ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه بڕێك له مه‌لایه‌كانی هه‌ولێر جارێكی تر گه‌ڕیان له ده‌زگای ئاراس ئاڵاندووه‌ته‌وه. پرسه‌كه پرسی ئاین بوایه مافی خۆیان بوو، ئاین باوه‌ڕی خه‌ڵكه و ده‌بێ رێزی لێ بگیرێ، ئه‌وانیش كاریان ئه‌وه‌یه ڕێی ئاین پێشان بده‌ن. به‌ڵام پرسه‌كه پرسی ئاین نییه.
له كۆواری "وێران" كه له ده‌زگای ئاراس ده‌رچووه شیعرێك بڵاو كراوه‌ته‌وه ناوی هه‌ندێك له پێغه‌مبه‌ره‌كانی تێدا هاتووه وه‌ك هێمای شیعری نه‌ك وه‌ك پێغه‌مبه‌ر، هه‌روه‌ها چیڕۆكێك هه‌ندێك دیمه‌نیی ئیرۆسیی تێدایه. به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌یان، من چیڕۆك و شیعره‌كه‌م نه‌بینیبوو، رۆژانه چه‌ندان بڵاوكراوه و كتێب له‌لای ئێمه ده‌رده‌چن و بێگومان فریای خوێندنه‌وه‌ی هه‌موویان ناكه‌وم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م شیعر و چیڕۆكه‌م بشبینییایه نه‌مده‌توانی رێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌یان لێ بگرم. ئه‌ده‌ب سانسۆر ناكرێ، كه‌سیش له سانسۆركردنی ئه‌ده‌بدا شانازیی پێ نه‌بڕاوه. ده‌قه نه‌مره‌كانی ئه‌ده‌بی دنیا له‌و جۆرانه‌ن كه له سه‌رده‌می خۆیاندا، ده‌سه‌ڵات چ ئاینی چ سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی پێی سه‌غڵه‌ت بوونه و سه‌ری خاوه‌نه‌كانیان كوتیوه‌ته‌وه، راویان ناون و ریسوایان كردوون، هه‌ندێكیشیان فه‌وتاندوون. به‌ڵام خاوه‌ن ده‌ق له مێژوودا چووه‌ته ناو تۆماری شانازی و سه‌ركوتكاریش زبڵدانه به‌ناوبانگه‌كه.
جگه له‌مه ده‌قی ئه‌ده‌بی لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ. لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوونه‌ته پسپۆڕی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، كه‌س ناتوانێ بڕیاری بنه‌بڕیان له‌باره‌وه بدا. شیعره‌كه‌ی وێران جیاوازیی ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپا پێشان ده‌دا نه‌ك سووكایه‌تی به‌ئاین و پێغه‌مبه‌ران. ئه‌و هاووڵاتییه كورده‌ی كه هه‌ڵگری ناو پێغه‌مبه‌رێكه "ئاده‌م، مووسا، ئیبراهیم، تا دوایی" دایك و باوكی بۆیه ئه‌و ناوه‌یان لێ ناوه تا له دواڕۆژدا ببێ به‌هه‌ڵگری ڕه‌وشت و خووی پێغه‌مبه‌ران، به‌ڵام ئه‌و به‌خۆی و به‌كولتوورێكی دواكه‌وتووه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌گرێ و ده‌چێ بۆ ئه‌وروپا، ده‌چێ له‌وێ كاری كرێت ئه‌نجام ده‌دا. شاعیر ده‌یه‌وێ جیاوازیی نێوان كولتووری ئێمه كه خۆمان به‌هه‌ڵگری په‌یامی پێغه‌مبه‌ران ده‌زانین له‌گه‌ڵ كولتووری هاوچه‌رخی دنیادا به‌راورد بكاته‌وه. یه‌كێك ناوی پێغه‌مبه‌رێكی زل و زه‌لامی هه‌ڵگرتووه به‌ڵام له سۆنگه‌ی تلیاك فرۆشییه‌وه ده‌گیرێ. ئه‌مه بۆ شاعیر و نووسه‌رێك بابه‌تی سه‌رسامییه. مه‌لایه‌ك له‌مه تێ نه‌گا كێشه‌ی خۆیه‌تی.
باسی سێكس ده‌كه‌ن له‌و كورته‌چیڕۆكه‌ی كۆواره‌كه‌دا، گوایه ڕه‌وشتی كۆمه‌ڵگه تێك ده‌دا و مێشكی لاوان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. جارێك به‌ر له هه‌موو شت ئه‌وی له ئه‌ده‌بدا هه‌یه سێكس نییه و ئیرۆتیكایه، له كۆنیشه‌وه ئیرۆتیكا به‌شێكی گرینگ بووه له ئه‌ده‌ب. دنیای عه‌ره‌ب شانازی به "هه‌زار و یه‌ك شه‌و"ه‌وه ده‌كه‌ن كه مۆنجه‌ی دێ له ئیرۆتیكا. شاعیرانی كۆنی كوردیش كه بناخه‌ی رۆشنبیرییان ئاین بووه، چه‌ندان به‌رهه‌میان له بواری ئیرۆتیكادا هه‌یه و كورد به‌ڕێزه‌وه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كا. شیعره ئیرۆسییه‌كه‌ی "نالی" بۆ "مه‌ستووره" ئه‌گه‌ر ره‌وشتی خه‌ڵكی تێك بدایه، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس نه‌یده‌خسته دیوانه‌كه‌ی نالییه‌وه و واش شرۆڤه‌ی نه‌ده‌كرد كه پڕ بێ له په‌سن و پێدا هه‌ڵگوتن. كه‌سیش بۆ سێكس پێویستی به‌شیعر و چیڕۆك و رۆمان نییه، به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌یان و سه‌دان كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌یه كه به‌ئامێرێكی چه‌ند دۆلاری ده‌ستی هه‌موو كه‌س ده‌كه‌وێ له‌م وڵاته‌دا، ئاخۆ كه‌س مه‌لایه‌كی بینیوه له‌مه بخوێنێ؟ بۆچی مه‌لای كوردستان، كه هه‌زار و یه‌ك كێشه‌ی سیاسی و جۆراوجۆر به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی گرتووه، خۆی نه‌بان ده‌كات به‌ڵام دێ سه‌كۆی مزگه‌وت و بڵندوێژ ده‌خاته كار بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ ئاراس سووكایه‌تی به‌ئاین ده‌كا.
ئێمه سووكایه‌تی به‌ئاین ناكه‌ین، ئاین بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكه و ده‌بێ رێزی لێ بگیرێ. من بۆ خۆم هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی سه‌رده‌مییانه‌م، به‌ڵام نه‌ك له‌گه‌ڵ ئاینه ئاسمانییه‌كان و پێغه‌مبه‌ره‌كانیان بگره له‌گه‌ڵ گاپه‌رستی و دێ‌و و درنج په‌رستیشدا كێشه‌م نییه و به‌چه‌وتی توخنی هیچ ئاینێك ناكه‌وم. له پایه‌ته‌ختی كوردستان و له‌م سه‌رده‌مه پێشكه‌وتووه‌دا یه‌كێك بڵێ ئه‌وه‌ی له ئاراس كار ده‌كا په‌نجه‌ی هه‌ڵوه‌رێ، ئه‌مه ته‌نیا نابه‌رپرسیاره‌تیی ئه‌و پێشان نادا كه به‌ناوی ئاینه‌وه ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه بدوێ و ئه‌م تووك و نزا و چه‌واشه‌كارییه بكا، بگره بێ خه‌میی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ش پێشان ده‌دا له ئاست ئه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌كۆ هه‌ستیاره به‌كار ده‌هێنن بۆ ئامانجی گوماناوی. ئه‌گه‌ر ئه‌مه گه‌مه‌یه‌كی دنیایی و له پێناو ئامانجی ناڕه‌وا نییه بۆچی روو له دادگه ناكه‌ن كه یاسا به‌ته‌واوی ئاین ده‌پارێزێ.
ده‌زگای ئاراس تاكه ده‌زگایه‌كی به‌ناوبانگه كه كتێبی ئاینی بڵاو ده‌كاته‌وه، له هه‌موو بوارێكیشدا كتێب بڵاو ده‌كاته‌وه. رۆشنبیری له‌م سه‌رده‌مه‌دا یه‌ك ڕه‌نگی نییه، پاوانیش نییه بۆ هیچ جۆره بیروباوه‌ڕێك. خه‌ڵك ئازادن له ده‌ربڕینی بۆچوون و هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ی خۆیان. یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه و ده‌ستوور و جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ و یاساگه‌لی هه‌موو دنیای هاوسه‌رده‌میش دانیان به‌ئازادیی ده‌ربڕیندا ناوه و ده‌یپارێزن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی وابێ به‌پاڵه‌په‌ستۆ و بانگه‌شه و چاووڕاو ده‌توانێ زمانی خه‌ڵك ببڕێ، ئه‌وا به‌دڵنیایی ئه‌و كه‌سه مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه نییه و له خه‌وندا ده‌ژی.
