به داخه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی توانی قه‌ڵه‌م به ده‌ست بگرێت، بی گوێدانه هیچ جۆره پڕه‌نسیپێك راسته‌وخۆ نوسینه‌كه‌ی حه‌واڵه‌ی كوردستان پۆست ده‌كات، له گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزم بۆ هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كوردستان پۆست، بی ووردبوونه‌وه له راستی و دروستی هه‌ر بابه‌تێك، راسته‌وخۆ بی شه‌ن و كه‌و كردن و بی سی و دوو بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، بی ئه‌وه‌ی گوی به‌وه بده‌ن كه ئاخۆ ناوه‌ڕۆك و مه‌غزای بابه‌ته‌كه تا چه‌ند له راستیه‌وه نزیكه، كاك فایه‌ق گوڵپی یه‌كێكه له‌و به‌ڕێزانه‌ی چه‌ندین جار بابه‌ته‌كانیم له‌و پێگه به‌ڕێزه‌دا خوێندۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بوو به مایه‌ی پرسیار بۆم، له 17/9/2010 بابه‌تێكی له ژێر ناونیشانی (ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان، یان ئاشبه‌تاڵی دووه‌می پارتی) له كوردستان پۆست بڵاوكردۆته‌وه، سه‌ره‌تا زۆر گوێم پی نه‌دا، چونكه له‌و جێگایه‌ی كه دێته سه‌ر گۆڤاری چاوگ زۆر به زه‌قی و ئاشكرا تۆمه‌ت بۆ من و گۆڤاری چاوگ هه‌ڵده‌به‌ستێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌مانناسن و خوێنه‌رمانن ده‌زانن كه بی لایه‌نی و سه‌ربه‌خۆ بوونی خۆمان سه‌لماندووه و كرێچی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌بوین و نین، جگه له‌وه‌ی كه چه‌ندین بابه‌ت و شیكاریمان له سه‌ر خودی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی ئه‌نجام داوه و گۆڤاره‌كه‌مان گه‌واهیده‌ری ئه‌و راستیه‌یه، به‌ڵام كاتێك نوسه‌رێكی نادیار نوسینه‌كه‌ی كاك فایه‌ق گوڵپی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هێرش كردنه سه‌ر گۆڤاری چاوگ به كار دێنێت، بڕیارمدا بی ده‌نگ نه‌بم و ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه ئاراسته‌ی به‌ڕێزان له كوردستان پۆست و خوێنه‌رانی بكه‌م، هه‌ڵبه‌ت من وه‌كو سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری چاوگ نامه‌وێت باسی گۆڤاره‌كه‌مان بكه‌م و راسته‌وخۆ دێمه سه‌ر ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه، كاك فایه‌ق له‌و بابه‌ته‌یدا كاتێك دێته سه‌رباسی گۆڤاره‌كه‌مان ده‌نوسێت:
(هه‌ر له درێژه‌ی چالاكیه‌كانی دام و ده‌زگا ئیستیخباڕاتیه‌كانی پ. د. ك دا، رۆژی 9/7/2010 كه‌سێك به ناوی "نزار ناشاد" وه‌ك رۆژنامه‌نوس هاته لای من و به چه‌ند پرسیارێكی ئیستیخباڕاتی به‌رۆكی گرتم، چه‌ند پرسیارێكی لێكردم بۆ گۆڤاری چاوگ، یه‌ك له پرسیاره‌كان ووتی به بۆچونی تۆ سه‌رده‌شت عوسمان كی كوشتویه‌تی؟ منیش ووتم ئه‌نجامی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه تا ئێستا ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام مه‌نتق ده‌ڵێت كه پارتی سه‌رده‌شت عوسمانی كوشتووه، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو كرده‌یه‌كیش مه‌نتقی بێت، رۆژنامه نوسه‌كه وتی ئه‌ی تۆ ناترسی پارتی بتكوژێت؟ منیش وه‌ڵامم دایه‌وه (به‌ڵام ناڵێت وه‌ڵامی چی دایه‌وه) له كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ووتم ده‌بێت ئه‌و ریپۆرتاجه وه‌ك خۆی بڵاو بكه‌یته‌وه، ووتی باشه، به‌ڵام وا دوو مانگ به سه‌ر ریپۆرتاجه‌كه‌دا تێپه‌ڕی و بڵاونه‌كرایه‌وه)
له راستیدا هه‌ر وه‌كو باسم كرد له سه‌ره‌تادا زۆر گوێم پی نه‌دا، چونكه وا تێگه‌یشتم كه كاك فایه‌ق خۆی نه‌یه‌وێت ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی كه له گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراوه له به‌ر چه‌ند هۆكارێكی سیاسی له گۆڤاری چاوگ بڵاو بكرێته‌وه، بۆیه بابه‌تێكی وای له كوردستان پۆست‌دا نوسیوه، ئێمه‌ش رێزی بارودۆخی ئه‌ومان گرت و وازمان لێهێنا، چونكه به پێی قسه‌ی خه‌ڵك (هه‌ر چه‌ند من بڕوا به‌و قسانه ناكه‌م، له‌وانه‌یه هه‌ر به ئه‌ندازه‌ی تۆمه‌ته‌كانی كاك فایه‌ق راست بێت) گوایه كاك فایه‌ق دوای ئه‌وه‌ی واز له پارتی چاره‌سه‌ر دێنێت، وه‌كو پیشه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت له شوێنێكی تردا جێگه بۆ خۆی گه‌رم و نه‌رم بكات، هه‌روه‌كو له بابه‌ته‌كه‌یدا پێش ئه‌وه‌ی بێته سه‌ر باسی گۆڤاره‌كه‌مان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ندی گۆڤاری ئه‌م لاو لا ته‌شهیریان به نه‌وشیریان مسته‌فا كردووه، به‌مه‌ش ره‌نگه بیه‌وێت سه‌رێكیش له كاك نه‌وشیروان بدات، به‌ڵام هه‌ر بۆ زانیاری خۆی من پێی ده‌ڵێم كه نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌نده ساده و ساویلكه و ئاسان نییه بڕوای پی بكات، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هه‌ر خۆی له رێگه‌ی مۆبایله‌كه‌یه‌وه په‌یوه‌ندی پێوه كردم و پێم ووت و دڵنیام كرده‌وه كه له كاتێكی شیاو و گونجاو‌دا دیمانه‌كه‌ی بۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئێستاش له چه‌ند خاڵێكدا وه‌ڵامی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌مه‌وه:
1- ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ی كه به‌ڕێزیان باسی ده‌كات په‌یامنێری گۆڤاری چاوگه و ئه‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌یناسن ده‌زانن كه رۆژنامه‌نوسێكی چۆنه و پێم وانیه قسه‌كانی كاك فایه‌ق كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێت
2- كاك فایه‌ق به شێوه‌یه‌ك باسی كاك "نزار ناشاد" ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه نه‌یناسێت و ئه‌مه یه‌كه‌م جار بێت دیمانه‌ی له گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات، ته‌نانه‌ت بۆ بیر هێنانه‌وه‌ی كاك فایه‌ق هه‌ر ئه‌و "نزار ناشاد"ه، پێشتر دیمانه‌یه‌كی له گه‌ڵدا ساز كرد كه بۆ گۆڤاری لڤین بوو، نه‌ك دوو مانگ به‌ڵكو دوای پێنچ مانگ (ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا) له لڤین بڵاو ده‌كرێته‌وه، كه‌چی كاك فایه‌ق ورته‌یه‌كی لێوه نه‌هات، به‌ڵام له كاتێكدا دوو مانگ به‌سه‌ر دیمانه‌كه‌ی له گۆڤاری چاوگدا تێده‌په‌ڕێت ئه‌و هه‌ڵایه ده‌نێته‌وه، له راستیدا ئه‌مه جێگه‌ی گومانه.
3- من گومانم له پڕۆفیشناڵی گۆڤاری لڤین نییه، ئه‌و گۆڤاره‌ی كه كاك فایه‌ق و زۆری دیكه‌ش به سیمبولی ئازادی داده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌یان منیش له گه‌ڵیدام، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاك نزاره كاری بۆ گۆڤاری لڤین كردووه، پرسیاره‌كه لێره‌دایه، ئه‌گه‌ر كاك نزار سه‌ر به ده‌زگای نهێنی پارتی بێت، چۆن بۆ لڤین كاری كردووه؟ ئه‌مه‌شیان برای خۆشه‌ویستم كاك "ئه‌حمه‌د میره" ده‌بی وه‌ڵام بداته‌وه.
4- له قسه‌كانی كاك فایه‌قدا وا ده‌ر ده‌كه‌وێت كه گۆڤاری چاوگ كار بۆ ده‌زگا نهێنیه‌كانی پارتی ده‌كات، من لێره‌دا به كاك فایه‌ق و خوێنه‌رانی كوردستان پۆست ده‌ڵێم با ژماره‌كانی رابردووی گۆڤاره‌كانمان بخوێننه‌وه، ئه‌و كاته راستی و ناڕاستی قسه‌كانی كاك فایه‌قیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئێمه به سی مانگ به‌ر له گۆڤاری لڤین ئاماژه‌مان به لێكۆڵینه‌وه‌كانی "قانعی فه‌رد" كردووه، فه‌رموون ژماره‌كانی 7، 8، 11، 15 و هتد گۆڤاری چاوگ بخوێننه‌وه.
پاشان كاك فایه‌ق گوڵپی ئاماژه به شتێكی زۆر سه‌یر و نامۆ به‌كاری راگه‌یاندن ده‌كات و تۆمه‌تێكی زرت و زه‌به‌لاح بۆ من هه‌ڵده‌به‌ستێت و ده‌ڵێت:
(سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌و رۆژنامه‌نوسه به ناوی په‌یامنێری گۆڤاری چاوگه‌وه چاوپێكه‌وتنی له گه‌ڵ كردم، ده‌رچوو سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری چاوگ سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه كه له دوای ده‌رچونی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان به ناوی سه‌ندیكاوه له سایتی ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت: ئێمه هیچ هه‌ڵوێستێكی ره‌سمیمان له سه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی لیژنه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان نییه، وا دیاره ئه‌و به ناو رۆژنامه‌نوس و سه‌رنوسه‌ر و به ناو سكرتێری سه‌ندیكایانه، ئه‌و زانیارانه‌ی لای من و لای خه‌ڵكی تر بۆ دام و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی پارتی كۆ ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێت به‌رنامه‌یه‌كی تری له سه‌ر دابڕێژن)
وه‌ڵا ئافه‌رم كاك فایه‌ق، ده‌سته‌كانت خۆش بێت، به‌لای به‌ڕێزته‌وه ئه‌وه‌ی سمێڵی سور بوو هه‌مزاغایه و ئه‌وه‌ی ناوی "حامد محه‌مه‌د" بوو، سكرتێری سه‌ندیكایه، تۆ به‌م تۆمه‌ته گه‌وره‌یه نه‌ك هه‌ر ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵكو تێكڕای هه‌ڵوێست و نوسینه‌كانت خسته ژێر گومانه‌وه، ئاخر پێم ناڵێیت ووشه‌ی (ده‌رچوو) ت له كوی هێنا؟! دیاره جه‌نابتان كاری به دواداچونی ئیستخباراتیانه‌ت له سه‌ر من كردووه، لی مه‌خابن ئه‌نجامه‌كه‌ی لینگاوقوچ ده‌رچوو، منێك كه زیاتر له یازده ساڵه كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌م، نه‌ك هه‌ر سكرتێری سه‌ندیكا نیم، به‌ڵكو له‌و سه‌ندیكایه‌دا ئه‌ندامیش نیم و هه‌ر باوه‌ڕیشم پێی نه‌بووه، كه‌چی جه‌نابت من ده‌كه‌یته سكرتێر و تۆمه‌تم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستیت، ته‌نانه‌ت ئاماژه به‌وه ده‌كه‌یت كه به ناوی سه‌ندیكاوه له سایتی ئاوێنه‌دا واو وام ووتوه، پاشان دێیت و ده‌ڵێت ئه‌و به ناو رۆژنامه‌نوس و سه‌رنوسه‌ر و... هتد، ئه‌ی باشه دوای ئه‌و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستنه‌ت من چی ناوێكت بۆ بدۆزمه‌وه؟! هه‌ر خۆت بیڵی، له راستیدا به‌لامه‌وه سه‌یره كه كاك فایه‌ق له كاتێكدا ئه‌ندامی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بووه و پاشان بۆته ئه‌ندامی كۆنگره‌ی گه‌ل و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چه‌ندین چالاكی هه‌بووه و دواتر بۆته سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ر و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و چی و چی، كه‌چی ئه‌و تۆمه‌ته بی بنه‌ما و به‌ڵگانه‌ی لی بوه‌شێته‌وه، سه‌یرتر له‌وه‌ش من یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌رسام بووم به هه‌ڵوێسته‌كانی، به‌ڵام هه‌ر خۆشی كار و هه‌ڵوێسته‌كانی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، له‌وانه‌شه كاك فایه‌ق ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ته‌نیا بۆ خۆ ده‌رخستن بڵاوكردبێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌وه‌تا من ئه‌و كه‌سه‌م كاری ئیستیخباراتیم له لایه‌ن گۆڤاری چاوگه‌وه له سه‌ر ده‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر واش بێت، ئه‌وا من پیرۆزبایی ئه‌و خۆ ده‌رخستنه‌ی لی ده‌كه‌م، چونكه جگه له تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن كارێكی دیكه‌ی نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی له چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك نییه به‌رامبه‌ر به من كه سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری چاوگم، ئه‌ی نه‌یده‌توانی ئه‌و كاته‌ی كه به ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی پێوه كردم ئه‌و پرسیاره‌م لی بكات كه ئاخۆ من سكرتێری سه‌ندیكام یان نا؟! هه‌ر به‌مه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه كاره‌كه‌ی به‌ڕێزیان كارێكی ئیستیخباراتیانه‌یه نه‌ك ئێمه!
پاشان له به‌رواری 12/10/2010 كه‌سێكی نادیار هه‌ر له پێگه‌ی كوردستان پۆسته‌وه، له به‌شی دووه‌می بابه‌تێك له ژێر ناونیشانی (سه‌رده‌شت بۆ هه‌تایه سیمبولی نه‌مری و ئازادی گه‌نجان و ئازادی خوازانه و شه‌هیدی رێگای وشه‌ی ئازاده) نوسینه‌كه‌ی كاك فایه‌ق وه‌كو پاڵپشت و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ بۆچونه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌و له‌وه‌ش زیاتر تێیده‌په‌ڕێنێت و له دوای خوێندنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانی كاك فایه‌ق ده‌نوسێت:
(من لێره‌دا یه‌كسه‌ر بیرم بۆ ئه‌و ریپۆرتاژه چوو كه گۆڤاری ناوبراو (چاوگ) له یه‌كێك له ژماره‌كانیا له سه‌ر تیرۆركردنی شه‌هید سه‌رده‌شت ده‌ڵێت: پێده‌چێت تیرۆركردنی سه‌رده‌شت ده‌ستی ئێران بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی باشور مه‌شغوڵ بكات به‌و بابه‌ته‌وه، ئه‌ویش له‌و كاته‌دا ئه‌و شه‌ش چالاكوانه‌ی كورد له سێداره بدات تاكو خه‌ڵكی كوردستانی باشور نه‌یانپه‌ڕژێت له سه‌ر براكانیان بێنه گۆ)
دواتر كاكی نادیاری به ناو رۆژنامه‌نوس له درێژه‌ی نوسنه‌كه‌یدا ده‌نوسێت:
(له راستیا من ئه‌گه‌رچی یه‌قینم هه‌بوو له‌وه‌ی سه‌رده‌شت جگه له پارتی كه‌س تیرۆری نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌م ریپۆرتاژه هه‌ندێك گومانی لا دروست كردم، به‌ڵام كه به‌ڕێز د. فایه‌ق گوڵپی ئه‌وه ده‌ڵێت كه ئه‌م گۆڤاره سه‌ر به پارتییه ئیتر ئێستا به ته‌واوی دڵنیام كه ئه‌و بابه‌ته‌ی ئه‌و كاتیان پڕاوپڕ بابه‌تێكی ئیستخباراتیانه بووه، له راستیا ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌قڵی هه‌بوایه سیناریۆی ئه‌م گۆڤاره زۆر له سیناریۆكه‌ی ئێستایان به‌هێزتر بوو)
وه‌ڵا كاكی برا به‌ڕێزتان نه‌ك نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریش بوونایه جیاوازی نێوان دیمانه و ریپۆرتاژتان ده‌كرد، به‌ڵام بڵێم چی كه پێنچ لای تۆ بۆته شه‌ش و به‌ڕێزانیش له كوردستان پۆست نوسینی نه‌خوێنده‌وارێكی وه‌كو جه‌نابت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، پاشان ئه‌وه‌ی به‌ڕێزت ئاماژه‌ت بۆ كردووه ئه‌وه بۆچونی چاودێرێكی سیاسی بوو نه‌ك گۆڤاری چاوگ، واته دیمانه بوو نه‌ك ریپۆرتاژ، دواتر ئه‌گه‌ر به وردی بتخوێندایه‌ته‌وه هه‌ر له دوو توێی ئه‌و دیمانه‌یه‌دا هه‌ڵویستی چاوگت له مه‌ڕ كه‌یسی شه‌هید سه‌رده‌شت بۆ روون ده‌بۆوه، كه هه‌ر له پێشه‌كی دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌و چاودێره سیاسیه كراوه دووباره هه‌ڵوێستمان روون ده‌كاته‌وه، ئێمه هه‌ر زوو هه‌ڵوێستی خۆمان راگه‌یاند، به‌ڵام وه‌كو به‌ڕێزت و د. فایه‌ق گوڵپی نان و پیازمان پێوه نه‌خوارد و تۆمه‌تی گه‌وره‌مان بۆ كه‌س هه‌ڵنه‌به‌ست، سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه ئه‌گه‌رچی ناوی جه‌نابتان له‌و بابه‌ته‌دا دیار نییه. واته كه‌س نازانی به‌ڕێزت كێی (هه‌رچه‌ند من وا گومان ده‌كه‌م ئه‌مه‌شیان هه‌ر كاك فایه‌ق بێت و به ناوی ئاڤێستای زه‌رده‌شته‌وه نوسیبێتی) كوردستان پۆست به دێرێكی سوری كاڵ له خواره‌وه نوسیویه‌تی كوردستانپۆست له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نوسینه به‌رپرسیار نییه، ئاخر كوڕینه كۆلكه خوێنده‌وارێكی تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ست و بوختانچی نه خۆی و نه ناوی دیار نه‌بێت و كوردستان پۆستیش له‌و تۆمه‌ته گه‌ورانه به‌رپرسیار نه‌بێت ئه‌ی كی به‌رپرسه؟! تۆ بڵێی ئه‌مانه‌ش وه‌كو نوسینه‌كانی سه‌ر ده‌رگای ته‌والێتی مزگه‌وته‌كان وابێت! ئه‌گه‌رچی من خوازیاری ئه‌وه‌م برایان له كوردستان پۆست ئه‌و بابه‌ته‌م وه‌كو خۆی بڵاو كه‌نه‌وه، چونكه هه‌ر له پێگه‌كه‌ی ئه‌واندا ئه‌و تۆمه‌تانه له دژی ئێمه بڵاو كراوه‌ته‌وه (هه‌رچه‌ند من هه‌ر ئه‌وه‌شیان لی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌م كه بڵاوی بكه‌نه‌وه) له هه‌مان كاتدا هیوادارم ئه‌و برا به‌ڕێزه و كاك فایه‌قیش لێبوردن نامه‌یه‌ك له مه‌ڕ تۆمه‌ته‌كانیان بۆ پێگه‌ی به‌ڕێزی كوردستان پۆست بنوسن، چونكه به‌و تۆمه‌تانه كوردستان پۆستیش ده‌خه‌نه ژێر گومانه ژه‌هراویه‌كانیانه‌وه، یاخود ده‌توانن لێبوردن نامه‌كه‌یان بۆ گۆڤاره‌كه‌مان بنێرن، هه‌رچه‌ند ئێمه له ژماره‌ی داهاتووی گۆڤاری چاوگدا ئه‌م باسه ده‌خه‌ینه روو.
تێبینی/ چوار جار ئه‌م وه‌ڵامه‌م بۆ كوردستان پۆست نارد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ئه‌ته‌كیه‌تی رۆژنامه‌وانی هه‌ر له پێگه‌كه‌ی خۆیاندا بڵاوی بكه‌نه‌وه و وه‌ڵامێكیش بێت بۆ تۆمه‌ته‌كانی كاك فایه‌ق، به‌ڵام ئێستاشی له گه‌ڵدابێت بڵاو نه‌كرایه‌وه، سه‌یره‌كه له‌وه‌دا بوو كه به‌ڕێزان له كوردستان پۆست له ئیمه‌یڵێكیاندا پێیان ووتم "نوسینه‌كه‌ت تاوتوی ده‌كه‌ین، چونكه زۆر هاتویته سه‌ر كاك فایه‌ق و باس له‌وه‌ش ده‌كه‌یت كه كوردستان پۆست هه‌رچی بێت بڵاوی ده‌كاته‌وه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بۆتی بسه‌لمێنین كه هه‌موو شتێك بڵاو ناكه‌ینه‌وه تاوتوێی بابه‌ته‌كه‌ت ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر گونجا ئه‌وكات" به‌ڵام له راستیدا بۆم ده‌ركه‌وت كه كاك فایه‌ق نوسه‌ری پله یه‌كی خۆیانه و نایانه‌وێت له سه‌ری بكه‌وێت، له لایه‌كی تره‌وه هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كوردستان پۆست به بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌م سه‌لماندیان كه هه‌موو شتێك له‌و پێگه‌دا بی له به‌رچاوگرتنی راستی و دروستی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گینا خێره كاك فایه‌ق بۆی هه‌بێت به ئاره‌زوی خۆی تۆمه‌ت دروست بكات و من بكاته سكرتێری سه‌ندیكا و چی و چی.. بی ئه‌وه‌ی تاوتوێی بكه‌ن یه‌كسه‌ر بڵاوی بكه‌نه‌وه، كه‌چی ئێمه بۆمان نه‌بێت بڵێین وانیه و راستیه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه؟، واته به بڕوای كوردستان پۆست ده‌رخستنی راستی پێویستی به تاوتوی كردن هه‌یه، به‌ڵام تۆمه‌ت و بوختان و هه‌ڵبه‌ستن فه‌وری و سه‌وری بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئیتر نازانم ئه‌مه‌یه ره‌خنه به چه‌كوش؟!!
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
