
(به‌تۆ پێشكه‌شه كه‌هه‌میشه ده‌سته‌خوێناویه‌كانتم پیا ئه‌سڕی ئه‌ی نیشتیمان)
دوو دیوی به‌یه‌كتری نامۆم
دیوه‌كانم له‌یه‌كتری هه‌ڵدێن وبه‌دوای یه‌كتریدا ئه‌گه‌ڕێن
نیوه‌م به‌دوای حه‌قیقه‌تداو نیوه‌م به‌دوای گوماندا
نیوه‌م به‌دوای عیشقداو نیوه‌م به‌دوای خۆكوشتندا
هه‌ردوو نیوه‌كه‌شم یه‌كتری ئه‌كوژن
با هه‌ر به‌ناو كه‌لاوه‌دا بڕوَین و بیر له باڵه‌خانه بكه‌ینه‌وه
با هه‌ر به‌نێو خوێنی خوشكه‌كانماندا بڕۆین و بۆگوڵ بگه‌ڕێین
به‌هه‌ر له‌نێو دڵی براكانماندا زۆڵه‌كان بدۆزینه‌وه كه‌هی، ئێمه‌نین
با هه‌ر ئه‌م ده‌رگای جه‌ننه‌ته بكوتین و كه‌سیش (فه‌رموو) نه‌كات
با هه‌ر به‌نێو لاشه‌ی ئه‌م مردوانه‌دا بڕۆین و كه‌سیش هه‌ناسه‌یه‌كی سارد هه‌ڵنه‌كێشی
به‌ناو سه‌رابدا بڕۆین و سرود بۆ جه‌نگ بخوێنین
با خوێن وه‌كو سێبه‌ره‌كانمان به دوامانه‌وه بێت
به‌نێو ته‌رمی ئه‌م باڵنده كوژراوانه‌دا ڕٍێ بكه‌ین ئاسمانی شه‌و ده‌یان كوژی
باهه‌ربڵێین ئێمه كوڕه زۆڵه كانی تۆین و ئه‌ویش هه‌ر حاشامان لێبكات
با گوناه هه‌میشه وه‌كو كه‌شكۆڵی شوان به كۆڵمانه‌وه بێت
باهه‌ر به‌نێو ئه‌م لیتاوه‌دا بڕۆین و گۆرانی (بۆنی خاك) بڵێین
... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ...
باهه‌ر له‌م جه‌نگه‌ڵه‌دا بكوژرێین و سرود بۆ جه‌نگ بخوێنین
باهه‌ر به‌نێو ئه‌م ئاشوبی ڕۆحه‌دا بڕۆین و گوڵ بڕوێنین
باهه‌ر سرودی ئه‌م به‌چكه شێرانه بڵێین هه‌لاهه‌لامان ئه‌كه‌ن
باهه‌ر له‌م مه‌یخانه‌دا باده‌نۆشی بكه‌ین و ساقیه‌كانیش خوێنی ئێمه بگێڕن
باهه‌ر به‌نێو ئه‌م قامچیانه‌دا بڕۆین له ڕۆحی ئێمه ئه‌درێن
باهه‌ر به‌نێو ئه‌م قوڵینگه بریندارانه‌دا بڕۆین و بگرین
باهه‌ر به‌نێو ئه‌م بۆنی خوێنه‌دا سه‌فه‌ر بكه‌ین و بۆنی شه‌و مان لێبێت
... ... ... ... ... ... ..
وه‌ك ئه‌و پیاوه‌ی پایزان بۆسه‌یری ڕوت بونه‌وه‌ی دره‌خته‌كان ده‌چێت
بۆسه‌یری برین و خوێن و سواڵكه‌ره‌كانت ده‌چووم
له خوێنی خۆمدا سه‌وزبووم و كه‌س نه‌یبینی
مه‌رگم ئاوداو خودا‌ش ئاوی نه‌دام
مردوی ناو مه‌یتخانه‌كانیان پی ئه‌شۆردم
گوڵی سوریان له‌نێو خوێندا پی سه‌وز ئه‌كردم
ئه‌سپه كانیان له مه‌یخانه‌كاندا پی ئاو ئه‌دام
برینی ئه‌سپه‌كانیانم تیمار ئه‌كرد
ێه‌گی پاسه‌وانه كانیانم به خێو ئه‌كرد
... ... ... ... ... ... ... ... .
من ده‌م ویست سه‌رم بخه‌مه سه‌رمه‌مكه‌كانی كچێك و خه‌وم لێبكه‌وێت
جله خوێناویه‌كانم له‌به‌ر باراندا بشۆم و ئاوی گوڵه سوره‌كان بده‌م
ئه‌و مناڵه په‌شیمان كه‌مه‌وه به‌دارو لاستیكه‌وه به‌ردی ئه‌گرته په‌نجه‌ره‌ی مانگ
ئه‌و كچه بهێنمه پێكه‌نین مانگ به‌برینداری له‌چاوه‌كانیدا ئه‌گریا
ئه‌و عاشقانه په‌شیمانكه‌مه‌وه فاڵیان به‌په‌ڕه‌ی گوڵه‌كان ده‌گرته‌وه
ده‌م ویست هاواربكه‌م بابێن تایه‌فه‌ی په‌پوله‌كان
بابكوژرێن عه‌شیره‌تی مرۆڤه‌كان
ده‌م ویست ئه‌م قانونی كوشتنه تێك بده‌م و گاڵته له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێنه‌دا بكه‌م
كه‌چی شاعیره‌كان هاواریان ده‌كرد:
ڕه‌شه‌بای مه‌رگ هات بائه‌م هه‌واره جێبێڵین
تاعون هه‌ڵیكرد بالێره بڕۆین
... ... ... ... ... ... ... ..
ئیدی ده‌بَی كوڕه‌كانی تۆ بوتڵی باده‌كانیان لابه‌رن و نیشانه له دڵی من بگرن
من بووم له زیندانه كانه‌وه بیرم له مه‌یخانه‌كان كرده‌وه
ئه‌م كه‌موڵه‌ی ئازادیه‌م به خوێنی خۆم پڕكرد
نه‌م ده‌زانی گوڵباران ئیشی تۆنیه و عاقیبه‌ت گولله بارانم ده‌كه‌یت
ده‌بی ئیدی بڵێم:باڵی فریشته‌كانی خوا بۆخۆت كه‌خوێناوین
به‌باڵی ڕۆحی خۆم ده‌فڕم كه‌هی په‌پوله‌ن
ده‌زانم ئیدی ده‌بێت
ته‌رمی ئه‌و عاشقانه‌مان بخه‌ینه چاڵ به‌زۆر بردیان
پیلان بۆ هاوڕێكانمان دابنێین و بیان به‌ینه گۆڕستان
له‌شه‌رمان نێو چاوانمان بخه‌ینه سه‌رته‌رمی برا كوژراوه‌كانمان و بگرین
ئه‌و برایانه‌ی ده‌مان كردن به‌پلیكانه‌ی جه‌نگه‌كان
ئه‌و برایانه‌ی له‌دواوه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان و
سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ریانه‌وه ده‌مان پێكان
... ... ... ... ... ... ... ... ... ... .
ده‌زانم گۆڕ هه‌ڵكه‌ن و گۆڕ فرۆشه‌كانت له‌گشت كه‌س ده‌وڵه‌مه‌ند ترن
به‌س جله خوێناویه‌كانمان به‌ره‌وه بۆ ده‌زگیرانه كانمان وپێیان بڵی:
ئه‌ڵقه‌كانیان مۆمیا بكه‌ن
به‌تابلۆكێشه‌كانیشت بڵی:وێنه‌ی ڕوتی ئه‌وان له‌سه‌ر گۆڕه‌كانمان بكێشن
ناوی ئه‌وانیش له‌سه‌ر گۆڕه‌كانمان بنوسن
ئه‌و گۆڕانه‌ی تامه‌حشه‌ر ناڵه‌یان لێوه دی و
خوێنیان به‌سه‌ردا ده‌باری
به‌و كچانه بڵی: له‌بری پاره خه‌یانه‌تی براكانیان ئه‌ژمارد
له‌بری گولله ماچی عاشقه‌كانیان ده‌یكوشتن
ئێمه ئه‌و په‌پوله پێكراوانه بووین نه‌كه‌س به‌دوای ته‌رمه‌كانماندا گه‌ڕاو
نه‌په‌یكه‌ر تاشێكیش كردینی به‌سه‌ربازی ون!
... ... ... ... ... ... ...
لێره‌وه ئیدی ده‌ڕۆم
به‌رله‌وه‌ی وه‌كو گۆشتی قوربانی ماڵه‌و ماڵ بمگێڕیت
وه‌كو زیناكه‌رێك شاره‌و شار سواری كه‌رێكم كه‌یت
پێت ده‌ڵێم نمه‌ك حه‌رام ده‌رچویت، نیشتیمان
تۆ كه‌ی ئاوا مناڵه‌كانی خۆتت به‌بۆنی گوناه ده‌كوشت؟
له‌بیرته وه‌ك چۆن بیابان ڕێبواره‌كان له‌نێو له‌پی خۆیدا ئه‌كوژی
ئاوا گوناهم له خۆمدا ئه‌كوشت؟
وه‌ك چۆن كوێستان گوڵاڵه سوره له‌ڕۆحی خۆیدا سه‌وز ئه‌كات
ئاوا ڕۆحم له خوێنی خۆمدا سه‌وز ئه‌كرد
منێك كه‌سه‌ر شۆڕی خۆم نه‌ئه‌خزانده نێو دێڕی ئینشایه‌ك
وه‌كو خوێنی قوربانی ئه‌مده‌ی له‌ده‌رگای په‌رستگایه‌ك
... ... ... ... ... ... ... ... ...
له‌ژێر تریفه‌ی مانگدا ڕوتم كه‌ره‌وه، له‌ژێر باراندا ماچت ده‌كه‌م
تۆ ده‌زانی كوشتنی بوكه‌ڵه‌یه‌ك به باوه‌شی مناڵێكه‌وه یانی چی؟
دروست كردنی شه‌راب له كه‌لله‌سه‌ری كوژراوێكدا یانی چی؟
قومار كردن له‌نێو خوێنی شه‌هیده‌كانتدا یانی چی؟
من له لاڵه‌كانیشت تێده‌گه‌م چی ده‌ڵێن
هاواره‌كانت به‌كه‌ڕیش ده‌بیستم
به‌بی بازاڕی مردوشۆره‌كانیش ده‌زانم چ خوێنی به‌نێودڵی تۆدا دێت وده‌چی
به‌بی تابووت سازه‌كانیشت ده‌زانم ژماره‌ی خۆكوژه‌كانت چه‌نده
به‌بی ده‌ف ژه‌نین ده‌زانم ژماره‌ی ئه‌و ده‌روێشانه‌ت چه‌نده
به چه‌قۆ سه‌ری زمانیان له‌ت له‌ت ده‌كه‌ن
... ... ... ... ... ... ... ...
به‌نێوگریان و خوێنی ئه‌م كوكوختیانه‌دا به‌ره‌و چ وێرانه‌یه‌ك ده‌چیت؟
من ڕۆژگاری برینه‌كانت له كۆڵ ده‌كه‌م
پێڵوه‌كانمت وه‌كو فه‌رشی سور بۆ ڕاده‌خه‌م به‌سه‌ریا بڕۆی
سه‌ركرده كانت به‌قه‌ڵادۆشكان ده‌گێڕم
شیعری زیندانه‌كانت كۆ ئه‌كه‌مه‌وه‌و ئه‌یكه‌م به‌دیوانی شه‌هیده‌كان
نامه‌ی عاشقه كوژراوه‌كانت هه‌ڵده‌گرم بۆ كاتی كه‌یف و سه‌فا
به‌خوێنی دڵ و ڕۆحی خۆم گه‌وره‌ت ده‌كه‌م
شه‌ره‌فی سۆزانیه‌كانت ده‌خه‌مه سه‌ر چاوم
ئابڕوی له‌شكڕه‌كانت ده‌خه‌مه ژێر پێم
تۆش وه‌كو ئه‌و سواڵكه‌ره‌ی سه‌یری كۆشك و ڤێلاو ژنی جوانی گه‌وره‌كان ئه‌كات، بمكوژه
وه‌ك ئه‌و سۆزانیه‌ی له‌ژێر له‌ززه‌ت و ئازاردا ده‌ناڵێنی، بمكوژه
وه‌ك چه‌قۆیه‌كی كول گۆشتی قوربانیه‌ك پاره پاره ئه‌كات پاره پاره‌م كه
وه‌ك قه‌ێابێك كۆترێك سه‌ر ئه‌بڕێت سه‌رم ببڕه
ئاخر من كوفر به‌خوای هه‌موو قه‌بیله ژن كوژه‌كانت ده‌كه‌م و ده‌ڵێم:
ئه‌وه‌تا خوێنه ڕژاوه‌كه‌ت ژه‌نگ هه‌ڵدێنی و
جوانیت وه‌كو كێوی به‌فر هه‌ره‌س دێنی
... ... ... ... ... ... ... ... ... .
بمكوژه‌و خۆڵه‌مێشه‌كه‌م بكه به‌باخچه‌كانی شاره‌وه
ئه‌وه دڵم گه‌ر مناڵه شه‌هیدێكی پێ ژیر ده‌بێت
ئه‌وه ڕۆحم گه‌ر دایكێكی ڕه‌شپۆش ئه‌خاته پێكه‌نین
خاكی ژێر پێی سواڵكه‌ره‌كانت ئه‌كه‌م به‌ماڵی دڵ
نێو له‌پی قه‌ره‌جه‌كانت پڕئه‌كه‌م له‌ڕۆحی تۆ
نێو دڵی خۆم پڕئه‌كه‌م له گولله‌ی دوژمنانت
به‌س لێگه‌ڕی كوكوختی ئه‌م عومره كوژراوه‌م بخوێنی
وه‌ك چۆن مه‌ینۆشێكی نا‌ئومێد بینی بۆ دواهه‌مین پێكی باده ئه‌كاته‌وه
ڕۆحم بۆ هه‌موو نائومێدیه‌كانت ئه‌كه‌مه‌وه
تۆش چۆن عاشقه درۆزنه‌كانت ماڵه‌كانی ڕۆح ئه‌كه‌ن به‌كه‌لاوه، بمڕوخێنه
وه‌ك چۆن موسافیره‌كانت، خه‌ونه‌كانت و خه‌ونه‌كانیان
له‌جانتای سه‌فه‌ردا ئه‌پێچنه‌وه
یادگاریه‌كانیان به‌ڤیزایه‌ك ئه‌گۆڕنه‌وه، له‌گه‌ڵ مه‌رگدا بمگۆڕه‌وه
ئێستاش دڵم وه‌كو قوڕقوشم بتاوێنه‌ره‌وه‌و بۆ وێنه جوانه‌كه‌ی جارانت بگه‌ڕی
من هه‌ر كوڕه كه‌چه‌ڵه‌كه‌ی ناو خه‌ونه كۆنه‌كان و عاشقه دێرینه‌كه‌ی جارانی تۆم
گه‌ر ئه‌شزانیت به‌مردنم سواڵكه‌رێكت تێر ئه‌كه‌یت
وه‌ك دواهه‌مین جگه‌ره بمنی به‌لێوی خۆ كوشتنه‌وه
گه‌رده‌زانیت به كوشتنم نائومێدێكت ئاسوده ئه‌كه‌یت
ئابڕوی له‌شفرۆشێكت ئه‌كڕیته‌وه، یاقه‌ره‌جێكت نیشته جێ ئه‌كه‌یت
ئه‌وا وه‌ك دواهه‌مین گولله بمنی به‌ناو چاوی مردنه‌وه
... ... ... ... ... ... ... ... ...
لێره‌وه ده‌ڕۆم له‌م ماڵی وێران بوونه‌وه
له‌وێوه دێمه‌وه له‌و سه‌ری فه‌ننا بوونه‌وه
ڕیسوامكه وه‌ك قه‌ره‌جێكی سۆزانی
هیچ مه‌مله‌كه‌تێكی نیه جگه‌له‌دڵ و ڕۆحی تێك شكاوی خۆی
ڕۆحی هه‌لاهه‌لام وه‌كو ناوساجی بده به‌دانیشتوانی شار
دڵی پاره‌پاره‌م وه‌كو گۆشتی قوربانی ببه‌خشه‌ره‌وه
به‌بزمار دامكوته به‌نێوچاوی گۆڕستانێكتدا شه‌هیده‌كانتی تیایه
گۆڕستانێك، شه‌هیده‌كانت بۆ خۆكوشتن دێنێته‌وه
سیه‌كانم ده‌به‌خشم به‌تۆ بۆنی تاعونی شاره وێرانه‌كانتی پێبكه
ده‌سته‌كانم ده‌به‌خشم پێت نازی پاساریه ته‌ڕه‌كانتی پێهه‌ڵگره
دڵم ده‌به‌خشم به‌تۆ بیكه به مۆزه خانه‌ی خه‌یانه‌ت كارانت
ئه‌و ڕۆحه شكاوه‌شم قه‌ێیده‌ی شاعیره كوژراوه‌كانتی له‌سه‌ر بنوسه
به‌س به‌برینی ئه‌م سواڵكه‌رانه‌وه مه‌مكوژه، برینی ڕۆح ئه‌یان كوژی
به‌خوێنی ئه‌م مناڵانه‌وه مه‌منێژه، پاكی ئه‌یان نێژی
دێم بۆدیده‌نیت به‌ناو خوێن و برینه‌كانی ڕۆحی خۆمدا،
به‌چاوی تۆ به‌ناو سه‌گوه‌ڕو له‌ت له‌ت بونی دڵی خۆمدا دێم
به‌س قه‌دری ئه‌وه‌م لێبگره
به‌كۆڵی برینی دڵی خۆم و هه‌ناسه‌ی بێوه‌ژنه ڕه‌شپۆشه‌كانه‌وه دێم
ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی من و تۆ و كوڕه‌كانت ئه‌تكمان كرد
مۆری به‌د به‌ختی و نه‌هامه‌تیمان نابه‌نێو چاویا
وه‌ك ته‌شتی قوڕ
خوێن و تف و كه‌ساسیمان دابه‌ڕویا
... ... ... ... ... ... ... ... ...
ئه‌وكاته‌ی بایه‌كت به‌عاموده‌كانی شاردائه‌كاوفلودێكی شاعیرانه ئه‌ژه‌نی و
شاعیرێكت خۆكوشتنی كوڕێكت ئه‌خوێنێته‌وه
ده‌ڵێم سێبه‌ری تفه‌نگه‌كانت لابه‌ره
له‌م گۆڕه دێرینه‌دا هه‌زار خه‌ونم به كوشتنی خۆمه‌وه دیوه
دڵم له كوره‌ی ئه‌و ئاسنگه‌رانه ده‌ربێنه ته‌نها چه‌ك و باڵه خانه دروست ده‌كه‌ن
ته‌بیبه درۆزنه‌كانت به‌ره‌و برینه‌كانی ڕۆحی خۆمم ده‌ره‌وه
جوانیه‌كانت به‌ره‌و عیشقه ڕه‌ش وڕوته‌كه‌ی جارانم ده‌ره‌وه
به‌قه‌ره‌جه‌كانت ده‌ڵێم تا ناوله‌پم پڕنه‌كه‌م له‌خوێن نازانن چاره‌نوسی من چیه
به‌سیاسیه‌كانت ده‌ڵێم تاده‌رگای ڕۆحی خۆتان نه‌كه‌نه‌وه نازانن نیشتمانی من چیه
تكات لێئه‌كه‌م باسی جه‌ننه‌تم بۆ مه‌كه له‌جه‌هه‌نه‌ماو
گولله‌كانت مه‌نی به‌چاومه‌وه، دڵم ئه‌وه‌ستی
كه‌من له‌و سه‌ری خوێنه‌وه دێمه‌وه‌و
ڕۆژگاری خوێن بارینه‌كانت ده‌م به‌نه به‌رده‌رگاكانی خۆ كوشتن
كه‌له‌پچه‌و كۆته‌كانت ماچ ده‌كه‌م شمشێره خوێناویه‌كه‌ت لابه‌ره
درۆیه كۆتر به‌سه‌ر سه‌ری ئیمبراتۆره‌وه نانیشی
... ... ... ... ... ... ... ... .
ئه‌ی مه‌مله‌كه‌تی قوماره غه‌ریبه‌كان
ده‌زانم سته‌م وه‌ك په‌تایه‌كی شوم لێت نابێته‌وه
مه‌رگ وه‌ك پیری زه‌مانه‌و وه‌ك مه‌یزه‌ده ئه‌م مه‌یخانه كۆنه جێناهێڵی
ده‌زانم له‌به‌ر پێی سیاسیه‌كانتا فه‌رشی سورو له‌ناو دامێنی تۆدا خوێنی سور ده‌ڕژێت
من له‌نێو له‌پی سواڵكه‌ره‌كانته‌وه سه‌یری خوا ئه‌كه‌م
سه‌یری ئه‌و پیاوانه‌ت ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ خوێنی تۆدا جوت ده‌بن
خه‌ون به‌و سوارچاكانه‌ته‌وه ده‌بینم ئه‌سپه‌كان ده‌به‌نه ماڵی شاعیره‌كان
سه‌یری دوكه‌ڵی جگه‌ره‌كانت ده‌كه‌م وه‌كو ئاسه‌واری دوكه‌ڵی جه‌نگه‌كان
ده‌زانم ناكرێت له‌م بازنه‌ی په‌تی سێداره‌وه سه‌یری ژیان بكه‌یت و
له‌نێو ئه‌م زیندانه‌وه له‌حه‌قیقه‌ت تێبگه‌یت
به‌ڵام خۆتۆش له‌هه‌موو خرابخانه‌یه‌ك ئه‌چیت جگه له‌نیشتیمان
... ... ... ... ... ... ... ... .
ئه‌ی ئه‌و شمشێره‌ی هه‌میشه خوێنی حه‌قیقه‌تت پێوه‌یه
ئه‌ی ئه‌و شه‌تره‌نجه‌ی خانه‌كانت به خوێن و خیانه‌ت دروستكراوه
داشه‌كانت شه‌مشه‌مه‌كوێره‌و گوڵه‌ئه‌ستێره‌ن
یاری كه‌ره‌كانت په‌پوله‌و جه‌للادن
ئێمه سه‌ری بیره‌كانمان بۆ ئاو هه‌ڵدایه‌وه‌و خوێنمان خوارده‌وه
شه‌وه‌كان بۆ مانگ گه‌ڕاین و مانگ گیرانمان بینی
كفنی براكانمان هه‌ڵدایه‌وه گولله‌ی براكان ماچی كردبوون
ئیدی ئه‌و ده‌ستانه ده‌بڕم ده‌ستی دوژمنه‌كان ماچ ده‌كه‌ن و
لوله‌ی تفه‌نگه‌كان له‌پشت سه‌ری براكانه‌وه ده‌گرن
من ئه‌و ئێوارانه‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه
به‌ده‌م ده‌ستڕێژه‌كانه‌وه ده‌تلاینه‌وه‌و جله خوێناویه‌كانت هه‌ڵده‌گرت
له‌ژێر كێبڵه‌كاندا ده‌مردین و گۆڕه‌كانت ماچده‌كرد
من ده‌زانم تازه دڵیش بده‌یته‌وه به‌مردوه‌كان ڕۆحیان له‌وی نیه
ڕۆحیش بده‌یته‌وه به‌مردوه‌كان دڵیان لێره نیه
... ... ... ... ... ... .
نیشتیمانم، ئه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌كو تلیاك و سه‌ره‌تان تێكه‌ڵاوی خوێنم بوویت
كوان ئه‌وانه‌ی به‌خوێنی ئێمه په‌یمانی عیشقێكی تر ئیمزا ئه‌كه‌ن؟
خێڵه‌كانی خوێن له‌كوێن ئاهه‌نگی كوشتنمان بگێڕن؟
مه‌رگ وه‌ك كحول تێكه‌ڵاوی یادگاریه‌كانمان بكه‌ن
كفن فرۆش و مردوشۆره‌كانت له‌كوێن چیرۆكی مردنمان داڕێژن؟
گه‌داو بێنه‌واكانت له‌كوێن له‌گریانمان هه‌ڵبكێشن؟
... ... ... ... ... ... ...
دڵم ده‌خه‌مه شوشه‌یه‌ك تێزاب و هه‌ڵی ده‌گرم
ڕۆحم له‌نێو بۆنی ئه‌م گوڵ و باروته‌دا مۆمیا ئه‌كه‌م
ئێمه له‌سایه‌ی ئه‌رخه‌وانێكدا مه‌ست ده‌بین به‌رله‌ئێمه پایز جله‌كانی بۆ یادگاری بردوه
بۆماڵێك ئه‌چین ژنێك له‌په‌نجه‌ره خوَڵه‌مێشیه‌كانیه‌وه سه‌یری خوائه‌كات
له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌شێك وانه ئه‌خوێنین، ئاشوبی ساڵه‌كانی وێران بوونی پێوه‌یه
ده‌رگای ماڵێك ئه‌كوتین بۆ حه‌سانه‌وه، خاوه‌ن ماڵ چاوه‌ڕی ی مردنی تیائه‌كات
... ... ... ... ... ... ...
حه‌كیمه كانت ئه‌چنه‌وه به‌ر ده‌رگای دێوانه‌كان
به‌ڕه‌نگی خوێن و بۆنی خوێنه‌كه‌مدا بمناسه‌وه، نیشتیمان
ئه‌وه‌تا له‌و بازاڕه‌ی دۆلفیه‌نكانت ده‌فرۆشرێن به‌قه‌ێابخانه‌كان
په‌پوله‌كانت ده‌سپێردرێن به‌گۆڕستانه‌كان
ئه‌وه‌تا نێو له‌پت له‌نێو له‌پی سواڵكه‌رێكی جاده‌ی (مه‌وله‌وی) ئه‌چی
سواڵی مردن ئه‌كاو كه‌سێك نیه بیكوژی
له‌له‌شفرۆشێكی شاری (مناره) ئه‌چێت دڵی بۆمردن ئه‌كاته‌وه
ئامێزی تۆ پڕبووه له‌شه‌یتانی پیلانكارو پیاوی خیانه‌تكار
ناو گه‌ڵی تۆ پڕ بووه له‌په‌ڕۆی شه‌هوه‌تاوی و خوێناوی
كاتێكیش ده‌مه‌وی ڕۆحم بخه‌مه جانتاكه‌م و به‌جێت بێڵم
با‌نگم ده‌كه‌ن: ئه‌م هه‌واره بۆ چۆڵ ئه‌كه‌ی هه‌ی حه‌یشه‌ری
گوی ناگرم نیشتیمان، گوی ی ناده‌می نیشتیمان
وه‌ك چۆن پیاوێك ژنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌شاماتێك نێرینه‌دا ده‌گری به‌جێت دێڵم
وه‌ك چۆن ژنێك پیاوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دونیایه‌ك سۆزانیدا ده‌گری به‌جێت دێڵم
... ... ... ... ... ... ...
به‌خوێنه‌كه‌م تابلۆی ئه‌م گوناهانه بكێشه ڕه‌نگیان له‌ڕه‌نگی نیشتیمان ئه‌چی
شاعیرێكت ئه‌ڵی: ئێستا نیشتیمان بوكی ده‌ریا نیه، سه‌مای ماسیه‌كه له‌شوشه‌یه‌ك خوێندا
شه‌هیدێك ئه‌یوت: بۆنی لاشه‌ی مردویه‌كی لێدی نیشتیمان
نیشتیمان حیكایه‌تێكه خوێن ئه‌ینوسێته‌وه
سواڵكه‌رێك ئه‌یوت:برینێكه ڕۆح ته‌فسیری ئه‌كات
مناڵێك ئه‌یوت: ئه‌و بوكه‌ڵه‌یه‌كه به‌خوێنه‌وه خستومانه چاڵ
ئیماندارێك ئه‌یوت:ئایه‌تێكه ته‌فسیره‌كانی جوانیمان لێ سه‌ندوه‌ته‌وه
باوكم ده‌یوت: نیشتیمان وه‌سیه‌ت نامه‌یه‌كه
قاچاخچیه‌ك له‌باخیره‌یه‌كی (ئیجه‌دا) له‌گه‌نجێكی دڵشكاوی وه‌رگرتوه
دایكم ئه‌یوت:ئه‌و كچێكی ڕۆح سوكه به‌رله‌وه‌ی به‌نا به‌دڵی بیده‌ن به‌ئه‌ختیارێك خۆی ئه‌سوتێنی
نائومێدێك ئه‌یوت: نیشتیمان ماڵی ڕۆحه، ده‌رگایه‌كی تره به‌ڕوی خۆكوشتندا
فیمینسته‌كان ده‌یان وت: ئه‌و كچی عه‌شیره‌تێكی ژن كوژه
ئه‌و پیاوێكه هه‌یبه‌تی مردنی هه‌یه
سیاسیه‌كان ده‌یان وت: ده‌رگای ته‌لیسمێكه به‌خوێن ده‌كرێته‌وه
نیشتیمان ئێستا فۆبیای قوربانیه‌كه له‌ژورێكی تاریك وته‌نیادا
ئێستا مه‌یزه‌ده‌یه‌كه هه‌رشه‌وه‌ی له‌ماڵی سۆزانیه‌كی شاردا ده‌خه‌وێت
ڕۆژیش له‌پشت باده‌و نائومێدیه‌وه به‌سه‌ر ده‌باو
هه‌موو ڕۆژی قومارچیه‌كان له‌شه‌یتان خانه‌كانی شاردا ئه‌یدۆڕێنن
باغێكی سه‌وزه هه‌موو ڕۆژێك داربڕه‌كان ئه‌یكه‌ن به‌خه‌ڵوز
ئه‌و نه‌له قومار حاڵی ده‌بی و
نه‌سه‌ری له‌ماتماتیكه‌كانی مردن و ژیان ده‌ر ئه‌چێت
ئه‌و ئێستا پاكه‌ته‌كه‌ی خاڵیكردوه‌ته‌وه له جگه‌ره‌كانی نائومێدی
ئه‌و ئێستا قومار خانه‌یه‌كه هه‌ر شه‌وه‌ی وه‌جبه‌یه‌ك تیایدا ئه‌دۆڕێت
هه‌رشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك فریشته‌ی سپی
كه‌ڕه‌نگیان له‌ڕه‌نگی شیعر ئه‌چێت تیایدا ده‌كوژرێت
... ... ... ... ... ... ..
ئێواره‌یه‌ك ئێمه جه‌للاد ترین وخوێناویترین پیاوه كانی شاربووین
ده‌چووینه ناوشارێكی ته‌نیاو ته‌ریكه‌وه
ده‌چوینه ناو خه‌وێكی قورس وتاریكه‌وه
شارێك بۆنی مه‌یخانه‌یه‌كی تازه‌و كلیسایه‌كی دێرینی لێده‌هات
بۆنی مه‌یتخانه‌یه‌كی تازه‌و مه‌یخانه‌یه‌كی كۆنی لێده‌هات
ده‌مان بینی ئه‌و بنێشتی كات كوشتن و جه‌نگێكی بێماناتر ئه‌جوی
ته‌زبیحی خوێنێكی پوچتر به‌ر ئه‌داته‌وه
مه‌یمونێك دانه‌دانه گوڵه ئه‌ستێره‌كانی ئه‌كوژێنێته‌وه
جه‌نگ وه‌ك تازه هه‌رزه‌كارێكی عاشق كوچه‌و كۆڵانه كانی ده‌گه‌ڕی
ژنه شاعیره كه ئه‌و ژنه‌ی هه‌میشه ده‌یوت:
ئااااای ده‌ردی شیعر‌و شعور چیت پێكردین؟!
ئه‌و ئێواره قژه ماش و برنجیه‌كه‌ی ده‌ڕنی وده‌یوت:ئه‌یه‌ڕۆ ئه‌م مردنه بۆ وا حه‌شر ئه‌كات؟
ئێمه ده‌مانزانی له‌سه‌ر زه‌مینێكی تر‌و ڕۆحیترا یه‌ك ئه‌بینینه‌وه
وه‌ك مه‌ینۆشێكی نا‌ئومێد به‌ناو خوێن وبرینه كانیدا هاوار ئه‌كات، هاوارمان ئه‌كرد
له‌ناو خوێنی خۆمدا سه‌وزم ئه‌كه‌ی و نامه‌وی
له‌ناو فرمێسكی په‌شیمانیدا باڵام پێ ئه‌كه‌ی و نامه‌وی
وه‌ك بێوه‌ژنێك كۆشێك مناڵی بێسه‌ره‌و به‌ره جێدێڵی
ده‌گریاین وده‌مان وت وااااااااااااای نیشتیمان!!!
چه‌ند گریاین و هاواره‌كانت نه‌بیستین؟
چه‌ند فه‌غانمان كرد‌و گوێت پێنه‌دا؟
چه‌ند خه‌ونمان پێته‌وه بینی وپێت نه‌زانی؟
چه‌ند عاشقت بووین و ته‌ڵاقت داین؟؟
... ... ... ... ... .
له‌م مه‌مله‌كه‌تی فریشته‌و خوێنه‌دا بۆكوێم ده‌به‌ی؟
بۆ خۆم دێم و له‌شه‌قامێكی تاریك وته‌ریكدا ڕوتم كه‌ره‌وه
له‌ناو خوێن وخۆڵه‌مێشا لاشه‌كه‌م سه‌یركه
شوێنی شه‌لاق و قامچیه‌كانت به‌سه‌ر گیانمه‌وه بژمێره
شوێنی گولله‌و برینی دوژمنه‌كانت ببینه
من ئێستا كوڕی ژوری كێبڵی كاره‌باو به‌یان نامه نهێنیه‌كانی خوێن نیم
زه‌ڕنه‌قوته‌ی پاساریه كوژراوه‌كانی خه‌یاڵم
تاعونی كه‌ناریه ده‌سته‌مۆكراوه‌كانی خه‌ونم
ئه‌وه من بووم مناڵه‌كه‌ی خۆت
له‌ژوری ئیعتیرافدا به‌ده‌م سارد كردنه‌وه‌ی ئوتوه‌كانه‌وه
به‌دوژمن و جه‌للاده‌كانتم وت: پۆساڵه‌كانی نیشتیمان له‌ئێوه گه‌وره‌تره
ئێستاش كه‌له‌سه‌ر ئاڵاكه‌ت دووئێسقان وكه‌لله سه‌رێكی كۆنه ده‌بینم، پێت ده‌ڵێم:
به‌س خیانه‌ت له‌خوێنی قوربانیه‌كانت مه‌كه
ده‌سته خوێناویه‌كانم هه‌ڵده‌بڕم و دوعای خێرت بۆ ده‌كه‌م
... ... ... ... ... ... ... ...
له‌بیرته به‌زمانی دایكێكی میهره‌بان
له‌ناو گۆڕستان و كوشتنی كوڕه‌كانتدا پێت ده‌وتم: گۆرانی بڵی
له‌به‌رده‌می دوژمنه‌كانتدا (ئه‌ی ڕه‌قیب) بخوێنه
له‌ژوری ئینفیرادیه شه‌ڵاڵ بوو به‌خوێنه‌كاندا ێه‌بوری بكێشه
من هه‌ر ئه‌و مناڵه‌م له‌ناو خوێنی دیده‌كان و دوكه‌ڵی جه‌نگه كاندا گه‌وره بووم
هه‌ر ئه‌و ڕیش سپیه‌م خوێنی خۆمم ئه‌كرده بن نێرگزه ژاكاوه‌كانی ئازادی
هه‌رئه‌و گه‌نجه سه‌ر كه‌شه‌م عیشقی ناو دڵی خۆم ئه‌كرده پێم و به‌ره‌و جه‌نگه‌كان ده‌هاتم
له‌دوامه‌وه برین و دوكه‌ڵ و خوێنم جێده‌هێشت و
به‌ره‌و مه‌رگ و گولله‌و ئاگر ده‌هاتم
به‌ڵی، به‌ڵی هه‌رئه‌و مناڵه‌م به‌رداشی زه‌مانه‌كان هاڕیمیان و نه‌مردم
هه‌موو داربڕه‌كان سه‌ریان بڕیم وهه‌زار سه‌رم لێڕوان
له‌نێو كه‌لله سه‌ره‌كاندا گوڵم سه‌وزكرد و
له‌ناو خوێنه‌كاندا ئینسان
ئێستاش دێم و دوكه‌ڵ و خوێنم لێئه‌تكی
بۆنی مێژویه‌كی خوێناوی و دۆڕاوم لێدی
بۆنی دوكه‌ڵ و خوێن و پاڵه‌وانێكی له‌بیركراوم لێدی
... ... ... ... ... ..
به‌ڵی هه‌رئه‌و مناڵه‌م پێڵاوی شۆڕشگێڕه‌كانت بۆیاخ ئه‌كه‌م
كوكوختیه‌كانت دێنمه‌وه بۆگوێسه‌بانه‌ی لادی چۆڵه‌كان
به‌گڕی گوڵه‌ئه‌ستێره‌كانت مۆمی سه‌ر گۆڕی شه‌هیده‌كانت دائه‌گیرسێنم
باڵنده ئه‌تككراوه‌كانت دێنمه‌وه لانه‌كان
به‌په‌ڕه‌سێلكه قه‌ره‌جه‌كانت ده‌ڵێم:هێلانه قوڕینه‌كانتان له‌ڕۆحتاندا دروست بكه‌ن
له‌سه‌ر گۆڕی شه‌هیده‌كانیشت ده‌نوسم ئێمه له‌مردن به‌هێزترین
به جوتیاره‌كانیشت ده‌ڵێم: له‌ناو گۆلی توتنه‌كاندا
جارجاره گوڵی سوریش ئاوبده‌ن
... ... ... ... ... ... .
ئه‌وه من بووم مناڵه سپی پۆشه‌كه‌ی تۆ، مناڵه خوێن پۆشه‌كه‌ی تۆ
به‌سه‌ر هه‌موو پلیكانه‌كانی مردن‌دا سه‌ركه‌وتم و جه‌للادم جێهێشت
به‌ره‌و جاویدانی به‌ڕی كه‌وتم و مردنم جێهێشت
ئاگرو خوَڵه‌مێشم خسته دوای خۆمه‌وه
ئێستاش پڕبه‌گه‌روم هاوار ده‌كه‌م:
بۆ جوانیه‌كانت پیرده‌بن و نهێنیه‌كانت گه‌وره ده‌بن، نیشتیمان؟
ئاخر من خوێنی مێژویه‌كی له‌بیر كراوم له‌به‌ر ده‌ڕوات
نه‌زیفی دڵی ئه‌و كچه ڕه‌شپۆشانه‌م لێدی
به‌رله‌یه‌كه‌م ماچ، یه‌كه‌م گولله دڵدارو ده‌سگیرانه‌كانی بردن
پڕبه گه‌روم هاوارده‌كه‌م ئه‌و هه‌موو فریشته بێ ناموسه بۆ له‌سه‌ری مندا ده‌قریشكێنن؟
ئه‌و هه‌موو سواڵكه‌رو سۆزانی و برین فرۆشه بۆ له‌ڕۆحی مندا ده‌بن به جه‌للاد؟
ئه‌م هه‌موو شه‌قامه بۆده‌بن به‌زیندان؟
ئه‌م هه‌موو ڕۆحه بۆ ده‌بن به‌لاشه؟
من چی بكه‌م له‌شه‌ربه‌ت فرۆشه‌كانت هاواری خوێنی شه‌هیدانت ئه‌كه‌ن؟؟
چی بكه‌م له‌قاره‌مانه كانی دوێنێت قومار به‌ماناكانی دوێنی َی قوربانیدانت ده‌كه‌ن؟؟
... ... ... ... ... ...
وه‌ك یاخیه‌كی دۆڕاو له‌ماڵی ئه‌م مه‌رگ و ڕۆح كوشتنه‌وه دێمه‌وه
وه‌ك ئه‌و شاعیره‌ی ماڵه‌كه‌ی له‌باڵی په‌پوله‌و په‌ڕه‌ی گوڵ دروست ده‌كات
وه‌ك ئه‌و سه‌ربازه‌ی له‌جاسوسی تفه‌نگه‌كه‌یه‌وه گوڵه ئه‌ستێره‌یه‌ك ئه‌بینی
وه‌ك ئه‌و جه‌للاده‌ی له‌قامچیه‌كه‌یه‌وه ته‌ماشای خوائه‌كات
وه‌ك ئه‌و قابیل و هابیله‌ی له‌و په‌ڕی بێمانایدا یه‌كتری ئه‌كوژن
وه‌ك ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی شه‌یتان خانه‌یه‌ك ئاوه‌دان كاته‌وه
وه‌ك ئه‌و ژنه‌ی دوههه‌مین ده‌رگای به‌خته‌وه‌ری به‌ڕوی مه‌رگدا ئه‌كاته‌وه
كه‌لله سه‌ره‌كه‌م بۆ عیبره‌ت له‌ناوه‌ڕاستی شاردا هه‌ڵبواسه‌و
له‌ناو خوێنه‌كه‌مدا بم خنكێنه
به‌س به‌ئاوازێك شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان گۆرانی پێئه‌ڵێن، پێم مه‌ڵی:
هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كردمان به‌نێو حه‌قیقه‌تدا بۆ كوشتنی حه‌قیقه‌ت ئه‌چوین
به‌نێو كوشتنی عیشقدا بۆ كوشتنی موحیبه‌ت ده‌چوین
... ... ... ...
نوێژی ئه‌م مردنه له‌سه‌ر دڵی من بخوێنه
له‌سێبه‌ری تفه‌نگه كانتا گوڵی عیشق ده‌ڕوێنم
لێره‌وه تاقه‌یامه‌ت به‌ناو ئازاره‌كانتا ئه‌ڕۆم
وه‌ك مه‌یزه‌ده‌یه‌ك له سوچی مه‌یخانه‌یه‌كتدا ده‌كه‌وم
وه‌ك كه‌نه‌فتێك له‌گۆشه‌ی شه‌قامێكدا ده‌خه‌وم
وه‌ك ئه‌و سه‌ربازانه‌ی باریكایی پشتیان به گولله‌و باروت ده‌ڕازێننه‌وه
دڵ وڕۆحم به‌په‌پوله ئاوه‌دان ئه‌كه‌مه‌وه
وه‌ك پیاوێك سه‌یری دڵی خوێناوی خۆی بكات له‌ناو له‌پی ده‌ستیدا، سه‌یری تۆده‌كه‌م
بۆئه‌و پیاوانه‌ت ده‌گریم به‌ده‌وری ئاگرێكدا هه‌ڵده‌په‌ڕین
عاشقه كانیانی تیایدا ده‌سوتان
ئه‌و پیاوانه‌ی به‌ر له‌وه‌ی خوێنی یه‌كتری بكه‌نه باده‌كانه‌وه خوێنی یه‌كتری ده‌خۆنه‌وه
ئێسكه‌كانم دێنم وكورسیه‌ك بۆ ژه‌نراڵه دۆڕاوه‌كانت دروست ده‌كه‌م
ئه‌و ژه‌نراڵانه‌ی دڵیان وه‌ك وگوڵێكی ژاكاو ئه‌ده‌ن به‌دۆسته‌كانیان و
ڕۆحیان وه‌كو قامچی ئه‌ده‌ن له‌دڵیان
... ... ... ... ... ...
ئێواره‌یه‌ك له‌و دیوی مردنه‌وه دێمه‌وه خوێنی زه‌مه‌نه دوره‌كانم لێده‌ڕژی
بۆنی گوناهی ئه‌و مناڵه‌م لێدی خه‌یاڵ و برینی پێكه‌وه ده‌فرۆشت
فریشته‌و شه‌یتانی پێكه‌وه هه‌ڕاج ده‌كرد
من ده‌مزانی ئه‌و هه‌ناسه‌ی كوژراوی مردوه‌كان و برینه‌كانی دڵی خۆی ئه‌ژمار ئه‌كرد
هه‌مووبه‌یانیه‌ك خه‌تێكی ڕه‌شی به‌سه‌ر ته‌قویمه‌كه‌ی دڵیدا ئه‌هێنا
خه‌تێكی سپی به‌سه‌ر ڕۆحی خۆیدا ئه‌هێنا
ئه‌و له گۆڕ غه‌ریبه‌یه‌ك ئه‌چو له كاروانێكی ئیماندار جێمابێت
له لاشه‌ی ژنێك ئه‌چوو ته‌نیایی ئه‌وی كوشتبی و
له‌ڕۆحی پیاوێك ئه‌چوو دڕنده‌یه‌ك پاره پاره‌ی كردبَی
له‌دڵی هه‌تیوێك ئه‌چوو ئازار له‌خوێنی خۆیدا خنكاندبێتی
ئه‌و به‌ده‌م كێشانی دواهه‌مین جگه‌ره‌ی نائومێدیه‌وه ده‌یوت:
له‌به‌رده‌م سواڵكه‌رێكدا ده‌مكوژی و له‌به‌رده‌م ڤێلایه‌كدا
له‌ناو كه‌لاوه‌یه‌كدا ده‌مكوژی و له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌یه‌كدا
به‌ڕۆحی خۆمدا ئه‌مده‌ی له‌خاچ و نامكوژی
به‌دڵی خۆمدا ئه‌مده‌ی له‌دارو نامكوژی
وه‌ك خوێن یه‌خه‌م بگرێت یه‌خه‌م ده‌گریت و نامكوژی
وه‌ك مه‌رگ ڕۆحم بگرێت ڕۆحم ده‌گریت و نامكوژی
وه‌ك جه‌نگ دڵم بگری دڵم ده‌گریت و نامكوژی
ئه‌و هه‌موو شتێك بوو جگه‌له خودا
دواجاریش ئه‌و هیچ نه‌بوو جگه‌له‌وه‌هم و جگه‌له‌خۆی
... ... ... ... ... ... ... ..
له‌دڵی مناڵیدا بۆم مه‌گه‌ڕی له‌ئاخیره‌تی جه‌نگه كانه‌وه دێمه‌وه
له‌ئاخیره‌تی كوشتنی خه‌ون و خه‌یاڵ و خوێنه‌وه دێمه‌وه
وه‌ك جاڕچیه‌ك هاوارده‌كه‌م عابا ڕه‌شه‌كه‌ت هه‌ڵگره باخوێنه‌كه‌ت ببینم
تۆش ئه‌توانی بمدۆزیته‌وه و بمكوژی
من ده‌مه‌وێت كوڕه‌كانت نیشانی خۆیان و تۆ بده‌م
بۆئه‌وه‌ی نه‌ڵێت درۆ ئه‌كات جانتای موسافیره‌كانت ئه‌كه‌مه‌وه ڕێگایه‌كه به‌ره‌و مردن
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌لێیت درۆئه‌كات، دڵی موسافیره‌كانت ئه‌كه‌مه‌وه پڕه له‌ڕۆحی كوژراو
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێیت درۆ ئه‌كات، جه‌للادو قوربانیه‌كانت نیشان ئه‌ده‌م به خوێنه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێت درۆ ئه‌كات،
به‌ر له‌وه‌ی پێت بڵێم: خوات له‌گه‌ڵ نیشتیمانی غه‌م، وه‌سیه‌ت نامه‌كه‌مت بۆ ئه‌نێرمه‌وه
تۆئه‌زانی خوێنی ئه‌م عه‌زاب و خۆكوشتنه‌ش له‌پێناوی هیچدا ئه‌ڕژی
ئاخری هێنده‌ی گولله‌ی دوژمنانت گومان له‌پاكی شۆڕشگێره‌كانت ئه‌مكوژی
... ... ... ... ... ... ...
بڕوانه له‌نێو ئه‌م ده‌ریای خوێنه‌دا چه‌ند كه‌سیف و كه‌سیره‌بووین؟!
كوڕه‌كانت مه‌رگی خۆیان به‌ده‌م جگه‌ره‌یه‌كی هه‌رزانه‌وه ده‌كێشن
من چی بكه‌م به‌من بوایه ته‌فسیرێكی ترم بۆ خوا ئه‌كرد
هه‌زار زمانم ئه‌دا به‌كورسیه‌كان وهه‌زار باڵم ئه‌دا به‌فریشته‌كان و
مێزه‌رم ئه‌كرده سه‌ر دۆلفینه‌كان
ئه‌وه‌تا له‌نێو دڵی تۆدا مانگ بۆشه‌وی جێژنه‌كان ده‌بینین وخۆمان فاتیحای خۆمان ده‌خوێنین
تۆ ده‌زانی له‌نێو خوده‌ی به‌جێماوی هیچ سه‌ر بازێكدا كۆترێك ئاو ناخواته‌وه
له‌نێو كه‌لله‌سه‌ری هیچ سه‌ربازێكی وندا گوڵێك ناڕوی
له‌نێو هیچ پۆساڵێكی بۆیاخكراوی جێهێڵراودا
كه‌ناریه‌ك لانه ناكا
ئه‌وه‌تا شه‌هیده‌كانت ده‌ڵێن: نیشتیمان ژنه سواڵكه‌رێكه‌و
كوڕ‌و كاڵه ته‌كلیفی شتی قۆڕی لێده‌كه‌ن
ده‌ڵێن نیشتیمان شه‌ڕێكه له‌ڕۆحی ئێمه‌دا
حیكایه‌ت خوانی خوێنه له‌ماڵه كانی ئێمه‌دا
ئیدی به‌ناو ئه‌م گوناه و خوێنه‌دا بۆكوێم ده‌به‌ی و
بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر جێی هیچ یه‌كێك له كچه‌كانت خه‌وتبم
له‌نێو خوێنا له‌ش پیسیم پێده‌ر ئه‌كه‌ی؟!
هه‌مووڕۆژی برینی سواڵكه‌ره‌كان و چه‌قۆی جه‌للاده‌كانت ده‌مكوژن
خوێنی په‌پوله‌و په‌تی سێداره‌كانت گیانم ده‌كێشن
... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ... ...
ئه‌وه‌تا ئێمه له‌ناو ته‌نهایی خۆماندا ئه‌مرین و كه‌س هه‌ستی پێناكات
له‌نێو دڵی خۆماندا خۆكوژی ئه‌كه‌ین و كه‌س چیرۆكی مردنمان ناخوێنێته‌وه
له‌نێو ڕۆحی خۆماندا خۆكوژی ئه‌كه‌ین و كه‌س نامان نێژی
ئاخر جارێك تۆ له گۆڕت ناین و جارێك دوژمنان
جاری عیشق بردینی بۆ تابووته‌كه‌و جاری بێهوده‌یی
جاری ئومێد له گۆڕی ناین و جاری نائومێدی
تۆش به‌ژه‌هر مه‌ستم مه‌كه كۆڵانه‌كانت هه‌رزو فێری خۆكوژیانكردم
نائومێدیه‌كانت هه‌رزو سێداره‌ی بۆ ڕاخستم
عیشقت هه‌رزو ده‌رگای مه‌رگی پێكوتام
ئاخر لێره له‌م كوشتارگا
خوێن وپه‌پوله
گوڵ و باروت
بكوژ‌و كوژراو
جه‌نگ و جوانی
جه‌للادو قوربانی
پێكه‌وه سه‌ما ده‌كه‌ن
هه‌ر له‌م كلیساش چاوه‌ڕی هاتنه‌وه‌ی عیسا ده‌كه‌ن
ئه‌مه‌قسه‌ی حه‌ق بێژێكه ئه‌كرێت ڕۆژێك له‌ڕۆژان بیكات، یاهه‌ر نه‌یكات
قسه‌ی ئه‌و ڕۆحه وێرانه‌یه له‌وانه‌یه هه‌رئێستا له‌ته‌ریقیدا بمرێت، یاهه‌ر نه‌مرێت
قسه‌ی پێغه‌مبه‌رێكه ئه‌شێت له‌سه‌ده‌كانی تردابێت، یاهه‌رنه‌یه‌ت
مه‌وسیمی ته‌ریق بوونه‌وه له حزوری نیشتیمانا له‌دوو قه‌سیده پێك دێت ئه‌مه به‌شی یه‌كه‌می قه‌سیده‌كه‌یه (ئاسمان ی خوێن و به‌شی دووه‌می قه‌سیده‌كه‌ش تابوری پێنجه‌م به‌م زوانه بڵاو ده‌كرێته‌وه)
hardi shafiq
Jgarsoz8181@yahoo. com
