
مرۆڤ نابێت هه‌روا به‌ئاسانی بڕیار بدات كه هه‌رچی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر بوو، ناسیۆنالیست بوو ئیتر ئه‌وه فاشیست و نازییه، ناسیۆنالیزم دیارده‌یه‌كی سیاسیی مێژووییه و ناكرێت هه‌روا به‌ئاسانی تۆ، شه‌لم كوێرم ناپارێزم، به ئاروزووی خۆت هه‌رچی ناسیۆنالیست بوو ئیتر به فاشیست و نازی ناوزه‌دی بكه‌یت. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه تۆ خۆت سه‌ربه هزر و ئیدیۆلۆژیایه‌كی تریت، تێ‌یان به‌ربیت و هه‌رچی تۆمه‌ت هه‌یه بیده‌یته پاڵیان. نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری سیسته‌مێكی هزرییه، له‌سه‌رده‌مێكدا له‌دایكبووه تۆش ده‌بێت به‌پێی ئه‌وسه‌رده‌مه هه‌ڵیسه‌نگینێت، به‌پێیی ئه‌و سه‌رده‌مه لێكیبده‌یته‌وه كه تێیدایه له‌دایكده‌بێت، ده‌بێت ئه‌و بارودۆخه بزانیت كه ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی تیا گه‌شه ده‌سێنێت، تیا په‌روه‌رده‌بووه، پێویسته به‌رله‌هه‌ر شتێك پرسی ئه‌وه بكرێت كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ناسیۆنالیزمه چیه؟ خه‌بات بۆچی ده‌كات؟ ده‌یه‌وێت دنیا داگیربكات وه‌ك نازیه‌كان و فاشیسته‌كان كردیان؟ یاخود ده‌یه‌وێت له زێد و نیشتمانه‌كه‌ی خۆیدا وه‌ك گه‌لانی تری ئازاد و ده‌وڵه‌تدار، ئازاد بێت و ده‌وڵه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌بێت. ئازاد بێت و كه‌س نه‌یچه‌وسێنێته‌وه؟ ناشیه‌وێت كه‌سیش بچه‌وسێنێته‌وه؟
ده‌كرێت بووترێت ناسۆنالیزم سیسته‌مێك و ئایدیۆلۆژییه‌كی هزرییه! ده‌كرێت خه‌بات بكات له‌پێناو ئازادی و سه‌رفرازی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا وه‌ك هه‌موو گه‌لانی تری دنیا، له‌كاتێكدا كه ژێرده‌سته و داگیركراو بێت وه‌ك كورد، یاخود پێشخستن و به‌رزڕاگرتنی مێژوو و كولتوری نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و به‌شداریكردن له به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌دا بێت له روی پیشه‌سازی و زانست و ئابووریی جیهانیه‌وه، له‌كاتێكدا كه بووه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پارێزگاری له‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بكات و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی به‌رێت پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی سه‌رده‌مدا. ده‌شگونجێت ببێته هزر و ئایدۆلۆژییه‌كی دواكه‌وتنخواز و داگیركه‌ر و ماڵوێرانكه‌ر و خۆبه‌زلزان و لاده‌ر له رێبازه‌كه‌ی خۆی، وه‌ك هه‌موو بیر‌و هزرێكیتر كه له ستراتیژییه‌كه‌ی خۆی لا ده دات!
وه‌ك چۆن ئه‌و لادانانه‌ی له‌لایه‌ن ماركسیه‌سته‌كانه‌وه كراوه و له‌مێژوودا رویان داوه، هه‌ر له لێنین و ترۆتسكیه‌وه بیگره تاده‌گاته ستالین و پۆلپۆت و ماوسیتۆنگ وه تا ده‌گاته كۆمۆنیسته‌كانی لای خۆمانی به‌تایبه‌تی ساڵی (1974) یان ئه‌ولادانانه‌ی له ئیسلامدا روویانداوه و روو ئه‌ده‌ن، بۆیه مه‌رج نیه هه‌رچی لادانێك روویدا له‌لایه‌ن پێڕه‌وانی هزرێكه‌وه، ئیتر له‌سه‌ر ئه‌و ئایدۆلۆژییه ببێته ماڵ و هه‌رچی هه‌ڵگری ئه‌م هزره هه‌یه به‌وه تۆمه‌تبار بكرێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه! تاوانیشه حوكمی وابدرێت نازێتی له‌ئه‌ڵمانیدا روویداوه كه خاوه‌نی دوو جه‌نگ جیهانی گه‌وره‌یه و فه‌یله‌سوفانی وه‌ك هیگڵ و نیتشه و فیخته و ماركس و سه‌دانیتری تیا هه‌ڵكه‌وتوه و خاوه‌نی ئابوورییه‌كی به‌هێز و وڵاتێكی پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن ده‌یان سه‌ده شارستانێتی بووه! كه ئه‌و سه‌رده‌مه پێویستی به بازاڕبوو بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی و خۆڕزگاركردن له ته‌نگژه‌ی ئابووری. یاخود ئیتالیاییه‌ك كه كۆنترین شارستانێتیی تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه، رۆژانێك تا ده‌گاته وڵاته داگیركراو و دابه‌شكراوه‌كه‌ی من و تۆ له ژێر پۆستاڵ و سایه‌ی شمشێری سه‌ربازه‌كانیدابووین و ئاوی وڵاته‌كه‌مان لێحه‌رامكرابوو، دێیت به‌راوردی ده‌كه‌یت به نه‌ته‌وه‌یه‌كی كوردی داگیركراو و دابه‌شكراو كه ده‌یه‌وێت له‌و ماڵه داگیركراو و دابه‌شكراوه‌دا به ئازادی رێگه‌ی بدرێت به زمانی خۆی بخوێنێت، كه‌س ئه‌نفال و كیمیاوی بارانی نه‌كات، داوا ده‌كات له ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كه دیموكراسێتی پیاده بكه‌ن، ناسنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی بده‌نێ، رێگه‌ی بده‌ن به زمانی دایكی بخوێنێت، كولتوره‌كه‌ی لێ یاساخ نه‌كه‌ن! ده‌ڵێی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان له هه‌ر ده‌م و جێیه‌كبن فاشیست و نازین، ئاخر ئه‌مه چۆن وایه! ئه‌م بڕیاره موتڵه‌قه تۆهمه‌یه و داهێنانێكی چه‌وسێنه‌رانه‌یه و به‌پێی چ یاسایه‌ك و ئایدیۆلۆژیایه‌كی عه‌نتیكه ئه‌مه وایه! ئه‌مه وه‌ك په‌نده كوردیه‌كه‌ی لێهات كه ده‌ڵێت: (هه‌رچی سمێلی سوور بوو هه‌مزه ئاغایه!) .
ناسیۆنالیزم هزرێكه مه‌رج نیه له‌هه‌موو شوێنێك وه‌ك یه‌ك بێت، ناسیۆنالیزم كۆمه‌ڵێك تیۆری و بۆچوونه، ده‌كرێت لێره شێوه‌یه‌ك بێت و له شوێنێكیتر شێوه‌یه‌كی تری هه‌بێت، به شێوه‌یه‌كیتر خه‌بات بكات له پێناو ئه‌و ئامانجه‌دا، ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی كورد باسی لێده‌كات، بزافێكی سیاسیی شۆڕشگێرانه و ئازادیخوازانه‌یه، بانگی ئازادی و سه‌رفرازی و یه‌كسانیی نه‌ته‌وه‌ی كورده، داوای ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی ده‌كات كه تێیدا گه‌ل خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بێت، كار بۆ كرێكار بێت و زه‌ویش بۆ جوتیار بێت، كه‌س به‌ری ره‌نجی كه‌سی دیكه نه‌خوات. هیچ جۆره چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی تێدا نه‌بێت! یاسای مرۆڤپه‌روه‌رانه تێیدا سه‌روه‌ر بێت. هه‌موو تاكێك به‌رامبه‌ر یاسا ئازاد و یه‌كسان بێت.
بۆ ده‌بێت ئێمه هه‌ر یه‌كسه‌ر دیوه خراپه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌خۆمان هه‌ڵبژێرین!؟ به‌ڵام بۆ بێگانه‌ش به‌ده‌یان شێوه شتی بۆ دابتاشین، هه‌ربۆئه‌وه‌ی پاساوی بۆ بهێنینه‌وه و بۆی راستبكه‌ینه‌وه!!؟؟
كام رۆژ گوێت لێ‌بوو ناسیۆنالیستێكی كورد هاواربكات بڵێت ده‌بێت ئێران و توركیا و سوریا وعێراق له‌سه‌ر زه‌وی بوونیان نه‌مێنێت!؟ كام رۆژ له نووسینێكی ناسیۆنالیسته‌كانی كورددا به‌رچاوتكه‌وت كه خه‌ڵك هانبده‌ن عه‌ره‌ب و تورك و فارس قڕبكه‌ن؟ له‌كاتێكدا كه ئه‌وان به‌رۆژی رووناك خاكه‌كه‌ی ئێمه وێران ده‌كه‌ن، نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئێمه قڕده‌كه‌ن، ده‌بووایه به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌موو كارێك كاردانه‌وه‌ی هه‌یه رۆژێك ناسیۆنالیستێكی كوردیش ئه‌و جۆره هاواره‌ی بكردایه؟
باشه وا من ئه‌م رێگه‌یه‌م وازلێهێنا كه هه‌ڵم بژاردوه له‌پێناو كه‌مه خزمه‌تێك به كورد، خۆم ناخه‌مه ناو (داوی نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌وه كه داهێنانێكی چه‌وسێنه‌رانه‌یه به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه هه‌رده‌میش ده‌یانه‌وێ قووڵ و قووڵتری بكه‌نه‌وه چونكه ره‌گه‌زپه‌رستی كرۆكی پێكهاته‌ی ئه‌و ئایدۆلۆژیانه‌یه كه ئێستا به‌ناوی دیموكراسیی و لیبریالیی و ئازادییه خودپه‌رستیه‌كانی نێو سیسته‌می نه‌خۆش و دوژمنكارانه‌ی زاڵی ئێستای جیهان خه‌ڵكی ناهۆشیار و داغان به‌فه‌رهه‌نگی كۆنه‌په‌رستانه‌ی دینه‌كان و پیاوسالاریی و ئه‌فسانه دابونه‌ریته دواكه‌ووتوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵیان پێهه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێندرێ) ٠ چونكه نامه‌وێت هه‌ڵم خڵه‌تێنن و هه‌ڵخڵه‌تێنرێم وه‌ك تۆ له ناو ئه‌و كه‌وانه‌یه‌دا نووسیوته، ئه‌ی چ رێگه‌یه‌ك بگرمه به‌ر وا وازم له نه‌ته‌وه‌په‌رستی رێك و راست هێنا چوونكه مانای ره‌گه‌زپه‌رستییه! دیموكرسێتی گوایه به‌رهه‌می ناسیۆنالیزمه، لیبراڵیش ئه‌وه له‌و خراپتره چونكه داهێنانی سه‌رمایه‌دارییه! ئێ كه‌واته چی چاكه؟ ده‌مێنێته‌وه گۆڕینی ئه‌م دیكتاتۆره به‌و دیكتاتۆره‌ی تر، وه‌ك ده‌ڵێن: (كه‌رێكم دا به‌كه‌رێك سندان له بنا گوێێ ده‌ربێت!) تۆش وه‌ك من ره‌فزت كردوه له‌مه‌یاندا پێده‌چێت گه‌ر یه‌كیش نه‌گرینه‌وه به‌ڵام له یه‌ك نزیكبینه‌وه!
نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر ناڵێت ده‌ست بۆ دووژمن درێژ بكه و به‌كرێگیراویی بۆ بكه! ئه‌مه‌ت له‌كوێهێنا!؟ جا كه تۆ ده‌ستت بۆ دوژمن درێژكرد ئیتر چۆن نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریت!؟ نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌كان ده‌ڵێن هۆی هه‌ره‌سه‌ره‌كیی سه‌رنه‌كه‌وتنی شۆڕشه‌كانی كورد ئه‌وه‌بووه كه سه‌ركرده و رابه‌رانی كورد پشتیان به داگیركه‌رێك له داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به‌ستوه له‌پێناو رووخاندنی ئه‌و داگیركه‌ره‌ی پارچه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی تیا هه‌ڵگیرساوه، واته پشتبه‌ستن به داگیركه‌ران یه‌كێ له هۆ هه‌ره‌سه‌ره‌كییكانی سه‌رنه‌كه‌وتنی شۆڕشه‌كانی كورد بووه! بۆیه ده‌ڵێن كورد ده‌بێت پشت به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ببه‌ستێت نه‌ك به‌دوژمنانی، جا ئه‌مه له‌كوێ و ئه‌وه له‌كوێ؟!
خۆزگه به‌و لۆجیكه‌ی تۆ مافه‌كانی كورد به‌دیبهاتایه و پێویستی به قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كان نه‌كردایه، به‌ڵام ده‌ڵێی چی، منیش له‌گه‌ڵ تۆ و (تاگور) دا ده‌ڵێم (خوایه نه‌بمكه‌یت به مه‌ڕ قه‌ساب سه‌رم ببڕێت و نه‌بشمكه‌یت به قه‌ساب مه‌ڕ سه‌رببڕم)، ئێمه له هه‌لومه‌رج و بارێكدا نیین كه مه‌ڕ سه‌رببڕین و ناشمانه‌وێت هیچ مه‌ڕێك سه‌ربڕین نه‌ك ته‌نها ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێكدا! ته‌ماشاكه چیان پێنه‌كردین له ئه‌نفال و كیمیاوی و زینده به‌چاڵكردن، وه‌ڵامی ئێمه‌ش چۆنه بۆیان! گه‌ر له‌هه‌ڵه‌بجه بووبیت له‌پاش كیمیاوی بارانه‌كه ده‌زانیت چه‌ند سه‌ربازی رژێمه فاشیه‌كه به‌ره‌ڵاكرا و نه‌كوژران له‌تۆڵه‌ی هه‌ڵبجه‌دا، ئه‌وه نموونه‌یه‌كی به‌رچاوه بۆیه لێره‌دا باسی ده‌كه‌م! ئێمه‌ی ژێرده‌سته له‌وه‌ته‌ی هه‌ین هه‌ر سه‌رمان ده‌بڕن، بڕوا بفه‌رموو به‌و لۆژیكه‌ی تۆش، قه‌سابه‌كان واز له‌سه‌ربڕینمان ناهێنن. ئه‌وانن كه جیاوازیه‌كان قوڵتر و قوڵتر ده‌كه‌نه‌وه نه‌ك ئێمه‌ی مه‌ڕ، وه‌ك مامۆستا مه‌سعود موحه‌مه‌دی نه‌مر ده‌ڵێت (مه‌ڕ ئاماده‌یه خواردنی گۆشت حه‌رام بكات به‌مه‌رجێك شێر و گورگ و پڵنگ رازیبن)، ئه‌وانن رازی نابن و به بێخواردنی گۆشت ناژین، نه‌ك ئێمه‌ی مه‌ڕ هه‌ر ئه‌وانیشن جیاوازیه‌كان قوڵتر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه ئێمه‌ی مه‌ڕ نین كه قوڵی ده‌كه‌ینه‌وه! ئێمه هه‌میشه داماو و به‌شخوراو و چه‌وساوه و ژێرده‌سته‌بووین، جا بۆیه تكات لێده‌كه‌م تۆش هاوبیری نه‌گبه‌ت سه‌رمه‌بڕه و داركاریشی مه‌كه چونكه به‌رگه‌ی هیچیتر ناگرێت! خۆزگه به‌خۆزگه وه‌ك تۆی به‌رێز باسی كۆمۆنیست و چه‌په‌كانی كوردستان ده‌كه‌یت، وابوونایه جا ده‌یان توانی خزمه‌تێكی گه‌وره به كورد و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بگه‌یه‌نن! به‌ڵام به‌داخه‌وه وانه‌بوون! ته‌ماشای سێچاره‌كه سه‌ده‌ی مێژووی كۆمۆنیسته‌كانی كورد بكه، به‌ڵام به چاوێكی كوردانه‌وه، گه‌ر وا بووایه وه‌ك تۆ ده‌یڵێیت، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ئه‌وان ده‌یانگرته ده‌ست نه‌ك ئه‌و ئه‌حزابه نا نه‌ته‌وه‌یی و نا پڕۆلیتاریانه، به‌داخه‌وه كه وانیه. له‌كاتێكدا شۆڕشی كورد له خوارووی كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدا له %75 زیاتری كورد كۆمۆنیست بوو به باوكی منیشه‌وه كه شێخ و كۆمۆنیست بوو، به‌ڵام كێ بۆ كورد ده‌ستی به خه‌بات كرد ئه‌وه گره‌وی برده‌وه.
من لێره‌وه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ییه‌ك، ده‌ستخۆشی له و كۆمۆنیستانه ده‌كه‌م كه هه‌ڵگری دروشمی جیابوونه‌وه‌ی كوردستانن و دژی گه‌نده‌ڵی وه‌ستاونه‌ته‌وه له‌پێناو مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا خه‌بات ده‌كه‌ن. خۆزگه هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی دروستبوونیانه‌وه وابوونایه، به‌ڵام زه‌ره‌ر له‌نیوه‌یشی بگه‌ڕێته‌وه هه‌رباشه و له قازانجی كورده. هیوادارم تۆی به‌ڕێزیش وه‌ك كوردێك ئه‌م ره‌خنه و گله‌ییانه‌ی من قبوڵ بفه‌رمویت و له دڵی نه‌گریت و له روانگه‌ی ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه، گه‌رچی جیاوازیش بین له بۆچوونه‌كانماندا به‌ڵام هه‌ردووكمان كوردین و دڵمان بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌مان لێده‌دات! كاك كامیل ژیریش وه‌ك كوردێك له‌پێناوی زیاتر خوێن نه‌ڕژاندنی كوردا رێگه چاره‌یكیان خستۆته روو یه‌كیك له‌وانه زۆركردنی ژماره‌ی كورده له خواروی كوردستاندا چ به ڕیگه‌ی هاتن و كۆچكردنی كوردی پارچه‌كانی تری كوردستان بۆ خوارووی كوردستان و نیشته‌جێكردنیان وه به هاندانی زۆربوونی منداڵ بوون له لایه‌ن هه‌ر خێزانێكه‌وه یاخود به‌هێنانی دووژن واته فره‌ژنی له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه وه‌ك له پێشه‌وه باسم كرد ئه‌وان خۆیان دژی ئه‌مه‌ن ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌پێێ ئاینیش ره‌وابێت ئه‌وا خراپترین ره‌وایه وه‌ك چۆن ده‌وترێت بێزراوترین حه‌ڵاڵ ته‌لاقه به‌ڵام (ده‌ڵێت بۆ ماوه‌یه‌ك له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌دا ئه‌مه بكرێت له‌وانه‌یه له شه‌ر و كوشتار باشتر بێت بۆ كۆتاییهێنان به‌وكێشه ناره‌وایه) چونكه ئه‌وان پێێان وایه كه خوێنرشتن بۆ مرۆڤ نه‌هاتوه چ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه چ گه‌لانیتری دراوسێ گه‌رچی وڵاته‌كه‌شیان داگیركردوین زیانیان پێده‌گات بۆیه ئه‌م ڕێگه چاره‌نه‌یان هێناوه له خزمه‌تی كوردا! لای مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یی، خزمه‌ت به‌نه‌ته‌وه سه‌رو هه‌مو شتێكی‌تر ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وان وای بۆ ده‌چن، تۆش ده‌توانیت خۆت چۆن به‌چاكی بزانیت وا باسی لێبكه‌یت و ره‌خنه‌ی خۆشتبگریت و وه‌ڵامیان بده‌یته‌وه. به‌مه هه‌م پڕۆژه‌كه به‌سود تر ده‌بێت هه‌م باشترین ڕێگه چاره‌یه‌كیش بۆ كێشه‌ی كورد و ناوچه داگیركراوه‌كان ده‌دۆزرێته‌وه گه‌ر له‌گه‌ڵ ره‌ئه‌كه‌شیاندا نه‌گونجایت ئه‌وا له‌وانه‌یه خه‌ڵكی دیكه هه‌بێت وه‌ك ئه‌وان بیربكاته‌وه، وه‌ك چۆن هه‌شه وه‌ك تۆ بیرده‌كاته‌وه. مرۆڤیش ئازاده له بیركردنه‌وه‌یدا به‌تایبه‌تی له‌م ئه‌وروپای سه‌رمایه‌دارییه‌دا!.
پشكۆ ئه‌مین - شتووتگارت
2010. 07. 10
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
