دەفرۆشت و ھەندێكیش دەیان كڕی. كۆمەڵێك ژن و پیاو رێكلامیان دەبەخشییەوە و قسەیان لەگەڵ خەڵكی دەكرد، كۆمەڵێكی تر لەولاوە بە ھەمان شێوە ڕێگەیان بە مرۆڤەكان دەگرت و شتیان بۆ باس دەكردن، لە دوایدا بۆم دەركەوت كە ئەمانە ھەر یەكەیان سەر بە حیزبێكی جیاوازەو ڕێكلامیان بۆ حیزبەكەی خۆیان دەكرد، بێ ئەوەی لە یەكتری بكەون یان مۆڕە لەیەكتر بكەن یان قسەی ناشرین بە یەكدی بڵێن.

لەو ساتانەدا بوو پیاوێكی تری بە تەمەن بە خۆی و گۆچانەكەیەوە ھات و سڵاوی كرد و ئێمەش وەڵاممان دایەوە. پیاوەكەی كە زووتر لەوێ بوو ھەستا و بە زمانی عەرەبی بە خێرھاتنی كرد و لە ھەواڵی پرسی، ئەویش وەڵامی دیەوە كە لە كوردستان بووە. پیاوەكەش پرسیاری كرد، ھا ابو كمال، شمال چۆن بوو؟ باش بوو خۆش بوو لە كەركوك باشترە. لەوە دەچوو من شوێنیانم گرتبێ و دانیشتبێتم. پاش كەمێكی تر پیاوێكی تێكسمڕاوی ورگن پەیدابوو، ھەر لە دوورەوە ھا ابو كمال وێنك انت؟ ھا ابو كمال لە كوێیت و دیار نیت؟ ئەو ڕۆژە خزمێكتم بینی ھەواڵی تۆم لێپرسی ووتی لە عێراقە و لە شمالە. بەڕاست شمال چۆن بوو؟

وەڵا خۆش بوو ئەرزەیەكم ھەبوو ویستم بیفرۆشم بەڵام بەڕاستی ئەو نوسینگانە ساختەچین و دەست بڕن.

وایە لە ھەموو شوێنێك ئەو نوسینگانە خەریكی فرتو فێڵن، پیاوە وورگ زلەكە وەڵامی دایەوە.

با من لە باسەكەی خۆم دوور نەكەومەوە، ھەموو تاكێكی ئەو ووڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا بەش كراوە ئاوا بیر دەكەنەوە و ھەندێ لە خەڵكی خۆشمان وەكو ئەوانن.

لە توركیا پێمان دەڵێن توركی شاخاوی (ئەوە تازە خەریكن دەگەنە ڕاستی كە كورد نەتەوەی دووەمە لە توركیا) . من لەو باوەڕەشدام كە خەڵكەكەی ھەر بە توركمان دەزانن.

لە ئێران ھەر بە ئێرانی بە ناوبانگین و ئێران ئێرانە و ھەموومان ئێرانین، تەنانەت زۆرێك لەو كوردانەی ئێرەش منداڵەكانیان بە فارسی دەیانخوێند.

لە سوریاش بە گوێرەی دەستوری ئەو ووڵاتە كورد، بوونی نییە.

لە عێراقی بەناو فیدرالیش تاكو نھا شمالنا الحبیب لەسەر زارانە و خەڵكەكەشی چیبكات گوناحن دەمیان وا ڕاھاتووە. من نازانم ئەو پرسیارەی سەرەوە ئاراستەی كێی بكەم. كەی ئێمە لەو شمالە ڕزگارمان دەبێت و دەبینە كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ. تاكەی بیر لەوە ناكەنەوە كە وەك نەتەوەیك سەیر بكرێین؟

كەواتە... ... ...

من ھەم یان نیم؟... ...

 ماھر علی - ستۆكھۆلم - سوید


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 501 guests and no members online