
زۆر به‌ڕێز و پایه‌دار سه‌رۆكی كوردستان، كاك مه‌سعود بارزانی
هیوادارم هه‌ر سه‌رفراز و به‌خته‌وه‌ر بمێنن له پێناو گه‌یاندنی كوردستان به ئاقاره‌كانی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییمان…
جه‌نابی سه‌رۆك،
هیچ بڵنداییه‌كی، به قه‌ده‌ر خۆم بڵند، له كوردستاندا نابینم، ده‌ردی دڵی خۆمی له لا هه‌ڵبڕێژم له ئێوه زیاتر.
ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر، داواكاری گشتی، سكاڵانامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی دادگا كرد گوایه من "ره‌سمی خیلاعی"م له ناو كتێبی (سوڵتانه عوسمانییه‌كان) دا بڵاو كردۆته‌وه. به‌م كاره ناوی منیان زڕاند، حه‌یا و نامووسی منیان له ناو زانكۆ و له ناو قوتابیه‌كانم برد و منیان وه‌ك ئه‌مرۆِ له رێگه‌ی مه‌لای مزگه‌وته‌كانه‌وه به " بێ ئه‌خلاق" و " مولحید" له قه‌ڵه‌م دا. ئه‌مه له كاتێكدا من ته‌نیا چه‌ند تابڵۆیه‌كی هونه‌ریی و رۆژهه‌ڵاتناسه‌كانم بۆ سه‌لماندنی زۆرڵمی عوسمانییه‌كان دژی كورد به‌كارهێنابوو. وه‌زیری پێشووی داد، كاك فارووق جه‌میل، پاش ئه‌وه‌ی تێگه‌یشت كه ئه‌ندامانی داواكاریی گشتی نه‌یانزانیوه فه‌رق له‌نێوان تابلۆی هونه‌ری و ره‌سمی خیلاعیدا بكه‌ن، ده‌موده‌ست داوای كرد سكاڵانامه‌كه بكشێننه‌وه. ئه‌وانیش سكاڵایان به نابه‌دڵییه‌وه كشانده‌وه و بێ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردنیشم لێ بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت روونكردنه‌وه‌یه‌كیش- هیچ نه‌بێ بۆ قوتابیه‌كانم و بۆ خاتری كه‌سوكارم و خوێندكاره‌كانم- بڵاو بكه‌نه‌وه و تێیدا بڵێن كه ئه‌و فه‌رهاد پیرباڵه "كافر" و " بێ ره‌وشت" نه‌بووه و ره‌سمی خیلاعی نه‌شر نه‌كردووه!
من، ئه‌و كاته، بۆ ئه‌وه‌ی سومعه‌ی قه‌زا و داد له كوردستاندا له‌ككه‌دار نه‌بێت، بێده‌نگ بووم و سكاڵام دژی داواكاری گشتی تۆمار نه‌كرد. ئه‌مه‌ش به ئومێدی ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌رچی هیچ ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی نه‌یانزانیبوو جیاوازی له نێوان ره‌سمی خیلاعی و تابلۆی هونه‌ریدا بكه‌ن، به‌ڵام هیچ نه‌بێ (گوتم) ده‌توانن له داهاتوودا فێری ئه‌وه ببن كه جارێكی دیكه، له جه‌هاله‌ته‌وه شه‌ڕی ناهه‌ق به نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان نه‌فرۆشن!
چه‌ند مانگێك پێش ئه‌مڕۆ، دیسان هه‌مان داواكاری گشتی "كه به‌ناوی میلله‌ته‌وه قسه ده‌كات و ناشزانێت فه‌رقی نێوان تابڵۆی هونه‌ری و ره‌سمی خیلاعی چی"!؟ به فیتی مه‌لا به‌شیر و به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵإ ئیسلامی، سكاڵانامه‌یه‌كی تازه‌یان ئاراسته‌ی من و ده‌زگای ئاراس كرد تێیدا منیان به‌وه تاوانبار كرد كه نووسینی دژی دین و دژی ره‌وشتی كورده‌وایم بڵاو كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها هانی مه‌لاكانیان دا كه له رێگه‌ی مزگه‌وته‌كانی سه‌رتاپای كوردستانه‌وه دیسان- وه‌ك پێشتر- من به مولحید و بێ ئه‌خلاق له قه‌ڵه‌م بده‌ن و به‌م هۆیه‌وه ده‌یان نامه‌ی ته‌هدیدی كوشتن به موبایل و ئێمێل ئاراسته‌ی من كران. من، ئه‌مڕۆ به هۆی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه مزگه‌وته‌كانی كوردستان به فیتی مه‌لا به‌شیر و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵ خستوویانه‌ته پاڵم له‌وه‌ی كه من دژی ئه‌خلاق و و دینی ئیسلامم، ژیانم له مه‌ترسیدایه. له‌سه‌رچی؟ له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه من سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (وێران) كه له ده‌زگای ئاراس بڵاو ده‌كرێته‌وه، رێگه‌م داوه ته‌رجه‌مه‌ی كورته چیرۆكێكی كه‌متر له نیو لاپه‌ڕه له گۆڤاره‌كه‌مدا بڵاو بكرێته‌وه، كورته چیرۆكێك كه عه‌للامه‌یه‌كی موسڵمانی توونسی به ناوی شه‌هاب ا‌لدین احمد التیفاشی (1185-1253) له كتێبی (نزهه الالباب فی ما لم یرد فی كتاب) نووسیویه‌تی و زیاتر له حه‌فتا جار له ده‌یان وڵاتی عه‌ره‌بی موسڵماندا (دار الریاچ – الریس) بڵاو كراوه‌ته‌وه و چه‌ندین جار له پێشانگای نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌ولێر فرۆشراوه بێ ئه‌وه‌ی هیچ شكایه‌تێكیشی لێكرابێت! خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له یه‌ك ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و موسڵماندا شكایه‌تی لێكرابا و له یه‌ك گوندی عاره‌بانیش قه‌ده‌غه كرابا، بێگومان ئه‌و كاته منیش حسێبێكی دیكه‌م بۆی ده‌كرد.
داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و مه‌لا به‌شیر " ملكی اكپر من ملك" ده‌یانه‌وێ پیشان بده‌ن كه كورد له عاره‌بان زۆر مموسڵمانترن، له ده‌وڵه‌ته موسڵمانه‌كانیش زۆر به ئه‌خلاقتر! ئه‌مه له كاتێكدا چیرۆكه‌كه زانایه‌كی ناوداری موسڵمان و ئیماندار نووسیویه‌تی، ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و موسڵمانیش- وه‌ك ده‌زانن- لێوانلێون له‌م جۆره چیرۆكانه! هه‌موو كه‌س ده‌زانێ، ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا هاتووه ناگاته ته‌نانه‌ت یه‌ك لاپه‌ڕه‌ش له‌و هه‌موو سه‌دان شیعره پۆرنۆ و ئیترۆتیكانه‌ی (ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ند) كه وه‌ك جه‌نابیشتان ئاگادارن له شاری دهۆك چاپكراوه!
ئه‌گه‌ر بڵاو كردنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی شهاب ا‌لدین التیفاشی به ئیلحاد و هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ ئه‌خلاقی بژمێردرێت، ئه‌وا پێویسته سه‌رجه‌م هه‌شت به‌رگه‌كه‌ی (رشته‌ی مرواری) یش بسووتێنین و بشچین به قسه‌ی ئه‌و ملایانه، مه‌لایه‌كی زانای وه‌ك (علا و ا‌لدین سه‌ججادی) به كافر و بێ ئه‌خلاق له قه‌ڵه‌م بده‌ین... جگه له‌مه‌ش زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و شێخ ئه‌حمه‌دی جه‌زیری و مه‌لای گه‌وره و ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ند و مه‌لا حافزی مهابادی و ده‌یان نووسه‌ری كلاسیكی دیكه‌مان بخه‌ینه ناو دادگاكانی كوردستانه‌وه و له لایه‌ن مه‌لا به‌شیر و داواكاری گشتییه‌وه گۆڕه‌كانیان هه‌ڵبده‌ینه‌وه! به تایبه‌تیش مه‌لا خدری شاره‌زووری ناودار به (نالی)، چونكه له شیعری " مه‌ستوره" دا له سێ لاپه‌ڕی فراواندا باسی ته‌نیا یه‌ك شوێنی ژن ده‌كات، باسی ئینج به ئینجی عه‌وره‌تی ئافره‌ت!
له‌سه‌ر چاپكردنه‌وه‌ی ئه‌م كورته‌چیرۆكه، من (كه نه نووسه‌ری ئه‌و چیرۆكه‌شم، نه موته‌رجیمی چیرۆكه‌كه‌ش) پێنج ملیۆن دینار غڕامه كراوم له‌گه‌ڵ شه‌ش مانگ زیندن (ایقاف التنفیژ) ئنجا تا سێ ساڵی داهاتووش له ژێر چاودێرییه‌كی زۆر توندا قه‌ڵه‌مم حه‌پس بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك ئه‌گه‌ر وتارێك، كتێبێك، یان رسته‌یه‌كی ئه‌وتۆ بنووسم كه به دڵی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و مه‌لا به‌شیر و حیزبی یه‌كگرتوو و داواكاری گشتی نه‌بێت، فه‌وره‌ن شكایه‌تێكی ناهه‌قی دیكه‌ی وه‌ك جاری یه‌كه‌م و دووه‌مم لێ بكه‌ن و بمهاوێنه ریزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر بێ ئه‌خلاقی و ئیلحاد و موخه‌ده‌ڕات زیندانی كراون!
ئایا منێكی نووسه‌ری ئیماندار و ئه‌ندێشه ئازاد، كه هه‌موو ژیانم ته‌رخانكرد بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ر و مێژووی ئه‌ده‌بیات كورد و قوتابیانی زانكۆ و تا ئێستا زیاتر له (63) كتێبم چاپكردووه، شایسته‌ی ئه‌م حوكمه نا عه‌دیله‌م! ئایا ئه‌مه حوكمێكی ره‌وایه: حاكمێك و داواكارێكی گشتی كه نازانن جیاوازی له نێوان تابلۆی هونه‌ری و ره‌سمی خیلاعیدا بكه‌ن، به بێ هۆكارێكی ره‌وا و لۆژیك، من بخه‌نه حه‌پسخانه‌وه؟!
له‌م نامه‌یه‌مدا، به‌و په‌ڕی حورمه‌ته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به گازانده‌یه‌كی زۆر تونده‌وه، له جه‌نابتان ده‌پرسم، جه‌نابی سه‌رۆك، ئایا ئه‌گه‌ر من له تۆژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی زانكۆدا هاتم چوار به‌یته شیعرم به نموونه له شیعره "بێ ره‌وشته‌كانی" شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی به‌كارهێنا بۆ روونكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی، یان ئه‌گه‌ر چوار دێڕ شیعری " بێ ئه‌خلاقی" ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ندم گواسته‌وه ناو توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆیی بۆ قوتابیه‌كانم... ئایا ده‌بێ دیسان – به پێی ئه‌و حوكمه قانوونییه‌ی به‌سه‌رمدا سه‌پاوه- شكایه‌تم لێ بكرێته‌وه و به‌مه‌ش بمخه‌نه‌وه ناو زیندان؟
ئه‌و حوكمه‌ی به‌سه‌ر مندا دراوه له داهاتوودا به‌سه‌ر نووسه‌رانی دیكه‌شدا ده‌درێ به هۆی مادده‌ی (403) ی قانوونی عقووباتی عێراقیه‌وه... بۆ ئاگاداریتان!
له ساڵی (1968) دا به‌عسییه‌كان به فه‌رمانی سه‌دام حسێن مادده‌ی (403) سزای قانوونی عقووباتی عێراقییان خزانده ناو قانوون بۆ له‌ناو بردنی شیووعیه‌كان و بێده‌نگكردنی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانی ئازاد ئه‌ندێش. زۆر ناڕه‌وا و ناشیرینه، كه تاكو ئه‌مڕۆ ئه‌م مادده قانوونییه‌ی ێه‌ددام حسێن هێشتاش هه‌ر له كوردستانی ئازاد‌دا كاری پێ بكرێت و حیزبه ئیسلامییه‌كان بۆ ناوزڕاندنی كورد و كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن. ئه‌مه له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستاندا قانوونی ژماره (9) ی رۆژنامه‌نووسیمان هه‌یه، كه‌چی به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیان له‌گه‌ڵ من به‌كارهێنا.
ئه‌مه‌یه مه‌ترسی مادده‌ی (403) ی قانوونی عقووباتی عیراقی: ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك له تۆژینه‌وه‌یه‌كدا بێت چوار به‌یت له شیعره "بێ ره‌وشته‌كانی" ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ند به كار بهێنێ، یان ئه‌گه‌ر بێت چوار دیڕ شیعری " بێ ئه‌خلاقی" نالی بگوازێته‌وه ناو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك، ده‌بێ لانی كه‌م شه‌ش مانگ زیندانی بكرێت و پێنج ملیۆن دینار غه‌ڕامه و سێ ساڵ په‌لوپۆی قه‌ڵه‌می زیندان بكرێت!
ئایا جه‌نابی پایه‌دارتان ئاگاداری مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م قانوونه هه‌ن؟ ئایا ئه‌م قانوونه به‌عسییه‌ی ساڵی (1968) له قانوونی سانسۆره‌كانی رژێمی ستالین و مۆسۆلینی زۆر كوشنده‌تر و پیستریش نییه؟ ئایا ئێوه ئه‌م مادده مه‌ترسیداره‌ی قانوونی مه‌تبووعاتی عێراقیتان پێ راست و ره‌وایه كه كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و له پێش هه‌مووشیانه‌وه مه‌لا به‌شیری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌وقاف – هه‌میشه‌ش به بێ پرس و راوه‌گرتنی ئه‌ندامانی دیكه‌ی لێژنه‌ی ئه‌وقاف- سووئی ئیستیفاده‌ی لێ ده‌كه‌ن و ده‌یخزێننه ناو قه‌زا و دادگاكان و ته‌حریكی ده‌كه‌ن بۆ تۆقاندنی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و ئافره‌تان و هونه‌رمه‌ندان؟! من پرسیار ده‌كه‌م: ئایا ئه‌گه‌ر حاكم و داواكاری گشتی ده‌ستیان له‌گه‌ل حیزبی یه‌كگرتوو و مه‌لا به‌شیر و كۆمه‌ڵی ئیسلامی تێكه‌ڵ نه‌بێت و به بڕیاری ئه‌وان له كوردستاندا هه‌ڵنه‌سووڕێن؛ ماقووڵه دادوه‌ر هه‌ڵه‌ی وا سامناك و ناقانوونیی به‌سه‌ردا تێپه‌ر ببێت؟
ئه‌مه بۆچی تاوانه ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك بێت چه‌ند دێڕه شیعرێكی ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ند و شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی یان شیعره ناوداره‌كه‌ی نالی له‌باره‌ی عه‌وره‌تی مه‌ستووره خانمی ئه‌رده‌ڵانی له گۆڤارێكدا دووباره چاپ بكاته‌وه؟ به‌ڵێ، من تۆمه‌ته‌كه‌م ته‌نیا ئه‌مه بووه! له گۆڤاری (وێران) دا چیرۆكه‌كه‌ی (التیفاشی) ی زانای موسڵمانی توونسیم، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ئیزنم داوه موته‌رجیم له گۆڤاره‌كه‌ی مندا نه‌شری بكات. ئه‌مه‌یه تۆمه‌تی "مولحید بوون و بێ ئه‌خلاقی" ی من كه گوایه من هێرشم كردۆته سه‌ر ئایینی ئیسلام و بێ ئه‌خلاقیم له ناو گه‌نجاندا بڵاو كردۆته‌وه... كه ئه‌مه هه‌فته‌یه‌ك زیاتره ته‌له‌ڤزیۆنی په‌یام و كۆمه‌ڵ یه‌كگرتوو كردوویانه به شریتی هه‌واڵه‌كانی خۆیان و ناوی منی پێ سووك ده‌كه‌ن و له‌ناو خه‌ڵك و قوتابیه‌كانمدا منی پێ تاوانبار و ته‌شهیر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ترس و تیرۆر به ناو نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا بلاوبكه‌نه‌وه و تیرۆرستان هان ده‌ده‌دن بمكوژن. ته‌نانه‌ت دووای ئه‌وه‌ش كه له (19/12/2010) دا حوكمی دادایان به‌سه‌ردا سه‌پاندم، هێشتاش هه‌ر وازم لێناهێنن، هاتوون له غودبه‌ی رۆژی جومعه‌ی (24/13/2010) له مزگه‌وتی (حاجی سه‌نیه) ی گه‌ڕه‌كی سوورچیان و له چه‌ندین مزگه‌وتی دیكه‌وه ناوی منیان به دوژمنی ئیسلام ناوزه‌دكردووه و خه‌ڵكیان هانداوه بمكوژن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه من له رۆژنامه‌ی ئاسۆی ئه‌ده‌ب، ژماره (2) له (21/12/2010) شیعرێكم نووسیوه دژی ئیسلام، ئه‌مه له كاتێكدا هه‌ر كه‌سێك تۆزێك خوێنده‌واری هه‌بێت ده‌زانێ كه من به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و شیعره‌م نه‌نووسیوه، بڵاو كردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی من له‌سه‌ر به‌رگی پێشه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و شیعره‌وه نییه كه له لاپه‌ڕه‌ی دووایی رۆژنامه‌كه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
به رای جه‌نابتان، ئایا، ئه‌م ته‌پكه و ته‌ڵه و ته‌شهیر و تۆمه‌ته ناڕه‌وایانه، له رێگه‌ی مه‌لا و مزگه‌وته‌كانه‌وه، به‌ناوی دیفاع له دین و ره‌وشتی كۆمه‌ڵگا، كه زۆر زیره‌كانه توانیویانه بیگه‌یه‌نن به شێوه فه‌رمییه‌كانی دادگا و قانوون و قه‌زا و دین، شێوه‌یه‌ك نیه له شێوه‌كانی تیرۆر؟ ئایا ئامانجێكی تیرۆرستانه و گڵاوی له پشته‌وه نیه بۆ سووك كردنی هونه‌ر و رووناكبیر و هونه‌رمه‌ندان به درێژایی ژیانی خه‌باتی ناو شاخ و شار، هه‌میشه سه‌ر بڵند، لایه‌نگیری هه‌ق و راستی و رووناكی، دژ به تاریكی راوه‌ستاوین؟
من داخی گرانم ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م مه‌لا و مفتخۆر و جاهیلانه وا تێده‌گه‌ن كه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات زانستێكی هێنده ساده و ئاسان و رووكه‌شه كه ده‌توانن زۆر به ئاسانی ته‌راتێنی تێدا بكه‌ن!
سیسته‌می دین جیاوازه له سیسته‌می هونه‌ر و میتافۆره‌كانی. سیسته‌می دین جیاوازه له سیسته‌می ئه‌ده‌بیات و تیۆره‌كانی. (المعنی فی قلب الشاعر) هه‌زار ساڵه گوتراوه. مه‌لا به‌شیر و سه‌ركردایه‌تی حیزبه ئیسلامییه‌كان و مه‌لا به‌كرێگیراوه‌كانی ئه‌م ده‌سته و تاقمه ترسناكه، حوكمی دین ده‌خه‌نه جێگه‌ی حوكمی ئێستاتیكا (علم الجمال)، پێوه‌ری "ئیسلامی سیاسی" ده‌خه‌نه جێگه‌ی پێوه‌ری تیۆره ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه، تیۆری بن لادن (كه ئامانجه‌كه‌ی بریتیه له تیرۆركردنی هه‌موو هونه‌رێك و ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئاسه‌وارێكی دێرینی مرۆڤایه‌تی) ده‌خه‌نه جێگه‌ی تیۆره هونه‌ری و ئاركیۆلۆژییه‌كانه‌وه. ئه‌مه كاره‌ساته، له جه‌هاله‌ت و حه‌ماقه‌ت زیاتر هیچی دیكه به‌رهه‌م ناهێنێ بۆ كوردستان.
ئه‌م مه‌لا و غودبه‌خوێن و كادیره سیاسی – ئیسلامییانه‌ی ناو سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م حیزبه ئیسلامییانه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه مه‌لا به‌شیری سه‌رۆك لێژنه‌ی ئه‌وقاف (كه ته‌حریكی دۆسیه دروستكردن ده‌كه‌ن بۆ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان له‌ناو دادگاكانی كوردستاندا)، ئه‌گه‌ر زۆر زۆر باوه‌ڕیان وایه كه شڕۆڤه هونه‌ری و ته‌ئویلاته ئه‌ده‌بییه‌كانی خۆیان له ته‌ئویلات و تێگه‌یشتنه‌كانی ئێمه‌ی نووسه‌ر و تۆژه‌ر و هونه‌رمه‌ند و مامۆستایانی زانكۆ راستتر و دورستتره له‌باره‌ی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و چیرۆك و فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر كه ئیختیساسی خۆمانه... ئه‌وا – به جیددی ده‌ڵێم- ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند و ئه‌كادیمی و مامۆستایانی زانكۆ ونووسه‌ران هیچ مانیعی ئه‌وه‌مان نیه له‌و كاته‌دا با ئه‌وان (ئه‌و مه‌لا كادیره ئیسلامییانه) بێن له جیاتی ئێمه شیعر و رۆمان و چیرۆك و تۆژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی بنووسن و گۆرانی و حه‌یران و لاوكیش بڵێَن و كلیپیش ده‌ربكه‌ن، له وه‌رشه‌كاندا تابلۆی هونه‌ری ره‌سم بكه‌ن و شانۆگه‌رییه‌كان ئیخراج بكه‌ن و ته‌نانه‌ت وانه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانیش له كۆلێژی هونه‌ر بڵێنه‌وه، ئێمه‌ش له‌و كاته‌دا هه‌موومان له جیاتی ئه‌وان ده‌چین ده‌بینه مه‌لا له مزگه‌وتێك.
ئه‌گه‌ر مه‌لای مزگه‌وته‌كان و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حیزبه ئیسلامیه‌كان، خۆیان له من به نووسه‌رتر و هونه‌رناستر ده‌زانن و ده‌یانه‌وێ پیشه‌ی نووسه‌ری و ئه‌كادیمییه‌ت موماره‌سه بكه‌ن، با بێن له جیاتی من مێژووی هونه‌ر و مێژووی ته‌رجومه و مێژووی شانۆ و مێژووی ئه‌ده‌بیات و مێژووی مۆسیقا و مێژووی كوردستان بنووسنه‌وه و رۆمان بنووسن و گۆرانیی (ست فاتیمه) ش بڵێن.. ته‌نانه‌ت گۆڤاره‌كه‌شم (گۆڤاری وێران) هه‌ر خۆیان به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، منیش له‌و كاته‌دا ده‌چم له مزگه‌وتێكی نزیك گه‌ڕه‌كه‌ی خۆمان ده‌بمه مه‌لا، یان ده‌بمه كادیرێكی پێشكه‌وتووی یه‌كگرتووی ئیسلامی! ئایا ئه‌مه ده‌كرێ؟!
هونه‌ر (واته ئه‌ده‌بیات) سیسته‌م و ئه‌رك و پایه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، دینیش سیسته‌م و ئه‌رك و پێگه‌ی جیاوازی خۆی.
مامۆستایانی ئاینی و مه‌لاكان و " راگه‌یاندنی حیزبێكی ئیسلامی" و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف، ئه‌وانه‌ی ته‌حریكی داواكاری گشتی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بدرێنه داگا، مادام – خۆ هیچ عه‌یب نیه- له رێبازه‌كانی هونه‌ر و تیۆره‌كانی ئه‌ده‌ب تێناگه‌ن، مادام – هیچ كامێكیان له بواری هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتدا به هیچ شێوه‌یه‌ك مانای تیۆره‌كانی (ئیمپرێشیۆنیزم) و (بایۆمیكانیك) و (كۆنتڕاپۆینت) و (پێرسپێكتێڤ) و (گووتیك) و (نابیز) و (ئه‌بسوورد) و (ئیرۆس) و (سوریالیزم) و (ئه‌بستراكت) و (سۆناتا) و (بالیه) و (مه‌نهه‌جی جه‌شتاڵت) و (مێتۆدی مایرهۆڵد) و (كۆڕاڵ) و (ئۆتۆبایۆگرافی) و (ره‌هه‌ندی سێیه‌م) و (ی دیواری چواره‌م) و (هارمۆنی) و (مه‌رگی نووسه‌ر) و (سۆڵ) و (سیناریۆ) و (تیۆری ئه‌نشناین) و (ئێرۆنی) و (ئێرۆتیك) و (شه‌پۆلی هۆش) و (كۆنشێرتۆ) و (دادایزم) و (پۆست سێمانتیك) و (ئاوت لاین) و (شیعری سپی) و (سیمفۆنیا) و (ماس ئارت) و (سێمانتیك) و (تیۆری ماڵتۆس) و (كووجیكا) و (ریالیزمی سیحری) و (لیبیدۆ) و (رۆكۆكۆ) و (ئاڵۆگرافیك) چیه... ئاخر، ئه‌ی ئه‌ی هاوار... چۆن ده‌بێ رێگه‌یان پێ بدرێت حوكم له به‌ستێنی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتدا بده‌ن، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و مامۆستایانی زانكۆ په‌لكێشی ناو دادگا بكه‌ن و بێن به‌سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه ببنه دادوه‌ر و حه‌پسیان بكه‌ن!؟
من له‌ناو دادگادا به جه‌نابی دادوه‌ر و نوێنه‌ری داواكاریی گشتیم گوت:
- ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌زانێت ئۆفسایت ofside له گه‌مه‌ی فتبۆڵدا چیه، نابێت بكرێته حه‌كه‌می فتبۆڵ. وایه؟
دووای بیركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌ردووكیان گوتیان: "وایه"
گوتم:" كه‌واته، كه‌سێك كه مه‌حكه‌مه‌ی من ده‌كات، ده‌بێ له سیسته‌می هونه‌ر و تیۆری ئه‌ده‌بیات تێ بگات".
-بۆچی؟
- چونكه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات سیسته‌مێكی سه‌ربه‌خۆ و ئۆتۆنۆمی هه‌یه، مه‌رج نیه مه‌لایه‌ك یان سه‌رۆك حیزبێكی ئیسلامی و ته‌نانه‌ت حاكمێكیش له سیسته‌می هونه‌ر و له سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ده‌بیات تێ بگات!
زۆر به هێمنییه‌وه گوتم: چونكه دین هیدایه‌تی مرۆڤ ده‌گات، به‌ڵام هونه‌ر (ئه‌ده‌بیات) هیدایه‌تی مرۆڤ ناكات به‌ڵكو ته‌نیا ژیان ته‌عبیر ده‌كات.
ئه‌وان ئه‌م قسه‌یه‌ی منیان به ئیهانه وه‌رگرت و به تووڕه‌یی و قه‌شمه‌ریكردنه‌وه به من، گوتیان:
- یه‌عنی، به رای تۆ، ئێمه‌ی حاكم و ئه‌ندامانی داواكاریی گشتی، پێویست وایه "وه‌كو تۆی عیفریتی رۆشنبیری" عفریت بین له هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردیدا ئنجا بێین مه‌حكه‌مه‌ی تۆ بكه‌ین؟
گوتم: من ناڵێم وه‌كو من "عیفریتی رۆشنبیری" بن! به‌ڵكو ده‌ڵێم پێویسته بزانن كه شیعر و چیرۆك، به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر، زانستێكی سه‌ربه‌خۆی جیاوازن، زمان و سیسته‌مێكی دیكه‌یان هه‌یه كه جیاوازه له‌چاو دین. بۆیه پێویست وایه چه‌ند پسپۆڕێكی هونه‌رناس و ئه‌ده‌بناستان له‌گه‌ڵدا بێت بۆ مه‌حكه‌مه‌كردنی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان!
به داخه‌وه دادوه‌ر و نوێنه‌ری داواكاری گشتی، ئێستا و ئێستاش، قه‌ناعه‌تیان به‌وه نه‌هێنا كه بۆ مه‌حكه‌مه‌كردنی شاعیر و هونه‌رمه‌ندان و چیرۆكنووس، بۆ مه‌حكه‌مه‌كردنی مامۆستایه‌كی زانكۆی وه‌ك من كه وانه‌ی (فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر) ده‌ڵێمه‌وه، پێویست وایه پسپۆڕێكی شیعرناس و هونه‌رناس له‌گه‌ڵیان دابنیشێت! ته‌نانه‌ت قه‌شمه‌ریشیان به‌و فیكره‌یه‌مدا هات، ئه‌سڵه‌ن سێ سه‌عات به‌رگریكردنی من له‌هه‌مبه‌ر ئۆتۆنۆمیی هونه‌ر و ئۆتۆنۆمیی ئه‌ده‌بیات وای لێیان كرد كه (به ناوی دین و بێ ره‌وشتییه‌وه) زیاتر پێدابگرن له‌سه‌ر خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و پێَگه‌ی قانوونی و ئیداری خۆیان دژی ئه‌م بیرۆكه لۆژیك و ره‌وایه‌ی من: چوون مادده‌ی (9) ی یاسای رۆژنامه‌نووسیی هه‌رێمی كوردستانیان (كه من له‌سه‌ره‌تادا به‌مه په‌لكێشی دادگا كرابووم) له ماوه‌ی یه‌ك ده‌قیقه‌دا به په‌له‌په‌ل گۆڕییان بۆ مادده‌ی (403) ی قانوونی سزای عقووباتی عێراقی (چونكه گوایه مادده‌ی 9ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی هه‌رێمی كوردستان شموولی تومه‌ته‌كه‌ی منی نه‌ده‌كرد!) . ئه‌م پێشێلكردنه قانوونییه‌شیان هه‌ر خسته سه‌ر، كه‌چی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و په‌رله‌مانیش هه‌ر – به نووسین له رۆژنامه‌كاندا - له‌مه بێده‌نگن له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان سومعه‌یان بچێت!
جه‌نابی سه‌رۆك،
ده‌مه‌وێ ئه‌وه به جه‌نابتان رابگه‌یه‌نم كه ئه‌وانه‌ی له‌ناو وه‌زاره‌تی داد و ئه‌وقاف و قه‌زا و لێژنه‌ی ئه‌وقافی په‌رله‌مان و له‌ناو دادواكاری گشتیدا ته‌حریكی دروستكردنی فیتنه و تۆمه‌ت بۆ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كه‌ن و به كافر و بێڕه‌وشت تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، هیچ ئه‌لفوبێیه‌كی تێۆره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات نازانن، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ر هه‌موویان سه‌ر به‌و حیزبه ئیسلامییه توند و تیژانه‌ن كه له (1991) به‌ملاوه له فیتنه و تیرۆر و ئاژاوه و به‌كرێگیراوی زیاتر بۆ خزمه‌تكردنی دوژمنانی حكومه‌تی هه‌رێم، هیچ پاشه‌ڵێكی پاكیان نه‌بووه. وه‌ك خۆتان باش ئاگاتان لێیه، به‌ناوی دینه‌وه، له رێگه‌ی مه‌لاكانه‌وه، به ناوی پیرۆزی و خراپ به‌كارهێنانی مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه، له‌مسه‌ری كوردستانه‌وه تا ئه‌و سه‌ری كوردستانیان خستۆته ژێر كۆنتڕۆڵی بیری ئیسلامگه‌رایی و تیرۆری فیكری و ده‌روونییه‌وه. ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌كی ئه‌وه‌نده ترسناك و تۆقێن كه ئێمه، هه‌موو نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شانۆكار و رۆژنامه‌نووس و شاعیر و مامۆستایانی زانكۆ و ئافره‌تان و تۆژه‌ر و مۆسیقاژه‌ن و نیگاركێشه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و سه‌رنووسه‌ره‌كان، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری ئه‌كادیمییه‌كانیش وا هه‌ست ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كوردستانی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌سعود بارزانی به‌ڕێوه‌ی نابات به‌ڵكو مه‌لای مزگه‌وته‌كانی سه‌ر به حیزبی یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵ به‌ڕێَوه‌یان ده‌به‌ن!
حه‌یفه، شه‌رمه‌زارییه بۆ حكومه‌تی ئێمه، داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وانه‌ی قه‌زا و دادگاكان به‌ڕێوه ده‌به‌ن هیچ شاره‌زاییه‌كیان نه‌بێت له باره‌ی جیاوازیی زمانی هونه‌ر و ئۆتۆنۆمیی ئه‌ده‌بیات! حوكمی ناوه‌ڕاش به‌سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بده‌ن، هیچ ئاگادارییه‌كیان نه‌بێت له‌وه‌ی كه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات سیسته‌مێكی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازی هه‌یه له‌چاو دین.
من نووسه‌رێكی ئیماندارم و پێم وایه كه دین زه‌روره‌ته، من سه‌رده‌رسه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه دین زه‌روڕه‌تێكی زۆر گرنگ و پێویسته، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی كه هیچ هونه‌ر و زانستێكیان نیه هه‌روه‌ها بۆئه‌وانه‌ی كه سه‌ر له هونه‌ر و زانسته‌كان ده‌رناكه‌ن. ئه‌مه‌ش چونكه دین وه‌ڵامی پرسیاره ئه‌زه‌لی و رۆحییه‌كانیان ده‌داته‌وه و مه‌ئوایه‌كی ده‌روونی و سه‌لوایه‌كی ئارامبه‌خشه بۆیان!
كه‌واته، پێویسته دین وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بمێنێته‌وه، به‌ڵام نابێت ببێته حیزب و سیاساتبازی، به ناوی دینه‌وه مزگه‌وت و مه‌لاكان به‌كار ببردرێن بۆ به سیاسه‌تكردنی دین و به حیزب كردنی دین و تۆقاندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له بواره مه‌عریفیه‌كان و له به‌ستێنه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا یان له بواره پیشه‌یی و رێكخراوه‌یی و ئه‌كادیمییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن، ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئاماژه‌م پێدا، ئه‌مڕۆ واقیعی كوردستانه و ده‌بێ جه‌نابتان باش باوه‌ڕ به منی دڵسۆزی خۆتان بكه‌ن و بیری لێ بكه‌نه‌وه، رایبگرن! ئه‌گینا كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی ترسناك په‌لكێش ده‌كات!
ده‌زانم به‌هۆی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی كه له‌گه‌ڵ حیزبه ئیسلامییه كوردستانییه‌كاندا هه‌مانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زیی به‌غدا، جه‌نابتان ناچارن چاوپۆشی له‌و پۆخڵه‌وات و زوڵم وزۆرییانه‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كان بكه‌ن، كه له رێَگه‌ی مزگه‌وت و مه‌لا و به‌كرێگیراوه‌كانیانه‌وه، ده‌رهه‌ق به ناوخۆی هه‌رێم ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌م هاوپه‌یمانی و دیبلۆماسیه‌ته، دیوتانه تا چ راده‌یه‌كی خه‌ته‌رناك به‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی ناوخۆدا شكاوه‌ته‌وه و چۆن- به ناوی دیموكراتیه‌ته‌وه- رێگه‌ی گرتووه له گه‌شه‌سه‌ندنی سروشتی كۆمه‌ڵ و به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی هاوته‌ریبی حكومه‌ت و خه‌ڵك؟! دیوتانه ئه‌م نازهه‌ڵگرتنه‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كان (سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانبوون دژی مه‌ركه‌ز) چۆن بۆته هۆی چه‌قینی كۆمه‌ڵگه و تێكچوونی ئارامیی ناوخۆیی هه‌رێم و تۆقاندنی توێژی هونه‌رمه‌ند ونووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و گه‌نج و ئافره‌تان و ئه‌كادیمییه‌كان ته‌نانه‌ت ناوه‌زڕانی سه‌روه‌ری یاسا و داد و دینیش له كوردستاندا!؟
له دیدگای مه‌لاكانی سه‌ر به كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووه‌وه، هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات له وڵاتی ئێمه‌دا هێنده بچووك و كه‌م و ناچیزه ته‌ماشای ده‌كرێت كه نه‌یتوانیوه ته‌نانه‌ت به قه‌ده‌ر وه‌زرش و گه‌مه‌ی فتبۆڵیش ئۆتۆنۆمیی خۆی بچه‌سپێنێ. ئه‌مه‌تا، وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین مه‌لاكان و داواكاری گشتی و مه‌لا به‌شیر و حیزبه ئیسلامییه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن ته‌ده‌خولی گه‌مه‌ی فتبۆڵ بكه‌ن و خۆیان بكه‌نه حه‌كه‌می فتبۆڵ و ته‌ده‌خولی یاسای بۆ نموونه (ئۆفسایت) بكه‌ن، چونكه ئاشكرایه هیچ له‌باره‌ی یاساكانی فتبۆڵ و ئۆفسایت و په‌نه‌رتی و فاوڵ و ئاوت ساید و ئه‌م جۆره شتانه نازانن! كه‌چی زۆر به ئاسانی ریگه به خۆیان ده‌ده‌ن بێن ته‌ده‌خولی دنیای فراوانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات بكه‌ن! له‌مه‌ش سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر، زۆر به ئاسانی ده‌توانن رۆماننووسێك، شاعیرێك، یان هونه‌رمه‌ندێك، گۆرانیبێژێك بخه‌نه ژێر سزا و فه‌تواكانی خۆیانه‌وه و حوكمی زیندانكردنی شه‌ش مانگ و سێ ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ر بوونی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و به‌ناوی ئه‌و فرت و فێڵانه‌ی كه ده‌یانباته‌وه سه‌ر به‌كارهێَنانی رێگه‌ی قانوونیه‌كان!
ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی ریسواییه بۆ هونه‌ر له وڵاتی مندا! ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی ئه‌تك كردنی ئه‌ده‌بیات و " لغاو كردنی" داهێنانه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له زه‌مانی سه‌دام و ستالینیشدا هه‌رگیز شێوه‌ی نه‌بیندرابوو.
شه‌رمه‌زارییه بۆ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ران له كوردسااتدا هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات نه‌توانێ (هیچ نه‌بێ به‌قه‌ده‌ر فتبۆڵ) سومعه و ئۆتۆنۆمێی خۆی هه‌بێت!
شه‌رمه‌زارییه بۆ هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵه و یه‌كیه‌تی و سه‌ندیكا و رێَكخراوه‌كانی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران كه به چاوی خۆیان ده‌بینن له كوردستاندا هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات نه‌یتوانیوه (هیچ نه‌بێ به قه‌ده‌ر وه‌رزش) سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمیی خۆی هه‌بێت! چونكه هه‌موومان ده‌زانین بۆ نموونه گه‌مه‌ی فتبۆڵ (تۆپانێ) یاسا ئۆتۆنۆمه‌كانی هۆی هه‌یه، هیچ مه‌لایه‌ك و هیچ حیزبێكی ئیسلامی بۆی نیه ئه‌و یاسایانه بگۆڕێت، یان یتوانێت ببێته حه‌كه‌م له گه‌مه‌ی فتبۆڵدا! كه‌چی ئه‌مه‌تا، هه‌موومان ده‌بینین، به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه، حیزبه ئیسلامییه‌كان و مه‌لاكانیان و مزگه‌وته‌كانیان زۆر به متمانه و به ئاسانیه‌وه ته‌ده‌خول ده‌كه‌نه ناو ئه‌ده‌بیات و ئۆتۆنۆمیی هونه‌ر! زۆر به ئاسانییه‌وه ته‌ده‌خول ده‌كه‌نه ناو ئه‌و ئۆتۆتۆمییه پێویست و سه‌ربڵنده‌ی كه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات هه‌ر له زه‌مانی عومه‌ر خه‌یام و مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی و ئه‌بی نه‌واسه‌وه هه‌یبووه تا ده‌گاته شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و ئه‌حمه‌دی ناڵبه‌ند، ته‌ده‌خول ده‌كه‌نه ناو هه‌موو ورد و درشتێكی یاسا سه‌ربه‌خۆ و جیاوازه‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات. له‌م دوواییه‌دا ئه‌مه‌تا ده‌رگای به‌شی مۆسیقا و شانۆی په‌یمانگه هونه‌رییه‌كانی به‌غداشیان داخست و په‌یكه‌ره‌كانی به‌شی شێوه‌كاریشیان هه‌ر هه‌موو وردوخاش كرد و فڕێیان دانه ده‌ره‌وه. له هه‌موو ئه‌مانه‌ش سامناكتر، له كوردستانی دیموكراتدا ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌تا زۆر به ئاسانی ده‌توانن ببنه "پێوه‌ر" و دادوه‌ریش، له دیدێكی به‌رته‌سكی دینه‌وه مانعه‌تیان نیه جوانترین توحفه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری داهێنه‌رانه به" بێ ره‌وشتی" و " بێ ئه‌خلاقی" تاوانبار بكه‌ن، جوانترین تابڵۆی رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان به "ره‌سمی خیلاعی" تاوانبار بكه‌ن، وه‌ك بن لادن یه‌كێك له گرنگترین توحفه و ئاسه‌واره‌كانی مێژوویی مرۆڤایه‌تیش كه په‌یكه‌ری بووزا بوو له ئه‌فغانستان بته‌قێننه‌وه و هه‌پڕوون به هه‌پڕوونی بكه‌ن. عه‌ینه‌ن به‌چكه شه‌یتانه‌كانی بن لادن... چنگی خۆیان بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌به‌سته گڵاوه‌كانیان گه‌یاندۆته ناو جیهانی قه‌زایی و ته‌نفیزییه‌كانیش له ناو دادگاكانی كوردستاندا!
ئه‌مه له كاتێكدا هه‌رگیز، هیچ كه‌سێك نه‌یدیوه شاعیرێك یان گۆرانییبێژێك بچێت كفری ئه‌وه بكات له مینبه‌ری مزگه‌وتێكه‌وه گۆرانییه‌ك بڵێت یان شیعرێك بخوێنێته‌وه، هیچ كه‌سێك نه‌یدیوه چیرۆكنووسێك، شانۆكارێك یان ره‌سسامێك بچێت كفری ئه‌وه بكات ئایه‌تێك له دیدێكی هونه‌رییه‌وه یان له نیگای ئیختیساسی خۆیه‌وه- كه ئه‌ده‌به- ته‌فسیر بكات! چونكه هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبه‌كان هه‌میشه ئیحترامی دینیان گرتووه و ده‌زانن كه دین سیسته‌می خۆی هه‌یه و هونه‌ر سیسته‌می خۆی!
ئه‌م رێزگرتنه‌ی دین له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانه‌وه بۆ دین هه‌روه‌ها ئه‌و ئۆتۆتۆمییه‌ی هونه‌ر و شیعر و ئه‌ده‌بیات له‌هه‌مبه‌ر دین هه‌ر له دێرینه‌وه تا ئه‌مرۆش هه‌بووه. بۆ نموونه مه‌لا خدری شاره‌زوری (نالی) و مه‌لا بووه و ده‌رسی دینی به فه‌قێكانی گوتوته‌وه، به‌ڵام كاتی شیعری نووسیوه، دنیاخوازانه، یه‌كێك له جوانترین شیعره‌كانی بریتیه له‌و شیعره‌ی كه باسی عه‌وره‌تی مه‌ستووره‌خانمی ئه‌رده‌ڵانی ده‌كات! به هه‌مان شێوه مه‌لای جزیری و شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و مه‌لا گه‌وره‌ی كۆیه و عه‌لادین سه‌ججادی و ده‌یانی دیكه‌ش، هه‌مووشیان خۆ مه‌لا بوونه، به‌ڵام تا سه‌ر ئێسقان باروه‌ڕیان به‌م ئۆتۆتۆمییه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات هه‌بووه و گه‌وره‌ترین داهێنان و به‌رهه‌میشان پێشكه‌ش به‌رمرۆڤایه‌تی كردووه!
هونه‌رو ئه‌ده‌بیات، ئه‌مرۆ، ئه‌گه‌ر ئۆتۆتۆمیی خۆی وه‌ده‌ست بهینێته‌وه، پێویسته هه‌موومان بزانین رۆڵ و گرنگی و پایه‌ی، هیچ له دین كه‌متر نیه بۆ خزمه‌تكردنی ئینسان و گه‌یاندنی مرۆڤایه‌تی به ئاقاره‌كانی به‌خته‌وه‌ری و سه‌رفرازی! واته هونه‌ر و دین پێویسته، هه‌ر یه‌كه‌یان به زمان و سیسته‌می ئۆتۆتۆمی خۆی – نه‌ك به‌شێوه‌ی خراپ به‌كارهێنانی یه‌كتر -، شان به شانی یه‌كتر – نه‌ك دژی یه‌كتر- هه‌نگاو بنێن له پێناو به‌خته‌وه‌ركردنی ئینسان و ئاسووده‌كردنی ژیان له سه‌ر زه‌ویدا.
به‌رێز و پایه‌دار جه‌نابی سه‌رۆك...
من له دیدێكی ئه‌ورووپازه‌دوه و قسه ناكه‌م. نه‌خیر، ده‌ڵێم ئه‌مه‌تا ته‌نانه‌ت له كۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا كه ئێمه به دوواكه‌وتوویان (له چاو فیدڕاڵیه‌ت و دیموكراسی) له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین، له‌ناو مه‌حكه‌مه و قه‌زای كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا (دادگای تایبه‌تی مه‌تبووعات) هه‌یه! حوكمدان به‌سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی خۆیان نابه‌نه مزگه‌وت و غودبه‌ی مه‌لاكانی ناو مزگه‌وته‌كان. هه‌رگیز... ڕێگه ناده‌ن مه‌لا و مزگه‌وت له ڕێگه‌ی غودبه‌كانی رۆژانی جومعه‌وه هونه‌رمه‌ند و ئه‌كادیمی و نووسه‌ره‌كانیان لای خه‌ڵك به مولحید و بی ئه‌خلاق و دژی ئیسلام تاوانبار بكرێن به‌ڵكو بانگیان ده‌كه‌نه داداگا. له ناو ئه‌و دادگا ئیسلامییه‌شدا، كه تایبه‌ته به دادگاییكردنی مه‌تبووعاتی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، جگه له حاكم، كۆمه‌ڵێك پسپۆری هونه‌ر وئه‌ده‌بناسی دانیشتوون، وێڕای نوێنه‌رێكی شاره‌زای بواری ئێستاتیكا، مه‌حكه‌مه‌ی نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌نده‌كه ده‌كه‌ن!
كه‌چی له وڵاتی ئێمه‌دا مزگه‌وت و مه‌لا و غودبه‌كانی رۆژانی جومعه ده‌وری دادوه‌ر و دادگا ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌بینن! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هیچ یه‌كێك له ئه‌ندامانی داواكاری گشتی نازانن هونه‌ر و ئه‌دبیات ئۆتۆنۆمیی خۆی و سیسته‌می خۆی هه‌یه و جیاوازه له دین و ته‌نانه‌ت فه‌رقی نێوان ره‌سمی خیلاعی و تابلوَی هونه‌ریش چیه، - وه‌ك پێشر باسم كرد. بۆ نموونه من جه‌نابی دادوه‌ره‌كه‌م (وابزانم پیاوێكی هه‌ركی بوو) هه‌ر قه‌شمه‌ری پێ‌كردم كاتی من پێم گوت "ده‌سته‌ی مه‌حكه‌مه‌كردنی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، پێویسته كه‌مێك شاره‌زایی له ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر هه‌بێت!"
من له كاتێكدا – باوه‌ڕ بكه‌ن – له‌وه ناترسم كه ته‌نانه‌ت زیاتر له سی ساڵیش له حه‌پسخانه‌دا ژیان به‌سه‌ر ببه‌م، په‌رۆشم بۆ دۆخ و چاره‌نووسی ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی، كه له ترسی مه‌لا به‌شیر و داواكاری گشتی و حیزبی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و ئه‌و جه‌هاله‌ته‌ی كه حوكمی قه‌زا و قه‌ده‌ریان به‌ده‌سته‌وه گرتووه و داواكاری گشتی ته‌حریك ده‌كه‌ن ناتوانن له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا هیچ ئازادییه‌كیان هه‌بێت و داهێنانێك بكه‌ن! ئه‌مه له كاتێكدا هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیر و نووسه‌ران له هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه په‌نا ده‌به‌نه ئێره و باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان له سا و سێبه‌ری جانابتاندا بۆته نموونه‌یه‌كی تیشكهاوێژی دیموكراسی و ئازادی راده‌بڕین.
زۆر به‌رێز جه‌نابی سه‌رۆك،
چۆن جه‌نابت ره‌فرزی ئاڵای ێه‌ددامت كرده‌وه و فێری ئه‌وه‌ت كردین قبووڵ نه‌كه‌ین ئاڵای ێه‌ددام له سه‌ر سه‌رماندا و له ئاسمانی كوردستاندا بشه‌كێته‌وه، منیش به‌هه‌مان شێوه‌ی یاخیبوونی پایه‌دارتان ڕه‌فزی ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه مادده‌ی (403) ی سزای قانوونی مه‌تبووعاتی عێراقی – كه خودی ێه‌ددام له ساڵی 1968 دا خزاندبوویه ناو قانوونی عێراقییه‌وه – حوكمی من بكات و هه‌ڕه‌شه چیتر له گۆڤاره‌كانی كوردستان و ده‌زگای ئاراس و هاوڕی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌كانم بكات! جه‌نابتان به جوانترین هه‌ڵوێست هاتن ره‌فزی ئاڵای ێه‌ددامتان كرده‌وه، ئێمه‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانیش مافی خۆمانه ره‌فزی ئه‌و قانوونه ێه‌ددامیانه بكه‌ینه‌وه كه بوونه‌ته كۆت و زنجیر به په‌لوپۆی به‌هره و داهێنان و ئه‌ندێشه‌مانه‌وه.
به‌م شێوه‌یه، من له كاتێكدا به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانم مولته‌زیم ببم به‌و سزا و بڕیاره ناڕه‌وایه‌ی مادده‌ی (403) ی ێه‌ددام كه له دادگای هه‌ولێر به‌سه‌ر مندا سه‌پاوه بۆ ئه‌وه‌ی تا سی ساڵی دیكه ئازادانه بیر نه‌كه‌مه‌وه و ئازادانه نه‌نووسم، له هه‌مان كاتدا هیچ تكا و داوایه‌كی شه‌خسیی خۆیشم نیه له جه‌نابتان، دڵنیام له ماوه‌ی ساڵی نوێ‌دا (2011) به‌وپه‌ری سه‌ربڵندی و وێژدان ئاسوده‌ییه‌ه‌وه رێگه‌ی زیندان ده‌گرمه به‌ر (تاقه تكایه‌كه‌م له دادگای هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه نه‌منێرنه زیندانی ئه‌بوغریب و ناو عاربان، با هه‌ر له ناو زیندانێكی كوردستاندا – به تایبه‌تیش سجنی محه‌تته‌ی هه‌ولێرم پی خۆشره – بمێنمه‌وه!) .
كه‌واته له‌م نامه‌یدا، داخواییه‌كانم دووپات ده‌كه‌مه‌وه:
1- پێویسته دین له هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات جودا بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها مه‌لا و ماموستایانی ئایینی كه ژماره‌یان بریتیه له دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د (2800) مه‌لا، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆیان هه‌بێت فه‌توا و ناره‌زاییه‌كانی خۆیان له رێگه‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه هه‌ڵبرێِژن و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و ده‌زگاكانی چاپ و گۆڤاره‌كان به دژی ئیسلام و بی ئه‌خلاق تاوانبار بكه‌ن له سه‌ر شتی زۆر بچووك و (پڕوپووچ) مزگه‌وته‌كان بكه‌نه دادگا و ژووری مه‌حكه‌مه‌كردنی نووسه‌ران و ناوزڕاندانی هونه‌رمه‌ندان و گۆڤاره‌كان و ده‌زگاكانی چاپ!
سی سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش مزگه‌وت ته‌نیا له ناو شاری هه‌ولێر هه‌یه كه ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ناگاته ملیۆنێك، هه‌ر هه‌موو ئه‌م (376) مزگه‌وته‌ش خوتبه‌ی جومعه‌یان لێ ده‌خوێندرێت (ئه‌مه له كاتێكدا له پایته‌ختێكی گه‌وره‌ی شازده ملیۆن كه‌سیی خودی كۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نیا یه‌ك مزگه‌وت خوتبه‌ی جومعه‌ی لێ ده‌خوێندرێت!) . ئێوه بهێنێننه پێش چاوی خۆتان، هه‌موو نیوه‌ڕۆیه‌كی جومعه، له دوو‌و هه‌زار و هه‌شت سه‌د (2800) مزگه‌وته‌وه، دوو‌و هه‌زار و هه‌شت سه‌د (2800) مه‌لا به جارێك هێرش بكه‌نه سه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك (زه‌كه‌ریا) كه كاتی خۆی، مه‌لا مه‌شهووره‌كه‌ی هه‌ولێر هێرشی ده‌كرده سه‌ر و به "به‌كتریا" ناوی ده‌برد!
ئه‌و هێرشكردنه‌ی سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و ده‌زگاكانی چاپ و گۆڤاره‌كان و ناوزڕانیان، شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی تیرۆر، هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و كو‌لتور و له پێش چاوی خه‌ڵك سووك و ناشیرین ده‌كه‌ن، كارێكی وا ده‌كات كه خه‌ڵكی ساده بێز له هونه‌رمه‌ند و رق له رۆشنبیران به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵبگرن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئاره‌زووی تیرۆركردن لای گه‌نج و مێرمنداڵان دژ به هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ران دروست ده‌كات و رێ بۆ تیرۆرستانیش خۆش ده‌كات.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌ه‌وه ئه‌مه كارێكی وا ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕیان به قسه‌ی ئه‌و مه‌لایانه نیه، دینی ئیسلامیان له پێش چاو بكه‌وێت، دینی ئیسلام به توندوتیژ و كۆنه‌خواز له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، هه‌ڵَبه‌ته جگه له تیژكردنه‌وه‌ی هه‌ستی رقه‌به‌ری له لایه‌ن نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان دژ به مه‌لا و دین و مزگه‌وت. به زۆریی زۆرداره‌كی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و رووناكبیران یه‌لكێش ده‌كه‌نه ناو جه‌نگێك دژی مزگه‌وت و مه‌لا و دین، چونكه نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و خاوه‌ن ده‌زگاكانی چاپ و گۆڤاره‌كانیش كه‌ڕامه‌ت و ئه‌خلاق و ئیمانی خۆیان به خوا هه‌یه و ده‌یانه‌وێ به‌گری له ئیمان و ره‌وشتی به‌زری خۆیان بكه‌ن! به‌م شێوه‌یه، هه‌موو رۆژێكی دوای نوێَژی جومعه، له كوردستانی ئه‌مرۆِی ئێمه‌دا خه‌ڵك چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئاخۆ دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د (2800) مه‌لا و خوتبه‌خوێَنه‌كانی جومعه، ئه‌م جاره باسی كام له‌و هونه‌رمه‌ند و ده‌زگای چاپ و گۆڤار و نووسه‌رانه‌یان كردووه كه چوونه‌ته ناو لیستی كافر و بێ ئه‌خلاق و مولحیده‌كانه‌وه!
2) پێویسته چنگ و چڕنۆكه‌كانی جه‌هاله‌ت و گه‌مژه‌یی و فه‌ساد، كه ته‌حریكی داواكاری گشتی ده‌كه‌ن و خۆیان له‌ناو قه‌زا و دادگاكان‌دا به تایبه‌تیش به هۆی حیزبه ئیسلامییه‌كان و مه‌لا به‌شیره‌وه له‌ناو وه‌زاره‌تی داد و ئه‌وقاف و لێژنه‌ی ئه‌وقافی ناو په‌رله‌ماندا خۆیان ره‌گاژۆ كردووه، بنبڕ بكرێن!
3) له كاتی زۆر ناشایسته و ناقۆڵای دادگاییكردنی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا، پێویسته ئه‌وانه‌ی دادگایی نووسر و هونه‌رمه‌ندان دادوه‌رگه‌لێكی پسپۆڕ و هونه‌رناس بن و لێژنه‌یه‌كی دادوه‌ری ئه‌ده‌بناس ئه‌و مه‌حكه‌مه‌یه به‌ڕێوه ببه‌ن نه‌ك داواكارێكی گشتی و بابایه‌ك كه نه‌زانن ته‌نانه‌ت فه‌رقی تابڵۆی هونه‌ری چیه له‌چاو ره‌سمی خیلاعی!
4) ئنجا له كۆتاییدا ده‌ڵێم: مادده‌ی (403) له یاسای سزادانی عێراقی زه‌مانی ێه‌ددام، پێویسته وه‌ك ئه‌و ئاڵا پیسه ێه‌ددامی و عێراقییه‌ی كه له‌سه‌ر سه‌رمانت لابرد، گۆڕبه‌گۆڕ بكرێت!
تكار و ئاواته‌خوازم كه ئه‌م داخوازینامه‌یه‌م، وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك و چه‌ند پێنشیارێك، ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی حسێبێكی بۆ بكرێت و تاوتوێ بكرێت له په‌رله‌مانی كوردستاندا بۆ جێبه‌جێكردن.
هیوادارم هه‌ر سه‌رفراز و به‌خته‌وه‌ر بمێنن، خودا هه‌میشه بتانپارێزێ له پێناو گه‌یاندنی كوردستان و ئاقاره‌كانی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییمان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
