كه‌ركووك به شه‌ڕ یان به‌كارهێنانی توندوتیژی نایه‌ته‌وه پاڵ كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌م شێوازه سه‌ری بگرتایه، گه‌وره‌ترین بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی كورد له 1961ه‌وه تا 1975 به‌سه‌ركردایه‌تیی سه‌ركرده‌ی ناودار مسته‌فا بارزانی، پرسی كه‌ركووكی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد یه‌كلا ده‌كرده‌وه. گرێكوێره‌ی نێوان كورد و عێراق له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابردوودا كه‌ركووك و چه‌ند شار و شارۆكه‌یه‌كی تره وه‌ك خانه‌قین و شنگار. نه‌كورد ئاماده‌یه به‌موو ده‌ستیان لێ هه‌ڵگرێ و نه‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ش تا ئه‌مڕۆ حازر بووه بایی مووێك كۆڵیان لێ بدا. مایه‌ی شادییه، سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌مێكه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌وا شه‌ڕ یه‌كلاییكه‌ره‌وه نییه له هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی له‌گه‌ڵ عێراق. گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌وا تاكه رێگه برێتییه له وتووێژ و حاڵی‌بوون له یه‌كتر. له‌م بواره‌دا ژیرییه‌كی له‌بیرنه‌كراوی سه‌ركردایه‌تیی كورد له كاتی رزگاركردنی عێراق له رێژیمی سه‌دام له‌لایه‌ن هێزگه‌لی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیه‌وه له 2003دا ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌بوو كورد هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆی پاڵ نه‌دا بۆ ناو شاری كه‌ركووك نه‌بادا كوشتاری نێوان كورد و عه‌ره‌ب یان كورد و توركمانی لێ بكه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌سپێكی ده‌سخاوێنیی لایه‌نی كوردی بوو له‌و پێكدادانه ناوه‌خۆیانه‌ی دواتر له نێوان لایه‌نگه‌لی پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی هاتنه كایه‌وه و خوێنێكی زۆریان له‌به‌ر رۆیشت. كورد له رێی ئه‌م نامه‌یه‌وه رایان گه‌یاند كه‌وا بزاوه‌كه‌یان له‌م قۆناغه تازه‌یه‌دا به‌ئاوه‌زێكی جیا له ئاوه‌زی قۆناغگه‌لی پێشوو هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كا.
به‌بۆچوونی من، زۆر نابا كورد له‌م پشت به‌ستنه بێ چه‌ندوچۆنه‌یان به "وتووێژ یان هه‌وڵدان بۆ حاڵیكردنی به‌رامبه‌ر"، ده‌گه‌نه باوه‌ڕێكی كۆتایی و جیاواز له‌وه‌ی ئێسته‌یان، ئه‌ویش مه‌حاڵبوونی چاره‌سه‌ره‌كه‌یه به‌ته‌نیایی و بێ هاوكاریی شێوازگه‌لی تر، واته مه‌حاڵبوونی چاره‌سه‌ری وتووێژ و یاسایی، به‌ته‌نیاباڵی، له پێناو بڕاندنه‌وه‌ی ناكۆكی له‌گه‌ڵ عێراق. وه‌ك ده‌بینین ماوه‌ی شه‌ش ساڵه حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق كه كورد به‌چڕی تێیدا به‌شداره، نه‌یتوانیوه له پرسی ماده‌ی 140دا كه تایبه‌ته به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردی، یه‌ك هه‌نگاو چییه بۆ پێشه‌وه‌ی بهاوێ. نابێ له‌بیر بچێته‌وه كه دیموكراسیش له دواجاردا جۆرێكه له شه‌ڕ، جیاوازییه‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه چه‌ك تێیدا بێده‌نگه. به‌ڵام وه‌ك نه‌ریتێكی گشتی، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك ئاماده نه‌بێ به‌شه‌ڕ مل كه‌چ بكا بۆ داخوازه‌كانت، ئه‌وا بێگومان به‌ئاشتیش نایكا. ئه‌مه‌یه ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌م وتاره‌دا لێی ده‌دوێم.
بۆ نموونه: له گه‌وره‌ترین و فره‌وانترین شه‌ڕ له ئاداری 1974ه‌وه تا ئاداری 1975 كورد توانییان پرزه له له‌شكری عێراق ببڕن. دوای بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ش به‌قازانجی عێراق، سه‌دام حوسێن له ئاخاوتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا دانی به‌وه‌دا نا كه توانست و بڕستی له‌شكره‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر شۆڕشی كوردیدا گه‌یشتبوو به كۆتایی. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو پاڵی نا ده‌ست له زه‌وی و ئاوی عێراق هه‌ڵگرێ بۆ ئێرانی ناحه‌زی مێژووییی خۆی، تا له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ره‌وه‌زیی له‌گه‌ڵدا بكا و به‌هه‌ردوو لا گه‌له‌كۆمه له شۆڕشه كوردییه خۆماڵییه‌كه‌ی عێراق بكه‌ن و پشتی بده‌ن به‌زه‌ویدا، له‌مه‌شدا بردیانه‌وه. دوای نێزیكه‌ی پازده ساڵ، سه‌دام حوسێن له وتووێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا، گوتی كاتی خۆی حكوومه‌تی عێراق به‌ر له ده‌س پێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له 1974دا ئاماده بوو مل بۆ داخوازیگه‌لی كورد بدا، "واته كه‌ركووكی پێ بداته‌وه" ئه‌گه‌ر پاڵه‌په‌ستۆی وڵاتانی عه‌ره‌ب رێگر نه‌بوایه. دركاندنی ئه‌م نهێنییه ئه‌وه ده‌گه‌ینێ كه رێژیمی عێراق ئه‌وێ ده‌مێ حاڵی بووه" به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ كوردستان". سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراقیش، نووری مالیكی كتومت وه‌ك ماكانه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن، پێش چه‌ند رۆژ ئۆباڵی جێبه‌جێ نه‌بوونی ماده‌ی 140ی گه‌ڕانده‌وه بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری له عێراق. واته هه‌مان ده‌ستی ده‌ستییه‌كه‌ی له چیڕۆكه كوردییه فۆلكلۆرییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه ده‌ڵی "شیردا بۆ داپیردا".
بۆیه به‌لای منه‌وه، ئه‌و تاكه چاره‌سه‌ره‌ی كه ئێسته گیراوه‌ته به‌ر، واته چاره‌سه‌ری وتووێژ و حاڵیكردنی به‌رامبه‌ر، یاخۆ ریفراندۆم و سه‌رژمێری گشتی، كه ئه‌وپه‌ڕی شێوازی دیموكراسین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانه‌كان، چاره‌سه‌ری نیوه‌چڵ و كه‌موكورتن. بێگومان هه‌موو ئه‌مانه هه‌نگاوی پێویستن بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر، هه‌روه‌ها بێگومان راستیشه كه‌ركووك به‌شێكه و دانابڕێ له خاكی كوردستان، هه‌روه‌ها شێوازی دیموكراسیش له‌م پێناوه‌دا هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی نییه و كورد نابێ هیچ رۆژێك پاشه‌كشه‌ی لێ بكا. به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هۆكارانه به‌ته‌نیا به‌س نین بۆ پرسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركووك كه چه‌ندی ئه‌م پرسه دره‌نگتر بكه‌وێ ئاڵۆزتر ده‌بێ و كورد زیاتر تێیدا ئاسێ ده‌بێ. وه‌ك لۆجیك، ئه‌گه‌ر هه‌موو هۆیه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی به‌شخوراودا بێ، هۆكاری رابردنی كات له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودا نییه.
لایه‌نی كوردی له‌م گره‌وه مێژوویییه‌دا، ده‌بێ بێ درێغی پشت به گه‌شه‌پێدانی بنه‌واگه‌لی ئابووری و پته‌وكردنی ژیانی دیموكراسیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ببه‌ستێ شانبه‌شانی ململانه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ به‌غدادا. كوردستانێكی پێشكه‌وتوو له‌م بوارانه‌دا، ته‌رازووی ململانه بۆ لایه‌نی كوردی ته‌واو گرانتر ده‌كا. كه‌ركووك ته‌نیا 85 كیلۆمه‌تر دووره له هه‌ولێری پایه‌ته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام زیاتر له 300 كیلۆمه‌تر دووره له به‌غداوه. هه‌ولێرێكی تێر و ته‌ژی له بنه‌واگه‌لی ئابووری و رازاوه له ژیانی دیموكراسی و میدیای سه‌ربه‌خۆ و مافی كه‌مینه‌كان و لێبوورده‌ییی ئاینیدا، كه‌ركووك به‌خشكه‌یی ده‌هێنێته‌وه پاڵی. كورد له رووخانی رێژیمه‌وه حه‌وت ساڵه كار ده‌كه‌ن بۆ بووژاندنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان. ناوچه‌یلی كوردی، رۆژانه به‌ره‌و خۆشگوزه‌رانی و ته‌ناهی و ته‌بایی حه‌سانه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن و له‌م رووه‌وه نایه‌نه به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ هیچ ناوچه‌یه‌كی عێراق. ده‌شبێ له‌مه‌ولا پڕۆژه‌گه‌لی ئاوه‌دانكردنه‌وه له هه‌ولێر و سلێمانی زیاتر بكه‌ونه ئه‌و ناوچانه‌ی به دیوی كه‌ركووكه‌وه‌ن تاكو پێ به‌پێ شاره‌كه بدزرێته‌وه له عێراق.
خۆدانه‌پاڵ له دنیای هاوسه‌رده‌مدا، بۆ ناوه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئابووری و كولتووری و پڕ له دیموكراسییه نه‌ك شتێكی تر. ده‌بێ توركمان و عه‌ره‌بی كه‌ركووك به‌خۆشیی خۆیان كوردستان هه‌ڵبژێرن نه‌ك به‌زۆری ریفراندۆم بێنه‌وه پاڵی. ده‌بێ خۆشی و به‌خته‌وه‌ری له كوردستان ببێ به‌موگناتیس و به‌كێشكه‌ری كه‌ركووكییه‌كان گشتیان به‌هه‌موو جیاوازیگه‌لی ئاینی و مه‌زه‌بی و نه‌ته‌وه‌یییان.
بێگومان من لایه‌نگری له گه‌شانه‌وه‌ی ژیانی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی و دیموكراسی له سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌كه‌م بێ جیاوازی، به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك كوردێك لایه‌نگری له دۆز و داوای ناوچه‌ی كوردی بكه‌م. سووربوونیشم له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ كوردستان له‌و سه‌رشار (منگلق) ه‌وه دێ كه كه‌ركووك پرسێكی جومگه‌یییه له نێوان په‌ڕینه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان "عێراق" به‌ره‌و قۆناغی دیموكراسی، یاخۆ مانه‌وه و خولانه‌وه له قاوغی كوێره‌وه‌ری و دواكه‌وتن.
19/10/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
