كه‌سی یه‌كه‌م: كه‌سێكی سه‌یری، زمانت وا ده‌ڵێت، بالێت بپرسم (تۆ) له‌كام شوێنی خه‌ونه‌كانی خۆت دایت؟
تۆ كوڕی كا
میانی؟ به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامێكت هه‌بێت، ڕێگه‌م بده بونت بخوێنمه‌وه (تۆ) ده‌مێكه گومان له خه‌ونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی خۆت ده‌كه‌ی.. ڕێگه‌م بده باله‌وه زیاتر ڕێگه‌ت نه‌ده‌م له‌سه‌ر ئیهانه‌كردنم به‌رده‌وام بیت؟!
(كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وه‌ێت قسه‌كانی پێببڕێت و كه‌سی یه‌كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌كردن)
بهێڵه با (تۆ) وه‌ك ئه‌و (تۆ) یه‌كی خاوه‌ن شوناسی خۆت بتخوێنمه‌وه... ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌ی بانگه‌شه مه‌رگه بۆ هه‌ردوكمان.
كه‌سی دوهه‌م: كام بانگه‌شه‌ی مه‌رگ؟ ئه‌وه (تۆ) چی بونه‌وه‌رێكی خه‌سیویت له نێو مێشكی خۆتدا؟
دیاره له‌و كاته‌وه خه‌سیویت كه ئیراده‌ی خۆتت دایه ده‌ست مانایه‌كی هیچه‌وه، ئه‌م خۆ سڕینه‌وه‌ت له كێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ تۆ...
(كه‌سیی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: تۆ كابرا، له‌ژێر سێبه‌ری باڵای كام (مژده) دا وون بویت؟ بۆ ده‌ته‌وه‌ی به‌ناوی قوربانییه‌وه له خۆێنی من ده‌ست نوێژێك هه‌ڵبگری؟ له‌وه‌زیار وون مه‌به و به‌ناوی (غه‌زای) عه‌قڵه‌وه له كۆڵانه تاریكه‌كانی ناختا مه‌حشه‌رێك مه‌خولقێنه و من مه‌خه‌ره به‌ره‌ی ئه‌هلی كوفره‌وه.
كه‌سی دوهه‌م: گێلی... زۆریش گێلی
كه‌سی یه‌كه‌م: داڕوخاوترین مه‌خلوقی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆتی
كه‌سی دوهه‌م: له‌نێو حیكمه‌تی هێماكاندا وه‌ره‌ده‌ره‌وه، چاوه‌ڕوان مه‌به لێت بپرسن چی ده‌كه‌ی؟ هه‌میشه به‌خۆت بڵی، له‌گه‌ڵ كێدابم باشتره!
به‌دمه‌ستێكی وه‌ك تۆ نه‌بی هه‌موكه‌س ده‌زانێت (نــان) له‌تاریكدا چنگ ناكه‌وی ئه‌گه‌ر مۆمێكت بۆهه‌ڵ نه‌كه‌ن.
كه‌سیی یه‌كه‌م: نــان... ؟ تاریكی... ؟ تاریكی ئه‌مڕۆ به هه‌ڵكردنی هه‌مو مۆمی دونیا كۆتای نایه‌ت... ئه‌م تارییكه‌یه‌ی له تاریكی ئه‌قڵه‌كانی ئێوه‌دا به‌رهه‌م هاتوه، به‌گڕی دۆزه‌خیش ڕوناك نابێته‌وه، هه‌مو شتێك تامێكی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دات ئه‌گه‌ر سه‌ر بۆشۆڕكردنه‌وه‌ی تـێدابێت.
كه‌سی دوهه‌م: هه‌ڵده له‌و هه‌مو جه‌نجاڵییه‌ی نێو سه‌رت كه‌قسه‌ی قۆڕ بۆی دروستكردویت... ئه‌م قسانه‌ت توانای دروستكردنی دنكه شقارته‌یه‌كیان نیه تا له تاریكی نێو ئه‌عقڵت ڕزگارت بكه‌ن، به‌كه‌ڵكی چی دێت قسه‌ی سواو؟ بزانه له‌م بێده‌نگیه‌دا چی ده‌كه‌ی؟ ئێره خۆشتره یان ماڵی شه‌هوه‌ت؟
كه‌سی یه‌كه‌م: تۆهێشتا نازنی بڵێیت: (بۆچی تۆ له‌من ناچیت) به‌ڵكو وافێركراویت بڵێیت: (نابێت له‌من نه‌چیت، نابێت نه‌بی به من) .
بۆده‌بی من خۆم نه‌بم؟ بۆده‌بێت ئێمه خۆمان نه‌بیت؟ بۆزمانی غه‌زه‌ب به‌سه‌رماندا ئه‌بارێنن و پێمان ده‌ڵێن: (نابێت وه‌ك ئێمه نه‌بن؟) .
مردنی كه‌سێك، ئیهانه‌كردن و سوككردنی كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌عقڵی ڕزیووت ڕاناچه‌ڵه‌كێنێت.. ئیدی چ بكه‌م له‌چێژی ئه‌و ماڵه‌ی پڕبێت له‌شه‌هوه‌ت؟ ئه‌وه بی ویژدانیه وێنه كاڵه‌كانی ژیان به‌ڕه‌نگی ئه‌و (مۆم) انه تۆخ بكرێته‌وه كه به‌گـڕی شه‌هوه‌ت پێكرابن، ته‌نها ووشه شك ئه‌به‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌وم نه‌بێت، وه‌ك تۆ ده‌بمه چه‌رمێكی ئاوساو له‌خه‌ونی پیس.
كه‌سی ده‌وهه‌م: ئه‌وه‌نده‌ڕقت له‌خۆت نه‌بێت باشتره، بۆ واهه‌ست ده‌كه‌ی هه‌میشه كه‌سێك هه‌یه به‌دواته‌وه هاوارت لێده‌كات؟ ئه‌وه هـاژه هـاژی ناخی ڕقاویته ئارامی لێبڕیوت... ئارامی ته‌نها لای منه (به‌گاڵته‌پێكردنه‌وه) منیش له باوه‌شی ئه‌واندا پێی ئاشنابوم، ته‌نها له باوه‌شی گه‌وره‌یی ئه‌واندا ده‌توانی ناشرینی ئه‌و بچوكییه‌ت بشاریته‌وه، دوو دڵ مه‌به ته‌نها هه‌نگاوێك به‌سه بۆ خۆ گه‌وره‌كردنت، ئیدی به‌م هاش و هۆشه‌ی ناخت بی ده‌نگیی ئێره مه‌شێوێنه!.
كه‌سی یه‌كه‌م: به‌زمانێكی لێوان لێو له درۆ و گۆمڕای ئێره پڕمه‌كه له‌بێَده‌نگی، ده‌بی هه‌میشه مه‌منونی ئه‌وسیحره‌بیت هه‌ڵی لوشیت بۆ باوه‌شی جه‌نڕاڵه شه‌هوانیه‌كانت، ده‌بی مه‌منون بی له‌و هه‌مو خه‌ونه گه‌ورانه‌ته‌وه پڕیانكردیت له بچوكی،
ئای ئه‌وه چ هه‌ستێكه نیگات له‌ئاست ڕاستیدا پڕده‌كات له خوی؟
(كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وه‌ێت قسه‌بكات كه‌سی یه‌كه‌م ڕێگه‌ی نادات)
هه‌رده‌م ده‌كه‌یته‌وه بۆنی گوشتێكی سوتاو ده‌كه‌م، بیابانێك له‌خوی كرمه‌كانی ناخت نـاڕزێنێت... ئه‌وه‌چی ئامێزێكی گه‌رمه ناهێلێت جه‌سته‌ت ڕه‌ق بێته‌وه له‌شه‌رمه‌زاریدا؟
كه‌سی دوهه‌م: تۆ...
(كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: هه‌ركه با‌نگم ده‌كه‌ی جی ژوانی ماچه‌كانم بێهێنه‌مه نێو هه‌ناسه‌ی شه‌هوانیتانه‌وه، چاقه‌كانم گۆج ده‌بن، زمانم ده‌سوتی، گوێكانم كوێرده‌بنه‌وه... ئیدی به‌سه ده‌م مه‌كه‌ره‌وه با له وه‌زیاتر نه‌سوتێم.. ئیدی..
(كه‌سی دوهه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت)
كه‌سی دوهه‌م: په‌رداخێك ئـاو ناخۆیته‌وه، ئاوی ســارد؟
بێده‌نگی
كه‌سی یه‌كه‌م:هیچ گه‌له گورگێك له ده‌ره‌وه كه‌ڵپه‌ی بۆمل شكاندنت ئا ماده‌نه‌كردوه، بۆچی له‌ته‌نیشت گه‌وره شوانه‌كه‌تدا، شه‌ڕ به‌سه‌وزایی سروشت ده‌فرۆشی؟خۆزگه به‌وه‌ت ده‌زانی چی گورگێكی ناشرینی.
كه‌سی دوهه‌م: (پێده‌كه‌نێت) له‌ده‌لاقه‌ی كام خۆزگه‌ته‌وه بێمه ژوره‌وه، تاپێت بڵێم ئه‌و ئارامییه‌ی واهه‌ست ده‌كه‌ی له‌سه‌ری پڕله هیچه‌تداكۆتكردو وه‌ته‌وه، پڕه له هه‌ناسه‌ی سارد؟ له‌كام لاوه، به‌ر به هه‌ناسه‌ی ژه‌هراویت بگرم تائه‌م بێده‌نگیه نه‌شێوێنی كه نه‌وه به نه‌وه‌ی (شۆڕش) له تـابوتی مه‌رگدا، زیندویانكردو وه‌ته‌وه؟
چیته.. پێشه‌نگی ئه‌وه‌نده چێژ به‌خشه واجاڕای شۆڕش كردن بۆ ئه‌ده‌ی؟ ئه‌گه‌ر تینوته با په‌رداخێك ئاوت بۆبێنم.. ئاوی حــه‌یــات؟!.
كه‌سی یه‌كه‌م: به بچوكی خۆت گه‌وره‌یم له‌كه‌دار مه‌كه، ئه‌و ئاوه‌ی ده‌ته‌وه‌ی ده‌رخواردی منی بده‌ی خۆت نۆشیبكه، تا پاروی سه‌رشۆری نه‌یخنكاندویت.
من نامه‌وێ وه‌ك تۆ له‌نێو پێچی پشتوێنی یپاوه گرگنه‌كانی دیوه‌خانه‌كه‌تاندا وون بم... گونهای من نییه بچوك نابمه‌وه... ئه‌وه بچوكی تۆیه خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك ئاوی مل شۆِری به‌شۆڕشكردن ده‌زانی.
كه‌سی دوهه‌م: (به‌توڕه‌بونه‌وه) به‌سه بۆڵه بۆڵ، به‌سه خۆگێل كردن!
كه‌سی یه‌كه‌م: (به‌توڕه‌بونه‌وه) به‌س نیه خۆ فرۆشتن؟ به‌س نیه خۆڵ له چاوكردن؟
(بێده‌نگیه‌كی كورت)
كه‌سی دوهه‌م: له خوا بپاڕێره‌وه با لاڵت نه‌كات، شۆڕش پڕه له حیكمه‌ت، پڕ له ئیمان...
قوربانی ئازادی بم وافیری كردویت هه‌مو جۆره‌كانی ڕشانه‌وه تاقی بكه‌یته‌وه... هه‌ی گرگن... ئه‌قڵ پوچ... شۆڕش هه‌رچی هه‌ناسه‌ی دزراو بوو گه‌ڕاندییه‌وه، هه‌رچی چه‌قۆی له‌برین به‌جێماودابوو كردیی به گولله‌و ناچه‌وانی دوژمونه‌كه‌تی پی داخ كرد، ئێستا بۆشۆڕش به دۆزه‌خ، گه‌رم كردن ده‌زانی؟
كه‌سی یه‌كه‌م: كام شۆڕش؟
كه‌سی دوهه‌م: ئه‌وه‌ی تۆ به‌هی خۆتی نازانی!!
كه‌سی یه‌كه‌م: وتم كام شۆڕش؟
كه‌سی دوهه‌م: ئه‌وه‌ی فێری كردی پرسیار‌و گومان كردن چیه... ئه‌وه‌ی فێری..
(كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێی ده‌برێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: ئه‌و شۆڕشه‌ی فێری درۆی كردی، ، یان ئه‌وه‌ی كردیتی به كه‌سێكی قورمیشكراو؟ ها؟ ده‌ی زیاتر بڵی له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه، ده‌ی بابزانم تاچه‌ند له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه ده‌زانی؟
كه‌سی دوهه‌م: زۆرله وه‌زیاتر ده‌زانم كه تۆهه‌ستی پێناكه‌ی، به‌ڵام واهه‌ست ده‌كه‌م تۆكه‌سێكی له‌و كه‌سانه‌ی كه‌هیچ كه‌سێكتان قوربانی بۆشۆڕش نه‌داوه، هه‌ربۆیه هه‌میشه به‌وشێوه‌یه قسه‌ی... .
(كه‌سی یه‌كه‌م ڕێگه‌ی نادات ته‌وای بكات)
وایه... وایه... شۆڕش... شۆڕشی شۆڕه‌سواران... (به‌توڕه‌بونه‌وه) ئه‌وه تۆده‌ڵیی چی؟ ها؟ كه‌س هه‌یه قوربانی نه‌دابێت؟ شۆڕش... باسی كام شۆڕش ده‌كه‌ی؟ به‌س پێم بڵێ كام شۆڕ‌شیان؟ ئه‌وشۆڕشه‌ی فێری له‌زه‌تی ته‌ور وه‌شاندنی كردین؟ یان ئه‌و شۆڕه‌ی فێری سه‌رپان كردنه‌وه‌ی كردین؟ یان ئه‌وشۆڕشه‌ی...
كه‌سی دوهه‌م: ئه‌و شۆڕشه‌ی هه‌رچی گوڵی نیشتمان بو له پێناویدا ژاكاو ئێستا د‌رك و داڵی وه‌ك تۆ شه‌ق له‌به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵئه‌دات، ئه‌ی گێل... مل هوڕانه ژه‌هری نـائـاگـای بـڵاو مه‌كه‌ره‌وه، زۆرله وه‌سوكتری بتوانی بی مـانــایی به مانا باڵاكانی شۆڕش بده‌ی، واهه‌ست نه‌كه‌ی هه‌رچی ئه‌فسانه‌كانی شۆڕشه درۆینه‌یه، هه‌رچی جه‌نگاوه‌ره‌كانه‌یه‌تی جه‌لــلاده.
(بێده‌نگیه‌كی كورت و كه‌سی یه‌كه‌م بێده‌نگه و كه‌سی دوهه‌م توڕه ده‌رده‌كه‌وێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: بڕواناكه‌م شۆڕش ئه‌فسانه‌ی هه‌بێت!
نوكته‌یه‌كی خۆشه (به‌توڕه‌بونه‌وه) وابزانی هه‌مو جه‌نگاوه‌ره‌كانی شۆڕش فریشته‌ن!! تۆ كه بڕوات به راِستیه‌كانی شۆڕش نیه، بۆلێ ناگه‌ڕێیت قوربانیه‌كانی شۆڕش به دوای خۆیاندا بگه‌ڕێن؟
كه‌سی دوهه‌م: هێشتا له ڕه‌هه‌نده‌كانی شۆڕش بێ ئاگای، ئه‌گه‌رنا...
(كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت و توڕه‌ده‌بێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: شۆڕش به‌دوای شۆڕشدا هه‌ڵده‌گیراسا و سه‌ری ده‌په‌ڕاند... سه‌ری جه‌لــلاد.. سه‌ری دوژمن... سه‌ری منداڵ... سه‌ری قوربانی... سه‌ری... (ته‌وای ناكات و باری ده‌روه‌نی تێك ده‌چێت) هێشتا بۆنی خوێن دێت، هێشتا ئه‌م خاكه بۆنی باروتی لێنه‌بڕاوه (بۆكه‌سی دوهه‌م قسه‌ده‌كات) شۆڕش له دژی شۆڕش له ته‌پۆڵكه وشكه‌كاندا ته‌ڕ ته‌ڕده‌كرانه‌وه، ئـــاخر شۆڕش نابێت جه‌نگاوه‌ری لێببڕێت؟! ئه‌وه حیكمه‌تێكه ته‌نها شۆِرشگیڕه‌كان ده‌یزانن، هه‌موو شۆڕشێك هه‌روایه، ته‌ڕو وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنێت، ئیدی دیاره ئه‌وه حیكمه‌تی شۆڕشه‌و من نازانم بۆچی ده‌بێت وه‌هابێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌یادم ناچێت، جه‌نگاوه‌ره‌كان... فریشته‌كانی شۆڕش!! كۆڵه پشته‌كانیان پڕكردبو له ڕق و مردن و به‌ره‌و جه‌نگ ملیان ده‌نا، ئای چیی دیمه‌نێك بو هه‌رچی كۆڵانه‌كانی شاربو جمه‌ی ده‌هات له كاسبكار‌و قوتابیی و فه‌رمانبه‌رو مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند... هه‌ر وه‌ك سواڵكه‌ر له ده‌رگای ماڵه‌كانیان ئه‌داو داوای نانیان ده‌كرد بۆ جه‌نگاوه‌ره برسیی و ماندوه‌كانی شۆڕش؟! ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یك بو دواشۆڕشی ته‌پۆڵكه وشكه‌كان ده‌ستی پێكردبو، هه‌رچه‌ند هه‌فته‌یك بوو،
منداڵه بۆیاخچیه‌كانی شار چونه به‌رده‌م باره‌گای شۆڕشگێره‌كان وبه‌ده‌م نزا‌و هاواركردنه‌وه ده‌یان وت " شه‌ڕه‌كانتان، پێڵاوی لاستـیكـی كرده پێی هه‌موومان، ئیدی ئێمه چـی بۆیاخ بكه‌ین "؟
ئــــاخ، ئه‌گه‌ر قه‌وانه فیشه‌ك بۆیاخ ده‌كرا به‌ڕۆژێك هه‌مویان ده‌بونه (فیرعـه‌ون) .
كه‌سی دوهه‌م: كابرای پاقله فرۆشیش ده‌یووت " شه‌ڕهاتووه‌ته سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی منیش، ئه‌وه‌تا هه‌ر ئه‌مڕۆ چوار پێنج موشته‌ری چه‌وری قه‌ڵه‌وه‌ی لێدزیم "... هه‌مو جدلـلاده‌كانی دونیا له‌پێش هه‌مویانه‌وه (جه‌للادی كورد) به‌خۆیان و خه‌ونو حیكمه‌ته‌كانیانه‌وه بۆ دوزه‌خ.
بێده‌نگی
كه‌سی یه‌كه‌م: دره‌نگ بویته‌وه به‌خۆت... گومانه‌م هه‌یه هێشتا بزانی حه‌قیقه‌ت له‌چیدایه؟!
كه‌سی دوهه‌م: بۆ پێت وایه حه‌قیقه‌ت ته‌نها لای تۆیه؟ هێشتا به‌ئاوازه‌كۆنه‌كه مه‌ست ده‌بیت، به موسیقایه‌كی ناساز ده‌كه‌ویته سه‌ماكردن... سه‌مایه‌ك بۆخۆ لادانت له ڕوو به ڕووبونه‌وه، سه‌مایه‌كیش بۆ گێلێتی خۆت!!
براده‌ر حه‌قیقه‌تی جوانی هه‌یه ئه‌شێوێنری.. حه‌قیقه‌تی فیكر هه‌یه ئه‌سوتێنری.. حه‌قیقه‌تێك به ناوی ئینسان هه‌یه ئه‌ی كه‌ی به په‌ند؟! (له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و توڕه‌بون ده‌چێت) ئیدی به‌ناوی خه‌ونی كرچوكاڵته‌وه خه‌ون له كه‌س حه‌رام مه‌كه.
ئاخر تۆچیت، تا هه‌مو كوڕه‌كانی شۆڕش به جه‌لــلاد بزانی؟ هه‌رچی بڵێت یان نــا، ناتوانی بڕوام پێبهێنی كه (تۆ)،
(من) نیت! تــۆ هه‌ر به مـــن ده‌چیت، ته‌نها ئه‌و كاتانه نه‌بێت كه به ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه درۆ كۆده‌كه‌یته‌وه.
[كه‌سی سێهه‌م و چوارم و پێنجه‌م دێنه‌سه‌ر شانۆ، كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌یان پێیه كه وه‌ك (موفره‌ده) به‌كاری ده‌هێن له شانۆكه‌دا و سه‌رقاڵی ڕێكخستن و ئاماده‌كردنی سه‌رته‌خته‌ی شانۆ كه ده‌بن بۆنمایشێكی شانۆی، كه‌سی سێهه‌م ده‌رهێنه‌ری نمایشی ناو نمایشی شانۆكه‌یه ]
كه‌سی سێهه‌م: (بۆ كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م و دوهه‌م) وای ئێوه چه‌ند گوناهن!!
وای ئێمه چه‌ند گوناهین، ئه‌هلی مه‌مله‌كه‌تێكین، نه‌جه‌لــلادمان جه‌لـلاده... نه قوربانیمان قوربانیه... ئه‌ری به‌ڕاست له‌نێو ماڵه گوناهه‌كانماندا، كێمان جه‌للاده و كێمان قوربانی؟ من ئه‌ڵێم نـازانم، ئێوه‌ش كه‌یفی خۆتانه.
كه‌سی دوهه‌م: قسه‌ی هیچ.
كه‌سی سێهه‌م: وتت چیی.
كه‌سی دوهه‌م: هیچ، وابزانم زۆرمان نه‌ماوه وانییه؟ كات چه‌نده؟
كه‌سی سێهه‌م: (بۆكه‌سی چوارم و پێنجه‌م) كه‌ره‌سته‌كان به‌پێی نه‌خشه‌ی نمایشكه‌كه دابنێن و هیچ په له مه‌كه‌ن... با، به ناوی جوانییه‌وه، نـاشرینی خه‌ونی دۆزه‌خیمان پێوه‌نه‌بینێت!
كه‌سی یه‌كه‌م: هه‌رگیز ئه‌م هۆڵـه پڕنابێت له‌بینه‌ر، ماندوبونمان ته‌نها سه‌رئێشه‌یه‌كه‌و هیچی تر.
كه‌سی سێهه‌م: له‌نێو هه‌ر فه‌توایه‌كی سوردا كه‌سێكی موباره‌ك هه‌یه، كه‌سێك به‌گۆشت و خوێنه‌وه، له‌بری كتێبه ئاسمانییه‌كان، مرۆڤ به‌سه‌ر دۆزه‌خ و به‌هه‌شت، نه‌فره‌ت و ڕه‌حمه‌تدا دابه‌ش ئه‌كات، له‌جیاتی (خـوا) لیستی حه‌رامه‌كان دائه‌به‌زێنی، ئه‌و بڕیار ئه‌دا كی ئه‌هلی فیرده‌وسه و كێش ڕاپێچی دۆزه‌خ ئه‌كا (بۆكه‌سی یه‌كه‌م) توش له‌خۆته‌وه هیچ لیستێك دروست مه‌كه و بڕیاری پێش وه‌خت مه‌ده، هه‌ركه شانۆكه‌مان ته‌واو بو چاوبگێره هه‌ركه‌سێك نه‌هاتبو غائیبی ده.
كه‌سی دوهه‌م: ده‌شێ به‌ر له ئێستا سیمای ئه‌و خه‌ڵكه‌م هه‌موی نه‌دیبی كه بۆنمایشه‌كه‌دێن، وه‌لی هه‌رپێیام ده‌ڵێم، مرۆڤ هه‌یه به‌ناوی ڕاستیه‌وه زمانی درۆ ئه‌گری؟!
كه‌سی سێهه‌م: ته‌نها بیر له‌سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه بكه‌نه‌وه و به‌س.
كه‌سی یه‌كه‌م: ئه‌وه گرفته‌كه‌یه، گرفتێكی خراپیش (كه‌سی سێهه‌م ده‌یه‌وێت قسه‌بكات و ڕێگه‌ی پێنادات) هه‌رواشه... له‌نێو مانشێتی ڕۆژنامه‌كاندا كه‌سێكی پیرۆز ده‌بینم، به‌ناوی هه‌مومانه‌وه و له‌جیاتی نیشتیمان، به‌سه‌ر به‌ری شۆڕش و خیانه‌تكردندا دابه‌شمان ده‌كا، هه‌رئه‌و زاته گه‌وره‌یه بڕیار ئه‌دا ئـاو و هـه‌وا بۆ كی حه‌ڵاله‌َو بۆكیش نییه توخنی كه‌وێت، ئه‌ی ئینسانێك له‌كاره‌سات... ئه‌ی.. (كه‌سی سێهه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت)
كه‌سی سێهه‌م: ئه‌مه خزمه‌تكردنه به به‌شه‌ریه‌ت، یاخود به‌شه‌ریه‌ت پیسكردنه؟ ئه‌وه‌ڕه‌فتارێكی ئه‌خلاقییه، یان ئه‌و په‌ڕی به‌د ڕه‌وشتی؟ ئه‌م وڕینانه‌چین؟ (كه‌سی یه‌كه‌م به‌خێًرای دێته‌قسه‌كردن و قسه‌كانی بۆ وروژاندنی كه‌سی دوهه‌مه)
كه‌سی یه‌كه‌م: جه‌سته‌یه‌كی سوری ئینسانت له به‌رده‌ستایه به تۆخی له‌سه‌ری بنوسه بژی مــرۆڤ، چه‌قۆیه‌كی سور سور، به‌ده‌سته‌وه بگره و له نێو خه‌ونی مرۆڤدا بنوسه بژی حه‌قیقه‌ت. (كه‌سی دوهه‌م خیرا وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه)
كه‌سی دوهه‌م: تۆیش پارچه‌یه‌كیت له (ته‌ور) ده‌ته‌وێت خه‌ونه جوانه‌كانت بنویسته‌وه به ده‌ست و خه‌تی جه‌لــلاد.
كه‌سی سێهه‌م: ئــای له (چه‌قۆ و ته‌ور و جه‌لــلاد) ده‌ست و خه‌تیان چه‌ند ناخۆشه، ئای مه‌مله‌كه‌تی حه‌قیقه‌ت به چ ناشرینییه‌ك، شه‌ریعه‌تی جوانی ده‌نوسرێته‌وه؟! ده‌ی چاوه‌ڕوانی چین (بۆ كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌م) چه‌قۆكانتان هه‌ڵبگرن و یه‌كتری پارچه‌پارچه‌بكه‌ن، تابزانین پارچه‌ی كامتان به‌شی كلكه ته‌ورێكی سوری تێداده‌بێت؟!
كه‌سی چواره‌م: (له‌نیوان كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌مدایه) كامتان چه‌قۆتان پێیه، تا ئه‌و شه‌یتانه‌ی پێبكوژم كه پێكه‌نینی به‌م گه‌مه شێتانه‌تان دێت؟ چیی بكه‌م له‌مۆمه‌كان (بۆكه‌سی سێهه‌م) ئێستا دایگیرسێنم، یان.. (قسه‌كانی پێده‌بڕدرێت)
كه‌سی سێهه‌م: نه‌خێًر ئێستا نا، جاری پارچه قوماشه‌كان هه‌ڵبواسن، ئه‌وه ئێوه‌خه‌ریكی چین؟ توزی بجوڵێن، گوێبگره
(بۆكه‌سی چواره‌م) له‌جیگای قوماشه ڕه‌نك (سوره‌كان) ئا... هیچ، هه‌رلایبه‌ن هه‌ڵی مه‌واسن.
(كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌م بێده‌نگن، كه‌سی چواره‌م و پێنجه‌م سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی سه‌رشانۆكه‌ن، كه‌سی سێهه‌م به بێده‌نگی و بیزارۆییه‌وه له كه‌سی یه‌كه‌م و دوهه‌م ده‌ڕوانێت)
كه‌سی سێهه‌م: كه‌س هه‌یه به په‌یژه‌ی به دڕه‌وشتیدا بگاته باڵه خانه‌ی ڕه‌وشت؟ بۆچی مانایه‌كی جوان ئه‌به‌خشه ئه‌و چه‌قۆیه كه به‌ناوی كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فه‌وه سه‌ری ئینسان ده‌په‌ڕێنی؟
بۆ به‌چاوی حورمه‌ته‌وه ده‌ڕواننه ئه‌و بێشه‌ره‌فیه‌ی كه له خوێنی ئینسانه‌كاندا به‌دوای شه‌رفدا ده‌گه‌ڕی؟
باتێبگه‌م، تێم گه‌یه‌نن... ئێوه نازانن چی ئارامییه‌ك ده‌به‌خشنه ده‌روونم گه‌ر عه‌ناعه‌تم پێبكه‌ن كه ئه‌م شه‌ڕه‌تان مانایه‌كی هه‌یه و به‌دڕه‌وشتی نییه؟! خۆزگه تێده‌گه‌یشتم كه بۆچی واهه‌ست ده‌كه‌ن ئێوه خۆتانن و قورمیش نه‌كراون؟
ڕێگه‌مه‌ده‌ن خوێنی پیس بگاته شاده‌ماره‌كانی ناختان... بۆ ده‌متان پڕه له خوێن؟ به‌رله هه‌ر ئازارێك بونه‌وه‌رێكی گوناه له‌ناختاندایه و ئازاری ئه‌ده‌ن... به‌رله‌هه‌ر ده‌نگێك، نوزه‌یه‌ك له‌به‌رائه‌ت له‌ناختاندایه و ئه‌یخنكێنن، ئاخر بۆ؟ بونه‌وه‌رێكی نامۆ له ئێوه ناچی و له‌ناختاندایه بیكوژن تــاببنه‌وه به‌خۆتان، ئاخر چۆن ده‌كری به‌ده‌نگێكی ناساز گۆرانییه‌كی خۆش بوو تری؟!
(كه‌سی شه‌شه‌م و حه‌وته‌م دێنه‌سه‌رشانۆ یه‌كی (ده‌ف) ێكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌یژه‌نن، كه‌سی شه‌شه‌م له كۆتای دواقسه‌ی كه‌سی سێهه‌مدا گۆرانییه‌كی شادی ده‌چڕێت، له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كه‌دا كه‌سایه‌تیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری یه‌كسان له‌سه‌ر شانۆكه بڵاو ده‌بنه‌وه، ده‌كری ماوه‌ی گۆرانییه‌كه دیاری بكرێت و دوو خوله‌ك تێنه‌په‌ڕێنی)
كه‌سی پێنجه‌م: (له‌دوای ته‌واو بونی گۆرانیه‌كه) ده‌م خۆش، ده‌م خۆش، په‌نجه‌كانتان سه‌لامه‌تبێ... به‌رله‌وه‌ی ئێوه‌بێن، خه‌ریك بو له نێو ئه‌م كه‌شه توڕه‌یه‌دا، شوێنێك بۆ هێمنی به‌كری بـــگرم!؟
كه‌سی چواره‌م: واز له‌م هه‌مو ڕقـــه بهێنن، با هه‌میشه وێل نه‌بین و ساتێك بۆ خۆشه‌ویستن قه‌رزبكه‌ین!!
كه‌سی یه‌كه‌م: ته‌نها ده‌مه‌وێت بزانم كوڕی كامیانه، جه‌لــلاد یان قوربانی؟
كه‌سی دوهه‌م: هێشتا خۆت نیت، كه‌سێكی شێوێنراویت و هه‌ستی پێناكه‌ی، چونكه بی هه‌ستی.
كه‌سی یه‌كه‌م: ده‌مه‌وێت هه‌ست به بونت بكه‌م، به‌ڵام یۆ نایه ڵیت، چونكه خراپ قورمیشكراوی.
كه‌سی سێهه‌م: (توره‌ده‌بێت) ... بابه‌س بێت، ئیدی به‌سه خول خواردنه‌وه له‌بازنه‌ی بی هه‌ستیدا، ده‌بی بڕوا بهێنن كه نیشتمان له‌نێو زه‌برو زه‌نگدا نــابێته بــه‌هه‌شت... هه‌ست به‌وه‌بكه‌ن كات به فیڕۆده‌ڕوات و هێشتا ئێوه ده‌به‌نگانه بێ‌ئاگان، ئێمه نمایشێكمان له‌پێشه ناكری به‌م باره خراپه‌ی ده‌رونمانه‌وه چاوه‌ڕوانی پێشكه‌شكردنێكی باشبین.
(بێده‌نگیی یه‌كی كورت و كه‌سی سێهه‌م به ئاماژه كه‌سی چوارم و پێنجه‌م ئاگادار ده‌كاته‌وه كه له‌سه‌ر كاركردن به‌رده‌وام بن، كه‌سی شه‌شه م و حه‌وته‌م به ده‌ست خشاندنیان له كامه‌ی ده‌فه‌كان و یاریكردن به زنجیره‌بازنه‌یه‌كانی ده‌فه‌كان جۆرێك له‌مۆسیقا دروست ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌و دیمه‌ن كورته، كه‌سی یه‌كه‌م له سوچێكی شانۆكه‌دا دانیشتوه وڕوناكی ده‌كه‌وێته‌سه‌ری)
كه‌سی یه‌كه‌م: هه‌رچی ده‌رگای به‌خته‌وه‌ریه داخراوه و كلیله‌كانی له گیرفانی (حه‌زره‌تی فــه‌ساد) دایه... هه‌مو كون و قوژبنه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته هه‌روه‌ك ئه‌ندامه‌كانی له‌شم شاره‌زام، به‌ڵام هێشتا نازانم بۆهه‌رچی خه‌ونمان هه‌یه ده‌كرێته كه‌لاوه؟
بۆچی سه‌رخوان هه‌یه پڕه له‌نان و پێكه‌نین... سه‌رخوانیش هه‌یه پڕه له‌برسێتی؟ ئێره مه‌مله‌كه‌تێكه پره له‌و كه‌سانه‌ی هێشتا نازانن كوڕی كامیانن، جه‌لــلاد یان قوربانی... ئێره‌مه‌مله‌كه‌تی (ته‌وره، ته‌ور) ته‌وره‌كانیان ده‌خه‌نه سه‌رملمان و پێمان ده‌ڵێن: به‌هه‌شتی ئێمه هه‌ڵده‌بژێری یان دۆزه‌خی خۆت؟!
ئه‌گه‌ردۆزه‌خی خۆم هه‌ڵببژێرم، ته‌ور به ده‌سته‌كان به‌شێت به مناڵانی شار ده‌م ناسێنن و له‌به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وته‌كانیشدا وێنه‌كه‌م بڵاو ده‌كه‌نه‌وه له‌ژێره‌وه به‌خه‌تێكی تۆخ ده‌نوسن (هێشتا نازانی كێ باوكێتی) !!
ئه‌مه گه‌یشتنه به‌دڵنیایی، ئیدی كه‌ی ئه‌وه ده‌به‌نگیی و كاڵ فامییه؟
ئه‌وه حه‌قیقه‌تی ئه‌و زاته گه‌ورانه‌یه كه‌نازانم له‌كام ماڵی سوری شۆِرشه‌وه هاتون؟! (كه‌سی سێهه‌م لیی نزیك ده‌بێته‌وه) ئه‌وه فه‌ساد كردنی ئه‌قڵه، ژیانی هه‌مومانی كرد‌و وه‌ته گۆڕستان، ئه‌وه... (كه‌سیی سیهَه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت)
كه‌سی سێهه‌م: نه‌خۆشنیت وا ڕه‌نگت بڕسكاوه؟
كه‌سی یه‌كه‌م: له هیچ ڕه‌نگێك ناچم تانه‌خۆشی تێدا بدۆزمه‌وه!
كه‌سی چواره‌م: پێم نه‌وتن... مرۆڤگه‌لێكی ئێجگار خه‌یاڵ پڵاوین... هیچ شتێك نه‌ما له‌شوێنی خویدانه‌بێت، ته‌نها پێویستمان به‌كه‌مێك پشوو هه‌یه.
كه‌سی سێهه‌م: (بۆ جێبه‌جێكه‌ری ڕوناكی شانۆیه‌كه) ڕوناكییه‌كان بكوژێنه‌ره‌وه با نه‌سوتێن (كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وێت مۆمێك دابگیرسێنێت) ڕوناكی مۆمێك تاریكی له دونیادا ناهێلێت (مۆمه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرێت) به‌ڵام ئه‌م مۆمه‌ی تۆ سه‌رشانۆكه ڕوناك ناكاته‌وه!؟
كه‌سی دوهه‌م: ئاخر ئه‌گه‌ر ڕوناكییه‌كان بكوژێنرێته‌وه چاومان هیچ نابینێت.
كه‌سی سێهه‌م: ئه‌گه‌ر خۆمان بمانه‌وێت چاومان هه‌موشتێك ده‌بینێت ئه‌گه‌ر له تاریكیشدا بێت!!
(بۆجێبه‌جێگه‌ری ڕوناكی شانۆیه‌كه) گڵۆپه‌كان بكوژێنه‌ره‌وه، ئه‌مه‌یان... ئه‌وه‌ش... ئه‌و سه‌ری شانۆش... به‌رده‌می من... گڵۆپه سوره‌كانیش، ئۆكه‌ی (ok) زۆرباشه، بڕۆنه ژوری خۆگوڕین كات درنگه.
(ته‌وای كاره‌كته‌ره‌كان سه‌رشانۆكه به جێ ده‌هێلن و ڕووناكی به‌شێوه‌ی (ڤۆلۆ) ده‌كه‌وێته‌سه‌ر كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م و ورده‌وه‌رده ڕوناكییه‌كه كاریگه‌رتر ده‌بێت)
كه‌سی یه‌كه‌م: (بۆ بینه‌ران)
ئه‌ی ئێوه... نه‌وه‌ی كامیانن، جه‌لــلاد، یانی قوربانی؟
تێبینییه‌كی پێویست: بۆ نوسینی ئه‌م ده‌قه شانۆیه سودێكی زۆرم له توێژینه‌وه‌یه‌كی برای به‌ڕێز كاك (ئاراس عه‌بدولكریم) وه‌رگرتوه، هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌قه شانۆیه بڕیاربو بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ ئاماده‌بكرێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان) ه‌وه به‌پێدانی هۆَلی شانۆكه‌یان هاوكاریان نه‌كردین به بیانوی ئه‌وه‌ی كه هۆڵ بۆ پرۆڤه‌كردن نییه، له‌كاتێكدا ده‌ربه‌ندیخان ته‌نها یه‌ك هۆڵی تێدایه، نه‌مان توانی ئیش له‌م به‌رهه‌مه‌دا بكه‌ین، به‌ڵام سه‌رله‌نوی ستافی ئه‌م كاره بڕیاریان دا كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆَله‌وه له شوێنێكی تردا به‌ناچاری پرۆڤه‌بكه‌ن بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌م ده‌قه شانۆیه، بۆ نمایشكردنی له‌شاری (ده‌ربه‌ندیخان) و ئه‌گه‌ر هاوكاریمان بكرێت بۆ له‌ئه‌ستۆگۆتنی مه‌سروفاتی پێده‌ویستیه‌كانی شانۆیه‌كه ئه‌وا له ناوچه‌كانی گه‌رمیان و سلێمانی نیشانی بینه‌رانی ئه‌ده‌ین.
كۆتایی زستانی 2009
peshrawhameed@gmail. com
ئه‌و نووسینانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
