خۆزیا ژیان ڕه‌ش و سپی ئه‌بوو تا چیتر ئه و هه‌موو تاوانه ڕه‌نگ كراوانه‌مان نه‌دیبا، وه‌ك بیركردنه‌وه‌ی مناڵیمان، وه‌ك ئه‌و ساته‌ی كوڕه‌كه‌م لێمی پرسی (جاران دنیا ڕه‌ش و سپی بوو وه‌ك وێنه‌كانی مناڵیتان؟) ئه‌و ئێستا پێكه‌نینی به‌و پرسیاره‌ی دێت و منیش ئێستا وه‌ك سه‌رده‌می مناڵی ئه‌و پێم خۆشه ژیان به‌و ساده‌یی و جوانییه بمایه، تاوه‌كو چیتر ژیان نه‌بێته كایه‌یه‌ك بۆ ناشرینكردنی مرۆڤایه‌تی.
هه‌رچه‌ن له‌سه‌ر زوڵم و زۆر‌و تاوانه‌كانی مرۆڤ بنووسین هێشتا ناگه‌ن به ساتێك ئازاری ژنێك، چونكه ژن زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه له‌نێو كۆمه‌ڵگه كۆنخواز و نا هۆشیاره‌كاندا وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی بێ‌گیان حسابی بۆ ئه‌كرێت، له‌وانه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه جیاوازی له‌نێوان شێوازی ئازاردان و سه‌ركوتكردنی ڕه‌گه‌زی مێینه‌دا هه‌بێ، به‌ڵام هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌شێوازێكی تایبه‌ت و به جۆره مه‌راسیمێك تۆڵه‌ی به‌ئینسان بوون له ژن ئه‌كرێته‌وه، چ جا به لیدان، یان به زۆربه‌مێردكردن، به‌ردباران كردن، سووتاندن، كوشتن تا ئه گا به لووت بڕین كه‌ئه‌مه‌یان لوتكه‌ی بێ‌ئینسافی و دڕنده‌یی ئینسانه دژ به ئینسان، ئاخر مردن یه‌ك جاره و ڕۆح بۆ ئه‌به‌د ئارام ئه‌بێ به‌ڵام بڕێنی به‌شێك له‌جه‌سته‌ی ژن واته هه‌موو ساتێ مردن، به‌ڵێ لووتبڕین یه‌كێكه له‌و تاوانه دژ به‌مرۆڤایه‌تییانه‌ی له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ شكاندن و تۆڵه‌سه‌ندن له‌یاخی بوونی ژن ئه‌نجام ئه‌درێ، یاخیبوون به مه‌به‌ستی هه‌ڵاتن له‌دۆزه‌خی پیاوێك.
چه‌ن ڕۆژێك به‌ر له‌ئێستا له ڕۆژنامه‌ی تایمز ی ئه‌مه‌ریكیدا وینه‌ی خانمێكی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فغانی بووه جێگه‌ی سه‌رنج و توندكردنی ڕقی ڕای گشتی، ئه‌و خانمه كه ناوی (عائشه) یه و ته‌مه‌نی ١٩ ساڵانه له‌سه‌ر خواستی خۆی وێنه‌كه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی ئاسایی نا، وێنه‌یه‌ك ویژدانی مرۆڤایه‌كی ئه‌جوڵێنێت، وێنه‌یه‌ك شێوێنراو، ئه‌و خانمه چه‌ن ساڵێك پیش ئێستا به‌زۆر دراوه‌ته پیاوێك دوو هێنده‌ی ته‌مه‌نی خۆی گه‌وره‌تر، ساڵانێك گیرۆده‌ی زوڵم و لیدان و سووكایه‌تی بووه، بۆیه دواجار به‌ناچاری هه‌لاتووه، به‌ڵام دوای هه‌ڵاتنی به‌ده‌ستی هێزه‌كانی تاڵیبان ده‌ستگیركراوه‌و له‌تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌لاتنه‌دا لووتی و هه‌ردوو گوێیان بڕیوه، (عائشه ئه‌ڵێت پیم خۆشه وێنه‌كه‌م بڵاوبێته‌وه و هه‌موو دنیا بزانێت ئێمه‌ی ژنانی ئه‌و ووڵاته چۆن مامه‌ڵه‌مان ئه‌كرێت و با بزانن كه پیاوانی ئه‌و وو ڵاته چه‌ن دڕنده‌ن.
گه‌رچی ئه‌و خانمه ئێستا له‌ژێر چاودێری ڕێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكیدا پارێزراوه و بڕیاره بۆ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ببرێته ئه‌و ووڵاته به‌ڵام ئه‌ی عائشه‌كانی دیكه؟
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی عائشه و ئازاره‌كانی ژنانی چه‌وساوه و زوڵملێكراو؟
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ژنانه‌ی مێژوو زوڵمی لێكردون و كردونییه سوتماكی نه‌زانی و كه‌لتورو دابونه‌رێتێكی قێزه‌ون و ناشیاو؟
ئه‌وی به‌لای منه‌وه سه‌یره بۆچی به‌درێژایی مێژوو ژن هه‌ڵگری غه‌م و ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه؟ بۆ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو به‌خشنده‌یی و به‌خشینه هێشتا به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی ئه‌كرێت؟
ئه‌و پرسیارانه بێوه‌ڵامن.. ته‌نها پیاو ئه‌توانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه و پیاویش هه‌رگیز خۆی ناخاته ژێر باری قورسی وه‌ڵامێك كه خۆی به‌ته‌نها پاڵه‌وانی پرسیارێك بێت، ئاخر مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی پیاو به‌رابه‌ر به‌ژن و بێ‌ئینسافی كۆمه‌ڵگه له‌هه‌مبه‌ر ڕێزگرتن له‌و كه‌لتوره تادێت له زیادبوون و فراوان بوونه و نه‌ك به‌ته‌نها پیاو به‌ڵكو ته‌واوی كۆمه‌ڵگه تاوانباره له‌و هه‌موو سوكایه‌تییه به‌ژن ئه‌كرێت له‌ئاكامی رێزگرتن له‌مه‌سه‌له‌ی پیاو سالاری و زاڵكردنی ده‌سه‌لاتی نێر به‌سه‌ر مێدا.

تێبینی / ئه‌م بابه‌ته له ل ٣٧ ژماره ٧٠ ی گۆڤاری شه‌قام بڵاوبۆته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
