ماف و ئازادیێل زۆربه‌یان به‌بڕیاری سیاسی دێنه جێبه‌جێكردن. بۆ نموونه مافی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر كات نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بڕیاری دا واز له چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست بێنێ، یان له سایه‌ی هه‌ڵكه‌وتێكی مێژوویییه‌وه ئه‌گه‌ر گه‌لی بنده‌ست رزگاری بوو له چنگوڕكی گه‌لی سه‌رده‌ست، ئیتر به ترووكه‌ی چاو مافه‌یلی پێشێل بۆ گه‌لی چه‌وساوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه. مافه‌یلی تریش هه‌روا، بۆ نموونه مافی ئازادیی راده‌ڕبرین، یان هی منداڵ كه پێیان بخوێنرێ و كاریان پێ نه‌كرێ. مافه‌یلی مرۆڤ، تۆ به‌دوای كه‌وه هه‌مووی وایه، ته‌نیا یه‌ك ماف نه‌بێ كه مێژووكرده و به مێژوو دێته دی نه‌ك به‌بڕیارێك و رۆژێك و دوو رۆژ، ئه‌ویش مافه‌یلی ئافره‌ته.
پێش سی ساڵ چل ساڵ له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا پیاو له ژنی خۆی ده‌دا وه‌ك نواندنی به‌شێك له پیاوه‌تیی خۆی، له‌وانه‌یه ژنه‌كه هیچ كه‌موكاسییه‌كیشی نه‌بووبێ تا لێدان بخوازێ، ژنیش ده‌یپه‌ژراند وه‌ك به‌شێك له پێشاندنی خاتوونیی خۆی. به‌منداڵی له ژنی كوردم بیستووه وه‌ك په‌سن و شانازی ده‌یگێڕایه‌وه چۆن مێرده‌كه‌ی وا داركاریی كردووه حه‌وتوویه‌ك له‌ناو جێ كه‌وتووه و كه‌سیش له ده‌می وێ به‌م لێدانه‌ی نه‌زانیوه. ئه‌مڕۆ ئه‌مه نه‌ماوه. نموونه‌یه‌ك له‌وپه‌ڕی پێشكه‌وتن دێنمه‌وه: كچ و كوڕی گه‌نج هه‌یه له كوردستان به‌ساڵ و دوو ساڵ وه‌ك گێرڵ فرێند و بۆی فرێند به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین تا پاشان بڕیاری ماره‌یی ده‌ده‌ن، ماڵباتیش قه‌بووڵیانه، ده‌ك ئافه‌رین و ده‌ستیان خۆش بێ. هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بوارێكدا مایه‌ی ره‌خنه لێگرتن بێ، له بواری مافه‌یلی ئافره‌تدا ده‌توانێ شانازی به‌خۆیه‌وه بكا كه كه‌ڵه‌مبازی گه‌وره‌ی تێدا هاوێشتووه. بژاره‌ی كوردی كه سیاسه‌توانان و رۆشنبیرانی ده‌گرێته‌وه، زۆر به په‌رۆشه‌وه له خه‌می چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كانی سه‌ر رێگه‌ی به‌شداریی ئافره‌تن له ژیانی نوێده‌مدا، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی هه‌ندێك "ته‌شی رێس"یش گه‌یشتن به كورسییه‌كانی پێشه‌وه. بێگومان من نه‌مگوتووه هه‌موو شت رێكوپێكه، ره‌نگه بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانی له نێوان نێر و مێدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان سه‌دان ساڵ مێژووی داهاتووی به‌ڕێ بكا ئینجا بڵێ ئۆخه‌ی.
داكۆكیكردن له ماف و ئازادیگه‌ل ده‌بێ پرسێكی سه‌رگه‌یی "مه‌بده‌ئی" بێ نه‌ك كه‌شوفشی خۆهه‌ڵدانه‌وه و خۆڕه‌پێشكردن. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌بێ ره‌خنه‌ی لێ بێته گرتن له كه‌موكورتییه‌كانی، نه‌ك بێته ریسواكردن له‌به‌رچاوی دنیا و ببێ به په‌ندی زه‌مانه. كورد ئه‌گه‌ر بێته به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ گه‌لانی درواسێ، زۆر باشتره له‌وان له پرسی ئافره‌تدا. میدیای نه‌فامی كوردی، په‌ره‌مێزێك له ماڵێك بته‌قێته‌وه و ژنێك بسووتێ دنیا ده‌هه‌ژێنێ بێ ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌یه‌ك بكا له‌و رووداوه. چاره‌سه‌ر وا رواڵه‌تی و هه‌رزه‌كارانه نابێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئافره‌تێك به‌په‌ره‌مێز ده‌سووتێ ده‌یان پیاویش له رووداوی ئۆتۆمۆبێلدا سه‌ر ده‌نێنه‌وه، باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه هه‌موویان له داخی پیاوان خۆیان ده‌سووتێنن ده‌شێ بڵێین پیاوه‌كانیش له داخی ژنان خێرایان لێ خوڕی تا وه‌رگه‌ڕان و مردن. هۆ و ماكه‌ی دواكه‌وتن له ته‌واوی كۆمه‌ڵی كوردیدایه به نێر و مێوه نه‌ك پیاو به‌ته‌نێ، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت چه‌وساوه‌یه، ژن خۆیشی به‌شداره له‌م چه‌وسانه‌وه‌یدا ته‌بای پیاو. پێشاندانی پیاوی كورد وه‌ك دێ‌و و درنج له‌به‌رامبه‌ر داخوازیێلی ئافره‌تدا به‌هیچ جۆرێك راست و ره‌وا نییه. ئه‌گه‌ر پیاوی كورد شیاوی گۆڕان نه‌بێ و خۆی ئازادیگه‌ل نه‌په‌ژرێنی بۆ ژن و خوشك و كچه‌كانی خۆی، ئه‌دی كێ ئه‌م هه‌موو به‌شداری و ئازادییه‌ی له كوردستان داوه به‌ئافره‌تان.
زۆر جار له میدیای كوردیدا یان له راپۆرته‌یلی ژناندا گوێت له ده‌نگوباسی وه‌ك "شیروایی و بن پشك و گه‌وره به‌بچووك و شتی وا سه‌یر و سه‌مه‌ره" ده‌بێ كه ئه‌مانه به‌هیچ كڵۆجێ له‌ناو فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا نه‌ماون، ماشبن ئه‌وه‌نده ده‌گمه‌نن خۆیان به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌ڕۆن و پێویست ناكا كه‌س خۆیان پێوه سه‌غڵه‌ت بكا. ته‌نانه‌ت فره‌ژنیش ئه‌وه‌نده كه‌مه كه ناشێ دیارده‌ی پێ بێته گوتن. له هه‌زار پیاوی كورد ره‌نگه پیاوێك دوو ژنی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان كه به‌م زووانه دێته ئه‌نجامدان، ئه‌م جۆره زانیارییانه بگرێته خۆی، وێ ده‌مێ ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌ڵكه‌وتی راستی چه‌ند دووره له بانگه‌شه و فیشاڵه‌وه.
با نموونه له فره‌ژنی بهێنینه‌وه، هۆك و ماكه‌ی ئه‌م نه‌ریته جاران شتێك بوو ئێسته شتێكی تره. راستت بوێ فره‌ژنی "وه‌ك حه‌ز بۆ فه‌ره‌ژنی" نه‌ریتێك نه‌بووه له‌ناو كورددا، بگره به‌ده‌رده‌ره‌وه‌ی نه‌ریتێكی تر بووه. به‌گوێره‌ی نه‌ریتی كورد، جاران ده‌بوایه ژن له جیاتی ژن بێته گۆڕینه‌وه. كوڕێك چه‌ند خوشكێكی هه‌بوایه ده‌بوو له جیاتی هه‌موویان ژن وه‌ربگرێ. من باسی فره‌ژنیی ئاغا و شێخ ناكه‌م باسی فره‌ژنیی ره‌شوڕووت ده‌كه‌م كه نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه به‌لای ئه‌وانه‌وه‌یه. من به‌چاوی خۆم بینیومه چۆن مه‌لای كورد گوتوویه‌تی شیروایی حه‌رامه و ئه‌مه‌ش بووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوك و برا له بری كچه‌كه‌یان ژنێك وه‌ربگرن. ده‌بینی ئاین و نه‌ریتی په‌ڕپووتی كۆمه‌ڵایه‌تی چۆن یه‌ك ده‌گرنه‌وه له‌م رووداوه‌دا.
ئێسته هۆی فره‌ژنی شتێكی تره، زیاتر بۆ چێژ و رواڵه‌تی ژیانی تاكه كه‌سییه. داوونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه و ئاین رۆڵی تێدا نابینن هه‌رچه‌نده به‌ربه‌ستیشی نابن. نموونه‌ی فره‌ژنی كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له میدیای كوردی باسیان لێوه ده‌كرێ: یه‌كێك پێشمه‌رگه‌ی چیا بووه و ئێستا به‌رپرسه و ژنێكی تری هێناوه. یان جاران ده‌سكورت بووه و ئێستا له‌رووی ئابوورییه‌وه بۆی ده‌لوێ، یان به‌گوێره‌ی نه‌ریتی كۆن ژنێكی هێناوه و ئێسته نه‌ریت گۆڕاوه ئه‌ویش ده‌یه‌وێ به‌ته‌ریبی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن هه‌نگاو بهاوێ. ئه‌وه نه‌ما پیاو بۆ زۆریی منداڵ یان بۆ زۆریی منداڵی نێرینه ژنێك و دوان و سیان بێنێ. به‌كورتی پرسه‌كه له داوونه‌ریت ده‌رچووه و بووه به‌پرسێكی كه‌سانی و حه‌زی كه‌یف و سه‌فا.
هانده‌ری سه‌ره‌كی و هاوبه‌شی راسته‌كیش له‌م رووداوه‌دا ژنانی فێمینیستن، فێمینیست مه‌به‌ستم له كچانی خوێنده‌واری جلوبه‌رگ هاوده‌مییانه‌یه كه ئه‌وانن سه‌رنجی پێشمه‌رگه كۆنه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سڕۆیشتوو و رۆشنبیران و سیاسه‌توانان راده‌كێشن. ئه‌مانه به‌جلوبه‌رگی مۆده‌ی نوێ و له‌نجه‌ولار و بۆن و به‌رامه‌ی خۆشیانه‌وه پیاوان له خشته ده‌به‌ن و سازیشن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به ژنی دووه‌م. پیاوێك له‌وانه‌ی ژنی دووه‌میان هێناوه نه‌چووه لادێیییه‌ك له جۆری ژنی یه‌كه‌می خۆی بێنێ. ئه‌م ئافره‌ته مێپه‌روه‌رانه‌ی باسم كردن، كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر مافه‌یلی ژن هه‌ڵده‌ده‌نێ و داوای وه‌كیه‌كی و به‌شداریی راسته‌كیی ئافره‌ت ده‌كه‌ن له‌ته‌ك پیاودا، یان كۆنگره و كۆنفرانس ده‌به‌ستن، ئه‌وانن ده‌بن به ژنی دووه‌م. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئافره‌تانی نه‌خوێنده‌واری لادێیی ئاماده‌بوونایه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له‌م كرده‌وه‌یه‌دا، ئه‌و كاته راسته ده‌بوو هه‌موو سكاڵایه‌كه به‌ره‌وڕووی پیاو ببێته‌وه و ئه‌و ببێ به په‌ندی زه‌مانه و بێته به‌رده‌بارانكردن له‌سه‌ر پێشێلكردنی مافه‌یلی ژنی یه‌كه‌می.
2010/12/3
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
