
بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، بابا تاهیری عوریان، یان بابا تاهیری لوڕ؟
خداوندا بفریاد دلم رس
کس بی‌کس توئی م‌و مانده بی‌کس
همه گویند طاهر کس نداره
خدا یار منه چه حاجت کس [1]
له‌م چوارینه‌یه‌دا به ئاشکرا و له زمانی خودی وێژهرهکهوه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م زاته گه‌وره‌یه‌ی باسی ده‌که‌ین ناوی تاهیره. تاهیر ئه‌گه‌ر چی ناوێکی زاهیر و ئاشکرای ئه‌م شاعیره‌یه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا و به واتا کوردییه‌که‌ی که ده‌بێت به (پاک) هێمایه‌کی باتنی و شاراوه‌ی هه‌یه، به‌وه‌ی ده‌مانباته‌وه سه‌ر یه‌کێک له کۆڵه‌که هه‌ره گرنگه‌کانی ئایینی یارسان. له ده‌فته‌ری یاریدا هاتووه:
یاری چار چێوه‌ن باوه‌رێ وه جا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕه‌دا [2]
پاکی لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق گوتراوه و مانایه‌کی گشتی ده‌دات و زاهیر و باتن ده‌گرێته‌وه، بۆیه له مانا تایبه‌تییه‌که‌ی درباز ده‌بێته سه‌ر پاکی و چاکیی هزر و گوفتار و ڕه‌فتار. ئه‌م بنه‌مایانه سێ کۆڵه‌که‌ی گرنکی فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتین. له‌به‌ر ئه‌مه بێهووده نییه که ئه‌م سوفییه مه‌زنه ناوی تاهیر بێت و به هۆی ئه‌م ناوه‌وه دوو جه‌مسه‌ری گرنگی هه‌ردوو ئایینی زه‌رده‌شتی و یارسان بگه‌یه‌نێته یه‌ک.
پێشوهندی ئه‌م ناوه به پێی زمان و کات و شوێن به‌م جۆره گوتراوه: بابا له ئێرانزه‌مین، بابه له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی کرمانجی خواروو، هه‌روه‌ها باوه له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی ماچۆ و که‌ڵهوڕی و خه‌ڵکی گه‌رمیان. که ئه‌مه‌ی دواییان، (مه‌به‌ست له باوه‌یه) پله و پایه‌ی توێژێکی ئایینیشه له لای یارسانییه‌کان، بۆیه دووری نابینم که باوه گوڕگوڕیش پیاوچاکێکی یارسانی بێت و خه‌ڵکی که‌رکووک و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ر به‌و ناوه‌وه په‌نای بۆ ده‌به‌ن [3]:
باوه گوڕگوڕ به گوڕ هاتم بۆ کوڕ هاتم.
د. محمد نووری عارف ئێژێت: هه‌ندێ که‌س ئه‌ڵێن (بابا) یه‌کێکه له ناونیشانه زۆر باشه‌کانی به‌ره‌ی به‌کتاشییه و به‌و هۆیه‌وه بابایان داناوه به یه‌کێ له سۆفییه‌کانی به‌کتاشییه و دووریان کردۆته‌وه له (ئه‌هلی حه‌ققه). . . هتد [4]، به‌ڵام به‌ڕیزیان نه‌یانفه‌رمووه ئه‌وانه‌ی ئه‌م باسهیهیان کردووه کێن و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کیشی بۆ ئه‌م قسه‌یه ده‌ستیشان نه‌کردووه.
له ڕاستیدا هیچ جیاوازییه‌ک نییه له نێوان ئه‌وه‌ی بابا تاهیر سه‌ر به به‌کتاشییه‌کان بێت یان یارسانییه‌کان (که لێره‌دا د. محه‌مه‌د به ئه‌هلی حه‌ققه ناویان ده‌بات)، چونکه سوڵتان سهاک دوای (100) ساڵ له نۆژه‌نکردنه‌وه و ئاشکراکردنی ئایینی یارسان، زاتمیوانی حاجی به‌کتاش بووه و ئه‌مه‌ی دوایی ڕێبازی بهکتاشیی دامه‌زراندووه [5]. حاجی به‌کتاش دۆنی (داود که‌وه‌سوار) بووه، که یه‌کێکه له هه‌فته‌ن و ئه‌مه‌شیان ئه‌ڵقه‌یه‌که له ئه‌ڵقه‌کانی پیاوچاکانی یارسان .
زمانی که داود عوض کرد دون
ببکتاش آمد دوباره برون
که بکتاش بد داود از جسم و جان
بشد ذات سلطان بر او میهمان [6]
کوردییه‌که‌ی:
کاتێ که داود دۆنی خۆی گۆڕی
حاجی به‌کتاش بوو ئه‌مجار که نۆڕی
به‌کتاش داود بوو هه‌م له‌ش و هه‌م گیان
زاتی شاسوڵتان لێی بوو به میوان
باوه تاهیر چه‌ند پاشناو (نازناو)ێکیشی هه‌یه، وه‌ک: هه‌مه‌دانی و عوریان و هه‌روه‌ها لوڕ، که ئه‌مه‌ی دوایی له سه‌رچاوه نووسراوه‌کاندا به‌ر چاو ناکه‌وێت، به‌ڵام بێگومان بناغه‌یه‌کی هه‌یه. باوه تاهیر پێی گوتراوه هه‌مه‌دانی چونکه له هه‌مه‌دان ژیانی به‌سه‌ر بردووه و له‌وێش کۆچی داویی کردووه و مه‌زارگه‌که‌شی هه‌ر له‌وێیه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه تاهیر له‌م جیهانه‌دا هیچ موڵک و ماڵیکی نه‌بووه و وێرانهیهکیشی نه‌بووه ئۆقره‌ی تێدا بگرێت و به شه‌و و به ڕۆژ هه‌ر به کێوانه‌وه بووه، نازناوی عوریان (ڕووت)یشی وه‌رگرتووه؛ عوریان به مانای بێبه‌ش له ماڵی دنیا، له سامان و له دارایی. ئه‌م نازناوی (عوریان)ه نازناوی (زاهیر – دنیا)ییه، نه‌ک (باتن –ئایینی)ی بێت، چونکه عوریان به مانا مه‌زهه‌بی یان عیرفانییه‌که‌ی، به که‌سێک ده‌گوترێت پێشتر زاتێکی پێ به‌خشرابێت (یارسانییه‌کان ده‌ڵێن: به‌شی درابێت. واته له زاتی خوایی به‌شی هه‌بێت) پاشان ئه‌و زات (به‌ش)هی لێ وه‌رگیرابێته‌وه؛ یانی له‌و زاته ڕووت کرابێته‌وه.
ورا کرد عوریان و خالی بماند
هر آنچه باو داد از وی ستاند [7]
کوردییه‌که‌ی:
ڕووتی کرده‌وه و به‌تاڵ مایه‌وه
هه‌رچی دابوویێ لێی سنرایهوه
لکاندنی نازناو یان پاشناوی لوڕ به بابا تاهیره‌وه ڕه‌نگه له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه بێت چوارینه‌کانی خۆی به زاراوه‌ی لوڕی نووسیبێت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێک بووه له یارانی شاخۆشینی لوڕستانی، که موژده‌هێنه‌ری ئایینی یارسان بووه و زۆربه‌ی یارانی ئه‌م یان لوڕستانی بوون یان له جێگاکانی دیکه‌وه بۆ لوڕستان چوون و سه‌ریان به‌و ئایینه سپاردووه. به‌ڵام له سه‌رچاوه‌کاندا باس له‌وه ناکرێت بابا تاهیر له لوڕستان له‌دایک بووبێت، له یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌دا که ئه‌ویش (راحة الصدور)ه، باس له‌وه ده‌کرێت که له هه‌مه‌دان له‌دایک بووه.
له‌دایکبوونی
تاکوو ئێستا به‌ڵگه‌یه‌کی بڕواپێکراوی ئه‌وتۆ به‌ده‌سته‌وه نییه، که ساڵی له‌دایکبوونی بابا تاهیر ده‌ستنیشان بکات و باسی چۆنیه‌تیی ژیان و ڕۆژگاری ئه‌و بکات. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کراوه‌ته سه‌رچاوه هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی دهماودهمن، وه‌ک:
"ڕاوه‌ندی" خاوه‌نی کتێبی "ڕاحة الصدور" ده‌رباره‌ی بابا تاهیر ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "کاتێ توغرول به‌گ دێته هه‌مه‌دان سێ که‌س له پیاوچاکان به‌سه‌ر کێوی خدره‌وه ده‌بن؛ بابا تاهیر، بابا جه‌عفر و حهمشاده. کاتێ سوڵتان ده‌یانبینێت له‌شکره‌که‌ی ڕاده‌گرێت و پیاده ده‌بێت. پاشان له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌که‌یدا "ئه‌بو نه‌سری کندری" ده‌چن بۆ لایان و ده‌ستیان ماچ ده‌که‌ن. بابا تاهیر هێندێک ڕاده‌مێنێت و ئه‌وجا ڕوو ده‌کاته سوڵتان و پێی ده‌ڵێت: ئه‌ی تورک به‌ته‌مای له‌گه‌ڵ ئه‌م خه‌ڵقی خوایه چی بکه‌یت؟ سوڵتان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یفه‌رموویت. بابا تاهیر ده‌ڵێت: خودا ده‌فه‌رموێت (إن الله یأمر بالعدل و الإحسان). سوڵتان ده‌ست ده‌کات به گریان و ده‌ڵێت: به‌ڵی وا ده‌که‌م. بابا تاهیر ده‌ستی ده‌گرێت و ده‌ڵێت: لێت قبووڵ کردم؟ سوڵتان ده‌ڵێت: به‌ڵێ. پاشان بابا تاهیر لووله‌ی شکاوی مه‌سینه‌یه‌ک "که چه‌ندین ساڵ ده‌ستنوێژی به‌و مه‌سینه‌یه گرتبوو، پاشان لووله شکاوه‌که‌ی کردبووه په‌نجه" له په‌نجه‌ی خۆی ده‌ردێنێت و ده‌یکاته په‌نجه‌ی توغرول به‌گ و ده‌ڵێت: قه‌ڵه‌مڕه‌وی پاشایهتیم ئاوا کردیته په‌نجه، بڕۆ و دادپه‌روه‌ر به".
هه‌ندێک لێکۆڵه‌ره‌وه به‌پێی ئه‌م قسه‌یه‌ی ڕاوه‌ندی و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که سه‌فه‌ری توغرول به‌گ بۆ هه‌مه‌دان له ساڵه‌کانی 447-450 ی هیجری قه‌مه‌ریدا بووه و له‌م نه‌قڵه ئیشاره‌ت به ده‌ورانی پیریی بابا تاهیر ده‌کرێت، وای بۆ ده‌چن که بابا له دواساڵه‌کانی سه‌ده‌ی چواره‌می هیجری قه‌مه‌ری له هه‌مه‌دان هاتبێته دنیاوه و له کۆتایی سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا ناوبانگی ده‌رکردبێت.
میرزا مه‌هدی خانی که‌وکه‌ب له گوتارێکدا له گۆڤاری (مجمع آسیای بنگاله) ژماره 2ی ساڵی 1904ی زایینی، به پێی چوارینه‌یه‌کی بابا تاهیر، ساڵی 326ی هیجری قه‌مه‌ریی بۆ له‌دایکبوونی ئه‌و ده‌ستنیشان کردووه. ئه‌و چوارینهیهش به‌م جۆره‌یه:
م‌و آن بحرم که در ظرف آمدستم
چو نقطه بر سر حرف آمدستم
به‌ر ألفی ألف قدی بر آیو
ألف قدم که در ألف آمدستم
به پێی لێکدانه‌وه‌ی پیتی ئه‌بجه‌دی وشه‌ی "بحر" که یه‌کسانه به وشه‌ی "دریا" - به ڕینووسی فارسی- و وشه‌ی "ألف قد" و وشه‌ی "طاهر" هه‌ر یه‌که و ده‌کاته (215)، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ "ألف" کۆبکرێته‌وه که ئه‌میشیان یه‌کسانه به (111) ئه‌و کاته کۆی هه‌ردووکیان ده‌کاته (326). . . [8]
له "مجمع الفصحاء"دا هاتووه؛ بابا تاهیر به‌ر له ساڵی 410ی هیجری، کۆچی کردووه. . . [9]
مامۆستا "علا‌ءالدین سجادی"یش ئه‌و چوارینه‌یه‌ی به پێی گوتاره‌که‌ی میرزا مه‌هدی خان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست هێناوه‌ته‌وه و پاشانیش مامۆستا ده‌فه‌رموێت: شیعره‌که مه‌ته‌ڵێکی گرانه. . . [10]
د. مارف خه‌زنه‌دار ده‌ڵێت: ئه‌م دوو به‌یته نهێنی و موعهممایهکی زۆری تێدایه، یه‌کێکه له شیعره داخراوه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی [11] و دوای ئه‌وه‌ش به پێی بۆچوونی خۆی شیعره‌که لێکده‌داته‌وه.
به بۆچونی من ئه‌م چوارینه‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ساڵی له‌دایکبوونی بابا تاهیره‌وه نییه. ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ی میرزا مه‌هدی خانی که‌وکه‌ب که ده‌ڵێت گوایه بابا تاهیر له ساڵی 326ی هجری قه‌مه‌ری هاتبێته دنیاوه دووره له ڕاستییه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابا تاهیر یه‌کێک بووه له گه‌وره‌پیاوانی یارسان و له یارانی موباره‌ک شای لوڕستانی بووه که به شاخۆشین ناسراوه، بۆیه ده‌بێت له هه‌مان ده‌ور و زه‌ماندا ژیابێت که شاخۆشین ژیاوه. له په‌ڕاوی کورته‌ی (سه‌ره‌نجام)دا هاتووه که شاخۆشین له ساڵی 406ی کۆچی له لوڕستان له دایک بووه و له ساڵی 467 دا له ته‌مه‌نی 61 ساڵی جیهانی به‌جێهێشتووه[12]. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بگرێنه به‌ر چاو که سه‌فه‌ری توغرول به‌گ بۆ هه‌مه‌دان له نیوه‌ی سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا بووه، ده‌گه‌ینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ده‌ستنیشانکردنی دوروبه‌ری ساڵی 390ی کۆچی بۆ ساڵی له‌دایکبوونی بابا تاهیر و 450ی کۆچی به ساڵی کۆچکردنی له ڕاستییه‌وه نزیک بێت [13]. ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م بۆچوونه‌مان پشتڕاست ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه فاتمه لوڕه‌ی گۆران که دڵخوازی بابا تاهیر بووه، ئه‌ویش له سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا ژیاوه [14]. به‌م شێوه‌یه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی که بابا تاهیر ده‌بێت له کۆتایی سه‌ده‌ی چواره‌م له‌دایک بووبێت و له سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا ژیابێت. چاوپێکه‌وتنی ئه‌و له‌گه‌ل توغرول به‌گدا ده‌بێت له زه‌مانی پیرییدا بووبێت.
ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌رچاوه‌کاندا ئه‌وه‌نده باسی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانداریی بابا تاهیر نه‌کراوه، ده‌توانین به پشتبه‌ستن به چوارینه‌کانی خۆی هه‌ندێک زانیاریمان ده‌ستکه‌وێت.
باوکی بابا تاهیر ناوی "فه‌ره‌یدوون" بووه، هه‌ر وه‌ک له‌م چوارینه‌یه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت:
عزیزا مردی از نامرد نائی
فغان و ناله از بیدرد نائی
حقیقت بشنو از پور فریدون
که شعله از تنور سرد نائی
"ئازیزم مه‌ردی له نامه‌رد نایه
فریاد و ناڵه له بێده‌رد نایه
ڕاستی له کوڕی فه‌ره‌یدوون بشنه‌و
بڵێسه له ته‌نووری سارد نایه"
مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که پیاوه‌تی له ناپیاو ناوه‌شێته‌وه، یان چاوه‌ڕوان ناکرێت؛ هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی فریاد و ناڵه له که‌سێکی بێده‌رد و بێئازاره‌وه نایه‌ت. له کوڕی فه‌ره‌یدوونه‌وه گوێ له ڕاستی بگره، که بڵێسه‌ی ئاگر له ته‌نووری سارده‌وه هه‌ڵناسێت (نایه‌ت). واته چاوه‌ڕێی کارێک مه‌که له که‌سێکه‌وه که شیاوی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره نه‌بێت.
هه‌روه‌ها بابا تاهیر کوڕێکیشی هه‌بووه به ناوی "فه‌ره‌یدوون"ه‌وه. کاتێک فه‌ره‌یدوونی کوڕی ده‌مرێت له لاواندنه‌وه‌ی ئه‌ودا ڕوو ده‌کاته فاتمه لوڕه و ده‌ڵێت:
بوره کز دیده جیحونی بسازیم
بوره لیلی و مجنونی بسازیم
فریدون عزيز از دست م‌و رفت
بوره از ن‌و فریدونی بسازیم
"وه‌ره له چاوان جهیحوونێ سازکه‌ین [15]
وه‌ره له‌یلا و مه‌جنوونێ سازکه‌ین
فه‌ره‌یدوونی ئازیز له ده‌ستمان چوو
وه‌ره له نوێ فهرهیدوونێ سازکه‌ین"
د. محمد نوری عارف له گوتاره‌که‌ی خۆیدا، هه‌ردوو چوارینه‌ی وه‌ک به‌ڵگه هێناوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که باوکی بابا تاهیر ناوی فه‌ره‌یدوون بووبێت [16]، به‌ڵام ڕاستی له‌وه‌دایه که چوارینه‌ی یه‌که‌م باسی باوکی ده‌کات و چوارینه‌ی دووه‌م باسی کوڕه‌که‌ی ده‌کات. هه‌روه‌ها به پێی ده‌فته‌ری یاری، عالی قه‌له‌نده‌ر که دۆنی بابا تاهیر بووه، کاتێ باسی دۆناودۆنی خۆی ده‌کات، ده‌ڵێت:
گه‌ردی دوونادوون، گه‌ردی دوونادوون
مه‌بۆ بوانیم گه‌ردی دوونادوون
ئامایم دوون وه دوون بێگاندیم ئه‌و شوون
ئیره‌ج بێیانم پووره‌ی فه‌ره‌یدوون [17]
واته کاتێک من له دۆنی ئیره‌ج بووم ئه‌و ده‌م کوڕی فه‌ره‌یدوون بووم، که‌وابوو به پیی دۆناودۆنیش ناوی باوکی بابا تاهیر (له دۆنی ئیره‌جدا) فه‌ره‌یدوون بووه. بۆ ئه‌وه‌ی به پێی دۆناودۆن بیسه‌لمێنین که عالی قه‌له‌نده‌ر بابا تاهیر بووه ئه‌م به‌ڵگه‌یه ده‌هێنینه‌وه:
عالی قه‌له‌نده‌ر مهرهمۆ:
شام بی وه مێهمان، شام بی وه مێهمان
عالینان عالی "شا"م بی وه مێهمان
چه‌نی نۆهسهد ده باشی قه‌له‌نده‌ران
بابا تاهیر بیم مه‌ردی هه‌مه‌دان [18]
زمانی چوارینه‌کان
چوارینه‌کانی بابا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت زۆر به ڕوونی مۆرکی زاراوه‌ی لوڕیی پێوه دیاره، به‌ڵام چونکه زۆربه‌ی جار له لایه‌ن که‌سانێک نووسراونه‌ته‌وه و پاڕیزراون که خۆیان نه لوڕ نه کورد بوون، به که‌یفی خۆیان به ناوی ڕاستکردنه‌وه ده‌ستکاریی چوارینهکانیان کردووه و مۆرکی زاراوه‌ی لوڕییان تا ڕاده‌یه‌ک لێ سڕیوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به ته‌واوی ده‌رده‌که‌وێت که ده‌بینین ئیدی زۆربه‌ی چوارینه‌کان به‌لای زمانی فارسی‌دا سه‌نگه‌لا ده‌بنه‌وه وه‌ک له زمانی کوردی. یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م کاره‌ی کردووه (وه‌حید ده‌ستگردی)یه که به زانای ناودار وه‌سف ده‌کرێت، ئه‌م زانایه له هه‌ر کوێیه‌ک له چوارینه‌کان حاڵی نه‌بووبێت وای ده‌ستکاری کردووه که فارسێک لێی تێبگات، به‌ڵام پێویسته بگوترێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نوسخهیهمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه که وه‌حيد ده‌ستگردی ڕاستیکردووهتهوه، نازانین قه‌واره‌ی ده‌ستکارییه‌که چه‌نده. هه‌روه‌ها که‌سێکی دیکه به ناوی (مهدی الهی قمشه‌ای) ئه‌ویش ئه‌م کاره‌ی کردووه، که به ئاشکرا له‌سه‌ر هه‌ردوو دیوان نووسراوه ڕاستکردنه‌وه‌ی فڵانه که‌س. دیسانیش ده‌کرێت وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌فته‌ره‌کانی یارسان، چوارینه‌کانی بابا تاهیریش له لایه‌ن که‌سانی نیمچه خوێنه‌واره‌وه نووسرابنه‌وه و ئه‌مه‌ش بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و تێنه‌گه‌یشتنی لێ بکه‌وێته‌وه و له ئه‌نجامدا ده‌ستکاریکردنی چوارینه‌کان، که سه‌ره‌نجام چێژ و تام مۆرکی زمانه‌که‌ی له‌ده‌ست بدات، هه‌روه‌ها بیر و فه‌لسه‌فه‌ی بابه تاهیر له‌م نێوانه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستاش زۆربه‌ی چوارینه‌کان سه‌ره‌ڕای ده‌ستکاریکردنیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر مۆرکی زاراوه‌ی لوڕییان پێوه دیاره، بۆ نموونه:
دلی دیرم ز عشقت گیج و ویجه
مژه بر هم زنم خوناوه ریجه
دل عاشق مثال چوب تر بی
سری سوجه سری خوناوه ریجه
تێبینی بکه‌ن، جگه له‌وه‌ی زمانی چوارینه‌که به ئاشکرا دیاره، ده‌کرێت بگوتریت زۆربه‌ی وشه‌کان له زاراوه‌کانی دیکه‌ن زمانی کوردیش‌دا هه‌ن، جگه له دوو وشه‌ی (عشق و مثال) که ئه‌مانه‌ش عه‌ره‌بین نه‌ک فارسی.
په‌یوه‌ندیی بابا تاهیر به یارسانه‌وه
له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هاتووه: دڵخوازه‌که‌ی ناوی (فاتمه لیره) بووه، هه‌روه‌ها مامۆستا علا‌ءالدین سجادی له دکتۆر سه‌عید خانه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: " پیاوێکی گاوری کورد ئه‌ڵێ: که بابه تاهیر چه‌ند شیعرێکی به شێوه‌ی گۆرانیی په‌تی داناوه و ناردوویه بۆ (حه‌قه)ه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی که له بیروباوه‌ڕی یه‌ک بگه‌ن و ئه‌وانیش بخاته سه‌ر ئه‌و ڕیگه‌یه که خۆی له‌سه‌ر بووه". مامۆستا سجادی له په‌راوێزی ئه‌م نه‌قڵه‌شدا نووسیویه‌تی: ئاشنایه‌تیی بابه تاهیر له‌گه‌ڵ "حه‌ق"ه‌کاندا ئه‌وه بووه که ئه‌وان بابه تاهیریان به فریشته‌ی چواره‌می "خشین" داناوه که له لوڕستان بووه؛ چونکه سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی ئایینی حه‌قه له پێشا له لوڕستان و پاشان بۆ نزیکی سیروان ئنجا له ئازربایجان بووه، من لام وایه ئه‌م باوه‌ڕی "حه‌قان"هی "شه‌ده‌ڵه" لقێکه له حه‌قه‌کانی سیروان. . . [19]
ئه‌م قسه‌یه‌ی مامۆستا علا‌ءالدین سجادی به‌شێکی زۆری ڕاستیی تێدایه، به‌ڵام هه‌ندێکیش تێکه‌ڵی که پێویسته ڕاست بکرێته‌وه. به‌پێی ده‌فته‌ره‌کانی یاری[20]، بابا تاهیر و فاتمه لوڕه‌ی گۆران (نه‌ک فاتمه لیره) دوو ناوداری یارسانن، به‌ڵام یارسانییه‌کان "حه‌قه" نین، به‌ڵکوو له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێیان ده‌گوترێت: ئه‌هلی حه‌ق، حه‌ق لێره به مانای خودا دێت، واته یارانی خودا، که دیسانه‌وه به‌رامبه‌ر به یارانی سان دێته‌وه، سان ده‌کرێت کورتکراوه‌ی سوڵتان بێت و ئه‌مه‌ی دوایی یه‌کێکه له ناوه‌کانی ئێزدان. ئه‌م تایفه‌یه له باشووری کوردستان به "کاکه‌یی" ناسراون، به‌ڵام یارسان وشه‌یه‌کی ناوکۆیی یه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئایینه هه‌یه. هه‌روه‌ها بابا تاهیر (خۆشین) ـه "نه‌ک خشین"[21]، چونکه خۆشین زاتێکی ئێزدانیی هه‌بووه و فریشته‌ی چواره‌م نه‌بووه. یه‌کێک له سه‌ربه‌نده‌کانی چه‌پ و ده‌س[22] ئه‌مه‌یه:
یا "شا" شیرین بای، شیرینم که‌رده‌نی
نه پاێ شندروێ، فهیزم داده‌نی
دینم دینه‌ن، شام خۆشینهن
بۆ لابردنی گومان، پێویسته ئیشاره‌ت به‌وه بده‌م که بابا تاهیر فریشته‌ی چواره‌م نه‌بووه، فریشته‌ی چواره‌م که فریشته‌ی مه‌رگه له‌لای یارسانییه‌کان "مسته‌فا داودان"ه. . [23]
ئه‌ی بابا تاهیر کێ بووه؟
بابا تاهیر که باس له دۆناودۆنی خۆی ده‌کات بۆ شاخۆشین، ده‌فه‌رموێت:
تو بودی در آن وقت بر دون یا
بدم من یقیق آندم ای کبریا
در این‌جا که تو نام داری خۆشین
منم طاهر ایا شاه دین. . [24]
کوردییه‌که‌ی:
ئه‌و کاته‌ی که تۆ بووی له دۆنی "یا"
دۆنی "یه‌قیق" بووم له‌و ده‌مه ئه‌ی شا
ئا لێره که تۆ ناوت "خۆشین"ه
ناوم "تاهیر"ه، ئه‌ی شای ئه‌م دینه
دیسانیش له جێگایه‌کی دیکه‌دا به شاخۆشین ده‌ڵێت:
یا شا! مهر تو را چه چاره کنم
ناید روزی که مه‌رت ز دل آواره کنم
اگر بعد سیصد سال بر سر قبرم گذری
بوی وصالت به من رسد کفن پاره کنم. . [25]
کوردییه‌که‌ی:
ئه‌ی شا، خۆشه‌ویستیی تۆ چۆن چاره بکه‌م
ڕۆژێ نایه‌ت خۆشه‌ویستیت له دڵ ئاواره بکه‌م
گه‌ر دوای سێسه‌د ساڵ به‌سه‌ر گۆڕه‌که‌مدا گوزه‌ر که‌ی
بۆنی ژوانت بمگاتێ، کفنه‌که‌م پارچه ده‌که‌م
بۆچی سێسه‌د ساڵ؟ چونکه شاخۆشین بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی یارانی، خۆی نوقمی ڕوباری گاماسب (هه‌ندێک ده‌ڵێن مه‌عزاو یان مه‌سه‌ناو) ده‌کات و ئیدی غه‌یب ده‌بێت.
له کڵامی نرکه‌ی شاههنشاهدا هاتووه:
"مێرد ئازمایش که‌رد، شی وه مه‌عزاو
یا میهسهناو یان مه‌سه‌ناو یا ماسهناو" . . [26]
ئیدی (شاخۆشین) سڕ(نهێنی) ده‌بێت، تا پاش سێسه‌د ساڵ سه‌رله‌نوێ له شاره‌زوور په‌یدا ده‌بێته‌وه و باره‌گای خۆی ده‌باته هه‌ورامان. به‌و ماوه‌ی غه‌یب بوونه‌ی ده‌گوترێت: سێسه‌د ساڵ سر.
له کڵامی یاریدا هاتووه:
ئه‌و کۆی هه‌ورامان
بارگه‌ی "شا"م وه‌سته‌ن ئه‌و کۆی هه‌ورامان
زات خودایی قانیع غوڵامان
سیسه‌د ساڵ سڕ بی که‌س وه پێش نه‌زان . . [27]
که‌واته پاش سێسه‌د سال ئه‌م پێشبینی و ئاواته‌ی بابا تاهیر دێته دی، شاخۆشین له دۆنی "سوڵتان سهاک" که کوڕی شێخ عیسای به‌رزنجی بووه، په‌یدا ده‌بێت و ئایینی یاری نۆژه‌ن ده‌کاته‌وه[28]. بابا تاهیریش کفنه‌که‌ی خۆی ده‌درێت و له دۆنی بابا یادگار په‌یدا ده‌بێته‌وه:
دگر غسل ا‌لدین بود ابرام شاهـ
دگر طاهرا یادگارست بجا. . [29]
کوردییه‌که‌ی:
هه‌روا غهسلهدین شا عه‌له‌مدار بوو
هه‌روه‌ها تاهیر بابا یادگار بوو. . [30]
که‌واته له ده‌وره‌ی سوڵتان سهاکدا؛ بابا تاهیر له دۆنی بابا یادگار بووه و بابا یادگاریش یه‌کێکه له هه‌فته‌ن[31]، زاتێکی گه‌وره‌ی خاوه‌ن که‌رامات و یه‌کێک له یاره خۆشه‌ویسته‌کانی سوڵتان سهاک و له لایه‌ن ئه‌مه‌وه خه‌ڵاتکراو:
به‌رگ خودڕه‌نگی یادگار پۆشا
غوڵامان دیشان (شاهـ) په‌نه‌ش به‌خشا
به‌رگ خودڕه‌نگی که‌رد وه خهڵاتش
کورد و کوردستان دا وه بهراتش. . [32]
لێکدانه‌وه‌ی چوارینه‌کان
ده‌توانین چوارینه‌کانی بابا تاهیر بکه‌ینه‌وه دوو به‌شه‌وه:
یه‌که‌میان شیعره باتنییه‌کانی بابا تاهیرن که په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به ئایینی یارسانه‌وه هه‌یه و به مه‌به‌ستی بنیاتنان و ده‌مه‌زراندنی ئه‌م ئایینه (له ده‌وره‌ی شاخۆشیندا) گوتراون، که به داخه‌وه ئه‌م چوارینانه هه‌موویان به ئاسانی ناکه‌ونه ده‌ست. دووه‌میشیان چوارینه زاهیرییهکانی بابان که زیاتر بۆ مه‌به‌ستی دنیایی گوتوونی، به‌ڵام له ناواخنی ئه‌م چوارینانه‌دا زۆر جار بیروباوه‌ڕی یارسان ده‌رده‌که‌ون، له هه‌ر شوێنێک له‌م چوارینانه‌دا ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕه هه‌بن هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ سرووده‌کانی یارسان به‌راوردیان بکه‌ین، یان به پیی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه لێکیان بده‌ینه‌وه.
یه‌کێک له‌و چوارینانه‌ی زۆری له‌سه‌ر گوتراوه و هه‌وڵی گه‌یشتن به مه‌به‌ست و فه‌لسه‌فه‌که‌ی دراوه، ئه‌م چوارینه به‌ناوبانگه‌یه:
م‌و آن بحرم که در ظرف آمدستم
چو نقطه بر سر حرف آمدستم
به‌ر ألفی ألف قدی بر آیو
ألف قدم که در ألف آمدستم
به له‌به‌رچاوگرتنی فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی یارسان ده‌بێت ئه‌م چوارینه‌یه به‌م شێوه‌یه لێک بدرێته‌وه:
1- چوارینه‌که به کوردی:
ئا- من ئه‌و زه‌ریایه‌م له‌ناو جامێکدا په‌یدا بووم (کۆبوومه‌ته‌وه).
ب- وه‌کوو خاڵ به‌سه‌ر پیته‌وه په‌یدا بووم.
ج- له هه‌ر ههزارهیهکدا عاشقێک په‌یدا بێت.
د- عاشقم له ههزارهیهکدا په‌یدا بووم.
2- مانا و مه‌به‌ستی وشه‌کان:
م‌و (من): ڕۆح، گیان، خۆشه‌ویستی، زات، نوور، جه‌وهه‌ر
ظرف: قاڵب، جه‌سه‌د، له‌ش، جام، جامه، ته‌ن، دۆن
نقطه: به‌رامبه‌ر به "م‌و- من"ه.
حرف: به‌رامبه‌ر به "ظرف"ه. [33]
ألف: هه‌زار "هه‌زار ساڵ یان هه‌زار دۆن" [34]
ألف قد: عاشق، دڵداده.
3- مه‌به‌ستی چوارینه‌که:
ئا- ڕۆح "خۆشه‌ویستی"ی من زه‌ریایه‌که له‌ناو جام :"قاڵب"ێکدا په‌یدا بووه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ڕۆحه‌ی به‌قه‌د زه‌ریایه‌ک بێت له‌ناو جامێکدا جێگای نابێته‌وه و ڕۆژێک دێت سه‌رڕێژ ده‌کات و جامه‌که به‌جێ ده‌هێڵێت و ده‌ڕوات "لێره‌دا مه‌به‌ست له مه‌رگه". مه‌ولانا جه‌لالوددینی ڕۆمی[35] فه‌رموویه‌تی:
"بحر را گنجایش اندر ظرف نیست" [36]. واته: زه‌ریا له‌ناو جامدا جێگای نابێته‌وه"
ب- وه‌کوو خاڵ به‌سه‌ر پیته‌وه په‌یدا بووم، که خال ڕۆح به پیت ده‌به‌خشێت "گیانی ده‌خاته به‌ر و به‌بێ خاڵ پیت قاڵبێکی سارد و سڕه و ناخوێنرێته‌وه (نسبییه). ڕۆژێک دێت ئه‌و خاڵه پیته‌که به‌جێ ده‌هێڵێت – دیسان مه‌به‌ست له مه‌رگه -".
د. مارف خه‌زنه‌دار ده‌ڵێت: "حه‌رف به‌رامبه‌ر به زه‌ریایه، نوخته‌ش به‌رامبه‌ر به قاپه‌که‌یه. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی له حه‌رف مانای "بسم الله الرحمن الرحیم''ه، به‌م جۆره ئه‌گه‌ر شاعیر نوخته‌یه‌ک بێ له "بسم الله" ده‌بێته به‌شێک له کردگار"[37].
من پێم وا نییه حه‌رف زه‌ریا بێت و نوخته‌ش قاپ[38]، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له "بسم الله" نییه، چونکه بابا تاهیر گوتوویه‌تی: وه‌کوو خاڵ به‌سه‌ر پیته‌وه هاتووم، نه‌ک له‌ژێر پیت. به‌لای منه‌وه ئه‌مه جیاوازه له‌گه‌ڵ گوته‌که‌ی ئیمامی عه‌لی که فه‌رموویه‌تی: " أنا نقطة تحت باء بسم الله". . [39]
ج- پێم وایه: ئه‌گه‌ر له هه‌ر هه‌زار دۆنهکهی خۆمدا یه‌ک جار ببم به عاشق، یان ئه‌گه‌ر له هه‌ر هه‌زار ساڵێکدا عاشقێک په‌یدا ببێت.
د- پێم وایه: ئه‌وا من ئه‌و عاشقه‌م که له‌م دۆنهدا په‌یدا بوم، یان ئه‌وا من ئه‌و عاشقه‌م که له‌م هه‌زار ساڵه‌دا په‌یدا بووم.
دکتۆر مارف فه‌رموویه‌تی: له هه‌ر ئه‌لفێک په‌یکه‌ر و قه‌د و قامه‌تی وه‌ک ئهلف په‌یدا ده‌بێ. مه‌به‌ست له ئه‌لفی یه‌که‌م حه‌رفی "ئهلف"ه، که نرخی "یه‌ک"ه و دروشمی خودایه، ئه‌لفی دووه‌م قه‌د و قامه‌تی وجوودی خۆیه‌تی که ئه‌ویش له وێنه‌ی تیپی "ئهلف- أ"دایه، ئیتر مه‌به‌ستی شاعیر ئه‌وه‌یه که خۆی به‌شێکه له کردگار. قه‌د و قامه‌تی وه‌کوو ئهلف "أ"ی من له ئه‌لفی "کردگار"ه‌وه هاتووه. . [40]
به پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه بێت که د. مارف فه‌رموویه‌تی:"له هه‌ر ئه‌لفێک په‌یکه‌ر و قه‌د وقامه‌تی وه‌ک ئهلف په‌یدا ده‌بێت، به گۆڕینی ئه‌لفی یه‌که‌م بۆ "خودا" و ئه‌لفی دووه‌م بۆ "من" وای لێ دێت:
"له هه‌ر خودایه‌ک په‌یکه‌ر و قه‌د وقامه‌تی وه‌ک من په‌یدا ده‌بێت"، به‌ڵام بابا تاهیر باوه‌ڕی به یه‌کخودایی هه‌بووه، بۆیه ناکرێت بگوترێت له هه‌ر خودایه‌ک. . [41]
بابا تاهر سۆفییه‌کی خواناسی هه‌رده‌وێڵ بووه. عیشقێکی ئێزدانی سه‌ر تا پای داگرتووه. ئه‌م عیشقه وای لێ کردووه له مڵک و ماڵ و سامان و دارایی دونیا خۆی بێبه‌ش بکات، که یارسانییه‌کان به‌م شتانه ده‌ڵێن "جیفه‌ی دونیا"، جا هه‌رچه‌نده مرۆڤی ئێزدانپهرست و سۆفی له جیفه‌ی دونیا خۆی دوور بخاته‌وه، هێنده له ئێزدان نزیک ده‌بێته‌وه:
همایونم سر کوهم وطن بی
سیر عالم کرم هر جا چمن بی
نه خون دیرم، نه مون دیرم نه سامون
دم مردن پر و بال کفن بی
"هه‌ڵۆیه‌کم لووتکه‌ی کێوم وه‌ته‌ن بی (بوو)
سه‌یری عاله‌م ده‌که‌م گشتی چه‌مه‌ن بی
نه خان دیرم نه مان دیرم نه سامان
ده‌می مردن په‌ڕوباڵم که‌فه‌ن بی"
له ئایینی یارساندا مه‌به‌ست له هه‌ڵۆ به تایبه‌تی هه‌ڵۆی سپی (شاهباز) یه‌کێتیی بوون و زاتی لایهزاله (ئێزدان)، که نووری ئه‌و دڵ و ده‌روونی عاریفان ڕووناک ده‌کاته‌وه.
خاتوون دایراک (ڕه‌مزبار) مهرهمۆ:
هه‌فته‌وان چه نوور شاهباز عادڵ
په‌ی شه‌رت مێردان تو که‌رد وه حاصڵ
دایه ڕه‌مزبار به سوڵتان سه‌هاک ده‌ڵێت: ئه‌ی خاوه‌ندکار بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و په‌یمان (شه‌رت)هی له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانی خۆتت به‌ستبوون، ههفتهوانهت له نووری خۆت خوڵقاند.
مه‌به‌ست له شاهبازی عادڵ، خودایه. . [42]
جا چ هه‌فته‌ن چ هه‌فته‌وان، مادام له نووری ئێزدان خوڵقێنراون و ئێزدانیش هه‌ڵۆیه‌کی سپییه، بۆیه بابا تاهیریش (که یه‌کێکه له هه‌فته‌ن) بۆی هه‌یه خۆی به هه‌ڵۆیه‌کی سپی بشوبهێنێت. . [43]
دیسانه‌وه له باره‌ی ڕووت و ڕهجاڵیی خۆیه‌وه له چوارینه‌یه‌کی دیکه‌دا ده‌ڵێت:
م‌و آن رندم که نامم بی قلندر
نه خوان دیرم نه مان دیرم نه لنگر
چو روز آیه بگردم گرد کویت
چو شو آیه بخشتان وانه‌م سر
"من ئه‌و ڕه‌نده‌م که ناوم بوو قه‌له‌نده‌ر
نا خان دیرم نه مان دیرم نه له‌نگه‌ر
که ڕۆژ دادی ده‌گه‌ڕیم گردی کێوت
که شه‌و دادێ به خشتان داده‌نێم سه‌ر"
بابا تاهیر که ته‌رکی دونیا ده‌کات، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌تی بگاته خۆشه‌ویسته‌که‌ی (که ئێزدانه)، بۆیه ڕۆژ تا ئێوار به کێوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێت تاکوو بیدۆزێته‌وه. "واژه‌ی کێو له ئایینی یارساندا پایه و مه‌قامی به‌نده‌گی ده‌گرێته‌وه". . . [44]
واته به قۆناغه‌کانی ته‌سه‌وفدا ڕه‌ت ده‌بێت، که به قۆناغی داوا (طلب) ده‌ست پێ ده‌کات و له قۆناغی نیستی (فنا) ته‌واو ده‌بێت. . . [45]
بابا هه‌میشه له زکر و فیکری خۆشه‌ویسته‌که‌یدا ده‌بێت، هه‌میشه باس و مه‌دح و سه‌نای ده‌کات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م شتانه به هیچ جێگایه‌کی ناگه‌یه‌نن، که‌سانێکی تر به‌ر له‌و چ که‌م و چ زۆر ئه‌و شتانه‌یان گوتووه و ئه‌مه‌ی ئه‌م ده‌یڵێت ته‌نیا دووباره‌کردنه‌وه‌یه. ئه‌مجاره‌یان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئێزدان ڕووه‌و زه‌ریا ده‌ڕوات:
چه واجم، هر چه واجم واته‌شان بی
سخن از بیش و از کم واته‌شان بی
بدریا م‌و شدم گوهر برآرم
هر آن گوهر که دیدم وا تهشان بی
"چی بێژم، هه‌رچی بێژم گوتوویانه
قسه چ زۆر بێ یان که‌م گوتوویانه
بۆ زه‌ریا چووم تا گه‌وهه‌ر ده‌ربێنم
هه‌ر ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی دیتم به تۆیانه (تۆ بووی)"
واته‌شان بی: گوتبوویان.
وا تهشان بی: له‌گه‌ڵ تۆیان بوو (مه‌به‌ستیان تۆ بووی).
بۆچی بابا تاهیر به‌ره‌و زه‌ریا ده‌ڕوات؟ چونکه به‌پیی ئایینی یارسان یه‌که‌م باره‌گا و مه‌کته‌بی ئێزدانی له زه‌ریادا بووه.
سه‌ید براکه مهرمۆ:
چوار مه‌له‌ک ژ نور ساخت نه جه‌سه‌ی سڕ
وێش شی نه مه‌کته‌ب به‌تن ده‌ریای دوڕ
هه‌فتاد هه‌زار ساڵ نه دڵه‌ی دوڕ بی
دوڕ نه تای ده‌ریا په‌روه‌رده‌ی سڕ بی. . [46]
ئه‌ی بۆچی له زه‌ریادا به دوای دوڕ (گه‌وهه‌ر)دا ده‌گه‌ڕێت؟ چونکه ماوای خاوه‌ندکار کاتێ له دۆنی "یا" بووه، له‌ناو دوڕدا بووه:
ده‌روێش قولی کرندی مهرهمۆ:
وه دۆن "یا" بی، وه دۆن "یا" بی
ئه‌وسا پادشام وه دۆن "یا" بی
ماواش نه دوڕ بی، دوڕ نه ده‌ریا بی
نه یار نه یاوه‌ر، تاک و ته‌نیا بی . . [47]
هه‌ر ئه‌و کاته‌ش که ئێزدان له دۆنی "یا" بوو، له‌گه‌ڵ ههفتهندا بیابهسی (به‌یعه‌ت به‌ستن – په‌یمان)ی ئه‌زه‌لیی خاوهندکاری بڕیار دا. ئه‌و کاته بابا تاهیر له دۆنی یه‌قیق بوو، جا سه‌یر نییه ئێستاکه جارێکی دی بابا به‌ره‌و زه‌ریا بڕواته‌وه و به دوای "یا"دا بگه‌ڕی تا بیدۆزێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی بابا تاهیر ئێزدان ده‌دۆزێته‌وه، ئیدی بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ماوای ئه‌و ته‌نیا زه‌ریا نییه، بگره ئه‌و له سارا و کێو و ده‌شت و هه‌موو شت و شوێنێکدا هه‌یه. ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌که له هه‌موو شتێکدا به‌دی ده‌کرێت، ئه‌و عیشقێکه له هه‌ر زهڕهیهکدا هه‌یه:
بصحرا بنگرم، صحرا ته وینم
بدریا بنگرم، دریا ته وینم
به‌رجا بنگرم، کوه و در و دشت
نشان از قامت رعنا ته وینم
"ده‌نۆڕمه سارا، سارا تۆ ده‌بینم
ده‌نۆڕمه زه‌ریا، زه‌ریا تۆ ده‌بینم
هه‌رکوێ ده‌نۆڕم کێو و ده‌ر و ده‌شت
نیشانه‌ی باڵای ڕه‌عنای تۆ ده‌بینم"
ئیدی له خۆشیی ئه‌وه‌ی بابا خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، له چاوی ئه‌و باده‌ی مه‌ی نۆش ده‌کات. هه‌ر بۆیه له تاریکیی شه‌وی تاردا و له ڕیگای پڕ له کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی حه‌قپه‌رستیدا ئه‌م مه‌سته و سه‌رخۆش. مه‌ستی عیشقێکی ئێزدانییه که هیچ شتێکی دی جێگای پێ له‌ق ناکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی کۆسپ و ته‌گه‌ره باده‌ی عیشقه‌که‌ی له‌ده‌ست بخه‌ن، به‌ڵام باده ناشکێت، چونکه ئه‌م هیچ گومانێکی به‌رامبه‌ر به مه‌عشووقه‌که‌ی نییه و ئاماده‌یه له پێناوی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌دا هه‌موو جۆره ناخۆشی و زه‌حمه‌تێک قه‌بووڵ بکات، ئه‌گه‌ر نا خه‌ڵکی دیکه چونکه بێسه‌بر و ته‌حه‌موول بوون و خۆشه‌ویستییان ڕه‌گی قووڵی نه‌بوو، باده‌ی مه‌ی هه‌ر له ده‌ستیاندا شکا به‌بێ ئه‌وه‌ی بشکه‌وێت:
شب تاریک و سنگستان و م‌و مست
قدح از دست م‌و افتاد و نشکست
نگه دارندهاش نیکو نگهداشت
وگرنه صد قدح نفتاده بشکست
" شه‌و تاریک و بهردستانه و من مه‌ست
باده له ده‌ستم که‌وت و نهشکهست
چاودێڕهکهی چاکی چاو لێ بوو
وه‌گه‌ر نا سه‌د باده‌ی نه‌که‌وتوو شکه‌ست"
ئه‌م پیاڵه (باده)ی مه‌یه، پیاڵه‌ی ڕه‌حمه‌ته که هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕوایان به ئایینه یارسان هه‌یه بۆیان هه‌یه نۆشی بکه‌ن؛ هه‌روه‌کوو بابا ناووس ده‌فه‌رموێ:
پیاڵه‌ی ڕه‌حمه‌تم وارده‌ن، نهواردهن شه‌راو
کاوه‌ی مێرد "جه‌م"هن مه‌لای وه مهحراو [48]
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م مه‌ستییه مه‌ستیی مه‌ی نییه، به‌ڵکوو مه‌ستیی عیشقێکی ئێزدانییه:
شاخۆشین مهرهمۆ:
مستم ز خرابات ولی از می نه
نقلم همه نقلست حریفم شیئ نه [49]
" مه‌ستی باده‌ی یه‌کبوونم نه مه‌ستی مه‌ی. مه‌زه‌ی ئه‌م مه‌ستییه‌ی من ئه‌و قسانه‌ن که ده‌یانکه‌م و حهریفهکهم هیچی پێ نییه".
بابا تاهیر به هۆی تاعه‌ته‌وه هه‌میشه له‌گه‌ڵ دڵداره‌که‌ی ژووانی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێواره‌یه‌ک غافڵ بێت و پێی نه‌کرێت بچێته خزمه‌تی، ئه‌وا په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌و ئێواره‌یه له تاعه‌ت غافڵ نه‌بوون و ده‌چێته زیاره‌تی ئه‌وان:
خوشا آنان که هر شامان ته وینند
سخن واته کرن واته نشینند
گرم دسرس نبی آیم ته وینم
بشم آنان بوینم که ته وینند
"خۆزگه‌م به‌وانه‌ی هه‌ر شامێ ده‌تبینن
قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و هاونشینن
گه‌ر دهسڕهسم نه‌بوو بێم و بتبینم
ده‌چمه خزمه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌تبینن"
د. مارف خه‌زنه‌دار پیی وایه که بابا تاهیر لێره‌دا جارێ نه‌گه‌یشتووه‌ته ویساڵی مه‌عشووقه‌که‌ی، بۆیه به ناڕاسته‌وخۆ ئاواته‌خوازه بیگاتێ له ڕێگای که‌سانێکی تره‌وه که به ویساڵ گه‌یشتوون[50]. به‌ڵام بابا خۆزگه به‌وانه ده‌بات که هه‌ر ئێواره‌یه‌ک مه‌عشووق ده‌بینن، واته ئه‌میش ده‌یبینێت به‌ڵام هه‌ندێ جار ده‌ستی ناگات بچێته خزمه‌تی، بۆیه ده‌چێته خزمه‌تی ئه‌وانه‌ی که له چوونهخزمهت غافڵ نه‌بوون.
پاش دۆزینه‌وه‌ی مه‌عشووق و نۆشکردنی جامی مه‌ی و سه‌ردانی ده‌مه‌وئێواران، نه‌خته نه‌خته بابا خوو و ڕه‌وشت و خه‌سڵه‌ته‌کانی خۆی داده‌ماڵێت و به خه‌سڵه‌ت و سیفه‌ته‌کانی ئه‌و خوو ده‌گرێت و ده‌گاته دواپله‌ی سۆفیگه‌ری که قۆناخی نیستی (فه‌نا)یه و ئیدی له‌بۆی جودا ناکرێته‌وه که عاشق کییه و مه‌عشووق کییه:
اگر دل دلبر و دلبر کدام است
وگر دلبر دل بو دل را چه نام است
دل و دلبر به‌م آمیته وینم
نزونم دل که و دلبر کدام است
"گه‌ر دڵ دڵبه‌ر بێ، ئه‌ی دڵبه‌ر کییه
گه‌ر دڵبه‌ر دڵ بێ، دڵ له کام جێیه (ناوی چییه)
هه‌م دڵ هه‌م دڵبه‌ر، ئامێته‌ی یه‌کن
نازانم دڵ کام و دڵبه‌ریش کێیه"
سۆفییه‌کی ڕێگای ڕاستان، ڕێگای یارسان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای یاری بباته سه‌ر و له ده‌فته‌ری یاراندا تۆمار بکرێت، پێویسته بگاته ئه‌م قۆناغی نستییهی بابا تاهیر پێی گه‌یشتووه. یه‌کێک له پیرانی یارسان فه‌رموویه‌تی:
نیستان و نیستی ڕاشان به‌رد وه سه‌ر
هه‌ستان که‌ی مه‌لان وه سه‌بت ده‌فته‌ر[51]
یه‌کێک له‌و چوار کۆڵه‌که‌یه‌ی ئایینی یارسانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه نابودکردنی غوروور، لووتبه‌رزیی، خۆبهزلزانینن، خۆپه‌سه‌ندکردن و هه‌وا و هه‌وه‌سی نه‌فسانییه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام مرۆڤ خۆی ئاماده و ته‌یار بکات تاکوو بوونی ئه‌م ئامێته‌ی بوونی ئێزدان بێت، واته له‌ناو ئێزداندا فانی بێت (بگاته قۆناخی نیستی).
له ده‌فته‌ری یاریدا هاتووه، هه‌ر وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌مان پێی کرد:
یاری چار چێوه‌ن باوه‌ری وه جا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕه‌دا [52]
گه‌یشتن به قۆناخی نیستی ئاوات و ئامانجی هه‌موو سۆفییه‌که. حافزی شیرازی[53] ده‌ڵێت:
میان عاشق و معشوق هیچ حایل نیست
تو خود حجاب خودی حافظ از میان برخیز[54]
"له نێوان عاشق و مه‌عشووقدا هیچ په‌رده‌یه‌ک نییه
تۆ خۆت ئه‌و په‌رده‌یه‌ی حافز، له‌و بهینه لاچۆ"
واته مه‌به‌ستی حافز ئه‌وه‌یه که ئه‌و په‌رده‌یه لاببات و بگاته مه‌عشووقه‌که‌ی، جار ئه‌گه‌ر په‌رده‌که خودی حافز بێت، پێویسته حافز بگاته نیستی. بابا تاهیر توانیویه‌تی ئه‌و په‌رده‌یه لا ببات و له‌گه‌ڵ مه‌عشووقه‌که‌ی ببێته یه‌ک، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئیدی بۆی جودا نه‌کرێته‌وه که عاشق کێیه و مه‌عشووق کێیه.
"حوسێن بن مه‌نسوور ئه‌لحه‌لاج" فه‌رموویه‌تی:
"حقیقة المحبة قیامک مع محبوبک بخلع أوصافک و الأتصاف بأوصافه"[55]
"عیشقی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه که سیفه‌ته‌کانی خۆت داماڵیت و به سیفه‌ته‌کانی مهعشووقهکهت خوو بگریت".
جا که سۆفی گه‌یشته قۆناخی نیستی و بوونی ئه‌م ئاوێته‌ی بوونی ئێزدان بوو و ئێزدانیش نهێنییه، بۆیه ئه‌میش ده‌بێته به‌شێک له‌و نهێنییه که نابێت بدرکێنرێت. ئه‌مه له ئایینی یارساندا پیی ده‌ڵێن: "سڕ که‌سنه‌زان". ئه‌م نهێنییه به لای سۆفییهکهوه ڕازی دڵه که جگه له خاوه‌ن دڵان که‌سی تر پێی نازانێت، یان بۆ که‌سێکی تر باس ناکرێت. ڕازی دڵی یاران سووتان و توانه‌وه‌یه له‌ناو خۆشه‌ویستیدا، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا بابا تاهیر ئه‌م ڕازه‌ی بۆ خه‌ڵکی تر گێڕابێته‌وه، سه‌ره‌نجام وا که‌وتووه‌ته‌وه که له‌م چوارینه‌یه‌دا باسی ده‌کات:
نمیدانم که رازم وا که واژم
غم سوز و گدازم را که واژم
چه واژم هر که ذونه بنگره فا‌ش
دگر راز و نیازم وا که واژم
"نازانم که من ڕازم به کێ بێژم
خه‌می سووتانی دڵم به کێ بێژم
چ بێژم هه‌رکێ زانیی فاشی ده‌کا (ئاشکرای ده‌کات)
ئیدی ڕاز و نیازم به کێ بێژم"
جا بۆ ئه‌وی ئه‌م ڕازی دڵه هه‌ر به نهێنی بمێنێته‌وه، ده‌بێت سڕێک بێت و ته‌نها له دڵی یاراندا بپارێزرێت. ئه‌م نهێنییه به لای یارسانه‌کانه‌وه هێنده پیرۆزه که له کۆبوونه‌وه ئاییهنییهکاندا سوێندی پێ ده‌خورێت یان په‌نای بۆ ده‌برێت؛ بۆ نموونه له کاتی په‌نابردندا ده‌گوترێت: "یا سڕ سینه‌ی یار". جا ئه‌گه‌ر بابا تاهیر ڕازی دڵی خۆیی له‌لای غه‌یری خاوه‌ن دڵان باس کردبێت و پاشان ڕازه‌که فا‌ش کرابێت، حه‌قی خۆیه‌تی ئیدی ئه‌و ڕاز و نیازه‌ی خۆی به که‌س نه‌ڵێت:
بکس درد دل م‌و واتنی نه
که سنگ از آسمون انداتنی نه
بم‌و واجن ترک یار خود که
کسیس یارم که ترکش واتنی نه
"به که‌س ڕازی دڵم گوته‌نی نییه
به‌رد له ئاسمانه‌وه کهوتهنی نییه
پێم ده‌بێژن ته‌رکی یاری خۆت بکه
که‌سێکه یارم ته‌رک کرده‌نی نییه"
"واتنی نه"ی دووه‌م: مه‌به‌ست له وه‌یه که ناکرێت.
نه‌درکاندنی نهێنیی دڵ له‌لای سۆفییه‌کان باو بووه، مه‌نسووری حه‌للاج فه‌رموویه‌تی:
"أسرارنا بکر لا يخطر فيها إلا خاطر الحق". [56]
واته: نهێنییه‌کانی ئێمه (وه‌کوو کچێکی) باکرهن، جگه له ئه‌ندێشه‌ی حه‌ق شتێکی تر ڕێگایان پێ نابات.
حافیزی شیرازی فه‌رموویه‌تی:
مصلحت نیست که از پرده برون افتد راز
ورنه در مجلس رندان خبری نیست که نیست. [57]
"مه‌سڵه‌حه‌ت نییه له په‌رده‌وه ڕاز بچێته ده‌رێ
وه‌گه‌رنا له مه‌جلیسی ڕه‌ندان چ باسێ نامێنێ"
به‌پێی ئایینی یارسان، که‌سانێ که مرۆڤی ڕاستیپهرست بن و هیوای دیداری حه‌ق له دڵیان‌دا بێت و عاشقی ڕێی ڕاستی بن، پێویسته له‌سه‌ریان هه‌ر ده‌رد و به‌ڵایه‌ک که له‌و ڕێگایه‌دا تووشیان ده‌بێت قبووڵی بکه‌ن و مرۆڤی یارسانی ده‌بێ بهڵاکێش بێت.
سوڵتان سه‌هاک فه‌رموویه‌تی:
پیره بلاکش
گر مرد لقائی بیا بلا ک‌ش
مرد بی بلا مرد لقا نیست[58]
جا بابا تاهیریش که دۆنی باوه یادگاره و عاشقی ڕێی ڕاستییه، پێویسته له‌سه‌ری وه‌کوو هه‌ر مرۆڤێکی ڕاستیپهرست تاڵی و سوێری و سه‌ختیی ئه‌و ڕێگایه‌ی هه‌ڵیبژاردووه، قبوول بکات:
عاشق اون بی که دایم در بلا بی
ایوب آسا بکرمون مبتلا بی
حسن آسا بنوشه کاسهء زهر
حسین اسا شهید کربلا بی
"عاشق که‌سێکه دایم له به‌ڵا بێ
ئه‌یووب ئاسا به کرمان موبته‌لا بێ
حه‌سه‌ن ئاسا بنۆشێ جامی زه‌هر
حوسێن ئاسا شه‌هیدی که‌ربه‌لا بێ" [59]
هه‌ر ده‌رباره‌ی سه‌ختی ژیانی یارانی حه‌ق، له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ شاخۆشین بابا تاهیر باسی عشقی خۆیی بۆ ده‌کات و ده‌فه‌رموێت:
هر کس شاهش تویی حالش همينه
سرینش خشت و بالینش زمینه
جرمم اینست که تو را دوست دیرم
هر آن که یارش تویی حالش چنینه[60]
به‌ڵام هه‌موو که‌سێک عاشق نییه و ئاماده نییه تاڵی و سوێری بچێژێت و ڕێگای سه‌خت بگرێته به‌ر، بگره هه‌ندێک نه ته‌نیا ئه‌و ئامادهگییهیان تێدا نییه، به‌ڵکوو بێئهمریش ده‌که‌ن. بێئهمرییهک تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بابا تاهیر نا‌ئومێد بکات و وه‌کوو مرۆڤێکیش خۆی به هاوبه‌شی ئه‌و خه‌ڵکه مهعسییهتکاره بزانێت. ته‌نانه‌ت بابا تاهیر هیچ ئومێدێکیشی نه‌بێت له‌وه‌ی که ئه‌و خه‌ڵکه به‌شی ئه‌وه‌یان پێوه مابێت ڕێگای چه‌وت به‌رده‌ن و ڕێگای ڕاست ههڵبژێرننهوه:
از آن روزی مارا آفریدی
بغیر از معصیت چیزی ندیدی
خداوندا بحق هشت و چارت
زم‌و بگذر شتر دیدی نهدیدی
"له‌و ڕۆژه‌ی ڕا که ئێمه‌ت هێنایه دی
بێ له بێئهمری هیچت لێمان نه‌دی
خودایه بۆ خاتری هه‌شت و چوارت
لێمان گه‌ڕی حوشترت دیت و نه‌دی" [61]
لێره‌دا بابا تاهیر له ئێزدان ده‌پاڕێته‌وه که له‌به‌ر خاتری هه‌شت و چوار له‌و خه‌ڵکه گوناهکاره خۆش بێت و لییان گه‌ڕی وه‌کوو ئه‌وه‌ی هیچیان نه‌کردبێت.
باشه ده‌بێ ئه‌م هه‌شت و چواره چی بێت؟ تاکو ئێستا هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م چوارینهییهیان لێکداوه‌ته‌وه، چوار و هه‌شتیان خستووه‌ته سه‌ر یه‌ک دوازده ئیمامیان لێ دروست کردوون[62]. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر چوارینه‌کانی بابا تاهیر له ده‌ره‌وه‌ی کارتێکردنی فه‌لسه‌فه‌ی یارسان لێک بدرێته‌وه، ئه‌وه مه‌زه‌نده‌ی زۆربه‌ی ده‌چێت به لای دوازده ئیمامدا، به‌لام خۆ بابا تاهیر ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له دوازده ئیمام بووایه ده‌یتوانی یه‌کسه‌ر بێژێت دوازده و ئیدی پێویستی به‌و هه‌شت و چواره نه‌ده‌کرد. بابا تاهیر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێکه له هه‌فته‌ن و دۆنی باوه یادگاره حه‌ق وایه له‌به‌ر تیشکی بیروباوه‌ڕی ئایینی یارسان چوارینه‌کانی لێکبدرێنه‌وه، ئه‌وده‌م مه‌به‌ست له هه‌شت: هه‌شت ته‌ن ده‌بێت[63]، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له چوار: چوار ته‌ن ده‌بێت[64].
واته خوادایه له‌به‌ر خاتری هه‌شت ته‌ن و چوار ته‌ن، لێمان ببووره، که هه‌شت ته‌ن بریتییه له هه‌فته‌وانه و ئێزدان به خۆی له بیابهسی ساجناریدا[65]. هه‌روه‌ها چوار ته‌ن بریتییه له چوار مه‌له‌ک (مه‌لائیکه)، که بابا تاهیر خۆی یه‌کێکه له چوار ته‌ن له ده‌وره‌ی شاخۆشیندا، چوارتهنیش بازنه‌یه‌کی ناو ههفتهنه.
لایه‌نێکی دیکه‌ی چوارینه‌کانی بابا تاهیر سکاڵایه له ده‌ستی نایه‌کسانیی باری ژیانی خه‌ڵک. بابا ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر چه‌رخی گه‌ردوون ده‌رده‌بڕێت که سامان و دارایی به شێوه‌یه‌کی ناعادیلانه به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دابه‌ش کردووه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که هێندێک له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا بژین و هێندێکیش ژیانی کوله‌مه‌رگی به‌رنه سه‌ر. بابا تاهیر ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ی خۆی یه‌کسه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئێزدان ده‌کاته‌وه:
اگر دستم رسد بر چرخ گردون
از او پرسم که این چونست و آن چون
یکی را دادهء صد گونه نعمت
یکی را قرص جو آلوده در خون
"گه‌ر ده‌ستم ده‌گا به چه‌رخی گه‌ردوون (ئاسمان، خودا)
لێی ده‌پرسم که ئه‌م چۆنه و ئه‌و چوون (چۆن)
به که‌سێکت داوه سه‌د جۆره نیعمه‌ت
به که‌سێ نانی جۆ ئالووده به خوون (خوێن)
واته ئه‌وه‌ی نانه جۆکه‌ی په‌یدا کردووه، خوێنی بۆ ڕشتووه و بۆ دابینکردنی خۆی بۆ ماندوو کردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌وانه‌ی مڵک و سامانی و دارایی فره‌یان هه‌یه و له ناز و نیعمه‌تدا ده‌ژین، به خۆڕایی ئه‌و سامانه و داراییه‌یان ده‌ست که‌وتووه، وه‌گه‌رنا ده‌بووایه بۆ په‌یداکردنی نانێکی جۆ ئه‌وانیش خوێنی جگه‌ریان بڕشتایه. له کۆتاییدا وا ده‌که‌وێته‌وه که خۆشگوزهرێنهران ڕه‌نجی هه‌ژارانیان دزیوه. ئه‌مه‌شیان به‌ڵگه‌یه‌که بۆ بێدادی و ناڕه‌وایی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بابا تاهیری تێدا ژیاوه، که خێر و بێر به شێوه‌یه‌کی نادروست دابه‌ش کراون و هێندێک له‌سه‌ر حیسابی هێندێکی دیکه له ناز و خۆشی‌دا ڕایانبواردووه، که هه‌ر وا بووه و هه‌ر وا ده‌بێ [66].
هه‌ر له‌مه‌ڕ ڕۆژگاری خۆیه‌وه بابا تاهیر له چوارینه‌یه‌کی تردا سکاڵا ده‌کات و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت، که ده‌وران که‌وتووه‌ته ده‌ستی هه‌ندێک نامه‌رده‌وه. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر ئه‌وانه‌شن که بوونه‌ته هۆی ئه‌و جیاوازییه‌ی ناو چینه‌کان و دابه‌شنه‌کردنی دارایی به شێوه‌یه‌کی دروست. بابا تاهیر به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ناڕه‌زاییه‌که‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به کاربه‌ده‌ستان ده‌رده‌بڕێت و به ئاشکراش ده‌ڵێت که ئه‌م چاوه‌ڕێی ده‌ورانێکی تر ده‌کات، واته ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه که دادپه‌روه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌و په‌یمانه‌ی بابا ده‌یدات له‌وه تێناپه‌ڕیت که ئه‌م داده‌نیشێت و چاوه‌ڕێی ئه‌و ڕۆژه ده‌کات، واته ئه‌م به خۆی بۆ هێنانه‌دیی ئه‌و ڕۆژه ڕۆڵێکی کاریگه‌ر نابینێت، ڕه‌نگه له سۆفییهکیش هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی دونیاییه‌وه بێت چاوه‌ڕوانیی له‌وه زیاتری لێ نه‌کرێت.
سرم چون گوی در میدان بگرده
دلم نز عهد و نز پیمان بگرده
اگر دوران بنامردان بمونه
نشینم تا دگر دوران بگرده
"سه‌رم وه‌ک گۆیه‌ک له مه‌یدان بگه‌ڕێ
دڵم به ده‌ور عه‌هد و په‌یمان بگه‌ڕێ
ئه‌گه‌ر ده‌وران بۆ نامه‌ردان بمێنێ
ده‌نیشم تا ده‌ورانی تر بگه‌ڕێ"
هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌وڵوێسته نائهکتیڤه بۆ لابردنی کاربه‌ده‌ستانی نادادپه‌روه‌ر، به‌لام بابا تاهیر په‌یمانی خۆی ده‌باته سه‌ر ئه‌گه‌رچی له پێناویدا سه‌ری خۆیشی دانابێت.
له چه‌ند چوارینه‌یه‌کی تردا، بابا نائومێدیی خۆی ده‌رده‌بڕێت، چ به‌رامبه‌ر به خۆی و چ به‌رامبه‌ر به کردگار، ڕه‌نگه ئه‌م نائومێدییه له‌پاش مردنی فه‌ره‌یدوونی کوڕی تووشی بووبێت. بابا تاهیر خه‌م دایده‌گرێت و دونیای له‌به‌ر چاو ڕه‌ش ده‌بێت:
ز کشت خاطرم جز غم نرویو
ز باغم جز گل ماتم نرویو
ز صحرای دل بیحاصل م‌و
گیاه ناامیدی هم نرویو
"له دڵمدا بێجگه له خه‌م چ ناڕوێ
له باخم بێ گوڵی ماته‌م چ ناڕوێ
ل سارای دڵی بێبه‌ری مندا
ته‌نانه‌ت گیای نائومێدییش هه‌ر ناڕوێ"
به ڕه‌تبوونی ڕۆژگار بابا تاهیر له‌ناو خه‌مدا قاڵ ده‌بێته‌وه، ئیدی وا هه‌ست ده‌کات که به بێ خه‌م هه‌ڵناکات. خه‌می ده‌بێته هۆگر و یار و هاوده‌م.
غمم غم بی و غمخوار دلم غم
غمم هم مونس و هم یار و همدم
غمم نه‌له که م‌و تنها نشینم
مریزا بارک الله مرحبا غم
"خه‌مم خه‌م بوو، خه‌مخۆری دڵیشم خه‌م
خه‌مم هه‌م هۆگر و هه‌م یار و هاوده‌م
خه‌مم نه‌یهێشت که من ته‌نیا بنیشم
ده‌ستخۆش و باره‌که‌ڵڵا، ئافه‌رین خه‌م"
ئه‌م خه‌مه‌ی بابا تاهیر خه‌مێکی ئاسایی نییه، بگره خه‌مه‌که به‌خۆیشی خه‌مخۆری دڵی بابایه. ئه‌م خه‌مه هێنده به‌وه‌فایه که نه‌یهێشتووه بابا تاهیر ته‌نیا بمێنێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش بابا ده‌ستخۆشیی لێ ده‌کات که هێنده یارێکی به‌وه‌فایه. خۆشبه‌حاڵی بابا تاهیر که خه‌م هاودهمیهتی و گوێی لێ ده‌گرێت، حاڵی حافزی شیرازی په‌ریشانه که له چوارینه‌یه‌کی خۆیدا ده‌ڵێت:
نی قصهء آن شمع چگل بتوان گفت
نی حال دل سوخته‌دل بتوان گفت
غم در دل تنگ م‌و از آنست که نیست
یک دوست که با او غم دل بتوان گفت(67)
به‌ڵام هه‌ر حافز به‌خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه و له چوارینه‌یه‌کدا تردا قسه‌کانی بابا تاهیر دووباره ده‌کاته‌وه:
من حاصل عمر خود ندارم جز غم
در عشق ز نیک و بد ندارم جز غم
یک همدم با وفا ندارم جز درد
یک مونس نامزد ندارم جز غم[68]
خه‌می بابا تاهیر له ئه‌نجامی نائومێدییه‌که تووشی بووه و وای لێ ده‌کات که بیر له بوونی مرۆڤ بکاته‌وه، بۆچی دێته ئه‌م دونیایه؟ بۆچی تووشی ئه‌م باره ناهه‌موار و خه‌م و خه‌فه‌ته ده‌بێت؟ بۆچی کۆچ ده‌کات؟ ئه‌ی باشتر نه‌بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نه‌خوڵقایه؟ بابا ڕوو ده‌کاته فه‌له‌ک و ده‌بێژێت"
فلک برهم زدی آخر أساسم
زدی بر خمرهء نیلی لباسم
اگر داری برات از قصد جانم
بکن آخر آز این دنیا أساسم
"فه‌له‌ک تێکت دا ئاخری ئه‌ساسم
کێشات له خۆمی که‌وه لیباسم
ئه‌گه‌ر نیازته قه‌سدی گیانم که‌ی
ده هه‌ڵکه‌نه له‌م دونیایه ئه‌ساسم"
خوادایه تۆ هێنده جه‌ورت له‌گه‌ڵدا کردم تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی پایه و بناغه‌ت تێکدام. هێنده تووشی نه‌گبه‌تی و به‌دبه‌ختیت کردم تاکوو جل و به‌رگت له خوم هه‌ڵکێشام. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت قه‌سدی گیانم بکه‌یت و بمکوژیت، خۆ هه‌ر له بناغه‌وه ڕه‌گی من (وه‌ک مرۆڤێک) له‌م دونیایه هه‌ڵکێشه.
ئه‌م ناڕه‌زایی و ڕه‌تکردنه‌وه‌یه وا له بابا تاهیر ده‌کات یاخی ببێت و ئه‌م یاخیبوونه وه‌کوو پیشه‌یه‌ک له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و پاشان وه‌ک گوناهـ، جا خوای ده‌کرد خه‌ڵکی دی له بێگوناهیدا ده‌بوونه فریشته. ئه‌م ڕیشه‌ی یاخیبوونه‌ی ده‌گێڕێته‌وه بۆ حه‌وا و ئاده‌م که ئه‌وانیش بێقسه‌یی خودایان کرد و سه‌ره‌نجام به سێوخواردنهکه ته‌واو بوو و ئیدی له به‌هه‌شت ده‌رکران.
م‌و آن رندم که عصیان پیشه دیرم
بدستی جام و دستی شیشه دیرم
اگر تو بیگوناهی رو ملک شو
م‌و از حوا و آدم ریشه دیرم
" من ئه‌و ڕه‌نده‌م یاخیبوون پیشه دیرم
به ده‌ستێ جام و ده‌ستی شووشه دیرم
گه‌ر تۆ بێگوناهی ببه به مه‌له‌ک
من له حه‌وا و ئاده‌م ڕا ڕیشه دیرم"
دیرم: هه‌مه
دیاره له قۆناخی پیریدا که ئیدی مه‌رگی لێ نزیک ده‌بێته‌وه، ئاوڕێک له ڕابردووی خۆی ده‌داته‌وه و قۆناخی یاخیبوونی خۆی دێته‌وه به‌رچاو؛ ئه‌وده‌م به‌م شێوه‌یه ئامۆژگاریی خۆی ده‌کات:
مکن کاری که بر پا سنگت آیو
جهان به این فراخی تنگت آیو
چو فردا نامه خواهون نامه خواهند
ترا از نامه خواندن ننگت آیو
"مه‌که کارێ که بێته به‌ر پێت سه‌نگ (به‌رد)
ئه‌م جیهانه له‌به‌ر چاوت ببێ ته‌نگ
سبه‌ی داوای کردارنامهت لێ ده‌که‌ن
له نامهخوێندن با تووشت نه‌بێ نه‌نگ"
واته هێنده خۆت گوناهبار مه‌که سبه‌ی که ڕۆژی حیسابه، له خوێندنه‌وه‌ی کردارنامهکهت شه‌رم داتبگرێت.
هه‌ر بۆیه بابا تاهیر هه‌وڵ ده‌دات هه‌رچیی له توانادایه بیکات تاکو باری خۆی سووکتر بکاته‌وه، چونکه ئیتر ئۆغر به‌ره‌و خودایه و ڕۆژ ڕۆژی سزا و پاداشته. ئه‌م ڕێگایه‌ش ڕێگایه‌کی سه‌خت و دژواره و مرۆڤ هه‌رچه‌ندی پێ بکرێت به گوناهی که‌متره‌وه بچێته به‌ر باره‌گای ئێزدان:
دلا راهت پر از خار و خسک بی
گذارت بر سر چرخ و فلک بی
گر أز دستت برآیه پوست أز تن
بر آور تا که بارت کمترک بی
"ئه‌ی دڵ ڕێگات پڕ له پێکوڵه و دڕک بی
گوزورگای تۆ به‌سه‌ر چه‌رخ و فه‌له‌ک بی
گه‌ر له ده‌ستت دێ پێست داماڵی له ته‌ن
دایماڵه تاکو بارت کهمترهک بی"
واته: ئه‌ی دڵ "ئه‌ی بابا تاهیر" ڕێگای تۆ به‌ره‌و خودایه، ده گوناهی خۆت هه‌ڵوه‌رێنه و ئه‌گه‌ر کرا پێستیشت داماڵی، بیکه؛ به‌ڵکوو به بارێکی سووکتره‌وه بچیته حوزووری خودا. هه‌ر بۆیه بابا نه‌ک هه‌ر ده‌یه‌وێت پێست داماڵێت، به‌ڵکوو خۆیشی له‌و خۆشه‌ویستییه ئێزدانییهدا وا بسووتێنێت که ئیدی مشتێ خۆڵه‌مێشی لێ نه‌مێنێت. به‌م شێوه‌یه ئیتر خودێ چاوی پڕ له فرمیسک و په‌شیمانیی بابا تاهیریش نابینێت:
بمیرم تا ته چشم تر نه‌وینی
شراره آه پر آذر نوینی
چنان از آتش عشقت بسوجم
که از م‌و رنگ خاکستر نه‌وینی
"بمرم تاکو تۆ چاوی ته‌ڕ نه‌بینی
بڵێسه‌ی ئاهی پڕ ئاگر نه‌بینی
وه‌ها له ئاگری عیشقت بسوزێم
که له من ڕه‌نگی خاکسته‌ر نه‌بینی"
خاکسته‌ر: خۆڵه‌مێش
له جێگایه‌کی تردا هاتووه: "که از م‌و مشت خاکستر نوینی"
به‌م شێوه‌یه بابا تاهیر وه‌کوو مرۆڤێکی خواناس، سۆفی و په‌ریشان، ده‌بێته مشتێک خاک، تا له‌و خاکه‌ی ئه‌وه‌وه خه‌ڵکێکی په‌ریشانی دی بخوڵقێنرێت، هه‌ر وه‌کوو ئه‌م به‌خۆی له بنه‌ڕه‌تدا له خاکی دڵپهریشانان خوڵقێنراوه:
مرا نه سر نه سامان آفریدند
پریشانم پریشان آفریدند
پریشان خاطران رفتند در خاک
مرا از خاک ایشان آفریدند
" من بێ سه‌ر و بێ سامان خوڵقێنراوم
په‌رێشانم په‌رێشان خوڵقێنراوم
دڵپهرێشانان چوونه ژێر خاکه‌وه
ئه‌من له خاکی ئه‌وان خوڵقێنراوم"
به پیی نووسخه‌که‌ی "وحید دستگردی" ژماره‌ی ئه‌و چوارینانه‌ی گومانیان لێ ناکرێت و به به‌ڵگه‌وه هی بابا تاهیرن (296) چوارینه‌یه. ئه‌وانه‌ی گومان وایه هی ئه‌و نه‌بن (70) چوارینه‌ن، که له‌به‌ر جیاوازیی ده‌ربڕین و نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست گومان ده‌کرێت هی بابا تاهیر نه‌بن[69]. له نوسخه‌یه‌کی تری دیوانه‌که‌دا هاتووه که ژماره‌ی چوارینه‌کان 366 چوارینه‌یه[70].
ئارامگای بابا تاهیر له ڕۆژاوای شاری "هه‌مه‌دان"ه[71]
(ته‌واو بوو)
سوێد
تێبینی: زۆربه‌ی چوارینه‌کانی بابا تاهیر له سه‌رچاوه‌ی ژماره (2)ه‌وه وه‌رگیراون، له‌لایه‌ن نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌وه خراونه‌ته سه‌ر زاراوه‌ی کرمانجیی خواروو، هه‌وڵێکی زۆر دراوه که مانا و مه‌به‌ستی چوارینه‌کان به ئه‌مانه‌ته‌وه بگوێزرێته‌وه، هه‌روه‌ها به‌یته فارسییه‌کانیش له‌لایه‌ن نووسه‌ره کراونه‌ته کوردی.
په‌راوێزه‌کان:
1- سه‌رچاوه‌ی ژماره 2 لاپه‌ڕه 12.
2- سه‌رچاوه‌ی ژماره 10 لاپه‌ڕه 22.
3- که‌رکووک به مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌کیی باوه‌ڕمه‌ندانی یارسان داده‌نرێت له بشووری کوردستان. ده‌کرێت بگوترێت ئه‌مڕۆکه ئه‌م شاره بووه‌ته پایته‌ختی ئه‌م باوه‌ڕمه‌ندانه.
4- سه‌رچاوه‌ی ژماره 13، لاپه‌ڕه 329
5- له لاپه‌ڕه 137ی سه‌رچاوه‌ی ژماره 6دا هاتووه که سوڵتان سه‌هاک چووه‌ته دۆنی حاجی به‌کتاشه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه، سوڵتان زاتمیوانی حاجی به‌کتاش بووه، واته زاتی سوڵتان له قاڵبی حاجیدا میوان بووه. حاجی به‌کتاش له ساڵی 738ی کۆچیدا وه‌فاتی کردووه.
6- سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یته‌کانی 7832 و 7838 لاپه‌ڕه 404 و 405
7- سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یتی 10883، لاپه‌ڕه 558
8- سه‌چاوه‌ی ژماره 1. پێشه‌کی، که له لایه‌ن "بهمن بستان"ه‌وه نووسراوه.
9- سه‌رچاوه‌ی ژماره 2، پێشه‌کی.
10- سه‌رچاوه‌ی ژماره 3، لاپه‌ڕه 148
11- سه‌رچاوه‌ی ژماره 4 لاپه‌ڕه 3
12- سه‌رچاوه‌ی ژماره23 لاپه‌ڕه 85
13- سه‌رچاوه‌ی ژماره 21 لاپه‌ڕه 74
14- سه‌رچاوه‌ی ژماره 21 لاپه‌ڕه 70
15- جه‌یحوون یان ئامو ده‌ریا، ڕووبارێکه سه‌رچاوه‌که‌ی له چیای"پامیر"ی هیندستانه و به ئاسیای سۆڤیه‌تدا ڕه‌ت ده‌بێت تا ده‌ڕژێته ناو زه‌ریای "ئارال"ه‌وه. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی 19
16- سه‌رچاوه‌ی ژماره 13 لاپه‌ڕه 329
17- سه‌رچاوه‌ی ژماره 11، لاپه‌ڕه 198
18- سه‌رچاوه‌ی ژماره 11لاپه‌ڕه 200
19- سه‌چاوه‌ی ژماره 3، لاپه‌ڕه‌کانی 148، 149، 150
20- ده‌فته‌ری یاری: ئه‌و دهفتهرانهن که په‌یره‌وانی یارسان سرووده ئاینییه‌کانی خۆیانیان تێدا تۆمار کردووه، هه‌ره‌ها "کڵام"یشیان پێ ده‌گوترێت.
21- خۆشین: نازناوه بۆ (موباره‌ک شا)ی لوڕستانی، که له سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچی له لوڕستان په‌یدا بووه و هاوچه‌رخی بابا تاهیر بووه. بڕوانه سه‌رچاوه ژماره 10، لاپه‌ڕه 30
22- چه‌پ و ده‌س: بازنه‌ی زکری یارسانییه‌کانه، که به ئاوازی ته‌میره سرووده ئاینییه‌کانی تێدا ده‌گوترێته‌وه.
23- مسته‌فا داودان: یه‌کێکه له هه‌فته‌ن، که یارانی نزیکی سوڵتان سهاک بوون:
جبریل (بنیامین)، ئیسرافیل (داود)
میکائیل (موسی)وه حوکم وه‌دوود
عزرائیل (مسته‌فا)، حور ئه‌لعه‌ین (ڕه‌زبار)
یه‌قیق (ئێوهتهن)، عه‌قیق (عه‌له‌مدار)
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 323
24- بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یته‌کانی 5653، 5677 لاپه‌ڕه 293، 393
25- سه‌رچاوه‌ی ژماره 22، لاپه‌ڕه 49
26- سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 195
27- سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 199
28- سوڵتان سهاک: کوڕی شێخ عیسای به‌رزنجه‌یه و نۆژه‌نکه‌ره‌وه‌ی ئایینی یارسانه. له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می کۆچی له به‌رزنجه له‌دایک بووه. پاشان له (پردێوه‌ر) له ناوچه‌ی هه‌ورامان ژیانی بردووه‌ته سه‌ر و هه‌ر له‌وێوه ئایینه‌که‌ی بڵاوکردووه‌ته‌وه. ناوی (ئیسحاق)ه و به (شاهـ، سه‌هاک، سهاک، ئیساق، سههاق، سه‌حاک) ناو براوه:
ئه‌و پیر میکائیل ده‌ودانی ماوا
چه‌نی شاهـ سه‌هاک، که‌رده بی داوا
ئاواز که‌رد واتش، ئه‌ر هه‌ی شاسههاک
په‌ی چێش ئامانی، تو نی ماوا و خاک
قبووڵم نییه‌ن تو نه پردێوه‌ر
بسازی یانه، بنمانی هونه‌ر
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 9، لاپه‌ڕه 102، 103
29- سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یتی 5552
30- له‌به‌ر قافییه‌ی شیعره‌که له جیاتی ئیبراهیم (عه‌له‌مدار)م داناوه، که نازناوه بۆ ئیبراهیم:
عه‌له‌مدار له‌قه‌ب شا ئیبراهیمهن
ئێوه‌ت دۆن پێش یادگار هه‌نه‌ن
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 323
31- هه‌فته‌ن= هه‌فت ته‌ن: واته حه‌وت که‌س که ئه‌مانه‌ن:
(پیر بنیامین، داود که‌وه‌سوار، پیر موسی، مسته‌فا داودان، دایه ڕه‌مزبار، شا ئیبراهیم عه‌له‌مدار، بابا یادگار که دۆنی بابا تاهیره)
سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 38
هه‌روه‌ها ته‌ماشایه‌کی تری په‌راوێزی ژماره 23 بکه‌ره‌وه
32- سه‌رچاوه‌ی ژماره 12، لاپه‌ڕه 95
33- دگر ذات جوهر بود، جسم ظرف
که بی ظرف جوهر نگنجد بحرف
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یتی ژماره 1650
34- یارسانییه‌کان پێیان وایه که هه‌ر مرۆڤێک هه‌زار دۆن ده‌کات، واته هه‌زار جار له‌سه‌ر زه‌وی په‌یدا ده‌بێته‌وه (به‌ر له ڕۆژی حه‌شر)
ته‌مامی دونان به‌ر کس هزار
بمحشر کشند صف بروز شمار
بۆ ئه‌م به‌یته فارسییه بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، به‌یتی ژماره 3442
35- پێویسته لێره‌دا ئاماژه به‌وه بکه‌م که مه‌ولانا جه‌لاله‌ددین محه‌مه‌د مه‌ولوی (مه‌ولانای ڕۆمی) یه‌کێک بووه له قوتبه‌کانی چل ته‌نان، واته چل که‌س؛ که چل ته‌نان بازنه‌یه‌که له بازنه‌کانی پیاوچاکانی یارسان. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 6، لاپاڕه 10
36- سه‌چاوه‌ی ژماره 7، لاپه‌ڕه 34
37- سه‌چاوه‌ی ژماره 4، لاپه‌ڕه 3
38- بۆ دڵنیایی جارێکی تر به به‌یتی یه‌که‌می چوارینه‌که‌دا ده‌چینه‌وه:
من ئه‌و زه‌ریایه‌م له‌ناو جامێکدا په‌یدا بووم
وه‌کوو خاڵ به‌سه‌ر پیته‌وه په‌یدا بووم
مه‌به‌ست زۆر ڕوون و ئاشکرایه: من زه‌ریام، ئه‌و زه‌ریایه‌ش له‌ناو جامێکدایه. وه‌کوو خاڵێکم (من وه‌کوو خاڵێکم)، ئه‌و خاڵه‌ش به‌سه‌ر پیته‌وه هاتووه. که‌واته: من و زه‌ریا و خاڵ یه‌ک شتن، هه‌روه‌ها جام و پێت یه‌ک شتن. دووباره ته‌ماشای په‌راوێزی ژماره 32 بکه.
39- سه‌رچاوه‌ی ژماره 8، لاپه‌ڕه 86
40- سه‌رچاوه‌ی ژماره 4، لاپه‌ڕه 3
41- چو خاموش شد غسل ا‌لدین زان أیام
بشد ناطق آن طاهر نیکنام
گواهی ده‌م از ازل تا ابد
تو بودی و هستی بما شهریار
تو هستی خداوند ما بنده‌وار
42- سه‌رچاوه‌ی ژماره 8، لاپه‌ڕه 160
43- له شاهنامه‌ی حه‌قیقه‌تدا هاتووه که سوڵتان سهاک هه‌ڵۆیه‌کی سپی بووه و له داوێنی دایراک خاتوون (دایه ڕه‌زبار) نیشتووه‌ته‌وه، کاتێ دایه ڕه‌زبار داوێنی وێک ناوه هه‌ڵۆ بووه‌ته منداڵێک و به‌م شێوه‌یه سوڵتان په‌یدا بووه، واته سوڵتان سهاک له دایکێکی باکیره بووه. بڕوانه سه‌رچاوه 5، لاپه‌ڕه 326 حکایت ظهور ذات بجامه حضرت سلطان.
44- سه‌رچاوه‌ی ژماره 8، لاپه‌ڕه 161
45- به لای فه‌ریده‌ددینی عه‌تاره‌وه (وادی السلوک) حه‌وت قۆناغه: طلب، معرفت، استغناء، توحید، حیرت، فقر، فنا. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 7، لاپه‌ڕه 5. شایانی باسه شێخ فه‌ریده‌ددینی عه‌تار نیشابووری یه‌کێک بووه له قوتبه‌کانی چل ته‌نان. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 6، لاپه‌ڕه 10
46- سه‌رچاوه‌ی ژماره7، لاپه‌ڕه 36
47- سه‌رچاوه‌ی ژماره 8، لاپه‌ڕه 94
48- سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 462
49- سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 462
50- سه‌رچاوه‌ی ژماره 4
51- سه‌رچاوه‌ی ژماره 7، لاپه‌ڕه 17
52- بڕوانه په‌راوێزی ژماره 2
53- حافزی شیرازی (له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌شته‌م له‌دایکبووه و له ساڵی 792 هیجری قه‌مه‌ری له شیراز کۆچی دوایی کردووه) له دۆنی پیر بنیامین بووه، که ئه‌میان یه‌کێکه له هه‌فته‌ن.
دگر بود حافظ که بنیام بود
بدرگاه حق بود اندر سجود
بڕوانه به‌یتی ژماره 6139، سه‌رچاوه‌ی ژماره 5
54- سه‌رچاوه‌ی ژماره 20، لاپه‌ڕه 178
55- سه‌رچاوه‌ی ژماره 14، لاپه‌ڕه 19
56- سه‌رچاوه‌ی ژماره 14، لاپه‌ڕه 22
57- سه‌رچاوه‌ی ژماره 20، لاپه‌ڕه 50
58- سه‌رچاوه‌ی ژماره 7، لاپه‌ڕه 33
59- لێره‌دا پێویسته ئیشاره‌ت به‌وه بده‌م که ئه‌یووب پێغه‌مبه‌ر له دۆنی "بنیامین" بووه، حه‌سه‌ن له دۆنی "شابرایم" و حوسێن له دۆنی "باوه یادگار" که دۆنی بابا تاهیریشه.
پس از آن ایوب گشت صاحب بصیر
که بد مظهر پاک بنیام پیر (به‌یتی ژماره 2957)
حسین یادگار و حسن شا برام
که بوند سالار در هر أیام (به‌یتی ژماره 741)
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، لاپه‌ڕه 154 و 42
60- سه‌رچاوه‌ی ژماره 22، لاپه‌ڕه 49
61- "شتر دیدی ندیدی" په‌ندێکی ئێرانییه.
62- سه‌رچاوه‌ی ژماره 15، لاپه‌ڕه 6، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ژماره 16 لاپه‌ڕه 142
63- له ئایینی یارساندا ئه‌م هه‌شتانه هه‌ن: هه‌شت ته‌ن، هه‌شت ئاسمان، هه‌شت ئه‌فلاک، هه‌شت ئه‌نجومه‌ن، هه‌شت به‌هه‌شت، هه‌شت خان، هه‌شت دۆزه‌خ و. . هتد. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، لاپه‌ڕه 769
64- له ئایینی یارساندا ئه‌م چوارانه هه‌ن: چوار ته‌ن، چوار ئه‌رکان، چوار ئه‌نجومه‌ن، چوار هه‌فته‌وان، چوار جامه، چوار هه‌ست، چوار خان، چوار یار و . . هتد. بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، لاپه‌ڕه 690
65- له کڵامی نرکه‌ی شاهه‌نشادا هاتووه:
کاکا شی وه شوێن ڕای ڕه‌واج یار
دیش که هه‌شت ته‌ن بی چێر ساج نار
بڕوانه سه‌رچاوه‌ی ژماره 10، لاپه‌ڕه 191
66- هه‌روا بووه و هه‌ر وا ده‌بێ، دێڕیکه له پێشبینییه‌کانی عێڵ به‌گیی جاف.
67- سه‌رچاوه‌ی ژماره 20، لاپه‌ڕه 355
68- سه‌رچاوه‌ی ژماره 20، لاپه‌ڕه 358
69- سه‌رچاوه‌ی ژماره 2، پێشه‌کی.
70- سه‌رچاوه‌ی ژماره 17، پێشه‌کی.
71- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، پێشه‌کی.
سه‌رچاوه‌کان:
1- بابا طاهر عریان: فارسی، انگلیسی، فرانسه، آلمانی. چاپ پیک. سال 1365 هجری قمری. انتشارات پدیده.
2- دیوان بابا طاهر عریان. از روی نسخهء تصحیح شده دانشمند شه‌یر وحید دستگردی. مؤسسه مطبوعاتی أمیر کبیر. تهران 1333 هجری قمری. چاپ دوم.
3- مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، علا‌ءالدین سجادی. چاپی 1952ی زایینی. چاپخانه‌ی معارف.
4- پێداچوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه و سۆفیزمانه به هه‌ندێ له دووبه‌یته‌کانی بابا تاهیر. به‌شی یه‌که‌م. دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار. ڕۆژنامه‌ی هاوکاری ژماره 1163ی ڕۆژی 22/3/1990
5- حق الحقایق (شاهنامه حقیقت) حاج نعمت الله جیحون ابادی. کتابخانه‌ی طهوری. تهران 1982ی زایینی.
6- سرسپردگان. تاریخ و شرح عقاید دینی و آداب و رسوم أهل حق (یارسان). تألیف سید محمد علی- خواجه. 1362 کتابخانهء منوچهری.
7- جم. پرتوی از لقا و سیری در مولانا. مجید القاصی. انتشارات بیگوند 1363 تهران.
8- دورهء هفتوانه. سرانجام. صدیق صفی زاده. کتابخانه‌ی طهوری. تهران 1982ی زایینی.
9- ئه‌ستێره‌گه‌شه‌ی ئاسمانی شاره‌زوور – سوڵتان ئیسحاقی به‌رزنجی – به‌شی یه‌که‌م. هاشم کاکه‌یی. گۆڤاری کاروان، ژماره 61، سالی 1987.
10- برهان الحق. تالیف نور علی الهی. چاپ ششم 1361.
11- کاکه‌یی. محمد ئه‌مین هه‌ورامانی. چاپخانه‌ی (الحوادث) به‌غدا، 1984.
12- ئه‌ستێره‌گه‌شه‌ی ئاسمانی شاره‌زوور – سوڵتان ئیسحاقی به‌رزنجی – به‌شی دووه‌م. هاشم کاکه‌یی. گۆڤاری کاروان، ژماره 62، سالی 1988.
13- گۆڤاری کۆڕی زانیاریی عیراق – ده‌سته‌ی کورد – به‌رگی شازده‌هه‌م و حه‌ڤده‌هه‌م 1987. چاپخانه‌ی کۆڕی زانیاریی عێراق. به‌غدا.
14- قوس زندگی منصور حلاج. تألیف لوئی ماسینیون. ترجمهء دکتر روان فرهادی. کتابخانه‌ی منوچهری، تهران 1358.
15- پێداچوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه و سۆفیزمانه به هه‌ندێ له دووبه‌یته‌کانی بابا تاهیر. به‌شی یه‌که‌م. دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار. ڕۆژنامه‌ی هاوکاری ژماره 1168ی ڕۆژی 9/4/1990
16- التصوف في الشعر الکلاسیکی الکوردی. کمال مصطفی معروف. مجلة الثقافة الجديدة، العدد 11 أيلول 1990.
17- دیوان بابا طاهر همدانی. به تصحیح و مقدمه‌ای مهدی الهی قمشه‌ای. با اضافاتی از نسخهء وحید دستگردی. نشر محمد. 1364 هجری قمری.
18- فرهنگ فارسی عمید. سه جلدی. تألیف حسن عمید. مؤسسه انتشارات امیر کبیر، تهران 1365.
19- المنجد في اللغة و الاعلام. تألیف: لویس معلوف. دار المشرق، بیروت. الطبعة السادسة و العشرون.
20- دیوان حافظ شیرازی. از نسخه محمد قزوینی و دکتر قاسم غنی. انتشارات میلاد. نوبت سوم. تهران 1379.
21- دانشنامه نام آوران یارسان. دکتر صدیق صفی زاده. انتشارات هیرمند. چاپ اول تهران 1376.
22- سرانجام. دفتر اول. مجموعه کلامهای یارسان. گردآوری، تحقیق و ویراسته: طیب طاهری. انستیتو فرهنگی کرد – سلیمانیه 2007.
23- مێژووی وێژه‌ی کوردی، به‌شی یه‌که‌م، صدیق بۆره‌که‌یی (صفی زاده). چاپخانه چهر تبریز 1370.
24- بابا تاهیری عوریان، ژیانی و لێکدانه‌وه‌ی چه‌ند چوارینه‌یه‌ک له شیعره‌کانی به‌پێی بیروڕای ئاینی یارسان، فه‌همی کاکه‌یی، گۆڤاری مامۆستای کورد، ژماره 11-12 سوێد 1991.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
